ڕۆژی سێشەممە 11ـی 8ـی 2015 لە سەلاحەدین بەڕێز مەسعود بارزانی سەرۆكی هەرێمی كوردستان پێشوازی لە برێت مەكگوورك جێگری یاریدەدەری وەزیری دەرەوەی ئەمەریكا و جێگری نێردەی تایبەتی سەرۆک ئۆباما بۆ هاوپەیمانێتیی نێودەوڵەتی دژی داعش و،شاندێكی یاوەری کرد کە لە ژمارەیەک دیپلۆماتکاری وەزارەتی دەرەوە و و فەرماندەی سەربازیی سوپای ئەمەریکا پێکهاتبوو.

لە دیدارەكەدا باسی بارودۆخی مەیدانیی بەرەکانی بەرەوڕووبوونەوەی تیرۆریستان کرا و ڕەوشی بەرەکانی شەڕ لە پارێزگای ئەنبار و ناوچەكانی دیكەی عێراق و پرۆسەی ئازادکردنی موسڵ و ڕێگاكانی شكستپێهێنانی تیرۆریستانی داعش تاوتوێ كرا.

سەبارەت بە ڕەوشی ناوخۆی هەرێمی کوردستانیش شاندی میوان وێڕای ئاماژەدان بە ڕۆڵی ئەرێنیی هەرێمی کوردستان لە گۆڕانکارییەکانی ناوچەکەدا جەختیشیان لەوە کردەوە کە سەقامگیریی هەرێمی کوردستان بۆ ئەمەریکا بایەخێکی تایبەتی هەیە.

لە بەشێكی دیكەی ئەم كۆبوونەوەیەدا دوایین گۆڕانكاری و پێشهاتە سیاسییەكانی ناوچەكە و هەروەها چۆنییەتی ڕووبەڕووبوونەوەی تیرۆریستانی داعش لە سووریا و ڕێککەوتنی ئەمەریکا و تورکیا لەسەر بەشداریی تورکیا لە شەڕی دژی داعش، خرایە بەر باس و گفتوگۆ و جەخت لەسەر هاوکاری و بەشداریی هەموو لایەنەکان کرایەوە.

لە بەشێکی دیکەی دیدارەکەدا ئاڵۆزییەکانی ئەم دواییەی نێوان تورکیا و PKK خرایە بەرباس و شاندەکەی ئەمەریکا پشتیوانیی خۆیان بۆ هەڵوێستی سەرۆک بارزانی لەوبارەیەوە خستەڕوو و تەکیدیان کردەوە کە ئەوانیش پێیان وایە هەردوولا بگەڕێنەوە بۆ سەر مێزی دانوستان.

هەر لەم دیدارەدا شاندی میوان جەختی لە بەردەوامیی یارمەتیدان و هاوكاریكردنی هێزی پێشمەرگەی كوردستان كردەوە و ڕایانگەیاند کە پشتگیریی ئەمەریکا و هاوپەیمانان بۆ پێشمەرگە بەردەوام دەبێت. شاندەکەهەماهەنگیی نێوان هێزی پێشمەرگە و سوپای ئەمەریكای بە نموونەیی و سەركەوتوو وەسف كرد و پاڵپشتیی سەرۆک بارزانییان بۆ لیژنەکانی هەماهەنگی بەرز نرخاند.

رووداو ـ هەولێر: "نازم دەباغ" نوێنەری حكوومەتی هەرێمی كوردستان لە تاران سەبارەت بە كاریگەری رێككەوتنی نێوان ئێران و وڵاتانی 5+1 لەسەر هەرێمی كوردستان، پێیوایە لە بەرژەوەندی هەموو لایەنەكانە. بەهۆی ئەو رێككەوتنەش كێشەكانی سووریا، یەمەن، لوبنان و تەنانەت عێراقیش یەكلا دەكرێنەوە و دەڵێ: "تەنیا لەسەر كات ماوەتەوە".

