مەنسوور جیھانی  ـ سینەماکاری کورد "شوان عەتووف" وەکوو ئەندامی لێژنەی دادوەران، بەشداریی لە چوارەمین خولی فیستیڤاڵی نێودەوڵەتی فیلمی "فۆئێنکالینتێ رۆرال" لە وڵاتی ئیسپانیا کرد.

کورتە فیلمی چیرۆکی "ماڵ و کلیل" Home And Key لە نووسین و دەرھێنانی سینەماکاری کورد "شوان عەتووف"، ساڵی پار لە بەشی پێشبڕکێی سەرەکیی کورتە فیلمەکانی سێیەمین خولی فیستیڤاڵی نێودەوڵەتیی فیلمی "فۆئێنکالینتێ رۆرال" Fuencaliente Rural لە وڵاتی ئیسپانیا نمایشکرا و لە لایەن ئەندامانی لێژنەی دادوەرانی ئەم فیستیڤاڵەوە خەڵاتی باشترین فیلم و ھەروەھا لە لایەن بینەرانەوە خەڵاتی باشترین فیلمی بینەران بە دەرھێنەری فیلمەکە بەخشرا و ھەر ئەوکات "شوان عەتووف" وەکوو ئەندامی لێژنەی دادوەرانی بەشی پێشبڕکێی نێونەتەوەیی خولی داھاتووی ئەم فیستیڤاڵە دەستنیشانکرا.

ھەر بەم بۆنەیەوە "شوان عەتووف" وەکوو ئەندامی لێژنەی دادوەرانی بەشی پێشبڕکێی نێونەتەوەیی چوارەمین خولی فیستیڤاڵی نێودەوڵەتی فیلمی "فۆئێنکالینتێ رۆرال" لە ئیسپانیا بەشداریی کرد و دوای بینین و ھەڵسەنگاندیی فیلمەکان، لەگەڵ ئەندامانی دیکەی لێژنەی ناوبژیوانی ئەم فیستیڤاڵە خەڵاتیان بەسەر سینەماکارانی سەرکەوتوودا دابەشکرد.

ئەم فیستیڤاڵە بە بەشداری کورتە فیلمەکانی چیرۆکی، ئەنیمەیشنی و دیکۆمێنتاری لە سینەماکارانی وڵاتانی جۆراوجۆری جیھان لە دوو بەشی پێشبڕکێی ناوخۆیی و نێودەوڵەتی و ھەروەھا بەشی دەرەوەی پێشبڕکێی لە ڕۆژانی ١٢ تا ١٨ی ئاب / ئۆگۆست ٢٠١5 لە شاری فۆئێنکالینتێ یەکێک لە شارە گەشتیارییەکانی ئیسپانیا لە نزیک شاری مەدرید بەڕێوەچوو.

 

ئەکتەر و دەرھێنەری کورد "شوان عەتووف" پێشتریش لە فیستیڤاڵی نێودەوڵەتی فیلمی بەغداد و چەندین فیستیڤاڵی دیکەی فیلمی ناوخۆیی ئەندامی لێژنەی دادوەران بووە.

 

 

 

 

مەنسوور جیھانی  ـ فیلمی دیکۆمێنتاریی "ژیان لە سنوور" لە دەرھێنانی ھەشت منداڵی کۆبانێ و شنگال لە لایەن ڕێکخراوەی لێبوردنیی نێودەوڵەتیی لە کۆشکی سپی لە ئەمەریکا نمایشکرا.

فیلمی دیکۆمێنتاریی "ژیان لە سنوور" Life on the Border لە دەرھێنانی ھەشت منداڵی شارەکانی کۆبانێ و شنگال و بە ڕێنوێنی سینەماکاری کورد "بەھمەن قوبادی" و لە بەرھەمھێنانی کۆمپانیای سینەمایی "مژ فیلم"، لە لایەن ڕێکخراوەی لێبوردنیی نێودەوڵەتیی و لە ھەفتەی مافی مرۆڤ، لە ھۆڵی سەرەکیی کۆشکی سپی لە شاری واشنگتۆن بۆ "باڕاک ئۆباما" سەرۆک کۆماری ئەمەریکا، دیپڵۆماتکاران، سیاسەتمەداران و بەرپرسانی باڵای وڵاتی ئەمەریکا نمایشکرا.

