قوباد تاڵەبانی جێگری سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان بە یاوەری شاندێکی ئەنجومەنی وەزیران، سەردانی وەزارەتی کار و کاروباری کۆمەڵایەتی کرد و لە لایەن محەمەد هاودیانی وەزیری کار و کاروباری کۆمەڵایەتی و ژمارەیەک لە راوێژکار و بەڕێوەبەرە گشتییەکانی ئەو وەزارەتە پێشوازی لێکرا.

لە دیدارەکەدا قوباد تاڵەبانی ئەرکی وەزارەتەکەی بە گرنگ وەسف کرد بە تایبەتی لە رەخساندنی هەلی کاری زیاتر بۆ بێکاران.

دووپاتیشیكردەوە، پێویستە کار لەسەر راگرتنی هاوسەنگییەکی پێویست لە نێوان کەرتی تایبەت و کەرتی گشتی بکرێت .

ئاماژەی بەوەشدا دامەزراندنی بەردەوامی فەرمانبەر لە لایەن حکومەتەوە، ئەرکی حكومەت لە رووی داراییەوە قورستر دەکات، بۆیە پێویستە بە هەماهەنگی سەرجەم لایەنە پەیوەندیدارەکان کارێکی وا بکرێت لە کەرتی تایبەتدا ماف و ئیمتیازاتی زیاتر بۆ  ئەو کەسانەی لەو کەرتەدا کار دەکەن فەراهەم بکرێت.

جێگری سەرۆکی حکومەت پشتیوانی سەرۆکایەتی ئەنجومەنی وەزیرانی بۆ وەزارەتی کار و کاروباری کۆمەڵایەتی دووپاتکردەوە

 

 

 

 

لە هۆلی شەهید سەعد عەبدوللا، بەمەبەستی زیاتر بەهێزکردنی پەیوەندی هەرێمی کوردستان و بەریتانیا، لە نێوان قوباد تاڵەبانی جێگری سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان و بۆریس جۆنسن شارەداری لەندەن، مێزگردێک  لەبارەی هەماهەنگی لەنێوان بەریتانیاو هەرێمی کوردستان ئەنجامدرا.

لەو مێزگردەدا کە کۆنسولی گشتی بەریتانیا لە هەولێرو ژمارەیەک لە وەزیرانی حکومەتی هەرێم و کەسایەتی و دیپلۆمات و نوێنەرانی کەرتی تایبەتی کوردستان و بیانی یەکان، ئامادەبوون، باس لە پەیوەندی دامودەزگا کارگێرییەکانی لەندەن و ناساندن و دروستکردنی پردی پەیوەندی نێوان هەردوولا کراو، هەروەها باس لە دەرفەتەکانی وەبەرهێنان و هاندانی کۆمپانیاکانی بەریتانیا بۆ هەرێمی کوردستان کرا، بەتایبەتی لەبواری خزمەتگوزاری خوێندن و پەروەردەو دارایی و کولتوری و رۆشنبیری.

 

لەبەشێکی دیكەی مێزگردەکەدا، شارەداری لەندەن باسی لەشەرانگێزییەکانی تیرۆریستان کرد ودووپاتیكردەوە ئەوان شانبەشانی هەرێم لەشەڕدان لەدژی ئەم تیرۆریستانە.

هاوكات باسی لەو پێشکەوتنانەش کرد کە هەرێمی کوردستان لەدوای گۆڕانگارییەکانی رژێمی پێشووی بەغدا لە ساڵی 2003، توانیوویەتی سوود لەو دەرفەتە وەربگرێت و لە هەرێمی کوردستان پێشکەوتنی گەورەی بەدەست بهێنێت.

هەر لەو مێزگردەدا، قوباد تاڵەبانی ، سوپاسگوزاری خۆی و حکومەتی هەرێمی کوردستانی بە بۆریس جۆنسن شارەداری لەندەن و حکومەتی بەریتانیا بەگشتی گەیاند و پاڵپشتی حکومەتی هەرێمی کوردستانی بۆ بەهێزکردنی پەیوەندییەکانی نێوان بەریتانیاو هەرێمی کوردستان دەربڕی.

