جێگری سەرۆك وەزیران لە کۆبوونەوەی لەگەڵ پارێزگاری هەولێر، سلێمانی، دهۆك و هەڵەبجە ڕایگەیاند، پێویستە هەموومان بەرپرسانە مەماڵە بکەین و ڕۆڵێکی باش و کاریگەرمان هەبێت بۆ ئێستای کوردستانەکەمان . ئەوەی دوپاتکردەوە دوای بڕینی بەشە بودجەی هەرێم لەلایەن بەغدادەوە، هۆکارێکی دیکە بریتیە لەوەی کە خەرجی زیاترە لە داهات، بۆ چارەسەرکردنی دەبێت خەرجیەکانمان کەم بکەینەوە و داهات زیاد بکەین، کە ئەمەش گرفتی چەندساڵەیە و لە ئێستا تەواو کاریگەری دروستکردووە.

لە کۆبوونەوەکەدا کە بەڕێزان وەزیری ناوخۆ، وەزیری دارای و وەزیری پلاندان و وتەبێژ و سکرتێری ئەنجومەنی وەزیران تێدا ئامادە بوون، بەڕێز قوباد تاڵەبانی داوای لە پارێزگارە بەڕێزەکان کرد لەگەڵ بەڕێوەبەرەکاندا بەردەوام لە پەیوەندیدابن لەگەڵ فەرمانبەران و هاوڵاتیانی بەڕێز، بۆ ئەوەی بەرچاوڕوونی پێویستیان پێبدرێت بەرامبەر ئەو قەیرانانەی هەرێمی کوردستانی گرتووەتەوە و پلان و هەنگاوەکانی حکومەتی هەرێم  بۆ دەربازبوون لەو قەیرانانە ڕوون بکەنەوە.

پارێزگارە بەڕێزەکان سەرنج و داواکاری خۆیان پێشکەشکرد و هەموولایەك هاوڕابوون لە سەر پێویستی ئارامکردنەوەی دۆخی ئێستای هاوڵاتیان و  پێکەوە بە هەموو ڕەنگ و دەنگە جیاوازەکانەوە بەرپرسانە و دڵسۆزانە هەوڵەکان بخەنە گەڕ بەرەو چاکسازی و چارەسەری گونجاو. 

جێگری سەرۆکی ئەنجوومەنی وەزیران لە کۆبوونەوەی لەگەڵ سکرتاریەت و لێپرسراوی لقەکانی یەکێتی مامۆستایانی کوردستان، سوپاسی ڕۆڵی مامۆستایانی کوردستانی کرد لە خزمەتکردن بە نیشتمانەکەیان و پێگەیاندنی نەوەکانمان و داواکانیان لە ئێستادا ڕەوایە، بەڵام خۆپیشاندان و بایکۆتکردن چارەسەری گرفتەکانیان ناکات.

قوباد تاڵەبانی ئەوەشی ڕاگەیاند، قەیرانەکانی هەرێمی کوردستان تەنها مامۆستایانی بەڕێزی نەگرتووەتەوە بەڵکو هەرێمی کوردستانی بە گشتی گرتووەتەوە، کەواتە دەبێت هەموومان بەرپرسانە مامەڵە لەگەڵ دۆخی ئێستای کوردستاندا بکەین و نابێت قەیرانەکان تێکەڵ بە پرسە سیاسیەکان بکرێت و کوردستان بەرەو ئاقارێکی ناجێگیردا ببرێت.

 

 

ئاماژەی بەوەدا وەك حکومەتی هەرێمی کوردستان هەموو هەوڵەکانمان چڕ دەکەینەوە بۆ دەربازبوون لە قەیرانەکان و چارەسەرکردنی کێشەی موچەی فەرمانبەران بە گشتی و موچەی مامۆستایان بەتایبەتی.

لە کۆبوونەوەکەدا کە وەزیری پەروەردە و وتەبێژی حکومەتی هەرێم و سکرتێری ئەنجومەنی وەزیران تێیدا ئامادە بوون، قەیرانی ئێستای هەرێمی کوردستان بە ڕوونی خرایە ڕوو و هەموو لایەك بەگرنگیان زانی کە هەریەکە و بەپێی قەبارەی خۆی بەرپرسیارێتی بگرێتە ئەستۆ و داواش کرا ڕاگەیاندن و کەسانی بەرپرس ڕەچاوی دۆخی ئێستای کوردستان بکەن و خۆیان لە چەواشەکاری و موزایەدە بپارێزن.

