ئەمڕۆ پێنجشەممە 15ـی 5ـی 2014 لە سەلاحەدین بەڕێز مەسعود بارزانی سەرۆكی هەرێمی كوردستان پێشوازی لە نەوشیروان مستەفا ڕێكخەری گشتیی بزووتنەوەی گۆڕان و شاندێكی یاوەری كرد كە پێكهاتبوون لە عومەری سەید عەلی و حەمە تۆفیق ڕەحیم ئەندامانی جڤاتی نیشتیمانیی بزووتنەوەی گۆڕان.

لە دیدارێكدا كە د. فواد حوسێن سەرۆكی دیوانی سەرۆكایەتیی هەرێمی كوردستانیش ئامادەی بوو، هەڵبژاردنەكانی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق و ئەنجامەكانی و هەروەها نامەی سەرۆكی ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراقی بۆ لایەنە سیاسییەكان خرایە بەر باس و گفتوگۆ و، قسە لەسەر ئەوە كرا كە چۆن كورد بتوانێ بە یەكدەنگی مامەڵە لەگەڵ پڕۆسەی سیاسی و حكوومەتی ئاییندەی عێراق بكات. هەر لەم دیدارەدا ئەو میكانیزمانە تاوتوێ كران كە بە هۆیانەوە تیمێكی هاوبەشی هێزە كوردستانییەكان پێكبهێندرێت بۆ ئیدارەدانی كاروباری كورد لە بەغدا و دیراسەكردنی وەرگرتنی ئەو پۆستانەی كە لە بەغدا بۆ هەرێمی كوردستان جێگەی بایەخن.

تەوەرێكی دیكەی دانیشتنی نێوان سەرۆك بارزانی و شاندی بزووتنەوەی گۆڕان پێكهێنانی كابینەی هەشتەمی حكوومەتی هەرێم و ئەو گرفتانە بوو كە بوونەتە ڕێگر لەبەردەم پێكهێنانی كابینەی هەشتەمی حكوومەتی هەرێم و هەردوولا جەختیان لەوە كردەوە كە پێویستە بە زووترین كات كابینەی هەشتەم دەست بەكار بێت بۆ ئەوەی بتوانێ بە باشترین شێوە ڕووبەڕووی تەحەدیاتی داهاتوو ببێتەوە.

 

 

  • پێنج شەممە, 15 ئایار 2014

 

 

ئێوارەی پێنجشەممە 8ـی 5ـی 2014 لە هەولێری پایتەخت بەڕێز مەسعود بارزانی سەرۆكی هەرێمی كوردستان بەشداریی مەراسیمی ڕۆژی ئەورووپا، یادی دامەزراندنی یەکێتیی ئەورووپای کرد.

لەو مەراسیمەدا کە نێردەی یەكێتیی ئەورووپا بۆ عێراق و باڵیۆزانی وڵاتانی یەكێتیی ئەورووپا لە عێراقی فیدڕاڵ و ژمارەیەکی زۆر لە کونسوڵ و نوێنەری وڵاتان لە هەرێمی کوردستان و پەرلەمانتار و وەزیران و نوێنەرانی لایەنە سیاسییەکانی هەرێم ئامادەی بوون، هەریەک لە باڵیۆز خاتوو یانا هایبەسكۆڤا نێردەی یەكێتیی ئەورووپا بۆ عێراق و فەلاح مستەفا بەرپرسی فەرمانگەی پەیوەندییەکانی دەرەوەی حکوومەتی هەرێمی کوردستان و نیكولای ملادینۆڤ نوێنەری تایبەتی سكرتێری گشتیی نەتەوە یەكگرتووەكان لە عێراق وتاریان پێشکەش کرد و لە کۆتایی مەراسیمەکەدا سەرۆک بارزانی و نێردەی یەكێتیی ئەورووپا بۆ عێراق کێکی یادەکەیان بڕی.

 

 

  • هەینی, 09 ئایار 2014

 

 

 

 

 

 

ئەمڕۆ پێنجشەممە 8ـی 5ـی 2014 لە سەلاحەدین بەڕێز مەسعود بارزانی سەرۆكی هەرێمی كوردستان پێشوازی لە نیكولای ماڵدینۆڤ نوێنەری تایبەتی سكرتێری گشتیی نەتەوە یەكگرتووەكان لە عێراق لە عێراقی فیدڕاڵ كرد.