لە هەولێر، قوباد تاڵەبانی جێگری سەرۆكی حكومەتی هەرێمی كوردستان  و بۆریس جۆنسن شارەداری لەندەن، بەیاوەری پارێزگاری هەولێرو جێگری بەرپرسی فەرمانگەی پەیوەندییەكانی دەرەوە و كۆنسولی گشتی بەریتانیا، سەردانی قەلای هەولێرییان كردو پاشان چوونە نێو بازاری هەولێرو بازاری قەیسەری شاری هەولێرو چایخانەی مەچكۆ.

لەم سەردانەدا  دوكاندارەكانی شاری هەولێرییان بەسەر كردەوە.  

 

پاشان لەكۆنگرەیەكی رۆژنامەنووسی لەگەڵا جێگری سەرۆكی حكومەتی هەرێمی كوردستان، شارەداری لەندەن سەرسامی خۆی بۆ پێشكەوتنەكانی هەرێمی كوردستان دەربڕی و هاتن و سەردانی بۆ هەرێمی كوردستانی بۆ پشتیوانی هەرێمی كوردستان و هێزی پێشمەرگەی كوردستان لە شەری دژ بەتیرۆریستان نیشاندا.

ئەمرۆ  قوباد تاڵەبانی جێگری سەرۆكی حكومەتی هەرێمی كوردستان لە تەلاری ئەنجومەنی وەزیران پێشوازی لە جان مارك جێرمەن ئەندامی پەرلەمانی فەرەنسا و ئالان كیبخات كۆنسۆلی گشتی فەرەنسا لە هەولێر كرد.

لە دیدارەكەدا رەوشی هەرێمی كوردستان و دواهەمین گۆڕانكاری و شەرانگێزییەكانی تیرۆریستانی داعش دژ بە كورد و هەرێمی كوردستان و ناوچەكەو گەلی فەرەنسا تاوتو كرا.

جێگری سەرۆكی حكومەتی هەرێمی كوردستان،نیگەرانی خۆی سەبارەت بە پەلامارە تیرۆریستیەكانی ئەم دوواییە كە دژ بە فەرەنسا و گەلی فەرەنسا ئەنجامدرا، دەربڕی وهاوخەمی و هاوسۆزی خۆی بۆ گەلی فەرەنسا بە وەفدی میوان گەیاند، كە ژمارەیەك لە خەڵكی بێ تاوان بوونەتە قوربانی.

هەروەها، سوپاسگوزاری حكومەتی هەرێمی كوردستانی بە وەفدی فەرەنسا راگەیاند، بۆ تەواوی هاوكارییە سەربازی و مرۆییەكان كە یارمەتی كورد و هەرێمی كوردستانیان داوە.

 

 

 

 

 

 

 

بە چاودێری وئامادەبوونی قوباد تاڵەبانی جێگری سەرۆكی حكومەتی هەرێمی كوردستان ئەمرۆ لە تەلاری پارێزگای سلێمانی مەراسیمی دەستبەكاربوونی پارێزگاری نوێ بەڕێوەچوو.

لەوتەیەكدا قوباد تاڵەبانی، دەستخۆشی خۆی و حكومەتی هەرێمی كوردستانی لە بەهرۆز حەمە ساڵح كرد كە لە ماوەی پێنج ساڵی كاركردنی وەك پارێزگاری سلێمانی جێدەستی لە خزمەت كردنی پارێزگای سلێمانی دیار بووە و وەك پارێزگارێكی سەركەوتووی وەسف كرد.

