ئەمڕۆ چوارشەممە 24ـی ئەیلوولی 2014 لە سەلاحەدین بەڕێز مەسعود بارزانی سەرۆكی هەرێمی كوردستان پێشوازی لە چۆ جونگۆن باڵیۆزی كۆریای باشوور لە عێراق و شاندێكی یاوەری كرد.

لە دیدارێكدا باڵیۆزی كۆریای باشوور لە عێراق سوپاسی سەرۆك بارزانی كرد بۆ ڕەخساندنی دەرفەتی دیدارەكە و، وێڕای ئاماژەدان بە پێشكەوتنەكانی هەرێمی كوردستان ڕایگەیاند كە هەولێر و بەغدا بۆ دیپلۆماتكارەكان دوو جیهانی جیاوازن و زۆر بە ڕوونی هەست بە جیاوازیی نێوانیان دەكرێت و لە هەولێر هاتوچۆ و دڵنیایی زیاتر بۆ دیپلۆمات و بیانییەكان هەیە. باڵیۆزی كۆریای باشوور لە عێراق ئەوەیشی باس كرد كە كۆمپانیاكانی كۆریای باشوور ئامادەن كە ئاستی وەبەرهێنان لە هەرێمی كوردستان فراوانتر بكەن و ئۆفیسی وڵاتەكەیشی لە هەولێر بەردەوام دەبێت لە كاركردن بۆ گەشەسەندنی پەیوەندییەكانی نێوان هەردوولا. باڵیۆزی كۆریای باشوور لە عێراق ستاییشی ڕۆڵی پێشمەرگەی لە شەڕكردن لە دژی تیرۆریستان كرد و سوپاسی وڵاتەكەیشی بە سەرۆك بارزانی ڕاگەیاند بۆ ئەو هەوڵانەی هەرێمی كوردستان بۆ حەواندنەوەی ئاوارەكان ئەنجامی داوە و، هێمای بەوەدا كوریای باشوور لە شەڕی تیرۆریستان و هاوكاریكردنی ئاوارەكاندا پاڵپشتی هەرێمی كوردستانە.

لەبەرانبەردا سەرۆك بارزانی سوپاسی باڵیۆزی كۆریای باشوور لە عێراق كرد و ئاماژەی بە ڕۆڵی تیپی زەیتون لە شاری هەولێر كرد كە لە دوای ساڵی 2003 ڕۆڵێكی ئیجابی لە یارمەتیدانی پڕۆسەی ئاوەدانكردنەوەی كوردستان و قووڵكردنی پەیوەندییەكانی نێوان كوردستان و كۆریای باشووری گێڕاوە. سەرۆك بارزانی پێشوازیی لە فراوانتربوونی پەیوەندییەكان كرد و ڕایگەیاند هەرێمی كوردستان ئامادەیە پەرە بە پەیوەندییەكانی لەگەڵ كۆریای باشوور بدات.

سەبارەت بە هەڕەشەكانی تیرۆر و بەرەكانی جەنگ سەرۆك بارزانی ئەوەی خستەڕوو كە تیرۆریستان لەسەر دەستی پێشمەرگە تووشی شكستی گەورە هاتوون و لە پاشەكشەدان و دووپاتی ئەوەی كردەوە كە تیرۆر هەڕەشەیەكە بۆ سەر هەموو جیهان بۆیە لەناوبردنیشی پێویستی بە هەوڵێكی نێودەوڵەتی و هەماهەنگی نێوان وڵاتان هەیە. هەر لەم دیدارە سەرۆك بارزانی پشتگیری لەو هەنگاوەی هێزە هاوپەیمانەكان كرد كە مۆڵگەی تیرۆریستانیان لەنێو خاكی سووریا كردۆتە ئامانج و ڕایگەیاند كە تیرۆریستان خاكی سووریایان وەك پەناگەیەكی ئارام و سەكۆیەك بۆ پەلاماردانی كوردستان و عێراق بەكار هێناوە و نەهێشتنی ئەم پەناگەیە لەناوچوون و تێكشكانی تیرۆریستانی داعش خێراتر دەكات.

 

 

 

 

ئەمڕۆ پێنجشەممە 18ـی 9ـی 2014 لە شاری دهۆك بەڕێز مەسعود بارزانی سەرۆكی هەرێمی كوردستان پێشوازی لە تان بانگلین كونسوڵی وڵاتی چین لە هەولێر و شاندێكی یاوەری كرد.