لە دیدارێكدا دوایین پێشهاتە سیاسییەكانی ناوخۆی عێراق و هەروەها هەڵبژاردنەكانی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق و پارێزگاكانی هەرێمی كوردستان و ئەنجام و كاریگەرییەكانی ئەم هەڵبژاردنە خرایە بەر باس و گفتوگۆ و نوێنەری تایبەتی سكرتێری گشتیی نەتەوە یەكگرتووەكان لە عێراق خۆشحاڵیی خۆی بۆ سەركەوتنی پڕۆسەی هەڵبژاردنەكان لە هەرێمی كوردستان و عێراق ڕاگەیاند و هیوای خواست كە ئەم هەڵبژاردنە و ئەنجامەكانی ببێتە هۆی باشتربوونی بارودۆخی ئاساییشی عێراق و كۆتاییهاتنی قەیرانی سیاسی و دروستبوونی گۆڕانكاریی ئیجابی لە پڕۆسەی سیاسیی عێراقدا.

سەبارەت بە بەشداریی كورد لە دانوساندنەكان و حكوومەتی ئایندە و پڕۆسەی سیاسیی عێراق سەرۆك بارزانی جەختی لە ڕەچاوكردنی پڕەنسیپی شەراكەتی كردەیی لە حوكمڕانیی عێراقدا كردەوە و هێمایشی بەوەدا كە پێویستە هەموو لایەك چاوەڕێی ئەنجامی ڕەسمیی هەڵبژاردنەكان بین و لەژێر ڕۆشنایی ئەنجامەكان قسە لەسەر هێڵە گشتییەكانی حكوومەتی تازەی عێراق بكرێت.

لەم دیدارەدا نوێنەری تایبەتی سكرتێری گشتیی نەتەوە یەكگرتووەكان لە عێراق ئامادەیی خۆی و ڕێكخراوی نەتەوە یەكگرتووەكانی ڕاگەیاند بۆ ئەوەی یارمەتیی لایەنە سیاسییەكانی عێراق بدات لە پڕۆسەی دانوساندن و چارەسەركردنی قەیرانە سیاسییەكانی عێراق.

 

 پێنج شەممە, 08 ئایار 2014

 

 

ڕۆژی دووشەممە 5ـی 5ـی 2014 لە كۆشكی حوسێنییەی عەمانی پایتەختی ئۆردۆن جەلالەتی شا عەبدوللای دووەمی شای ئۆردۆن پێشوازی لە بەڕێز مەسعود بارزانی سەرۆكی هەرێمی كوردستان و شاندی یاوەری كرد كە پێكهاتبوون لە مەسروور بارزانی ڕاوێژكاری ئەنجوومەنی ئاساییشی هەرێمی كوردستان و كەریم سنجاری وەزیری ناوخۆی حكوومەتی هەرێمی كوردستان و د. فواد حوسێن سەرۆكی دیوانی سەرۆكایەتیی هەرێمی كوردستان و فەلاح مستەفا بەرپرسی فەرمانگەی پەیوەندییەكانی دەرەوەی حكوومەتی هەرێمی كوردستان كە لەسەر بانگهێشتێكی فەرمیی شای ئۆردۆن سەردانی وڵاتی ئۆردۆنیان كردووە.

لەم دیدارەدا كە ئەمیر فەیسەڵ بن حوسێن و بەڕێوەبەری نووسینگەی شای ئۆردۆن و وەزیری دەرەوەی ئۆردۆن و ڕاوێژكاری شای ئۆردۆن لە ئەنجوومەنی سیاسەتە نیشتیمانییەكان ئامادەی بوون، شای ئۆردۆن جەختی لەسەر ئەو پەیوەندییە برایانە كردەوە كە عێراق و ئۆردۆنی لە بوارە جۆراوجۆرەكاندا لێك نزیك كردووەتەوە. هەروەها شای ئۆردۆن پاڵپشتیی شانشینی ئۆردۆنی بۆ ئەو هەوڵانە دووپاتكردەوە كە لە پێناو باشتركردنی سەقامگیری و ئاساییشی عێراق و پێكەوەژیانی نێوان پێكهاتەكانی عێراقی لە ئارادان. لەم دیدارەی نێوان سەرۆك بارزانی و شای ئۆردۆن پێشهاتە هەنووكەییە ئیقلیمیەكان خرایە بەر باس و گفتوگۆ و قسەیش لەبارەی ئەو میكانیزمانە كرا كە بۆ پەرەپێدانی پەیوەندیی نێوان هەرێمی كوردستان و شانشینی ئۆردۆن پێویستە بە تایبەت لە بواری ئابووری و وەبەرهێنان و گەشتوگوزار و سوودوەرگرتنی هەرێمی كوردستان لە ئەزموونی شانشینی ئۆردۆن لە بواری گەشەسەندندا.

