هه‌رێمي کوردستان 

 

ھەرێمی کوردستان ھەرێمێکی فیدراڵیی، نەتەوەیی و ئابووری‌ ئۆتۆنۆمیە لە ناو کۆماری عێراقدا. لە رۆژھەڵاتەوە کوردستانی ئێران، لە باکورەوە کۆماری تورکیا، لە رۆژئاواوە سوریا سنوورەکانی پێک دێنن. شاری ئەربیل پایتەختییەتی کە بە کوردی ھەولێری پێ دەڵێن.

پێرست

١ زاراوەناسی
  • ٢ مێژوو
    • ٢.١ ئینتیدابی بریتانی
    • ٢.٢ شۆڕشەکانی بارزانی لە ساڵانی ١٩٦٠-١٩٧٥‌و دواھاتەکانی
    • ٢.٣ رێکەوتننامەی جەزائیر
    • ٢.٤ شەڕی ئێران - عێراق‌ و ھەڵمەتی ئەنفال
    • ٢.٥ دوای جەنگی کەنداوی فارس
  • ٣ سیاسەت
    • ٣.١ ڕیزبەندی ڕووداوە سەرەکیەکان بە پێی ساڵەکانی ڕوودانیان[١]
  • ٤ ئابووری
  • ٥ جوگرافیا
  • ٦ کەش و هەوا
    • ٦.١ هه‌رێمی بارانی مسۆگه‌ر
    • ٦.٢ هەرێمی بارانی نا مسۆگەر
  • ٧ پارێزگاکان
    • ٧.١ دیمۆگرافیا
    • ٧.٢ ژمارەی دانیشتوان
  • ٨ پەروەردە
  • ٩ سەرچاوەکان
  • ١٠ پەراوێز

زاراوەناسی

کوردستان بە واتای "نیشتمانی کوردان" دێت. چەمکی"کورد" لە وشەی‌ لاتینی Cordueni داتاشراوە کە بە مانای دانیشتوانی پاشایەتی Corduene دێت، کە بوو بە ناوچەیەکی ئیمپراتۆری رۆمان لە ٦٦ پ.ز. لە دەستوری عێراقیدا، بە "ھەرێمی کوردستان" ئاماژەی‌ پێکراوە. حکومەتی ھەرێم بە "کوردستان - عێراق" ، یان "ھەرێمی کوردستان" ناوی دەبات بەڵام دەستەواژەی‌ "کوردستانی عێراق" بەکارناھێنێت. ناوی حکومەتەکە "حکومەتی ھەرێمی کوردستان"ە کە کورتەکەی لە زمانی ئینگلیزیدا KRG یە. کوردەکان بە کوردستانی باشوریش ناوی دەبەن ئەوەش بەھۆی‌ ھەڵکەوتەی جوگرافییەکەیەوە کە بەشی‌ باشووری کوردستانی گەورەی پێکھێناوە. لە سەردەمی دەسەڵاتی حزبی بەعسدا لە حەفتاکان‌و ھەشتاکاندا، ھەێمەکە بە "ھەرێمی ئۆتۆنۆمی کوردستان" ناودەبرا.

مێژوو

بە درێژایی مێژوو ھەرێمەکە نەتەوەی جیاوازی تیا نیشتەجێ بوون یان حوکمڕانییان کردبووە وەک حورانیەکان، میتانیەکان، ئاشورییەکان، تورکەکان، میدییەکان، فارسەکان، یۆنانییەکان، رۆمانییەکان‌و عەرەب‌و تادوایی. لە سەدەکانی ناوەڕاستدا لەلایەن میرنشینی نیمچە سەربەخۆوە حوکمڕانی کراوە وەک میرنشینەکانی سۆران، بابان، بادینان‌و ئەردەڵان کە بە ھەموویان بەشێکی گەورەی خێڵ‌و تیرە کوردییەکانی ئەمڕۆ پێکدێنن. لە ناوچە جیاجیاکانی کوردستان دەژین‌و ھەموو خۆیان بە کورد ئەزانن.

ئینتیدابی بریتانی

لە یەکی کانوونی دووەمی ١٩١٨ لە کۆبوونەوەیەکدا لە سلێمانی لەگەڵ کۆڵۆنێڵ ئارنۆڵد وێڵسن، مەندوبی سیڤیلی میسۆپۆتامیا بە وەکالەت، سەرکردە کوردەکان داوای پاڵپشتیی بریتانیایان کرد بۆ دامەزراندنی کوردستانێکی یەکگرتوو‌و سەربەخۆ لەسایەی‌ پاراستنی بریتانیادا. لە نێوان ساڵانی ١٩١٩ و ١٩٢٢، شێخ مەحمود بەرزنجی کە سەرکردەیەکی کوردی کاریگەر بووە لە سلێمانی، حکومەتێکی کوردیی پێکھێنا‌و دوو شۆڕشی دژی حوکمی بریتانیا کرد. دوو ساڵی‌ پێ‌ چوو تا دەسەڵاتی بریتانی توانی راپەڕینەکانی سەرکوت بکات. یەکەم شۆڕشی لە ٢٢ی مایسی‌ ١٩١٩ دەستی پێکرد‌و کە تیایدا ئەو کارمەندە بریتانیانەی لە سلێمانی بوون دەستگیرکران‌و شۆڕشەکە بەخێرایی بە موسڵ‌و ھەولێردا بڵاوبوووە. بریتانیا بۆ سەرکوت کردنی راپەڕینەکە بۆمبارانی ھەوایی، تۆپباران، شەڕی زەمینی‌و یەکجاریش گازی کیمیایی بەکارھێنا. بریتانیەکان مەحمودیان دوورخستەوە بۆ ھندستان. لە حوزەیرانی ١٩٢٠، ٦٢ سەرکردەی خێڵەکیی ناوچەکە، داوای سەربەخۆیی کوردستانیان کرد لەژێر سایەی ئینتیدابی بریتانیا. رەتکردنەوەی بریتانیەکان بۆ حوکمی سەربەخۆی کوردەکان لەوەوە سەرچاوەی گرت کە سەرکەوتنی حوکمی سەربەخۆی کوردەکان لە ناوچەکەدا وا ئەکات عەرەبەکانی تر لە ھەردوو ناوچەی‌ بەغدا‌و بەسرە داوای سەربەھۆیی بکەن‌و بەمەش کۆنترۆڵی‌ راسەوخی بریتانیەکان بەسەر میسۆپۆتامیادا لەناودەچێت. لە ساڵی‌ ١٩٢٢، بریتانیا شێخ مەحمودیان گێڕایەوە سەر دەسەڵات، بەو ھیوایەی‌ شێخ مەحمود کوردەکان رێکبخاتەوە‌و دژایەتی تورکەکان بکات کە داوای موسڵ‌و کەرکوکیان دەکرد. شێخ مەحمود مەملەکەتی کوردستانی راگەاند‌و خۆی وەک مەلیکی کوردستان ناساند، دواتر رەزامەندی دەربڕی بە ئۆتۆنۆمییەکی سنوردار لەچوارچێوەی دەوڵەتی عێراقی تازەپێکھێنراودا. لە ساڵی‌ ١٩٣٠ و دوای راگەیاندنی وەرگیرانی عێراق لە "عوسبەتول ئومەم"، شێخ مەحمود سێیەم راپەڕینی دەستپێکرد کە بە ھێزە زەمینی‌و ئاسمانییە بریتانییەکان سەرکوتکرا.

بە ھاتنی ١٩٢٧، ھۆزی بارزانی بوونە پشتیوانی مافەکانی کورد لە عێراق. لە ساڵی‌ ١٩٢٩، بارزانییەکان داوای ناوچەیەکی کوردییان کرد لە باکوری عێراق. بە پاڵپشتیی ئەم داوایانە، لە ساڵی‌ ١٩٣١ ناسراوەکانی کورد سکاڵایەکیان دایە "عوسبەتول ئومەم"‌و داوای دامەزراندنی حکومەتێکی سەربەخۆی کوردییان لێرد. لەژێر حکومەتی عێراقی‌و بریتانیەکان، لە ساڵی‌ ١٩٤٥، سەرکردەی ھەرە کاریگەری ھۆزەکە، مستەفا بارزانی ناچار کرا بڕوات ئێران. دواتر چووە یەکێتی سۆڤێت، ئەمەش دوای رووخانی کۆماری مھاباد لە ساڵی‌ ١٩٤٦.

