هەینی, 21 ئاب 2015 04:30

وتاری "نازم عومه‌ر ده‌باغ" له خەندان: پەنابردن بۆ رای جەماوەر چ مانایەكی هەیه؟

"نازم عومەر دەباغ" لە وتارێکدا لە ماڵپەڕی "خەندان" ڕای کەسایەتیی خۆی سەبارەت بە ڕووداوەکانی ئەم دواییانەی ھەرێمی کوردستان دەربڕیوە کە دەقەکەی لە خوارەوە ھاتووە:

زوڵملێكردن و چەوساندنەوەی جەماوەر دەبێته هۆی دروستبوونی ناڕەزایی له نێویانداو له قۆناغی دواتریشدا جێبەجێنەكردنی خواست و داواكارییەكانیان وادەكات كه داوای مافەكانیان بكەن و تەنانەت بێنه سەرشەقام و به شێوەی جۆراوجۆر داوای بەدیهاتنی خواستەكانیان بكەن، هەمیشه و به درێژایی مێژوو ئەم دیاردەیه وایكردووه كه كەسانێكی دڵسۆز و بەپەرۆش به هەستكردن به بەرپرسایەتی جڵەوی جەماوەر بگرنه دەست و له ئاكامیشدا به دروستكردنی سەركردایەتییەك رابەری جوڵانەوەو بزووتنەوەكانی جەماوەری بگرنه دەست و له پێناو گەیشتن به مافه رەواكانی خەڵك و دابینكردنی خواستەكانیان چالاكی بكەن و ئەمەش دیاردەیەكه كه به درێژایی مێژوو نموونەمان دیوەو چەندین رێكخستن و پارت و حزب هاتوونەته ئاراوه كه سەركردایەتی شۆڕش و جوڵانەوەی رەوا و ئازادیخوازانەی گەلانیان كردووەو كاروانی خەبات و تێكۆشانیان بەرەو سەركەوتن بردووه و لەم نێوانەشدا هەندێك گەیشتوونەته ئامانج و هەندێكیان هێشتا بەڕێگاوەن و هەندێكی دیكەش شكستیان خواردووه.

به دڵنیاییەوەو به روونی دەتوانین نمونەی زۆر له مێژوودا دەستنیشان بكەین كه به دوو جەمسەری جیاوازدا چارەنوسی خۆیان و گەلەكانیان تۆماركردووه، هەندێك لەو نمونانه ئیمپراتۆری و دیكتاتۆری بەدوای خۆیدا هێناوەو هەندێكیش به شۆڕش و راپەڕین درێژەیان به خەبات داوه، بەڵام ئەنجام و كۆتایی ئەوانەی له خزمەت فراوانكردنی ئیمپراتۆری و دیكتاتۆریدا بوون و هەوڵیان بۆ فراوانكردنی دەسەڵات داوه ئەوە بووه كه لەو پەڕی هێز و توانادا گەیشتوونەته خاڵی كۆتایی و شكستیان هێناوەو لەناو چوون.

پیوێسته له رۆژگاری ئەمڕۆدا و له كاتی ئێستادا زیاتر سەرنجی ئەو رووداوانه بدەین و توێژینەوەی وردیان بۆ بكەین و ئەو پرسیاره رووبەرووی خۆمان بكەینەوه كه دەبێت بۆ چ ئەنجام و ئامانجێك ئەو هەموو سەركرده مەزن و ئەو هەموو هێز و تێكۆشەرانه له بەرامبەر كێشەیەكدا لەسەر كورسی و پایه، ئەو هەموو قەیران و كێشه بێننه ئاراوەو جەماوەرێك كه له رابردوودا بەردەوام پشتیوانییان بوون پشتگوێ بخەن، جەماوەرێك كه پشتیوانی سەرەكی ئەوان بوون بۆ خەبات و گەیشتن به ئامانجه نەتەوەییەكان.

بەڵام ئەمڕۆكه له پێناو پلەو پایەی حزبی و دەستكەوتی تەسكدا ئەو جەماورەمان لەیادكردووه كه به كۆبوونەوەو پەیامی رێكخراوەیی و خواستی لایەنەكان داوا له سەركردایەتییەكانیان دەكەن رێكبكەون و واز له بیركردنەوەی تەسكی بەرژەوەندی تاكی بهێنن و بەرەو سازان بڕۆن، مەگەر هەموو لایەك داوای سازن و دژ به خۆ سەپاندن نییه؟

 لەم بارودۆخەدا به دڵنیاییەوه دەبێت هەر لایەك له بەشێك له داخوازییەكانی دەست هەڵبگرێت و بەرەو پرۆژەیەكی هاوبەش هەنگاو بنێن كه تیادا شتێك دراوەو شتێك وەرگیراوه و مانای راستەقینەی دانوستان بەرجەسته بكات.

جەماوەری خەڵكی كوردستان كه به درێژایی مێژوو له لایەن رژێمەكان و به هۆی قۆناغه جیاوازەكانی خەبات تووشی چەندەها زەرەر و زیان و ئەشكەنجه و كیمیاباران و شاڵاوی بەدناوی ئەنفال بووەو هەزاران شەهیدی لەم رێگایەدا بەخشیوه و سەدان پەك‌كەوتەی تیایه و هەزاران بێوەژن و باوكی جگەرسووتاوی له ئامێزه، ئاستی سەبر و پشووی سنووردارەو دەبێت ئەو پرسیارە لەخۆمان بكەین ئایا ئاستی سەبری ئەم خەڵكه تاكوێیەو تاكەی دەبێت باجی دەسەڵاتخوازی سەركردەكانی بدات؟

پێویسته ئەم سەركردەو پارتانه باش بزانن كه به ماندووبوونی ئەم جەماوەره پێ گەیشتوون و هەر ئەم جەماوەرەش دەتوانێت سزا و پاداشتیان بدات.

هیوادارم و ئۆمێد دەخوازم زیاتر لەمه لەسەر دەستی سەركرده و پارت و رێكخراوەكان زاخاو به قوڕگی ئەم گەله زوڵملێكراوەدا نەكرێت كه به درێژایی مێژوو له لایەن دوژمنەوه زوڵمی لێكراوەو چەوساوەتەوه،  دڵنیابن رق و تووڕەبوونی جەماوەر سنوورداوەو هەوڵ بدەن نەكەونه بەردەمی تووڕەیی و عوسیانی جەماوەر.

 

با دوور بڕوانن لەو هەموو پەیام و راسپاردانەی له لایەن جەماوەرەوه پێیان دەگات، كام رێكخراو  و پارت و سیاسەتمەداری كورد هەیه له لایەن كەسان و وڵاتانی دراوسێ و جیهانییەوه ئامۆژگاری نەكرابێت؟ تۆ بڵێی پەیامەكان تەنها زاراوەیی بێت یان ئەوەتا له پشت ئەم پەیامانەوه پەیامی دیكه هەیه كه گرنگتر له هەمووان پەیامی جەماوەره كه پاداشتی سەروەری دەستكەوتەكانی خوێنی شەهیدانەو له سەروو هەموو شتێكەوه دەوەستێت و دەبێت سەرتا پێ گوێی لێبگیرێت و جێبەجێ بكرێت.

فیلمێکی منداڵانی کۆبانێ و شنگال لە کۆشکی سپی لە ئەمەریکا نمایشکرا

مەنسوور جیھانی  ـ فیلمی دیکۆمێنتاریی "ژیان لە سنوور" لە دەرھێنانی ھەشت منداڵی کۆبانێ و شنگال لە لایەن ڕێکخراوەی لێبوردنیی نێودەوڵەتیی لە کۆشکی سپی لە ئەمەریکا نمایشکرا.

فیلمی دیکۆمێنتاریی "ژیان لە سنوور" Life on the Border لە دەرھێنانی ھەشت منداڵی شارەکانی کۆبانێ و شنگال و بە ڕێنوێنی سینەماکاری کورد "بەھمەن قوبادی" و لە بەرھەمھێنانی کۆمپانیای سینەمایی "مژ فیلم"، لە لایەن ڕێکخراوەی لێبوردنیی نێودەوڵەتیی و لە ھەفتەی مافی مرۆڤ، لە ھۆڵی سەرەکیی کۆشکی سپی لە شاری واشنگتۆن بۆ "باڕاک ئۆباما" سەرۆک کۆماری ئەمەریکا، دیپڵۆماتکاران، سیاسەتمەداران و بەرپرسانی باڵای وڵاتی ئەمەریکا نمایشکرا.

بەھمەن قوبادی" سەبارەت بە ئامانجی لە رێکخستنی پڕۆژەی فیلمی دیکۆمێنتاریی "ژیان لە سنوور" گوتی: لەڕاستیدا ئامانجی سەرەتایی و سەرەکیی لە رێکخستنی ئەم پڕۆژەیە فێرکردنی منداڵان و مێرمنداڵانێک بوو کە لەم ناوچانەدا لە ژێر گوشاری ڕاستەوخۆی شەڕ لەگەڵ داعشدا بوونە و ئەوەی کە بەسەریاندا ھاتووە لە رێگای کامێڕای دەزگا راگەیاندنە جۆراوجۆرەکانی دنیاوە وێنەگیراوە، بەڵام ھیچ کاتێک لە ڕوانینی خۆیانەوە سەیری ئەم ڕووداوانە نەکراوە و زۆربەی توێیە شاراوەکانی ئەم کارەساتە لە تەپوومژێکی لێڵدا شاردراوەتەوە و مەبەست لەم فیلمە، نیشاندانی ئەم نەبیندراوانەیە لە گۆشە نیگای ئەم منداڵانەوە.

ئەم سینەماکارە بەئەزموونە کوردە ئەوەیشی خستەڕوو: ھەر چەندە ئەم فێرکاریانە ئاساییە و لە ئاستی وەرگرتن و باروودۆخی ئەم منداڵانەدا بوو بەڵام مەبەست لەوانە، زیاتر لەو لایەنەوە بوو تاکوو ئەم منداڵانە بتوانن ئەم کارەساتە لە ڕوانینی خۆیانەوە بگێڕنەوە و لە لایەکی دیکەشەوە، ئەمجارە بتوانن خۆیان گێڕانەوەیەکی ڕاستەوخۆ بن و بۆ ئەم مەبەستەش بە ھەر تیمێک لەم منداڵانە دوو کامێڕا و پێداویستیی ئاسایی سینەمایان پێدرا تاکوو چەخماخەیەک بێت بۆ کارەکانی داھاتوویان و بتوانن لە دەلاقەی کامێڕاکانیانەوە بانگھێشتی دنیا بکەن تاکوو ئەزموون و ڕووداوەکانی دەورووبەریان ببینن.

"ژیان لە سنوور" لە ٨ ئێپیزۆد کە سەرجەم ماوەکەی ٧٣ خولەکە پێکھاتووە، لەوانە:

ئێپیزۆدی یەکەم بە ناوی "عەشقی شنگاڵ" لە دەرھێنانی "ھازم خوردیدە" ١٣ ساڵە لە

شنگاڵ، ئێپیزۆدی دووەم بە ناوی "بە شوێن ڕاستیدا" لە دەرھێنانی "بەسمە سولەیمان"، ئێپیزۆدی سێیەم بە ناوی "نان و ماست" لە دەرھێنانی "سامی حوسێن سولەیمان" ١٤ ساڵە، ئێپیزۆدی چوارەم بە ناوی "فیلمی ئێمە باشترە" لە دەرھێنانی "رۆناھی عێزەالدین" ١٤ ساڵە لە کۆبانێ، ئێپیزۆدی پێنجەم بە ناوی "چاوەکانی باوکم" لە دەرھێنانی "دیار عومەر" ١٤ ساڵە، ئێپیزۆدی شەشەم بە ناوی "ئاسمان و دەوا" لە دەرھێنانی "دلۆڤان کێخا"، ئێپیزۆدی حەوتەم بە ناوی "لە ڕێگای نیشتماندا" لە دەرھێنانی "مەحموود ئەحمەد" ١٣ ساڵە لە کۆبانێ و ھەروەھا ئێپیزۆدی ھەشتەم بە ناوی "بە شوێن کوێستاندا" لە دەرھێنانی "زۆھوور سەعید" ١٢ ساڵە لە شنگاڵ.