جێگری سەرۆكی حكومەت پیرۆزبایی خۆی و حكومەتی هەرێمی كوردستانی لە پارێزگاری نوێی سلێمانی كردوو رایگەیاند: ئێمە متمانەی تەواومان بە پارێزگاری نوێی سلێمانی د.ئاسۆ فەرەیدون هەیە و دڵنیاین لە كارەكانی سەركەوتوو دەبێت و هیوادارین هەمیشە بە بێ‌ جیاوازی خزمەت بەخەڵكی پارێزگاكە بكات و لەئاست متمانەی هەموواندا بێت.

پاشان قوباد تاڵەبانی سوپاسی خەڵكی پارێزگای سلێمانی كرد كە ماوەیەك لە چاوەروانی دەست بەكاربوونی پارێزگاری  نوێدا بوون.

هەر لە درێژەی سەردانەكەیدا ئێوارەی ئەمڕۆ 30ـی نۆڤەمبەری 2014 بەڕێز د.فوئاد مەعسوم سەرۆكی كۆماری عیراقی فیدراڵ لە كۆشكی ئاشتی پێشوازی لە بەڕێز نێچیرڤان بارزانی سەرۆك وەزیرانی هەرێمی كوردستان و شاندی یاوەری كرد كە لەبەڕێزان قوباد تاڵەبانی جێگری سەرۆكی حكومەت و ژمارەیەك لەوەزیر و راوێژكاران پێكهاتبوو.

 

لەدیدارەكەدا بەڕێز سەرۆك كۆماری عێراق بەخێرهاتنی بەڕێز نێچیرڤان بارزانی سەرۆك وەزیرانی هەرێمی و كوردستان و شاندی یاوەری كرد و هەروەها كار و ئەركی هەمەلایەنە بۆ گەیشتن بەچارەسەری كێشە هەڵواسراوەكانی نێوان هەرێمی كوردستان و بەغدا دووپاتكردەوە بەشێوەیەك كە لەبەرژەوەندی هەموولایەكدا بێت و ببێتە هۆكارێك سەنگەری بەرەنگاربوونەوەی تیرۆر لە هەموو عێراقدا یەك بخات.

 

لە بەرامبەردا بەڕێز نێچیرڤان بارزانی دووپاتیكردەوە كە گەیشتن بە چارەسەری واقیعی لەبارەی پرسە هەڵواسراوەكان لەگەڵ حكومەتی فیدراڵ؛ لەپێشەنگی كارەكانی حكومەتی هەرێمی كوردستانە بەشێوەیەك كە لەبەرژەوەندی هەموو عیراقدا بێت. رونیشیكردەوە كە شاندی حكومەتی هەرێم لەم سەردانەیدا بۆ بەغدا و بەتایبەت لە كۆبوونەوەی لەگەڵ شاندی حكومەتی عێراق؛ كەشێكی ئەرێنی بۆ گەیشتن بە چارەسەر لەسەر كێشە هەڵواسراوەكانی نێوان هەردوولا بەدیكرد.

 

 

 

 

 

 

بەبەشداربوونى 50 کۆمپانیاو رێکخراو و ژمارەیەکى زۆر لەکارخوازان، ئەمرۆ لە هەولێر سێیەمین پیشانگاى پیشەیى کوردستان دەستى بەکارەکانى کرد. لە دەستپێکدا،قوباد تاڵەبانی جێگرى سەرۆکى حکومەتى هەرێمى کوردستان، وتارى کردنەوەى پێشانگاى پێشکەش کرد کەتیایدا وێڕای دەستخۆشی لە گرێدانی ئەم پیشانگایە، پاڵپشتی حکومەتی بۆ هەر هەوڵێکی لەمجۆرە نیشاندا بۆ پێشخستنی تواناکانی لاوان لەکوردستان.

 

لەم پیشانگایەدا بۆ دروستکردنى پردى نێوان خوێندکاران و کۆمپانیاکانى کەرتى تایبەت، جێگرى سەرۆکى حکومەتى هەرێمى کوردستان پڕۆگرامى راهێنانى تواناکانى راگەیەناند.