 

شۆڕشەکانی بارزانی لە ساڵانی ١٩٦٠-١٩٧٥‌و دواھاتەکانی

دوای کودەتایەکی سەربازیی لە لایەن عەبدولکەریم قاسمەوە ساڵی‌ ١٩٥٨، بارزانی توانی لە مەنفا بگەڕێتەوە‌و پارتێکی سیاسیی خۆی دابمەزرێنێت کە پارتی دیموکراتی کوردستانە‌و لە ساڵی ١٩٦٠ شێوەی فەرمیی وەرگرت. دوای ماوەیەکی کەم، قاسم خێڵی برادۆست‌و زێباریی دژی‌ بارزانی ھاندا. لە تەموزی ١٩٦١، بارزانی یەکەم شۆڕشی خۆی‌ دژی‌ حکومەتی عێراقی دەستپێکرد بەمەبەستی پارێزگاری لە زامنکردنی حوکمڕانیی کوردی.بەھۆی ئەو پەشێوییەی لە سوپای‌ عێراقدا دروستبوو دوای کودەتاکەی ١٩٥٨، حکومەتەکەی قاسم نەیتوانی شۆڕشەکان سەرکوت بکات. ئەم بنبەستە چەند گروپێکی بەھێزی سوپای توڕەکرد، ئەمەش لەوانەیە یەکێک بووبێت لە ھۆکارە بەھێزەکانی پشت کودەتاکەی بەعس.عەبدولسەلام عارف لە شوباتی ١٩٦٤ ئاگربەستی راگەیاند‌و ئەمەش بووە ھۆی‌ دابەشبوونی کوردی شارنشینە رادیکاڵەکان لە لایەک‌و ھێزە تەقلیدییەکانی سەر بە بارزانی لە لایەکی تر. بارزانی رازی بوو بە ئاگربەستەکە‌و رادیکاڵەکانی لە پارتەکەی دەرکرد. سەرەڕای ئەمە، حکومەتی بەغدا ویستی جارێکی تر جوڵانەوەکەی بەرزانی بەھۆی ھێزەوە ببەزێنێت. ئەم ھەڵمەتە لە ساڵی‌ ١٩٦٦ دا سەرکەوتوو نەبوو چونکە ھێزەکانی سوپای عێراق لە نزیک رەواندوز لەلایەن ھێزەکانی بارزانییەوە بەزێنران. دوای ئەمە، لە حوزەیرانی ١٩٦٦، عارف بەرنامەیەکی ئاشتی خستەڕوو کە ١٢ خاڵی‌ لەخۆ ئەگرت، کە لەبەر لەکار لادانی عارف بە کودەتای بەعسییەکان جێبەجێ نەکرا. حکومەتی بەعس ھەڵمەتی لەناوبردنی شۆڕشەکانی کوردی دەستپێکرد کە لە ١٩٦٩ راگیرا. ئەمە ئەتوانرێ بەشێکی بخرێتە ئەستۆی ئەو ناکۆکییە ناوخۆییەی‌ بەغدا لەسەر دەسەڵات‌و ئەو ئاڵۆزییانەی لەگەڵ ئێراندا ھەبوون. سەرەڕای ئەمانە، سۆڤێت فشاری‌ لەسەر عێراق دادەنا بۆ رێککەوتن لەگەڵ بارزانی دا. بەرنامەی‌ ئاشتی لە ئازاری ١٩٧٠ خرایە روو کە ئۆتۆنۆمییەکی فراوانتری بۆ کوردەکان لەخۆ دەگرت. پلانەکە کە رێگەی بە کوردەکان دەدا لە حکومەتی بەغداش نوێنەر‌و بەشداریان ھەبێت، دەبوو لە چوار ساڵدا جێبەجێ بکرێت. لەگەڵ ئەمەشدا، ھەر لەو کاتەدا حکومەتی عێراقی دەستی کرد بە جێبەجێکردنی بەرنامەی‌ بەعەرەبکردن لە کەرکوک‌و خانەقین کە بە نەوت دەوڵەمەندن. لە ساڵەکانی دواتردا، حکومەتی بەغدا بەسەر دووبەرەکییە ناوخۆییەکانیدا زاڵ بوو و لە نیسانی ١٩٧٢ رێکەوتننامەی دۆستایەتی لەگەڵ یەکێتی سۆڤێت مۆر کرد، ھەروەھا کۆتایی بە تەریکگرتنی خۆی لە وڵاتانی عەرەب ھێنا. لەولاشەوە، کوردەکان ھەر پشتیان بە ھاوکاری سوپای ئێران بەستبوو و توانییان کەمێک ھێزەکانیان بەھێزبکەن.

رێکەوتننامەی جەزائیر

لە ساڵی‌ ١٩٧٤ حکومەتی عێراقی ھەڵمەتێکی شەڕەنگێزی نوێی دژی‌ کوردەکان دەستپێکرد‌و بەرەو ناوچە سنوورییەکانی ئێران دایماڵین. عێراق بە ئێرانی راگەیاند کە خواستەکانی ئێران بەدی ئەھێنێت بەمەرجێک یارمەتی کوردەکان راگرێت. بە میانگیریی سەرۆکی جەزائیر، ھۆری بۆمدین، ئێران‌و عێراق گەیشتنە رێکەوتنێکی گشتگیر لە ئازاری ١٩٧٥ دا کە بە رێکەوتننامەی جەزائیر بەناوبانگە. ئەم رێکەوتننامەیە وای کرد کوردەکان بەبێ‌ یارمەتی بمێننەوە‌و تاران یارمەتییەکانی بزووتنەوەی کوردی نەدات. بارزانی ئاوارەی ئێران بوو، ھەروەھا ژمارەیەکی زۆر لە لایەنگرەکانیشی. ژمارەیەکی زۆریش خۆیان بەدەستەوە دا‌و شۆڕشەکە دوای چەند رۆژێک کۆتایی ھات. لە ئەنجامی ئەمەدا حکومەتی عێراقی بووە خاوەنی دەسەڵاتێکی فراوانتر بەسەر ناوچەکانی باکوری عێراقدا لەچاو پانزە ساڵی پێشوویدا‌و بۆ ئەوەی ئەو کاریگەرییە بپارێزێت، دەستی بە پلانی بە عەرەبکردن کرد ئەویش بە ھێنانی خەڵکی عەرەب بۆ ناوچە نەوتییەکانی کوردستان، بەتایبەتی بۆ ناوچەکانی کەرکوک‌و دەور‌وبەری. دوای رێکەوتننامەکەی جەزائیر، رێ‌وشوێنی سەرکوتکەرانە لەلایەن حکومەتەوە گیرانە بەر دژی‌ کوردەکان‌و بووە ھۆی سەرلەنوێ دەستپێکردنەوەی شەڕ لەنێوان سوپای‌ عێراقی‌‌و چەکدارە کوردەکان. لە ساڵانی ١٩٧٧، ١٩٧٨‌و ١٩٧٩، ٦٠٠ دێ‌ی‌ کوردی خاپوور کران‌و نزیکەی ٢٠٠٠٠٠ کورد لە ناوچەکانی خۆیان راگوێزران.

شەڕی ئێران - عێراق‌ و ھەڵمەتی ئەنفال

لە ماوەی جەنگی ئێران - عێراق، حکومەتی عێراقی سیاسەتی دژە کوردیی گرتە بەر‌و وەک ئەمرێکی واقیعی شەرێکی ناوخۆی لێ‌کەوتەوە. عێراق کەوتە بەر ئیدانەکردنێکی بەرفراوان لەلایەن کۆمەڵگەی‌ مەدەنییەوە، بەڵام ھەرگیز بەشێوەیەکی جددی سزا نەدرا بەرامبەر ئەو رێ‌وشوێنە سەرکوتکارانەیەی گرتنیە بەر، لەوانە بەکارھێنانی چەکی کیمیاوی دژی‌ کوردەکان کە ھەزاران کوژراوی لێ‌ کەوتەوە. ھەڵمەتی ئەنفالیش کۆمەڵکوژییەکی سیستماتیکی بوو دژی‌ کوردەکانی عێراق جێبەجێکرا. لە ٢٩ی ئازاری ١٩٨٧ تا ٢٣ی نیسانی ١٩٨٩، سوپای عێراقی بە فەرماندەیی عەلی‌ حەسەن ئەلمەجید ھەڵمەتی کۆمەڵکوژیی دژی‌ کوردەکان گرتە بەر کە لە چەند روویەکەوە دژی‌ مافەکانی مرۆڤ بوو، لەوانە: بەکارھێنانی بەرفراوانی چەکی کیمیاوی، خاپوور کردنی نزیکەی ٢٠٠٠ گوندی‌و کوشتنی نزیکەی ٥٠٠٠٠ دێنشینی کورد، ئەمە بەپێ‌ی‌ محافزکارانەترین خەمڵاندن. قەڵادزێی‌ گەورە شارۆچکەی کوردی (کە ٧٠٠٠٠ کەس دانیشتوانەکەیەتی) بە تەواوی خاپوور کرا لەلایەن سوپای‌ عێراقییەوە. ھەڵمەتەکە تەعریبکردنی کەرکوکیشی لەخۆ گرتبوو، ئەویش دەرکردنی کوردەکان بوو لەوناوچانەی بە نەوت دەوڵەمەندن‌و نیشتەجێکردنی عەرەبەکانی باکوور‌و ناوەڕاستی عێراق لە شوێنیان. سەرچاوە کوردییەکان ژمارەی‌ قوربانییانی ئەم ھەڵمەتە بە زیاتر لە ١٨٢ ھەزار ئەخەمڵێنن.