 

كورد دەبێتە قوربانی رێككەوتنەكە؟

"نازم دەباغ" لە هەڤپەیڤینێكدا بە (رووداو)ی گوت: "لەگەڵ دروستبوونی متمانە و هێوربوونەوەی بارودۆخی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست، كۆمەڵێك گۆڕانكاری لە سیستەمی سیاسی و حیزبی و تەنانەت كەسیەكانیش دەكرێت، ئەو رێككەوتنەش بەبێ‌ قوربانی نابێت، بە نیسبەت كوردەوە ئەم رێككەوتنە لە كاتێكی زۆر هەستیار دروستبووە، پێویستە كورد نەبێتە لایەنێك بۆ تێكدانی رێككەوتنەكە یاخود دەستكەلای لایەنەكان، بەڵكو پێویستە ببێتە بەشێك لە سەركەوتن و سەقامگیری لە ناوچەكەدا، كورد نابێت هەڵەی مێژووی دووبارە بكاتەوە و ببێتەوە بەرداشی شەڕی عوسمانی و سەفەوی".

نوێنەری حكوومەتی هەرێمی كوردستان لە ئێران لە بارەی رێككەوتنی نێوان ئێران و وڵاتانی 5+1 ئەوە ناشارێتەوە كە ترسیش هەیە كورد ببێتەوە قوربانیی رێككەوتن و ململانێی نێودەوڵەتی‌ "ترسم هەیە لەوەی ئاشتەوایی ناوچەكە جارێكی دیكە لەسەر حسابی كورد بێتە كایەوە، جاری پێشوو شای ئێران و سەدام حوسێن بوو، لەوانەیە ئەمجارە كەسانێكی دیكە بیكەن، بۆیە دەبێت كورد زۆر بە وریاییەوە مامەڵە لەگەڵ ئەم باردۆخە تازەیەی دوای واژۆكردنی ئەو رێككەوتنە بكات".

 

وەكو ئێران راستگۆ نین

ئێستا جۆرێك لە هاوسۆزیی ئیقلیمی و نێودەوڵەتی بۆ پرسی سەربەخۆیی كوردستان دروستبووە، بەڵام دەگوترێ‌ ئێران دژی سەربەخۆیی كوردستانە و زۆر سەرسەختانە بەرگری لە یەكپارچەیی عێراق دەكات.

"نازم دەباغ" نەیشاردەوە كە ئێران لەگەڵ یەكپارچەیی خاكی عێراقە، بەڵام دەڵێت: "ترسی من لەو وڵات و لایەنانەیە كە لە بەر بەرژەوەندی كاتی دەیانەوێ‌ كورد بخەنە داوێكەوە خۆزگە بە سەردەمی پێش سەربەخۆیی بخوازێ، خۆزگە هەموو ئەو وڵاتانە بە تایبەتی ئەمەریكا و ئەوروپا وەكو ئێران راستگۆبوونایە لەگەڵ كورد".

نوێنەری حكوومەتی هەرێمی كوردستان لە ئێران گوتی: "وەزیری بەرگریی ئەمەریكا بە ئاشكرا دەڵێ ئێمە چەك بەو لایەنانە دەدەین كە پابەندی یەكپارچەیی خاكی عێراقن، ئەگەر ئەو وڵاتە بەم شێوازە مامەڵە لەگەڵ هەرێمی كوردستان بكات، دەبێت وڵاتێكی گرنگ و دراوسێی نزیكی كوردستان هەڵوێستی چۆن بێ".

 

ئێران بە فڕۆكە چەكی ناردووە

رۆژی 26/7/2015 "حەسەن رووحانی" سەرۆك كۆماری ئێران، سەردانی شاری سنەی رۆژهەڵاتی كوردستانی كرد، لەوێ‌ گوتی: "ئەگەر ئێران نەبووایە ئێستا هەولێر و بەغدا لە دەستی تیرۆرستاندا بوون".

 

سەبارەت بە قسەكەی رووحانی، "نازم دەباغ" گوتی: "ئەو شەوەی داعش پەلاماری كوردستان، بە تایبەتی هەولێری دا، كۆماری ئیسلامیی ئێران لە رێگای فڕۆكەخانەی هەولێرەوە چەك و یارمەتیی سەربازی نارد. نامەكەی جەنابی سەرۆكی هەرێمی كوردستان بۆ "حەسەن رووحانی" بەڵگەی ئەو یارمەتییە گرنگەی ئێران بوو، چونكە لەگەڵ خولەكەكانی یەكەمی پەیوەندی بەرپرسانی هەرێمی كوردستان بە ئێرانەوە یارمەتی و كۆمەكی سەربازی گەیشت و تاوەكو ئێستاش بەردەوامە".