بەھمەن قوبادی" سەبارەت بە ئامانجی لە رێکخستنی پڕۆژەی فیلمی دیکۆمێنتاریی "ژیان لە سنوور" گوتی: لەڕاستیدا ئامانجی سەرەتایی و سەرەکیی لە رێکخستنی ئەم پڕۆژەیە فێرکردنی منداڵان و مێرمنداڵانێک بوو کە لەم ناوچانەدا لە ژێر گوشاری ڕاستەوخۆی شەڕ لەگەڵ داعشدا بوونە و ئەوەی کە بەسەریاندا ھاتووە لە رێگای کامێڕای دەزگا راگەیاندنە جۆراوجۆرەکانی دنیاوە وێنەگیراوە، بەڵام ھیچ کاتێک لە ڕوانینی خۆیانەوە سەیری ئەم ڕووداوانە نەکراوە و زۆربەی توێیە شاراوەکانی ئەم کارەساتە لە تەپوومژێکی لێڵدا شاردراوەتەوە و مەبەست لەم فیلمە، نیشاندانی ئەم نەبیندراوانەیە لە گۆشە نیگای ئەم منداڵانەوە.

ئەم سینەماکارە بەئەزموونە کوردە ئەوەیشی خستەڕوو: ھەر چەندە ئەم فێرکاریانە ئاساییە و لە ئاستی وەرگرتن و باروودۆخی ئەم منداڵانەدا بوو بەڵام مەبەست لەوانە، زیاتر لەو لایەنەوە بوو تاکوو ئەم منداڵانە بتوانن ئەم کارەساتە لە ڕوانینی خۆیانەوە بگێڕنەوە و لە لایەکی دیکەشەوە، ئەمجارە بتوانن خۆیان گێڕانەوەیەکی ڕاستەوخۆ بن و بۆ ئەم مەبەستەش بە ھەر تیمێک لەم منداڵانە دوو کامێڕا و پێداویستیی ئاسایی سینەمایان پێدرا تاکوو چەخماخەیەک بێت بۆ کارەکانی داھاتوویان و بتوانن لە دەلاقەی کامێڕاکانیانەوە بانگھێشتی دنیا بکەن تاکوو ئەزموون و ڕووداوەکانی دەورووبەریان ببینن.

"ژیان لە سنوور" لە ٨ ئێپیزۆد کە سەرجەم ماوەکەی ٧٣ خولەکە پێکھاتووە، لەوانە:

ئێپیزۆدی یەکەم بە ناوی "عەشقی شنگاڵ" لە دەرھێنانی "ھازم خوردیدە" ١٣ ساڵە لە

شنگاڵ، ئێپیزۆدی دووەم بە ناوی "بە شوێن ڕاستیدا" لە دەرھێنانی "بەسمە سولەیمان"، ئێپیزۆدی سێیەم بە ناوی "نان و ماست" لە دەرھێنانی "سامی حوسێن سولەیمان" ١٤ ساڵە، ئێپیزۆدی چوارەم بە ناوی "فیلمی ئێمە باشترە" لە دەرھێنانی "رۆناھی عێزەالدین" ١٤ ساڵە لە کۆبانێ، ئێپیزۆدی پێنجەم بە ناوی "چاوەکانی باوکم" لە دەرھێنانی "دیار عومەر" ١٤ ساڵە، ئێپیزۆدی شەشەم بە ناوی "ئاسمان و دەوا" لە دەرھێنانی "دلۆڤان کێخا"، ئێپیزۆدی حەوتەم بە ناوی "لە ڕێگای نیشتماندا" لە دەرھێنانی "مەحموود ئەحمەد" ١٣ ساڵە لە کۆبانێ و ھەروەھا ئێپیزۆدی ھەشتەم بە ناوی "بە شوێن کوێستاندا" لە دەرھێنانی "زۆھوور سەعید" ١٢ ساڵە لە شنگاڵ.

ئەم ئێپیزۆدانە لە لایەن ھەشت منداڵی شارەکانی کۆبانێ و شنگال و لە کەمپەکان و ھەروەھا دوای ڕزگارکردنی شاری کۆبانێ لە دەستی گرووپی تیرۆریستی داعش لە لایەن ئەم منداڵە کوردانەوە سازکراوە و لەم فیلمە دیکۆمێنتارییەدا بەشێک لە ژیانی ئەم منداڵانە لە کەمپی ئاوارەکاندا و ھەروەھا باروودۆخی ژیانی ئەوان لە نێوان شەڕ و ئاوارەییدا نیشانی بینەر دەدرێت کە ئەمجارە و لەم فیلمەدا لە ڕوانینی کەسایەتیی منداڵەکانەوە وێنەگیراوە.