دوای جەنگی کەنداوی فارس

ھەرێمی کوردستان لە بنەڕەتدا لە ساڵی‌ ١٩٧٠ دا وەک ھەرێمی ئۆتۆنۆمیی کوردی دامەزرا، ئەمەش دوای ئەو رێکەوتنی ئۆتۆنۆمییەی لەنێوان سەرکردەکانی حکومەتی عێراقی‌و سەرکردەکانی کوردە جڤاتی کوردەکانی عێراق مۆر کرا. ئەنجومەنی یاسادانان لە ھەولێر دامەزرێنرا‌و دەسەڵاتێکی تیۆریی ھەبوو بەسەر پارێزگا کوردنشینەکانی ھەولێر‌و دھۆک‌و سلێمانی دا. ھەرچەندە لە راستیدا ئەنجومەنەکە لە ساڵی‌ ١٩٧٠ دا دامەزرێنرا بەڵام ھەر لەژێر کۆنترۆڵی‌ سەدام حسێنی سەرۆکی عێراقدا بوو تا ساڵی‌ ١٩٩١ کاتێک دوای کۆتاییھاتنی جەنگی کەنداو راپەڕینی جەماوەریی سازکرا دژی‌ دەسەڵاتەکەی. بایەخدان بە ئارامی‌و ئاسایشی‌ ئاوارە کوردەکان ئەوکاتە رەنگی دایەوە کە ئەنجومەنی ئاسایشی نەتەوە یەکگرتووەکان بڕیاری ٦٨٨ی دەرکرد بۆ پێکھێنانی "سەیڤ ھەیڤن" بۆ کوردەکان بەوەی کە ھێزە ئاسمانییەکانی ئەمریکا‌و بریتانیا پارێزگاری ناوچە کوردییەکانی عێراق بکەن. ناوچەی‌ دژە فڕین دھۆک‌و ھەولێری ئەگرتەوە، بەڵام سلێمانی‌و کەرکوکی بەجێھێشتبوو. دوای چەند شەڕێکی خوێناوی لەنێوان ھێزە عێراقییەکان‌و کوردەکاندا، نایەکسانی لە ھێزدا دروستبوو، و حکومەتی عێراقی سوپاکەی‌و کارمەندەکانی لە ناوچەکە کێشایەوە لە تشرینی یەکەمی ١٩٩١دا. لە ھەمان کاتدا، حکومەتی عێراق ئابڵوقەی‌ ئابووریی خستە سەر ھەرێمەکە، بە کەمکردنەوەی نەوت‌و خواردەمەنی. بەمەش ھەرێمەکە سەربەخۆییەکی دیفاکتۆی راگەیاند‌و لەلایەن ھەردوو حزبە گەورەکەوە، پارتی دیموکراتی کوردستان‌و یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان ناوچەکەیان بەڕێوە ئەبرد لە دەرەوەی دەسەڵاتی حکومەتەکەی بەغدا. حکومەتەکە ئاڵا‌و سروودی نەتەوەیی خۆی ھەیە.

ھەڵبژاردنەکانی لە تەموزی ١٩٩٢ ئەنجامێکی یەکلانەکەری ھەبوو، لەبەر ئەوەی ئەنجومەنەکە بە نزیکەیی دابەشبوو بەسەر دوو بەشی‌ یەکسان بەسەر دوو پارتە سەرەکییەکە‌و ھاوپەیمانەکانیان. لەم ماوەیەدا، کوردەکان دوو ئابڵوقەیان چووە سەر، یەکێکیان ئەوەی نەتەوە یەکگرتووەکان بەسەر عێراقدا سەپاندبووی‌و ئەوەی‌ تر کە سەدام حسێن بەسەر ھەرێمەکەدا سەپاندی. بەھۆی ئەم ئابڵوقانەوە، سەختییەکی ئابووری گەورە دروستبوو‌و بووە ھۆی‌ دروستبوونی پێکدادان لەنێوان ھەردوو حزبە گەورەکەدا پارتی دیموکراتی کوردستان‌و یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان لەسەر دەستبەسەراگرتنی جوڵە‌و سەرچاوەکانی بازرگانی. ئەمە بووە ھۆی‌ کوشتاری ناوخۆ لەنێوان کوردەکان لەنێوان ساڵانی ١٩٩٤ تا ١٩٩٦. دوای ١٩٩٦، ١٣%ی داھاتی نەوتی حکومەتی عێراق تەرخانکرا بۆ کوردستانی عێراق‌و ئەمە بووە ھۆی گەشەیەکی ئابووری لە ھەرێمەکەدا. میانگیریی راستەوخۆی ئەمریکا ئاگربەستێکی فەرمیی لە نێوان دوو حزبەکەدا لێکەوتەوە کە بە رێکەوتننامەی واشنتۆن بەناوبانگە‌و لە ئەیلولی ١٩٩٨ دا مۆرکرا. ھەرچەندە بۆچوونی ئەوتۆش ھەیە کە پڕۆگرامی نەوت بە خۆراک -١٩٩٧ کاریگەریی گەورەی ھەبووە لەسەر راگرتنی ناکۆکییەکە. ھێزی حزبە کوردییەکان ھاوکاری ھێزی ھاوپەیمانیان کرد بۆ روخاندنی حکومەتی عێراق لە پڕۆسەی‌ ئازادی عێراقدا لە بەھاری ٢٠٠٣. ھێزی سوپایی کوردستان کە بە پێشمەرگە ناودەبرێن رۆڵی‌ سەرەکییان زۆر گەورەیان بینی لە روخاندنی حکومەتی پێشووی عێراق.

پارتی دیموکراتی کوردستان‌و یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان یەکیانگرت‌و لەگەڵ چەند حزبێکی بچوکتردا ھاوپەیمانێتی کوردییان راگەیاند کە ٥٣ نوێنەری ھەیە لە پەرلەمانی بەغدا، ئەمە لە کاتێکدایە یەکگرتووی ئیسلامی کورد ٥ کورسی ھەیە. سەرکردەی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان، جەلال تاڵەبانی، بۆ سەرۆک کۆماری عێراقی نوێ ھەڵبژێردراوە‌و مەسعود بارزانیی سەرکردەی پارتی دیموکراتی کوردستان سەرۆکی ھەرێمی کوردستانە.

سیاسەت

لە ساڵی‌ ١٩٩٢ەوە، حکومەتی ھەرێمی کوردستان دامەزرێنراوە‌و پایتەختەکەی ھەولێرە. پەرلەمانی ھەرێم بە لایەنگرێکی زۆرەوە ھەڵبژێردرا‌و ناوی ئەنجومەنی نیشتمانیی کوردستانی عێراقە‌و کابینەیەکی حکومیی لە پارتی‌و یەکێتی‌‌و ھاوپەیمانەکانیان (حزبی شیوعی عێراقی‌و حزبی سۆسیالیستی کوردستان‌و تاد.) پێکھێنرا. نێچیرڤان ئیدریس بارزانی لە ١٩٩٩وە سەرۆک وەزیری حکومەتی ھەرێمی کوردستانە.

دوای رزگاری عێراق لە ٢٠٠٣، سیاسییەکانی کورد بوونە ئەندام لە ئەنجومەنی حوکمی عێراق. لە ٣٠ی کانونی دووەمی ٢٠٠٥ سێ‌ ھەڵبژرادن ئەنجام درا ١) بۆ ئەنجومەنی نیشتمانی ئینتیقالی ٢) بۆ ئەنجومەنی نیشتمانی کوردستانی عێراق و ٣) بۆ ئەنجومەنی پارێزگاکان. یاسای بەڕێوەبردنی دەوڵەتی عێراق بۆ سەردەمی ئینتیقالی، حکومەتی ھەرێمی کوردستانی ئۆتۆنۆم-ی سەلماند بە "سەروەریی تەواو"‌و رێزگرتن لە دەستووری ھەمیشەیی. حکومەتی ھەرێمی کوردستان دەسەڵاتی دەستووری ھەیە بەسەر پارێزگاکانی ھەولێر، دھۆک‌و سلێمانی‌و چەند ناوچەیەکی دیالە‌و نەینەوا‌و کەرکوک.

ڕیزبەندی ڕووداوە سەرەکیەکان بە پێی ساڵەکانی ڕوودانیان[١]

