ئەمڕۆ دووشەممە 25ـی 8ـی 2014 لە سەلاحەدین بەڕێز مەسعود بارزانی سەرۆكی هەرێمی كوردستان پێشوازی لە شاندێكی پارلەمانی ئەڵمانیا كرد بە سەرۆكایەتیی ڤۆلكەر كاودر سەرۆكی گرووپی پارلەمانیی پارتەكانی یەكێتی دیموكراتی مەسیحی و یەكێتی سوشیاڵ مەسیحی لە پارلەمانی ئەڵمانیای فیدڕاڵ.


لە سەرەتای دیدارەكەدا سەرۆكی شاندی پارلەمانی ئەڵمانیا سوپاس خۆی و سڵاوی ڕاوێژكاری ئەڵمانیای بە سەرۆك بارزانی ڕاگەیاند و سوپاسی گەل و حكوومەتی ئەڵمانیاشی بە سەرۆك بارزانی و گەلی كوردستان گەیاند بەهۆی ئەو هەوڵانەی بۆ پاراستنی ئێزیدی و مەسیحیی و پێكهاتەكانی دیكەی كوردستان و عێراق دراون و گوتی: " ئەڵمانیا سپاستان دەكات و گەلی ئەڵمانی وێنەیەكی زۆر ئیجابیی كوردستانی لا دروست بووە. ئێمە ئامادەین هاوكارتان بین و یارمەتیتان بدەین لە دابینكردنی كەلوپەلی سەربازی بۆ هێزەكانی پێشمەرگە و هاوكاریی مرۆیی بۆ ئاوارە و پەنابەران". سەرۆكی شاندی پارلەمانی ئەڵمانیا لەبارەی هەوڵەكانی حكوومەتی هەرێم زیاتر دوا و ئاماژەی بەوەدا كە بەو یارمەتی و پێشوازییەی پێشكەشی ئاوارەكانی كردووە حكوومەتی هەرێمی كوردستان پێگە و ناوبانگێكی بەرزی لە جیهاندا پەیدا كردووە.

لەبەرانبەردا سەرۆك بارزانی زۆر بە گەرمی بەخێرهاتنی شاندی میوانی كرد و سوپاسی هاوسۆزی و بەدەنگەوەهاتنی ڕاوێژكار و گەلی ئەڵمانیا و هەموو ئەو وڵاتە دۆستانەی كرد كە پاڵپشتی هەرێمی كوردستانن و ڕایگەیاند كە ئەو پاڵپشتییە دڵگەرمی و هێزێكی زیاتر دەداتە گەلی كوردستان و گوتی: " ئێمە نامانەوێ ڕۆڵەكانتان بێن و لێرە شەڕی تیرۆریستان بكەن. متمانەمان بە پێشمەرگە و گەلی كوردستان هەیە كە دەتوانن تیرۆریستان تێكبشكێنن تەنیا پێویستیمان بە چەكی تازە هەیە بۆ ئەوەی شەڕی تیرۆر بكەین". سەرۆك بارزانی وێڕای ئاماژەدان بەو ئابلۆقەیەی لەسەر هێزەكانی پێشمەرگە لە 10 ساڵی ڕابردوو لە لایەن حكوومەتی عێراقیدا هەبووە ئەوەی خستەڕوو كە پێشمەرگە بە ئیمكانیاتی متوازعی خۆیەوە توانی بوێرانە ڕێگە لە پێشڕەوی تیرۆریستان بگرێت و پاشەكشەیان پێ بكات و زەبری كوشندەیان لێ بدات.

سەرۆك بارزانی لە درێژەی قسەكانیدا هێمای بە دڕندەیی و مەترسیی تیرۆریستان دا كە دژی هەموو ئایین و بیروبۆچوون و بەهایەكی مرۆڤایەتین و ئەو شوێنەی ئەوان لێی بن ژیان هیچ مانایەكی نامێنێت.

سەبارەت بە پڕۆسەی سیاسیی عێراقیش سەرۆك بارزانی ئاماژەی بەوەدا كە ئامادەین یارمەتیی پڕۆسەی سیاسی بدەین بە مەرجێك گۆڕانكاری لە شێوەی حوكمڕانی و جۆری بیركردنەوە لە حكوومەتی تازەدا ڕوو بدات و هەڵەكانی پێشتر دووبارە نەبێتەوە. سەرۆك بارزانی ئەوەیشی بە پێویست زانی كە حكوومەتی عێراقی دەبێ هەست بە بەرپرسیارێتی بكات و قەرەبۆی زیانەكانی ئەو خەڵكە بكات كە بەهۆی هەڕەشەی تیرۆریستان ماڵ و حاڵی خۆیان بەجێهێشتووە.