لە دیدارێكدا كونسوڵی چین لە هەولێر سوپاسی سەرۆك بارزانی كرد بۆ ڕەخساندنی ئەم دیدارە و بڕیاری كردنەوەی كونسوڵخانەی گشتیی وڵاتەكەی و دەستبەكاربوونی وەك یەكەم كونسوڵی وڵاتی چین لە شاری هەولێر بە سەرۆك بارزانی ڕاگەیاند. كونسوڵی چین ئەوەیشی خستەڕوو كە ئەم هەنگاوە دەستپێكێكە بۆ كردنەوەی پەیوەندییەكی فەرمی و ڕاستەوخۆ لەنێوان چین و كوردستان و هیوای خواست پەیوەندییەكانی نێوان هەر دوو لا گەشەی پێبدرێت هەروەها ئاماژەیشی بەوەدا كە ئاسۆی پێشكەوتن لە هەرێمی كوردستان زۆر ڕوونە و بواری كاری هاوبەشی نیوان كوردستان و چین فراوانە.

لە بەشێكی دیكەی قسەكانیدا كونسوڵی چین لە هەولێر ئامادەیی وڵاتەكەیشی نیشاندا بۆ یارمەتیدانی مرۆیی و ناردنی هاوكاری بۆ ئاوارەكان و ئاماژەیشی بەوەدا كە وڵاتەكەی لایەنگری هەموو هەوڵێكی نێودەوڵەتییە بۆ پاراستنی سەقامگیری و ئاساییشی جیهانی. لەبارەی هەڕەشەی تیرۆریش كونسوڵی چین ئەوەی باس كرد كە تیرۆر هەڕەشەیەكی هاوبەشە لەسەر هەموو وڵاتانی جیهان.

لەبەرانبەردا سەرۆك بارزانی پیرۆزبایی لە كونسوڵی چین لە هەولێر كرد و هیوای سەركەوتنی بۆ خواست و خۆشحاڵیی خۆیشی نیشاندا بۆ كردنەوەی پەیوەندیی نێوان وڵاتی چین و كوردستان لە ئاستی فەرمی و دیپلۆماسیدا و هیوای خواست ئەم پەیوەندییە خزمەتی بەرژەوەندییەكانی هەردوولا و ناوچەكە بكات.

سەبارەت بە هەڕەشەكانی داعش و سەركەوتنەكانی پێشمەرگە سەرۆك بارزانی ئاماژەی بەوەدا سەركەوتنەكانی پێشمەرگە بەسەر تیرۆریستان ئەو وێنە ئەفسانەیەی شكاند كە داعش بۆ خۆی وێنای كردبوو. لەگەڵئەوەیشدا هەڕەشەی تیرۆریستان هەر ماوە و پێویستە لەناو ببردرێن و ئەو لەناوبردنەیش هەوڵێكی هەمەلایەنەی جیهانیی دەوێ و وڵاتی چینیش بە حوكمی پێگەی نێودەوڵەتیی خۆی دەتوانێ ڕۆڵێكی كارا لەمبارەیەوە بگێڕێت.

تاوتوێكردنی بارودۆخی مرۆیی ئاوارەكان تەوەرێكی دیكەی ئەم دانیشتنە بوو و سەرۆك بارزانی بڕیاری وڵاتی چینی بۆ ناردنی هاوكاریی مرۆیی بۆ هەرێمی كوردستان بەرز نرخاند.

 

 

 

 

بەناوی خودای بەخشندە و میهرەبان

 

هێرشی دڕندانەی تیرۆریستانی داعش بۆ سەر خوشك و براكانمان لە كۆبانێ بەشێكە لە ئەو نەفیرعام و دوژمنكارییەی تیرۆریستان لەدژی گەلی كوردستان ئەنجامی دەدەن. وەحشیگەری و پەلاماری تیرۆریستانی داعش بۆسەر كۆبانێ و ڕۆژئاوای كوردستان هەڕەشەیە بۆ هەموو گەلی كوردستان و شەرەف و كەرامەت و مان و نەمانی گەلەكەمانی كردۆتە ئامانج.

