هەرێمی کوردستان

   هەرێمی کوردستان

کوردەکان پارێزەری ئەمن و ئاسایشی ناوچەکەن

ھەر لە سەرەتای دروست بوونی عێراقی تازە دوابەدوای روخانی دەوڵەتی عوسمانی لە جەنگی جیھانی یەکەم، واتە دوای پەیمانی لۆزان و سایکس پیکۆ، گەلی کورد بە زۆر لکێنرا بە عێراقی ئەمرۆوە، بۆیە ھەر لەسەرەتاوە نارەزاییەکان دەستی پێکرد و لە رێگای خۆپیشاندان و شۆرشەوە جوڵانەوەکانی تا وەکو ئەمڕۆ بەردەوام بووە و بۆ گەیشتن بە مافەکانیان خەباتیان کردووە. 

یەکەم شۆڕش، شۆڕشی شێخ محمودی حەفید لە ٢٢ی مایسی ١٩١٩ لە سلێمانی بوو. کە دەسەڵاتی کوردستانی تێدا راگەیاند و خۆیشی وەکو مەلیک مەحمود ناساند. لە چەند قۆناغێک بەردەوام بوو تا ساڵی ١٩٣٠ کە لە لایەن سوپای ئینگلیز کە ئەو کات لە عێراق دەسەڵاتداربوون، شکست بە شۆڕشەکە ھات و کۆتاییان پێ‌ھێنرا.

دوابەدوای ئەو جوڵانەوەی بارزان لە جەنگی جیھانی دووەم دەستی پێکرد تا ھەڵگیرسانی شۆرشی ئەیلول بە ڕێبەرایەتی مەلا مستەفا بارزانی کە ئەویش بە ئاواتەکانی نەگەیشت و بەھۆی ڕێککەوتنی ئەلجەزایر لە نێوان شای ئێران و سەدام حسین، شکستی پێ ھات ،دوای ساڵێک جارێکی¬تر شۆرشی کورد سەری ھەڵدایەوە تا لە شەڕەکانی کەنداو دەرفەتێکی بۆ رەخسا و لە ئابی ١٩٩٠ ڕاپەرین دروست بوو لە سایەی دیاری کردنی ناوچەی دژە فڕین ھەلێک رەخسا و جۆرێک لە بەڕێوەبەرایەتی سەربەخۆ دروست بوو. 

دوای جوڵانەوەکانی بارزانی و شۆرشی ئەیلول لەساڵی ١٩٦١و شۆرشی نوێ، چە لە سەردەمی سیستەمی پاشایەتی و چە دەسەڵاتی کۆماری لە عێراق ھیچ کاتێک نەیانتوانیوە مافەکانی کورد دەستەبەر بکەن و رەوایی پێ بدەن، بۆیە بە شێوازە جۆر بە جۆرەکانی خەبات و شۆرش، جوڵانەوەی کورد بەردەوام بووە. ئەم حکومرانیە تاکرەوانەی کەمینەی سووننە بە سەر عێراق درێژەی کێشا تاکو کاتی پەلاماردانی کوەیت لە لایەن عێراقەوە. وە بووە ھۆی ھەڵگیرسانی شەری کەنداوی دووەم وە ھاوپەیمانیەتێکی نێو دەوڵەتی بە سەرپەرشتی ئەمەریکا دروست بوو. ئە¬وە بوو بە ھۆکاری ھاتنی سوپای ئەمەریکا بۆ عێراق و ھەرێمی کوردستان بەتایبەت کە تورکیا رێگای نەدا سوپای ئەمریکا و ھاوپەیمانان بنکەی سەربازی ئینجەرلیک و سنوورەکانی بەکار بھێنێت لە جەنگی کەنداوی دووەم. ئەمەش وای کرد کە ھەرێمی کوردستان سوود لەو بارودۆخە وەربگرێت و رێگا بدات بە ھاتنە ناوەوەی سوپای ھاوپەیمانان بە مەبەستی بەشداری کردن لە روخاندنی سەدام حسین.

ھەڵبەتە بە داخەوە راستیەک ھەبوو کە نە شۆرشی کوردی و نە ئۆپۆزسیۆنی عەرەبی عێراقی لە توانایاندا نەبوو رژێمەکەی سەدام بروخێنن، بۆیە ھاوپەیمانیەک لە نێوان عێراقیەکان و کورد دروست بوو لە لایەکەوە لەگەڵ کۆماری ئیسلامی ئێران و لەلایەکی کەوە لەگەڵ ھاوپەیمانان و ئەمەریکا. کە ڕژێمی بەعسیان گۆڕ بە گۆڕ کرد.

دوای روخانی رژێمی سەدام و ھاتنی سوپای ئەمەریکا و ھاوپەیمانان، سوپای ئەمەریکا ھێزەکانی خۆی لە عێراق و ھەرێمی کوردستان بە شێوەی جۆرا و جۆر ھێشتەوە تا ھاتنی حکومەتی مالکی، وە دوای رێکەوتنێکی ئیستراتیجی لەگەڵ ئەمریکا داوایان کرد کە سوپای ئەمەریکا بچێتە دەرەوە، بە بڕوای من ھەر زوو پێشبینی ئەوەم دەکرد کە ئەمریکاییەکان بە چوونە دەرەوەیان کارێک دەکەن کە ئەم جارەیان عیراق خۆی داوای گەرانەوەی سوپای ئەمەریکا بکات. ئەوە بوو جەنگی تیرۆریستان لە عێراق و ھەرێمی کوردستان پەرەی سەند وە شار و شارۆچکەیەکی زۆر لە لایەن داعشەوە داگیر کرا، سوپای عێراق تێکشکانێکی گەورەی بە خۆیەوە بینی و دواجار شاری موسڵ‌یان بەدەستەوا دا و داعش پەلاماری ھەرێمی کوردستانی دا.

ئەو ھۆکارانە بووە ھۆی ئەوەی زیاتر سوپای ئەمەریکا پێگەی جێگیر بکات لە ھەرێمی کوردستان و عێراق.