 

 

 

 

ئەمڕۆ چوارشەممە 20ـی 8ـی 2014 لە شاری هەولێر بەڕێز مەسعود بارزانی پێشوازی لە شاندی پاتریاكەكانی كەنیسەی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست كرد كە پێكهاتبوون لە سەرۆكی كەنیسەی مارۆنیی كاسۆلیك پاتریاك كاردینال مار بشارە بتروس ئەلراعی و سەرۆكی كەنیسەی ڕۆمی مەلەكیی كاسۆلیكی و پاتریاك مار گریگریۆس لەحام و سەرۆكی كەنیسەی سریانی كاسۆلیك پاتریاك مار ئێگناتیۆس یوسفی سێیەمی یۆنان و سەرۆكی كەنیسەی كلدانی كاسۆلیك پاتریاك مارلوییس ساكۆ و قەداسەتی پاتریاك مار ئێگناتیۆس ئەفرامی دووەم سەرۆكی كەنیسەی سریانیی ئەرتۆدۆكس و مەترانی كەنیسەی ڕۆژهەڵاتی ئاشووری لە كوردستان و ڕووسیا مەتران مار ئیسحاق و مەتران بشار وەردە مەترانی عەنكاوە و هەولێر.


لە دیدارێكدا شاندی پاتریاكەكانی كەنیسەی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست سوپاس و پێزانینی خۆیان بۆ سەرۆك بارزانی و گەلی كوردستان ڕاگەیاند بۆ حەواندنەوەی ئەو ئاوارانەی بەهۆی هەڕەشەی تیرۆریستان ماڵ و حاڵی خۆیان بەجێهێشتووە و ئەوەیان خستەڕوو كە سەردانی كوردستانیان كردووە بۆ ئەوەی لە نزیكەوە دۆخی ئاوارەكان ببینن و جیهانی لێ ئاگادار بكەنەوە هانی كۆمەڵگەی نێودەوڵەتی بدەن كە پاڵپشتی هەرێمی كوردستان بن و وا بكرێت كە ئاوارەكان بە ڕێز و سەربڵندییەوە بگەڕێنەوە شوێنەكانی خۆیان. شاندی پاتریاكەكانی كەنیسەی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست هیوای گەڕانەوەی ئاشتی و ئارامی و سەرخەستنی پەیامی سەرۆك بارزانیان خواست كە لێبوردەیی و پێكەوەژیان و ئاشتیی نێوان پێكهاتەكانی عێراقە.

لەبەرانبەردا سەرۆك بارزانی بەگەرمی بەخێرهاتنی شاندی پاتریاكەكانی كەنیسەی ڕۆژهەڵاتی كرد و سوپاسی كردن و ڕایگەیاند هاتنیان پەیامێكی بەهێزی پشتگیرییە بۆ گەلی كوردستان و ئەو دڵنیاییەی دایە شاندی میوان كە كوردستان بە ناوچەی سەقامگیری و ئاشتی و ئارامی دەمێنێتەوە. سەرۆك بارزانی ئاماژەیشی بەوەدا كە خوشك و برا مەسیحییەكان لەوە دڵنیا بن كە تیرۆریستان تێكدەشكێندرێن و ئەم بارودۆخە كۆتایی دێت و داوایشی كرد كە بیر لە كۆچكردن نەكەنەوە و لە وڵاتی خۆیان بممێننەوە و پێویستە ئیرادەی مانەوەیان بەهێز بێت بۆ ئەوەی هەموو لایەكمان پێكەوە بە ئازادی بژیین و بەرگری لە وڵاتەكەمان بكەین.

هەر لەم دیدارە سەرۆك بارزانی ڕۆڵی وڵاتانی دۆستی گەلی كوردستانی لە یارمەتیدان و پاڵپشتیكردنی كوردستان بە بەرز نرخاند و هیوایشی خواست ئەو پاڵپشتییە فراوانتر ببێت.

