مەنسوور جیھانی ـ بە ئامادەبوونی "نازم دەباغ" نوێنەری حکوومەتی ھەرێمی کوردستان لە تاران، فیلمی دیکۆمێنتاریی "زمناکۆ" لە دەرھێنانی "مێھدی قوربانپوور" سەبارەت بە کارەساتی ھەڵەبجە لە فیستیڤاڵی جیھانی فیلمی فەجر نمایشکرا.

بە ئامادەبوونی "نازم عومەر دەباغ" نوێنەریی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان لە شاری تاران، فیلمی دیکۆمێنتاریی "زمناکۆ" Zemnaco لە دەرھێنانی سینەماکاری ئێرانی "مێھدی قوربانپوور" و لە بەرھەمھێنانی "محەمەد شەکیبانیا" سەبارەت بە کارەساتی دەڵتەزێنی بۆردوومانی کیمیابارانی شاری ھەڵەبجە بە دەستی ڕژێمی سەدام، لە نوێترین بەشداریی نێودەوڵەتی خۆیدا لە چەندین سانسی جیاوازدا، لە بەشی "نمایشی تایبەت" واتە چاوخشاندنێک بە فیلمە دیکۆمێنتارییەکانی جیھان لە سی و چوارەمین خولی فیستیڤاڵی جیھانی فیلمی فەجر لە کۆمەڵەی سینەمایی پەردیسی چارسووی شاری تاران چووە سەر پەردەی سینەماکان.

دوای نمایشی ئەم فیلمە کوردییە "نازم دەباغ" نوێنەری حکوومەتی ھەرێمی کوردستان لە تاران لە کۆشکی سی و چوارەمین خولی فیستیڤاڵی جیھانی فیلمی فەجر لە کۆمەڵەی سینەمایی پەردیسی چارسووی شاری تاران لە لایەن سینەماکاریی ناوداریی ئێرانی "ڕەزا میرکەریمی" و سەرۆکی ئەم فیستیڤاڵە بە گەرمیی پێشوازیی لێکرا و پاشان چاویی بە چەندین ئەکتەری ناودار و بەئەزموونی سینەمای ئێران لەوانە: "ڕەزا کیانیان"، "فاتمە موعتەمیدئاریا"، "عەلیڕەزا شەجاع نووری" کەوت.

ھەروەھا پەیامنێر و بەرھەمھێنەریی بەرنامەی سینەمایی "ڕخنەی ٤" لە کەناڵی ٤ی تەلەفیزیۆنی ئێران لەگەڵ نوێنەری حکوومەتی ھەرێمی کوردستان لە تاران سەبارەت بە ڕەوشی سینەمای کوردستان و بەرھەمھێنانی فیلمی کوردیی وتووێژێکی تێرووتەسەلی ئەنجامدا.

 

فیلمی "زمناکۆ" لە یەکەمین سانسدا سەرەتا لە کاتژمێر ٣ی دوانیوەڕۆی ڕۆژیی ٢١ی ئەپرێل لە ھۆڵی ژمارە ٥ی کۆمەڵەی سینەمایی پەردیسی چارسوو و پاشان لە دووەمین سانسدا لە کاتژمێر ٩ی شەوی ٢٣ی ئەپرێلی ٢٠١٦ لە ھۆڵی ژمارە ٥ی کۆمەڵەی سینەمایی پەردیسی چارسووی شاری تاران لە وڵاتی ئێران نمایشکرا و لە لایەن ڕەخنەگرانی سینەما، ڕۆژنامەنووسان، پەیامنێرانی سینەما و ھۆگرانی ھونەریی سینەماوە پێشوازیی لێکرا.

فیلمی کوردیی "زمناکۆ" بۆ بەدەستھێنانی خەڵاتی ئەم بەشەی فیستیڤاڵ لەگەڵ کۆمەڵێک فیلم لە وڵاتانی جۆراجۆر، لەوانە: فەڕەنسا، چین، ئەرمەنیستان، ئێران، بڕازیل، ئیماڕات، فەلەستین، قەتەر، لوبنان، سووریا، ھۆڵەندا، ئەڵمانیا، کۆماری چێک، ژاپۆن، بەریتانیا، ئەمەریکا و پاڕاگۆئە لە ڕکابەریدا دەبێت.

چیرۆکی ئەم فیلمە دیکۆمێنتارییە سەبارەت بە ژیانی کوڕە کوردیی ھەڵەبجەیی زمناکۆیە کە لە ڕۆژی بۆردوومانی کیمیابارانی شاری ھەڵەبجەدا لە دایکی جوێی دەبێتەوە و پاش ٢٢ ساڵ تێپەڕکردنیی ژیان لە ئێران، دەگەڕێتەوە بۆ زێدیی باب و باپیرانی لە شاری ھەڵەبجە لە ھەرێمی کوردستان.

 

فیلمی دیکۆمێنتاریی "زمناکۆ" لە یەکەمین بەشداریی نێودەوڵەتیی خۆیدا بە ئامادەبوونی "زمناکۆ محەمەد ئەحمەد" و ستافی ئامادەکردنی فیلمەکە لە بەشی پێشبڕکێی نەتەوەیی نۆیەمین خولی فیستیڤاڵی نێودەوڵەتی فیلمی "سینەما حەقیقەت" لە سینەماکانی سپێدە و فەلەستینی شاری تاران لە وڵاتی ئێران نمایشکرا و توانی خەڵاتی تەندیسی باشترین فیلمی ئەم فیستیڤاڵە گرینگەی فیلمی دیکۆمێنتیبەدەستبێنێت.