کورد لەو نێوەدا بە ھۆی جەنگی داعش و پەلامارەکانی بۆ سەر ھەرێمی کوردستان، ھێزی پێشمەرگە توانی رۆلێکی گرنگ ببینێت لە بەرگری کردن و ئازاد کردنی شوێنە داگیر کراوەکان وە ھێزی پێشمەرگە بوو بە سیمبوڵی بەرگری و شەرکردن لە دژی تیرۆریستان و ھێزەکانی ھاوپەیمانان و ئەمریکا گرنگیان بە پێشمەرگە و گەلی کورددا.  ئێستاکەش داعش رووبەرووی شکستێکی زۆر و روو لە ناوچوونە، ھەر چەندە داعش بە ئاسانی لە ناوناچێت بەڵکو لاواز دەبێت. بە درێژای ھەموو ئەو رووداوانەش کورد بیری لەرێگا چارەیەک کردۆتەوە بۆ دابینکردن و بەدەست ھێنانی مافەرەواکانی و کۆتایی بە ڕێگای جەنگ بێنێت و چەسپاندنی ئەمن و ئاسایشی ناوچەکە و سەلماندوشیەتی کە بەشێکە لە چارەسەر و ھۆکارێکیشە بۆ چەسپاندنی ئارامی و ئاسایش.

سەرکردایەتی کورد بۆ قۆناغی دوای داعش و داھاتووی عێراق باشترین رێگا کە ھەڵی بژاردوە بریاردانە لە چارەی خۆنووسین بە ئەنجامدانی راپرسی  بۆ سەربەخۆیی لە چوارچێوەی عێراقدا، ئەمەش لە رێگای راپرسی و گفتوگۆی جددیی دەبێت سەرەتا لەگەڵ عێراق وە دوایی لەگەڵ وڵاتانی دراوسێ و دەرەوە.

لێرەدا ئەمەریکا و ھاوپەیمانان و ھێزە نێودەوڵەتییەکان زیاتر کەوتونەتە خۆ بۆ ئەوەی ئەو بەرنامەیەی کە لەناوچەکە ھەیانە بۆ پاراستنی بەرژەوەندیە ئیستراتیجیەکانیان ھەوڵبدەن و لەم بوارەشدا دەکرێت بوونی سەربازی خۆیان زیاد بکەن و بنکەکانیان بەھێزتر بکەن، دیارە بوونی بنکە سەربازیەکانی ئەمریکا بە ھۆی راپرسی و سەربەخۆییەوە نەبوو، بەڵکو پێشتر بوو،بەڵام لەمەودوا دەکرێت زیاد بیر لەفراوان بوونی بنکە وزیاد کردنی بکاتەوە. جگە لەوەی بە پێ¬ی ڕێککەوتنێکی ئیستاتیجی نێوان عێراق و ئەمریکا لە عێراقن.

بۆبەرەنگار بوونەوەی ئەم جۆر ھەنگاوانە بە بروای من دەبێت وڵاتانی دراوسێ و بەتایبەت ئێران زیاتر بیربکەنەوە، ھەروەکو لە درێژایی بزوتنەوەی رزگاری خوازانەی عێراق و ھەرێمی کوردستان پشتیوان بوون و ئێران لە شەڕی دژە تیرۆردا یارمەتییەکی باشی بە ھەرێمی کوردستان و عێراق گەیاند، ئێستاکەش بەھەمان شێوەی ڕابردوو کە ھاوکار و ھاوپەیمانی کورد و شیعە و تەنانەت سووننەکانی کە دژی سەدام بوون دەتوانێت لە رێگای گفتوگۆوە بۆ چەسپاندنی مافە ڕەواکانی کورد و لایەنەکانی دیکە کە لە ناو یاسای بنەرەتی عێراق ھەیە ھەموو لایەک بە مافەکانی بگات لە کاتێکدا دەستوری عێراق دانی بە مافی چارەی خۆنووسین داناوە. ڕێگاش لە بەھێزکردنی بنکە و پێگەکانی دەرەکی لە عێراق بگرێت چونکە کورد لە ڕابردوودا توانیویەتی بەشێک بێت لە چارەسەر و چەسپاندنی ئاسایش و بۆ ئایندەش بە دڵنیاییەوە وا دەبێت.

پێویستە بگەرێینەوە بۆ بنەماکانی سەرەتای دروست بوونی بەرەی کوردستانی کە بە ئاشت بوونەوەی گشتی و لێ بوردەیی و یەک ریزی توانیمان سەرکەوتن بەدەست بهێنین

”دوا بژارە و کاردانەوەی کردەیی ئێران بەھۆی ریفراندۆمەوە داخستنی مەرز دەبێت“

نازم دەباغ، نوێنەری حکوومەتی ھەرێمی کوردستان لە ئێران، لەسەر پرسی ڕیفراندۆمی سەربەخۆیی کوردستان و کاردانەوەکانی ئێران و وڵاتانی ناوچەکە لەسەر ئەو پرسە و ھەروەھا پەیوەندییەکانی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان و ئێران بۆ (باس) دەدوێت.

 

(باس) بە حوکمی ئەوەی بەڕێزتان نوێنەری حکوومەتی ھەرێمی کوردستانن لە ئێران، ئێستا پەیوەندیی ئێران لەگەڵ ھەرێم لە چ ئاستێکدا دەبینن؟

 

نازم دەباغ: دیارە پەیوەندییەکانی ھەرێمی کوردستان و ئێران تا ئێستا دەکرێت بگوترێ باشە و بەتایبەت لە رووی چالاکیی ئابووری و کولتووری و کۆمەڵایەتی و ھاوکاریی سەربازی و ئاساییشەوە، ھەروەھا پەیوەندیی سیاسییش بەردەوامە لەڕووی ئاڵوگٶڕی بیروڕا و گفتوگۆکردن، چ لە سەردانی شاندەکانی لایەنەکانی ھەرێمی کوردستان بۆ ئێران و بە پێچەوانەشەوە سەردانی بەرپرسانی ئێران لە ئاستی بەرز و باڵوێزخانە و کونسوڵخانەکاندا، تەنیا کێشەیەک کە ھاتووەتە پێش، باسی ریفراندۆم و سەربەخۆییە، ئەویش تا ئێستا کاری نەکردووەتە سەر تێکدانی پەیوەندییەکان.