ئەم ئێپیزۆدانە لە لایەن ھەشت منداڵی شارەکانی کۆبانێ و شنگال و لە کەمپەکان و ھەروەھا دوای ڕزگارکردنی شاری کۆبانێ لە دەستی گرووپی تیرۆریستی داعش لە لایەن ئەم منداڵە کوردانەوە سازکراوە و لەم فیلمە دیکۆمێنتارییەدا بەشێک لە ژیانی ئەم منداڵانە لە کەمپی ئاوارەکاندا و ھەروەھا باروودۆخی ژیانی ئەوان لە نێوان شەڕ و ئاوارەییدا نیشانی بینەر دەدرێت کە ئەمجارە و لەم فیلمەدا لە ڕوانینی کەسایەتیی منداڵەکانەوە وێنەگیراوە.

فیلمی دیکۆمێنتاریی "ژیان لە سنوور" لە یەکەمین نمایشی نێودەوڵەتی خۆیدا شەوی ٢٠ حوزەیران / یۆنیۆی ٢٠١٥ لە بەرنامەیەکی ٢ کاتژمێریی تایبەتدا لە لایەن تەلەڤیزیۆنی جیھانی "ئێن.ئێچ.کەی" NHK ژاپۆن نمایشکرا و لە داھاتووشدا بە یاوەریی "ئانجێلینا جوولی" Angelina Jolie  خانمە ئەستێرەی ناوداری سینەمای ھۆلیوود و باڵیۆزی نیازپاکیی کۆمیساریای باڵای پەنابەرانی ڕێکخراوەی نەتەوە یەکگرتووەکان لە فیستیڤاڵە جۆراوجۆرە نێودەوڵەتییەکانی فیلم، ناوەندە ھونەرییەکان و ھەروەھا کۆڕ و کۆبوونەوە دیپڵۆماسییەکانی جیھان نمایش دەکرێت.

 

 

"بیرەوەرییەکانی سەر بەرد" لە کۆنفڕانسی یۆنسکۆ UNESCO لە پاریس نمایشکرا

مەنسوور جیھانی  ـ فیلمی سینەمایی "بیرەوەرییەکانی سەر بەرد" لە دەرھێنانی "شەوکەت ئەمین کورکی" لە کۆنفڕانسی رێکخراوەی جیھانی "یۆنسکۆ" لە شاری پاریس لە وڵاتی فەڕەنسا نمایشکرا.

لە یادی ٧٠ ساڵەی دامەزراندیی رێکخراوەی یۆنسکۆ UNESCO و ١٠ ساڵەی کۆنوانسیۆنی پاراستن و بڵاوکردنەوەی کەلتووری، فیلمی سینەمایی "بیرەوەرییەکانی سەر بەرد" Memories On Ston  لە دەرھێنانی "شەوکەت ئەمین کورکی" و بە ئامادەبوونی ئەم سینەماکارە کوردە، "مەمەد ئەکتاش" بەرھەمھێنەری ئەم فیلمە، "عەباس غەزالی" ئەندامی پەڕڵەمانی کوردستان، جێگری سەرۆکی گشتیی رێکخراوەی یۆنسکۆ، "مایکل ھاوکینز" Michael Hawkins  سەرۆکی خەڵاتی "ئاسیا پەسیفیک"، ئەکتەری ناوداری عەڕەبی ـ فەڕەنسی "ھەیام عەباس" Hiam Abbass و ھەروەھا بە ئامادەبوونی ٨٠٠ کەس لە کەسایەتییە تایبەت و میوانە بیانییەکان، رۆژی ١٠ حوزەیران / یۆنیۆی ٢٠١٥ لە ھۆڵی بارەگای سەرەکی رێکخراوەی جیھانی یۆنسکۆ لە شاری پاریسی پێتەختی وڵاتی فەڕەنسا چووە سەر پەردەی سینما.

ئەم فیلمە لە کۆتایی ساڵی ٢٠١٤ خەڵاتی "تایبەتی یۆنسکۆ بۆ ھاوبەشی بەرچاو و ھەروەھا پاراستنی جۆری کەلتوورەکان"ی لە ھەشتەمین خولی خەڵاتەکانی ئیسکرین "ئاسیا پەسیفیک" ASIA PACIFIC  ناسراو بە "ئۆسکاری ئاسیا"APSA  لە وڵاتی ئوستوڕاڵیا بەدەستھێنابوو.

لە دەستپێکی کۆنفڕانسی رێکخراوەی یۆنسکۆدا جێگری سەرۆکی گشتیی رێکخراوەی یۆنسکۆ بەخێرھاتنی میوانانی کوردستانی کرد و پەیامی "ئیرینا بۆکۆڤا" Irina Bokova سەرۆکی گشتیی رێکخراوەی یۆنسکۆی خوێندەوە، لە بەشێکی ئەم پەیامەدا ھاتووە: ئێمە زۆر خۆشحاڵین کە ئەمڕۆ فیلمی سینەمایی "بیرەوەرییەکانی سەر بەرد"Memories On Ston لە یۆنسکۆ  UNESCOنمایش دەکرێت. لە دنیای ئێستادا فیلم، رۆڵێکی زۆر گرینگ و بەھێز لە رووی پەرەپێدانی کەلتوورە جۆراوجۆرەکان، لێکتێگەیشتن، وتووێژ و ھەروەھا پێکھێنانی ئاشتی دەبینێت.

دواتر "مایکل ھاوکینز" سەرۆکی خەڵاتی "ئاسیا پەسیفیک"ی ئوستوڕاڵیا بەخێرھاتنی دەرھێنەر و میوانانی ھەرێمی کوردستانی کرد و باسی لە گرینگی خەڵاتی یۆنسکۆی کرد و ھەروەھا باسی "شەوکەت ئەمین کورکی" کرد کە یەکەم جار لە ساڵی ٢٠٠٧ بە فیلمی سینەمایی "پەڕینەوە لە غوبار" بۆ بەشی باشترین دەرھێنەر لە خەڵاتی "ئاسیا پەسیفیک" ھەڵبژێردرابوو. و ھەروەھا لە ساڵی ٢٠١١ بۆ فیلمی "بیرەوەرییەکانی سەر بەرد" خەڵاتی سیناریۆ و ھەر بەم فیلمە سینەماییە لە ساڵی ٢٠١٤ خەڵاتی یۆنسکۆی وەرگرت.

لە درێژەی ئەم کۆنفرانسەدا "شەوکەت ئەمین کورکی" خۆشحاڵی خۆی نیشاندا بۆ ئەم بانگھێشتەی یۆنسکۆ و ھەروەھا بۆ وەرگرتنی خەڵاتی یۆنسکۆ و سوپاسی رێکخراوەی یۆنسکۆ و خەڵاتی "ئاسیا پەسیفیک"ی کرد و داوای لە "مەمەد ئەکتاش" بەرھەمھێنەری ئەم فیلمە، "عەباس غەزالی" ئەندامی پەڕڵەمانی کوردستانی کرد کە بێنە سەر سەحنە.

"عەباس غەزالی" کە بە جلووبەرگی کوردیی لە بارەگای سەرەکی رێکخراوەی یۆنسکۆ ئامادەبوو وتەیەکی پێشکەش کرد و باسی کوردستانی کرد کە چۆن سەرەڕای شەڕەکان، بەردەوام ھەوڵدەدات کە کەلتووری خۆی بپارێزێت و بە تایبەت لە رێگای سینەماوە بەرەو پێشەوەی ببات.

ئەم ئەندامەی پەڕڵەمانی ھەرێمی کوردستان لە بەشێکی دیکەی قسەکانیدا باسی لە شەری کورد دژی گرووپی داعش کرد کە لە جیاتی ھەموو جیھان، کورد دژی تیرۆریستان شەڕ دەکات و کەلتووری خۆی دەپارێزێت.

دوای نمایشی فیلمی سینەمایی "بیرەوەرییەکانی سەر بەرد" لە بارەگای سەرەکی رێکخراوەی جیھانی یۆنسکۆ لە شاری پاریسی پێتەختی وڵاتی فەڕەنسا "شەوکەت ئەمین کورکی" دەرھێنەر، "مەمەد ئەکتاش" بەرھەمھێنەر و ھەروەھا "عەباس غەزالی" لەگەڵ بینەران وتووێژیان کرد.

فیلمی سینەمایی "بیرەوەرییەکانی سەر بەرد" کە تا ئێستا لە کۆمەڵێک فیستیڤاڵ لە ئاستی دنیادا چۆتە سەر پەردەی سینەماکان و چەندین خەڵاتی گرینگی بۆ ھەرێمی کوردستان بەدەستھێناوە، لە دوایین بەشداری نێونەتەوەیی خۆیدا لە بەشی پێشبڕکێی سەرەکی حەڤدەیەمین خولی فیستیڤاڵی نێودەوڵەتیی فیلمی "ریڤێرران" واتە "رووباری بەخوڕ" RiverRun  لە وڵاتی ئەمەریکا نمایشکرا و لە لایەن ئەندامانی لێژنەی دادوەرانی ئەم فیستیڤاڵەوە سێ خەڵاتی سەرەکی باشترین فیلم بە "شەوکەت ئەمین کورکی" دەرھێنەر و "مەمەد ئەکتاش" بەرھەمھێنەری ئەم فیلمە کوردییە، خەڵاتی باشترین ئەکتەری پیاو بە سینەماکاری کورد "حوسێن حەسەن" ئەکتەری سەرەکی و ھەروەھا خەڵاتی باشترین مونتاژ بە سینەماکاری مەھابادی "ئیبراھیم سەعیدی" مۆنتێری ئەم فیلمە بەخشرا.

فیستیڤاڵی نێودەوڵەتیی فیلمی "ریڤێرران" کە یەکێک لە گرینگترین فیستیڤاڵەکانی باشووری رۆژھەڵاتی ئەمەریکا دێتەئەژمار، ھەڤدەیەمین خەلی بە نمایشی ١٦٥ فیلم لە دەرھێنەرانی ٣٥ وڵاتی جۆراوجۆری جیھان لە چەندین بەشی پێشبڕکێی "فیلمە بڵندە سینەماییەکان"، بەشی پێشبڕکێی "فیلمە دیکۆمێنتارییەکان" و بەشی پێشبڕکێی "کورتە فیلمەکان" لە ڕۆژانی ١٦ تا ٢٦ی ئایار / مایۆی ٢٠١٥ لە وڵاتی ئەمەریکا بەڕێوەچوو.