ئەم فیلمە کوردییە لە درێژەدا لە حەڤدەیەمین خولی جەژنی ماڵی سینەمای ئێران بەشداریی کرد و توانی خەڵاتی تەندیسی باشترین فیلمی ئەم ڕووداوە گرینگەی سینەمای ئێرانیش بەدەستبێنێت.

 "زمناکۆ" لە دوایین بەشداریی خۆیدا لە بەشی فیلمە دیکۆمێنتارییەکانی سی و چوارەمین خولی فیستیڤاڵی فیلمی فەجر لە شاری تاران نمایشکرا و ڕێزی لێگیرا.

ئەم فیلمە کوردییە مانگی ڕابردوو لەسەر داوای "محەمەد عەبدوالوەھاب" پارێزگاریی ھەڵەبجە و لە ساڵڕۆژی کارەساتی دڵتەزێنی بۆردوومانی کیمیابارانی شاری ھەڵەبجە بەدەستی ڕژێمی بەعس و بە ئامادەبوونی کەسایەتییەکانی فەھەنگی و ھونەری، ستافی ئامادەکردنی فیلمەکە و ھەروەھا خەڵکی شاری ھەڵەبجە، بە مەبەستی ڕێزگرتن لە یاد و بیرەوەریی شەھیدانی ھەڵەبجە لە مێنۆمێنتی شەھیدانی ئەم شارە نمایشکرا.

 سی و چوارەمین خولی فیستیڤاڵی جیھانی فیلمی فەجر بە بەشداریی بەرھەمی سینەماکارانی کورد و سینەماکارانی وڵاتانی جۆراوجۆری جیھان لە چەندین بەشی جیاواز، لەوانە: بەشی "سینەمای سەعادەت" واتە پێشبڕکێی فیلمە بڵیندە سینەماییەکان، بەشی "سینەمای سەعادەت" واتە پێشبڕکێی کورتە فیلمەکان، بەشی "جیلوەگاە شەرق" واتە سینەمای ئاسیا و وڵاتانی ئیسلامی، بەشی "جامی جیھان نەما" واتە فیستیڤاڵی فیستیڤاڵەکان، بەشی "نمایشی تایبەت" واتە چاوخشاندنێک بە فیلمە دیکۆمێنتارییەکانی جیھان، بەشی "چاوخشاندنێک بە سینەمای فەڕەنسا"، پێشانگای ئێوەکانی فیلمی سینەمایی "مانگا" لە دەرھێنانی سینەماکاری ناوداری ئێران "داریووش مێھرجویی" و فیلمی سینەمایی "بای سەبا" لە دەرھێنانی سینەماکاری کرچکردووی فەڕەنسی "ئاڵبێر لامۆڕیس" و ھەروەھا بەشی "ڤەرکشۆپەکانی قوتابخانەی سینەمایی دارۆلفۆنوون" بە بەشداریی چەندین دەرھێنەر، ئەکتەر و وێنەگریی ناوداریی سینەمای ئێران و وڵاتانی بیانی، لە ڕۆژانی ٢٠ تا ٢٥ی ئەپرێلی ٢٠١٦ لە کۆمەڵەی سینەمایی پەردیسی چارسووی شاری تاران بەڕێوەچوو.

مەنسوور جیھانی  ـ  کورتە فیلمی "باخەکەی باوکم" لە نووسین و دەرھێنانی "شوان عەتووف" لە دوو فیستیڤاڵی نێودەوڵەتی فیلم لە وڵاتی ئەمەریکا نمایشکرا.

کورتە فیلمی "باخەکەی باوکم" My Father’s Garden لە نووسین و دەرھێنانی سینەماکاری کورد "شوان عەتووف" بە تیشک خستنەسەر شێعرێکی "مەولانا جەلالەدین ڕۆمی" لە نوێترین بەشداریی نێودەوڵەتیی خۆیدا لە بەشی پێشبڕکێی سەرەکیی فیستیڤاڵی نێودەوڵەتی کورتە فیلمی "کۆتایی تەکساس" TEXAS ULTIMATE لە ویلایەتی تەکساس لە وڵاتی ئەمەریکا نمایشکرا.

ئەم فیستیڤاڵە یەکێکە لەو فیستیڤاڵانەی جیھانی سینەما کە کورتە فیلمە سەرکەوتووەکان بە ڕێوڕەسمی خەڵاتە سینەماییەکانی ئاکادیمیای ئۆسکار دەناسێنێت.

ئەم فیلمە کوردییە ١٣ خولەکییە لە درێژەی بەشدارییە نێودەوڵەتییەکانی خۆیدا ڕۆژی ٢٣ مارسی ٢٠١٦ لە بەشی پێشبڕکێی سەرەکیی مۆنتاژ لە فیستیڤاڵی نێودەوڵەتی فیلمی "قووڵایی گۆڕەپان" DEPTH OF FILD لە ویلایەتی دیلەوێر لە وڵاتی ئەمەریکا نمایشکرا.

"باخەکەی باوکم" کە بە سپۆنسەریی سەرەکیی ھۆتێل "ڕامادا" لە شاری سلێمانی لە ھەرێمی کوردستان سازکراوە و لە ڕێگای کۆمپانیای "ئای لۆڤ فیلم" لە ئاستی جیھاندا بڵاودەکرێتەوە، لە یەکەمین بەشداریی نێودەوڵەتی خۆیدا لە بەشی پێشبڕکێی سەرەکیی کورتە فیلمەکانی "گۆڵفی مۆھر" Muhr Gulf Short لە میانەی دوازدەیەمین خولی فیستیڤاڵی نێودەوڵەتی فیلمی دوبەی نمایشکرا.

