"ئانجێلینا جوولی" فیلمی "ژیان لە سنوور"ی منداڵانی کۆبانێ و شنگال بە دنیا دەناسێنێت

مەنسوور جیھانی  ـ "ئانجێلینا جوولی" ئەستێرەی ناوداری سینەمای جیھان فیلمی دیکۆمێنتاریی "ژیان لە سنوور" لە دەرھێنانی ھەشت منداڵی کۆبانێ و شنگال بە دنیا دەناسێنێت.

"ئانجێلینا جوولی" Angelina Jolie ئەستێرەی ناوداری سینەمای ھۆلیوود و باڵیۆزی نیازپاکیی کۆمیساریای باڵای پەنابەرانی ڕێکخراوەی نەتەوە یەکگرتووەکان، فیلمی دیکۆمێنتاریی "ژیان لە سنوور" لە فیستیڤاڵە نێودەوڵەتییەکانی فیلم و ناوەندە ھونەرییەکان و ھەروەھا کۆڕ و کۆبوونەوە دیپڵۆماسییەکانی جیھان دەناسێنێت و پشتیوانی لێدەکات کە لە دەرھێنانی ھەشت منداڵی شارەکانی کۆبانێ و شنگال لە کەمپەکان و ھەروەھا دوای ڕزگارکردنی شاری کۆبانێ لە دەستی گرووپی تیرۆریستی داعش لە لایەن ئەم منداڵە کوردانەوە سازکراوە.

"ئانجێلینا جوولی" کە بە بۆنەی ٢٠ حوزەیران / یۆنیۆ، ڕۆژی جیھانی پەنابەران و بە مەبەستی چاوپێکەوتن لەگەڵ پەنابەرانی شارەکانی کۆبانێ و شنگال و ھەروەھا پەنابەرانی دیکەی وڵاتانی عێراق و سووریا سەردانی تورکیای کردبوو، لە سنووری ڕۆژئاوای کوردستان و باکووری کوردستان لەگەڵ چەند دەرھێنەری فیلمی دیکۆمێنتاریی "ژیان لە سنوور" دیداری کرد و بڕیاریدا کە فیلمی "ژیان لە سنوور" لە فیستیڤاڵە نێودەوڵەتییەکانی فیلم و ناوەندە ھونەرییەکان و ھەروەھا کۆڕ و کۆبوونەوە دیپڵۆماسییەکانی جیھان بناسێنێت.

ئەم کۆمەڵە فیلمە سەرجەم ماوەکەی ٧٣ خولەکە و بە ڕێنوێنی سینەماکاری کورد "بەھمەن قوبادی " و لە لایەن کۆمپانیای "مژ فیلم" بەرھەمھاتووە و ھەر بەم بۆنەیەوە قوبادی لە باکووری کوردستان چاوی بە "ئانجێلینا جوولی" کەوت و سەبارەت بەم کۆمەڵە فیلمە و چەندین فیلمی کوردیی دیکە لەگەڵ خانمە ئەستێرەی ناوداری سینەمای جیھان ئاخاوتنی کرد.

فیلمی دیکۆمێنتاریی "ژیان لە سنوور" لە یەکەمین نمایشی نێودەوڵەتی خۆیدا شەوی ٢٠ حوزەیران / یۆنیۆی ٢٠١٥ لە بەرنامەیەکی ٢ کاتژمێریی تایبەتدا لە لایەن تەلەڤیزیۆنی جیھانی "ئێن.ئێچ.کەی" NHK ژاپۆن ناسێندرا و پاشان بۆ بینەرانی ئەم کەناڵە لە سەرتاسەری جیھان نمایشکرا و لە لایەن بینەرێکی زۆر لە سەرتاسەری دنیا پێشوازیی لێکرا.

 

لەم فیلمە دیکۆمێنتارییەدا بەشێک لە ژیانی منداڵانی کۆبانێ و شنگال لە کەمپی ئاوارەکاندا و ھەروەھا باروودۆخی ژیانی ئەوان لە نێوان شەڕ و ئاوارەییدا نیشانی بینەر دەدرێت کە ئەمجارە و لەم فیلمەدا لە روانینی کەسایەتیی منداڵەکانەوە وێنەگیراوە.

 

 

 

 

Read کد خبر: 1573

هەواڵی زیاتر لە تویتەر

راپۆرتە پڕ بینەرەکان

حالت های رنگی