 

كۆبوونەوەكانی حاجی قاسم ئاشكران

نوێنەری حكومەتی هەرێمی كوردستان سەبارەت بە دیدارەكانی "قاسم سولەیمانی" فەرماندی سوپای قودسی ئێران لەگەڵ بەرپرسانی هەرێمی كوردستان بە تایبەتی بارزانی دەڵێ:‌ "حاجی قاسم بە ئاشكرا و بەردەوام كۆبوونەوە و دیداری لەگەڵ بەرپرسانی هەرێمی كوردستان هەبووە، سەرۆكایەتی هەرێمی كوردستانیش ئەوەی نەشاردووەتەوە.

گوتیشی: "شتێكی ئاساییە كە كورد لە شەڕێكی بەرفراواندایە لەگەڵ تیرۆرستانی داعش، ئەو بەرپرسە سەربازییە ئێرانییە سەردانی هەرێمی كوردستان بكات، بەڵام من ئاگادارم لەم ماوەیەدا حاجی قاسم هیچ دیدارێكی لەگەڵ جەنابی كاك "مەسعوود بارزانی" نەبووە، بەڵكو پێشتر هەبووە".

 

مەسەلەی كونسول گەورە كرا

"نازم دەباغ" سەبارەت بە دانیشتنی پەرلەمانی كوردستان لە 23ی حوزەیران لەسەر یاسای سەرۆكایەتی هەرێمی كوردستان و بەشداریی دیبلۆماتكارانی ئێرانی لەو دانیشتنەدا دەڵێ:‌ "بە مەبەست ئەو بابەتە گەورەكرا، بە ئەندازەی ئێران توركیا و ئەمریكا بەشداری ئەو دانیشتنەیان كردووە، تەنانەت توركیا ئامادەیی سەربازی لە هەرێمی كوردستان هەیە و سەربازگەشی هەیە، بە هەلیكۆپتەریش هاتوچۆ دەكەن، بۆیە ئەو قسەیە رەتدەكەمەوە كە باس لە دەستێوەردانی ئێران لەو دانیشتنەی پەرلەمان دەكەن".

 

ئێران دژی بارزانی نییە

ئەو بەرپرسە دەڵێ:‌ "ئێران لە بەرژەوەندیدایە ریزەكانی كورد یەكگرتوو بێت و نایەوێت دەست لەكاروباری ناوخۆی هەرێمی كوردستان وەربدات، لە دانیشتی پەرلەمانی كوردستانیش ئێران وەكو هەر وڵاتێكی دیكە بەشداری دانیشتنەكەی كردووە، ئێران پشتگیری هیچ لایەنێك لە دژی لایەنێكی دیكە لە نێوخۆی هەرێمی كوردستان ناكات".

"نازم دەباغ" ئەو قسانە رەتدەكاتەوە كە ئێران بە ناڕاستەوخۆ سیاسەتی شكاندنی بارزانی هەبێت و دەڵێ‌ "ئەو قسانە دوورن لە راستی، لە هیچ بەرپرسێكی ئێرانی دژایەتی جەنابی كاك مەسعودم نەبیستووە، ئەگەر بشزانم سیاسەتێكی وا هەیە، وەكو كوردێك قبووڵی ناكەم".