  • سـاڵی ١٩١٨ دوای ڕووخانی ئیمپراتۆریەتی عوسمانی لە پاش جەنگی جیھانی یەکەم, ئینگلیزەکان ئەو ناوچانەیان داگیر کرد کە دەوڵەمەند بوو بە نەوت و ناوچەی ویلایەتی موسڵی دایە دەست دەوڵەتی عوسمانی, بەمەش کورد دەسەڵاتی فراوانتر بوو لەوکاتەی کەوتە ژێر حوکمی ئینگلیز.
  • سـاڵی ١٩١٩ ویلایەتی موسڵ خرایە پاڵ عێراق کە دەوڵەتێک بوو تازە دروست بوو بوو.کە راستەوخۆ دوای داگیرکاریەکەی ئینگلیز ھات.
  • سـاڵی ١٩٢٠ پەیمانی سیڤەر, کە لەلایەن دەوڵەتی عوسمانی رووخاوەوە واژوو کرا,بە ڕەزامەندی (کۆمەڵەی گەلان) تیایدا ئاماژە بە دەوڵەتی کورد دەدات و بە پێی ماددەی ٦٤ی پەیماننامەکە ھەڵبژاردن دەخاتە بەردەم کوردەکان کە لەگەڵ ویلایەتی موسڵدا بمێننەوە یــا پێکھێنانی دەوڵەتێکی سەربەخۆ لە داھاتوودا.
  • سـاڵی ١٩٢١ مەلیک فەیسەڵی پاشا ھاتە سەر تەختی عێراق و موسڵیشی خستە سەر دەسەڵاتی خۆی لە عێراق.
  • سـاڵی ١٩٢٣ کوردەکان بە سەرکردایەتی (شێخ مەحمود بەرزنجی) کودەتایەکی لە دژی دەسەڵاتی ئینگلیزەکان بەرپــا کرد, بانگەشەی کوردستانی سەربەخۆی کرد لە باکوری عێراق
  • سـاڵی ١٩٢٣ کەمال ئەتــاتورک ڕەزامەندی بەدەست ھێنا لە پێکھێنانی دەوڵتێکی کۆماری لە تورکیا بە پێی پەیماننامەی لۆزان. پەرلەمانی تورکیا پابەندی بەرامبەر پەیماننامەی سیڤەریان نەنواند و پەیماننامەکەی شکاند.
  • سـاڵی ١٩٢٤ کورد لە دەست ئینگلیزەکان رزگاری بوو.
  • سـاڵی ١٩٣٢ کوردەکان لە ناوچەی بارزانەوە راپەرینێکیان بەرپا کرد دژ بە دەوڵەتی عێراقی چونکە چوونە پاڵ کۆمەڵەی گەلان.کە ئەم ھەنگاوە مافی کوردەکانی پێشێل کرد لە داوای خود موختاری کردنی خۆیان.
  • سـاڵی ١٩٤٣ مەلا موستەفای بارزان سەرکردایەتی ڕاپەڕینێکی نوێی تری کرد , سەرکەوتنی بەدەست ھێنا لە ئازاد کردنی ناوچەکانی ھەولێر و بادینان.
  • سـاڵی ١٩٤٦ لە مانگی ئابدا, ھێزەکانی ئینگلیز بۆردومانی ڕاپەڕینی کوردەکانی کرد لە ناوچەکانی ڕۆژھەڵات کە بە سەرکردایەتی (قازی محمد) بەرپا کرا, و قازی محمدیش کۆماری مھابادی سەربەخۆی پێکھێنا.
  • سـاڵی ١٩٤٦ پاش لەناو چوونی کۆماری مھاباد بە دەستی حکومەتی ئێرانی مەلا موستەفا بارزانی لە ماوەی چەند مانگێکی کەمدا پارتی دیموکراتی کوردستانی پێکھێنا لە کۆنگرەی یەکەمیدا کە لە مھاباد بەسترا خۆشی سەرکردایەتی ئەو پارتە نوێی گرتە دەست. و پاشتر بارزنای بەرو یەکێتی سۆڤیەت ڕۆیشت.
  • سـاڵی ١٩٥١ نەو نوێیەکانی کورد لە بەشی باشووری کوردستان لە عێراق سەر لەنوێ پارتی دیموکراتی کوردستانیان زیندوو کردەوە و مەلا موستەفایان بە سەرکردە ھەڵبژاردەوە کە ئەوکات نەفی کرابوو لە یەکێتی سۆڤیەت, سەرۆکایەتی ئەم پارتە ئیبراھیم ئەحمەد گرتیە دەست.کە پەیوەندیکی پتەوی لەگەڵ حیزبی شیوعی عێراقیدا ھەبوو.
  • سـاڵی ١٩٥٨ سیستمی مەلیکایەتی عێراق ڕێگای بە کوردەکان دا کە خۆیان ئاشکرا بنوێنن پاش چەند ساڵ سەرکوت کردنیان و ڕێگای بە بارزانی سەرکدەشدا لە مەنفا بگەڕێتەوە.
  • سـاڵی ١٩٦٠ پەیوەندی نێوان کوردەکان و حکومەتی عێراق ئاڵۆزی تێکەوت. کوردەکان ناڕازی بوون بە دەمکوت کردنیان و ماف زەوتکردنیان.
  • سـاڵی ١٩٦١ کوردەکان لە باکوری عێراق کودەتایەکیان دژ بە دەسەڵاتی حکومەتی عێراق بەرپاکرد. پێشنیاری مافی خود موختاری پێشکەش بە حکومەتی عێراقی کرد.
  • لە مانگی ئاداری ساڵی ١٩٧٠ کوردەکان پەیماننامەیەکیان لەگەڵ حکومەتی عێراقی مۆرکرد.کە حکومەتی عێراقی رەزامەندی لەسەر خود موختاری نواند. کە لە پەیماننامەکەدا زمانی کوردی بە شێوەیەکی فەرمی دانی پێدانرا. و لە دەستووری عێراقیشدا ئاماژە بەوە درا کە عێراق لە دوو نەتەوەی سەرەکی پێکھاتووە کە ئەوانیش (کورد و عەرەب)ن.
  • لە مانگی ئابی ساڵی ١٩٧١ پەیوەندی نێوان حکومەتی عیراقی و کوردەکان پشێوی تێکەوتەوە, بە مەبەستی یارمەتیدان و ھاوکاری کردن مەلا موستەفای بارزان پەنای بردە بەر ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا بۆ بە ھاناوە ھاتن.
  • لە مانگی ئاداری ساڵی ١٩٧٤ حکومەتی عێراقی ڕێکەوتننامەیەکی فەرز کرد بەسەر کوردەکان کرد سەبارەت بە مافی خودموختاری بوو, ماوەی دوو ھەفتەی دا بە کوردەکان تــا وەڵامی ڕەشنووی ڕێکەوتننامەکە بدەنەوە. بارزانی نارازی بوو لەبەر ئەو خاڵەی تیایدا ھاتبوو کە کەرکوک بە کێلگە نەوتیەکانیشیەوە لە ژێر دەسەڵاتی عێراقدا بن نەک کوردەکان.و بارزانیش راپەرینێکی نوێی بەرپا کرد.
  • لە ساڵی ١٩٧٥ پەیماننامەی جەزائر کە لە نێوان ئێران و عێراقدا ئیمزا , تیایدا ئێران کۆتایی بە ھاوکاریکردنی خۆی بۆ ڕاپەڕینی کوردی ھێنا و پاڵپشتی حکومەتی عێراقی کرد, مەلا موستەفاش پاشەکشەی لە ژیانی سیاسی کرد.
  • لە مانگی حوزەیرانی ساڵی ١٩٧٦ جەلال تاڵەبانی کە ئەندامێکی باڵای پارتی دیموکراتی کوردستان بوو, پارتێکی سیاسی نوێی دامەزراند بە ناوی (یەکێتی نیشتمانی کوردستان) بە سەرکردایەتی خۆی لە دیمەشق.
  • ساڵی ١٩٧٨ ناکۆکی نێوان پارتی دیموکراتی کوردستان و یەکێتی نیشتمانی کوردستان ڕێژەیەکی زۆر کوژراوی لێکەوتەوە.
  • سـاڵی ١٩٧٩ مەلا موستەفا کۆچی دوایی کرد و مەسعود بارزانی کوڕی سەرکردایەتی پارتەکەی گرتە دەست.
  • ساڵی ١٩٨٠ جەنگ لە نێوان عێراق و ئێراندا ھەڵگیرسا, ھێزەکانی پارتی دیموکراتی کوردستان پەیوەندی پتەویان لەگەڵ ئێران ھەبوو, بەڵام یەکێتی نیشتمانی کوردستان ھاوکاری تارانی دەکرد.
  • ساڵی ١٩٨٣ ھێرشی ئێران بۆ سەر عێراق لە باکوورەوە لە ناوچە کوردیەکانەوە دەستی پێکرد. بە ھاوکاری شۆرشگێڕەکانی پارتی دیموکراتی کوردستان.و ھێزەکانی ئێران توانیان دەست بەسەر شارۆچکەی حاجی ئۆمەراندا گرت. و ڕێکخراوەکانی مافی مرۆڤ دەڵێن ھێزەکانی عێراق لە سزای ئەمە نزیکەی ٨٠٠٠ ھاوڵاتی لە ناوچەی سەرکردەی پارتی دیموکراتی کوردستان (ناوچەی بارزان) کوشت .
  • ساڵی ١٩٨٣ یەکێتی نیشتمانی کوردستان کۆتایی بە ناکۆکی خۆی ھێنا لەگەڵ حکومەتی عێراقی و دەستیان بە ڕێککەوتن کرد لەسەر حوکمی زاتی بۆ کورد.
  • ساڵی ١٩٨٥ فشارێکی زۆر کەوتە سەر عێراق بۆ راگرتنی شەڕ و حکومەتیش لە ڕووخاندا بوو, بەڵام میلیشیاکانی حکومەتی عێراقی براکەی جەلال تاڵەبانی و دوو کچەکەشی کوشت.
  • ساڵی ١٩٨٦ حکومەتی ئێران سەرپەرستی دانوستانی نێوان پارتی دیموکراتی کوردستان و یەکێتی نیشتمانی کوردستانی کرد. لەبەر ئەوەی ھەردوو پارتە سیاسیەکە لە تارانەوە پشتیوانیان دەکرا.
  • ساڵی ١٩٨٧ مەسعود بارزانی و جەلال تاڵەبانی ڕێککەوتن لەسەر یەکخستنی ھێزەکانیان و یەککگرتنیان لەگەڵ چەند ھێزێکی بچوکی تری ناوچەکە بۆ سەر خستنی شۆڕشی نوێ.
  • ساڵی ١٩٨٨ وادەی شەڕی نێوان ئێران ـ عێراق نزیک بووەوە, حکومەتی عێراقی پرۆسەی ئەنفالی بەسەر کوردەکاندا جێ بە جێ کرد. و تیایدا ھەزارەھا خەڵکی سڤیل و شۆڕشگێڕ لەناو چوون , سەدان ھەزار کەس نەفی کران ھەموو ئەمانە لەبەر پووکاننەوەی شۆڕشی کوردی بەرپاکرا.
  • لـــە ١٦/٣/١٩٨٨ حکومەتی عێراق بە نامرۆڤانەترین شێوە و بە چەکی کیمیایی شارۆچکەی ھەڵەبجەی کوردستانی خاپوور کرد , دڕندانەترین کۆمەڵکوژی ڕوویدا بەھۆی گازی ژەھراویەوە کە تیایدا و دەستبەجێ ٥٠٠٠ کوردی بێ گوناە لە مناڵ و پیر و لاو تیاچوون.پاشتریش ھەزارەھا کەم ئەندام بوون بەھۆی تێکچوونی جیناتەکانیان.
  • لــە ئــاداری سـاڵی ١٩٩١ پاش دەرکردنی ھێزەکانی عێراق لە کوەیت لە ھەمان ساڵدا , ھەندێ لە کوردەکان (جاشەکان) لە ھەردوو پارتەکە (پارتی دیموکراتی کوردستان و یەکێتی نیشتمانی کوردستان ) ھەڵگەڕانەوە و زمانحاڵی حکومەتی عێراقی کاریاندەکرد, بەڵام گەلی کورد و بە پاڵپشتی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا ڕاپەڕینێکی گەورەی بەرپا کرد بێ گوێدان بە ھەڵگەڕاوەکان و تیایدا زیاتر لە(١٥٠٠٠٠٠) یەک ملیۆن و نیو کورد ئاوارە و سەرگەردانی وڵاتە دراوسێکان بوون , بەڵام وڵاتی تورکیا لەو کاتەدا سنووری خۆی داخست ئەمەش بووە ھۆی ئەوەی سەدان ھەزار کەس ئاوارەی کێو و چیاکان بن لە نێو چیا و دۆڵەکاندا بۆ ژیان و سەربەستی و ئازادی بگەڕێن.