 

ئەم فیستیڤاڵە بە نمایشی زیاتر لە ١٢٠ فیلم لە سینەماکارانی وڵاتانی جۆراجۆری جیھان لە چەندین بەشی جیاواز، لەوانە: بەشی پێشبڕکێی سەرەکیی "مۆھر"، بەشی پێشبڕکێی سەرەکیی کورتە فیلمی "مۆھر"، بەشی پێشبڕکێی "مۆھری ئیماڕات"، بەشی پێشبڕکێی سەرەکیی کورتە فیلمەکانی "گۆڵفی مۆھر"، بەشی دەرەوەی پێشبڕکێی "سینەمای جیھان"، بەشی دەرەوەی پێشبڕکێی "شەوانی عەڕەبی"، بەشی دەرەوەی پێشبڕکی "سینەما بۆ منداڵان" و ھەروەھا بەشی وتووێژ لەگەڵ ئەکتەری ئەمەریکی "جەک جێلنھال" لە شاری دوبەی لە وڵاتی ئیماڕاتی یەکگرتووی عەڕەبی بەڕێوەچوو.

مەنسوور جیھانی  ـبە فیلمی سینەمایی "بیرەوەرییەکانی سەر بەرد" لە دەرھێنانی "شەوکەت ئەمین کورکی" سێیەمین فیستیڤاڵی نێودەوڵەتی فیلمی "دھۆک" دەست پێدەکات.

فیلمی سینەمایی "بیرەوەرییەکانی سەر بەرد"Memories On Ston لە دەرھێنانی سینەماکاری کورد "شەوکەت ئەمین کورکی" و لە بەرھەمھێنانی "مەمەد ئەکتاش" فیلمی ھەڵبژاردەی وڵاتی عێراق بە ھەشتا و ھەشتەمین خولی ڕێوڕەسمی خەڵاتە سینەماییەکانی ئاکادیمیای ئۆسکار لە ساڵی ٢٠١٦ لە وڵاتی ئەمەریکا لە ڕێوڕەسمی دەسپێکی سێیەمین خولی فیستیڤاڵی نێودەوڵەتی فیلمی "دھۆک"Duhokو لە بەشی پێشبڕکێی "سینەمای کوردیی" ئەم فیستیڤاڵە و لە ڕۆژی ڕێزلێنانی سینەماکاری ناوداری کورد "یەڵماز گونای" دەرھێنەری براوەی چڵە بەڕووی فیستیڤاڵی نێودەوڵەتی فیلمی "کان" لە وڵاتی فەڕەنسا لە ساڵ ١٩٨٢ لە ھۆڵی "کۆنگرە"ی زانکۆی دھۆک لە شاری دھۆک لە ھەرێمی کوردستان نمایش دەکرێت.

ئەندامانی بەشی پێشبڕکێی "سینەمای کوردیی" سێیەمین خولی فیستیڤاڵی نێودەوڵەتی فیلمی "دھۆک" بریتین لە: "ئان دێمی گێرۆ"Anne Démy-Geroe مامۆستای زانکۆ، شارەزا لە بواری سینەما و بەرپرسی ھونەریی خەڵاتەکانی ئیسکرین "ئاسیا پەسیفیک"ASIA PACIFIC ناسراو بە "ئۆسکاری ئاسیا"APSAو چەندین فیستیڤاڵی سینەمایی دیکە لە وڵاتی ئۆستوڕاڵیا، "مارینا کابا ڕاڵ"Marina Caba Rallدەرھێنەر و ڕۆژنامەنووس لە ئیسپانیا، سینەماکاری ناوداری کورد "عەلی بەدرخان" دەرھێنەر لە وڵاتی میسر، "گیبلیا دووبرێ"Giulia Dobre  ڕەخنەگری سینەما و مامۆستای زانکۆ لە وڵاتی ڕۆمانیا و ھەروەھا نووسەر و ڕۆمانووسی کورد "عەتا نەھایی" لە وڵاتی ئێران.

فیلمی سینەمایی "بیرەوەرییەکانی سەر بەرد" تا ئێستا لە کۆمەڵێک فیستیڤاڵ لە ئاستیدنیادا چۆتە سەر پەردەی سینەماکان و ھەروەھا چەندین خەڵاتی گرینگیشی بۆ ھەرێمی کوردستان بەدەستھێناوە، دوای نمایشی سەرکەوتووانەی ئەم فیلمە لە وڵاتانی جۆراوجۆر، لە لایەن لێژنەی کەلتووری وەزارەتی فەرھەنگ و ھونەری عێراق و ھەروەھا وەزیری فەرھەنگی ئەم وڵاتە، بۆ ناساندن بە ھەشتا و ھەشتەمین خولی ڕێوڕەسمی خەڵاتە سینەماییەکانی ئاکادیمیای ئۆسکار لە ساڵی ٢٠١٦ لە وڵاتی ئەمەریکا ھەڵبژێردرا.