 

(باس) ئێران ھەر زوو بەئاشکرا دژایەتیی خۆی بۆ ریفراندۆم و وەرگرتنی رای ھاووڵاتییانی کوردستان بۆ دیارکردنی چارەنووسی خۆیان، پیشان داوە، ئایا تا ئێستاش ئەمە ھەڵوێستیەتی؟

نازم دەباغ: ئێران لە سەرەتاوە بەڕاشکاوی، بەتایبەت لەدوای راگەیاندنی رای رێبەری کۆماری ئیسلامیی ئێران، لەسەر پاراستنی یەکپارچەیی خاکی عێراق، واتە کاتێک رێبەری ئێران ئەم رایەی ھەبێت، ئاسان نییە کۆماری ئیسلامیی ئێران لە رای خۆی پاشگەز بێتەوە، پێم وایە ھیچ گۆڕانێک بەسەر ھەڵوێستیدا نەھاتووە و دووپاتی دەکەنەوە کە لەگەڵ پاراستنی یەکپارچەیی خاکی عێراقدان و ئامادەیی خۆشیان دەربڕیوە پشتیوانیی ھەموو رێککەوتنێک دەکەن، کە ھەرێمی کوردستان لەگەڵ حکوومەتی عێراق لەسەری رێک بکەون.

 

(باس) پێتان وایە کاردانەوەی دەسەڵاتدارانی ئێران بۆ ریفراندۆم بە کردەیی چی دەبێت؟

 

نازم دەباغ: بەداخەوە ئەمڕۆکە ئەوەی دژی ئەنجامدانی ریفراندۆمە تەنیا ئێران نییە، بەڵکوو تورکیا و عێراقیش جەختیان لەسەر کردووە کە نابێت ئەنجام بدرێت، ھەر یەکەیان بە شێوەیەک، ئەڵبەتە وڵاتی تر وەکوو ئەمەریکا رووسیا و ئەوروپیییەکان بە گونجاوی نازانن، بە ھۆکاری بوونی شەڕی داعشەوە، بۆیە ھیچ بژارەیەکی تریشیان بۆ کورد نییە، کە بە ئەنجامنەدانی چی بۆ دەکەن، بۆیە سووربوون لەسەر ئەنجامدانی ریفراندۆم بەدڵنیاییەوە دوا بژارەیان بەپێی زانیارییەکانی بەندە داخستنی مەرز دەبێت.

 

(باس) ھیچ ئومێدێک بۆ ژیانی سیاسی لەگەڵ دەسەڵاتدارانی عێراق شک دەبەن؟

 

نازم دەباغ : بە بڕوای من لەو رۆژەوە کە کورد دەستی بە خەبات و شۆڕش کردووە، بڕوامان وابووە کە ژیان و گوزەران لەگەڵ دەسەڵاتدارانی عێراق ناکرێت و رۆژ لەدوای رۆژ مانەوە و ژیان سەختر دەبێت، لە کاتێکدا ئێمە بڕوامان وابوو دوای رژێمە شوفێنیزمەکانی گۆڕبەگۆڕ، کە گەلانی کورد و کوردستانیان دەچەوساندەوە، وامان دەزانی بە رووخاندنیان ھەلێکی تر دێنێتە کایەوە، بەھۆی ھێزە ئۆپۆزسیۆنەکان و ھاوخەباتەکانمان دەکرێت دان بە مافەکانماندا بنێن و بتوانین پێکەوە بژین، بەڵام بەداخەوە ئاسان نییە مانەوە و ژیان لەگەڵ ئەو جۆرە دەسەڵاتەی بڕوا بە مافەکانی گەلی کورد نەنێت و رەفتاری بەعسییانە بێت.

 

(باس) کەناڵی ئێن ئاڕ تی لەسەر زاری بەڕێزتەوە شتێکی بڵاو کردەوە، دواتر تۆ ئەو قسانەت رەت کردەوە، ئەمانەوێـت زیاتر لەسەر ئەو بابەتە بۆ خەڵک بدوێی.

 

نازم دەباغ: زۆر بەداخەوە کە زۆرینەی راگەیاندنەکانی ھەرێمی کوردستان بەپێی ئەو ئامانج و بەرنامەی کە پەیوەستن پێیانەوە دابەش بوونە، بەندە کە نوێنەری حکوومەتی ھەرێمی کوردستانم، لە ھەمان کاتیشدا یەکێتیم. کاتێک چاوپێکەوتنێک ئەنجام دەدەم بەدڵنیاییەوە رەچاوی ھەمووی  دەکەم، ئەگەر مەبەستیان لەو مانشێتە بوو کە (ئێن ئاڕ تی) دروستی کردبوو، بەدڵنیاییەوە دروستکراو بوو، لە کاتێکدا لەگەڵ ئەوان چاوپێکەوتنم نەکردبوو، چونکە من ھەمیشە گوتوومە ریفراندۆم بۆ سەربەخۆیی مافی رەوای گەلەکەمانە و ھەر کەسێک و کوردێک پشتیوانی نەبێت بە خیانەتی دەزانم، دیارە پرسی ریفراندۆم کارتێکە، یا ھۆکارێکە بۆ بەدەستھێنانی مافەکان، کەچی برایانی (ئێن ئاڕ تی) بە مەبەستی دیاریکراو قسەکانیان پچڕپچڕ کردبوو، ئەگەرنا فەرموون ھەموو چاوپێکەوتنەکان بە تۆمارکراوی ھەیە و زۆربەشی لە ماڵپەڕی نوێنەرایەتیی حکوومەتی ھەرێم لە تاران لەسەر تویتەرەکە بڵاو کراوەتەوە، جارێکی تر دەیڵێمەوە، ھەر کوردێک پشتیوانیی ریفراندۆم بۆ سەربەخۆیی نەکات خیانەتی کردووە، بەڵام ئەوەشم لەگەڵدا گوتووە کەی و چۆن، دیارە کە دەستەبەرکردنی یەکڕیزی و یەکگوتاریی سیاسی و بە یاساییکردن، مەرجی ئەنجامدانی پرۆسەی ریفراندومە.

 

(باس) لە چەند میدیایەکی کوردستانی و دەرەوەدا رای دژ بە یەک ھەبووە سەبارەت بە دیدی ئێوە بۆ ریفراندۆم، دەمانەوێ بەڕاشکاوی رای ئێوە سەبارەت بە ریفراندۆم بۆ سەربەخۆیی کوردستان بزانین چییە؟

 

نازم دەباغ: پێم وانیە ھیچ لێدوانێکی دژ بە یەکمان ھەبێت و ھەمووی تۆمار کراوە و لام ھەیە، تەنیا ئەوە نەبێت زۆر جار خوێنەری کورد تەنیا مانشێت دەخوێنێتەوە و سەیری ناوەڕۆک ناکات، کە خۆشتان دەزانن رۆژنامە و تەلەڤزیۆن و راگەیاندنەکان بەپێی لێکدانەوەی خۆیان مانشێت بە مەبەست دروست دەکەن. ئەوەی سەر بە کەمپینی (نەخێرە)، یان (بەڵێ) بەپێ‌ی خواستی خۆی دای دەبەزێنێت و ھەروەھا ئەمەم لە ئێوەش دیوە.