 

پڕۆگرامى راهێنانى تواناکان لە قۆناغى یەکەمدا بەبەشدارى ژمارەیەک زانکۆو کۆمپانییاى کەرتى تایبەت بەرێوەچوو، بۆئەوەى خوێندکاران بتوانن لەبوارەکانى خۆیاندا بەشێوازى کردەیى ئەزموونى کارکردن بەدەستبهێن و هەروەها ببێتە هەنگاوێک بۆ پڕکردنەوەى بەشێک لەپێداویستیەکانى بازارى کارى کوردستان.

 

ئەم پڕۆگرامە یەکێکە لە ئەولەویاتى حکومەتى هەرێمى کوردستان بۆ هاندان و پاڵپشتیکردنى دامەزراندن لەکەرتى تایبەت و پێشکەشکردنى کارئاسانى پێویست بۆ ئەو مەبەستە. 
وا بڕیارە لە قۆناغەکانى داهاتودا پڕۆگرامى راهێنانى تواناکان فراوانتر بکرێت بەبەشداربوونى ژمارەیەکى بەرچاوى خوێندکاران و زانکۆ و کۆمپانیاکانى کەرتى تایبەت و ببێتە بەشێک لەبەرنامەى خوێندن لە زانکۆکان.

 

حکومەتی هەرێمی کوردستان بەمەبەستی گرنگی پێدانی زیاتر بە فێرخوازان و ڕاهێنان و ئامادەکردنیان بۆ بازاڕی کار پرۆگرامی ڕاهێنانی تواناکان Internship جیبەجێ دەکات کە بریتیە لە دروستکردنی پردی پەیوەندی نێوان فێرخوازان و کۆمپانیاکان بە چاودێری حکومەت هەروەها ڕاهێنانی فێرخوازان بۆ ئەوەی لە بوارەکانی خۆیان بەشێوازی کردەیی ئەزموونی کارکردن بەدەستبهێنن و بتوانن بەشێک لە پێداویستی بازاری کار لە کوردستان پڕ بکەنەوە .

 

لەقۆناغی یەکەمدا 28 قوتابی وخوێندکار لە هەر سێ زانکۆی سەڵاحەددین و سلێمانی وکوردستان بەشداریان کرد لە ڕاهێنانی تواناکان .

 

پیشانگاى پیشەیى کوردستان لەساڵى 2012دا دامەزراوەو ساڵى جارێک بەرێوە دەچێت و دەیان کۆمپانیاى کەرتى تایبەت و رێکخراو بەشدارى تێدا دەکەن بۆ دۆزینەوەى کارمەندى کارا و پڕکردنەوەى پۆستە بەتاڵەکانیان. ئەم پێشانگایە یەکەم پێشەنگاى هەلى کارو مەشق و راهێنانە کەخزمەت دەگەینێ بەگشت کوردستان و گەورەترینە لەعیراقدا وحکومەتى هەرێمى کوردستان یەکێکە لە پاڵپشتە سەرەکییەکانى ئەم پیشانگایەو ئەمساڵیش بەپڕۆگرامى راهێنانى تواناکان بەشدارى تێدا کرد.

 

 

 

 

 

 

 

ڕێوڕه‌سمى هه‌ڵمه‌تى ڕاگه‌ياندنى دوو هه‌فته‌ چالاكى بۆ ڕووبه‌ڕووبوونه‌وه‌ى توندوتيژى دژى ژنان

 

سه‌رله‌به‌یانیى ئه‌مڕۆ سێشه‌ممه‌ 25ى نۆڤه‌مبه‌رى 2014، به‌ڕێز نێچیرڤان بارزانى سه‌رۆك وه‌زیرانى هه‌رێمى كوردستان، به‌شدارى له‌ ڕێوڕه‌سمى هه‌ڵمه‌تى ڕاگه‌یاندنى دوو هه‌فته‌ چالاكیى بۆ ڕووبه‌ڕووبوونه‌وه‌ى توندوتیژى دژى ژنان كرد، كه‌ له‌ لایه‌ن ئه‌نجومه‌نى باڵاى كاروبارى خانمانه‌وه‌ له‌ هه‌ولێر ساز كرا.