 

بۆ زانیاری زیاتر:

http://www.asiapacificscreenacademy.com/2015/06/apsa-winning-film-screens-at-unesco-convention-in-paris-first-2015-jury-members-announced/

http://www.unesco.org/new/en/unesco/events/all-events/?tx_browser_pi1%5BshowUid%5D=31134&cHash=460238e7a3

http://fr.unesco.org/events/projection-memories-stone-shawkat-amin-korki

http://if.com.au/2015/06/11/article/Memories-on-Stone-screened-at-UNESCO/WXLSTKHMXB

 

 

به‌شی نێوده‌وڵه‌تی، راپۆرت و شیکاری: هه‌رێمی کوردستانی عێراق که زیاتر له ٦ ملیۆن دانیشتووی هه‌یه به هێمن‌ترین ناوچه‌ی عێراق دێته ئه‌ژمار که ئه‌م هێمنییه سیاسی و ئابوورییه‌ی ئاکامی  ٢٥ ساڵ خۆبه‌ڕێوه‌به‌رییه‌تی، ٢٥ ساڵێک که هاوشان بووه به هه‌وراز و نشێوی زۆره‌وه بۆ خودی کورده‌کان و هه‌روه‌ها حکومه‌تی ناوه‌ندی عیراق ‌و ئێستا کورده‌کانی گه‌یاندووه‌ته شوێنێک که نه ته‌نها بوونه‌ته‌ فاکته‌رێکی کاریگه‌ر له عێراقدا، به‌ڵکوو وڵاتانی ناوچه‌یی و جیهانیش گه‌یشتوونه‌ته‌ ئه‌و قه‌ناعه‌ته‌ی که بێ هاوکاری ئه‌م به‌شه‌ی عێراق هه‌ر بڕیارێک بۆ ئه‌م وڵاته شکست ده‌هێنێت.

 

کورده‌کانی عێراق له سه‌رده‌مێکی دێرین و له هه‌مان رۆژانی سه‌ره‌تای دوای سه‌رکه‌وتنی شۆڕشی ئیسلامی په‌یوه‌ندییه‌کی نزیکیان له‌گه‌ڵ ئێران بووه‌و به‌رده‌وام هه‌وڵیان داوه که ئه‌م په‌یوه‌ندییه باشه رابگرن، ئه‌م ناوچه فیدراڵییه که چوار پارێزگای باکووری عێراق به ته‌واوی و به‌شێک له چوار پاریزگای دیکه له‌خۆ ده‌گرێت، بۆ ئێرانیش به‌رده‌وام گرنگ بووه‌و نوێنه‌رایه‌تی له بڕێ شوێنی ئێران له‌وانه تاران و کرماشان هه‌یه.
هه‌رێمی کوردستان به پێی بارودۆخی جوگرافی و سیاسی خۆی و دووربوونی له کێشه‌ جیاوازه‌کانی عێراق له ساڵانی رابردوودا، گه‌شه‌ی کردووه‌و ئاماده‌ بوو ببێته جه‌مسه‌رێکی ئابووری له عێراق و ته‌نانه‌ت ناوچه‌که‌شدا، به‌ڵام ماوه‌یه‌که که گیرۆده‌ی چه‌ندین کێشه‌یه‌ که ده‌توانین له سێ به‌شی سیاسه‌تی ناوخۆیی، په‌یوه‌ندی له‌گه‌ڵ حکومه‌تی ناوه‌ندیی و شه‌ڕی داعش دابه‌شی بکه‌ین، ئه‌م کێشانه‌ تا راده‌یه‌کی زۆر توانیویانه ره‌وتی گه‌شه‌ی ئابووری هه‌رێم به‌ره به‌ره خاوبکه‌نه‌وه. نازم ده‌باغ نوێنه‌ری هه‌رێمی کوردستانی عێراق له ئێران له وتووێژ له‌گه‌ڵ په‌یامنێری نێوده‌وڵه‌تی ئاژانسی هه‌واڵی خوێندکارانی ئێران (ئیسنا) باس له‌م کێشانه‌ ده‌کات و بۆ ده‌ستپێک باس له بابه‌تی سه‌رۆکایه‌تی هه‌رێمی کوردستان ده‌کات که ئه‌مڕۆ (چوارشه‌ممه) خولی سه‌رۆکایه‌تی مه‌سعوود بارزانی کۆتایی دێت.

 

سه‌رۆکایه‌تی هه‌رێمی کوردستان، که‌یسێکی چاره‌نوس‌ساز بۆ کورده‌کان


سه‌رۆکی هه‌رێمی کوردستان به پێی رێککه‌وتنی نێوان حزبه‌کان و له رێگای هه‌ڵبژاردنه‌وه له‌ناو هۆڵی په‌رله‌مان له ساڵی ٢٠٠٥ درا به مه‌سعود بارزانی سه‌رۆکی پارتی دیموکراتی کوردستان، که ئه‌ڵبه‌ت ئه‌مه له بارودۆخێکدا بوو که ته‌نها رکابه‌ری ئه‌و واتا جه‌لال تاڵه‌بانی بووبوو به سه‌رۆک کۆماری عێراق. بارزانی له ساڵی ٢٠٠٩شدا توانی به به‌ده‌ستهێنانی ٦٩% ده‌نگی په‌رله‌مان بۆ دووه‌مین جار له‌م پۆسته‌دا بمێنێته‌وه. به کۆتاییهاتنی خولی دووه‌می چوارساڵه‌ی بارزانی له ٢٠١٣دا به پێی ده‌ستووری هه‌رێم ده‌بوا کورسی ده‌سه‌ڵات به‌جێ بێڵێت به‌ڵام به پێی بارودۆخی ئه‌وکات، بۆ دوو ساڵی دیکه‌ی بۆ درێژکرایه‌وه. رۆژی چوارشه‌ممه خولی دووساڵه‌ی ئه‌و کۆتایی دێت، حزبه‌که‌ی ئه‌و که زۆرترین ژماره‌ی کورسی په‌رله‌مانی هه‌یه به‌و مه‌نتیقه‌ی که هه‌رێم هێشتا له بارودۆخی قه‌یران و شه‌ڕدایه، داواکاره خولی سه‌رۆکایه‌تیییه‌که‌ی تاوه‌کو به‌ڕێوه‌چوونی هه‌ڵبژاردنی گشتیی درێژ بکرێته‌وه.

نازم ده‌باغ له‌م باره‌یه‌وه ده‌ڵێت: ئێستاکه باسی درێژکردنه‌وه‌ یان درێژنه‌کردنه‌وه‌ی سه‌رۆکایه‌تی مه‌سعود بارزانی له ئارادا نییه، بابه‌ته‌که بابه‌تی پێداچوونه‌وه‌و نوسینه‌وه‌ی یاسای چۆنیه‌تی هه‌ڵبژاردنی سه‌رۆکی هه‌رێم و ده‌سه‌ڵاته‌کانییه‌تی. کێشه‌ی سه‌رۆکایه‌تی هه‌رێم و درێژکردنه‌وه‌ی، کێشه‌یه‌کی گه‌وره‌یه‌ له ناوخۆی هه‌رێمدا و به‌رپرسی حزبه‌کان به‌دوای رێگاچاره‌یه‌که‌وه‌ن به پێی سازان بۆ ئه‌م کێشه‌یه، چونکه ئه‌م بابه‌ته له رێگای یاسا و په‌رله‌مانه‌وه چاره‌سه‌ر ناکرێت. هه‌موو لایه‌ک هیوادارن که دوایین په‌یامی سه‌رۆکی هه‌رێم که خوازیاری به‌ڕێوه‌چوونی کۆبوونه‌وه‌ی سه‌رۆکی هه‌موو حزبه‌کان بووه بۆ چاره‌سه‌کردنی ئه‌م کێشه‌یه پێش ٢٠/٨، (واده‌ی کۆتاییهاتنی سه‌رۆکایه‌تی مه‌سعود بازرانی)، بگاته ئه‌نجام.

ئه‌و ئه‌م دیعایه‌یه که " کورده‌کان که‌سایه‌تییه‌کی دیکه‌یان له ئاست و توانای بارزانیدا نیه که جێگای ئه‌و بگرێته‌وه" ره‌ت ده‌کاته‌وه و ده‌ڵێت: ئێمه له هه‌رێمی کوردستاندا بۆ پۆستی سه‌رۆکایه‌تی کێشه‌ی سیاسه‌توانی به‌توانامان نییه، جه‌نابی بارزانی جێگه‌و پێگه‌یه‌کی به‌رزی هه‌یه، چ سه‌رۆک بێت و چ نه‌بێت جێگای رێزه‌و ئێمه نمونه‌ی ئه‌مه‌مان سه‌باره‌ت به جه‌نابی تاڵه‌بانی‌ش بووه که ئێستا سه‌ره‌ڕای نه‌خۆشی و ئه‌وه‌ی که پله‌یه‌کی فه‌رمییان نییه به‌ڵام هێشتا زۆربه‌ی به‌رپرسانی ناوخۆیی و بیانی سه‌ردانی ده‌که‌ن.

بابه‌ته‌که بابه‌تی مانه‌وه‌ یان نه‌مانه‌وه‌ی بارزانی نییه، قسه‌ له‌سه‌ر رێگاو پێداچوونه‌وه‌ی چۆنیه‌تی هه‌ڵبژاردنی سه‌رۆکی هه‌رێم و ده‌سه‌ڵاته‌کانییه‌تی، ئێستاکه قسه له‌سه‌ر ئه‌مه‌یه که سیستمه‌که سه‌رۆکایه‌تی بێت یان په‌رله‌مانی، ئه‌م بابه‌ته ده‌بێت چاره‌سه‌ر بکرێت. حزبی دیموکرات (پارتی) سووره له‌سه‌ر مانه‌وه‌ی بارزانی. راسته ئه‌و که‌سێکی به‌هێزه بۆ سه‌رۆکایه‌تی هه‌رێمی کوردستان به‌ڵام یاسا ئه‌م مۆڵه‌ته‌ی پێ نادات. نمونه‌ی ئه‌مه له ئێرانیشدا روویدا کاتێک که ئاغای هاشمی ره‌فسه‌نجانی دوو خولی سه‌رۆک کۆماری خۆی کۆتایی پێهێنا، زۆر که‌س ده‌یانویست که درێژی بکه‌نه‌وه‌ به‌ڵام رابه‌ری شۆڕشی ئیسلامی فه‌رمانی ده‌رکرد که ده‌بێت یاسا سه‌روه‌ر بێت و ناکرێت بۆ که‌سێک ده‌ستوور بگۆڕدرێت و هه‌موو لایه‌کیش قبووڵیان کرد.

بڕیک که‌س ده‌ڵێن بارزانی به‌دوای ئه‌وه‌ویه که دوای کۆتاییهاتنی سه‌رۆکایه‌تییه‌که‌ی، ببێته سه‌رۆک کۆماری عێراق و ئه‌م کورسییه که ئێستا به ده‌ست حزبی رکابه‌ری واتا یه‌کێتی نیشتمانییه‌وه‌یه، بگرێته ده‌ست و سه‌رۆکی هه‌رێم له به‌رامبه‌ردا بداته ئه‌وان. نازم ده‌باغ له‌م باره‌یه‌وه به په‌یامنێری ئیسنای وت: ئه‌گه‌ر بارزانی رۆژێک بیه‌وێت ببێته سه‌رۆک کۆماری عێراق پێم وانییه هیچ حزبێکی کوردی دژی ئه‌م بڕیاره بن، به‌ڵام ئه‌مه تا ئێستا باس نه‌کراوه. من له روانگه‌ی خۆمه‌وه ده‌ڵێمئیمکانی نییه له من بپرسن ئایا رازیت بارزانی ببێته سه‌رۆک کۆماری عێراق و من بڵێم نا.


