فیلمی دیکۆمێنتاریی چیرۆکیی "ژیان لە سنوور" لە دەرھێنانی ھەشت منداڵی کۆبانێ و شنگال و لە بەرھەمھێنانی "بەھمەن قوبادی" بینەرانی بیستەمین خولی فیستیڤاڵی نێودەوڵەتی فیلمی "پووسان" لە وڵاتی کۆریای باشووری کردە گریان.

 

فیلمی دیکۆمێنتاریی چیرۆکیی "ژیان لە سنوور" Life on the Border لە دەرھێنانی ھەشت منداڵی شارەکانی کۆبانێ و شنگال و بە ڕێنوێنی "بەھمەن قوبادی" و لە بەرھەمھێنانی کۆمپانیای سینەمایی "مژ فیلم"، لە یەکەمین نمایشی جیھانی خۆیدا لە دوو سانسی جیاوازا کاتژمێر ٨ی شەوی دوێنێ ھەینی ٣ی تەشرینی یەکەم / ئۆکتۆبەری ٢٠١٥ بە ئامادەبوونی ئەم سینەماکارە کوردە و چەندین دەرھێنەری کۆریای باشوور لە بەشی "نمایشی کورتە فیلمەکان" لە میانەی بیستەمین خولی فیستیڤاڵی نێودەوڵەتی فیلمی "پووسان" Busanلە وڵاتی کۆریای باشوور پێشکەشکرا و تەواوی کورسییەکانی ناو ھۆڵەکانی نمایشی ئەم فیلمە پڕ بوو لە بینەر و تەواوی بینەرانیش بە چاوێکی پڕ لە گریانەوە ئەم فیلمە کوردییەیان بینی و کاریگەریی زۆریی لەسەریاندا.

 

پێشوازیی بینەران لە "ژیان لە سنوور" بە شێوەیەک بوو کە بەرپرسانی فیستیڤاڵی نێودەوڵەتی فیلمی "پووسان" ناچاربوون کە سانسی نمایشی زیاتر بۆ ئەم فیلمە دیکۆمێنتارییە چیرۆکییه تەرخان بکەن و بڕیاروایە بێجگە لە نمایشەکانی ئەم فیلمە، واتە: کاتژمێر ١١ی پێش نیوەڕۆی ٥ی تەشرینی یەکەم / ئۆکتۆبەر و ھەرەەھا کاتژمێر ١ی نیوەڕۆی ڕۆژی ٨ی تەشرینی یەکەم / ئۆکتۆبەری ٢٠١٥ لە چەندین سانسی دیکەشدا ئەم فیلمە کوردییە بۆ بینەران نمایش بکرێت.

 

"بەھمەن قوبادی" وەکوو بەرھەمھێنەری فیلمی "ژیان لە سنوور" لەم خولەی فیستیڤاڵی فیلمی "پووسان"دا ئامادەبوو و ھەشت منداڵی شارەکانی کۆبانێ و شنگال کە دەرھێنانی ئەم فیلمەیان لە ئەستۆدا بوو بە ھۆی نەبوونی پاسپۆڕتەوە نەیانتوانی کە لە فیستیڤاڵەکەدا به‌شداریی بکه‌ن.

 

قوبادی دوای نمایشی ئەم فیلمە لە فیستیڤاڵی نێودەوڵەتی فیلمی "پووسان"دا گوتی: ئەگەر ئەممنداڵانە ئیمکانی باشتریان لە بەردەستدا بێت بێگومان لەوە باشتر فیلم سازدەکەن.

 

فیلمی دیکۆمێنتاریی "ژیان لە سنوو" لە دوایین نمایشی خۆیدا ڕۆژی یەکشەمە ٢٦ی تەمموز / یۆڵیۆی ٢٠١٥ لە لایەن ڕێکخراوەی لێبوردنیی نێودەوڵەتی و لە ھەفتەی مافی مرۆڤدا لە ھۆڵی سەرەکیی کۆشکی سپی لە شاری واشنگتۆن بۆ "باڕاک ئۆباما" سەرۆک کۆماری ئەمەریکا، دیپڵۆماتکاران، سیاسەتمەداران و بەرپرسانی باڵای وڵاتی ئەمەریکا نمایشکرا. 

 

 

 

بۆ زانیاریی زیاتر:

 

http://www.biff.kr/eng/html/program/prog_view.asp?idx=18401&c_idx=278&sp_idx=407&QueryStep=2

 

 

 

 

مەنسوور جیھانی  ـ "ئانجێلینا جوولی" ئەستێرەی ناوداری سینەمای جیھان فیلمی دیکۆمێنتاریی "ژیان لە سنوور" لە دەرھێنانی ھەشت منداڵی کۆبانێ و شنگال بە دنیا دەناسێنێت.