لە ڕێوڕەسمەکەدا هه‌روه‌ها به‌ڕێز قوباد تاڵەبانی جێگری سەرۆک وەزیران و ژمارەیەک لە به‌ڕێزان وەزیرانی حکوومەت و سەرۆکی ئەنجومەنی باڵای خانمان و چه‌ندین بەرپرسی حکوومی و نوێنەرانی ڕێکخراوە نێودەوڵەتییەکان به‌شدار بوون و له‌ وته‌یه‌كدا كه‌ به‌م بۆنه‌یه‌وه‌ پێشكه‌شى كرد، به‌ڕێز نێچیرڤان بارزانى سه‌ره‌تا سڵاو و ڕێز و خۆشەویستى ئاراستەی پێشمه‌رگه‌ كرد کە هەر لە کۆبانێ تا دەگاتە جەلەولا و سەعدیە، ئەمڕۆ لە شەڕدان بۆ بەرگریکردن لە مافی خەڵکی کوردستان.

هه‌روه‌ها گوتى "سەری ڕێز و نەوازش بۆ پێشمەرگانە دادەنوێنین کە لەو ماوەیەدا لەپێناو بەرگریکردن لە وڵاتەکەماندا شەهید بوون. یادیان دەکەینەوە و داوای چاکبوونەوەی خێراش دەکەین بۆ ئەو بریندارانەی لەم شەڕەدا بریندار بوون. هیواخوازین زوو چاک ببنەوە و هیوادارین بە هاوکاریی هەموو لایەک بتوانین وڵاتەکەمان لەو بارودۆخەی ئێستا دەرباز بکەین."

ئاماژه‌ى به‌وه‌ش دا ئه‌مساڵ له‌ بارودۆخێکی جیاوازتردا ئه‌م هه‌ڵمه‌ته‌ ڕاده‌گه‌یه‌نرێت، که‌ به‌هۆی هێرش و تاوانکارییه‌کانی تیرۆرستانه‌وه‌، ئافره‌تان به‌تایبه‌تی له‌و شوێنانه‌ی که‌وتوونه‌ته‌ به‌ر په‌لاماری تیرۆر، له‌ ڕه‌وشێکی سه‌خت و له‌ بارێکی مرۆیی و ده‌روونیی قورسدان و بوونه‌ته‌ قوربانیی توندوتیژییه‌کی له‌ڕاده‌ به‌ده‌ر.

ڕوونیشى كرده‌وه‌ كه‌ دوای هێرشە دڕندەکانی داعش و ئەو بارە نائارامەی لە ناوچەکە دروست بوو، خەڵکێکی زۆر دەربەدەر و ئاوارە  بوون. خەڵکێکی زۆر، ڕۆڵە و کەسوکاری ئازیزی خۆیان لە دەست دا. ژمارەیەک لە کچ و ژنان ڕفێندران و ڕاستە هەرێمی کوردستان توانی باوەش بۆ خوشک و برایانی ئاوارە، بە ئێزدی، مەسیحی، موسڵمان، شەبەک، کاکەیی، تورکمان، کورد و عەرەبەوه‌ بکاتەوە، بەڵام بارودۆخێکی تایبەت هاتە ئارەوە، کە مامەڵەیەکی جیا و تایبەتی پێوست بووە.

باسى له‌وه‌ش كرد كه‌ ئەمڕۆ ژمارەیەکی زۆری خەڵکی ئاوارە و په‌نابه‌ر، که‌ نزیکه‌ی یەک ملیۆن و پێنجسه‌د هه‌زار كه‌س ده‌بن، لە هەرێمی کوردستانن. خه‌ڵک و حکوومەتی هەرێمی کوردستانیش، به‌ تواناکانی خۆی و بە هاوکاری و کۆمەکی نێودەوڵەتی، توانیویه‌تی تا ڕادەیەک که‌مپی نیشتەجێبوونیان بۆ دروست بكات و له‌ زۆر له‌ که‌مپه‌کاندا منداڵان گەڕاونەتەوە قوتابخانە و هەوڵ دراوه‌ بارودۆخەکە ئاسایی بکرێته‌وه‌، بەڵام مەینەتی و ئازارەکان کۆتاییان نەهاتووە هه‌وڵه‌كان به‌رده‌وامن.