سێیەمین خولی فیستیڤاڵی نێودەوڵەتی فیلمی دھۆک بە نمایشی فیلم گەلێک لە

سینەماکارانی وڵاتانی جۆراوجۆری جیھان و لە چەندین بەشی پێشبڕکێی و دەرەوەی پێشبڕکێی، لەوانە: بەشی پێشبڕکێی "سینەمای جیھان"، بەشی پێشبڕکێی "سینەمای کوردیی" کە یریتین لە بەشەکانی "پێشبڕکێی فیلمە سینەماییەکان"، "پێشبڕکێی کورتە فیلمەکان"، نمایشی "بەرھەمی کلاسیک و مۆدێڕنی سینەمای فەڕەنسا"، بەشی "نمایشی تایبەت"، بەشی "نمایشی کورتە فیلمەکان"، بەشی "نمایشی فیلمە بڵندەکان"، بەشی تایبەتی "لە ژێر سێبەریی مێژوو"دا ئەو فیلمانە لە خۆدەگرێت کە لە ماوەی ساڵانی ١٩٩٠ ـ ١٩٢٠ لە لایەن سینەماکارانی کورد و بیانی سەبارەت بە کورد و کوردستان سازکراون، بەشەی "نمایشی فیلمە دیکۆمێنتییەکان"، ڤۆرکشۆپی فێرکاریی و پسپۆڕانەی ھونەری سینەما و ھەروەھا چەندین بەشی دیکە بەڕێوەدەچێت.

فیستیڤاڵی نێونەتەوەیی فیلمی دھۆک بە مەبەستی دروستکردنی پردێکی پەیوەندی لە نێوان سینەماکارانی کورد و سینەماکارانی سەرتاسەری جیھان و ھەروەھا رەخساندنی ئاڵووگۆڕی کەلتووری لە نێوان نەتەوە جۆراوجۆرەکانی جیھان دامەزراوە.

ئەم فیستیڤاڵە لە لایەن بەڕێوەبەرایەتی گشتیی ھونەریی سینەمای دھۆک سەر بە وەزارەتی رۆشنبیری و لاوانی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان و بە بەڕێوەبەریی ھونەریی "مەمەد ئەکتاش" و بە بەشداریی بەرھەمی وڵاتانی ئەڵمانیا، فەڕەنسا، تورکیا، ئێران، ئیسپانیا، ئەمەریکا، پورتوگاڵ، ڕۆمانیا، ئەڕژەنتین، شیلی، کرۆواسیا، کێنیا، کەنەدا، کووبا، بێلارووس، بۆسنی و ھێرزێگۆڤین، ڕووسیا، بەریتانیا، نۆڕوێژ، پۆڵەندا، دانیمارک، ئەفریقیای باشوور، مووریتانی، کۆماریی دۆمێنیکەن، ئیتاڵیا، لوبنان و ھەروەھا ھەرێمی کوردستان لە ھۆڵی کۆنگرێسی زانکۆی شاری دھۆک و هه‌روه‌ها سێ هۆڵی سینه‌مایی ناوه‌ندی "مازی مۆڵ" لە شاری دھۆکلە ھەرێمی کوردستان بەڕێوەدەچێت.

 

 

 

 

 

 

 

مەنسوور جیھانی  ـ  فیلمی سینەمایی "مەردان" لە دەرھێنانی "بەتین قوبادی" لە سی و ھەشتەمین خولی فیستیڤاڵی نێودەوڵەتیی فیلمی "میلی والری" لە ئەمەریکا نمایشکرا.

فیلمی سینەمایی "مەردان" یەکەمین بەرھەمی بڵندیی سینەماکاری کورد "بەتین قوبادی" فیلمی ھەڵبژاردەی وڵاتی عێراق بە ھەشتاو حەوتەمین خولی ڕێوڕەسمی خەڵاتە سینەماییەکانی ئاکادیمیای ئۆسکار لە ساڵی ٢٠١٥، بە نوێنەرایەتیی لە ھەرێمی کوردستان لە دوو سانسی جیاوازدا لە ڕۆژانی ١٣ و ١٥ی تەشرینی یەکەم / ئۆکتۆبەری ٢٠١٥ لە بەشی "سینەمای جیھان" لە سی و ھەشتەمین خولی فیستیڤاڵی نێودەوڵەتیی فیلمی "میلی والری" Mill Valley لە شاری ڕافائیل لە ویلایەتی کالیفوڕنیا لە وڵاتی ئەمەریکا چووە سەر پەردەی سینەماکان.

ئەم فیستیڤاڵە ساڵی ١٩٧٧ لە لایەن ئەنستیتۆی فیلمی کالیفۆڕنیا و بە مەبەستی پشتیوانی لە فیلمسازانی سەربەخۆ و گەنج و ھەروەھا بەرھەمە نوێیەکانی سینەمای جیھان دامەزراوە و یەکێکە لە ڕووداوە گرینگەکانی سینەمای ئەمەریکا کە تیایدا ھەموو ساڵێک بەشێکی بەربڵاو لە فیلمە نوێیەکانی سەرتاسەری جیھان نمایش دەکرێت.

سی و ھەشتەمین خولی فیستیڤاڵی نێودەوڵەتیی فیلمی "میلی والری" بە نمایشی زیاتر لە ٢٠٠ فیلم لە سینەماکارانی زیاتر لە ٥٠ وڵاتی جیھان لە چەندین بەشی جۆراوجۆر، لەوانە: "سینەمای جیھان"، "سینەمای ئەمەریکا"، "سینەمای دیکۆمێنتاریی"، "فیستیڤاڵی فیلمی منداڵان"، بەشی "کورتە فیلم"، بەشی "سینەمای چالاک" و ھەروەھا چەندین بەشی دیکە لە ڕۆژانی ٨ تا ١٨ی تەشرینی یەکەم / ئۆکتۆبەری ٢٠١٥ لە شاری ڕافائیل لە ویلایەتی کالیفوڕنیا لە وڵاتی ئەمەریکا بەڕێوەچوو.