"ئانجێلینا جوولی" Angelina Jolie ئەستێرەی ناوداری سینەمای ھۆلیوود و باڵیۆزی نیازپاکیی کۆمیساریای باڵای پەنابەرانی ڕێکخراوەی نەتەوە یەکگرتووەکان، فیلمی دیکۆمێنتاریی "ژیان لە سنوور" لە فیستیڤاڵە نێودەوڵەتییەکانی فیلم و ناوەندە ھونەرییەکان و ھەروەھا کۆڕ و کۆبوونەوە دیپڵۆماسییەکانی جیھان دەناسێنێت و پشتیوانی لێدەکات کە لە دەرھێنانی ھەشت منداڵی شارەکانی کۆبانێ و شنگال لە کەمپەکان و ھەروەھا دوای ڕزگارکردنی شاری کۆبانێ لە دەستی گرووپی تیرۆریستی داعش لە لایەن ئەم منداڵە کوردانەوە سازکراوە.

"ئانجێلینا جوولی" کە بە بۆنەی ٢٠ حوزەیران / یۆنیۆ، ڕۆژی جیھانی پەنابەران و بە مەبەستی چاوپێکەوتن لەگەڵ پەنابەرانی شارەکانی کۆبانێ و شنگال و ھەروەھا پەنابەرانی دیکەی وڵاتانی عێراق و سووریا سەردانی تورکیای کردبوو، لە سنووری ڕۆژئاوای کوردستان و باکووری کوردستان لەگەڵ چەند دەرھێنەری فیلمی دیکۆمێنتاریی "ژیان لە سنوور" دیداری کرد و بڕیاریدا کە فیلمی "ژیان لە سنوور" لە فیستیڤاڵە نێودەوڵەتییەکانی فیلم و ناوەندە ھونەرییەکان و ھەروەھا کۆڕ و کۆبوونەوە دیپڵۆماسییەکانی جیھان بناسێنێت.

ئەم کۆمەڵە فیلمە سەرجەم ماوەکەی ٧٣ خولەکە و بە ڕێنوێنی سینەماکاری کورد "بەھمەن قوبادی " و لە لایەن کۆمپانیای "مژ فیلم" بەرھەمھاتووە و ھەر بەم بۆنەیەوە قوبادی لە باکووری کوردستان چاوی بە "ئانجێلینا جوولی" کەوت و سەبارەت بەم کۆمەڵە فیلمە و چەندین فیلمی کوردیی دیکە لەگەڵ خانمە ئەستێرەی ناوداری سینەمای جیھان ئاخاوتنی کرد.

فیلمی دیکۆمێنتاریی "ژیان لە سنوور" لە یەکەمین نمایشی نێودەوڵەتی خۆیدا شەوی ٢٠ حوزەیران / یۆنیۆی ٢٠١٥ لە بەرنامەیەکی ٢ کاتژمێریی تایبەتدا لە لایەن تەلەڤیزیۆنی جیھانی "ئێن.ئێچ.کەی" NHK ژاپۆن ناسێندرا و پاشان بۆ بینەرانی ئەم کەناڵە لە سەرتاسەری جیھان نمایشکرا و لە لایەن بینەرێکی زۆر لە سەرتاسەری دنیا پێشوازیی لێکرا.

 

لەم فیلمە دیکۆمێنتارییەدا بەشێک لە ژیانی منداڵانی کۆبانێ و شنگال لە کەمپی ئاوارەکاندا و ھەروەھا باروودۆخی ژیانی ئەوان لە نێوان شەڕ و ئاوارەییدا نیشانی بینەر دەدرێت کە ئەمجارە و لەم فیلمەدا لە روانینی کەسایەتیی منداڵەکانەوە وێنەگیراوە.

 

 

 

 

مەنسوور جیھانی  ـ فیلمی دیکۆمێنتاریی "ژیان لە سنوور" لە دەرھێنانی ھەشت منداڵی کۆبانێ و شنگال لە لایەن ڕێکخراوەی لێبوردنیی نێودەوڵەتیی لە کۆشکی سپی لە ئەمەریکا نمایشکرا.

فیلمی دیکۆمێنتاریی "ژیان لە سنوور" Life on the Border لە دەرھێنانی ھەشت منداڵی شارەکانی کۆبانێ و شنگال و بە ڕێنوێنی سینەماکاری کورد "بەھمەن قوبادی" و لە بەرھەمھێنانی کۆمپانیای سینەمایی "مژ فیلم"، لە لایەن ڕێکخراوەی لێبوردنیی نێودەوڵەتیی و لە ھەفتەی مافی مرۆڤ، لە ھۆڵی سەرەکیی کۆشکی سپی لە شاری واشنگتۆن بۆ "باڕاک ئۆباما" سەرۆک کۆماری ئەمەریکا، دیپڵۆماتکاران، سیاسەتمەداران و بەرپرسانی باڵای وڵاتی ئەمەریکا نمایشکرا.