 

 

 

 

ئەمڕۆ چوارشەممە 20ـی 8ـی 2014 ماتێیۆ ڕێنزی سەرۆك وەزیرانی ئیتالیا و شاندێكی یاوەری سەردانی هەرێمی كوردستانی كرد و لە مەراسمێكی فەرمیدا لە لایەن بەڕێز نێچیرڤان بارزانی سەرۆكی حكوومەتی هەرێمی كوردستان و ژمارەیەك لە بەرپرسە سیاسی و حكوومییەكانی هەرێمی كوردستان لە فڕۆكەخانەی نێودەوڵەتیی هەولێر پێشوازی لێكرا و پاشان لە هەولێری پایتەختی هەرێمی كوردستان لەگەڵ بەڕێز مەسعود بارزانی سەرۆكی هەرێمی كوردستان كۆبۆیەوە.


لەم كۆبوونەوەیەدا كە نێچیرڤان بارزانی سەرۆكی حكوومەت و قوباد تاڵەبانی جێگری سەرۆكی حكوومەت و فواد حوسێن سەرۆكی دیوانی سەرۆكایەتیی هەرێم و مستەفای سەید قادر وەزیری پێشمەرگە و فەلاح مستەفا بەرپرسی فەرمانگەی پەیوەندییەكانی حكوومەت و و خاتوو ڕێزان حەمە ساڵج نوێنەری حكوومەتی هەرێمی كوردستان ئامادەی بوون سەرۆك وەزیرانی ئیتالیا خۆشحاڵیی خۆی بۆ هاتنی بۆ كوردستان ڕاگەیاند و سەرۆك بارزانیش بەگەرمی بەخێر هاتنی سەرۆك وەزیرانی ئیتالیا و شاندی یاوەری كرد.

هەر لەم كۆبوونەوەیەدا دوایین پێشهاتە ئەمنی و سیاسییەكانی هەرێمی كوردستان و عێراق و بارودۆخی مەیدانیی بەرەكانی ڕووبەڕووبوونەوەی هێزەكانی پێشمەرگە و تیرۆریستان و بارودۆخی مرۆیی ئاوارەكان خرایە بەرباس و گفتوگۆ و سەرۆك وەزیرانی ئیتالیا ئەوەی بە سەرۆك بارزانی ڕاگەیاند كە پارلەمانی ئیتالیا بڕیاری داوە كە ئیتالیا پشتگیریی مرۆیی و سەربازیی هەرێمی كوردستان بكات لەدژی شەڕی تیرۆریستانی داعش. هەروەها جەختی لەوە كردەوە كە كۆدەنگی و ئیرادەیەكی بەهێز لەنێو وڵاتانی یەكێتیی ئەورووپا هەیە كە لەڕووی سەربازی و مرۆیی هاریكاری هێزەكانی پێشمەرگە و حكوومەت و گەلی كوردستان بن. لەم دانیشتنەدا سەرۆك وەوزیرانی ئیتالیا بە ناوی خۆی وەك وەزیری دەرەوەی ئیتالیا و سەرۆكی دەوریی یەكێتیی ئەورووپا لە گەڕی داهاتوو بە سەرۆك بارزانی ڕاگەیاند كە ئێوە لەم شەڕەدا تەنیا نین و شەڕی ئێوە شەڕی ئێمەیشە و سەركەوتنی كوردستان لە شەڕی تیرۆریستان سەركەوتنی ئێمەیە و هەروەها ئامانجی سەردانەكەیشی بۆ كوردستان خستەڕوو كە بریتی بوو گەیاندنی پەیامی پاڵپشتیی ئەورووپا و وڵاتەكەی بۆ گەلی كوردستان و فراوانتربوونی پەیوەندییەكانی ئیتالیا و كوردستان و هەروەها ئاگاداربوون لەوەی چۆن بتوانن لەڕووی سەربازی و مرۆییەوە هاوكاریی كوردستان بكەن. سەرۆك وەزیرانی ئیتالیا زۆر ڕاشكاوانە هێمای بەوەدا كە بڕیاریان داوە چەك و هاوكاریی مرۆیی بدەنە كوردستان و هانی كۆمپانیاكانی ئیتالیا دەدات لە كوردستان سەرمایەگوزاری بكەن و ئاستی پەیوەندیی دیپلۆماسیشیان لە نوێنەرایەتی بۆ كردنەوەی كونسڵخانە لە هەولێر بەرز بكەنەوە. سەرۆك وەزیرانی ئیتالیا هیوایشی خواست سەرۆك بارزانی لە ئاییندەیەكی نزیك سەردانی ئیتالیا بكات.

