فیلمی سینەمایی "بیرەوەرییەکانی سەر بەرد" لە سێ فیستیڤاڵی جیھانی نمایشکرا

مەنسوور جیھانی  ـ فیلمی سینەمایی "بیرەوەرییەکانی سەر بەرد" لە دەرھێنانی "شەوکەت ئەمین کورکی" لە فیستیڤاڵەکانی نێودەوڵەتی فیلمی "مۆنیخ"، "مۆسکۆ" و "گڕانادا" لە ئاستی جیھان نمایشکرا.

فیلمی سینەمایی "بیرەوەرییەکانی سەر بەرد" Memories On Ston لە دەرھێنانی "شەوکەت ئەمین کورکی" و بە ئامادەبوونی ئەم سینەماکارە کوردە و ھەروەھا "مەمەد ئەکتاش" بەرھەمھێنەری ئەم فیلمە لە نوێترین بەشداریی نێودەوڵەتی خۆیدا لە سێ سانسی جیاوازدا لە بەشی "سپۆتلایت" Spotlightلە سی و سێیەمین خولی فیستیڤاڵی نێودەوڵەتی فیلمی "مۆنیخ" Muenchen لە وڵاتی ئەڵمانیا چووە سەر پەردەی سینەماکان.

ئەم فیستیڤاڵە بە نمایشی ٢٠٠ فیلم لە سینەماکارانی وڵاتانی جۆراوجۆری جیھان لە چەندین بەشی پێشبڕکێی و دەرەوەی پێشبڕکێی لەوانە: بەشی پێشبڕکێی "نێودەوڵەتی"، بەشی پێشبڕکێی "بەھرەمەندە نوێیەکانی ئەڵمانیا"، بەشی "سپۆتلایت"، بەشی "ڕێزلێنان لە سینەماکارانی ناوداری ئەڵمانی"، بەشی "تایبەت"، بەشی "سینەمای سەربەخۆی نێودەوڵەتی"، بەشی "سینەویژن" و چەندین بەشی دیکە لە ڕۆژانی ٢٥ی حوزەیران / یۆنیۆ تا ٤ی تەمووز / یەڵیۆی ٢٠١٥ لە شاری مۆنیخ لە وڵاتی ئەڵمانیا بەڕێوەچوو.

"بیرەوەرییەکانی سەر بەرد" لە درێژەی بەشدارییە نێودەوڵەتییەکانی خۆیدا، لە دوو سانسی جیاوازدا لە سی و حەوتەمین خولی فیستیڤاڵی نێودەوڵەتی فیلمی "مۆسکۆ" Mosco نمایشکرا.

ئەم فیستیڤاڵە کە یەکێک لە گرینگترین فیستیڤاڵەکانی وڵاتی ڕووسیا دێتە ئەژمار، بە بەشداری بەرھەمی فیلمسازانی وڵاتانی جیھان لە چەندین بەشی جۆراوجۆر لە ڕۆژانی ١٩ تا ٢٦ی تەمووز / یەڵیۆی ٢٠١٥ لە شاری مۆسکۆ لە وڵاتی ڕووسیا بەڕێوەچوو.

فیلمی سینەمایی "بیرەوەرییەکانی سەر بەرد" ھەروەھا لە بەشی دەسپێکی "سینە دێل سۆر" Cines del Sur لە نۆیەمین خولی فیستیڤاڵی نێودەوڵەتی فیلمی "گڕانادا" Granada نمایشکرا.

ئەم فیستیڤاڵە بە بەشداریی بەرھەمی وڵاتانی جۆراوجۆری جیھان لە چەندین بەشی پێشبڕکێی و دەرەوەی پێشبڕکێی لە ڕۆژانی ٨ تا ١٤ی تەمووز / یەڵیۆی ٢٠١٥ لە شاری گڕانادا لە وڵاتی ئیسپانیا بەڕێوەچوو.

"بیرەوەرییەکانی سەر بەرد" کە تا ئێستا لە کۆمەڵێک فیستیڤاڵ لە ئاستی دنیادا چۆتە سەر پەردەی سینەماکان و چەندین خەڵاتی گرینگیشی بۆ ھەرێمی کوردستان بەدەستھێناوە، لە دوایین بەشداری نێونەتەوەیی خۆیدا بە ئامادەبوونی "شەوکەت ئەمین کورکی" دەرھێنەر، "مەمەد ئەکتاش" بەرھەمھێنەر و "عەباس غەزالی" ئەندامی پەڕڵەمانی کوردستان، لە یادی ٧٠ ساڵەی دامەزراندیی رێکخراوەی "یۆنسکۆ" UNESCO و ھەروەھا ١٠ ساڵەی کۆنوانسیۆنی پاراستن و بڵاوکردنەوەی کەلتووری، رۆژی ١٠ حوزەیران / یۆنیۆی ٢٠١٥ لە ھۆڵی بارەگای سەرەکی رێکخراوەی جیھانی یۆنسکۆ لە شاری پاریسی پێتەختی وڵاتی فەڕەنسا نمایشکرا.

 

بۆ زانیاریی زیاتر:

https://www.filmfest-muenchen.de/de/programm/filme/film/?id=4484

http://37.moscowfilmfestival.ru/miff37/eng/films/?id=37131

http://www.juntadeandalucia.es/culturaydeporte/cinesurgranada/?cat=27&lang=en

Read کد خبر: 1505

هەواڵی زیاتر لە تویتەر

راپۆرتە پڕ بینەرەکان

حالت های رنگی