فیلمی دیکۆمێنتاریی "ژیان لە سنوور" لە یەکەمین نمایشی نێودەوڵەتی خۆیدا شەوی ٢٠ حوزەیران / یۆنیۆی ٢٠١٥ لە بەرنامەیەکی ٢ کاتژمێریی تایبەتدا لە لایەن تەلەڤیزیۆنی جیھانی "ئێن.ئێچ.کەی" NHK ژاپۆن نمایشکرا و لە داھاتووشدا بە یاوەریی "ئانجێلینا جوولی" Angelina Jolie  خانمە ئەستێرەی ناوداری سینەمای ھۆلیوود و باڵیۆزی نیازپاکیی کۆمیساریای باڵای پەنابەرانی ڕێکخراوەی نەتەوە یەکگرتووەکان لە فیستیڤاڵە جۆراوجۆرە نێودەوڵەتییەکانی فیلم، ناوەندە ھونەرییەکان و ھەروەھا کۆڕ و کۆبوونەوە دیپڵۆماسییەکانی جیھان نمایش دەکرێت.

 

 

مەنسوور جیھانی  ـ فیلمی سینەمایی "بیرەوەرییەکانی سەر بەرد" لە دەرھێنانی "شەوکەت ئەمین کورکی" لە کۆنفڕانسی رێکخراوەی جیھانی "یۆنسکۆ" لە شاری پاریس لە وڵاتی فەڕەنسا نمایشکرا.

لە یادی ٧٠ ساڵەی دامەزراندیی رێکخراوەی یۆنسکۆ UNESCO و ١٠ ساڵەی کۆنوانسیۆنی پاراستن و بڵاوکردنەوەی کەلتووری، فیلمی سینەمایی "بیرەوەرییەکانی سەر بەرد" Memories On Ston  لە دەرھێنانی "شەوکەت ئەمین کورکی" و بە ئامادەبوونی ئەم سینەماکارە کوردە، "مەمەد ئەکتاش" بەرھەمھێنەری ئەم فیلمە، "عەباس غەزالی" ئەندامی پەڕڵەمانی کوردستان، جێگری سەرۆکی گشتیی رێکخراوەی یۆنسکۆ، "مایکل ھاوکینز" Michael Hawkins  سەرۆکی خەڵاتی "ئاسیا پەسیفیک"، ئەکتەری ناوداری عەڕەبی ـ فەڕەنسی "ھەیام عەباس" Hiam Abbass و ھەروەھا بە ئامادەبوونی ٨٠٠ کەس لە کەسایەتییە تایبەت و میوانە بیانییەکان، رۆژی ١٠ حوزەیران / یۆنیۆی ٢٠١٥ لە ھۆڵی بارەگای سەرەکی رێکخراوەی جیھانی یۆنسکۆ لە شاری پاریسی پێتەختی وڵاتی فەڕەنسا چووە سەر پەردەی سینما.

ئەم فیلمە لە کۆتایی ساڵی ٢٠١٤ خەڵاتی "تایبەتی یۆنسکۆ بۆ ھاوبەشی بەرچاو و ھەروەھا پاراستنی جۆری کەلتوورەکان"ی لە ھەشتەمین خولی خەڵاتەکانی ئیسکرین "ئاسیا پەسیفیک" ASIA PACIFIC  ناسراو بە "ئۆسکاری ئاسیا"APSA  لە وڵاتی ئوستوڕاڵیا بەدەستھێنابوو.

لە دەستپێکی کۆنفڕانسی رێکخراوەی یۆنسکۆدا جێگری سەرۆکی گشتیی رێکخراوەی یۆنسکۆ بەخێرھاتنی میوانانی کوردستانی کرد و پەیامی "ئیرینا بۆکۆڤا" Irina Bokova سەرۆکی گشتیی رێکخراوەی یۆنسکۆی خوێندەوە، لە بەشێکی ئەم پەیامەدا ھاتووە: ئێمە زۆر خۆشحاڵین کە ئەمڕۆ فیلمی سینەمایی "بیرەوەرییەکانی سەر بەرد"Memories On Ston لە یۆنسکۆ  UNESCOنمایش دەکرێت. لە دنیای ئێستادا فیلم، رۆڵێکی زۆر گرینگ و بەھێز لە رووی پەرەپێدانی کەلتوورە جۆراوجۆرەکان، لێکتێگەیشتن، وتووێژ و ھەروەھا پێکھێنانی ئاشتی دەبینێت.