هەر لەم دیدارەدا سەرۆك بارزانی هەڵوێستی شانشینی ئۆردۆنی بۆ پاڵپشتی و یارمەتیدانی عێراق لە بارودۆخە سەخت و دژوارەكاندا بە بەرز نرخاند و جەختیشی لە پەرەپێدانی پەیوەندییەكانی نێوان هەرێمی كوردستان و شانشینی ئۆردۆن كردەوە بە شێوەیەك كە خزمەتی بەرژەوەندییەكانی هەردوو وڵات بكات. سەرۆك بارزانی هەوڵە ئاشتیخواز و میانڕۆیانەی شای ئۆردۆنی بۆ چارەسەری تەحەدیات و بارودۆخە سەختەكان كە ناوچەكە ڕووبەڕووی بووەتەوە بە بەرز وەسف كرد.

 

 

 

 

سەرلەبەیانیی ئەمڕۆ چوارشەممە 30ـی 4ـی 2014 بەڕێز مەسعود بارزانی سەرۆكی هەرێمی كوردستان بە مەبەستی بەشداریكردن لە پڕۆسەی دەنگدانی هەر دوو هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق و ئەنجوومەنی پارێزگاكانی هەرێمی كوردستان لە یەكێك لە بنكەكانی دەنگدانی شارۆچكەی پیرمام ئامادە بوو و دەنگی خۆی دا.

 

 چوار شەممە, 30 نیسان 2014

 

 

بەناوی خودای مەزن و دلۆڤان

لە كاتێكدا گەلی كوردستان لە ئامادەكاریدایە بۆ شادیی هەڵبژاردن و جەژنی دیموكراسی بەداخ و پەژارەیەكی زۆرەوە ئێوارەی ئەمڕۆ دووشەممە 28ـی 4ـی 2014 دەستی ڕەشی تیرۆر شاری خۆڕاگر و قارەمانپەروەری خانەقینی كردە ئامانج و لە ئەنجامی كردەیەكی نامرۆڤانەی خۆكوژی لەنێو مەراسیمی هەوادارانی یەكێتیی نیشتیمانیی كوردستان لە شاری خانەقیندا ژمارەیەكی زۆری خوشك و براكانمان لەم شارە ئازیزە شەهید كران و ژمارەیەكی زۆریش بریندار بوون. سەرەخۆشیی خۆم ئاراستەی كەسوكاری شەهیدانی ئەم كارەساتە دڵتەزێنە و تەواوی خەڵكی كوردستان دەكەم و داواكارم لە خودای مەزن جێگەی ئەم شەهیدە سەربەرزانە بەهەشتی بەرین بێت و هیوای چاكبوونەوەی خێرایش بۆ بریندارانی ئەم ڕووداوە خەمناكە دەخوازم.

دوژمنان و ناحەزانی گەلی كورد چاویان بە ئازادی و ئۆقرەیی گەلەكەمان هەڵنایەت و دەیانەوێ لەڕێی تیرۆر و تۆقاندنەوە ئیرادەی گەلەكەمان تێكبشكێنن. ئیرادەی گەلەكەمان و خۆڕاگریی شاری شەهیدپەروەری خانەقین پۆڵایینە و داخلەدڵان و دوژمنانی گەلی كورد هیچ كات ناتوانن بە مەرامە گڵاوەكانیان بگەن.

حكوومەتی هەرێمی كوردستان و گشت دامودەزگا پەیوەندیدارەكانی هەرێمی كوردستان ئامادەن بە هەموو هێز و توانایەكیانەوە یارمەتیی خەڵكی قارەمانی شاری خانەقین و برینداران و كەسوكاری قوربانیانی ئەم كارەساتە بدەن. داوایش لە هێزەكانی پێشمەرگە و دامودەزگەكانی ئاساییش و پۆلیس دەكەم بە چاوێكی كراوە و ورەیەكی بەرز بەردەوام بن لە پاراستنی گەل و نیشتیمانەكەیان و گورزی كوشندە لە تیرۆریستان و شەمشەمەكوێرەكان بوەشێنن. تیرۆریستان و دوژمنانی گەلی كورد باش بزانن كارەسات و قوربانیدان، یەكڕیزیی ڕۆڵەكانی گەلەكەمان پتەوتر دەكات و پشت بە خودای مەزن هێز و ئیرادەی گەلەكەمان بەسەریاندا سەردەكەوین.