له‌ كۆبونه‌وه‌یه‌كدا لەگەڵ ئەنجومەنی وەزارەتی خوێندنی باڵا، قوباد تاڵەبانی، جێگری سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان، کاراکردن و پەرەپێدانی پرۆگرامى راهێنانى تواناکان و سەنتەرەکانی هەلی کار لە زانکۆکان تاوتوێ کرد.

بەڕێز قوباد تاڵەبانی دەستخۆشی لە زانکۆکانی هەرێمی کوردستان کرد بۆ پاڵپشتی کردنیان لە برەودان و بە گەڕخستنی سەنتەرەکانی هەلی کار  لە رێگای پرۆگرامی راهێنانی تواناکانەوە، کە دەبێتە پردێکی پەیوەندی لە نێوان زانکۆکان و بازاڕی کار و رەخساندنی هەلی کاری زیاتر لە کەرتی تایبەتدا.

پرۆگرامی راهێنانی تواناکان و رەخساندنی هەلی کار، لە ماوەی رابردوودا لە لایەن نوسینگەی جێگری سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان بە هاوبەشی لەگەڵ وەزارەتی خوێندنی باڵاو توێژینەوەی زانستی کاری تێداکراوە، بەمەبەستی راهێنان و رەخساندنی هەلی کار بۆ خوێندکار و قوتابیانی کوردستان و ئامادەکردنیان بۆ کار کردن لە کەرتی تایبەت.

بەڕێز قوباد تاڵەبانی ئاماژەی بۆ ئەوەکرد كه‌ ئەو قەیرانانەی هەرێمی کوردستان پێیدا گوزەر دەکات دەرفەتێکە بۆ ئەوەی بە کۆی سیستمی حوکمڕانی لە کوردستان و بە تایبەت کەرتی خوێندنی باڵا و بازاڕی کاردا بچینەوە و ئەنجومەنى وەزیرانیش هاوکار و پشتیوان دەبێت بۆ هەر گۆڕانکاری و پێشکەوتنێك.

کۆبونەوەکە لە دیوانی وەزارەتی خوێندنی باڵا وبە بەشداری وەزیری خوندنی باڵا وتوێژینەوەی زانستی و سەرۆکی فەرمانگەی هەماهەنگی و بەدواداچوون و وتەبێژی حکومەتی هەرێم وسەرۆکی زانکۆ حکومییەکانی هەرێمی کوردستان بەڕێوەچوو. هەموولایەك پاڵپشتی خۆیان بۆ سەرخستنی پرۆژەکە دەربڕی.

 

 

 

 

ئه‌مڕۆ، چاکسازییە ئابووری و داراییەکانی بریتانیا، وه‌كو ئەزمونێکی گرنگ بۆ هەرێمی کوردستان لە هەنگاونان بەرەو چارەسەرکردنی قەیرانەکان، باسیلێكرا.

بەڕێزان جێگری سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان و وەزیری کاروباری ئەنجومەنی وەزیرانی بەریتانیا بە ئامادەبوونی ژمارەیەک وەزیر و راوێژکاری حکومەتی هەرێم، کێشە داراییەکانی هەرێم و چۆنێتی هاوکارییەکانی حکومەتی بەریتانییان لە پێناو باشتکردنی سیستمی حوکمڕانی تاوتوێ کرد و نەخشەڕێی دەربازکردنی هەرێمی کوردستانیان لە کۆی گرفتەکان تاوتوێکرد.

قوباد تاڵەبانی سوپاسی حکومەتی بەریتانیای کرد و رایگەیاند: هاتنی شاندێکی باڵای بەریتانیا پەرۆشی ئەو وڵاتە نیشان دەدات بۆ هاوکاریکردنی هەرێمی کوردستان، لەهەمان کاتتدا جدیەتی حکومەتی بەریتانیا دەخاتە روو لە هەنگاونانی پراکتیکی بۆ دەربازبوونی هەرێمی کوردستان لەو قەیرانانەی کە رووبه‌ڕووی بووه‌ته‌وه‌.

لە گفتوگۆیەکی کراوەدا کە ژمارەیەک راوێژکار و شارەزای بوارەکە لە حکومەتی بەریتانیا ئامادەیبوون، ئۆلیڤەر لیتوین، وەزیری کاروباری ئەنجومەنی وەزیرانی بەریتانیا پوختەیەکی لە ئەزمونی بەریتانیا وچۆنێتی دەربازبوونی وڵاتەکەی لە قەیرانی ئابوری ساڵی ٢٠١٠ خسەڕوو، بەمەبەستی ئەوەی حکومەتی هەرێم بتوانێت سوود لە ئەزموونی ئەو وڵاتە وەربگرێت و بە هاوکاری بەریتانیا پلانی گونجاو دابڕێژێت بۆ دەربازبوون لەو قەیرانانەی هەرێمی کوردستانی گرتووەتەوە.