دواتر "مایکل ھاوکینز" سەرۆکی خەڵاتی "ئاسیا پەسیفیک"ی ئوستوڕاڵیا بەخێرھاتنی دەرھێنەر و میوانانی ھەرێمی کوردستانی کرد و باسی لە گرینگی خەڵاتی یۆنسکۆی کرد و ھەروەھا باسی "شەوکەت ئەمین کورکی" کرد کە یەکەم جار لە ساڵی ٢٠٠٧ بە فیلمی سینەمایی "پەڕینەوە لە غوبار" بۆ بەشی باشترین دەرھێنەر لە خەڵاتی "ئاسیا پەسیفیک" ھەڵبژێردرابوو. و ھەروەھا لە ساڵی ٢٠١١ بۆ فیلمی "بیرەوەرییەکانی سەر بەرد" خەڵاتی سیناریۆ و ھەر بەم فیلمە سینەماییە لە ساڵی ٢٠١٤ خەڵاتی یۆنسکۆی وەرگرت.

لە درێژەی ئەم کۆنفرانسەدا "شەوکەت ئەمین کورکی" خۆشحاڵی خۆی نیشاندا بۆ ئەم بانگھێشتەی یۆنسکۆ و ھەروەھا بۆ وەرگرتنی خەڵاتی یۆنسکۆ و سوپاسی رێکخراوەی یۆنسکۆ و خەڵاتی "ئاسیا پەسیفیک"ی کرد و داوای لە "مەمەد ئەکتاش" بەرھەمھێنەری ئەم فیلمە، "عەباس غەزالی" ئەندامی پەڕڵەمانی کوردستانی کرد کە بێنە سەر سەحنە.

"عەباس غەزالی" کە بە جلووبەرگی کوردیی لە بارەگای سەرەکی رێکخراوەی یۆنسکۆ ئامادەبوو وتەیەکی پێشکەش کرد و باسی کوردستانی کرد کە چۆن سەرەڕای شەڕەکان، بەردەوام ھەوڵدەدات کە کەلتووری خۆی بپارێزێت و بە تایبەت لە رێگای سینەماوە بەرەو پێشەوەی ببات.

ئەم ئەندامەی پەڕڵەمانی ھەرێمی کوردستان لە بەشێکی دیکەی قسەکانیدا باسی لە شەری کورد دژی گرووپی داعش کرد کە لە جیاتی ھەموو جیھان، کورد دژی تیرۆریستان شەڕ دەکات و کەلتووری خۆی دەپارێزێت.

دوای نمایشی فیلمی سینەمایی "بیرەوەرییەکانی سەر بەرد" لە بارەگای سەرەکی رێکخراوەی جیھانی یۆنسکۆ لە شاری پاریسی پێتەختی وڵاتی فەڕەنسا "شەوکەت ئەمین کورکی" دەرھێنەر، "مەمەد ئەکتاش" بەرھەمھێنەر و ھەروەھا "عەباس غەزالی" لەگەڵ بینەران وتووێژیان کرد.

فیلمی سینەمایی "بیرەوەرییەکانی سەر بەرد" کە تا ئێستا لە کۆمەڵێک فیستیڤاڵ لە ئاستی دنیادا چۆتە سەر پەردەی سینەماکان و چەندین خەڵاتی گرینگی بۆ ھەرێمی کوردستان بەدەستھێناوە، لە دوایین بەشداری نێونەتەوەیی خۆیدا لە بەشی پێشبڕکێی سەرەکی حەڤدەیەمین خولی فیستیڤاڵی نێودەوڵەتیی فیلمی "ریڤێرران" واتە "رووباری بەخوڕ" RiverRun  لە وڵاتی ئەمەریکا نمایشکرا و لە لایەن ئەندامانی لێژنەی دادوەرانی ئەم فیستیڤاڵەوە سێ خەڵاتی سەرەکی باشترین فیلم بە "شەوکەت ئەمین کورکی" دەرھێنەر و "مەمەد ئەکتاش" بەرھەمھێنەری ئەم فیلمە کوردییە، خەڵاتی باشترین ئەکتەری پیاو بە سینەماکاری کورد "حوسێن حەسەن" ئەکتەری سەرەکی و ھەروەھا خەڵاتی باشترین مونتاژ بە سینەماکاری مەھابادی "ئیبراھیم سەعیدی" مۆنتێری ئەم فیلمە بەخشرا.

فیستیڤاڵی نێودەوڵەتیی فیلمی "ریڤێرران" کە یەکێک لە گرینگترین فیستیڤاڵەکانی باشووری رۆژھەڵاتی ئەمەریکا دێتەئەژمار، ھەڤدەیەمین خەلی بە نمایشی ١٦٥ فیلم لە دەرھێنەرانی ٣٥ وڵاتی جۆراوجۆری جیھان لە چەندین بەشی پێشبڕکێی "فیلمە بڵندە سینەماییەکان"، بەشی پێشبڕکێی "فیلمە دیکۆمێنتارییەکان" و بەشی پێشبڕکێی "کورتە فیلمەکان" لە ڕۆژانی ١٦ تا ٢٦ی ئایار / مایۆی ٢٠١٥ لە وڵاتی ئەمەریکا بەڕێوەچوو.