هه‌روه‌ها به‌ بیرى هێنایه‌وه‌ كه‌ ژن، هەمیشە قوربانیی یەکەمی جەنگەکان بووە و داعش ئافرەتی وەک ستراتیژێکی جەنگ بە کار هێناوە و گەورەترین تاوانی جەنگی بەرامبەر بە ژنان کردووە. ئافرەتانی کوردستانیشى دڵنیا كرده‌وه‌ کە حكوومه‌ت کۆڵ نادات لە خەبات دژی جەنگ و توندوتیژی، لەپێناوی دابینکردنی ماف و ئازادی بۆ ژن و پیاو بە یەکسانی. هەموو پێشێلکارییەکى بەرامبەر بە ئافرەت، چ لەناو ماڵ و چ لە بەرەکانی جەنگ بێت، به‌ پێشێلکردنی مافی مرۆڤى له‌ قه‌ڵه‌م دا و لە ڕێگای ڕاگەیاندنی ئەم هەڵمەته‌وه‌ جەختى لەسەر باوەڕ و بڕوابوون به‌ پاراستنی مافەکانی مرۆڤ و گەشەپێدانی زیاتری پرۆسەی دیموکراسی لە کوردستان كرده‌وه‌.

به‌ڕێز سه‌رۆك وه‌زیران هه‌روه‌ها گوتى: "ئێمە که‌ ئەمڕۆ لێره‌ بۆ ڕاگه‌یاندنی ئه‌م هه‌ڵمه‌ته‌ کۆبووینەته‌وە، لە  ناخەوە هەست بە ئازار و مەینەتییەکانی ئەو ژنانە دەکەین، کە لە هێرشە دڕندەکانی داعشدا ڕفێندران و کرانە کۆیلە و مامەڵەیەکی نامرۆییی وایان لەگەڵ کراوە، کە دەچێتە بازنەی تاوانی جەنگ و جینۆسایدەوە. کەیسی ئەو خوشکە ئێزیدیانە هەر لە سەرەتاوە جێگەی ئه‌وپه‌ڕی گرنگی و بایەخی ئێمە بووه‌، بۆیە کۆمەڵێک ڕێکارمان دەست پێکردووە. ئامانجمان لەم کارانە، ڕزگارکردنی ئەو ئافرەتە خۆشەویستانە و هاوکاریکردنیانە، بۆ گەڕانەوە بۆ ناو ژیانی ئاساییی خۆیان لەنێو ماڵ وکۆمەڵگەکەیان."

هه‌روه‌ك چۆن باسى له‌وه‌ كرد هه‌ر له‌م له‌م بۆنه‌یه‌‌دا، بیریان لای ئه‌و ژن و خوشکه‌ مه‌سیحیانه‌شه‌، که‌ له‌ ناوچه‌کانی ده‌شتی نه‌ینه‌وا و مووسڵ و ده‌وروبه‌ری و له‌ شوێنه‌کانی دیکه‌، ناچار کران ماڵ و حاڵ و زێدی خۆیان جێ بهێڵن و ئاواره‌ی ناوچه‌ جیاکانی هه‌رێمی کوردستان ببن و گوتى: "هه‌ست به‌ ژان و ئازاری ئاواره‌یی و ماندووییی ئه‌وانیش ده‌که‌ین."