 

(باس) ئێستا کەسانێک لە ھەرێمی کوردستان پرسی ڕیفراندۆم لەم دۆخەدا بە گونجاو نازانن، ئێوە لەسەر ئەمەدا چی دەڵێن؟

 

نازم دەباغ: پێم وایە بوونی بۆچوونی جیاواز بەڵگەی بوونی ئازادی و جۆرێ لە دیموکراسییەتە، کە بەداخەوە ھەندێک خراپ بەکاری دەھێنن. بەشێک لە ئوباڵی بوونی ئەم ڕایە جیاوازانە لە ئەنجامی ئەو قەیران و بارودۆخەیە، کە بەشێکی سەرکردایەتیی سیاسی لێی بەرپرسیارە و بەشێکیشی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان، کە لە ئاستی ھۆشیارکردنەوە و بەڕێوەبردنی وەکوو پێویستدا نەبووە لە ڕووی چارەسەرکردنی قەیرانەکان و بەرەنگاربوونەوەی گەندەڵی و کەموکوڕییەکان.

 

(باس) ئێوە سەرەڕای ئەوەی نوێنەری حکوومەتی ھەرێمی کوردستانن، لە ھەمان کاتدا ئەندامی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستانن، یەکێتی و ئێرانیش پەیوەندییەکی لەمێژینەیان ھەیە، پێتان وانییە بەھۆی سووربوونی یەکێتی لەسەر ڕیفراندۆم، ئێران پەیوەندی لەگەڵ یەکێتیدا خراپ بکات؟

 

نازم دەباغ: حەز دەکەم ڕاستییەک ھەیە بیزانیت، کە بەر لە یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان، پێم وایە پارتی دیموکراتی کوردستان پەیوەندییەکانی زووتری بووە لەگەڵ ئێران، ھەر لە ڕووخانی شای ئێرانەوە تا ئێستا، یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان لە مانگی ٠٥/١٩٨٥ ھەوڵی دا پەیوەندییەکانی دروست بکات، کەواتە تەمەنی پەیوەندییەکانی پارتی ٨ ساڵ زیاترە لە یەکێتی. بۆ ئەمڕۆکە دەتوانم بڵێم (یەکێتی– پارتی) تا ئێستاکە چ لە پەیوەندییان لەگەڵ ئێران و چ لەسەر بۆچوونیان لەسەر ئەنجامدانی ڕاپرسی جیاوازییان ھەبێت یەک ھەڵوێستن، واتە ئێران ھەمان ھەڵوێستی لەگەڵ یەکێتی لەگەڵ پارتیش دەبێت، دەمەوێ دڵنیات بکەمەوە ھەمیشە یەکێتی لەپێناوی خواستی گەلی کورد و مەسەلە نەتەوەییەکان قوربانیی داوە، لە کاتێ شاندی یەکێتی ھاتە تاران، وەکوو خۆی بەرگریی لە مافە رەواکانی کردووە و بەپێی دروشمەکانی ڕاستگۆش بووە. بۆیە بڕوام وایە ئەگەر پەیوەندیی خراپ بێت لەگەڵ ھەموو حکوومەتی ھەرێم و لایەنەکان خراپ دەبێت، پەیامی ئێران بۆ ھەمووان وەکوو یەکە.

 

(باس) ھەڵوێستی ناوچەیی و ھەرێمی لە ئاستی پرسی ڕیفراندۆمی سەربەخۆیی کوردستان چۆن دەبینن؟

 

نازم دەباغ: تا ئێستا ئاسۆیەکی روون نییە، کە پشتیوانی لە ڕاپرسی بکەن، لە کۆبوونەوەکانی وەزارەتی دەرەوەی وڵاتانی دراوسێ، ھەموویان لە ڕووی دەربڕینەوە کۆکن لە ھەڵوێستیان دەربارەی ھەرێمی کوردستان، جا چ داوای جێبەجێ نەکردنیان کردووە یان دواخستنی. کاتێک تورکیا لەسەر ئاستی بەرز ھەنگاوەکەی ھەرێم بە ھەڵەیەکی مێژوویی دەبینن و لەگەڵ پاراستنی یەکپارچەیی خاکی عێراقدان، ئێران داوای پاراستنی یەکپارچەیی خاکی عێراق دەکات. عێراق دەڵێت ”ڕاپرسی پرۆسەیەکی نایاساییە" ئەی دەبێت چی چاوەڕوان بکرێت لە ھەڵوێستی ئەوانی دیکە!. ئەڵبەتە وڵاتانی زلھێز و ئەوروپاش بە شێوەیەک لە شێوەکان داوای دواخستنی دەکەن، بە بیانووی بوونی شەڕی داعش و پاراستنی ئەمن و ئاسایشی ناوچەکە و خاکی عێراق. واتە تەنیا ئەوەی کە گرنگە ھەڵوێستی لایەنە سیاسییەکان و سەرکردایەتیی سیاسیی کوردستان و حکوومەتی ھەرێمە، زلھێزەکان و ئەوروپاش تا ئێستا بەدیلیان پێ نییە کە ئەگەر ڕاپرسی دوا بخرێت، بۆ ئایندەی کورد چییان پێیە، بۆیە زیاتر لێکدانەوەی دەوێ بە سەرکەوتنی پرۆسەکە.