نـــاوچەی ئاسایش سەقامگیر:

  • لە بەھاری ساڵی ١٩٩١ ھێزە ھاوپەیمانەکان بانگەشەی ناوچەیەکی ئازاد کراو و ئارام و ئاسایشیان کرد کە سنووری بە سنووری دەسەڵاتی حکومەتی عێراقیەوە بوو و چەندەھا ڕێکخراو دەزگا پشتیوانی و ھاوکاریان پێشکەش بە ئاوارەکانی ئەو ناوچەیە کرد, سەر لە نوێ مەسعود بارزانی و جەلال تاڵەبانی کەوتنە گفتوگۆ و دانوستانن لەگەڵ سەدام حسێنی سەرۆک کۆماری عێراق لەسەر مافی خود موختاری – ئۆتۆنۆمی
  • لــە تەمموزی ســاڵی ١٩٩١ دانیشتنەکان لەگەڵ حکومەتی بەغداد درێژەی کێشا , بەڵام ھێزەکانی پێشمەرگە توانیان ھردوو پارێزگای سلێمانی و ھەولێر بە تەواوی کۆنترۆڵ بکەن و لە بەغدادی جیا بکەنەوە. کە تەحەدایەک بوو بۆ دەسەڵاتی حکومەتی عێراقی.
  • لـە تشرینی یەکەمی سـاڵی ١٩٩١ شەڕی نێوان شۆڕشی کوردی و حکومەتی عێراقی ھەڵگیرسا, حکومەتی عێراقی سنوورەکانی باکوری عێراقی بە تەواوی توند کرد و ئابڵووقەی ئابووری بەسەر کوردەکاندا سەپاند.
  • لــە ئایاری ساڵی ١٩٩٢ ھەڵبژاردنێکی پەرلەمانی سەرتاسەری لە ناوچەکە کراو , پارتی دیموکراتی کوردستان ڕێژەی ٥٠.٨% ی دەنگەکانی بردەوە و یەکێتی نیشتمانی کوردستان ٤٩.٢%ی دەنگەکانی بەدەستھێنا, و حکومەتی نوێی کوردیان بە ڕێژەی یەکسان (٥٠%) پێکھێنا .
  • لە مانگی ئەیلوولی سـاڵی ١٩٩٢ کۆنگرێسی نیشتمانیی عێراقیی (INC) پێکھات کە کۆمەڵێکی زۆری لە نەیارەکان لەخۆ گرتبوو. لە ھاوینەھەواری سەڵاحەدین کە لە ژێر دەسەڵاتی کوردەکان بوو کۆدەبوونەوە. پارتی دیموکراتی کوردستان و یەکێتی نیشتمانی کوردستان نوێنەری بەشدار بووان بوون.
  • لە ئایاری سـاڵی ١٩٩٤ دا ناکۆکیەکانی نێوان پارتی دیموکراتی کوردستان و یەکێتی نیشتمانی کوردستان شەڕی ناوخۆی لێکەوتەوە. یەکێتی نیشتمانی کوردستان ھەردوو شارۆچکەی شەقڵاوە و چەمچەماڵی لە دەسەڵاتی پارتی دیموکراتی کوردستان سەند.
  • لە ئایاری سـاڵی ١٩٩٦ حکومەتی عێراقی لەگەڵ نەتەوە یەکگرتووەکان ڕێککەوت لەسەر پرۆگرامی (نەوت بەرامبەر بە خۆراک) , و ڕێژەی ١٣%ی بڕی نەوتەکە بۆ باکوری عێراق بوو کە زۆربەی لە ژێر دەسەڵاتی ھەردوو پارتە کوردیەکەدا بوو.
  • لە ئابی سـاڵی ١٩٩٦ مەسعود بارزانی داوای کۆمەکی لە حکومەتی عێراقی کرد بۆ سەرکەوتن بەسەر یەکێتی نیشتمانی کوردستاندا.
  • لە ئەیلوولی سـاڵی ١٩٩٦دا پارتی دیموکراتی کوردستان بە یارمەتی حکومەتی عێراقی توانی ھەولێر لە دەسەڵاتی یەکێتی بسەنێتەوە و کۆنترۆڵی بکات.و سلێمانیشی لە ژێر دەسەڵاتی یەکێتی نیشتمانی کوردستاندا دەرکرد, پارتی دیموکراتی کوردستان حکومەتێکی نوێی لە پەرلەمانی ھەولێر پێکھێنا.
  • لە تشرینی یەکەمی سـاڵی ١٩٩٦ یەکێتی نیشتمانی کوردستان سلێمانی گرتەوە.
  • لــە کانوونی دووەمی ساڵی ١٩٩٧ یەکێتی نیشتمانی کوردستان حکومەتێکی نوێی پێکھێنا کە بنکەکەی سلێمانی بوو. بەم شێوەیە باکووری عێراق بە تەواوی کەوتە کۆتنرۆڵی ھەردوو پارت (پارتی دیموکراتی کوردستان و یەکێتی نیشتمانی کوردستان)ەوە.
  • لــە مانگی ئەیلوولی سـاڵی ١٩٩٨ ھەردوو سەرۆک پارتەکە ( مەسعود بارزانی و جەلال تاڵەبانی ) ڕێکەوتننامەیەکی ئاشتیانەیان ئیمزا کرد لە واشینگتۆن. لەگەڵ ئەوەشدا ناوچەکە وەکو خۆی مایەوە لەژێر دەسەڵاتی ھەردوو حکومەتەکە.
  • لــە تشرینی دوومی ســاڵی ٢٠٠٠ یەکێتی نیشتمانی کوردستان نامەیەکی ئاڕاستەی ئەمینداری گشتی نەتەوە یەکگرتووکان کرد و تیایدا سکاڵای حکومەتی عێراقی کردبوو لە ڕاگواستن و دەرکردنی کوردەکانی پارێزگای کەرکووک.
  • لە ئەیلوولی سـاڵی ٢٠٠١ شەڕێک بەرپا بوو لە ناوچەکانی سنووری سلێمانی لە نێوان یەکێتی نیشتمانی کوردستان و گروپێک بە ناوی جنود لئیسلام (جند ڕلاسلام), کە دواتر ناوەکەیان بوو بە ئەنێار و لئیسلام- ڕنێار الاسلام