هه‌نگاوه‌کانی سه‌رۆک وه‌زیری عێراق، کوده‌تا یان چاکسازی

هاوکات له‌گه‌ڵ به‌رزبوونه‌وه‌ی شه‌پۆلی رێپێوانی عێراقییه‌کان بۆ دژایه‌تیکردنی گه‌نده‌ڵێ و نه‌بوونی خزمه‌تگوزاری بنه‌ڕه‌‌تی له پارێزگا جیاوزه‌کاندا به تایبه‌ت به‌غدا، حه‌یده‌ر ئه‌لعه‌بادی سه‌رۆک وه‌زیری ئه‌و وڵاته رۆژی یه‌ک‌شه‌ممه ده‌ستی دایه ئاڵوگۆڕێکی بێوێنه له سیستمی سیاسی عێراقداو بنه‌مای رێککه‌وتن و سازانی له‌م وڵاته‌دا که به دانوستانی لایه‌نه سیاسییه‌کان له ساڵانی دوای رووخانی سه‌دامدا هاتبووه ئاراوه، تێکدا، ئه‌م هه‌نگاوه چاکسازی‌خوازانه‌ی عه‌بادی له هه‌نگاوی یه‌که‌مدا له لایه‌ن هه‌موو لایه‌نه سیاسی و ئایینییه‌کانی عێراقه‌وه پێشوازی لێکرا، به‌ڵام ده‌باغ پێی وایه که عه‌بادی له درێژه‌دا و بۆ جێبه‌‌جێ‌کردنی پلانه‌کانی رووبه‌رووی کێشه‌ی گه‌وره ده‌بێته‌وه.

ئه‌و ده‌ڵێت: عه‌بادی هه‌نگاوی گه‌وره‌ی هه‌ڵگرتووه که ئه‌ڵبه‌ت چۆنیه‌تی جێبه‌جێ‌کردنی گرنگه، ئه‌م هه‌نگاوه جێگای ده‌ستخۆشییه به‌ڵام کێشه‌که لێره‌دایه که گۆڕینی بنه‌مای سیاسی عێراق بێ رێککه‌وتنی هه‌موو لایه‌نه‌کان و به شێوه‌ی یه‌کلایه‌نه جێبه‌جێ ناکرێت. پرسیاره‌که ئه‌وه‌یه که ئایا ئه‌م هه‌نگاوه‌ی عه‌بادی ئایا ده‌گاته چاکسازییه‌کی به‌سوود بۆ عێراق یان ده‌بێته‌ هه‌نگاوێکی حزبی و له چوارچێوه‌ی رکابه‌ریی سیاسیدا ده‌مێنێته‌وه. هه‌ست ده‌که‌م عه‌بادی له جێبه‌جێ‌کردنی ئه‌م پلانه‌دا رووبه‌رووی کێشه‌ی زۆر ده‌بێته‌وه.
بنه‌مای سیاسی عێراق بنه‌مایه‌که له‌سه‌ر رێککه‌وتنی نێوان لایه‌نه سیاسییه‌ سه‌ره‌کییه‌کان واتا کورد، عه‌ره‌بی شیعه و عه‌ره‌بی سوننه‌ که هه‌ر جۆره گۆڕانێک ده‌بێت به رێککه‌وتن بکرێت. ئه‌مه‌ش وایکردووه بڕێک که‌س هه‌نگاوه‌کانی عبادی به کوده‌تا وه‌سف بکه‌ن و ده‌بێت چاوه‌ڕوان بین بزانین به‌رنامه‌که‌ی به چاکسازی ده‌گات یان کوده‌تا. عه‌بادی کاتێک وه‌زیر یان وه‌زاره‌تێک لاده‌بات ده‌بێت رێژه‌ی هه‌ڵبژاردن که به پێی ژماره‌ی نوێنه‌رانه له په‌رله‌مان له‌به‌رچاو بگرێت، واتا له شوێنێکی دیکه‌دا ئیمتیازێکی دیکه به‌و لایه‌نه بدات، ئه‌مه‌یه که ئێمه ده‌ڵێین پرۆژه‌ی چاکسازی ده‌بێت به هاوکاری هه‌موو لایه‌نه‌کان بکرێت. ئه‌گه‌ر به تاکه‌که‌سی بێت و هه‌موو لایه‌نه سیاسییه‌کان له‌سه‌ری کۆک نه‌بن ئاکامێک باشتر له کوده‌تای لێناکه‌وێته‌وه له بارودۆخی سیاسی عێراقدا، ئێمه هیوادارین که ئه‌م پلانه به شێوه‌یه‌کی دروست جێبه‌جێ بکرێت تاوه‌کو بکه‌وێته خزمه‌ت به‌رژه‌وه‌ندی نیشتمانیی عێراقه‌وه.

هێرشی تورکیا بۆ سه‌ر پ.کا.کا و رۆڵی هه‌رێم له هێورکردنه‌وه‌ی بارودۆخه‌که‌دا

هه‌رێمی کوردستانی عێراق له‌گه‌ڵ کێشه‌یه‌کی دیکه‌شدا رووبه‌رووه و ئه‌وه‌ش ده‌ستپێکردنی شه‌پۆلێکی نوێی هێرشه‌کانی سوپای تورکیا بۆ سه‌ر به‌شی سه‌ربازیی حزبی کرێکارانی کوردستانی تورکیا (پ.کا.کا)یه. ئه‌م هێرشانه که زیاتر له ناوچه‌ شاخاوییه‌کانی ژێر ده‌سه‌ڵاتی هه‌رێم‌دا ئه‌نجام ده‌درێت تا ئێستا ده‌یان هاووڵاتی مه‌ده‌نی هه‌رێمی شه‌‌هید کردووه و حکومه‌تی هه‌ولێری خستووه‌ته بارودۆخێکی دژواره‌وه. هه‌رێمی کوردستان له لایه‌که‌وه ناتوانێت هێزه‌کانی پ.کا.کا له خاکی خۆی ده‌ربکات و له لایه‌کی دیکه‌شه‌وه ناتوانێت هه‌روا دابنیشێت و کوشتنی هاووڵاتیانی خۆی له لایه‌ن سوپای تورکیاوه ببینێت.

"نازم ده‌باغ" ده‌ڵێت که هه‌وڵه ئاشکراو په‌یوه‌ندییه‌کی نائاشکرای زۆر له لایه‌ن به‌رپرسانی هه‌رێمه‌وه له ئارادایه تاوه‌کو ئه‌م شه‌پۆله نوێیه‌ی توندوتیژی نێوان ئه‌نقه‌ره و پ.کا.کا کۆتایی پێ بێت و هیواداره ئه‌م هه‌وڵانه به زووی بگاته ئه‌نجام. نوێنه‌ری هه‌رێمی کوردستانی عێراق له ئێران ده‌گه‌ڕیته‌وه بۆ مێژووی ئه‌م هێرشانه‌و هه‌نگاوه‌کانی به‌رپرسانی کورد بۆ چاره‌سه‌رکردنی له رابردوودا و ده‌ڵێت: تورکیا تا ئێستا زیاتر له ٢٥ جار هێرشی کردووه‌ته سه‌ر پ.کا.کا. هه‌وڵه‌کانی به‌رپرسانی هه‌رێمی کوردستان بۆ چاره‌سه‌رکردنی کێشه‌کانی نێوان تورکیا و کورده‌کان ده‌گه‌ڕێته‌وه بۆ سه‌رده‌می تۆرگۆت ئۆزاڵ هه‌‌شته‌مین سه‌رۆک کۆماری تورکیا (١٩٨٩- ١٩٩٣) که به ناوبژیوانی جه‌لال تاڵه‌بانی و مه‌سعود بارزانی ده‌ستی پێکرد و له‌وکاته‌دا گه‌شه‌ی باشی به خۆیه‌وه بینی. ئه‌م هه‌وڵانه له سه‌رده‌می ئه‌ردۆغان‌دا زیاتر گرنگی پێدرا، باشیش چووه پێشه‌وه به‌ڵام نه‌بوونی خواستی راستبێژانه له لایه‌ن هه‌ردوولاوه له پشته‌وه وایکرد که بیانوویه‌کی بچووک هه‌موو ره‌وته‌که تێکبدات، ته‌قینه‌وه‌ی سوروچ روویدا و دوای ئه‌وه پ.کا.کا به‌رپرسایه‌تی کوشتنی دوو سه‌ربازی تورکی گرته ئه‌ستۆ و هه‌موو شتێک به هۆی ئه‌م دوو رووداوه‌وه تێکچوو.

 

ئه‌نقه‌ره نابێت به بیانووی ئه‌م بابه‌ته‌وه ١٥٠ دێهاتی هه‌رێمی کوردستان و ناوه‌نده‌کانی پ.کا.کا بوردومان بکات. هه‌رێم سه‌ره‌ڕای زیانه‌کانی داوای له هه‌ردوولا کردووه بگه‌ڕێنه‌وه سه‌ر میزی گفتوگۆ، ئێمه پێمان وایه باشترین رێگا دانوستانه‌و تورکیا و کورده‌کان ده‌بێت بگه‌ڕێنه‌وه سه‌ر مێزی گفتوگۆ. هه‌رێم هه‌روا دانه‌نیشتووه‌و هه‌وڵه پشت په‌رده‌کانی بۆ گه‌ڕانه‌وه‌ی هه‌ردوولا خستۆته گه‌ڕ و ده‌بێت دانوستانه‌کان ده‌ست پێبکاته‌وه‌، ئه‌گینا هه‌ڵه‌یه‌کی گه‌وره رووده‌دات.

 

سووتيتره گرنگه‌کانی وتووێژی ئاژانسی هه‌واڵی ئیسنا له‌گه‌ڵ "نازم ده‌باغ"

ئه‌گه‌ر بارزانی رۆژێک بیه‌وه‌یت ببێته سه‌رۆک کۆماری عێراق پێم وانییه هیچ یه‌ک له حزبه کوردییه‌کان دژی ئه‌م بڕیاره بن، به‌ڵام ئه‌م بابه‌ته تا ئێستا باس نه‌کراوه.

 

گۆران له بنه‌مای سیاسی عێراقدا بێ رێککه‌وتنی نێوان هه‌موو لایه‌نه‌کان ناکرێت، ئه‌گه‌ر چاکسازییه‌کانی عبادی به شیوه‌ی تاکه‌که‌سی بێت، ئه‌نجامێک زۆر خراپتر له کوده‌تای لێده‌که‌وێته‌وه له بارودۆخی سیاسی عێراقدا.

 

نه‌بوونی خواستی راستبێژانه بووه هۆی ئه‌وه که تورکیا و پ.کا.کا به بیانوویه‌کی بچووک هه‌موو پرۆسه‌ی ئاشتی تێکبده‌ن، نابێت رێککه‌وتن و بابه‌ته گه‌وره‌کان ببنه قوربانیی بابه‌ته چکۆله‌و ئاسانه‌کان.

 

 

وتووێژ له په‌یامنێری ئیسنا: ئاره‌ش محه‌مه‌دیان

پێنج شەممە, 20 ئاب 2015 09:00

"نازم دەباغ" بۆ ئاوێنە: تا چارەسەركردنی كێشه‌کان، ئێران پێی لە هەرێمی كوردستان نابڕێت

ئا: ئاوێنە / راپۆرت ئێران ـ "نازم دەباغ" نوێنەری حكوومەتی هەرێمی كوردستان لە ئێران، لەم گفتوگۆیەی ئاوێنەدا دەڵێت: "ئەمڕۆ هەر نائارامییەك لە هەرێمی كوردستان ڕوبدات، ئەو نائارامییە ڕەنگدانەوەی دەبێت لەسەر ئێران‌ و توركیاش".

 

ئاوێنە: باس لەوە دەكرێت كە "قاسمی سلێمانی" پەیامی بۆ یەكێتی‌و پارتی ناردوەو داوای كردووە بارزانی تا دو ساڵی تر وەك سەرۆكی هەرێم بمێنێتەوە، ئایا ئەمە وایە؟

نازم دەباغ: من ئاگام لەهیچ هەواڵێكی بەو جۆرە نییە.