 

(باس) بەم دواییانە چەندین بەرپرسی گەورەی وڵاتانی زلھێز سەردانی ھەرێمی کوردستانیان کرد و تاوتوێی پرسی ڕیفراندۆمیان کرد، پێتان وانییە ئەوە ئەو واقیعە دەسەلمێنێت کە ھەرێمی کوردستان ئێستا لە قۆناغێکدایە کە ھەموو وڵاتانی جیھان حسێبی بۆ دەکەن؟

 

نازم دەباغ: ڕاستە ئەمڕۆ ھەرێمی کوردستان پێگەیەکی گرنگی ھەیە، خۆڕاگری و قارەمانیەتیی پێشمەرگەکانی ھەرێمی کوردستان لە شەڕی داعش زیاتر ئەم پێگە گرنگەیان دروست کردووە، کە کورد دەبێت بیـر لەدوای تەواوبوونی شەڕی داعش بکاتەوە، ئەوەی لێرە جێگای پرسیارە، ئەو ھەموو بەرپرسانەی باسیان لێوە دەکەیت کە دێنە ھەرێمی کوردستان، لە ھەموو ئاستەکانی تێدایە و لە لایەن سەرۆکایەتیی ھەرێم و حکوومەتی ھەرێم پێشوازییان لێ دەکرێت، چییان پێیە بۆ کورد؟ جگە لە ھاوکاری لە شەڕی داعش و زیاتر ھاوکاریی سەربازی و کام پڕۆژەی سیاسییان پێیە بۆ چارەسەری کێشەکانی کورد لە ناوچەکەدا؟ بۆیە پێویستە حکوومەتی ھەرێم حساب بۆ ھاتن و کۆمەک و ڕێزگرتن لە ھێزی پێشمەرگە بکات و ھەم بیریش لە داواکارییەکان بکات بۆ دواخستنی ڕاپرسی بۆ  ئایندە و ڕاپرسی بۆ سەربەخۆیی لەبەرچاو بگرن. پرسیار ئەوەیە ئەگەر کورد رەچاوی داواکارییەکانیان نەکات، لەدوایی چی ڕوو دەدات؟ کورد لە ڕابردوودا سەلماندویەتی کە بەشێکە لە چارەسەر و چەسپاندنی ئاسایش لە ناوچەکە و ھێزی سەرەکیی بەرەنگاربوونەوەی داعش و تیـرۆریستە لە ڕۆژھەڵاتی ناوەڕاست، لەداھاتووشدا وا دەبێت.

 

(باس) بە بۆچوونی تۆ کاتی ھەڵوەشاندنەوەی پەیمانی لۆزان و سایکس بیکۆ نەھاتووە؟

 

نازم دەباغ: بە بڕوای من کورد دەبێت بەدوای گەیشتن بە مافەکانیەوە بێت بە ھەڵوەشاندنەوەی ھاوپەیمانی لۆزان و سایکس پیکۆ بێ یان نا، بەڵام پرسیار ئەوەیە، لە ھەڵوەشاندنەوەی ئەم پەیمانانە چ بە کورد دەبڕێت؟ ئایا ئەو وڵاتانە سوودمەند دەبن بەھۆی لۆزان و سایکس پیکۆ سەرزەمینەکەیان پارچە پارچە بووە و عێراقیان پێ دروست کرد، یان لە سایەی ھەڵوەشاندنەوەیدا کورد دەگەڕێننەوە سەر ئەو بەشەی کە لێی دابڕاوە؟ یا سەربەخۆ دەبین؟ بۆیە گرنگە بزانین بە ھەڵوەشاندنەوەی لەسەر بنەمای خاکی کوردستان دەبێت، یان گەڕانەوەی ویلایەتی نەینەوا (مووسڵ) و بەغدا دەبێت؟ کە پێم وایە ئەگەر وریا نەبین کێشەکانمان وەکوو خۆی دەمێنێتەوە و لە قازانجی تورکیا دەبێت. پێویستە کار بۆ بەدەستھێنانی مافەکان لە سەربەخۆیی بێت، نەک تەنیا بیر لە ھەڵوەشاندنەوەی پەیماننامەکان بکەین.

 

(باس) چی بکرێت بۆ ئەوەی کۆدەنگیی نیشتمانیی دروست بێت و حزبە سیاسییەکان پێکەوە بەشداری لە ریفراندۆمدا بکەن؟

 

نازم دەباغ: پێم وایە دەبێت ھەوڵی سەرخستنی پرۆسەی ریفراندۆم بۆ سەربەخۆیی بدەین، ئەویش بە دەستەبەرکردنی یەکڕیزیی گەلی کوردستان و یەکگوتاری لە سیاسەتی حکوومەتی ھەرێم، پێویستە بگەڕێینەوە بۆ سەر ئەو بنەمایانەی سەرەتای دروستبوونی بەرەی کوردستانی بە ئاشتبوونەوەی گشتی و لێبوردەیی و یەکڕیزی، کە توانیمان سەرکەوتن لە ڕاپەڕین بەدەست بھێنین، ئەمڕۆکە بێتە دی، کە ھەوڵی سەربەخۆیی دەدەین لەدوای فیدڕاڵیەتدا، واتە واز بھێنین لە بەرژەوەندیی تاک و حزبایەتیی تەسک و عینادی لە بڕیاری سیاسی. ھەموو ئەو ھۆکار و قەیرانانە چارەسەر بکرێن کە بوونەتە مایەی نیگەرانی و دروستبوونی کەمپینی (نەخێر). واتە ئەبێت سەرکردایەتیی کورد و حکوومەتی ھەرێم لەگەڵ جەماوەرە ناڕازییەکەی ئاشت بێتەوە، بە چارەسەری کێشەکانی و گەیاندنی خزمەتگوزارییەکان، دڵنیایی بە وڵاتانی دراوسێ و دونیا بدەین کە مایەی سەقامگیری و ئارامی و ئاسایشی ناوچەکە دەبین و ڕاگەیاندەکان ھەوڵ بدەن رۆڵیان ھەبێت لە گەیاندنی ئەم پەیامە، نەک ڕۆژانە باس لە چالاکی و جموجۆڵی ئۆپۆزسیۆنەکان بکات لە ھەرێمی کوردستان، یان بە ئاڵای ئیسرائیل بانگەشەی دەنگدان بکەن، کە ھەم وڵاتانی ئیسلامی دەوروژێنن و ھەم وڵاتانی عەرەبی، کە پێم وایە لەم قۆناغەدا بە زەرەرمانە.

 

(باس) پێشبینی دەکەی ئێران تەداخولی سەربازی بکات کاتێک کە ھەرێمی کوردستان ڕیفراندۆم ئەنجام بدات؟

 

نازم دەباغ: ئۆمێد دەکەم نەگاتە ئەوەی بژارەیەی بەکارھێنانی ھێز ھەڵبژێرێ. من دووری دەبینم و ئەوەش دەڵێم ھەڵوێستی ئێران بەستراوەتەوە بە ھەڵوێستی عێراق، تورکیا و ئێران. بەپێی زانیارییەکان، دوا وڵات دەبێت لە بەکارھێنانی بژارەی سەربازی، چونکە بۆ ئێران ھاوپەیمانیی کورد گرنگە لە عێراق.