بەرەو یەکخستنەوەی نیشتمانی

  • لە حوزەیرانی ساڵی ٢٠٠٢ پارتی دیموکراتی کوردستان و یەکێتی نیشتمانی کوردستان لەگەڵ ھەموو ئەو گروپە عێراقیانەدا دانیشتنیان سازدا کە بە نیاز بوون ھاوکاری ھێرشە عەسکەریەکەی نەتەوە یەکگرتوەکان بکەن لە ڕووخانی حکومەتی بەعسی عێراقی.
  • لــە تشرینی یەکەمی ساڵی ٢٠٠٢ دانیشتنی ھاوبەش لە نێوان دیموکراتی کوردستان و یەکێتی نیشتمانی کوردستان دەستی پێکرد لە پەرلەمانی ھەولێر بۆ پێکھێنانی حکومەتێکی ھاوبەشی ئینتیقالی تــا وادەی ھەڵبژاردنێکی نوێ.
  • لــە شوباتی ساڵی ٢٠٠٣ وەزیری دەرەوەی ئەمریکا (کۆڵن پاوڵ) گروپی ئەنسارو لئیسلامی بەوە تۆمەتبار کرد کە دەوریان ھەبووە لە پەیوەندی نێوان ئوسامە بن لادنی سەرۆکی ڕێکخراوی ئەلقاعیدە و حکومەتی عێراقی.
  • لــە شوباتی ســاڵی ٢٠٠٣ سەرکردایەتی کورد ئەو پێشنیارەیان رەتکردەوە کە ھێزی عەسکەری تورکیا لە خاکی کوردستانەوە بێت و شانبەشانی ھێزەکانی نەتەوە یەکگرتووەکان لە ڕووخانی سەدام حسێن بەشدار بن و بۆ ئەم مەبەستەش ھەموو کوردستانیانی باکووری عێراق گەورەترین ڕێپێوانیان کرد دژ بەم پێشنیازە.
  • لــە شوباتی ســاڵی ٢٠٠٣ لە پەرلەمانی کوردستان بە پرۆژەیاسایەک ئەو پلانەیان ڕەتکردەوە کە تیایدا ھاتبوو کە ھێزەکانی نەتەوە یەکگرتووەکان لە خاکی تورکیاوە ھێرش بکاتە سەر عێراق بۆ کردنەوەی دەروازەی بــاکوور.
  • لــە٣/ ئاداری/ ٢٠٠٣ بارتی دیموکراتی کوردستان و یەکێتی نیشتمانی کوردستان سەرکردایەتیەکی ھاوبەشیان پێکھێنا بۆ سەرۆکایەتی ھەردوو سکرتێری پارتەکە مەسعود بارزانی و جەلال تاڵەبانی.
  • لــە٢٠/ ئاداری/ ٢٠٠٣ ھێزە ھاوپەیمانەکان بە سەرکردایەتی نەتەوە یەکگرتووەکان ھێرشیان بۆ سەر عێراق دەستی پێکرد بە ھێرشی ئاسمانی و ھەردوو پارێزگای (کەرکووک و موسڵ) کە سنووریان بە ھەرێمی کوردستانەوەیە ڕووبەڕووی بۆردومانێکی چـــڕ بوونەوە.
  • لــە٢٢/ ئاداری/ ٢٠٠٣ ھێزی کروزی ھاوپەیمانەکان بە ھێرشی ئاسمانی ساروخ توانیان لە گروپی بەناو ئەنسارو لئیسلام بدەن کە بارەگایان لە ناوچەی خورماڵ بوو بە سەدان کوژراوی لێکەوتەوە.
  • لــە٢٧/ ئاداری/ ٢٠٠٣ سەدان مارێنزی ئەمریکی لە باکووری ھەولێر بە پەرەشووت نیشتنەوە و داخڵی خاکی کوردستان بوون. بەم شێوەیە دەروازی باکوور بۆ ھێزە ھاوپەیمانەکان کرایەوەتا بتوانن ھێرش بکەنە سەر حکومەتی عێراقی.
  • لــە ٩/ نیسانی/ ٢٠٠٣ ھێرشی ھێزە ھاوپەیمانەکان بۆ سەر خاکی عێراق دەستی پێکرد و دەسەڵاتی حکومەت شکێنرا لە ناو شاری بەغداد, حکومەتی ھەرێمی کوردستانیش بە ھاوکاری ھێزە ھاوپەیمانەکان کۆنترۆڵی شاری کەرکوک و موسڵ بکەن.
  • لــە حوزەیرانی ساڵی ٢٠٠٣ ئەنجومەنی حکومەتی ئینتیقالی بۆ یەکەمجار کۆبوونەوە, ھەردوو کوڕەکەی سەدام حسێن (عودەی و قوسەی) لە ھێرشێکی چەکداریدا کوژران.
  • لــە ١/ شوبات / ٢٠٠٤ لە دوو ھێرشی خۆ کوژیدا سەدان کەس لە ھەردوو بارەگای لقی دووی پارتی دیموکراتی کوردستان و مەڵبەندی سێی ڕێکخستنەکانی یەکێتی نیشتمانی کوردستان کە بووە ھۆی کوشتنی زیاتر لە ٥٦ کەس و بریندار بوونی زیاتر لە ٢٠٠ کەس , کە لەناویاندا چەند کەسایەتیکی ناسراوی تێدا بوو کە خاوەن پلەی بڵند بوون لە ھەردوو پارتەکەدا.
  • لــە کانوونی دووەمی سـاڵی ٢٠٠٥ یەکەم ھەڵبژاردنی سەرتاسەری لە دوای ڕووخانی حکومەتی بەعسی عێراق کراو ھاپەیمانی کوردستانیش پلەی دووەمی لەو ھەڵبژاردنەدا بەدەستھێناو ٧٧ کورسی پەرلەمانی بەدەستھێنا.
  • لە مانگی نیسانی ٢٠٠٥ دا جەلال تاڵەبانی سکرتێری یەکێتی نیشتمانی کوردستان بە سەرۆک کۆماری عێراق ھەڵبژێردرا لەلایەن پەرلەمانی کاتیی عێراقەوە.
  • لــە مانگی ئایاری سـاڵی ٢٠٠٥ لە ھێرشێکی خۆ کوژیدا زیاتر لە ٥٠٠ پۆلیس و ئەفسەر شەھید بوون.

پەرلەمانی کوردستان

  • لــە حوزەیرانی سـاڵی ٢٠٠٥ دا یەکەم خولی پەرلەمانی لە ھەولێر پێکھێنرا و مەسعود بارزانی بە سەرۆکی ناوچەی ئۆتۆنۆمی ھەڵبژێردرا.
  • لــە کانونی دووەمی سـاڵی ٢٠٠٥ کۆمپانیایەکی بیانی دەستی بە دەرھێنانی نەوت کرد لە باکووری عێراق (لە سنووری دەسەڵاتی حکومەتی ھەرێم) , ئەم ھەنگاوەش بووە ھۆی دروست بوونی ترس و دڵە ڕاوکێ لە دڵی سەرکردایەتی کوتلەی سوننی لە عێراق. دواتر حکومەتی ھەرێمی کوردستان راپۆرتێکی ئاشکرا کرد لەسەر بوونی بیرێکی گەورەی نەوت لە باکوور.
  • لە تشرینی یەکەمی سـاڵی ٢٠٠٦ سەرۆک بارزانی داوای گۆڕینی ئاڵای عێراقی کرد بۆ ئاڵایەک کە گوزارشت لە ھەموو پێکھاتەو نەتەوەکانی عێراق بکات و وتیشی بەھیچ جۆرێک ئەو ئاڵایە لە خاکی کوردستان ھەڵنادرێت, بەڵام نوری مالیکی ووتی ئەم ئاڵایەی ئێستا ئاڵای عێراقە و دەبێت لە ھەموو گۆشەیەکی عێراق ھەڵبدرێت.
  • لە تشرینی یەکەمی سـاڵی ٢٠٠٦ لە پێنج کردەوەی خۆکوژی لە کەرکووک ڕوویدا کە یەکێکیان لە ئۆتۆمبێلێکی بار ھەڵگر و ئەوانیتریش ئۆتۆمبێلی بچووک بوون بووە ھۆی کوشتنی زیاتر لە ٢٣ ھاوڵاتی.
  • لە کەناڵی (BBC) دابەزێنرا کە تیایدا ھاتووە ھێزە کوردیەکان لەلایەن ھێزە ئیسرائیلیەکان بە نھێنی مەشقیان پێ کراوە لەسەر چۆنێتی بەرەنگار بوونەوەی تیرۆر و پارێزگاری کردنی فرۆکەخانەی نێودەوڵەتی.
  • لــە نیسانی ســاڵی ٢٠٠٧ دا سەرۆکی سوپای تورکیا وتی پێویستە تورکیا ھێرش بکاتە سەر ھێزە کوردە ھەڵگەراوەکانی باکووری عێراق – گەریلاکان.
  • لــە ئایاری ســاڵی ٢٠٠٧ دا ھێزە کوردیەکان ئاسایشی ھەرسێ پارێزگای (دھۆک , ھەولێر، سلێمانی) لە ھێزە ھاوپەیمانەکان وەرگرتەوە.
  • لــە تەمموزی ســاڵی ٢٠٠٧ ڕێکخراوی مافی مرۆڤی جیھانی ڕاپۆرتێکی لەسەر خراپی گوزەران و ژیانی بەندیخانەکانی ژێر دەسەڵاتی کوردەکان لە باکووری عێراق بڵاو کردەوە.
  • لــە ئابــی ســاڵی ٢٠٠٧ لە چەند کردەوەیەکی خۆکوژی بە نارنجۆکی دەستی بووە ھۆی کوشتنی زیاتر لە ٣٠٠ کەس لە یەزیدیەکان لە باکووری عێراق.
  • لــە ئەیلوولی ســاڵی ٢٠٠٧ ئێران بۆردوومانی ناوچە سنووریەکانی باکووری عێراقی کرد.ئێران سنوورەکانی لەگەڵ حکومەتی ھەرێمی کوردیتان داخست بە بیانووی ئەوەی ھاوڵاتیە ئێرانیەکان لەلایەن ھێزە کانی نەتەوە یەکگرتووەکان دەستگیر دەکرێن.

ھێرشەکانی تــورکیــا

  • لــە تشرینی یەکەمی ســاڵی ٢٠٠٧ پەرلەمانی تورکیا ئیشارەتی سەوزی بۆ ھێزی سوپا ھەڵکرد بۆ ھێرش کردنە سەر کوردە ھەڵگەڕاوەکانی باکووری عێراق، تورکیا فشاری نێودەوڵەتی خرایەسەر بەوەی ھێرش دەکاتە سەر سنوور.
  • لــە کانوونی یەکەمی ســاڵی ٢٠٠٧ تورکیا بە ھێرشی ئاسمانی بۆردومانی ھێزەکانی پارتی کرێکارانی کوردستانی کرد لەناو خاکی عێراق.
  • لــە شوباتی ســاڵی ٢٠٠٨ تورکیا ھێرشی سوپایی کردە سەر ھێزەکانی پارتی کرێکارانی کوردستانی کرد لەناو خاکی عێراق.
  • لــە ئەیلوولی ســاڵی ٢٠٠٨ پەرلەمانی عێراق پرۆژە یاسای ھەڵبژاردنی پارێزگاکانی عێراقی پەسەند کرد. بەڵام کەرکووکی لەناو پارێزگاکاندا جیا کردەوە, چونکە کوردەکان دەیانبردەوە.
  • لــە نیسانی ســاڵی ٢٠٠٩ تورکیا بە فرۆکە جەنگیەکانی ھێرشی کردەوە سەر پارتی کرێکارانی کورستان بە بیانووی ئەوەی پارتی کرێکاری کوردستان لە دوو ھێرشدا بوونەتە ھۆی کوشتنی سەربارزانی تورک.
  • لــە حوزەیرانی ســاڵی ٢٠٠٩ حکومەتی ھەرێمی کوردستان نەوتی ھەناردەی بازاڕەکانی دەرەوە کرد , بڕی ٩٠,٠٠٠ بۆ ١٠٠,٠٠٠ بەرمیل لە ڕۆژێکدا لەکێڵگەکانی کوردستانەوە بەرەو تورکیا دەنێررێت. حکومەتی ناوەندی بە مەرجی وەرگرتنەوەی ڕێژەی یاسایی لە حکومەتی ھەرێم مۆڵەتی دەرکردنی نەوتی داوە.
  • لــە تەمموزی ســاڵی ٢٠٠٩ مەسعود بارزانی بۆ جارێکی تر بە سەرۆکی ھەرێمی کوردستانی فیدراڵ ھەڵبژێردرایەوە, و لیستی ھاوپەیمانی کوردستان کە پێکھاتووە لە (پارتی دیموکراتی کوردستان و یەکێتی نیشتمانی کوردستان) زۆرینەی دەنگەکانیان بەدەست ھێنا و لیستێکی نوێش بە ناوی گۆڕان توانی ڕێژەی ٢٥ کورسی پەرلەمان لە کۆی ١١١ کورسی بەدەست بھێنێت.
  • لــە شوباتی ســاڵی ٢٠١١ خۆپیشاندان دژی ئەو گەندەڵیانە سازدرا کە لەلایەن ھەردوو (پارتی دیموکراتی کوردستان و یەکێتی نیشتمانی کوردستان)وە دەکرێت لە سلێمانی , و گروپی گۆڕان ڕێکخەری خۆپیشاندانەکە بوو , و تیایدا دوو خۆپیشاندەر کوژران.