 

داوا لە هەموو لایەنە كوردستانییەكان دەكەم هەموو ناكۆكییەكانیان وەلا بنێن و بەیەكەوە بەرگری له كەرامەت و خاك و ژیانی هاووڵاتیانی كۆبانێ بكەن. بەرگریكردن لە خاك و خەڵكی كوردستان ئەركێكە لەسەر شانی هەموومانە و لەسەرووی هەموو ئەركێكی دیكەیە.

 

داوا لە كۆمەڵگەی نێودەوڵەتییش دەكەم بە زووترین كات هەموو ڕێوشوێنێك بگرنەبەر بۆ پاراستنی كۆبانێ و خەڵكی ڕۆژئاوای كوردستان لە دەستی تیرۆریستان. چونكە تیرۆریستانی داعش لە هەر شوێنێك بن دەست لە تاوان و كارەسات ناپارێزن و دەبێ لە هەر شوێنێك بێت لێیان بدرێت و تێكبشكێندرێن.

 

مسعود بارزانی
سەرۆكی هەرێمی كوردستان
19ـی ئەیلوولی 2014

 

 

 

 

بە مەبەستی ئاگاداربوون لە بارودۆخی كارگێڕیی پارێزگای دهۆك و وردەكاری و چۆنییەتی یارمەتیدان و حەواندنەوەی ئاوارەكان و هەروەها ئەو كێشە و گرفتانەی لە قەزا و ناحییەكان و یەكە كارگێڕییەكانی ئەم پارێزگایە، ئەمڕۆ سێشەمە 16ـی 9ـی 2014 بەڕێز مەسعود بارزانی لەگەڵ پارێزگاری دهۆك و قایمەقام و بەرپرسی یەكە ئیدارییەكان و سەرۆكی زانكۆكان و بەڕێوبەرە گشتییەكانی پارێزگای دهۆك كۆبۆیەوە.

لەم كۆبوونەوەیەدا وردەكاریی یارمەتیدانی ئاوارەكان و ئاماری ئەو ئاوارە و پەنابەرانەی لە پارێزگای دهۆك نیشتەجێن و كێشەكانی دابینكردنی خۆراك و تەندروستی و هەروەها كێشەی دەوامی قوتابخانەكان خرانەڕوو كە بەهۆی نیشتەجێبوونی ئاوارەكان هاتووەتە ئاراوە.

هەر لەم كۆبوونەوەیەدا سەرۆك بارزانی لە گوتەیەكدا سوپاسی ئەرك و ماندووبوونی هاووڵاتیان و ئیدارەی پارێزگا و یەكە ئیدارییەكانی سەر بە پارێزگای دهۆكی كرد كە هەموو توانایەكیان خستووەتەگەڕ بۆ یارمەتیدانی ئاوارەكان و هێمای بەوەدا كە بارێكی زۆر گران لەسەر شانی ئەم پارێزگایەیە و بە دەنگەوەهاتنی خەڵكی پارێزگای دهۆكیش جێگەی دەستخۆشی و شانازییە.

لە بەشێكی دیكەی قسەكانیدا سەرۆك بارزانی تیشكی خستە سەر بارودۆخی سیاسی و ئەمنی و هەروەها پەلاماری تیرۆریستان و لەوبارەیەوە بەرچاوڕوونیی پێویستی بۆ بەشداربووانی كۆبوونەوەكە خستە ڕوو. سەبارەت بە گرفتی ئاوارەكان سەرۆك بارزانی بە پێویستی زانی كە وێڕای گەیاندنی بەپەلەی هاوكارییە سەرەتاییەكان كار لەسەر ئەوەیش بكرێت ئاوارەكان بۆ سەر ماڵ و حاڵی خۆیان بگەڕێنەوە و بشپارێزرێن.

سەرۆك بارزانی لە درێژەی قسەكانیدا باسی خۆڕاگریی خەڵكی كوردستان و قارەمانێتیی پێشمەرگە و یارمەتیی دۆستانی گەلی كوردستانی كرد و ڕایگەیاند كە ئێستا دەستپێشخەریی لەدەستی هێزەكانی پێشمەرگە دایە و تیرۆریستان شكستی گەورەیان خواردووە و ئەوەیش شانازییەكی مەزنە بۆ گەلەكەمان كە تیرۆریستان لەسەر دەستی پێشمەرگە تووشی شكست و پاشەكشە بێن. سەرۆك بارزانی ئەوەیشی خستەڕوو كە یارمەتیدانی جیهانی ئازاد و بەدەنگەوەهاتنی لەبەر ئەو بەها بەرزانەیە كە گەلەكەمان بڕوای پێ هەیە وەك پێكەوەژیان و ئازادیخوازی و ئاشتی كە دەبێ بەهەموومان ئەم بەهایانە بپارێزین و گەشەی پێ بدەین. سەرۆك بارزانی بەشداربووانی كۆبوونەوەكەیشی لەوە دڵنیا كردەوە كە بە هەر نرخێك بێت ناوچە داگیركراوەكان لە دەستی تیرۆریستان ڕزگار دەكرێن و خەڵكی ئەم ناوچانە بە سەربەرزی دەگەڕێنەوە شوێنەكانیان.