 

بۆ زانیاری زیاتر:

http://www.asiapacificscreenacademy.com/2015/06/apsa-winning-film-screens-at-unesco-convention-in-paris-first-2015-jury-members-announced/

http://www.unesco.org/new/en/unesco/events/all-events/?tx_browser_pi1%5BshowUid%5D=31134&cHash=460238e7a3

http://fr.unesco.org/events/projection-memories-stone-shawkat-amin-korki

http://if.com.au/2015/06/11/article/Memories-on-Stone-screened-at-UNESCO/WXLSTKHMXB

 

 

مەنسوور جیھانی  ـ فیلمی سینەمایی "بیرەوەرییەکانی سەر بەرد" لە دەرھێنانی "شەوکەت ئەمین کورکی" لە فیستیڤاڵەکانی نێودەوڵەتی فیلمی "مۆنیخ"، "مۆسکۆ" و "گڕانادا" لە ئاستی جیھان نمایشکرا.

فیلمی سینەمایی "بیرەوەرییەکانی سەر بەرد" Memories On Ston لە دەرھێنانی "شەوکەت ئەمین کورکی" و بە ئامادەبوونی ئەم سینەماکارە کوردە و ھەروەھا "مەمەد ئەکتاش" بەرھەمھێنەری ئەم فیلمە لە نوێترین بەشداریی نێودەوڵەتی خۆیدا لە سێ سانسی جیاوازدا لە بەشی "سپۆتلایت" Spotlightلە سی و سێیەمین خولی فیستیڤاڵی نێودەوڵەتی فیلمی "مۆنیخ" Muenchen لە وڵاتی ئەڵمانیا چووە سەر پەردەی سینەماکان.

ئەم فیستیڤاڵە بە نمایشی ٢٠٠ فیلم لە سینەماکارانی وڵاتانی جۆراوجۆری جیھان لە چەندین بەشی پێشبڕکێی و دەرەوەی پێشبڕکێی لەوانە: بەشی پێشبڕکێی "نێودەوڵەتی"، بەشی پێشبڕکێی "بەھرەمەندە نوێیەکانی ئەڵمانیا"، بەشی "سپۆتلایت"، بەشی "ڕێزلێنان لە سینەماکارانی ناوداری ئەڵمانی"، بەشی "تایبەت"، بەشی "سینەمای سەربەخۆی نێودەوڵەتی"، بەشی "سینەویژن" و چەندین بەشی دیکە لە ڕۆژانی ٢٥ی حوزەیران / یۆنیۆ تا ٤ی تەمووز / یەڵیۆی ٢٠١٥ لە شاری مۆنیخ لە وڵاتی ئەڵمانیا بەڕێوەچوو.

"بیرەوەرییەکانی سەر بەرد" لە درێژەی بەشدارییە نێودەوڵەتییەکانی خۆیدا، لە دوو سانسی جیاوازدا لە سی و حەوتەمین خولی فیستیڤاڵی نێودەوڵەتی فیلمی "مۆسکۆ" Mosco نمایشکرا.

ئەم فیستیڤاڵە کە یەکێک لە گرینگترین فیستیڤاڵەکانی وڵاتی ڕووسیا دێتە ئەژمار، بە بەشداری بەرھەمی فیلمسازانی وڵاتانی جیھان لە چەندین بەشی جۆراوجۆر لە ڕۆژانی ١٩ تا ٢٦ی تەمووز / یەڵیۆی ٢٠١٥ لە شاری مۆسکۆ لە وڵاتی ڕووسیا بەڕێوەچوو.

فیلمی سینەمایی "بیرەوەرییەکانی سەر بەرد" ھەروەھا لە بەشی دەسپێکی "سینە دێل سۆر" Cines del Sur لە نۆیەمین خولی فیستیڤاڵی نێودەوڵەتی فیلمی "گڕانادا" Granada نمایشکرا.

ئەم فیستیڤاڵە بە بەشداریی بەرھەمی وڵاتانی جۆراوجۆری جیھان لە چەندین بەشی پێشبڕکێی و دەرەوەی پێشبڕکێی لە ڕۆژانی ٨ تا ١٤ی تەمووز / یەڵیۆی ٢٠١٥ لە شاری گڕانادا لە وڵاتی ئیسپانیا بەڕێوەچوو.