 

ئاوێنە: ئێران دەیەوێت چۆن خۆی لەپرسی سەرۆكایەتی هەڵقورتێنێت؟

نازم دەباغ: سیاسەتی ئێران لەگەڵ ئەوەیە یەكڕیزی لایەنە سیاسییەكان پارێزراو بێت ‌و لە ئاست چارەسەر كردنی كێشەكاندا بن، هەوڵبدەن كێشەكانی خۆیان لە چوارچێوەی یاسای عێراقیدا چارەسەر بكەن. بەڵام بۆ وردەكاریی ئاگام لێنییە.

 

ئاوێنە: بۆ مەسەلەی پرسی سەرۆكایەتی لەگەڵ دکتۆر "ڕه‌زا ئه‌میری موقه‌ده‌م" به‌ڕێوه‌به‌ری گشتیی ڕۆژهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاستی ئه‌نجومه‌نی ئاسایشی نه‌ته‌وه‌یی ئێران گەڕایتەوە كوردستان‌ و بەشداری دانیشتنەكانی بویت، ئایا ئەو هیچ پڕۆژەیەكی پێبوو بۆ چارەسەركردنی پرسی سەرۆكایەتی؟

نازم دەباغ: لەو دانیشتنەی من بەشدار بووم، دیدی ئێران سەبارەت بە پرسی سەرۆكایەتی هەر ئەوەیە كە چۆن هەموو لایەنەكان لە حكوومەتی بنكە فراوان بەشدار بوون، لە پرسی سەرۆكایەتیش هەر بەهەمانشێوە بەشدار بن ‌و لە ڕێگەی گفتوگۆ و سازان ئەو پرسە چارەسەر بكرێت.

 

ئاوێنە: بەڵام قسەیەك هەیە كە ئێران نایەوێت بارزانی ببێتەوە بە سەرۆكی هەرێم، وەك عیرفانی قانعی فەرد دەڵێت؟

نازم دەباغ: عیرفانی قانیعی فەردیش هەر یەكێكە لەوانەی رۆژانە بە ناوی چاودێری سیاسی ‌و چالاكڤانی مەدەنی هەر یەكە و بۆ خۆی بۆچونێك دەردەبڕێت، ئەویش بۆ خۆی قسە دەكات، من هەستم نەكردوە كۆماری ئیسلامی بۆچونی وا بێت، كە بە هۆی پەیوەندیی نزیكم لە ناوەندە بڕیاردەرەكانی ئێران، هەستم نەكردوە ئەوان دژایەتییان بۆ كەسێك هەبێت كە ببێت یان نەبێت بە سەرۆكی هەرێمی كوردستان.

 

ئاوێنە: ئایا دەیانەوێت لەم پرسەدا ناوبژیوانی بكەن؟

نازم دەباغ: دیارە كە وەفد و كەسانی باڵای كۆماری ئیسلامی وەك "قاسمی سلێمانی" ‌و دكتۆر ئه‌میری موقه‌ده‌م دێن بۆ كوردستان، خۆ باسی قسەی خۆش ناكەن، باسی سیاسەت دەكەن.

 

ئاوێنە: ئەوەندەی تۆ ئاگاداریت پێشنیار‌ و چارەسەرێكی دیاریكراویان پێیە؟

نازم دەباغ: من بەشدار نیم لە كۆبوونەوەكان ‌و لەوێش نیم، تەنها لەوەی دكتۆر ئه‌میری موقه‌ده‌م ئامادە بووم، ئێران لەگەڵ ئەوەیە كە له‌ پرسە چارەنووسسازەكاندا لایەنەكانی كوردستان هاوكاریی یەكتر بن.

 

ئاوێنە: باس لە ڕۆڵی ئێران دەكرێت لە نزیكبوونەوەی گۆڕان ‌و یەكێتیدا ئەمە بۆ چ مەبەستێكە؟

نازم دەباغ: بەداخەوە زۆر لە چاودێرە سیاسییەكان، چاودێری سیاسیی دروستكردنی قسەن، ئەو دۆخەی لە كوردستان هاتوەتە پێش پێویستی بەوەیە لایەنە سیاسییەكان بۆچوونیان یەك بێت ‌و هاوكاریی ‌و هاوپەیمانییان زیاتر بێت. ئەمڕۆ یەكێتی ‌و گۆڕان ‌و كۆمەڵ ‌و یەكگرتووی ئیسلامی بەرامبەر ب ەپرسە چارەنووسسازەكان ‌و پرسی سەرۆكایەتی هەرێم یەك بیروبۆچوونییان هەیە، بەبێ‌ ناوبژیوانیش سیاسەتمەدار بە دوای هێزدا دەگەڕێت، بە دوای هاوپەیماندا دەگەڕێت، پێموایە ئەمە ئەنجامی نزیكبوونەوەی بۆچونی وەك یەكیانە نەك ڕۆڵی ئێران، مەگەر ئێران پێشتر هەوڵی نەدا گۆڕان لە یەكێتی جیانەبێتەوە ئەی بۆچی جیابۆوە؟

 

ئاوێنە: ئەوەندەی تۆ ئاگادار بیت لەمڕۆوە تا 20/8 ئێران بە بەردەوامی لەسەر هێڵه ‌و لە هەرێمی كوردستان دەبێت بۆ ئەوەی بەهۆی پرسی سەرۆكایەتیەوە توشی نائارامی نەبێت؟

نازم دەباغ: ئەمڕۆ هەر نائارامییەك لە هەرێمی كوردستان ڕوبدات، ئەو نائارامییە ڕەنگدانەوەی دەبێت لەسەر ئێران ‌و توركیاش. ئەگەر ئاگاداریش نەبم دەزانم ئێران بەتایبەتی دوای ڕێككەوتنی لەگەڵ وڵاتانی 5+1 زیاتر بە بەرنامە كار دەكات تا ئەم ڕێككەوتنە ئەو ئەنجامەی هەبێت كە خۆی لە پلانیدایە، هەموو ئەوانەی دۆست ‌و هاوپەیمانی ئێران بوون لە ڕۆژە سەختەكاندا دەبێت جارێكیتریش دۆست‌ و هاوپەیمانی ئێران بن، هەروەها ئێرانیش دەبێت هاوپەیمانی ئەوانە بێت لە كاتی ئاشتییدا كە كوردیش یەكێكە لەوانەی بە درێژایی خەباتی خۆی پێیەكی لە ئێران بووە لە ئاوارە بووندا، لە بەرئەوە سیاسەتمەداری ڕاست لە كورد و لە ئێران ئەوەیە كە چارەسەری كێشەكان بكرێت. كۆماری ئیسلامی لە هەوڵدایە كە ناوچەكە ئارامتر بێت، ئەگینا ئەمەریكا بۆ ڕێككەوتن لەگەڵ ئێران دەكات یان ئێران بۆ ڕێككەوتن لەگەڵ ئەمەریكا دەكات، هەموو ئەو هۆكارانەی دەبنە هۆی بەرقەراركردنی ئاسایش لەگەڵیدان.

 

ئاوێنە: واتە مانەوەی بارزانی لەدیدی ئێرانەوە دەبێتە هۆی ئەمن‌ و ئاسایش لەم ناوچەیەدایە؟

 نازم دەباغ: من ئەوە نازانم، بەڵام پێموایە چارەسەر كردنی كێشەكان دەبێتە مایەی دروستبوونی ئاسایش لە ناوچەكەدا، تا چارەسەركردنی ئەو كێشانەش ئێران پێی لە هەرێمی كوردستان نابڕێت.

 

 

 

 

سەرۆک بارزانی پێشوازیی لە سەرۆک کۆماری عێراقی فیدڕاڵ کرد

ئەمڕۆ سێشەممە ١٧ـی٨ـی٢٠١٥، بەڕێز مەسعود بارزانی سەرۆکی هەرێمی کوردستان، لە سەلاحەدین پێشوازیی لە بەڕێز دکتۆر فوئاد مەعسوم سەرۆک کۆماری عێراقی فیدراڵ کرد.

لە دیدارەکەدا پرۆسەی سیاسی و ڕەوشی سەربازی و بەرەکانی ڕووبەڕووبوونەوەی تیرۆریستان خرایەبەر باس و تەئکید کرایەوە کە تیرۆریستان لە شکستی بەردەوامدان و هیچ داهاتوویەکیان نییە.

هەر لە دیدارەکەدا ڕەوشی ناوخۆی هەرێمی کوردستان باس کرا و هەردوولا تەئکیدیان کردەوە کە پێویستە جیاوازیی بۆچوون و ناکۆکی سیاسی بە رێککەوتن و دیالۆگ لەنێوان لایەنەکاندا چارەسەر بکرێت.

باسکردنی گۆڕانکارییەکانی ناوچەکە بەشێوەیەکی گشتی، تەوەرێکی دیکەی دیدارەکە بوو.

سەرۆک بارزانی پێشوازیی لە کەسوکاری قوربانییانی گوندی زارگەلی کرد

ئەمڕۆ شەممە ٨ـی٨ـی٢٠١٥، بەڕێز مەسعود بارزانی سەرۆکی هەرێمی کوردستان لە سەلاحەدین، پێشوازیی لە کەسوکاری قوربانییانی بۆمبارانی گوندی زارگەلی کرد.

لە سەرەتای دیدارەکەدا فاتیحە بۆ گیانی پاکی شەهیدەکان خوێندرا. دواتر سەرۆک بارزانی وێڕای بەخێرهێنانیان، هاوخەمیی خۆی پێڕاگەیاندن و ڕایگەیاند: شەهیدەکان، شەهیدی ئێمەن، شەهیدی هەموو گەلی کوردستانن، شەهیدی شەڕێکن کە ئەوان لایەن نین تێیدا.

سەرۆک بارزانی هەروەها ڕایگەیاند: ئێمە کە ئەو هەموو هەوڵەمان دا بۆ ئەوەی ئاشتی بەرقەرار بێت و شەڕ ڕوو نەدات، چونکە دەمانزانی ئەنجامی شەڕ ئەو کوشتار و ماڵوێرانییەیە، ئێمە دژی شەڕین و نابێ خەڵکی بێ گوناهـ بکرێتە قوربانیی ئەو شەڕ و ململانێیە. ئێستاش ئێمە بەردەوام لە هەوڵ داین بۆ ئەوەی جارێکی تر شەڕ بوەستێت و بگەڕینەوە بۆ ئاشتی.

سەرۆک بارزانی ڕایگەیاند: من زۆر باش هەست بە ئازار و مەینەتییەکانی ئێوە دەکەم و خۆم بە هاوبەشی خەم و ئازارەکانتان دەزانم، ئەگەرچی هەموو سامانی دنیا قەرەبووی دڵۆپە خوێنی بەناهەق ڕژاوی شەهیدەکان ناکاتەوە، بەڵام هەرچی لە دەستمان بێت بۆ قەرەبوو کردنەوەی زیانەکانتان دەیکەین و حکوومەتی هەرێمی کوردستانم ڕاسپاردووە هەرچی لە تونادا هەبێت بۆ چارەسەری بریندارەکان بکرێت.