 

(باس) دەگوترێت کە ئێران ناڕاستەخۆ عێراق بەڕێوە دەبات، ئەمە چەندە راستیی تێدایە؟

 

نازم دەباغ: دەگوترێت جیاوازە لەگەڵ ئەوەی ھەیە، چونکە ئەم جۆرە بۆچوون و گوتارانە بەرەو ڕووی ھەموو لایەک دەبێتەوە، چ کورد، شیعە و سوننە لە عێراق. شێوەی خەباتی رابردوو و ھەموو جۆرە پەیوەندییەکان بە وڵاتانی دراوسێوە ھەبووە، لە ڕووی ھاوکاری و پەیوەندییەوە ئەمڕۆکە ھەموو ئەو لایەنانە بەرپرسن لە بەڕێوەبردنی عێراق و ناوچەکە، بۆیە تا ئەو کاتەی بە تەواوی ئەمن و ئاسایشی ناوچەکە دەچەسپێت، بەدڵنیایی ئەو پەیوەندییانە دەمێنێ و ناپچڕێت، وڵاتانی ناوچەکەش رۆڵ و نەخشیان دەبێت لە بەڕێوەبردنی عێراق و ناوچەکە، ئەوەی گرنگە ھەر ھەموومان بەرژەوەندییەکانی کورد لە سەرووی ھەموو بەرژەوەندییەکانەوە ببینین.

 

(باس) لەم ئانوساتەی کە ھەرێمی کوردستانی پێدا تێدەپەڕێ، ئایا پێشبینی رێککەوتننامە و گەلەکۆمەکی لە دژی ھەرێم دەکەن؟

 

-نازم دەباغ: بەدڵنیاییەوە ئەوەی دژی ڕاپرسیی کورد بێت بیـر لە ھەموو بژارەیەک دەکاتەوە، لەوانە گەلەکۆمەکێ و ڕێککەوتن لە دژی ھەرێمی کوردستان، کە جۆرێ لە جموجۆڵ ھەستی پێ دەکرێت، لە کاتێکدا بەرپرسانی وڵاتە دراوسێکانی ھەرێمی کوردستان وەکوو ئێران، عێراق و تورکیا لە ئاستی باڵا کۆبوونەوەی جیاجیای دەزگاکانی سەربازی و ئەمنی بە نھێنی و بەئاشکرا کۆ دەبنەوە، دەبێت بە ھەندی وەربگرین چ لە بەغدا و چ لە تورکیادا.

 

(باس) چ پێشبینییەک بۆ ئایندەی ھەرێمی کوردستان دەکەی؟

 

نازم دەباغ:  کە دەستمان بە خەبات و تێکۆشان کرد بەو ئومێدەی کە رۆژێک دێت کورد بە ئامانجەکانی بگات و ھەر چەند ڕێگاکان دژوار و سەخت بن، بەردەوامبوونی خەبات و تێکۆشان لە سایەی ڕێبەرایەتیی سەرکردەی شیاو، ئازا و پاک بەو رۆژە دەگەین، کە سەربەخۆیی و ئازادی تێدا بێتە کایەوە. ئێستاکە حکوومەتی ھەرێمی کوردستان ھەیە کە نوێنەرایەتیی ھەموو پێکھاتەکانی کوردستان دەکات، واتە ھەوڵ و کۆشش دەمانگەیەنێتە ئاواتەکانمان، سەرفەرازی و سەربەخۆیی لە خەباتی ھێزی پێشمەرگەی قارەمان و جەماوەرە نەبەزەکەی و خوێنی ھەزاران شەھید و کەمئەندامی گەلەکەماندایە، بە ھیوای سەربەخۆیی و دادپەروەری و ئازادی و دیموکراسی بۆ حکوومەتێکی کوردیی سەربەخۆ.

 

زریان حاجی

 

نازم دەباغ: ھەڵوێستی ئێران و تورکیا لەبارەی ڕیفراندۆمەوە گۆڕانکاری بەسەردا نەھاتووە

ھەڵوێستی ئێران و تورکیا نەگۆڕەو تا ئیستا لەگەڵ ئەنجامدانی ریفراندۆم نین لە ھەرێمی کوردستان، نوێنەری حکومەتی ھەرێمیش لە تاران رایگەیاند، ئێران و تورکیا بە دوای رێگا چارسەرێکدا دەگەڕێن بۆ ئەنجام نەدان یاخود دواخستنی ریفراندۆم. 
"نازم عومەر" نوێنەری حکومەتی ھەرێم لە تاران بەکوردسات نیوزی راگەیاند، راپرسی بۆ سەربەخۆیی ئەرکێکی پیرۆزی ھەموو کەسێکی نیشتمانپەروەرە لە کوردستان، بەڵام کاتی ریفراندۆمەکەو ھەڵوێستی وڵاتانی دەوروبەرو جیھان لەسەر ئەو پرسە، دواخستنی ریفراندۆمە لەو وادەیەی دیاریکراوەو کاتەکەی بەگونجاو نازانرێت. 

 

"نازم عومەر" راشیگەیاند، کۆماری ئیسلامی ئیران و تورکیاش یەکێکن لەو وڵاتانەی ھەمیشە باس لە پاراستنی یەکپارچەیی خاکی عێراق دەکەن، ھەروەھا جەخت لەوەش دەکەنەوە مافە رەواکانی گەلی کورد لە چوارچێوەی دەستوری ھەمیشەیی عێراقدا جێبەجێ بکرێت، لەبەرئەوە ھەڵوێستی ئەو وڵاتانە ھەڵوێستێکی نەگۆڕە لەسەر ئەنجام نەدانی ریفراندۆم لەو وادەیەی دیاریکراوە.

نازم دەباغ: کوردەکان دەتوانن هاوڕێیەکی هێمن و ئاسایش بن . بیرووڕای نوێنەری هەرێمی کوردستانی عێراق لە ئێران سەبارەت بە ریفڕاندۆم

"نازم دەباغ" نوێنەری حکوومەتی هەرێمی کوردستانی عێراق لە ئێران سەبارەت بە پرسی ریفڕاندۆم و کاریگەریی لەسەر ناوچەکە و ڕوانگەی وڵاتانی ناوچە لەبارەی ئەم ڕووداوەوە بە ئینساف نیووزی گوت: کوردەکان دەتوانن بۆ سەقامگیری و دابینکردنی ئاسایش لە بەشە جۆراوجۆرەکانی دیکەشدا هاوکار و هاوڕێی بن.

