سەرۆكی هەرێمی كوردستان پێشوازی لە فەرماندەی فەرماندەیی ناوەندیی هێزەكانی ئەمەریكا كرد

  • سێ شەممە, 28 تەمموز 2015

ئێوارەی ڕۆژی سێشەممە 28ـی 7ـی 2015 لە شاری هەولێر بەڕێز مەسعود بارزانی سەرۆكی هەرێمی كوردستان پێشوازی لە لۆید ئۆستن فەرماندەی فەرماندەیی ناوەندیی هێزەكانی ئەمەریكا و ستیوارت جۆنز باڵیۆزی ئەمەریكا لە عێراق و شاندێكی یاوەری كرد كە پێكهاتبوون لە ژمارەیەك بەرپرس و ڕاوێژكاری سوپای ئەمەریكا.

لە دیدارەكەدا بارودۆخی مەیدانی بەرەكانی ڕووبەڕووبوونەوەی تیرۆریستان لە پارێزگاكانی ئەنبار و سەلاحەدین و كەركووك و نەینەوا خرایە بەر باس و گفتوگۆ و، هەروەها ڕۆشنایی خرایە سەر ئاستی ئامادەیی هێزی پێشمەرگە و هێزەكانی عێراقی بۆ تێكشكاندنی تیرۆریستانی داعش.

هەر لەم دیدارەدا هەردوولا خۆشحاڵیی خۆیان بۆ بڕیاری توركیا بۆ بەشداریكردن لە شەڕی دژی داعش كردەوە كە كاریگەریی ئیجابی لەسەر ڕووبەڕووبوونەوەی تیرۆریستانی داعش لە ناوچەكەدا دەبێت. لەبارەی گرژییەكانی ئەم دواییەی نێوان سوپای توركیا و پەكەكە سەرۆك بارزانی نیگەرانیی خۆی لە پەرەسەندنی گرژییەكان نیشاندا و ئەوەی خستەڕوو كە داوا دەكات هەردوولا بگەڕێنەوە سەر مێزی گفتوگۆ و ئاشتی و، بە پێویستیشی زانی تەركیزی گشت لایەك لەسەر ڕووبەڕووبوونەوە و لەناوبردنی تیرۆریستانی داعش بێت.

لەبەشێكی دیكەی ئەم كۆبوونەوەیەدا فەرماندەی فەرماندەیی ناوەندیی هێزەكانی ئەمەریكا وێڕای ئاماژەدان بە ئازایەتی و لێهاتوویی پێشمەرگە ئەوەی دووپاتكردەوە كە سوپای ئەمەریكا لە هەموو هەنگاوێكدا پاڵپشتی هێزی پێشمەرگەی كوردستان دەبێت.

جێگەی ئاماژەپێكردنە لەم كۆبوونەوەیەدا مستەفا سەید قادر وەزیری پێشمەرگە و د. فواد حوسێن سەرۆكی دیوانی سەرۆكایەتیی هەرێم و ئەنوەر حاجی عوسمان بریكاری وەزارەتی پێشمەرگە و جەعفەر شێخ مستەفا و فەریق شێروان عەبدوڵڕەحمان و فەریق جەبار یاوەر ئەندامانی فەرماندەیی گشتیی هێزەكانی پاراستنی هەرێم و سەفین دزەیی گوتەبێژی حكوومەتی هەرێم ئامادە بوون.

Read کد خبر: 1471

هەواڵی زیاتر لە تویتەر

راپۆرتە پڕ بینەرەکان

حالت های رنگی