بەھمەن قوبادی" سەبارەت بە ئامانجی لە رێکخستنی پڕۆژەی فیلمی دیکۆمێنتاریی "ژیان لە سنوور" گوتی: لەڕاستیدا ئامانجی سەرەتایی و سەرەکیی لە رێکخستنی ئەم پڕۆژەیە فێرکردنی منداڵان و مێرمنداڵانێک بوو کە لەم ناوچانەدا لە ژێر گوشاری ڕاستەوخۆی شەڕ لەگەڵ داعشدا بوونە و ئەوەی کە بەسەریاندا ھاتووە لە رێگای کامێڕای دەزگا راگەیاندنە جۆراوجۆرەکانی دنیاوە وێنەگیراوە، بەڵام ھیچ کاتێک لە ڕوانینی خۆیانەوە سەیری ئەم ڕووداوانە نەکراوە و زۆربەی توێیە شاراوەکانی ئەم کارەساتە لە تەپوومژێکی لێڵدا شاردراوەتەوە و مەبەست لەم فیلمە، نیشاندانی ئەم نەبیندراوانەیە لە گۆشە نیگای ئەم منداڵانەوە.

ئەم سینەماکارە بەئەزموونە کوردە ئەوەیشی خستەڕوو: ھەر چەندە ئەم فێرکاریانە ئاساییە و لە ئاستی وەرگرتن و باروودۆخی ئەم منداڵانەدا بوو بەڵام مەبەست لەوانە، زیاتر لەو لایەنەوە بوو تاکوو ئەم منداڵانە بتوانن ئەم کارەساتە لە ڕوانینی خۆیانەوە بگێڕنەوە و لە لایەکی دیکەشەوە، ئەمجارە بتوانن خۆیان گێڕانەوەیەکی ڕاستەوخۆ بن و بۆ ئەم مەبەستەش بە ھەر تیمێک لەم منداڵانە دوو کامێڕا و پێداویستیی ئاسایی سینەمایان پێدرا تاکوو چەخماخەیەک بێت بۆ کارەکانی داھاتوویان و بتوانن لە دەلاقەی کامێڕاکانیانەوە بانگھێشتی دنیا بکەن تاکوو ئەزموون و ڕووداوەکانی دەورووبەریان ببینن.

"ژیان لە سنوور" لە ٨ ئێپیزۆد کە سەرجەم ماوەکەی ٧٣ خولەکە پێکھاتووە، لەوانە:

ئێپیزۆدی یەکەم بە ناوی "عەشقی شنگاڵ" لە دەرھێنانی "ھازم خوردیدە" ١٣ ساڵە لە

شنگاڵ، ئێپیزۆدی دووەم بە ناوی "بە شوێن ڕاستیدا" لە دەرھێنانی "بەسمە سولەیمان"، ئێپیزۆدی سێیەم بە ناوی "نان و ماست" لە دەرھێنانی "سامی حوسێن سولەیمان" ١٤ ساڵە، ئێپیزۆدی چوارەم بە ناوی "فیلمی ئێمە باشترە" لە دەرھێنانی "رۆناھی عێزەالدین" ١٤ ساڵە لە کۆبانێ، ئێپیزۆدی پێنجەم بە ناوی "چاوەکانی باوکم" لە دەرھێنانی "دیار عومەر" ١٤ ساڵە، ئێپیزۆدی شەشەم بە ناوی "ئاسمان و دەوا" لە دەرھێنانی "دلۆڤان کێخا"، ئێپیزۆدی حەوتەم بە ناوی "لە ڕێگای نیشتماندا" لە دەرھێنانی "مەحموود ئەحمەد" ١٣ ساڵە لە کۆبانێ و ھەروەھا ئێپیزۆدی ھەشتەم بە ناوی "بە شوێن کوێستاندا" لە دەرھێنانی "زۆھوور سەعید" ١٢ ساڵە لە شنگاڵ.

ئەم ئێپیزۆدانە لە لایەن ھەشت منداڵی شارەکانی کۆبانێ و شنگال و لە کەمپەکان و ھەروەھا دوای ڕزگارکردنی شاری کۆبانێ لە دەستی گرووپی تیرۆریستی داعش لە لایەن ئەم منداڵە کوردانەوە سازکراوە و لەم فیلمە دیکۆمێنتارییەدا بەشێک لە ژیانی ئەم منداڵانە لە کەمپی ئاوارەکاندا و ھەروەھا باروودۆخی ژیانی ئەوان لە نێوان شەڕ و ئاوارەییدا نیشانی بینەر دەدرێت کە ئەمجارە و لەم فیلمەدا لە ڕوانینی کەسایەتیی منداڵەکانەوە وێنەگیراوە.