 

لەسەر بڕوای پێگەی هەواڵنێریی لوبنان 24، مەسقەت ئەم ڕۆژانە شایەدی هاتووچۆی هەندێک شاند لە ئێران، عەڕەبستان، تورکیا و عێراقە کە بۆ دانووستان لەسەر چارەسەرکردنی قەیرانی سووریا لەم شارە ئامادەدەبن و عومانیش چاودێری ئەم دانووستانانەیە. هەروەها لە ڕاپۆڕتی ئەم پێگە هەواڵنێرییەدا، ئاماژە بە سیاسەتی کراوەی ئێران و تورکیا لە سەر مەسەلەی کوردستان کراوە.

 

"نازم دەباغ" لەسەر هەڵسەنگاندنی ئەم هەواڵە بە پەیامنێری ئینساف نیووزی گوت: ئێمە تەنیا تا ئەو ڕادەیە ئاگادارین کە سەرۆکی بنکەی گشتیی هێزە چەکدارییەکانی ئێران، لەسەر بانگهێشتی رەسمی بەرپرسانی تورکیا لەگەڵ گەورە بەرپرسانی ئەم وڵاتە چاوپێکەوتنی کردووە و لەسەر ئەوە پێکگەیشتوون کە بۆ دابینکردنی ئاسایشی وڵاتانی خۆیان لەگەڵ یەکتری هاوکاریی چەکدارییان هەبێت.

 

گوتیشی: یەکێک لە گرفتەکانی کوردەکان ئەوەیە کە هەر کاتێک دەیانەوێت بە مافی ڕەوای خۆیان بگەن، وڵاتانێک کە لە بنچینەی کۆمەڵایەتی خۆیاندا کوردیان هەیە هەوڵەکانی خۆیان بۆ نەهێشتنی ئەم مەسەلەیە دەخەنەەڕ، هەر چەندە کە کوردەکان دەتوانن بۆ سەقامگیری و دابینکردنی ئاسایش لە بەشە جۆراوجۆرەکانی دیکەشدا هاوکار و هاوڕێی بن.

 

هەڵوێستی ئێران لە سەرەتاوە ڕوون و ئاشکرابوو

 

دەباغ سەبارەت بە هەڵوێستی ئێران گوتی: هەڵوێستی ئێران لە سەرەتاوە سەبارەت بە پرسی ڕیفڕاندۆم ڕوون و ئاشکرابووە و بۆ مانەوەی یەکپارچەیی خاکی عێراق پێداگریی کردووە و بۆ چارەسەرکردنی گرفتەکانی هەرێمی کوردستان لە چوارچێوەی مافە ڕەواکانی خۆیدا لە چوارچێوەی یاسای بنەڕەتی عێراق و ڕێککەوتنەکان لە نێوان کوردەکان و عێراقدا ئامادەیی خۆی نیشانداوە.

 

گوتیشی: وڵاتانی جیهان و دراوسێکانی ئێمە حەساسییەتی تایبەتی خۆیان هەیە، وڵاتانی دراوسێ لەوبڕوایەدان کە ئەم مەسەلەیە کاریگەی لەسەر ئەو وڵاتانە دادەنێت کە جمووری کوردیان هەیە، بەڵام ڕابردوو سەلماندوویەتی کە هەرێمی کوردستان توانیوییەتی بۆ چارەسەرکردنی گرفتەکانی عێراق و ناوچەکە و هەروها سەقامگیری و دابینکردنی ئاسایشی سنوورەکان و ناوچەکە، کاریگەر و بەسوود بێت. بێجگە لەمانە هێزەکانی پێشمەرگە، هێزێکی سەرەکی و گرینگ لەشەڕ لەگەڵ تیرۆریستان و داعیش بووە و ئێستاش هەیە. وڵاتانی ئەورووپی و ئەمەریکا لەو بڕوایەدان کە ئەم مەسەلەیە کاریگەری لەسەر شەڕ و خەبات لەگەڵ داعش دەبێت. هەر وەکوو ئاماژەم پێدا پێشمەرگەکان قارەمانانە و لەوپەڕیی لەخۆبردووییەوە لەگەڵ داعش شەڕ دەکەن. بەڵام هۆی سەرەکی و گرینگ بۆ بەرژەوەندیی هاوبەشی ئەوان لەگەڵ عێراق و وڵاتانی عەڕەبی و تورکیا و ئێران دەگەڕێتەوە، بەتایبەت لە بواریی ئاسایش و وزەدا. 

نازم دەباغ: راپرسی بۆ سەربەخۆیی

”باشترین ڕێگەی گەیشتن بە ئامانجی کورد گفتوگۆی ئاشتییانەیە“

نوێنەری حکوومەتی هەرێمی کوردستان جەختی لەوە کردەوە کە پێیوایە هەر کەسێک دژایەتیی راپرسی بۆ سەربەخۆیی کوردستان بکات، ”خائینە“ و گفتوگۆی ئاشتییانەشی بە باشترین ڕێگەی گەیشتن بە مافەکانی کورد وەسف کرد.

 

نازم دەباغ، نوێنەری حکوومەتی هەرێمی کوردستان لە تاران، بە (باسنیوز)ی ڕاگەیاند، ئێران ئێستاش لەسەر هەڵوێستەکانی خۆی بەرامبەر بە ڕیفراندۆم سوورە، بەڵام ”ئێستا باس لەوە دەکەن کە بەغدا هەڵوێستی لەبارەی ڕیفراندۆم هەرچی بێت، ئەوانیش هەمان هەڵوێستیان دەبێ“.

 

هاوکات داوای لە سەرکردایەتیی سیاسیی کوردستان کرد، ”هەموو ئەگەرەکان لەبەرچاو بگرن“ و ئاشکرای کرد کە ئێرانییەکان پێیان گوتوون، ئەگەر ڕیفراندۆم بەبێ ڕەزامەندیی ئەوان بکرێ، ئەوا ”ئەو هاریکارییەی ئێران کە پێشتر لەگەڵ هەرێمی کوردستان دەیکرد، ئەوا نامێنێت“.