ئابووری

ئابووری ھەرێمی کوردستان پشت ئەبەستێت بە داھاتی نەوت، کشتوکاڵ‌و گەشتیاری. بەھۆی‌ ئەو سەقامگیرییە رێژەییەی‌ کوردستان، ھەرێمەکە لە رووی ئابوورییەوە لە ناوچەکانی تری‌ عێراق پێشکەوتووترە. پێش لابردنی سەدام حسێن، حکومەتی ھەرێمی کوردستان نزیکەی ١٣%ی داھاتی پڕۆگرامی نەوت بە خۆراکی عێراقی وەردەگرت. بە ھاتنی ٢٠٠٣‌و ئازادکردنی عێراق لەلایەن ئەمریکاوە، پڕۆگرامەکە ٨.٣٥ ملیار دۆلاری لە کوردستاندا خەرج کردبوو. ئاسایشی‌ خۆراکی کوردستانی عێراق وایکرد کە زۆرینەی داھاتەکان لە پڕۆژەی‌ گەشەسەندن دا سەرف بکرێن وەک لە ناوچەکانی تری عێراق. بە کۆتاییھاتنی پڕۆگرامەکە لە کۆتایی ٢٠٠٣ دا، ٤ ملیار دۆلار لە داھاتی نەوت بە خۆراکی حکومەتی ھەرێمی کوردستان بە خەرجنەکراوی مابووەوە.

دوا بەدوای لابردنی حکومەتەکەی سەدام حسێن‌و زنجیرە توند‌وتیژییەکەی بەدوایداھات، سێ‌ پارێزگاکەی ژێر دەسەڵاتی حکومەتی ھەرێمی کوردستان تەنھا سێ پارێزگای عێراقیی بوون کە سوپای ئەمریکی بە "ئارام" پۆلینیان کردبوو. ئەو ئارامییە رێژەییەی‌ ھەرێمەکە رێی دا حکومەتی ھەرێمی کوردستان چەند گرێبەستێکی‌ وەبەرھێنان لەگەڵ کۆمپانیا بیانییەکاندا مۆر بکات. لە ٢٠٠٦ دا، یەکەم بیرە نەوت لە دوای ئازادکردنی عێراقەوە لە ھەرێمی کوردستان لێدرا لەلایەن کۆمپانیایەکی وزەی نەرویجییەوە بەناوی "دی. ئێن. ئۆ". لە سەرەتادا وا دەرکەوت کە کێڵگە نەوتییەکە لانی کەم ١٠٠ ملیۆن بەرمیل نەوتی تیا بێت‌و لە سەرەتای ٢٠٠٧ دا رۆژانە ٥٠٠٠ بەرمیل نەوتی لێ‌ دەربھێنرێت. حکومەتی ھەرێمی کوردستان رێکەوتننامەی گەڕانیان مۆرکردووە لەگەڵ دوو کۆمپانیای تری نەوت دا، "وێسترن ئۆیەڵ ساندس"ی کەنەدی‌و "ستێرلین ئینرجی" بریتانی. سەقامگیرییەکەی ھەرێمی کوردستان بووەتە ھۆی‌ ئەوەی لە بەشەکانی تری عێراق پێشکەوتنی زیاتر بەخۆوە ببینێت. لە ٢٠٠٤ داھاتی تاکەکەس لە ھەرێم بە رێژەی‌ ٢٥% لە ناوچەکانی تری عێراق زیاتر بوو. دوو فڕۆکەخانەی نێودەڵەتی لە ھەولێر‌و سلێمانی ھەیە کە بە گەشتی ئاسمانیی بەستراونەتەوە بە وڵاتانی خۆرەڵاتی ناوەڕاست‌و ئەوروپاوە. حکومەتەکە بەردەوامە لە وەرگرتنی داھاتی ھەناردەکردنی نەوتی عێراق، و بەم زووانەش یاسایەکی یەکخراو بۆ وەبەرھێنانی بیانی دەردەکات. حکومەتی ھەرێمی کوردستان پلانی بۆ دروستکردنی شارێکی میدیایی لە ھەولێر‌و چەند ناوچەیەکی بازرگانیی ئازاد لە نزیک ناوچە سنوورییەکان لەگەڵ ئێران‌و تورکیادا بنیاد بنێت.

لە ساڵی‌ ٢٠٠٣ وە، ھێزە ئابوورییە بەھێزەکەی کوردستان زیاتر لە ٢٠٠٠٠ کرێکاری عەرەبی لە ناوچەکانی تری عێراقەوە راکێشاوە. بە وتەی جەلال تاڵەبانی سەرۆک کۆماری عێراق، لە ٢٠٠٣وە ژمارەی‌ ملیۆنێرەکانی شاری سلێمانی لە ١٢ەوە بووە بە ٢٠٠٠، ئەمەش دەرخەری گەشەی ئابووری ھەرێمەکەیە.

جوگرافیا

کوردستانی عێراق بە گشتی ناوچەیەکی شاخاوییە کە لە بەرزترین خاڵدا ٣٦١١ مەتر لە ئاستی دەریا بەرزە، ناوچەکە بە "چیکەدار" ناودەبرێت. چەندین رووبار بەنێو شاخەکاندا تێدەپەڕن‌و ناوچەکە تایبەتمەند ئەکەن بە زەوی بەپیت‌و ئاوی زۆر‌و سروشتێک کە لە وێنە بچێت.

سروشتە شاخاوییەکەی کوردستان، جیاوازیی پلەی‌ گەرما لە ناوچە جیاجیاکانی‌و دەوڵەمەندییەکەی بە سامانی ئاو وا لە کوردستان ئەکەن ببێت بە ناوچەیەکی کشتوکاڵی‌و گەشتیاری. سەرەڕای ئەمانە، چەند کانزایەک، بەتایبەت نەوت، کە بۆ ماوەیەکی درێژ لەرێگەی ھێڵی بۆرییەوە لە کوردستان دەردەھێنرا.

گەورەترین دەریاچەی ھەرێم دەریاچەی‌ دوکانە و زێى بچوک لە تەق تەق .

دەستەواژەی‌ "باکوری عێراق" ناڕوونییەکی جوگرافی لە بەکارھێنانیدا ھەیە. "باکور" بەگشتی بۆ ئاماژەکردن بە ھەرێمی کوردستان بەکاردەھێنرێت. "ناوەڕاست"‌و "باشوور" یان "ناوەڕاست- باشوور" بە تایبەت بۆ ئەو ناوچانەی عێراق بەکاردێن کە ھەرێمی کوردستانی لێ‌ بەدەر کرابێت. زوربەی‌ سەرچاوەکانی راگەیاندن زۆر جار "باکور" و "باکوری عێراق" بۆ ھەر ناوچەیەک بەکاردەھێنن کە بکەوێتە باکوری بەغداوە.