مسعود بارزانی

سەرۆكی هەرێمی كوردستان

28ـی 4ـی 2014

 

 

 

 

بە ئامادەبوونی بەڕێز مسعود بارزانی سەرۆكی هەرێمی كوردستان ، ئەمڕۆ لە سەر خاكی پیشانگای نێودەوڵەتی هەولێر پیشانگای ساڵانەی مەدا كرایەوە .

 
لە رێوڕەسمەكەدا كە ژمارەیەكی زۆری پەرلەمانتار و وزیرانی حكومەتی هەرێم و بەرپرسانی حكومەتی فیدراڵ و ژمارەیەك لە كونسوڵ و نوێنەرانی وڵاتانی بیانی لە هەولێر و ژمارەیەك لە رۆشنبیر و رۆژنامەنووسانی كورد و عەرەب ئامادەی بوون سەرۆكی هەرێمی كوردستان و میوانانی پیشانگا گەشتێكیان بە نێو بەشەكانیدا كرد.

پاشان سەرۆكی هەرێم وتەیەكی پێشكەشكرد تیایدا بەخێرهاتنی میوانانی فستیڤاڵی كرد و دووپاتیكردەوە مایەی شانازی هەرێمە كە هەموو ساڵێك پیشانگای كتیبَب لە هەولێر دەكرێتەوە و هەر ساڵێكیش پێشكەوتنی زیاتر و رێكخستنی بە خۆیەوە دەبینێت .
هەروەها دووپاتیكردەوە ئەمڕۆ كوردستان میوانداری كتێب و رۆشنبیری دەكات چونكە باوەڕی بەوە هەیە كە رۆشنبیری بنەمای ژیانێكی ئارامە و ئەو گەلەی خۆی بە رۆشنبیری پڕچەك دەكات دەتوانێت ئایندەی خۆی بونیاد بنێت و دەتوانێ سوود وەربگرێت و سوودیشی بۆ خەڵكی دیكەش هەبێت .

نیشانیشیدا پیشانگای كتێب زۆر بە رێكی دەستیپێكرد و ئەمڕۆش وا میوانداری نۆیەمین پیشانگای دەكەین لە هەولێر و ئەمەش بەڵگەیەكی گەورەیە بەوەی گەلی كوردستان خۆشەویستی بۆ كتێب و رۆشنبیری هەیە بۆ كتێب و رۆشنبیری و ئامادەبوونی ئەم خەڵكە لەو پیشانگایەش بەڵگەیەكی دیكەیە بۆ رێزگرتنی خەڵكی كوردستان بۆ رۆشنبیری و رۆشنبیران و بۆ قەڵەم .

هەروەها شانازی خۆیشی بەوە نیشاندا كە ئازادیە گشتی و تایبەتیەكان بۆ هەر تاكێك پارێزراوە بە بەڵگەی كردنەوەی ئەم پیشانگایەی كە هەموو خانەكانی بڵاوكردنەوە تیایدا كتێبەكانی خۆی نمایش دەكات بە بێ ئەوەی هیچ لایەن و كەسێك سانسۆر بخاتە سەریان .

دووپاتیشیكردەوە هەولێر هەمیشە كراوەیە و ئامادەیە بۆ پیشوازیكردن لە هەموو پیشانگایەكی لەمجۆرە .

پاشان نەوزاد هادی پارێزگاری هەولێر لە وتەیەكدا وێڕای بەخێرهێنانی میوانان خۆشحاڵی خۆی بەوە نیشاندا كە زیاتر لە 250 ناوەندی چاپ و بڵاوكردنەوە لە 12 وڵاتی عەرەبی و چەند وڵاتێكی ئەورووپایی و 5 خانە لە كوردستان و 20 لە عیراق ئەمڕۆ لەو پیشانگایەدا بە جیاواز لە ساڵانی دیكە بەشدارن ئەوەش نیشانەی خۆشەویستی خەڵكی هەرێمی كوردستان و هەولێرە بۆ كتێب و بۆ رۆشنبیری.