دواتر کەسوکاری قوربانییان، سوپاسی سەرۆک بارزانییان کرد بۆ دیدارەکە و ڕایانگەیاند کە هەڵوێستەکانی سەرۆک بارزانی و پەیامی هاوخەمییان و ئەم دیدارە لە خەمەکانی ئەوانی کەم کردەوە. ڕاشیانگەیاند: ئێمە لە دوای ڕاپەڕینەوە گوندەکانی خۆمان ئاوەدان کردەوە تا ژیانێکی ئاساییمان هەبێت و بەو ژیانە سادەیەش دڵخۆش بووین، کەچی بەداخەوە بە درێژایی ساڵانی ڕابردوو باجی شەڕێک دەدەین کە هی ئێمە نییە و دەیان قوربانیمان داوە و ژیانمان تێک جووە و ماڵمان وێران بووە. لەکاتێکدا چەندینجار داوامان لە PKK کردووە بارەگاکانیان لە گوندەکانمان دوور بخەنەوە تا ژیانمان نەکەوێتە مەترسی، کەچی گوێ لە دواکاریمان ناگیرێت و هیچ ساتێک لە ژیانی خۆمان دڵنیا نین.

کەسوکاری قوربانییانی زارگەلی ڕاشیانگەیاند: ئێستا ئێمە لەبەردەم دووڕیانێکداین: یا دەبێ بە لابردنی بارەگاکان ئەو شەڕە لە ئێمە دوور بخرێتەوە، یان ناچارین بۆ پاراستنی ژیانی خۆمان دەست لە زێد و خاکی خۆمان بەردەین و گوندەکانمان بەجێ بهێڵین و ئاوارەی شار و گوندەکانی دیکە بین.

هەر لە دیدارەکەدا کەسوکاری قوربانییان دڵگرانیی خۆیان لەوە دەربڕی کە هەوڵێک هەیە بۆ ئەوەی موزایەدەی حزبی بە خوێنی شەهیدەکانەوە بکرێت و ڕایانگەیاند: ئێمە ئەوە بە بێڕێزی بە خوێنی شەهیدەکانمان دەزانین، ئەوانە شەهیدی هیچ حزبێک نین بەڵکوو شەهیدی هەموو کوردستانن، هیچ موزایەدەیەک برینی ئێمە ساڕێژ ناکات، ئێمە هاووڵاتیی هەرێمی کوردستانین و ئەوەی بە کردەوە بە هانای ئێمەوە هاتووە سەرۆک بارزانی و حکوومەتی هەرێمی کوردستان بوون.

کەسوکاری قوربانییان سوپاسگوزاریی خۆشیان بەرانبەر دامودەزگەکانی حکوومەتی هەرێمی کوردستان ڕاگەیاند کە لە چارەسەرکردنی بریندارەکان و بەهاناوەچوونی لێقەوماوانی ئەو ڕووداوە، هیچ درێخییان نەکردووە.

لە کۆتایی دیدارەکەشدا کەسوکاری قوربانییان جارێکی دیکە هیوایان خواست ئاگری ئەو شەڕە لە گوندەکانی ئەوان دوور بخرێتەوە و چیتر خوێنی خەڵکی ئەو گوندانە بەناهەق نەڕژێت.

شەممە, 15 ئاب 2015 04:30

وتاری "نازم ده‌باغ" له خەندان: پرۆژەكەی دكتۆر بەرهەم و ڕەتكردنەوە لەپێناو ڕەتكردنەوە

ڕوداوە سیاسیەكان رۆژ لەدوای رۆژ رەنگدانەوە و دەركەوتەكان و هۆكارەكان زیاتر دەبێت. لەدوای چەندین ساڵ ڕاپەرین و هەڵبژاردن و دروستكردنی حكوومەتی هەرێمی كوردستان و حكوومەتی عێراقی فیدراڵ و تازە رۆژ لە دوای رۆژ قەیران و گەندەڵییەكان زیاتر دەبێت و نارەزاییەكانی كۆمەڵانی خەڵكی كوردستان تا دەگاتە عێراقیش زیاتر دەبێت و خۆی كشاندووە بە خۆپیشاندان و نارەزایەتی كۆمەڵانی خەڵك.

كۆمەڵانی خەڵكی كوردستان داوادەكەن و سەركردە و پارتە سیاسیەكان دەبێت گوێیان لێ بگرن و خۆیان تەكان بدەن لە پێناوی بەدیهێنانی داخوازییەكانیان و دانانی پلان و پێشنیار و پرۆژە بۆ جێبەجێ كردنی داخوازییەكان و ڕوبەروبوونەوەی گەندەڵی ...

ئەدی ئەو هەموو سەركردە مەزن و خاوەن ئەزموون و ڕابوردوو  لە كوێن؟ و كام پرۆژەیان پێشكەش كردووە  بە نووسین؟ تەنها لە ڕێگای ڕاگەیاندنەكان چەند وشەیەك دەگوترێت ئەویش ئەبێ بەرامبەر بە گەندەڵی و گەندەڵكاران بوەستینەوە و ئەبێت و نابێت ... قەیرانەكان چارەسەر بكەین و پرسی نەوت شەفاف بێت و هێزی پێشمەرگە یەك بخرێت و بەشداری ... هتد.

لێرەدا پرسیارەكە ئەوەیە؛ ئەدی نابێت یەكێك لەو سەركردانە بێت و جورئەت بە خۆی بدات وەكوو پێشمەرگەیەكی قارەمان چۆن پەلاماری دوژمن دەدات و چاوەرێی شەهیدبوون و سەركەوتنە؛ ئاوها ڕاشكاوانە راكانی دەربڕێت و بیكاتە پڕۆژە؟

ئەوەی ئەم كارەی كرد مەگەر دكتۆر بەرهەم نییە؟ كە بوێرانە هات بە نووسین پرۆژەیەكی دیاریكراوی پێشكەشكرد. ئەدی باشە مەگەر ئەم پرۆژەیە وەڵامی هەموو ئەو دروشمانە نییە كە داوای سازان و چارەسەری كێشەكان و قەیرانەكان دەكرێت؟ ئەو پێشنیار و رێگاچارەسەر دەستنیشان دەكات.

دەكرێت پرسیارێك بكەین بۆ ئەوانەی پڕۆژەكە ڕەتدەكەنەوە چ بنەمایەكیان بۆ ڕەتكردنەوە هەیە؟ ...

یان هەر ئەوەیە رڕەتكردنەوە بۆ ڕەتكردنەوەیە یان بۆ پێشكەش كردنی پڕۆژەیەكی تازەیە؟

ئەگەر باس لە درێژكردنەوەی ماوەی سەرۆكی هەرێم دەكرێت خۆ پڕۆژەكە هیچی لەم بارەیەوە تێدانیە. باشە ئەوانەی لە ( ٣٠ ی حوزەیران ٢٠١٣ ) ماوەی درێژكردنەوەیان ئەنجامدا چ پڕۆژەیەكی چاكسازی بۆ چارەسەری قەیرانەكانیان پێ بوو؟

ئەگەر هەموو دژی خۆسەپاندن و تاكڕەوی ببنەوە ئەی سازان لەسەر چی دەكرێت و كێ هەیە ببێتە ناوبژیوان؟ وە لەهەر لایەك كەمێك كەم بكرێتەوە و لە داوا هاوبەشەكان پڕۆژەیەكی هاوشێوەی پڕۆژەكەی دكتۆر بەرهەم پێشكەش بكەن.

لێرەوە دەست خۆشی لە بوێری و سیاسەتی دكتۆر بەرهەم دەكەم و ئومێد دەكەم ئەوانەی پڕۆژەكەی دكتۆر بەرهەم ڕەتدەكەنەوە پڕۆژەی خۆیان بۆ سازان و چارەسەریی قەیرانەكان و بەرەنگار بوونەوەی گەندەڵی و یەكخستنی هێزی پێشمەرگە و ئاسایش و یەك ووتاری پێشكەش بكەن.

 

ئومێد دەكەم نمونەی دكتۆر بەرهەم لە پێشكەشكردنی پرۆژەی چاكسازی و رێگا چارە بۆ سازان و قەیرانەكان زیاد و زیاتر بێت؛ بۆ ئەوەی سیاسییەكانی تر و جەماوەر دادوەری بكەن كە كامیان باشتر و ساز ترە.

فیلمی سینەمایی "بیرەوەرییەکانی سەر بەرد" لە سێ فیستیڤاڵی جیھانی نمایشکرا

مەنسوور جیھانی  ـ فیلمی سینەمایی "بیرەوەرییەکانی سەر بەرد" لە دەرھێنانی "شەوکەت ئەمین کورکی" لە فیستیڤاڵەکانی نێودەوڵەتی فیلمی "مۆنیخ"، "مۆسکۆ" و "گڕانادا" لە ئاستی جیھان نمایشکرا.

فیلمی سینەمایی "بیرەوەرییەکانی سەر بەرد" Memories On Ston لە دەرھێنانی "شەوکەت ئەمین کورکی" و بە ئامادەبوونی ئەم سینەماکارە کوردە و ھەروەھا "مەمەد ئەکتاش" بەرھەمھێنەری ئەم فیلمە لە نوێترین بەشداریی نێودەوڵەتی خۆیدا لە سێ سانسی جیاوازدا لە بەشی "سپۆتلایت" Spotlightلە سی و سێیەمین خولی فیستیڤاڵی نێودەوڵەتی فیلمی "مۆنیخ" Muenchen لە وڵاتی ئەڵمانیا چووە سەر پەردەی سینەماکان.

ئەم فیستیڤاڵە بە نمایشی ٢٠٠ فیلم لە سینەماکارانی وڵاتانی جۆراوجۆری جیھان لە چەندین بەشی پێشبڕکێی و دەرەوەی پێشبڕکێی لەوانە: بەشی پێشبڕکێی "نێودەوڵەتی"، بەشی پێشبڕکێی "بەھرەمەندە نوێیەکانی ئەڵمانیا"، بەشی "سپۆتلایت"، بەشی "ڕێزلێنان لە سینەماکارانی ناوداری ئەڵمانی"، بەشی "تایبەت"، بەشی "سینەمای سەربەخۆی نێودەوڵەتی"، بەشی "سینەویژن" و چەندین بەشی دیکە لە ڕۆژانی ٢٥ی حوزەیران / یۆنیۆ تا ٤ی تەمووز / یەڵیۆی ٢٠١٥ لە شاری مۆنیخ لە وڵاتی ئەڵمانیا بەڕێوەچوو.

"بیرەوەرییەکانی سەر بەرد" لە درێژەی بەشدارییە نێودەوڵەتییەکانی خۆیدا، لە دوو سانسی جیاوازدا لە سی و حەوتەمین خولی فیستیڤاڵی نێودەوڵەتی فیلمی "مۆسکۆ" Mosco نمایشکرا.

ئەم فیستیڤاڵە کە یەکێک لە گرینگترین فیستیڤاڵەکانی وڵاتی ڕووسیا دێتە ئەژمار، بە بەشداری بەرھەمی فیلمسازانی وڵاتانی جیھان لە چەندین بەشی جۆراوجۆر لە ڕۆژانی ١٩ تا ٢٦ی تەمووز / یەڵیۆی ٢٠١٥ لە شاری مۆسکۆ لە وڵاتی ڕووسیا بەڕێوەچوو.

فیلمی سینەمایی "بیرەوەرییەکانی سەر بەرد" ھەروەھا لە بەشی دەسپێکی "سینە دێل سۆر" Cines del Sur لە نۆیەمین خولی فیستیڤاڵی نێودەوڵەتی فیلمی "گڕانادا" Granada نمایشکرا.

ئەم فیستیڤاڵە بە بەشداریی بەرھەمی وڵاتانی جۆراوجۆری جیھان لە چەندین بەشی پێشبڕکێی و دەرەوەی پێشبڕکێی لە ڕۆژانی ٨ تا ١٤ی تەمووز / یەڵیۆی ٢٠١٥ لە شاری گڕانادا لە وڵاتی ئیسپانیا بەڕێوەچوو.