 

خێریان لە ئێران بینیوە

نوێنەری حكوومەتی هەرێمی كوردستان لە تاران كە هاوكات یەكێك لە كەسایەتییە دیارەكانی یەكێتی و كەسێكی متمانەپێكراوی تاڵەبانی بووە دەڵێ:‌ "ئەو خێرو بێرەی یەكێتی لە ئێران هەیبووە پارتیش هەیبووە، بەڵام بە حوكمی جوگرافیاو بوونی سنوورێكی بەرفراوانی ناوچەكانی ژێر دەسەڵاتی یەكێتی لەگەڵ ئێران ئەوە زیاتر رەنگی دابێتەوە ئەگەرنا یارمەتییە سەربازییەكانی ئێران لە بەرەكانی گوڵاڵە و سەعدیە و تاوەكو ش

ئێوارەی ڕۆژی سێشەممە 28ـی 7ـی 2015 لە شاری هەولێر بەڕێز مەسعود بارزانی سەرۆكی هەرێمی كوردستان پێشوازی لە لۆید ئۆستن فەرماندەی فەرماندەیی ناوەندیی هێزەكانی ئەمەریكا و ستیوارت جۆنز باڵیۆزی ئەمەریكا لە عێراق و شاندێكی یاوەری كرد كە پێكهاتبوون لە ژمارەیەك بەرپرس و ڕاوێژكاری سوپای ئەمەریكا.

لە دیدارەكەدا بارودۆخی مەیدانی بەرەكانی ڕووبەڕووبوونەوەی تیرۆریستان لە پارێزگاكانی ئەنبار و سەلاحەدین و كەركووك و نەینەوا خرایە بەر باس و گفتوگۆ و، هەروەها ڕۆشنایی خرایە سەر ئاستی ئامادەیی هێزی پێشمەرگە و هێزەكانی عێراقی بۆ تێكشكاندنی تیرۆریستانی داعش.

هەر لەم دیدارەدا هەردوولا خۆشحاڵیی خۆیان بۆ بڕیاری توركیا بۆ بەشداریكردن لە شەڕی دژی داعش كردەوە كە كاریگەریی ئیجابی لەسەر ڕووبەڕووبوونەوەی تیرۆریستانی داعش لە ناوچەكەدا دەبێت. لەبارەی گرژییەكانی ئەم دواییەی نێوان سوپای توركیا و پەكەكە سەرۆك بارزانی نیگەرانیی خۆی لە پەرەسەندنی گرژییەكان نیشاندا و ئەوەی خستەڕوو كە داوا دەكات هەردوولا بگەڕێنەوە سەر مێزی گفتوگۆ و ئاشتی و، بە پێویستیشی زانی تەركیزی گشت لایەك لەسەر ڕووبەڕووبوونەوە و لەناوبردنی تیرۆریستانی داعش بێت.

لەبەشێكی دیكەی ئەم كۆبوونەوەیەدا فەرماندەی فەرماندەیی ناوەندیی هێزەكانی ئەمەریكا وێڕای ئاماژەدان بە ئازایەتی و لێهاتوویی پێشمەرگە ئەوەی دووپاتكردەوە كە سوپای ئەمەریكا لە هەموو هەنگاوێكدا پاڵپشتی هێزی پێشمەرگەی كوردستان دەبێت.

جێگەی ئاماژەپێكردنە لەم كۆبوونەوەیەدا مستەفا سەید قادر وەزیری پێشمەرگە و د. فواد حوسێن سەرۆكی دیوانی سەرۆكایەتیی هەرێم و ئەنوەر حاجی عوسمان بریكاری وەزارەتی پێشمەرگە و جەعفەر شێخ مستەفا و فەریق شێروان عەبدوڵڕەحمان و فەریق جەبار یاوەر ئەندامانی فەرماندەیی گشتیی هێزەكانی پاراستنی هەرێم و سەفین دزەیی گوتەبێژی حكوومەتی هەرێم ئامادە بوون.

ڕۆژی هەینی 24ـی 7ـی 2015 لە شاری هەولێر بەڕێز مەسعود بارزانی پێشوازی لە ئاشتن كارتەر وەزیری بەرگریی ئەمەریكا و شاندێكی یاوەری كرد كە پێكهاتبوون لە ستیوارت جۆنز باڵیۆزی ئەمەریكا لە عێراق و كونسوڵی ئەمەریكا لە هەولێر و ژمارەیەك بەرپرس و ڕاوێژكاری سوپا و وەزارەتی بەرگریی ئەمەریكا.