دوایین وتار لە لایەن مەحموود جبریل كەسایەتی ناوداری عەرەبی پێشكەشكرا كە تیایدا ستایشی پێشكەوتنی كوردستانی كرد و خۆشحاڵی خۆی بە پێشكەوتنی ئەم هەرێمە نیشاندا لەو كاتەی كە ناوچەكە لە بارێكی زۆر نائارامدایە .
پاشان چەندین پارچەی مۆزیكی كوردی و عەرەبی لەم رێوڕەسمەدا بەڕێوەچوون كە تیایدا یادی شاعیری گەورەی كورد شێركۆ بێكەش كرایەوە .

 

 

  • چوار شەممە, 02 نیسان 2014

 

 

بە ناوی خوای گەورە و میهرەبان

خوشك وبرایان
میوانانی ئازیز


رێگەم پێبدەن بەخێرهاتنێكی گەرمتان بكەم بۆ هەولێر پایتەختی هەرێمی كوردستان ، ئامادەبوونتان هیوا و متمانەمان پێدەبەخشێت و شانازیشی پێوە دەكەین ، و مایەی شانازیشمانە كە دەبینین هەموو ساڵێك پیشانگای كتیبَب لە هەولێر دەكرێتەوە و هەر ساڵێكیش پێشكەوتنی زیاتر و رێكخستنی بە خۆیەوە دەبینێت .


ئەمڕۆ كوردستان میوانداری كتێب و رۆشنبیری دەكات چونكە باوەڕی بەوە هەیە كە رۆشنبیری بنەمای ژیانێكی ئارامە و ئەو گەلەی خۆی بە رۆشنبیری پڕچەك دەكات دەتوانێت ئایندەی خۆی بونیاد بنێت و دەتوانێ سوود وەربگرێت و سوودیشی بۆ خەڵكی دیكەش هەبێت .


پیشانگای كتێب زۆر بە رێكی دەستیپێكرد و ئەمڕۆش وا میوانداری نۆیەمین پیشانگای دەكەین لە هەولێر و ئەمەش بەڵگەیەكی گەورەیە بەوەی گەلی كوردستان خۆشەویستی بۆ كتێب و رۆشنبیری هەیە بۆ كتێب و رۆشنبیری و ئامادەبوونی ئەم خەڵكە لەو پیشانگایەش بەڵگەیەكی دیكەیە بۆ رێزگرتنی خەڵكی كوردستان بۆ رۆشنبیری و رۆشنبیران و بۆ قەڵەم .


مایەی شانازیمانە كە بەو پەڕی متمانەوە دەڵێین ، ئازادیە گشتی و تایبەتیەكان بۆ هەر تاكێك پارێزراوە بە بەڵگەی كردنەوەی ئەم پیشانگایەی كە هەموو خانەكانی بڵاوكردنەوە تیایدا كتێبەكانی خۆی نمایش دەكات بە بێ ئەوەی هیچ لایەن و كەسێك سانسۆر بخاتە سەریان چونكە ئێمە متمانەمان بە خۆمان و بەو خانانەی بڵاوكردنەوانە هەیە كە رۆڵی لە گەشەپێدان و پێشخستنی رۆشنبیری لە كوردستان و لە عیراقدا دەبێت بە شێوەیەكی گشتی.


بەم بۆنەیەوە دەمەوێ ئەرك و ماندوبوونی خانەی مەدا و بە تایبەتی برای بەڕێز فەخری كەریم بەرز بنرخێنم كە هەردەم لەگەڵ خانەكانی بڵاوكردنەوەی جیهان و لەگەڵ حكومەتی هەرێمی كوردستان لە كاری بەردەوامدایە بۆ رێكخستنی ئەم پیشانگایە بە شێوەیەكی ساڵانە لە هەولێر .


دەمەوێ ئاماژەش بەوە بكەم كە هەولێر هەمیشە كراوەیە و ئامادەیە بۆ پیشوازیكردن لە هەموو پیشانگایەكی لەمجۆرە .


لە كۆتاییدا جارێكی دیكە سوپاستان دەكەم و هیوای مانەوەیەكی خۆش بۆ هەموو میوانان لە هەولێر دەخوازم .


و السلام علیكم و رحمە الله و بركاته .

 

 

 

 

 

هەواڵی زیاتر لە تویتەر

راپۆرتە پڕ بینەرەکان

حالت های رنگی