"بیرەوەرییەکانی سەر بەرد" کە تا ئێستا لە کۆمەڵێک فیستیڤاڵ لە ئاستی دنیادا چۆتە سەر پەردەی سینەماکان و چەندین خەڵاتی گرینگیشی بۆ ھەرێمی کوردستان بەدەستھێناوە، لە دوایین بەشداری نێونەتەوەیی خۆیدا بە ئامادەبوونی "شەوکەت ئەمین کورکی" دەرھێنەر، "مەمەد ئەکتاش" بەرھەمھێنەر و "عەباس غەزالی" ئەندامی پەڕڵەمانی کوردستان، لە یادی ٧٠ ساڵەی دامەزراندیی رێکخراوەی "یۆنسکۆ" UNESCO و ھەروەھا ١٠ ساڵەی کۆنوانسیۆنی پاراستن و بڵاوکردنەوەی کەلتووری، رۆژی ١٠ حوزەیران / یۆنیۆی ٢٠١٥ لە ھۆڵی بارەگای سەرەکی رێکخراوەی جیھانی یۆنسکۆ لە شاری پاریسی پێتەختی وڵاتی فەڕەنسا نمایشکرا.

 

بۆ زانیاریی زیاتر:

https://www.filmfest-muenchen.de/de/programm/filme/film/?id=4484

http://37.moscowfilmfestival.ru/miff37/eng/films/?id=37131

http://www.juntadeandalucia.es/culturaydeporte/cinesurgranada/?cat=27&lang=en

نێچیرڤان بارزانی: ناهێڵین بستێكی خاكی كوردستان لە ژێر دەستی تیرۆر و دوژمنان بمێنێتەوە

سەرلەبەیانیی ئەمڕۆ پێنجشەممە 13/8/2015 بە ئامادەبوونی بەڕێز نێچیرڤان بارزانی سەرۆك وەزیرانی هەرێمی كوردستان و جڤاتی ڕۆحانی و ژمارەیەكی بەرچاو لە كەسایەتییانی ئاینیی ئێزدی و موسڵمانان و مەسیحی و كەس و كاری شەهیدان و وەزیر و پەرلەمانتار و بەرپرسانی ئیداری و سەربازیی هەرێمی كوردستان، لە مەزارگەی شەرفەددین لە بناری چیای شەنگال، ڕێوڕەسمێك بۆ بەخاك سپاردنی 67 تەرمی شەهیدانی ئێزدی كە بە دەستی تیرۆرستانی داعش شەهید كرابوون، بەڕێوەچوو.

 

 

لە ڕێوڕەسمەكەدا دوای گوتەی بەخێرهێنان لەلایەن لێژنەی ئامادەكاری ڕێوڕەسمەكە و چەند گوتەیەكی دیكە، بەڕێز نێچیرڤان بارزانی سەرۆك وەزیرانی هەرێمی كوردستان گوتارێكی پێشكەش كرد و تێیدا باسی لەو غەدر و زوڵمە كرد كە لە گەلی كوردستان بە شێوەیەكی گشتی و بە تایبەتی كوردانی ئێزدی كراوە، بە تایبەتی جارێك لەبەر كوردبوونیان و جارێكیش لەبەر ئەوەی ئێزدین ئەو تاوانە نامرۆڤایەتییەیان بەرامبەر ئەنجام دراوە و ئەمەشی بە برینێكی قوڵ بۆ گەلی كوردستان بە شێوەیەكی گشتی قبووڵ كرد و نەیارانی گەلی كورد ئەو تاوانەیان بە مەبەستی قڕكردنی كوردانی ئێزدی ئەنجامداوە، بەڵام بە قوربانی و خەباتی كوردانی ئێزدی و هەموو پێشمەرگە قارەمانەكان گەلی كورد دەگاتە سەركەوتنی یەكجاری و شەنگال و هەموو ناوچەكانی دیكەی كوردستان لە دوژمنانی خوا و مرۆڤایەتی ڕزگار دەكرێن و نابێت تەنیا یەك بستی خاكی كوردستان لە ژێر دەستی دوژمن و تیرۆرستان بمێنێتەوە و خوینی شەهیدان و ناڵە و فرمێسكی دایك و خوشكانی ئێزدی دەبنە هەوێنی سەركەوتنێكی گەورە بۆ هەموو دەڤەرەكانی كوردستان بە تایبەتی ئەو دەڤەرانەی كە كوردانی ئێزدی تێیدا نیشتەجێن.

 

 

ئاماژەی بەوەش كرد كە بە هەر بەهایەك بێت شەنگال و هەموو دەڤەرەكان ڕزگار دەكرێن و دەگەڕێنەوە سەر هەرێمی كوردستان و ئاوەدانی و ژیان و پێكەوەژیان و ئارامی دەگەڕێننەوە ئەو شارە مێژووییە كە هەر لە كۆندا لانەی پێكەوەژیانی ئایین و نەتەوە و پێكهاتە نەتەوەیی و ئایینە جیاجیاكانی دیكە بووە.

هەروەك گوتی كە خوێنی شەهیدان و برینی قوڵی كەس و كارەكانیان و ئێش و زەحمەتی كوردانی ئێزدی ئاوارە لە ناو كەمپەكاندا لەیاد ناكەن و لەگەڵ دەزگاكانی حكوومەت هەوڵی باشتركردنی ڕەوشی ژیانیان دەدەن بە هیوای ئەوەی بە زووترین كات دەڤەرەكیانیان ڕزگار بكرێن و بە سەربەرزی و لە ڕەوشێكی ئارامدا بگەڕێنەوە سەر ماڵ و حاڵی خۆیان.

ئەوەشی دووپات كردەوە كە لە هەوڵەكانیان بۆ ڕزگاركردنی ئەو ئێزدیانەی لە دەستی تیرۆرستانی داعشدا ماون، بەردەوام دەبن و هەرچی پێویست بێت لەلایەن حكوومەتی هەرێمی كوردستانەوە بۆ ڕزگار كردنیان ئەنجام دەدرێت كە بۆ ئەم مەبەستەش ئۆفیسێكی تایبەت كراوەتەوە و تا ئێستا توانیویانە 2058 لە خوشك و برایانی ئێزدی لە دەستی تیرۆر ڕزگار بكەن و سوپاسی ئەو دەستەیەی كرد كە لەو ئۆفیسە كار دەكەن بە تایبەت بەڕێز خەیری بوزانی بەڕێوەبەری گشتی كاروباری كوردانی ئێزدی كە كارێكی زۆر باش و گەورەیان لەم بارەیەوە ئەنجام داوە.

هەروەها ڕایگەیاند كە لەسەر ئاستی نێودەوڵەتیش حكوومەتی هەرێمی كوردستان تیمێكی بە سەرۆكایەتی بەڕێز مەحموود حاجی ساڵح وەزیری كاروباری شەهید و ئەنفالكراوان دامەزراندووە بۆئەوەی ئەو تاوانانەی دەرهەق بە كوردانی ئێزدی كراون، لەسەر ئاستی نێودەوڵەتی وەك جینۆساید بناسرێن و لەمبارەیەشەوە كاری جددی و باش ئەنجامدراوە و دەستخۆشیی لەو تیمە كرد.

 

 

بەڕێز سەرۆك وەزیرانی هەرێمی كوردستان لە بەشێكی دیكەی گوتەكەیدا باسی لە كۆچی ژمارەیەك گەنجی ئێزدی بۆ دەرەوەی وڵات كرد و ئاشكرای كرد كە ئەوان ئەم بابەتەیان لەگەڵ جڤاتی ڕۆحانی و كەسایەتیانی ئێزدی گفتوگۆ كردووە و ئەم كۆچكردنەشی بە شتێكی هەڵە زانی چونكە ڕاستە كارەساتێكی گەورە لەم دەڤەرە دروستبووە، بەڵام ئێزدی و ئێزدیاتی لە ئەوروپا و غەریبی ناپارێزرێن و ئەو شوێنەی كە ئێزدیاتی تێیدا گەشە دەكات، لالشی نورانی و شەنگال و شەرفەدینن نەك ئەوروپا و وڵاتی غەریبی و داوای لە گەنجان و كۆمەڵگەی ئێزدی بە شێوەیەكی گشتی كرد بابەتی كۆچكردن لەیاد بكەن و شوێنی باب و باپیرانی خۆیان چۆڵ نەكەن.

دواتر باسی لە پێكەوەژیانی هەموو نەتەوە و ئایینەكانی كوردستان كرد و بە تابلۆیەكی جوانی وەسفكرد و جەختی لەوە كردەوە كە ئەم پێكەوەژیانە زەمانەتی سەركەوتنی گەلی كوردە و ئامادەبوونی هەموو نەتەوە و ئایینەكانیشی لە ڕێوڕەسمەكەدا، بە پەیامێك بۆ دۆست و نەیارانی كوردستان زانی كە ئەم پێكەوەژیانە بەردەوام دەبێت.

لە كۆتایی گوتەكەیدا بەڕێز نێچیرڤان بارزانی سەری ڕێز و وەفاداری بۆ شەهیدان دانەواند و سوپاسی هەموو ئەو پێشمەرگە قارەمانانەی كرد كە توانیان ئەم خاكە لە تیرۆرستان بپارێزن بە تایبەت ئەوانەی كە توانیان مەزارگەی شەرفەدین بپارێزن و ڕێگە نەدەن تیرۆرستانی داعش بگەنە شوێنەكە و دەستخۆشیی لێكردن.

 

 

ئەمە دەقی گوتەی بەڕێز نێچیرڤان بارزانی سەرۆك وەزیرانی هەرێمی كوردستانە:

 

كهسوكار و خوشك و برایێت مهیێت ئێزدى،

گهلى بهشدارێت ڤێ ڕێوڕهسمێ یێت هێژا،

هوین ههمى بخێر هاتن و سلاڤێت خودێ ل ههوهبن..

 

ئهڤرۆ ئهم ههمى پێكڤهیێ ل ڤێرهكۆم بووى، داكو بهشداریێ بكەین دڕێوڕهسما ڤهگهڕاندن و ڤهشارتنا تهرمێت پیرۆزێت (67) شههیدێت مهیێت ئێزدى، كو قوربانى یێت یهك ژ دڕندەترین و مهزنترین تاوانێت دیرۆكێنه ل ههمبهرى مرۆڤایهتیێ. ئهڤ ڕێوڕهسمه، ههروهسا نیشانهكا دى یا غهدر و مهزلوومیهتهكا مهزنا گهلێ مهیێ كورد ب گشتى و، خوشك و برایێت مهیێت ئێزدى بتایبهتییه!. چونكى ئهڤ تاوانا كو ل ههمبهرى ڤان شههیدا و بسهدا شههیدێت دى ل ڤێ دهڤهرێ هاتیهكرن، جارهكێ ژبهر كو كورد و، جارهكێ ژى ژبهر كو ئێزدى بووینه.

تاوانێت كو ل دژى كهسوكارێت مهیێت ئێزدى هاتینهكرن، برینهكا كویره، چ جارا ناهێتهژبیركرن، وهسا ب ساناهى ژى ساخ نابیت، لێ ههروهكى مهد دیرۆكا خۆدا گهلهك جارا قوربانى یێت گهلهك مهزن داینه، گهلهك جارا دوژمنا فهرمانا مهڕاكریه و ههول دایه مهلبەین ببەن، ڤێ جارێ ژى، ڕاستهدوژمنا برینهكا دژوار لسهر دلێ مه هەمیا دروست كر، لێ دیسا وهك ههمى جارا كورد و ئێزدی لبەین نەچۆن، ئهم ماین و دگهل مه، سهركهفتن و سهربلندى مان..سبهژى ب سایا خوینا ڤان شههیدا، ب سایا قوربانى و ڕۆندك و خهبات و تێكۆشینا كهسوكارێت مهیێت ئێزدى و ههمى پێشمهرگێت قههرهمان، دێ گههینهسهركهفتنا ئێكجارى. دێ شنگالێ و ههمى دهڤهرێت دى یێت كوردستانێ ل دوژمنێت خودێ و دوژمنێت مرۆڤایهتێى ڕزگار كهین.