لە کۆتاییدا بڕیاردرا گفتوگۆکان بەردەوامییان پێبدرێت بەمەبەستی دۆزینەوەی رێگەچارەی گونجاو.

ئه‌مڕۆ، بەڕێز قوباد تاله‌بانی، جێگری سەرۆکی حکومەتی هه‌رێم لەگەڵ لیندڵ ساکس باڵیۆزی ئوسترالیا لە عێراق كۆبۆوه‌ وپرسی سەربازی و سیاسی عێراق و ناوچەکەیان تاوتوێکرد.

بەریز قوباد تاڵەبانی ڕایگەیاند، جەنگی داعش تەنها جەنگێکی سەربازی نیە بەڵکو پێش هەموو شتێك سیاسیە و پاشان فکری و کۆمەڵایەتی. ئێمە بە پاڵپشتی پێشمەرگە قارەمانەکان و هاوپەیمانان دەتوانین بە باشی شکست بە داعش بێنین. کەواتە یەکڕیزیمان لە ئێستادا بەرامبەر تێرۆر و ئەو قەیرانانەی ڕووی لە هەرێمی کوردستان کردووە سەرکەوتوومان دەکات. 

باڵیۆزی ئوسترالیا ستایشی ئازایەتی پێشمەرگەی کرد وبەردەوامی وڵاتەکەی لە هاوکاریە مرۆیی وسەربازیەکان بۆ هەرێمی کوردستان دوپاتکردەوە. ئاماژەی بەوەدا یەکێك لە گرفتەکانی دەوڵەتی عێراق بریتیە لە بوونی تێڕوانینی جیاواز بۆ دەوڵەتی عێراق لەلایەن  پێکهاتە جیاوازەکانەوە.

لەکۆتایدا قوباد تاڵەبانی سوپاسی دەوڵەتی ئوسترالیای کرد و گرنگی پاڵپشتی وڵاتانی دۆستی دووپاتکردووە لە جەنگی دژ بە داعش و چارەسەرکردنی قەیرانەکان لە هەرێمی کوردستاندا.

لە دیدارێکدا، کە لە تەلاری ئەنجومەنی وەزیران بەڕێوەچوو، جۆزێف پینینگتۆن، کونسوڵی پێشووی ئەمریکا لە هەرێم، ماتیاس میتمەنی وەکو کونسوڵی نوێی وڵاتەکەی لە هەرێمی کوردستان بە بەڕێز قوباد تاڵەبانی جێگری سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان ناساند.

لە دەستپێکی دیدارەکەدا کە ئەمڕۆ بەڕێوەچوو، جێگری سەرۆکی حکومەتی هەرێم سوپاس و پێزانینی خۆی وحکومەتی هەرێمی بە جۆزێف پینینگتۆن راگەیاند، کە لە ماوەی دوو ساڵی رابردوودا وەکو کونسوڵی ئەمریکا لە هەرێمی کوردستاندا کاری کردووە، وهیوای سەرکەوتنی لە ئەرکەکانی داهاتویدا بۆ خواست.

جۆزێف پینینگتۆن دووپاتی کردەوە کە ئەمریکا هاوپەیمانی ستراتیژیی هەرێمی کوردستانە و هیوای خواست کونسوڵی نوێی وڵاتەکەی لەسەر هەمان رێچکە کار بکات و برەو بە پەیوەندییەکان بدات لەسەر ئاستەکانی ئابووری و فەرهەنگی و سەرجەم بوارەکانی تر.

لە وتەیەکیشیدا بەڕێز قوباد تاڵەبانی رایگەیاند، جۆزیف پینینگتۆن لە کاتێکی گرنگدا لە هەرێمی کوردستاندا کاری کرد و توانی لە ماوەی دوو ساڵی کارکردنیدا شوێنی خۆی بکاتەوە بەوەی رۆڵی بەرچاوی هەبوو لە بەرەوپێشبردن و پتەوترکردنی پەیوەندییەکانی نێوان هەرێمی کوردستان و ئەمریکا.

لە بەشێکی تری قسەکانیدا بەڕێز جیگری سەرۆکی حکومەتی هەرێم وتی، ماتیاس میتمەن کەسێکی بە توانایە و پێشتر  لە ئەنجومەنی ئاسایشی ئەمریکا کاری لەسەر دۆسێی عیراق کردووە، هەروەک کونسوڵی وڵاتەکەی بووە لە شاری بەسرا.