"بیرەوەرییەکانی سەر بەرد" کە تا ئێستا لە کۆمەڵێک فیستیڤاڵ لە ئاستی دنیادا چۆتە سەر پەردەی سینەماکان و چەندین خەڵاتی گرینگیشی بۆ ھەرێمی کوردستان بەدەستھێناوە، لە دوایین بەشداری نێونەتەوەیی خۆیدا بە ئامادەبوونی "شەوکەت ئەمین کورکی" دەرھێنەر، "مەمەد ئەکتاش" بەرھەمھێنەر و "عەباس غەزالی" ئەندامی پەڕڵەمانی کوردستان، لە یادی ٧٠ ساڵەی دامەزراندیی رێکخراوەی "یۆنسکۆ" UNESCO و ھەروەھا ١٠ ساڵەی کۆنوانسیۆنی پاراستن و بڵاوکردنەوەی کەلتووری، رۆژی ١٠ حوزەیران / یۆنیۆی ٢٠١٥ لە ھۆڵی بارەگای سەرەکی رێکخراوەی جیھانی یۆنسکۆ لە شاری پاریسی پێتەختی وڵاتی فەڕەنسا نمایشکرا.

 

بۆ زانیاریی زیاتر:

https://www.filmfest-muenchen.de/de/programm/filme/film/?id=4484

http://37.moscowfilmfestival.ru/miff37/eng/films/?id=37131

http://www.juntadeandalucia.es/culturaydeporte/cinesurgranada/?cat=27&lang=en

مەنسوور جیھانیـ کورتە فیلمی "ماڵ و کلیل" لە دەرھێنانی سینەماکاری کورد "شوان عەتووف" خەڵاتی باشترین فیلمی فیستیڤاڵی نێودەوڵەتیی فیلمی "ڤیلاڤیکێنسیو" لە وڵاتی کۆڵەمبیای بەدەستھێنا.

کورتە فیلمی چیرۆکی "ماڵ و کلیل"Home And Keyلە نووسین و دەرھێنانی "شوان عەتووف" کە بەرھەمی بەڕێوەبەرایەتی ھونەری سینەمای سلێمانییە و لە لایەن کۆمپانیای "ئای لۆف فیلم" لە باشووری کوردستان و وڵاتی بەریتانیا لە ئاستی دنیادا بڵاودەبێتەوە، لە نوێترین بەشداری نێونەتەوەیی خۆیدا، لە بەشی پێشبڕکێی فیستیڤاڵی نێودەوڵەتیی فیلمی "ڤیلاڤیکێنسیو"Villavicencio  لە وڵاتی کۆڵۆمبیا نمایشکرا و لە لایەن ئەندامانی لێژنەی دادوەرانی ئەم فیستیڤاڵەوە خەڵاتی باشترین فیلمی چیرۆکی و لەڕاستیدا دوازدەیەمین خەڵاتی نێودەوڵەتی ئەم فیلمە کوردییە بە "شوان عەتووف" بە نوێنەرایەتیی لە ھەرێمی کوردستان بەخشرا.

فیستیڤاڵی نێودەوڵەتیی فیلمی "ڤیلاڤیکێنسیو" پەنجەرەیەک و پلانێکی جێگرە بۆ سینەماکارانی سەرتاسەری دنیا کە لەم ڕێگایەوە لەگەڵ فیلمە نێودەوڵەتیی، ناوچەیی و نەتەوەییەکانیان ئاشنا بن و ھەروەھا بە بینینی بەرھەمی فیلمسازانی کۆڵەمبی لە چیرۆکەکانی کۆمەڵایەتیی، فەرھەنگیی، سیاسیی، ئابووریی و بە تایبەت ژیانی ئەم وڵاتە لە نزیکەوە ئاسنا بن.

ئەم فیستیڤاڵە بە بەشداری بەرھەمی سینەماکارانی وڵاتانی جۆراوجۆری جیھان لە بەشەکانی پێشبڕکێی "نێودەوڵەتی"، "ناوچەیی"، "نەتەوەیی"، "دیکۆمێنتاریی" و کورتە فیلمەکانی "چیرۆکی"، "دیکۆمێنتی"، "ئەنیمەیشێن" و "ئەزموونی" لە رۆژانی ٢٣ تا ٢٧ تەمموز / یۆڵیۆی ٢٠١٥ لە شاری مێتا لە شاری کۆڵەمبیا بەڕێوەچوو.