لەبەرانبەردا سەرۆك بارزانی سوپاسی هەڵوێستی سەرۆك وەزیرانی ئیتالیای كرد و وێڕای شیكردنەوەی چۆنییەتی پەلاماری تیرۆریستان و ڕەوشی ئاوارەكان و هێزی پێشمەرگە ڕایگەیاند كە هاوپەیمانی و پشتگیریی ئەورووپا و ئیتالیا وادەكات گەلەكەمان هێز و ئومێدێكی زیاتری هەبێت لە بەرنگاربوونەوەی تیرۆر و هیوایشی خواست پەیوەندییەكانی ئیتالیا و كوردستان گەشەی زیاتر بەخۆیەوە ببینێت. سەبارەت بە هاتنی ئاوارەكان بۆ كوردستان سەرۆك بارزانی ئاماژەی بەوەدا كە ئەوەی لە توانامان بیت بۆ یارمەتیدان و ئیدارەكردنی ڕەوشیان دەیكەین و ئەوەیشی باس كرد كە بۆ كوردستان جێگەی شانازییە كە كۆمەڵگەییەكی فرەئایین و فرەنەتەوەی هەیە و بە هەموو توانایەك پارێزگاری لەم فرەییە دەكەین.

 

 

 

 

 ئەمڕۆ یەك شەممە 17 ـی 8 ـی 2014 لە سەلاحەددین، بەڕێز مەسعود بارزانی سەرۆكی هەرێمی كوردستان پێشوازیی لە ڕۆڕی ستیوارت سەرۆكی لێژنەی بەرگری لە پەرلەمانی بەریتانیا و شاندی یاوەری كرد.


لە دیدارێكدا دواین پێشهاتە سیاسی و ئەمنیەكانی كوردستان و عێراق و بارودۆخی مەیدانی بەرەكانی ڕووبەڕووبوونەوەی هێزەكانی پێشمەرگەی كوردستان و تیرۆریستان تاوتوێكرا و هەروەها قسە لەبارەی رەوشی ئاوارەكان و چۆنییەتی گەیاندنی هاریكاریی مرۆیی بریتانیا كرا. 

لەو دیدارەدا سەرۆكی لێژنەی بەرگریی لە پەرلەمانی بەریتانیا سڵاوی سەرۆك وەزیرانی بەریتانیای بەسەرۆك بارزانی گەیاند و دووپاتی ئەوەی كردەوە وڵاتەكەی پاڵپشتی لە گەلی كوردستان دەكات و هەرێمی كوردستان و سەقامگیری و پێشكەوتنەكەی بۆ بەریتانیا بابەتێكی پڕ بەهایە.

پرۆسەی سیاسی عێراق و دوا هەنگاوەكانی پێكهێنانی حكوومەتی نوێی عێراق و پەیوەندییەكانی نێوان هەرێمی كوردستان و بەغدا تەوەرێكی دیكەی دیدارەكە بوو.

 

ئێوارەی ئەمڕۆ یەكشەممە 17ـی 8ـی 2014 لە سەلاحەدین بەڕێز مەسعود بارزانی سەرۆكی هەرێمی كوردستان پێشوازی لە دۆنی گۆیێر باڵیۆزی فەڕەنسا لە عێراق و شاندێكی یاوەری كرد.


لە دیدارێكدا باڵیۆزی فەڕەنسا لە عێراق سوپاسی سەرۆك بارزانیی كرد بۆ ڕەخساندنی ئەم دیدارە و نیگەرانیی و هاوسۆزیی خۆیشی بۆ گەلی كوردستان نیشاندا بۆ ئەو تەحەدیات و گرفتانەی لە ئەنجامی پەلاماری تیرۆریستان بۆ سەر كوردستان هاتووەنەتە ئارا. باڵیۆزی فەڕەنسا لە عێراق ئەوەیشی خستەڕوو كە لەوە دڵنیایە كوردستان لەسەر ڕێگەی ڕاست دەڕوات و دەتوانێ لە كاروانی پێشكەوتنی خۆی بەردەوام بێت و هەروەها وێڕای ئاماژەدان بە دۆستایەتیی دێرینی گەلی كوردستان و گەلی فەڕەنسا ڕایگەیاند كە فەڕەنسا ئامادەیە لە هەر كاتێكدا هەڕەشە لەسەر گەلی كوردستان بێت یارمەتیی بدات. باڵیۆزی فەڕەنسا لە عێراق هێمایشی بەوەدا كە وڵاتەكەی بەردەوام دەبێت لە یارمەتیدانی مرۆیی و سەربازی بۆ هەرێمی كوردستان و هانی وڵاتانی دیكەی ئەورووپایش دەدات كە یارمەتیدانەكانیان چالاكتر بكەن. سەبارەت بە هەڵوێستی بەغدا لەمەڕ یارمەتیدانی هەرێمی كوردستان باڵیۆزی فەڕەنسا لە عێراق ئاماژەی بەوەدا كە حكوومەتی عێراقی لەبەرانبەر ئەو دۆخە مرۆیی و ئەمنییەی لە كوردستان هاتووتە ئاراوە دەبێ بە هەست بەرپرسیارێتییەكی زیاتر مامەڵە بكات.