 

ئەوەشی نەشاردەوە کە داخستنی مەرز لەلایەن ئێرانەوە تاوەکوو ئێستا لەئارادا نییە و ئەم کارە بکرێت، ”هەرێمی کوردستان و کۆماری ئیسلامیی ئێرانیش زیانیان بەر دەکەوێ“. گوتیشی: ”ڕاستییەک هەیە کە گەمارۆ نێودەوڵەتییەکان نەیانتوانی سیاسەتی ئێران بگۆڕن“.

 

لە بەشێکی دیکەی قسەکانیدا نازم دەباغ جەختی لەوە کردەوە: ”ڕاپرسی مافێکی ڕەوای گەلی کوردستانە و پشتیوانیکردن لە ڕیفراندۆم ئەرکێکی پیرۆزی هەموو کوردێکە و ئێستاش دەیڵێمەوە هەر کەسێک دژایەتی بکات، بە خائینی دەزانم“. گوتیشی: ”یەکێک لە هۆکارەکان بۆ گەیشتن بە ئامانجەکانی کوردستان، ڕێگەی گفتوگۆی ئاشتییانە و سەردان و ڕێگەی دیپلۆماسییە“. 

نازم ده‌باغ له وتووێژ له‌گه‌ڵ ئاژانسی آنا: وه‌فدی فه‌رمی حکومه‌تی کوردستان سه‌ردانی به‌غدایان کردووه

 نوێنه‌ری هه‌رێمی کوردستانی عێراق له تاران وته‌ی چه‌ن لایه‌نێکی هه‌رێمی له‌سه‌ر سه‌ردانی نافه‌رمی وه‌فدێک بۆ به‌‌غدا ره‌ت ده‌کاته‌وه‌و وتی که ئه‌و وه‌فده‌ی ئێستا بۆ دانوستان له به‌غدان، وه‌فدی فه‌رمی هه‌رێمی کوردستانه.

به پێی راپۆرتی به‌شی نێوده‌وڵه‌تی ئاژانسی هه‌واڵی آنا، وه‌فدێکی پایه‌به‌رز له هه‌رێمی کوردستانه‌وه رۆژی دووشه‌ممه بۆ دانوستان سه‌باره‌ت به که‌یسی ریفراندۆمی سه‌ربه‌خۆیی سه‌ردانی به‌غدایان کردووه. ئه‌م سه‌ردانه له کاتێکدایه که سه‌رۆکایه‌تی هه‌رێمی کوردستانی عێراق بڕیاری داوه ٢٥/٩ گشتپرسی سه‌ربه‌خۆیی به‌ڕێوه‌ ببات، به‌ڵام به‌رپرسانی عێراقی دژی ئه‌م بڕیاره‌ن و واشینگتۆن‌یش داوای کردووه که کاته‌که‌ی دوابخرێت.

 

نازم ده‌باغ، نوێنه‌ری هه‌رێمی کوردستانی عێراق له تاران له‌م باره‌وه به ئاژانسی آنای وت: "وه‌‌فدی هه‌رێمی کوردستان و کۆمیسیونی به‌ڕێوه‌به‌ری ریفراندۆم یه‌که‌م هه‌نگاویان بۆ دانوستان له‌گه‌ڵ حکومه‌تی ناوه‌ند له به‌غدا هه‌ڵگرتووه‌و ئێستا کاتی ئه‌وه‌یه که عێراق نیازپاکی خۆی بۆ چاره‌سه‌رکردنی کێشه‌کان بسه‌لمێنێت."

ده‌باغ وتی: "به گشتیی هه‌ر رێککه‌وتنێک که رای کورده‌کانی له‌سه‌ر بێت، په‌سه‌ند ده‌کرێت، به دڵنیاییه‌وه هه‌موو ئه‌مانه‌‌ش به‌نده به لایه‌نی به‌رامبه‌ره‌وه واتا حکومه‌تی عێراق و ته‌نانه‌ت ئه‌گه‌‌ر هه‌موو وڵاتانیش کۆببنه‌وه، هه‌روه‌ها که له‌م دواییانه‌دا ئه‌مریکاش پێشنیاری دواخستنی ریفراندۆمی خستووه‌ته‌ به‌رده‌ست، ده‌بێت ره‌زامه‌ندی هه‌رێمی کوردستان دابین بکات."  

به‌ڕای ده‌باغ پێشنیاره‌که‌ی ئه‌مریکا بۆ دواخستنی کاتی ریفراندۆم، "کاتییه‌" و ده‌ڵێت: " رابه‌رایه‌تی هه‌رێمی کوردستان ته‌نها سه‌رچاوه‌یه‌کی که ده‌توانێت سه‌باره‌ت به ریفراندۆم  یان دواکه‌وتنی بڕیاری کۆتایی بدات. جگه له‌وه‌ سوورن له‌سه‌ر به‌ڕێوه‌چوونی له کاتی خۆیدا واتا ٢٥ی٩. به دڵنیاییه‌وه ئه‌و وڵاتانه‌ش که ئه‌م جۆره پێشنیارانه ده‌خه‌نه به‌رباس، ده‌بێت ئه‌و گه‌ره‌نتییه‌ش بده‌ن که مافی چاره‌ی خۆنووسینی کورده‌کان تووشی کێشه نه‌بێت و حکومه‌تی عێراق پابه‌ندی ئه‌و به‌ڵێنانه بێت که ده‌یدات به کورده‌کان"

 

 

نوێنه‌رێ حکومه‌تی هه‌رێمی کوردستانی عێراق له تاران له وڵامی پرسیارێکدا سه‌باره‌ت به بارودۆخی هه‌رێم و به‌ڵانسی هێزه‌کان له نێوان دوو بزووتنه‌وه‌ی "نا بۆ ریفراندۆم" و "به‌ڵێ بۆ ریفراندۆم" وتی: "زۆرینه‌ی ره‌‌های کورده‌کان خوازیاری سه‌ربه‌خۆیین و هیچ تاکێکی کورد نییه که نه‌یه‌وێت دیموکراسی له ناوچه‌که‌و له هه‌رێم به‌رقه‌رار بێت"

 

پەڕەى 5 لەکۆى 222 پەڕەدا

دوایین هەواڵەکان

بە دوا چوون لە تۆڕە کۆمەڵایەتییە کان

راپۆرتە پڕ بینەرەکان

حالت های رنگی