لە دیدارەكەدا وەزیری بەگریی ئەمەریكا خۆشحاڵیی خۆی بۆ سەردانی بۆ كوردستان و دیداری لەگەڵ سەرۆك بارزانی نیشاندا و سوپاسی ئەو هەماهەنگی و كارە هاوبەشەی كرد كە لە نێوان سوپای ئەمەریكا و هێزی پێشمەرگەدا هەیە و بە كارێكی نموونەیی و سەركەوتووی وەسف كرد و هەروەها سەرسامیی خۆیشی نیشاندا بە ئازایەتی و لێهاتوویی پێشمەرگە لە شەڕی دژی تیرۆریستان و سەركردایەتیكردن و بەڕێوەبردنی ئەم شەڕە. وەزیری بەرگریی ئەمەریكا پابەندبوونی وڵاتەكەی بۆ هاوكاریكردنی كوردستان و یارمەتیدانی پێشمەرگە و دابینكردنی چەك و پێداویستییە سەربازییەكان دووپاتكردەوە و هاوپەیمانێتیی نێوان هەرێمی كوردستان و ئەمەریكای بە هاوبەشییەكی مەزن بۆ بەرقەراركردنی ئاشتی لە ناوچەكە لەقەڵەم دا.

لەبەرانبەردا سەرۆك بارزانی بەگەرمی بەخێرهاتنی شاندی میوانی كرد و سوپاسی گەل و سەرۆك و حكوومەت و سوپای ئەمەریكای كرد كە پاڵپشتی هەرێمی كوردستان بوونە و ئەوەی خستەڕوو كە بە كاری هاوبەش توانیمان سەركەوتنی مەزن بەدەست بهێنین، هەروەها ڕەزامەندیی خۆیشی لە ئاستی هەماهەنگیی نێوان سوپای ئەمەریكا و هێزی پێشمەرگە نیشاندا كە زۆر دەقیق و ورد بووە بە جۆرێك كە تا ئێستا هیچ زیانێك بە خەڵكی سڤیل نەگەییشتووە. لە درێژەی قسەكانیدا سەرۆك بارزانی ڕۆشنایی خستە سەر شەڕی تیرۆریستان و جەختی لەوە كردەوە كە بۆ ئێمە جێگەی شانازییە پێشمەرگە بە نوێنەرایەتیی جیهان شەڕی تیرۆر دەكات و لەگەڵ ئەوەیش ئەو شەڕە تەنیا شەڕی لایەنێك نییە لەگەڵ تیرۆر، بەڵكو شەڕی هەموو لایەكە. بۆیە بەكاری هاوبەش و پێكەوەیی دەكرێ ئەنجام و سەركەوتنی زۆر باش بەدەست بهێنرێت.

هەر لە كۆبوونەوەكەدا باس لە چۆنییەتی بەرزكردنەوەی هەماهەنگیی نێوان هێزی پێشمەرگە و سوپای ئەمەریكا و پێداویستییەكانی هێزی پێشمەرگە كرا و پلانی ئازادكردنی شاری موسڵ و تێكشكاندنی تیرۆریستانی داعش لە سووریا خرایە بەر باس و گفتوگۆ. پەیوەست بە پڕۆسەی ئازادكردنی موسڵ سەرۆك بارزانی ئاماژەی بە قۆناغی دوای ئازادكردنی موسڵ دا و ئەوەی دووپاتكردەوە كە بە لەبەرچاوگرتنی دۆخی دیموگرافی موسڵ پێویستە دڵنیاییەكی تەواو بە پێكهاتە نەتەوەیی و ئایینییەكانی موسڵ بدرێت كە چیتر تووشی كارەسات و نەهامەتی نابنەوە و ماف و داواكارییەكانیان مسۆگەر دەكرێن. لەبارەی ڕووبەڕووبوونەوەی تیرۆریستان لە سووریا سەرۆك بارزانی هێمای بەوەدا كە لە دژایەتیكردنی تیرۆردا بارودۆخی عێراق و سووریا بەیەكەوە بەستراوە و پێویستە لە هەر دوو شوێن تیرۆریستان تێكبشكێندرێن و لەناو ببردرێن. لە ئاستی ناوچەییشدا سەرۆك بارزانی ئەوەی بۆ شاندی میوان باسكرد كە نابێ هیچ لایەك تیرۆر وەك كارتی سیاسی لەدژی لایەنەكانی دی بەكار بەهێنێت چونكە دواجار ئاگر و زیانەكانی تیرۆر بەر خۆی دەكەوێتەوە.