لە بەشێكی دیكەی ئەم كۆبوونەوەیەدا قایمەقام و بەرپرسی یەكە ئیداریی و سەرۆكی زانكۆ و بەڕێوبەرە گشتییەكانی سنووری پارێزگای دهۆك لەبارەی باشتر بوونی گوزەرانی ئاوارەكان و دۆخی كارگێڕیی پارێزگای دهۆك تێبینی و پێشنیارەكانیان بۆ سەرۆك بارزانی خستەڕوو و سەرۆك بارزانیش ڕێنوێنی و بەرچاوڕوونیی پێویستی لەبارەی پێشنیار و تێبینییەكان بۆ ئامادەبووان شی كردەوە.

 

 

 

 

ئەمڕۆ چوارشەمە 17ـی ئەیلوولی 2014 لە شاری دهۆك بەڕێز مەسعود بارزانی پێشوازی لە ڤلادیمیر ماكای وەزیری دەرەوەی بیلا ڕووسیا و شاندێكی یاوەری كرد.

لە دیدارێكدا وەزیری دەرەوەی بیلا ڕووسیا سوپاسی ڕەخساندنی ئەم دیدارەی كرد و سڵاوی سەرۆكی وڵاتەكەیشی بە سەرۆك بارزانی گەیاند و ئەوەیشی خستەڕوو كە هاتووە هەتا لە نزیكەوە ئاگاداری ڕەوشی كوردستان بێت بۆ ئەوەی بزانن كە چۆن یارمەتی و هاوكاری پێشكەشی هەرێمی كوردستان بكەن. وەزیری دەرەوەی بیلا ڕووسیا وێڕای ئاماژەدان بە هەڕەشەی تیرۆریستان ڕۆڵی هێزەكانی پێشمەرگەی لە جەنگی دژی تیرۆریستان بە جوامێرانە و قارەمانانە وەسف كرد. لە درێژەی قسەكانیدا وەزیری دەرەوەی بیلا ڕووسیا هێمای بەوەدا كە ئاگاداری خەبات و قوربانیدانی گەلی كوردستانن و خاڵی هاوبەشی وڵاتەكەی و كوردستان قوربانیدان و خەبات بووە لە پێناو ئازادیدا و ڕایگەیاند كە لەوە دڵنیایە گەلی كوردستان بە ئازادی و ئاواتەكانی دەگات.
وەزیری دەرەوەی بیلا ڕووسیا ئامادەیی تەواوی وڵاتەكەیشی نیشاندا بۆ هاوكاریكردنی كوردستان لە بوارەكانی سەربازی و پیشەسازی و كشتوكاڵ و پەروەردە و دیپلۆماسی.

لە بەرانبەردا سەرۆك بارزانی بەگەرمی بەخێرهاتنی وەزیری دەرەوە و شاندە یاوەرەكەی كرد و سوپاسی سەرۆكی بیلا ڕووسیای كرد و هیوای خواست كە هاتنی ئەم شاندە دەستپێكێكی باش بێت بۆ كردنەوەی پەیوەندیی هەمەلایەنە و پێشوازیشی لە هاوكاریی نێوان هەردولا كرد لە بوارە جۆراوجۆرەكان. سەرۆك بارزانی ئاماژەیشی بەوەدا كە كوردستان وڵاتێكی دەوڵەمەندە و سامانی نەوتی هەیە بەڵام دەبێ بایەخێكی زۆر بە كشتوكاڵ بدات و بۆ ئەو مەبەستەیش كاری هاوبەشی نێوان هەرێمی كوردستان و بیلا ڕووسیای بە پێویست زانی.