ماڵ و کلیل" کە تا ئێستا لە ٥١ فیستیڤاڵی جۆراوجۆر لە ئاستی جیھان نمایشکراوە و ١٢ خەڵاتی گرینگی نێودەوڵەتیی بەدەستھێناوە لە دوایین بەشداری نێودەوڵەتی خۆیدا بە ئامادەبوونی "شوان عەتووف" لە بەشی پێشبڕکێی چوارەمین خولی فیستیڤاڵی نێودەوڵەتیی فیلمی "تراک سینەماتۆگرافیک"لە شاری رۆم لە وڵاتی ئیتاڵیا نمایشکرا و لە لایەن ئەندامانی لێژنەی دادوەرانی ئەم فیستیڤاڵەوە خەڵاتی باشترین فیلمی بەشی "کۆمەڵایەتی" فیستیڤاڵ بە "شوان عەتووف" دەرھێنەری ئەم فیلمە کوردییە بە نوێنەرایەتیی لە ھەرێمیکوردستان بەخشرا.

ئەم سینەماکارە کوردە لە رێوڕەسمی کۆتایی ئەم فیستیڤاڵەدا، یازدەیەمین خەڵاتی نێودەوڵەتی خۆی پێشکەش بە پێشمەرگە و شەڕڤانان و بەرخۆدانی کۆبانی کرد کە لە بەرانبەر ھێرشی دڕندانەی گرووپی تیرۆریستی داعش لەم شارەدا خۆڕاگریی و خەباتیی بێوێنەیان کرد.

 

چوارەمین خولی فیستیڤاڵی نێودەوڵەتیی فیلمی "تراک سینەماتۆگرافیک" بە بەشداری بەرھەمی سینەماکارانی وڵاتانی جۆراوجۆری جیھان لە سێ بەشی پێشبڕکێی "کۆمەڵایەتیی"، "ئەنیمەیش" و "سەربەست" لە رۆژانی ٢٥ تا ٢٨حوزەیران / یۆنیۆی ٢٠١٥ لە قەڵای "نۆتۆنۆ" لە ناوچەی نۆتۆنۆ لە شاری رۆم لە ئیتاڵیا بەڕێوەچوو.

 

 

 

 

مەنسوور جیھانیـ فیلمی دیکۆمێنتاریی "ژیان لە سنوور" لە دەرھێنانی ٨ منداڵی کۆبانێ و شەنگال لە تەلەڤیزیۆنی NHK ژاپۆن بڵاوکراوە و لە لایەن بینەرانێکی زۆر لەم وڵاتەو ھەروەھا لە سەرتاسەری دنیاوە پێشوازیی لێکرا.

فیلمی دیکۆمێنتاریی "ژیان لە سنوور" کە لە دەرھێنانی ٨ منداڵی شارەکانی کۆبانێ و شەنگال لە کەمپەکان و ھەروەھا دوای رزگارکردنی شاری کۆبانێ لە دەستی گرووپی تیرۆریستی داعش لە لایەن ئەم منداڵە کوردانەوە سازکراوە، لە لایەن تەلەڤیزیۆنی جیھانی "ئێن.ئێچ.کەی" NHK ژاپۆن لە بەرنامەیەکی تایبەتدا ناسێندرا و پاشان بۆ بینەرانێکی زۆر لەم وڵاتەو ھەروەھا لە سەرتاسەری جیھان نمایشکرا و زۆر بە جوانی پێشوازیی لێکرا.

بینەرانی ژاپۆنی بۆ ماوەی دوو کاتژمێر لە شۆکدابوون و بۆیان دەرکەوت کە نەتەوەی کورد تا چ ڕادەیەک بەھێزن و منداڵەکانیان ئەم ھەمووە تراژیدیایەیان بەسەر ھاتووە بەڵام بەم شێوەیە بەھرەمەند و داھێنەرن و ئێستا بە چاوێکی دیکەوە سەیری کورد دەکەن.

ئەم منداڵانە بە ماوەی ٢ مانگ لە لایەن راوێژکاران و گرووپی دەرھێنەران، خولەکانی فرێکاریی سینەمایان تێپەڕکردووە و پاشان لە نێوان ئەواندا چەندین کەس دەستنیشانکراون و وەکوو دەرھێنەری بچکۆلە ئەم ٨ فیلمە دیکۆمێنتارییەیان سازکردووە. ئەم کۆمەڵە فیلمە سەرجەم ماوەکەی ٧٣ خولەکە و لە لایەن کۆمپانیای "مژ فیلم" و بەرێنوێنی "بەھمەن قوبادی" بەرھەمھاتووە.