لەم دیدارەدا مستەفا سەید قادر وەزیری پێشمەرگە و فەلاح مستەفا بەرپرسی فەرمانگەی پەیوەندییەكانی حكوومەتی هەرێم و ئەنوەر حاجی عوسمان بریكاری وەزراەتی پێشمەرگە و جەعفەر شێخ مستەفا و فەریق شێروان عەبدولڕەحمان و فەریق جەبار یاوەر ئەندامانی فەرماندەیی گشتیی هێزەكانی پاراستنی هەرێم ئامادە بوون.

جێگەی ئاماژە پێكردنە بەر لە دەستپێكی كۆبوونەوەكە وەزیری بەرگریی ئەمەریكا لە دەفتەری پڕۆتۆكۆڵی سەرۆكایەتیی هەرێم یادداشتێكی نووسی كە ئەمەی خوارەوە دەقەكەیەتی:

بۆ سەرۆك بارزانی و هاوكارەكانی

لەگەڵ شانازییەكی گەورە بۆ لێهاتوویی و ئازایەتیی پێشمەرگە و حیكمەتی حكوومەتی هەرێمی كوردستان و، دۆستایەتیی لەگەڵ ئەمەریكا.

ئێمە بەهیوای بەردەوامبوونی ئەو هاوبەشییەمانین لە ئاییندەدا.

ئاشتن كارتەر

وەزیری بەرگریی ئەمەریكا

24-7-2015

ڕۆژی سێشەممە 14ـی 7ـی 2015 لە سەلاحەدین بەڕێز مەسعود بارزانی سەرۆكی هەرێمی كوردستان پێشوازی لە ستیوارت جۆنز باڵیۆزی ئەمەریكا لە عێراقی فیدڕاڵ و شاندێكی یاوەری كرد.

لە دیدارەكەدا بارودۆخی سیاسی و ئەمنیی عێراق و سووریا و هەروەها بارودۆخی مەیدانیی بەرەكانی ڕووبەڕووبوونەوەی تیرۆریستانی داعش لە ئەنبار و سەلاحەدین و نەینەوا خرایە بەر باس و گفتوگۆ و چۆنییەتی بەرزكردنەوەی هەماهەنگی نێوان هێزی پێشمەرگە و هێزەكانی هاوپەیمانان و هێزە عێراقییەكان تاوتوێ كرا.

باسكردن لەبارەی پەیوەندییەكانی نێوان هەرێمی كوردستان و حكوومەتی عێراقی فیدڕاڵ و ڕێكەوتنەكانی نێوان هەولێر و بەغدا تەوەرێكی دیكەی دانیشتنەكە بوو.

 

بەڕێز مەسعود بارزانی سەرۆكی هەرێمی كوردستان لە دوو بروسكەی جیادا پیرۆزبایی ساڵیادی سەربەخۆیی ئەمەریكای لە بەڕێز باراك ئۆباما سەرۆكی ویلایەتە یەكگرتووەكانی ئەمەریكا و بەڕێز جۆ بایدن جێگری سەرۆكی ئەمەریكا كرد و تێیدا وێڕای پیرۆزبایی جەژنی سەربەخۆیی لە گەل و حكوومەتی ئەمەریكا جەختی لە قووڵتركردنی پەیوەندییەكانی نێوان گەلی كوردستان و گەلی ئەمەریكا كردەوە.

ڕۆژی دووشەممە 29ـی 6ـی 2015 لە سەلاحەدین بەڕێز مەسعود بارزانی سەرۆكی هەرێمی كوردستان پێشوازی لە شاندێكی ئەنجوومەنی نوێنەرانی ئەمەریكا بەسەرۆکایەتیی بەڕێز ڕۆبێرت ویتمەن، بەرپرسی لیژنەی ئامادەباشیی سەربازی لە ئەنجوومەنی نوێنەرانی ئەمریکا، کرد.