لە درێژەی قسەكانیدا سەرۆك بارزانی جەختی لەوە كردەوە كە مەزنیی وڵاتێك تەنیا بە ڕووبەر و سامانەكەی نییە بەڵكو مەزنی بۆ ئەو پابەندبوونە دەگەڕێتەوە كە وڵاتێك بۆ بەهای ئازادی و مرۆڤدۆستی هەیەتی. سەرۆك بارزانی وێڕای ئاماژەدان بە خەبات و قوربانیدانی گەلی كورد ئەوەی دووپات كردەوە كە كوردستان هیچ كات لەگەڵ شەڕدا نەبووە و هەمیشە شەڕی بەسەر سەپێندراوە و نموونەیشی ئەو شەڕە زاڵمانەیەیە كە بە بێ هیچ پاساوێك لە لایەن تیرۆریستان بەسەر گەلی كوردستان سەپێندراوە.

پەیوەست بەم باسەوە سەرۆك بارزانی هێمای بەوەدا كە گەلی كوردستان لە ناوچەیەكدا دەژییت كە بەردەوام هەڕەشەی لێ دەكرێت و سرووشتی ناوچەكە بە جۆرێكە كە بەردەوام شەڕ و هەڕەشە بەسەر گەلی كوردستان دەسەپێندرێت. بۆیە بۆ بەرپەرچدانەوەی زوڵم و داگیركاری پێویستە كوردستان لە هەموو بوارەكان بەهێز بێت بۆ ئەوەی بتوانێ بەرگری لە خۆی بكات. سەرۆك بارزانی لەو بارەیەوە زیاتر دوا و ئەوەی خستەڕوو كە لەدوای شەڕی جیهانیی یەكەم زوڵم لە دانیشتوانی ناوچەكەمان كرا و بە زۆر دابەشكران بەڵام گەلی كوردستان بە خوێن و قوربانیدان ڕێگەی نەدا ئەم زوڵمە ببێتە ئەمری واقع.
قسەكردن لەسەر هەڕەشەی تیرۆریستان و سەركەوتنەكانی پێشمەرگە لە جەنگی دژی تیرۆریستان و ڕەوشی ئاوارەكان تەوەرێكی دیكەی دانیشتنەكە بوو.

لە درێژەی بەسەرکردنەوەی هێزەكانی پێشمەرگە و بەرەکانی ڕووبەڕووبوونەوەی تیرۆریستان، ئەمڕۆ یەكشەممە 14ـی ئەیلوولی ٢٠١٤، بەڕێز مەسعود بارزانی سەرۆکی هەرێمی کوردستان بە مەبەستی لە نزیكەوە ئاگاداربوون لە بارودۆخی بەڕەكانی جەنگ سەردانی سەنگەرەکانی پێشمەرگەی لە میحوەری ڕۆژهەڵاتی دیجلە کرد. لەو سەردانەدا سەرۆک بارزانی دەستخۆشیی لە پێشمەرگە قارەمانەکان کرد بۆ ئەو سەرکەوتنە مەزنەی لە چەند ڕۆژی ڕابردوودا لەو ناوچەیە وەدەستیان هێنا و هەروەها سوپاسی خۆڕاگریی پێشمەرگەی کرد و وەک زامنی ئازادیی کوردستان و پارێزەری گەل و وڵات.

لەو بەسەرکردنەوەیەدا سەرۆک بارزانی گوێی لە سەرنج و تێبینیی فەرماندە و پێشمەرگەکان گرت و ڕێنمایی و بەرچاوڕوونیی پێویستیشی لەبارەی ڕەوشی سیاسی و مەیدانیی بەرەی دژ بە تیرۆریستان خستەڕوو.

 

 

 

 

ئەمڕۆ هەینی 12ـی 9ـی 2014 فرانسوا هۆڵاند سەرۆكی كۆماری فەڕەنسا بە یاوەری شاندێكی حكوومەتی فەڕەنسا سەردانی هەرێمی كوردستانی كرد و لە فڕۆكەخانەی نێودەوڵەتیی هەولێر لە لایەن بەڕێز مەسعود بارزانی سەرۆكی هەرێمی كوردستان و بە ئامادەبوونی ژمارەیەك لە بەرپرسانی حكوومەتی هەرێمی كوردستان، لە ڕێوڕەسمێكی تایبەتدا پێشوازی لێ كرا.