ئهم نهشنگالێ و نهژى یهك بوهستا ئاخا كوردستانێ ل هیچ جههكێ د دهستێ دوژمنا و تیرۆرستادا ناهێلین، پێشمهرگێت قههرهمانێت كوردستانێ، ههتا دویماهیێ، ههتا ڕزگاركرنا شنگالێ و ههمى گوند و دهڤهرێت كهسوكارێت مهیێت ئێزدى و ههمى ئاخاكوردستانێ، دێ لسهر تێكۆشین و قوربانیدانا خۆ د بهردهوام بن.. خوینا گهشا ڤان شههیدا و، ئاهـ و نالین و ڕۆندكێت دایك و خوشكێت مهیێت ئێزدى، دێ بنه هێڤیا سهركهفتنهكا مهزن بۆ ههمى دهڤهرێت ئێزدیا و بۆ ههمى كوردستانێ ب گشتى.

ب ههر بهایهكى بیت، ئهم دێ شنگالێ و ههمى دهڤهرێ ڕزگار كهین، شنگال دێ ڤهگهڕیتهڤ سهر ههرێما كوردستانێ. ئهم دیسا دێ شنگالێ ئاڤهدان كهین و دێ ژیانێ و پێكڤهژیانێ و ئارامیێ ڤهگهڕینن ڤى باژارێ دیرۆكى، كو ژ كهڤندا ماكا ژیانێ و پێكڤهژیانا ئۆل و نهتهوه و پێكهاتێت جدا یێت دینى و نهتهوهیى بوویه.. ههروهكى چاوا ئهم خوینا ڤا شههیدا و ژان و برینێت مالبات و كهسوكارێت وان ژى، كو كهسوكار و خوشك و برایێت مهنه، ژبیر ناكهین.

ئهم ئێش و زهحمهتى و، سهرما و گهرما كو ئهڤرۆ كهسوكار و خوشك و برایێت مهیێت ئێزدى ل كهمپێت ئاوارهییێ دبینن، ئهم وان ژى ژبیر ناكهین و، بهردهوام دگهل دهزگههێت حكوومهتێ ههول ددهین، كو ڕهوشا وان باشتر بكهین.. ب هیڤیا كو د زویترین دهمدا، ههمى جهێت وان بێنه ڕزگاركرن و ب ئارامى و سهركهفتى، ڤهگهڕنهسهر مال و حال و، جهو وارێت خۆ..

 

بەڕێزان ..

ههر د ڤێ ههلكهفتنێدا، من دڤێت ئهز ههمى كهسوكار و خوشك و برایێت مهیێت ئێزدى پشتڕاست بكهم، كو هندى خوشكهكا مه، یان ژى برایهكێ مه، هندى زارۆكهك د دهستێ تیرۆرستادا مابیت، ئهم دێ بهردهوامبین ل هەولێن خۆ و هەر تشتێ ژ دهستێ مهبێت بۆ ڕزگار كرنا وان، ئەم قسوریێ ناكەین.

مهژ ڕۆژا ئێكێ وهرهب تایبهتى بۆ ڤێ كهیسێ، ئۆفیسهكا تایبهتا ڤهكرى كو كار لسەر ڤێ بابەتێ دكەتن و سوپاس بۆ خودێ و كار و ماندیبوونا وان كو هەتا ئەڤرۆ تیما مه شیایه پترى 2058 كهسا ژ خوشك و برایێت مهئێزدى ژ دهستێ تیرۆرستا ڕزگار بكهت. ههر ل ڤێ دهرێ من دڤێت سوپاسیا ڤێ ئۆفیسی و سەرپەرشتیارێ وێ ڕێزدار خهیرى بۆزانى، ڕێڤهبهرێ گشتى یێ كاروبارێت ئێزدیا و ههڤالێت وى ل ئۆفیسێ بكهم، كو ب ڕاستى كارهكێ گهلهكێ مهزن و پیرۆز ئهنجام داینه.

جارهكا دى ژى ئهز ههمى كهسوكار و خوشك و برایێت مه یێت ئێزدى پشتڕاست دكهم، كو ههر چ پێویست بیت، بۆ ڕزگاركرنا خوشك و برایێت مهیێت مایى د دەستی تیرۆرستان دا و هەر هاریكارىیەكا لازم بێت ئەم ئامادەینە بۆ ڕزگار كرنا وان ل دەستێ تیرۆریستا.

لسهر ئاستا ناڤنهتهوهیى ژى، ههولێت حكوومهتا ههرێما كوردستانێ دبهردهوامن داكو كهیسێ فهرمانا لسهر ئێزدیا هاتیه ڕاكرن، ل جیهانێ وهكى جینۆساید بێتهناسكرن.. بۆ ڤێ مهبهستێ، تیمهكا حكوومهتا ههرێما كوردستانێ ب سهرۆكاتیا ڕێزدار (مهحموود حاجى سالح) وهزێرێ كاروبارێ شههیدا و ئهنفالكریا، یێ كارهكێ جددى و بەردەوم دكهن دگهل دهزگههـ و ناڤهندێت ناڤنهتهوهیى كار دكهن.. وان ژى ههتا نهۆ كارهكێ باشێ كرى و ئەڤ كارێ وان جهێ سوپاسیێ دهستخۆشیێ یە.

خوشك و برایێت هێژا،

تشتهكێ دى كو من دڤێت دڤێ ڕێوڕهسمێدا بهحس بكهم، بابهتێ ههولا دهركهفتنا هندهك گهنجێت ئێزدیانهبۆ دهرڤهى وهلاتى. مه ئهڤبابهته بهرى نهۆ ژى دگهل جڤاتا ڕۆحانییا ڕێزدار و كهساتى یێت ئێزدیا بهحس كریه. باوهریا مهئهوهكو دهركهفتن و هێلانا ولاتى، نهتشتهكێ دروسته، ئێزدى و ئێزدیاتى ل ئهورۆپا و ل غهریبیێ ناهێنه پاراستن.. جهێ كو ئێزدیاتى لێ گهش ببیت، لالشا نوورانى و شنگال و شهرفهدینن، نهئهورۆپا و وهلاتێت غهریبیێ!.

ڕاستهكارهساتهكا گهلهكا مهزنا ل ڤێ دهڤهرێ چێ بووى، ڕاستهتاوانێت گهلهك مهزن یێت هاتیهكرن، ڕاستهفهرمانهكا دى یا هاتیهڕاكرن، لێ دیسا ژى ئێزدیاتى ب تهركا وهلاتى و هێلانا ئاخا باب و كالا، ناگههیتهچ قۆناغا!. ئێزدیاتى و دین و كولتوورا ئێزدیا لڤێره، لسهر ئاخا باب و باپیرا دێ هێنهپاراستن.. ئهم ههمى پێكڤهپارێزهرێت ئێزدیاتیێ و پارێزهرێت لالشا نوورانى و شهرفهدین و شنگالێینه.

ئەڤ تابلۆیا ئەڤرۆ ئەم دبینین ل ڤێ دەڤەرێ و ل ڤێ مەڕاسیمێ، ئەگەر ئەم بەرێ خۆ بدەینە ڤێ پێكڤەژیانێ، دبینین مامۆستا یێت ئایینی یێت موسڵمان و مامۆستا یێت ئایینی یێت كرستیان و ئێزدی لڤێرە كۆمبووینە، پێكڤەژیانا ئەڤرۆیا مە زەمانەتەكە بۆ سەركەفتنا مە د پاشەڕۆژێ دا بۆ كوردستانەكا ئازاد و ئاڤەدان و شنگالەكا ئاڤەدان و سەركەفتی، ئەڤەیە زەمانەتا سەركەفتنا مە، ئەڤ تابلۆیێ جوان یێ كو ئەڤرۆ ئەم دبینین دڤێ ڕێوڕەسمێ دا كو هەمیا زەحمەت كێشایە و ڕیكەكا دویر هاتنە بۆ بەشداریكرنێ، پەیامەكێ زۆر گرنگە بۆ جیهانێ، پەیامەكا مەزنە بۆ وان تیرۆرستا، پەیامەكە كو ئەڤ پێكڤەژیانا مە یا دیرۆكی د ناڤبەرا ئیسلام و ئێزدیەت و مەسیحییەتێ دا و هەمی پێكهاتێت دی یێت نەتەوەیی و ئایینی یێت د وڵاتێ مەدا، دێ بەردەوام بێت و ئەم هەڤی پێكڤە دێ پارێزەرێت ڤێ چەندێ بین.

تڤیا ئهم ههمى پێكڤهكار بكهین، ههول بدهین و خهباتێ بكهین داكو ئیزدیاتیێ ل جهێ خۆ، لسهر ئاخا خۆ، د ناڤ وار و مهزارگههێت خۆ یێت پیرۆزدا بمینن بهێنە پاراستن.

ل دویماهێ، جارهكا دى ئهم سهرێ خۆ لبهر گیانێ پاقژێ ڤا شههیدا و ههمى شههیدێت كوردستانێ دچهمینین، سهرهخۆشێ ل مالبات و كهسوكارێت وان و، ل هەمی كوردستانی دكەم. هەروەها د ڤێ هەلكەتنێ دا و د ڤی جهی دا جارەكا دی دەستخۆشیێ ل وان پێشمەرگێت قەهرەمان دكەم یێت كو زەحمەت كێشای و ئەڤ جهە پاراستی، ئەو پێشمەرگێن وێ ڕۆژی شەرفەدین پاراستی جهێ تەقدیر و پێزانینا مەنە. ئەم لێرە دیسا بیرا خۆ ل وان ڕۆژێت زەحمەت تینین كو وان تێدا بەرگری و بەرخۆدان و خۆڕاگری كر و نەهێلا ئەڤ مەزارگەهێ پیرۆز بكەڤیتە دەستێ تیرۆرستا. جارەكا دی ب ناڤێ وە دەستخۆشیێ ل وان دكەین. دەستخۆشیێ ل هەمی پێشمەرگە یێت قەهرەمان دكەم كو د ئەنجاما خەبات و ماندیبوون و خوینا شەهیدان ئەڤرۆ ئەم لێرە ب سەرفەرازی ڤەدگەرێنەڤ سەر ئاخا خۆ و تەرمێت عەزیزێت خۆ ڤەدشێرین، ئەم لێرە پەیامەكێ بۆ هەمی جیهانێ ڕادگەهینین كو ئەم دێ پێكڤە مینین و پێكڤەژیان دێ یا بەردەوام بیت ل كوردستانێ و ب هیمەتا خۆڕاگریا ڤان قەهرەمانا، شنگال ژی دێ هێتە ڕزگار و ئاڤەدان كردن و انشاء الله دێ ئایندەیەكا باش بۆ ڤی وەڵاتی و میللەتی هێتە دی.

هون هەمی لایەك بخێر بێت سەر چاڤا و زۆر سوپاس بۆ ئامادەبوونا وە د ڤێ مەراسیمێ دا. زۆر سوپاس.

پەڕەى 119 لەکۆى 205 پەڕەدا

هەواڵی زیاتر لە تویتەر

راپۆرتە پڕ بینەرەکان

حالت های رنگی