کەش و هەوا

تێكرای گه‌رمی مانگی كانوونی دووه‌م كه‌ساردترین مانگی ساڵه‌ له‌هه‌رێمدا له‌نێوان (٣.١) پله‌ی سه‌دیدایه‌ له‌وێستگه‌ی سه‌ڵاحه‌دین، (٩.٩ ) سه‌دیه‌ له‌خانه‌قین، به‌گشتی چه‌ند به‌ره‌و باكورو باكوری رۆژهه‌ڵاتی هه‌رێم بڕۆین پله‌ی گه‌رمی داده‌به‌زێت له‌به‌رئه‌وه‌ی چه‌ند به‌ره‌وه‌ باكورو باكوری رۆژهه‌ڵات بچین زه‌وییه‌كه‌ به‌رزو بڵند ده‌بێت،‌ لایه‌كانی باكووری هه‌رێم ده‌كه‌ونه‌ ئه‌و ناوچانه‌ی كه‌له‌كه‌مه‌ره‌ی زه‌وییه‌وه‌ دورترن كه‌ ده‌بێته‌ هۆی كورتی رۆژ له‌نیوه‌ی زستانی ساڵدا و كه‌مبوونه‌وه‌ی گۆشه‌ی تیشكی هه‌تاو كه‌وتن. كه‌می لاربوونه‌وه‌ی گۆشه‌ی كه‌وتنی تیشكی هه‌تاو هه‌روه‌ها رۆژ درێژی و ساماڵ و تۆپه‌ڵی هه‌وایی كیشوه‌ری وشك كه ‌له‌هاویناندا هه‌رێم ده‌گرێته‌وه‌، یاریده‌ی به‌رزبوونه‌وه‌ی پله‌كانی گه‌رما ده‌ده‌ن له‌و وه‌رزه‌دا. تێكڕاكانی گه‌رمای مانگی ته‌مووز كه‌گه‌رمترین مانگی ساڵه‌ له‌هه‌رێمدا له‌ ٣٠ پله‌ی سه‌دی پتره‌. جیاوازییه‌كی زۆر له‌بڕی باران بارین له‌هه‌رێمدا هه‌یه‌ ناوه‌ندی بارانی ساڵانه‌ له‌هه‌رێمدا له‌نێوان ٣٢٨ ملم دایه‌ له‌خانه‌قین و زیاتر له‌ 702ملم له‌ زاخۆ و له‌رواندز٦٩٦ ملم و له‌ئاكرێ ١٠٠٨ ملم و له‌پێنجوێن ١٢٦٣ ملم، به‌گشتی له‌باره‌ی بڕی بارانی داباریو له‌هه‌رێمدا ده‌توانین بڵێین كه‌بارانی هه‌رێم تابه‌ره‌و باكورو باكوری رۆژهه‌ڵات بڕۆین پتر ده‌بێت، ئه‌مه‌ش له‌به‌ر هۆكاری به‌رزی و نزمی له‌لایه‌ك گوزه‌ركردنی ژماره‌یه‌كی زۆرتر له‌ نه‌وراییه‌كانی كه‌ش وهه‌وا به‌ هه‌رێمدا جگه‌ له‌وه‌ی كه‌ جۆری نه‌وراییه‌كانیش تا به‌ره‌و باكوور بڕۆین قوڵتر ده‌بن، له‌روی بارنه‌وه‌ ده‌توانین هه‌رێم بۆ دوو هه‌رێمی لاوه‌كی دابه‌ش بكه‌ین كه‌بریتیه‌ له‌:

  1. هه‌رێمی بارانی مسۆگه‌ر
  2. هه‌رێمی بارانی نامسۆگه‌ر

هه‌رێمی بارانی مسۆگه‌ر

ئه‌م هه‌رێمه‌ به‌شه‌كانی باكورو باكوری رۆژهه‌ڵاتی هه‌رێمی كوردستانی عیراق ده‌گرێته‌وه‌و سنووره‌كانی باشوری له‌گه‌ڵ سنوری باشوری ناوچه‌ی شاخاوی له‌هه‌رێمدا ده‌ڕۆن ئه‌م هه‌رێمه‌ به‌زۆری رێژه‌ی بارانه‌كه‌ی جیاده‌كرێته‌وه‌ كه‌ناوه‌ندی ساڵانه‌ی باران ٥٠٠ملم كه‌متر نییه‌، بۆیه‌ كشتوكاڵی زستانه‌ له‌م هه‌رێمه‌دا ساڵانه‌ ئه‌م هه‌رێمه‌ ده‌توانێت به‌ته‌واوی پشت به‌باران ببه‌ستێت.

هەرێمی بارانی نا مسۆگەر

ئه‌م هه‌رێمه‌ ناوچه‌ نیمچه‌ شاخاوییه‌كان ده‌گرێته‌وه‌ كه‌به‌رێژه‌ بارانی كه‌مه ‌(ساڵانه‌ له‌ ٥٠٠ملم) كه‌متره‌، ئه‌م هه‌رێمه‌ لاوه‌كییه‌ دیسان به‌وه‌ ناسراوه‌ كه‌بڕی بارانی مانگانه‌و ساڵانه‌و وه‌رزانه‌ هه‌ڵبه‌زو دابه‌زێكی گه‌وره‌ به‌خۆیه‌وه‌ ده‌بینێت به‌به‌راورد كردن له‌گه‌ڵ هه‌رێمی پێشوودا، بۆیه‌ كشتوكاڵی زستانه‌ی به‌تایبه‌تی له‌به‌شه‌كانی باشورو باشوری رۆژئاوادا ره‌نگه‌ روبه‌ڕوی هه‌ڕه‌شه‌ی وشكی ببێته‌وه‌.

پارێزگاکان

کوردستانی عێراق دابەش کراوە بەسەر ٧ پارێزگادا کە ئێستا سیانیان لەژێر دەسەڵاتی حکومەتی ھەرێمی کوردستاندان. ئەو پارێزگایانەی کە بەتەواوی لەژێر دەسەڵاتی حکومەتی ھەرێمی کوردستاندان ئەمانەن:

  • سلێمانی
  • ھەولێر
  • دھۆک

ئەو پارێزگایانەی کە حکومەتی ھەرێمی کوردستان داوای بەشێکی یان تێکڕای دەکات:

  • کەرکوک (تێکڕا)
  • دیالە - خانەقین‌و کفری
  • نەینەوا- ئاکرێ‌ و شێخان و شنگال
  • سەڵاحەدین - توز
  • واست

پلان بۆ راپرسییەک دانرا لە ١٥ی تشرینی دووەمی ٢٠٠٧ بۆ بڕیاردان لەسەر گەڕانەوە یان نەگەڕانەوەی پارێزگاکان یان بەشەکانیان بۆ ژێر دەسەڵاتی حکومەتی ھەرێمی کوردستان. ئەم ریفراندۆمە دەیویست ھەموو ناوچەکانی پارێزگای کەرکوک، خانەقین‌و کفری لە پارێزگای دیالە، توزخورماتی لە پارێزگای سەڵاحەدین، ئاکرێ‌و شێخان لە پارێزگای نەینەوا بگرێتەوە. ئەم راپرسییە دواخرا بۆ ٣١ی کانوونی یەکەمی ٢٠٠٧، و دواتر بۆ شەش مانگی تر درێژکرایەوە. کوردەکان پێداگری لە ھەرچیزووتر جێبەجێکردنی راپرسییەکە دەکەن.

شارە گەورەکان

  • هەولێر
  • سلێمانی
  • دهۆک
  • کەلار
  • زاخۆ
  • قه‌ڵادزێ

دیمۆگرافیا

ژمارەی‌ دانیشتوانی ھەرێم نزیکەی ٥-٦ ملیۆن کەسە کە ٩٥% کوردی موسوڵمانن‌و سەر بە ئایینزای سوننەن. ژمارەیەکی بەرچاوی یەزیدی‌و کاکەیی، جولەکە‌و مەسیحییش ھەن. لە رووی نەتەوەییەوە کوردەکان زۆرینەی ناوچەکە (نزیکەی ٩٥%) پێک دێنن‌و ئەوی تر لە تورکمان‌و ئاشووری‌و ئەرمەن‌و عەرەبەکانی پێکھاتووە کە بە گشتی لە نیشتەجێ‌ی‌ بەشی‌ خۆراوای‌ ھەرێمەکەن.

ژمارەی دانیشتوان

بەپێی سەرژمێرییەکانی ساڵانی ١٩٢٧-١٩٨٧ بەمجۆرە بووە:

  • لەساڵی ١٩٢٧ ژمارەی ئەم بەشەی کوردستان ٦١٣.٣٤٧ کەس بووە
  • ساڵی ١٩٣٧ رێژەکەی گەیشتۆتە ١.٠١٠.٩٠٥کەس.
  • لە ساڵی ١٩٤٧ گەیشتۆتە ١.٢٨٢.٣٧٨ کەس.
  • لە ساڵی ١٩٥٧ ژمارەی دانیشتوانەکەی گەیشتۆتە ١.٨٢٢.٣٩٠کەس.
  • لە 1965 گەیشتۆتە ٢.٢١٧.١٠٩که‌س.
  • بەپێی سەرژمێرییەکەی ساڵی١٩٧٧ ی گەیشتە ٣.٣٠٣.٣٠٠ کەس.
  • لەساڵی ١٩٨٧ یش گەیشتە٤.٤٨٦.٦٩٧ کەس.

پەروەردە

زانکۆ فەرمییەکانی کوردستان لەخوارەوە نوسراون بە خۆیان‌و کورتکراوەی ناوەکانیان، ناونیشانی ئینتەرنێتییان، ساڵی‌ دامەزراندنیان‌و نوێترین ئامار دەربارەی‌ ژمارەی‌ خوێندکارەکانیان:

 

زانکۆپێگەی ئەلکترۆنیساڵی دامەزراندنژمارەی خوێندکاران
زانکۆی سەڵاحەدین (SU) www.salahaddin-ac.com ١٩٦٨ ٧٠٤٨ (لە ٢٠٠٧ دا)
زانکۆی سلێمانی (US) www.univsul.com ١٩٦٨ ٣٠٦٧ (لە ٢٠٠٦ دا)
زانکۆی دھۆک www.uod.ac ١٩٩٢ ١٦٨٩ (لە ٢٠٠٧ دا)
زانکۆی کۆیە www.koyauniversity.org ٢٠٠٣  
زانکۆی کوردستان www.ukh.ac ٢٠٠٦ ٤٠٠ (لە ٢٠٠٦ دا)
زانکۆی ئەمریکی عێراق= سلێمانی www.auis.org ٢٠٠٧ ٥٠ (لە ٢٠٠٧ دا)
زانکۆی پزیشکیی ھەولێر (HMU) www.hawlermu.org ٢٠٠٦  
زانکۆی کار‌و کارگێڕی (BMU) www.bmu-me.net ٢٠٠٧

 

 

 

 

Read 22917 times

هەواڵی زیاتر لە تویتەر

راپۆرتە پڕ بینەرەکان

حالت های رنگی