لەدوای بەخێرهێنانی لە لایەن سەرۆك بارزانی و پشوودانێكی كورت لە فڕۆكەخانەی نێودەوڵەتیی هەرێم، سەرۆك بارزانی و سەرۆك كۆماری فەڕەنسا و شاندە یاوەرەكەی سەردانی كەمپی ئاوارەكانیان لە شارۆچكەی عەنكاوەی هەولێر كرد و لە نزیكەوە ئاگاداری بارودۆخ و گوزەرانی ئاوارەكان بوون كە لەپاش پەلاماردانی تیرۆریستان بۆ سەر هەرێمی كوردستان و دەشتی نەینەوا پەنایان بۆ كوردستان هێناوە و لەم كەمپەدا نیشتەجێن.

دوای ئەم سەردانە لە شاری هەولێر سەرۆك بارزانی و سەرۆك كۆماری فەڕەنسا و شاندە یاوەرەكەی كە پێكهاتبوون لە لۆران فابیوس وەزیری دەرەوەی فەرەنسا و جێن یوڤیس لێدریان وەزیری بەرگریی فەڕەنسا و مارك بارێتی باڵیۆزی فەڕەنسا لە عێراق و ژمارەیەك ڕاوێژكار و بەرپرسی حكوومەتی فەڕەنسا كۆبوونەوە.

لەم كۆبوونەوەیەدا كە نێچیرڤان بارزانی سەرۆكی حكوومەتی هەرێمی كوردستان و مەسرور بارزانی ڕاوێژكاری ئەنجوومەنی ئاساییشی كوردستان و مستەفا سەید قادر وەزیری پێشمەرگە و فواد حوسێن سەرۆكی دیوانی سەرۆكایەتیی هەرێم و فەلاح مستەفا بەرپرسی فەرمانگەی پەیوەندییەكانی دەرەوە و سەفین دزەیی گوتەبێژی حكوومەتی هەرێمی كوردستان ئامادەی بوون، سەرۆك بارزانی زۆر بەگەرمی بەخێرهاتنی سەرۆكی فەرەنسا و شاندە یاوەرەكەی كرد و ئەم سەردانەی بە مێژوویی و كاریگەر وەسف كرد. سەرۆك بارزانی سوپاسی سەرۆك و گەلی فەڕەنسای كرد بۆ بەدەنگەوەهاتن و یارمەتیدان و هاوكاریكردنی گەلی كوردستان و ڕایگەیاند كە جێگەی شانازییە كوردستان دۆستێكی مەزنی وەك گەلی فەڕەنسای هەیە. سەرۆك بارزانی ئەوەیشی بۆ سەرۆكی فەڕەنسا خستەڕوو كە فەڕەنسا لە ڕۆژە سەختەكاندا هەردەم لەتەك گەلی كوردستان وەستاوە و یارمەتی و هاوسۆزیی ئەمجارەی فەڕەنسا كاریگەریی زۆری لە بەهێزتربوونی ورەی گەلی كورد و هێزەكانی پێشمەرگە هەبووە و هاوكێشەی شەڕەكانی لە قازانجی گەلی كوردستان و هێزەكانی پێشمەرگە گۆڕیوە. سەرۆك بارزانی هەوڵەكانی فەڕەنسای بۆ كۆكردنەوەی پاڵپشتیی نێودەولەتی و دروستكردنی هاوپەیمانێتیی دەولی لەشەڕی دژی تیرۆردا بەرز نرخاند و لەبارەی شەڕی دژی ڕێكخراوی تیرۆریستیی داعشی سەرۆك بارزانی جەختی لەوە كردەوە كە كوردستان لەشەڕی ئەم ڕێكخراوە هەتا ڕیشەكێشكردن و لەناوبردنی بەردەوام دەبێت.