فیلمی سینەمایی "مەردان" لە دوایین بەشداریی نێودەوڵەتی خۆیدا و بە ئامادەبوونی "بەتینقوبادی" ڕۆژی ٢٥ ئەیلوول / سێپتەمبەری ٢٠١٥ لە بەشی پێشبڕکێی دووەمین خولیفیستیڤاڵی نێودەوڵەتیی فیلمی "سیلکرۆید"Silkroad لە شاری فۆژۆ لە وڵاتی چین نمایشکرا.

ئەم فیستیڤاڵە بە بەشداریی کۆمەڵێک فیلم لە سینەماکارانی وڵاتانی جۆراوجۆری جیھان لە دوو بەشی پێشبڕکێی و دەرەوەی پێشبڕکێی لە ڕۆژانی ٢٢ تا ٢٥ ئەیلوول / سێپتەمبەری ٢٠١٥ لە شاری فۆژۆ لە وڵاتی چین بەڕێوەچوو.

 

بۆ زانیاریی زیاتر:

http://tickets.cafilm.org/websales/pages/info.aspx?evtinfo=161656~6c2fb93e-c4b7-4a07-8efb-9cb331051591&

 

 

مەنسوور جیھانی  ـ کورتە فیلمی "ڕەش و سپی" لە دەرھێنانی "جەلال ساعیدپەناە" خەڵاتی باشترین کورتە فیلمی ٣٠مین خولی فیستیڤاڵی نێودەوڵەتی فیلمی "بلاک" لە بەڕڵینی بەدەستھێنا.

کورتە فیلمی چیرۆکی "ڕەش و سپی"Black and white لە دەرھێنانی سینەماکاری کورد "جەلال ساعیدپەناە" و لە بەرھەمھێنانی بەشی سینەمای دھۆک لە ھەرێمی کوردستان، لە نوێترین بەشداری نێونەتەوەیی خۆیدا لە بەشی پێشبڕکێی "گێڕانەوەی ئێکسپێرسیۆنیستی فیلم" لە میانەی ٣٠مین خولی فیستیڤاڵی نێودەوڵەتی فیلمی "بلاک"ی بەڕڵین لە دوو کاتی جیاوازدا لە وڵاتانی ئەڵمانیا و ئەمەریکا چووە سەر پەردەی سینەماکان و تەوانی خەڵاتی باشترین کورتە بەشی پێشبڕکێی ئەم فیستیڤاڵە بەدەست بێنێت.

کۆمپانیای سینەمایی "ستاک فیلمی سنە" بە بەرپرسیارییەتی "سەتار چەمەنی گوڵ" و خاتوو "ڤیدا ساڵحی" کە کورتە فیلمی "ڕەش و سپی" لە ئاستی دنیادا بە شێوەی نێودەوڵەتیی بڵاودەکرێتەوە، لەم خولەی فیستیڤاڵی نێودەوڵەتی فیلمی "بلاک"ی بەڕڵیندا بە ١١ فیلم و لە بەشی نمایشی تایبەتی "ستاک فیلم" و ھەروەھا بەشی پێشبڕکێی ئەم فیستیڤاڵەدا بەشدارییەکی بەرچاوی ھەبوو.

کورتە فیلمی "ڕەش و سپی" تا ئێستا لە کۆمەڵێک فیستیڤاڵی جۆراوجۆر لە ئاستی دنیادا نمایشکراوە، لەوانە: لە بەشی پێشبڕکێی پێنجەمین خولی فیستیڤاڵی نێودەوڵەتیی فیلمی "یەک وڵات، یەک فیلم" لە فەڕەنسا، لە بەشی پێشبڕکێی "شەقامەکان"ی بیست و چوارەمین خولی فیستیڤاڵی نێودەوڵەتی فیلمی "میدیاوەیڤ" لە ھەنگاریا، لە بەشی پێشبڕکێی فیستیڤاڵی نێودەوڵەتیی کورتە فیلمی ھیندستان ISFFI، لە حەڤدەیەمین خولی فیستیڤاڵی نێودەوڵەتیی فیلمی "زانزیبار" لە تانزانیا، لە سی و یەکەمین خولی فیستیڤاڵی نێودەوڵەتیی کورتە فیلمی "تاران"، لە دەیەمین خولی فیستیڤاڵی نێودەوڵەتیی فیلمی "ئاکبانک" لە تورکیا، لە فیستیڤاڵی نێودەوڵەتیی فیلمی "ئێسجاردی" لە ئیتالیا، لە فیستیڤاڵی نێودەوڵەتیی فیلمی "ئیستانبوول" لە تورکیا، لە فیستیڤاڵی نێودەوڵەتیی فیلمی "بانکۆک" لە تایلەندا و ھەروەھا چەندین فیستیڤاڵی نێودەوڵەتی دیکە.