لەبەرانبەردا سەرۆك بارزانی بەخێرهاتنی باڵیۆزی فەڕەنسای كرد و هیوای سەركەوتنی بۆ خواست و بەناوی خەڵكی كوردستان سوپاسی سەرۆك و حكوومەت و گەلی فەڕەنسای كرد كە لەكاتی تەنگانەدا بە كردەوە لەتەك گەلی كوردستان وەستان و ڕۆڵی پێشڕەوانەی فەڕەنسایشی بۆ هاندانی وڵاتانی ئەورووپا بۆ یارمەتیانی كوردستان بەرز نرخاند.

سەبارەت بە دۆخی بەرەكانی جەنگ سەرۆك بارزانی ئاماژەی بەوەدا كە ئێمە ڕووبەڕووی دەوڵەتێكی تیرۆریستیی پڕچەك بووینەوە كە چەكی دوو وڵاتی سووریا و عێراقی كەوتۆتە دەست و پێشمەرگەیش كە ماوەی 10 ساڵە لە لایەن حكوومەتی عێراق ئابلوقەی لەسەرە پێویستی بە چەكێكە كە بتوانێ ئەو تیرۆریستانە بشكێنێت كە چەكی نوێ و زۆریان لەبەردەستە.

لەم دیدارەدا سەرۆك بارزانی بە وردی لەبارەی جینۆسایدی كوردانی ئێزیدی و ئاوارەبوونیان و هەروەها ئاوارەبوونی مەسیحییەكان دوا و ئەوەی خستەڕوو كە ژمارەی ئاوارەكان لە توانای هەرێم چووەتە دەر بە تایبەتیش كە ماوەی 8 مانگە بەغدا بودجەی هەرێمی بڕیوە و ئێستایش لە شەڕێكی بەردەوام داین لەگەڵ تیرۆریستان. لە درێژەی قسەكانیدا سەرۆك بارزانی ئاماژەی بە بوونی ژمارەیەكی زۆری بیانی كرد لەنێو ڕیزەكانی داعش و بەرەنگاربوونەوەی تیرۆری بە ئەركێكی نێودەوڵەتی لەقەڵەم دا.

سەبارەت بە سیاسەتی بەغدایش سەرۆك بارزانی ڕایگەیاند كە بەرپرسیارێتیی دروستبوونی ئەم دۆخە نالەبارە دەكەوێتە سەر شانی حكوومەتی عێراقی كەچی لە مەسەلەی ئاوارەكان و شەڕی دژی داعش بەرپرسیارێتیی خۆی بەجێنەگەیاندووە.

 

 

 

 

لە درێژەی ڕاگەیاندنی پاڵپشتیی وڵاتانی ئەورووپایی بۆ سەرۆك بارزانی لەشەڕی دژی تیرۆر ئێوارەی ئەمڕۆ پێنجشەممە 14ـی 8ـی 2014 سێباستیان كۆرس وەزیری دەرەوەی نەمسا لەڕێی تەلەفۆنەوە پەیوەندی بە بەڕێز مەسعود بارزانی سەرۆكی هەرێمی كوردستان كرد.