هەر لەم كۆبوونەوەیەدا سەرۆكی كۆماری فەڕەنسا سوپاسی سەرۆك بارزانیی كرد بۆ ئەو پێشوازییەی لێی كراوە و دووپاتی ئەوەی كردەوە كە وڵاتەكەی لە پاڵپشتیكردن و پاراستنی گەلی كوردستان بەردەوام دەبێت و لە شەڕی دژی تیرۆریستانی داعشدا یارمەتییە سەربازیی و مرۆڤییەكانی فەڕەنسا بۆ هەرێمی كوردستان فراوانتر دەبێت و دەچێتە قۆناغێكی تازەتر و هاوپەیمانییەكی بەهێزی دەولییش بۆ ئەم مەبەستە پێكدێت. سەرۆكی فەڕەنسا باسی لە بەستنی كۆنگرەیەكی نێودەوڵەتیی كرد كە بڕیارە لە داهاتوویەكی نزیك لە شاری پاریس بۆ چۆنییەتی ڕووبەڕووبوونەوە و لەناوبردنی ڕێكخراوی تیرۆریستیی داعش دەبەسترێت و ڕایشیگەیاند شاندی هەرێمی كوردستانیش لەم كۆنگرەیەدا بەشدار دەبێت چونكە لە ئەرزی واقعدا كوردستان هیڵی ڕووبەڕووبوونەوەیە و لەگەڵ ئەم ڕێكخراوە لە جەنگدایە.

سەرۆكی فەڕەنسا ستاییشی هەرێمی كوردستان و هێزەكانی پێشمەرگەی كرد بۆ پاراستن و حەواندنەوەی ژمارەیەكی زۆری پەنابەر و ئاوارە و كوردستانیشی بە نموونەیەك زۆر باش وەسف كرد لە پێكەوەژیانی پێكهاتە ئایینی و نەتەوەییە جۆراوجۆرەكان و ڕایگەیاند فەڕەنسا ستایشی ئەم پێكەوەژیانەی كوردستان دەكات و پارێزگاری لەم فرەیی و پێكەوەژیانە دەكات.

لەدوای كۆبوونەوەكە سەرۆك بارزانی و سەرۆكی كۆماری فەڕەنسا بەشداری پڕێسكۆنفڕانسێك بوون و ناوەڕۆكی كۆبوونەوە و ئامانجی سەردانەكەیان بۆ ڕاگەیاندنەكان باس كرد.

هەر ئێوارەی ئەمڕۆ هەینی 12ـی 9ـی 2014 فرانسوا هۆڵاند سەرۆكی كۆماری فەڕەنسا كۆتایی بە سەردانەكەی بۆ هەرێمی كوردستان هێنا و لە فڕۆكەخانەی نێودەوڵەتیی هەولێر و لە لایەن سەرۆك بارزانی و ژمارەیەك لە بەرپرسانی حكوومیی هەرێمی كوردستان بەڕێكرا. شایانی باسە بەر لە كۆتاییهێنان بە سەردانەكەی بۆ هەرێمی كوردستان سەرۆك كۆماری فەڕەنسا بە مەبەستی گوێگرتن و زیاتر ئاگاداربوونی لە داواكاری و كێشەكانی ئاوارەكان لە كەنیسەی مار یوسفی عەنكاوە لەگەڵ پیاوانی ئایینی مەسیحی و نوێنەرانی ئاوارەكان كۆبۆیەوە.

 

 

 

 

ئەمڕۆ سێشەممە 9ـی 9ـی 2014 بەڕێز مەسعود بارزانی سەرۆكی هەرێمی كوردستان لە پەیوەندییەكی تەلەفۆنیدا بە بۆنەی دەستبەكاربوونی وەك سەرۆك وەزیرانی تازەی عێراق پیرۆزبایی لە حەیدەر عەبادی كرد و هیوای سەركەوتنی لە ئەرك و كارەكانی بۆ خواست.

لەم پەیوەندییە باس لە بڕیاری بەشداربوونی كوردستان كرا لە حكوومەت كە بە كۆدەنگیی گشت لایەنە سیاسییەكانی كوردستان بووە و جەخت لەوە كرایەوە كە تێكڕای لایەنە سیاسییەكان پێكەوە هاوكاری یەكتر بن بۆ ئەوەی عێراق لەو قەیرانە ئەمنی و سیاسییەی تێی كەوتووە ڕزگاری بێت.

هەردوولایش لەسەر ئەوە هاوڕابوون كە دەرفەتێكی باش هاتووەتە پێش كە بەیەكەوە كار لەسەر ئەوە بكرێت كە هەڵەكانی حكوومەتی ڕابردوو دووبارە نەكرێنەوە و مەرج و داواكارییەكانی كورد ڕەچاو بگیرێت و كار بۆ سەقامگیریی وڵات و ڕاماڵینی تیرۆریستان بكرێت.

 

 

 

 

هەواڵی زیاتر لە تویتەر

راپۆرتە پڕ بینەرەکان

حالت های رنگی