ئەم فیلمە بە بەشداریی لەم فیستیڤاڵانە چەندین خەڵاتی گرینگیشی بەدەستھێناوە، لەوانە: خەڵاتی ئەنستیتۆی گۆتەی ئەڵمانی بۆ باشترین کورتە فیلمی بەشی پێشبڕکێی کورتە فیلمەکانی دووەمین خولی فیستیڤاڵی نێودەوڵەتی فیلمی دھۆک لە ھەرێمی کوردستان، خەڵاتی باشترین فیلم و تەندیسی فیستیڤاڵ بە ناونیشانی باشترین پەیامی "سەبر و خۆڕاگریی" لە بەشی پێشبڕکێی یەکەمین خولی فیستیڤاڵی نێودەوڵەتیی فیلمە ماناییەکانی "فرێسکۆ" لە ئەرمەنیستان، خەڵاتی باشترین وێنەگرتن لە بەشی پێشبڕکێی شەشەمین خولی فیستیڤاڵی نێودەوڵەتیی فیلمی "جەیپوور" لە ھیندستان، خەڵاتی دووەمی باشترین فیلم و تەندیسی نوقەریی تایبەتی ئەندامانی لێژنەی دادوەرانی بەشی پێشبڕکێی نێودەوڵەتیی سی و حوتەمین خولی نەتەوەیی و بیستەمین خولی نێودەوڵەتیی فیستیڤاڵی نێونەتەوەیی کورتە فیلمی "دراما" لە یۆنان، خەڵاتی باشترین وێنەگرتن لە بەشی پێشبڕکێی ھەژدەیەمین خولی فیستیڤاڵی نێونەتەوەیی فیلمی "ئاوانکا" لە پورتوگال و ھەروەھا دیپڵۆمای فەخری باشترین دەرھێنان لە بیست و حەوتەمین خولی فیستیڤاڵی نێودەوڵەتیی فیلمی "منداڵان و مێرمنداڵان" لە شاری ئیسفەھان لە وڵاتی ئێران.

 

ستافی ئامادەکردنی کورتە فیلمی "ڕەش و سپی" بریتین لە:

نووسەری سیناریۆ و دەرھێنەر: جەلال ساعیدپەناە، بەرھەمھێنەر: بەشی سینەمای دھۆک لە ھەرێمی کوردستان و جەلال ساعیدپەناە، بەڕێوەبەری بەرھەم: سەتار چەمەنی گوڵ، ئەکتەرەکان: سارینا تەرەقی، سینا فەیزی، کاڵە ڕەشیدی، ئەفشین خدری، مێھدی فەیزی و چەندین ئەکتەری دیکە، وێنەگر: ئەمیر عەلی وەیسی، یاریدەدەری وێنەگر: سیروان خزری، فۆتۆگرافەر: ئیبراھیم عەلیپوور، دەنگدانەر: بەھمەن ئەردەڵان، دەنگھەڵگر: قادر قادری، مونتاژ: لوقمان سوخەنوەر و مەرجان شیرازی، بەرنامەداڕێژ و یاریدەدەری یەکەمی دەرھێنەر: ڤیدا ساڵحی، یاریدەدەری دەرھێنەر: ئەمیر ناھیدی، دیزاینی سەحنە: جەلال ساعیدپەناە، یاریدەدەری یەکەمی سەحنە: سەلاح ساعیدپەناە، بەڕێوەبەری سەحنە: مێھدی خەلیلی، مونشی سەحنە: نەسرین میرەکی، بەڕێوەبەری ئابووری: ساڵح عارف، بەڕێوەبەرایەتیی ڕاگەیاندنیی گشتیی: مەنسوور جیھانی و مەنووچێھر جیھانی و بەڕێوەبەری تەدارەکات: سادق فەلاحی.

 

 

 

مەنسوور جیھانی  ـ کورتە فیلمی "باخەکەی باوکم" لە نووسین و دەرھێنانی سینەماکاری کورد "شوان عەتووف" ئامادەی نمایش کردنە.

(سوێند بە مناڵیت کورم... پەشیمانی لەوەی چەقۆکەشت گرت بەدەستەوە... سوێند بە پەشیمانیت کورم ... بەر لە مردن گوڵەکە ئەبینی) ئەمە دوا وشەکانی باوکی موجاھیدێکی کوردیی پەشیمانە ...، کە لەت لەت بووە لە نێوان باخ و گوڵ و تەسەوف و باوکی و جیھاد و سەربڕین و ئەمیرەکەی ...کە قارەمانی چیرۆکی کورتە فلمەکەی شوان عەتووفە.

کورتە فیلمی "باخەکەی باوکم" My Father’s Gardenلە سیناریۆ و دەرھێنانی سینەماکاری کورد "شوان عەتووف"ـە و دووەمین ئەزموونی ئەم فیلمسازەیە دوای دەرھێنانی کورتە فیلمی "ماڵ و کلیل".

ئەم کورتە فیلمە ١٣ خولەکییە بە سپۆنسەری سەرەکیی ھۆتێل "ڕامادا" وا بڕیارە لە رێگەی کۆمپانیای "ئای لۆڤ فیلم"ـەوە بۆ فیستیڤاڵە جیھانییەکانی فیلم بنێردرێت. لە داھاتوودا زانیاریی زیاتر سەبارەت بەم فیلمە نوێیەی "شوان عەتووف" بڵاودەکرێتەوە.