هه‌روه‌ها ڕوونى كرده‌وه‌ كه‌ شۆک و ئازارێکی دیکه‌ی دژواری ئه‌م تاوانکاری و هێرشه‌ تیرۆرستیانه‌، ئه‌و برینه‌ قووڵه‌ و ئه‌و که‌رتبوونه‌ کۆمه‌ڵایه‌تییه‌ گه‌وره‌یه‌ بوو، که‌ له‌ که‌لتووری سه‌دان ساڵه‌ی ته‌بایی و پێکه‌وه‌ژیان و ئاشتیی کۆمه‌ڵایه‌تیی پێکهاته‌ ئایینی و نه‌ته‌وه‌ییه‌کاندا، دروست بوو. ڕووخانی پرده‌کانی بڕوا و متمانه‌ بوو له‌ نێوان دوو دراوسێدا، که‌ خاوه‌ن دوو بڕوا و دوو ئایینی جیا بوون و سه‌دان ساڵه‌ پێکه‌وه‌ ده‌ژین، به‌ڵام زۆر به‌داخه‌وه‌ هه‌ر له‌ یه‌که‌م تێکچوونی بارودۆخه‌که‌دا، له‌ناکاو کۆتایی به‌و پێکه‌وه‌ژیانه‌ دێرینه‌ هات و ئه‌وى له‌و ناوچانە بەسەریاندا هات دوور بوو لە هەموو کارێکی مرۆڤایەتی.

به‌ڕێز نێچیرڤان بارزانى له‌ وته‌كه‌یدا هاته‌ سه‌ر باسى ئافره‌تی کورد كه‌ بە درێژاییی مێژوو ڕووبه‌ڕووی زۆر جۆری توندوتیژی و نەهامەتی بۆتەوە، بەڵام هەمیشە لەسەر پێ وەستاوە و نەکەوتووە. وه‌ك چۆن ئەمڕۆ ژنانی کورد بۆ نموونە لە کۆبانێ، ڕووبه‌ڕووی هێزەکانی داعش بوونەتەوە و لە هەرێمی کوردستانیش، ژن بە هەمان شێوە خەبات دەکات، بەڵام بەپێى جیاوازیی دۆخەکە، خەباتى ژنان له‌ هه‌رێم شێوازی جیاوازی وەرگرتووە.

هه‌روه‌ها گوتى: "ئەمڕۆ لە هەرێمی کوردستان ئافره‌تان چالاکانە بەشداریی کاری سیاسی و پەرلەمانی و ڕێکخراوەیی و پیشەیی دەکەن. بە هەوڵ و توانای خۆیان و پشتگیریی حکوومه‌تیش، توانیویانە ڕێژەی کۆتا لە پەرلەمان بە 30% دابین بکەن. من کار دەکەم و هیوا دەخوازم کە ئەو کۆتایە، لە ناو کابینەی حکوومەتیش لە داهاتوودا رەنگبداتەوە."

ئاماژه‌ى به‌ ڕۆڵى ژنان و هێز و توانایان كرد، كه‌ هاوکار بوون لە دەستکاریکردنی یاسا عێراقییەکان و توانیویانە فرەژنی سنوردار بکەن، توندوتیژی بە بیانووی شەرەف وەکوو تاوان پێناسە بکەن، لە ڕێگەی یاسای بەرەنگاربوونەوەی توندوتیژیی خێزانییەوە، دادگای تایبەت بە توندوتیژی بخەنە گەڕ. هەموو ئه‌مانه‌یشى به‌ دەستکەوتى خەباتی ئافرەتانی کوردستان له‌ قه‌ڵه‌م دا و ئەم خەباتەى ئه‌وانى بەرز نرخاند. جه‌ختیشى له‌وه‌ كرده‌وه‌ كه‌ وەک دەسەڵاتی جێبه‌جێکردن و کارگێڕى لە  هەرێمی کوردستان، بەردەوام دەبن لە هەوڵ و کارەکان، بۆ زیاتر چەسپاندنی ماف و ئازادییەکان و پێشخستنی پرۆسەی دیموکراسی لە وڵات. ئه‌وشى گوت كه‌ بۆ گەیشتن بەم ئاستە، دەبێ لەسەر هەموو ئاستێکی ناو خێزان و شوێنی کار و مەیدانەکانی جەنگ، بەرەنگاری توندوتیژی ببنەوە.