لە دیدارێکدا لەگەڵ ئەکهارد برۆزە باڵیۆزی ئەڵمانیا لە عیراق، قوباد تاڵەبانی جێگری سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان  پرسی سیاسی عیراق و هەرێمی کوردستانی تاووتوێ کرد.

بەڕێز قوباد تاڵەبانی رایگەیاند، "هەرچەندە وەکو کورد بەشدارییەکی کارامان لە بونیادنانەوەی حکومەتی عیراقدا کردوە و تاوەکو ئێستاش هەموو هەوڵێکمان بۆ مانەوەی عیراقی دیموکراتی و فیدراڵ خستوەتەگەڕ، بەڵام روونە بۆ هەموو لایەک کە پرسی سەربەخۆیی کوردستان مافێکی رەوای گەلی کوردستانە."

لە گفتوگۆکەدا جێگری سەرۆکی حکوومەت هەوڵە بەردەوامەکانی حکوومەتی هەرێمی کوردستانی بۆ چارەسەرکردنی کێشە سیاسی و ئابووری و ئەمنیەکان عیراقی خستەڕوو  و رایگەیاند: راستییەک هەیە  کە ئێستا عیراق خۆی یەکگرتوو نیە و ئینتیما بۆ دەوڵەتێک بە ناوی عیراق نەماوە، هێندەی ئینتیما بۆ شیعە و سوونە و بۆ کورد هەیە..

هەروەها قوباد تاڵەبانی سوپاسی حکومەت و گەلی ئەڵمانیای کرد بۆ هاوکارییە سەربازیی و  مرۆییەکانیان بۆ هەرێمی کوردستان و داوای کرد کە بەردوەام بن.

سەرلەبەیانیی ئەمڕۆ پێنجشەممە 16/7/2015 بەڕێز نێچیرڤان بارزانی سەرۆك وەزیرانی هەرێمی كوردستان، پێشوازی لە بەڕێز یان كۆبیس نوێنەری تایبەتی سكرتێری گشتیی نەتەوە یەكگرتووەكان و شاندێكی یاوەری كرد.

لە دیدارێكدا كە بەڕێز قوباد تاڵەبانی جێگری سەرۆك وەزیران ئامادەی بوو، بەڕێز كۆبیس خۆشحاڵیی خۆی بەرامبەر ئەو هاوكاری و هەماهەنگییە پیشان دا كە لە نێوان دەزگاكانی حكوومەتی هەرێمی كوردستان و ڕێكخراوەكانی سەر بە نەتەوە یەكگرتووەكاندا هەیە و سوپاسی حكوومەتی هەرێمی كوردستانی كرد بۆ ئەو هەموو هاوكارییانەی كە پێشكەش بە ئاوارە و پەنابەرانی دەكات.

جەختی لەوەش كردەوە كە نەتەوە یەكگرتووەكان پشتگیریی هەوڵەكانی حكوومەتی هەرێمی كوردستان دەكات بۆ چارەسەركردنی كێشەكانی ناوخۆ و گرفتەكانی لەگەڵ بەغدا و ئاماژەی بەوە دا ئەوان ئامادەن لەو ڕووەوە هاوكاریی حكوومەتی هەرێمی كوردستان بكەن و پشتگیریی خۆشیان بۆ دیالۆگی نێوان هەولێر و بەغدا دەربڕی، لە هەمان كاتدا ئەوەی دووپات كردەوە كە پێویستە هەموو لایەك بە تایبەت بەغدا پابەندی ڕێككەوتنی لەگەڵ هەولێر بێت.

لای خۆیەوە بەڕێز سەرۆك وەزیرانی هەرێمی كوردستان باسی لە دوا پێشهاتەكانی كێشەكانی نێوان هەولێر و بەغدا كرد و ئاماژەی بەوە دا گرفتەكانی نێوان هەولێر و بەغدا لە ساڵی پارەوە بەردەوامە و چارەسەر نەكراون، بۆیە حكوومەتی هەرێمی كوردستان ناچار بوو هەنگاوی دیكە بۆ چارەسەركردنی كێشەكانی، بەتایبەتی لە بواری ئابوورییەوە بهاوێژێت، بەڵام لە هەمان كاتیشدا حكوومەتی هەرێمی كوردستان پشتگیری لە دیالۆگ و گفتوگۆ لەگەڵ بەغدا دەكات، بۆ ئەوەی بگەنە چارەسەرێكی گونجاو كە لە بەرژه‌وەندیی هەموو لایەكدا بێت و لەوبارەیەشەوە سوپاسی ڕۆڵی نەتەوە یەكگرتووەكانی كرد.

هەواڵی زیاتر لە تویتەر

راپۆرتە پڕ بینەرەکان

حالت های رنگی