ستافی ئامادەکردنیی کورتە فیلمی "باخەکەی باوکم" بریتین لە:

نووسین و دەرھێنان: شوان عەتووف

نواندن: شانۆ عومەر، کامەران مەنسوور، بەھائەدین عزەبانی و شاڵاو جەمال

فۆتۆ گرافەر: ھەرێم جەمال

بەڕێوەبەریی بەرھەم: ئازاد پێنجوێنی

ڕووناکی: دانا جەمال

دەنگ: کاسیان عەلی

بەڕێوەبەریی ڕاگەیاندنی گشتیی: مەنسوور جیھانی

بەڕێوەبەریی وێنەگرتن: ھەردی سەلامی

مونتاژ و پاش بەرھەمھێنان (ئای لۆڤ فیلم): دانەر عومەر

یاریدەدەریی دەرھێنەر: ئەژین کاوە و بڕیار بەختیار

بەرھەمھێنەر: شوان عەتووف و نزار سەلامی

کۆمپانیای جێی بەجێی کار: گرافیکا بلو

کۆمپانیای دابەشکردن: ئای لۆڤ فیلم

سپۆنسەریی سەرەکیی: ھۆتێل ڕامادا

 

 

 

 

 

 

 

مەنسوور جیھانی  ـ کۆمپانیای "وێرسیتالە فیلمز" یەکێک لە لقەکانی کۆمپانیای "وایلدبانچ" لە بڵاوکەرەوە گرینگە جیھانییەکانی فیلم، "مەردان" لە دەرھێنانی "بەتین قوبادی" لە وڵاتانی ژاپۆن، تورکیا، فەڕەنسا و ئەمەریکا نمایش دەکات.

فیلمی سینەمایی "مەردان" نوێترین بەرھەمی سینەماکاری کورد "بەتین قوبادی" و فیلمی ھەڵبژاردەی وڵاتی عێراق بە ھەشتاو حەوتەمین خولی ڕێوڕەسمی خەڵاتە سینەماییەکانی ئاکادیمیای ئۆسکار لە ساڵی ٢٠١٥، لە لایەن کۆمپانیای "وێرسیتالە فیلمز" Versatile films یەکێک لە لقەکانی کۆمپانیای "وایلدبانچ" Wildbunch کە یەکێکە لە گەورەترین کۆمپانیاکانی بڵاوکردنەوە و فرۆشی فیلم لە وڵاتی فەڕەنسا و فرۆشی جیھانی ئەم فیلمەی لە ئەستۆدایە، لە چەندین مانگی داھاتوودا لە وڵاتانی ژاپۆن، تورکیا، فەڕەنسا و ئەمەریکا نمایش دەکرێت.

ئەم فیلمە کوردییە ھەروەھا لە داھاتوودا لە کەناڵی تەلەڤیزیۆنی TRT تورکیا و کەناڵی تەلەڤیزیۆنی NHK ژاپۆن نمایش دەکرێت.

دوای نمایشی سەرکەوتووانەی فیلمی سینەمایی "مەردان" لە سی و نۆیەمین خولی فیستیڤاڵی نێودەوڵەتیی فیلمی تۆرێنتۆ لە وڵاتی کەنەدا، بڵاوکەرەوە جیھانییەکانی فیلم، لەوانە: "ئێم.کەی ٢" ٢MK، "وایلدبانچ"، "وێرسیتالە فیلمز" و چەندین کۆمپانیای ناوداری جیھانی دیکە داواکاری بڵاوکردنەوەی ئەم فیلمە کوردییە لە ئاستی جیھاندا بوون کە بەرھەمھێنەری ئەم فیلمە، دوای ھەڵسەنگاندنی کۆتایی کۆمپانیای "وێرسیتالە فیلمز" یەکێک لە لقەکانی کۆمپانیای "وایلدبانچ" لە بڵاوکەرەوە گرینگە جیھانییەکانی فیلمی بۆ  بڵاوکردنەوەی "مەردان" یەکەمین بەرھەمی بڵندی "بەتین قوبادی" دەستنیشانکرد.

 

"مەردان" تا ئێستا لە فیستیڤاڵی جۆراوجۆری نێودەوڵەتیی فیلم لە ئاستی جیھاندا نمایشکراوە، لەوانە: لە بەشی "دۆزینەوەکان" Discovery بە ناونیشانی "داھاتووی سینەمای جیھان" لە سی و نۆیەمین خولی فیستیڤاڵی نێودەوڵەتیی فیلمی تۆرێنتۆ لە لە وڵاتی کەنەدا، لە بەشی "سینەمای جیھان" لە چل و پێنجەمین خولی فیستیڤاڵی نێودەوڵەتیی فیلمی "گۆوا" لە لە وڵاتی ھیندستان، لە بەشی پێشبڕکێی "شەوی عەڕەبی" لە یازدەیەمین خولی فیستیڤاڵی نێودەوڵەتیی فیلمی "دووبەی" لە وڵاتی ئیماڕاتی یەکگرتووی عەڕەبی و لە بەشی "دەنگی نوێی" لە میانەی سی و ھەشتەمین خولی فیستیڤاڵی نێودەوڵەتی فیلمی "گۆتێنبێرگ" لە وڵاتی سوید.

فیلمی سینەمایی "مەردان" لە دوایین بەشداری نێونەتەوەیی خۆیدا بە ئامادەبوونی "بەتین قوبادی" و بە نوێنەرایەتیی لە ھەرێمی کوردستان لە دوو سانسی جیاوازدا لە ڕۆژانی ١٣ و ١٩ شوبات / فەبرایەری ٢٠١٥ لە بەشی پێشبڕکێی "بیرۆکە وەرگرتن" inspired لە میانەی چواردەیەمین خولی فیستیڤاڵی نێودەوڵەتیی فیلمی "ئەستەنبووڵ" لە وڵاتی تورکیا نمایشکرا و لە لایەن رەخنەگرانی سینەمای تورکیاوە خەڵاتی باشترین فیلمی و لە ڕاستیدا دووەمین خەڵاتی گرینگی ئەم فیستیڤاڵە بە "بەتین قوبادی" دەرھێنەری ئەم فیلمە کوردییە بەخشرا.