هه‌روه‌ها خۆشحاڵیى خۆى ده‌ربڕى کە به‌پێى بەدواداچوونى بۆ ئەم پرسانه‌، ئامارەکانی کوشتن و خۆسووتاندن له‌ هه‌رێمی کوردستان کەمیان کردووە، ئەمەش لە هەرسێ پارێزگاکەی هەرێمی کوردستان، چونكه‌ ئافرەتان هۆشیارن بەرامبەر بە مافەکانیان و سەردانی بنکە و ئۆفیسه‌کانی پۆلیس و بەڕێوەبەرایەتییەکان دەکەن و سکاڵا لە دژی تۆمەتباران تۆمار دەکەن. دووپاتیشى كرده‌وه‌ كه‌ لە ڕێگای بۆردی چاودێری و ئەنجومەنی کاروباری خانمان و بەڕێوەبەرایەتییەکانەوە، کار دەکەن بۆ ئەوەی دادوەری دابین بکرێت و مافی ژن بە هیچ جۆرێک پێشێل نەکرێت.

ئه‌وه‌شى نه‌شارده‌وه‌ كه‌ بۆ گۆڕانی یاساکان لە هەرێمی کوردستان و لە جێبەجێکردنی یاساکاندا، ڕووبه‌ڕووی تەحەددا بوونه‌تەوە، بەڵام کاریان کردووە بۆ ئەوەی ئەو تەحەددایانە ببەزێنن، ئەمەش لە ڕێگای پرۆگرامی هۆشیاریی گشتی لەسەر ئاستی دادوەری و پۆلیس و لە قوتابخانە و زانکۆکانیش، كه‌چى هێشتا تەحەددایان له‌پێشه‌ و ئەم پرۆسەیە پێویستى به‌ هاوکاریی هەمەلایەن هەیە بۆ ئه‌وه‌ى بگەینە سەرکەوتن.

هه‌ر له‌مباره‌یه‌وه‌ گوتى: "کارکردنی ئێمە بۆ بەرەنگاربوونەوەی توندوتیژی، خەباتە دژی هەموو هێزێکی توندڕەو و تاریک، چ لە بەرەکانی جەنگ بێت، چ لەناو ماڵ و هەموو سووچێکی ئەم کوردستانە بێت. دەمێکە ئەم خەباتەمان دەست پێکردووە، دەستکەوتیشمان هەبووە، بەڵام ئامانجی ئێمە ئەوەیە کە توندوتیژی بنبڕ بکەین، چونکه‌ تا ئافرەت لە زوڵم و چەوساندنەوەدا بژیت، بە هیچ شێوەیەک کۆمەڵگە ئاسوودە نابێت."

لە کۆتاییدا هیوای سەرکەوتنى بۆ هەموو لایەک خواست و ڕایگه‌یاند: "با بیرمان نەچێت کە خەباتی ئێمە ڕۆژانەیە و دەبێ هەمیشە لە ئامادەباشیدا بین بۆ بەزاندن و نه‌هێشتنی پێشێلکاری و به‌ره‌نگاربوونه‌وه‌ی توندڕەوی  و چەوساندنەوەی مرۆڤ. پێشێلکردنی مافی ژن، پێشێلکردنی مافی مرۆڤە و دەبێ لە وڵاتەکەماندا هەوڵی بنبڕکردنی بکرێت. بۆیه‌ با هه‌موومان پێکه‌وه‌ کار بکه‌ین بۆ دروستکردنی ناتوندوتیژی و بۆ به‌دیهێنانی کۆمه‌ڵگه‌یه‌کی به‌تاڵ له‌ توندوتیژی دژی ژنان."

 

 

 

 

هەواڵی زیاتر لە تویتەر

راپۆرتە پڕ بینەرەکان

حالت های رنگی