لەم پەیوەندییەدا وەزیری دەرەوەی نەمسا نیگەرانیی خۆی و وڵاتەكەی بەرانبەر دۆخی نالەباری ئاوارەكانی ڕووداوەكانی ئەم دواییەی كوردستان نیشاندا و ئیدانەی ئەو تیرۆر و تۆقاندنەی كرد كە لە لایەن تیرۆریستان دەرهەق بە خەڵكی كوردستان و پێكهاتەكانی لەئارادایە. وەزیری دەرەوەی نەمسا پاڵپشتیی وڵاتەكەی بۆ سەرۆك بارزانی و گەلی كوردستان دووپات كردەوە و ڕایگەیاند كە ڕۆژی هەینی كۆبوونەوەی وڵاتانی ئەندام لە یەكێتیی ئەورووپایە و ویستویەتی بەر لە بەشداریكردنی كۆبوونەوەكە لەڕێی پەیوەندیكردن بە سەرۆك بارزانی ئاگاداری بارودۆخی كوردستان بێت بۆ ئەوەی بتوانن لەگەڵ وڵاتانی ئەورووپا لەسەر چۆنییەتی هاوكاری و پاڵپشتیكردنی كوردستان ڕێكبكەون.

لەبەرانبەردا سەرۆك بارزانی سوپاسی ڕۆڵی مێژوویی وڵاتی نەمسای كرد لە هاوكاری و دۆستایەتیی گەلی كوردستان و ڕایگەیاند بۆ كوردستان جێگەی شانازییە كە بە نوێنەرایەتیی جیهانی ئازاد شەڕ لە دژی تیرۆر دەكات و پێشوازیشی لە هەر جۆرە پشتیوانی و هاوكاریی سەربازی و مرۆیی كە وڵاتی نەمسا پێشكەشی گەلی كوردستانی بكات و ئاماژەیشی بە ڕۆڵی قارەمانانەی پێشمەرگە دا و ڕایگەیاند كە پشتئەستوورین بە ئیرادەی پێشمەرگە و هیمەتی گەلی كوردستان كە هەموو پێكهاتەكانی كوردستان و پەنابەر و ئاوارەكان دەپارێزین و لە شەڕی دژی تیرۆریستان سەردەكەوین.

سەبارەت بە ئاوارەكانیش سەرۆك بارزانی ئەوەی بە وەزیری دەرەوەی نەمسا ڕاگەیاند كە ئەوەی لەدەستمان بێت بۆ یارمەتیدان و حەواندنەوەیان دەیكەین بەڵام ڕێژەی ئاوارەكان یەكجار زۆرە و لە سەرووی تواناكانی هەرێمی كوردستانە و پێویستە كە كۆمەڵگەی نێودەوڵەتی بە خێرایی بە هانای ئاوارەكان بێت.

 

 

 

 

ئەمڕۆ پێنجشەممە 14ـی 8ـی 2014 لە سەلاحەدین بەڕێز مەسعود بارزانی سەرۆكی هەرێمی كوردستان پێشوازی لە كاردینال فێرناندۆ فیلۆنی نوێنەری قەداسەتی پاپای ڤاتیكان و شاندێكی یاوەری كرد كە پێكهاتبوون لە ژمارەیەك مەتران و پیاوانی ئایینیی مەسیحی لە كوردستان و عێراق .


لە دیدارێكدا نوێنەری قەداسەتی پاپای ڤاتیكان سوپاسی سەرۆك بارزانی كرد بۆ ڕەخساندنی ئەم دیدارە و نامەی تایبەتی قەداسەتی پاپای پێشكەشی سەرۆك بارزانی كرد. نوێنەری قەداسەتی پاپای ڤاتیكان لە وتەیەكیدا سوپاسی سەرۆك بارزانی و گەلی كوردستانی كرد كە باوەشی خۆی بۆ هەموو لێقەوماو و ئاوارەیەك كردووەتەوە و ئاماژەی بەو خەبات و خۆڕاگری و ئەو كارەساتانە كرد كە بەسەر گەلی كورددا هاتوونە لەگەڵ ئەوەیشدا گەلی كورد هەمیشە بەها و ڕەسەنایەتیی خۆی لە پێكەوەژیان و لێبووردەیی پاراستووە و ئاماژەیشی بەوەدا كە كوردستان بەوە ناسراوە كە هەموو نەتەوە و ئایینێكی لەخۆ گرتووە و ئەو پارچە خاكەی كە هەموو جیاوازییەك لەخۆ دەگرێت بۆ ئێمە زۆر بە نرخە و پێویستە هەموو دونیا بیناسێت. 