لە دیدارەكەدا شاندی میوان سەرسامیی خۆیان بەرانبەر ئازایەتیی هێزی پێشمەرگە و گەلی کوردستان نیشان دا کە توانیویانە سەرباری ئەو هەموو تەحەدیاتەی کە هەیە لە شەڕی تیرۆریستاندا سەرکەوتن وەدەست بهێنن و دوژمنێکی وەک داعش تێک بشکێنن و سەدانهەزار ئاوارە و لێقەوماویش لە پێکهاتە جیاجیاکانی عێراق ئێستا لە کوردستان ژیانێکی ئارام و دوور لە مەترسییان بۆ دابین کراوە. شاندی میوان ڕایانگەیاند کە شەڕی تیرۆریستانی داعش شەڕێکی قورسە و پێویستە کۆمەڵگەی نێودەوڵەتیی بەهەموو شێوەیەک هاوکاریی کوردستان بکات و هەروەها ستایشی ڕۆڵی سەرۆک بارزانییان کرد لە سەرکردایەتییکردنی پڕۆسەی سیاسی و شەڕی تیرۆریستانی داعش.

شاندی میوان ئەوەیان بە سەرۆك بارزانی ڕاگەیاند كە شاندەکە پێزانینی زۆریان بۆ پەیوەندییەکانی ئەمەریکا و هەرێمی کوردستان هەیە و هەوڵی خۆیان خۆیان بۆ پەرەپێدانی زیاتری ئەو پەیوەندییانە و پشتیوانییکردنی زیاتری کوردستان، دەخەنەگەڕ و تێگەیشتنی تەواویشیان هەیە بۆ هاوکارییکردنی کوردستان لەپێناو بەرەوڕووبوونەوەی ئەو تەحەدییاتانەی لەڕووی ئابووری و سەربازی و ستراتیژییەوە لەئارادان و دوای گەڕانەوەشیان لەگەڵ هاوڕێکانیان لە لیژنەی پەیوەندییەکانی دەرەوە هەوڵ دەدەن زۆرترین پشتیوانی و هاوکاریی بۆ کوردستان دەستەبەر بکەن تا لە شەڕی دژی تیرۆر و بەهاناوەچوونی ئاوارەکاندا هاوکاریی کوردستان بکەن.

لە بەرانبەردا سەرۆك بارزانی بە گەرمی بەخێرهاتنی شاندی میوانی كرد و سوپاسی حكوومەت و گەلی ئەمەریكایشی كرد كە لە شەڕی دژی تیرۆریستاندا پشتیوانی خەڵكی كوردستان و هێزی پێشمەرگە بوونە. سەرۆك بارزانی لەبارەی ڕەوشی سیاسی و ئەمنیی عێراق و سەركەوتنەكانی هێزی پێشمەرگەی کوردستان، قسەی بۆ ئەندامانی شاندەکە کرد و ڕایگەیاند کە هەرچەندە تیرۆریستان توانیویانە زیانی زۆر بە ئارامیی و سەقامگیریی ناوچەکە بگەیەنن بەڵام بەدڵنیاییەوە هیچ داهاتوویەکیان نییە.

لە کۆتاییدا شاندی میوان ڕایانگەیاند کە ئەوان بڕوای تەواویان هەیە کە کوردستان لەژێر سەرکردایەتیی سەرۆک بارزانی داهاتوویەکی گەشی دەبێت و دەتوانێت و بەسەر هەموو تەحەدیاتەکاندا سەرکەوێت و لەو پێناوەشدا ئەوان پشتگیریی تەواوی کوردستان دەکەن.

باسکردنی ڕەوشی ناوچەکە و پەیوەندییەكانی نێوان هەرێم و بەغدا و داهتووی عێراق، تەوەرێكی دیكەی ئەم دیدارە بوون.

ڕۆژی یەكشەممە 28ـی 6ـی 2015 لە سەلاحەدین بەڕێز مەسعود بارزانی سەرۆكی هەرێمی كوردستان پێشوازی لە شاندێكی هاوبەشی ئەنجوومەنی نوێنەران و ئەنجوومەنی پیرانی ئەمەریكا و ژمارەیەك كاربەدەست و ڕاوێژكاری باڵیۆزخانەی ئەمەریكا لە عێراق كرد.