فیلمی دیکۆمێنتاریی "ژیان لە سنوور" لە یەکەمین نمایشی نێودەوڵەتی خۆیدا شەوی ٢٠ حوزەیران / یۆنیۆی ٢٠١٥ لە بەرنامەیەکی ٢ کاتژمێریی تایبەتدا لە لایەن تەلەڤیزیۆنی جیھانی "ئێن.ئێچ.کەی" NHK ژاپۆن نمایشکرا و لە داھاتووشدا بە یاوەریی "ئانجێلینا جوولی" Angelina Jolie  خانمە ئەستێرەی ناوداری سینەمای ھۆلیوود و باڵیۆزی نیازپاکیی کۆمیساریای باڵای پەنابەرانی ڕێکخراوەی نەتەوە یەکگرتووەکان لە فیستیڤاڵە جۆراوجۆرە نێودەوڵەتییەکانی فیلم، ناوەندە ھونەرییەکان و ھەروەھا کۆڕ و کۆبوونەوە دیپڵۆماسییەکانی جیھان نمایش دەکرێت.

 

 

مەنسوور جیھانیـ فیلمی دیکۆمێنتاریی "ژیان لە سنوور" لە دەرھێنانی ٨ منداڵی کۆبانێ و شەنگال لە تەلەڤیزیۆنی NHK ژاپۆن بڵاوکراوە و لە لایەن بینەرانێکی زۆر لەم وڵاتەو ھەروەھا لە سەرتاسەری دنیاوە پێشوازیی لێکرا.

فیلمی دیکۆمێنتاریی "ژیان لە سنوور" کە لە دەرھێنانی ٨ منداڵی شارەکانی کۆبانێ و شەنگال لە کەمپەکان و ھەروەھا دوای رزگارکردنی شاری کۆبانێ لە دەستی گرووپی تیرۆریستی داعش لە لایەن ئەم منداڵە کوردانەوە سازکراوە، لە لایەن تەلەڤیزیۆنی جیھانی "ئێن.ئێچ.کەی" NHK ژاپۆن لە بەرنامەیەکی تایبەتدا ناسێندرا و پاشان بۆ بینەرانێکی زۆر لەم وڵاتەو ھەروەھا لە سەرتاسەری جیھان نمایشکرا و زۆر بە جوانی پێشوازیی لێکرا.

بینەرانی ژاپۆنی بۆ ماوەی دوو کاتژمێر لە شۆکدابوون و بۆیان دەرکەوت کە نەتەوەی کورد تا چ ڕادەیەک بەھێزن و منداڵەکانیان ئەم ھەمووە تراژیدیایەیان بەسەر ھاتووە بەڵام بەم شێوەیە بەھرەمەند و داھێنەرن و ئێستا بە چاوێکی دیکەوە سەیری کورد دەکەن.

ئەم منداڵانە بە ماوەی ٢ مانگ لە لایەن راوێژکاران و گرووپی دەرھێنەران، خولەکانی فرێکاریی سینەمایان تێپەڕکردووە و پاشان لە نێوان ئەواندا چەندین کەس دەستنیشانکراون و وەکوو دەرھێنەری بچکۆلە ئەم ٨ فیلمە دیکۆمێنتارییەیان سازکردووە. ئەم کۆمەڵە فیلمە سەرجەم ماوەکەی ٧٣ خولەکە و لە لایەن کۆمپانیای "مژ فیلم" و بەرێنوێنی "بەھمەن قوبادی" بەرھەمھاتووە.

کەناڵی "ئێن.ئێچ.کەی" NHK ژاپۆنی لە بەرنامەیەکی ٢ کاتژمێریدا فیلمی دیکۆمێنتاریی "ژیان لە سنوور"ی ناساند کە تیایدا بەشێک لە ژیانی منداڵانی کۆبانێ و شەنگال لە کەمپی ئاوارەکاندا و ھەروەھا باروودۆخی ژیانی ئەوان لە نێو شەڕ و ئاوارەیی نیشانی بینەرانی خۆیدا کە ئەمجارە و لەم فیلمە دیکۆمێنتارییەدا لە روانینی کەسایەتیی منداڵەکانەوە وێنەگیراوە.

"بەھمەن قوبادی" ھەر بەم بۆنەیەوە سەردانی ژاپۆنی کرد و لە خولی ڤۆرکشۆپی فیرکاریی لە زانکۆکانی ئەم وڵاتە و ھەروەھا لەگەڵ کەناڵی "ئێن.ئێچ.کەی" NHK سەبارەت بەم فیلمە دیکۆمێنتارییەدا چەندین وتووێژی تایبەتی کرد.

 

 

هەواڵی زیاتر لە تویتەر

راپۆرتە پڕ بینەرەکان

حالت های رنگی