نوێنەری قەداسەتی پاپای ڤاتیكان لە درێژەی قسەكانی خۆیدا سوپاسی ڕۆڵی پێشمەرگەی كرد و هێمای بەوەدا كە ئێستا پێشمەرگە لە ئەورووپا بووەتە سیمبوڵی خۆڕاگری و شەڕكردن لەسەر حەق و جەختیشی لەوە كردەوە كە كۆدەنگییەكی زۆر باش لەنێو وڵاتانی ئەورووپاییدا دروست بووە كە دەبێ پاڵپشتی كوردستان بن لە هەموو ڕوویەكەوە.

لەبەرانبەردا سەرۆك بارزانی بەگەرمی بەخێرهاتنی نوێنەری قەداسەتی پاپای ڤاتیكان و شاندی یاوەری كرد و سوپاسی نامەكەی قەداسەتی پاپای كرد و ڕایگەیاند كە نامەی قەداسەتی پاپا نیشانەی ئەوەیە كە كوردستان پشتیوانێكی بەهێزی هەیە. سەبارەت بە هەڕەشەی تیرۆریستان سەرۆك بارزانی ئەوەی بۆ شاندی میوان خستەڕوو كە كوردستان لەبری هەموو جیهان لەدژی دەوڵەتێكی تیرۆریستییدا شەڕ دەكات، دەوڵەتێك كە دژی هەموو نەتەوە و ئایینێكە و دژی ژیانە. سەرۆك بارزانی جەختیشی لەوە كردەوە هەتا دوایین هەناسە لەدژی تیرۆریستان دەجەنگین و خوشك و برا مەسیحی و ئێزیدی و هەموو پێكهاتەكان دەپارێزین و داوایشی لە خوشك و برا مەسیحییەكان كرد كە بیر لە كۆچ و جێهێشتنی وڵاتیان نەكەنەوە و لەگەڵ یەكتر كوردستان دەپارێزین، یان هەموومان بە سەربەستی و ئازادی دەژیین یان پێكەوە دەمرین.

سەرۆك بارزانی سوپاسی هاوكاری و یارمەتیدانی وڵاتانی دۆستی كوردستانی كرد و ڕایگەیاند كە ئێمە كەوتووینەتە هەڵوێستی هێرشبردن بۆ سەر تیرۆریستان و شەڕەفێكی گەورەیشە كە پێكهاتەكان بپارێزێ بەڵام لەگەڵ ئەوەیشدا تیرۆر دیاردەیەكی جیهانییە بۆیە هەوڵێكی جیهانیش بۆ تێكشكاندنی پێویستە. سەرۆك بارزانی ئەوەیشی خستەڕوو كە لە سەركەوتنمان دڵنیاین و ڕەنگە گەلێك لەڕووی سەربازییەوە تووشی شكست بێت بەڵام نابێ ئیرادەی بشكێت و پێویستە ئیرادەی مانەوەی هەبێت.

سەرۆك بارزانی لە كۆتایی دیدارەكەدا سڵاو و ڕێزی تایبەتی خۆی بۆ قەداسەتی پاپا نیشان دا ڕایگەیاند كە لەوە دڵنیا بێت ئێمە خوشك و براكانمان لە هەموو پێكهاتەكانی كوردستان دەپارێزین.

 

 

 

 

بەناوی خودای بەخشندە و میهرەبان


به‌ڕێز ره‌جه‌ب ته‌ییب ئه‌ردۆگان سه‌رۆكی هه‌ڵبژێردراوی كۆماری توركیا
سڵاوێكی گه‌رم..

به‌بۆنه‌ی هەڵبژاردنی به‌ڕێزتان بە سەرۆكی كۆماری توركیا گه‌رمترین پیرۆزبایی خۆم و خه‌ڵكی كوردستانتان پێڕاده‌گه‌یێنین.

له‌وه‌ دڵنیاین ئه‌م سه‌ركه‌وتنه‌ی به‌ڕێزتان له‌ به‌رژه‌وه‌ندیی پێكه‌وه‌ژیان و چاره‌سه‌ركردنی گرفته‌كان و سەركەوتنی پڕۆسەی ئاشتی و هه‌روه‌ها پته‌وتركردنی په‌یوه‌ندییه‌كانی نێوان توركیا و هه‌رێمی كوردستان ده‌بێت.

ئومێدی ته‌ندروستی و خۆشیتان بۆ ده‌خوازم.

مسعود بارزانی
سه‌رۆكی هه‌رێمی كوردستان
11ـی 8ـی 2014

 

 

 

 

هەواڵی زیاتر لە تویتەر

راپۆرتە پڕ بینەرەکان

حالت های رنگی