لە دیدارەكەدا شاندی میوان ستاییشی ئەو پێكەوەژیان و پێشكەوتنەیان كرد كە لە هەرێمی كوردستاندا هاتووەتە ئاراوە و هەروەها ڕۆڵی سەرۆك بارزانیان لە سەركردایەتیكردنی پڕۆسەی سیاسی و شەڕی تیرۆریستانی داعش بەرز نرخاند و سوپاسی هێزی پێشمەرگەی كوردستانیان كرد كە زۆر ئازایانە بە ڕووی تیرۆریستاندا هاتوونەتەوە و لەپێناو پاراستنی هاووڵاتیان و پێكهاتە نەتەوەیی و ئایینییەكان قوربانیی زۆریان داوە. سوپاسی حكوومەت و گەلی كوردستانیشیان كرد كە بوونەتە پەناگەی سەدانهەزار ئاوارەی سووری و ناوخۆی عێراق و بە پێزانینەوە باسی گیانی مرۆڤدۆستیی هەرێمی كوردستانیان كرد. شاندی میوان ئەوەیان بە سەرۆك بارزانی ڕاگەیاند كە لە ئەمەریكا تێگەییشتنێكی قووڵ هەیە بەرانبەر پەیوەندیی ئەمەریكا لەگەڵ هەرێمی كوردستان و هاتوونە كە لە نزیكەوە ئاگاداری ڕەوشەكە ببن و هەڵسەنگاندن بۆ هەوڵەكانی سەرۆك بارزانی و هێزی پێشمەرگە بكەن و لەبارەی ڕەوشی سیاسی و ئەمنیی عێراق و داهاتووی ناوچەكە چەند پرسیارێكیان ئاراستەی سەرۆك بارزانی كرد.

لە بەرانبەردا سەرۆك بارزانی بە گەرمی بەخێرهاتنی شاندی میوانی كرد و سوپاسی حكوومەت و گەلی ئەمەریكایشی كرد كە لە شەڕی دژی تیرۆریستاندا پشتیوانی خەڵكی كوردستان و هێزی پێشمەرگە بوونە. سەرۆك بارزانی كورتەیەكی لەبارودۆخی سیاسی و ئەمنیی عێراق و سەركەوتنەكانی هێزی پێشمەرگە خستەڕوو و ڕۆشنایشی خستە سەر بارودۆخی گشتیی ناوچەكە و ئەوەی دووپات كردەوە كە گەلی كوردستان بۆ پاراستنی خۆی پێویستی بە چەكە چونكە ئێمە لە ناوچەیەك دەژین كە بەردەوام هەڕەشە و توندڕۆیی تازە سەر هەڵدەداتەوە. پەیوەست بە بارودۆخی موسڵ لە دوای شەڕی داعش سەرۆك بارزانی ئەوەی ڕاگەیاند كە بە حوكمی ئەوەی پێكهاتەی ئایینی و نەتەوەیی جۆراوجۆر لە نەینەوا دەژیین پێویستە لە قۆناغی دوای داعشدا سیغەیەكی وا دابڕێژرێت كە هەموو پێكهاتەیەك لە ئایندەی خۆی دڵنیا بێت و بەشداری بەڕێوەبردن و دیاریكردنی چارەنووسی خۆیان بن. چونكە پێكهاتە نەتەوەیی و ئایینییەكانی پارێزگای نەینەوا بە ئەزموونێكی زۆر تاڵدا تێپەڕیون و دەبێ داهاتوویان گەرەنتی بكرێت.

تاوتوێكردنی پەیوەندییەكانی نێوان هەرێم و بەغدا و هەروەها ئاییندەی عێراق و ڕێگەكانی چارەسەركردنی قەیرانەكانی عێراق تەوەرێكی دیكەی ئەم دیدارە بوون.

هەواڵی زیاتر لە تویتەر

راپۆرتە پڕ بینەرەکان

حالت های رنگی