لە ڕێوڕەسمی کۆتایی ئەم فیستیڤاڵەدا، "بەتین قوبادی" دوای وەرگرتنی خەڵاتی رەخنەگرانی تورک، ئەم خەڵاتەی پێشکەش بە کچانی خەباتکاری کورد لە شنگاڵ و کۆبانێ کرد.

"مەردان" فیلمێکی مرۆڤانە، قووڵ و ونگە کە لە دوا بەستێنیدا ژیانی پێشمەرگەکان بە باشی نیشانی بینەر دەدات و لەم فیلمەدا، پێشمەرگەیەکی کورد لە منداڵیدا چیرۆکێکی بۆ دێتە پێشێی، ئەو لە سرووشتی کێویی و لە ناو شاخەکانی کوردستاندا بە شوێن پیاوێکی ونبوودا دەگەڕێت. 

 

 

 

مەنسوور جیھانی  ـ "ئانجێلینا جوولی" ئەستێرەی ناوداری سینەمای جیھان فیلمی دیکۆمێنتاریی "ژیان لە سنوور" لە دەرھێنانی ھەشت منداڵی کۆبانێ و شنگال بە دنیا دەناسێنێت.

"ئانجێلینا جوولی" Angelina Jolie ئەستێرەی ناوداری سینەمای ھۆلیوود و باڵیۆزی نیازپاکیی کۆمیساریای باڵای پەنابەرانی ڕێکخراوەی نەتەوە یەکگرتووەکان، فیلمی دیکۆمێنتاریی "ژیان لە سنوور" لە فیستیڤاڵە نێودەوڵەتییەکانی فیلم و ناوەندە ھونەرییەکان و ھەروەھا کۆڕ و کۆبوونەوە دیپڵۆماسییەکانی جیھان دەناسێنێت و پشتیوانی لێدەکات کە لە دەرھێنانی ھەشت منداڵی شارەکانی کۆبانێ و شنگال لە کەمپەکان و ھەروەھا دوای ڕزگارکردنی شاری کۆبانێ لە دەستی گرووپی تیرۆریستی داعش لە لایەن ئەم منداڵە کوردانەوە سازکراوە.

"ئانجێلینا جوولی" کە بە بۆنەی ٢٠ حوزەیران / یۆنیۆ، ڕۆژی جیھانی پەنابەران و بە مەبەستی چاوپێکەوتن لەگەڵ پەنابەرانی شارەکانی کۆبانێ و شنگال و ھەروەھا پەنابەرانی دیکەی وڵاتانی عێراق و سووریا سەردانی تورکیای کردبوو، لە سنووری ڕۆژئاوای کوردستان و باکووری کوردستان لەگەڵ چەند دەرھێنەری فیلمی دیکۆمێنتاریی "ژیان لە سنوور" دیداری کرد و بڕیاریدا کە فیلمی "ژیان لە سنوور" لە فیستیڤاڵە نێودەوڵەتییەکانی فیلم و ناوەندە ھونەرییەکان و ھەروەھا کۆڕ و کۆبوونەوە دیپڵۆماسییەکانی جیھان بناسێنێت.

ئەم کۆمەڵە فیلمە سەرجەم ماوەکەی ٧٣ خولەکە و بە ڕێنوێنی سینەماکاری کورد "بەھمەن قوبادی " و لە لایەن کۆمپانیای "مژ فیلم" بەرھەمھاتووە و ھەر بەم بۆنەیەوە قوبادی لە باکووری کوردستان چاوی بە "ئانجێلینا جوولی" کەوت و سەبارەت بەم کۆمەڵە فیلمە و چەندین فیلمی کوردیی دیکە لەگەڵ خانمە ئەستێرەی ناوداری سینەمای جیھان ئاخاوتنی کرد.

فیلمی دیکۆمێنتاریی "ژیان لە سنوور" لە یەکەمین نمایشی نێودەوڵەتی خۆیدا شەوی ٢٠ حوزەیران / یۆنیۆی ٢٠١٥ لە بەرنامەیەکی ٢ کاتژمێریی تایبەتدا لە لایەن تەلەڤیزیۆنی جیھانی "ئێن.ئێچ.کەی" NHK ژاپۆن ناسێندرا و پاشان بۆ بینەرانی ئەم کەناڵە لە سەرتاسەری جیھان نمایشکرا و لە لایەن بینەرێکی زۆر لە سەرتاسەری دنیا پێشوازیی لێکرا.

 

لەم فیلمە دیکۆمێنتارییەدا بەشێک لە ژیانی منداڵانی کۆبانێ و شنگال لە کەمپی ئاوارەکاندا و ھەروەھا باروودۆخی ژیانی ئەوان لە نێوان شەڕ و ئاوارەییدا نیشانی بینەر دەدرێت کە ئەمجارە و لەم فیلمەدا لە روانینی کەسایەتیی منداڵەکانەوە وێنەگیراوە.

 

 

 

 

هەواڵی زیاتر لە تویتەر

راپۆرتە پڕ بینەرەکان

حالت های رنگی