کەناڵی "ئێن.ئێچ.کەی" NHK ژاپۆنی لە بەرنامەیەکی ٢ کاتژمێریدا فیلمی دیکۆمێنتاریی "ژیان لە سنوور"ی ناساند کە تیایدا بەشێک لە ژیانی منداڵانی کۆبانێ و شەنگال لە کەمپی ئاوارەکاندا و ھەروەھا باروودۆخی ژیانی ئەوان لە نێو شەڕ و ئاوارەیی نیشانی بینەرانی خۆیدا کە ئەمجارە و لەم فیلمە دیکۆمێنتارییەدا لە روانینی کەسایەتیی منداڵەکانەوە وێنەگیراوە.

"بەھمەن قوبادی" ھەر بەم بۆنەیەوە سەردانی ژاپۆنی کرد و لە خولی ڤۆرکشۆپی فیرکاریی لە زانکۆکانی ئەم وڵاتە و ھەروەھا لەگەڵ کەناڵی "ئێن.ئێچ.کەی" NHK سەبارەت بەم فیلمە دیکۆمێنتارییەدا چەندین وتووێژی تایبەتی کرد.

 

 

مەنسوور جیھانیـ فیلمی سینەمایی "بیرەوەرییەکانی سەر بەرد" لە دەرھێنانی "شەوکەت ئەمین کورکی" سێ خەڵاتی سەرەکی ١٧مین فیستیڤاڵی نێودەوڵەتیی فیلمی "ریڤێرران" لە ئەمەریکای بەدەستھێنا.

فیلمی سینەمایی "بیرەوەرییەکانی سەر بەرد" Memories On Ston لە دەرھێنانی سینەماکاری کورد "شەوکەت ئەمین کورکی" کە بەرھەمی ھەرێمی کوردستان و وڵاتی ئەڵمانیایە، بە نوێنەرایەتیی لە ھەرێمی کوردستان لە بەشی پێشبڕکێی سەرەکی حەڤدەیەمین خولی فیستیڤاڵی نێودەوڵەتیی فیلمی "ریڤێرران" واتە "رووباری بەخوڕ" RiverRun لە وڵاتی ئەمەریکا نمایشکرا و لە لایەن ئەندامانی لێژنەی دادوەرانی ئەم فیستیڤاڵەوە سێ خەڵاتی سەرەکی باشترین فیلم بە "شەوکەت ئەمین کورکی" دەرھێنەر و "مەمەد ئەکتاش" بەرھەمھێنەری ئەم فیلمە کوردییە، خەڵاتی باشترین ئەکتەری پیاو بە سینەماکاری کورد "حوسێن حەسەن" ئەکتەری سەرەکی و ھەروەھا خەڵاتی باشترین مونتاژ بە سینەماکاری مەھابادی "ئیبراھیم سەعیدی" مۆنتێری ئەم فیلمە بەخشرا.

ئەندامانی لێژنەی دادوەرانی ئەم فیستیڤاڵە بریتی بوون لە: "نیکۆلاس چادیۆرگ" Nicolas Chaudeurge دەرھێنەر و ھەڵگری چەندین خەڵاتی جیھانی لە وڵاتی فەڕنسا، "کارێن چین" Karen Chien بەرێوەبەری ھونەریی و ھەڵگری چەندین خەڵاتی سینەمایی لە وڵاتی کۆریا و ھەروەھا "کریستییەن ھۆلێری" Christene Hurley بەرنامەداڕێژیی سینەمایی و مامۆستای زانکۆ لە وڵاتی ئەمەریکا.

فیستیڤاڵی نێودەوڵەتیی فیلمی "ریڤێرران" کە بە یەکێک لە گرینگترین فیستیڤاڵەکانی باشووری رۆژھەڵاتی ئەمەریکا دێتەئەژمار، ھەڤدەیەمین خەلی بە نمایشی ١٦٥ فیلم لە دەرھێنەرانی ٣٥ وڵاتی جۆراوجۆری جیھان لە چەندین بەشی پێشبڕکێی "فیلمە بڵندە سینەماییەکان"، بەشی پێشبڕکێی "فیلمە دیکۆمێنتارییەکان" و بەشی پێشبڕکێی "کورتە فیلمەکان" لە ڕۆژانی ١٦ تا ٢٦ی حوزەیران / مایۆی ٢٠١٥ لە وڵاتی ئەمەریکا بەڕێوەچوو.

فیلمی سینەمایی "بیرەوەرییەکانی سەر بەرد" تا ئێستا لە کۆمەڵێک فیستیڤاڵ لە ئاستی دنیادا چۆتە سەر پەردەی سینەماکان، لەوانە: لە بەشی "ئاسۆکان"ی چل و نۆیەمین فیستیڤاڵی نێودەوڵەتیی فیلمی "کاڕڵۆڤی ڤاری" Karlovy Vary لە چیک، لە بەشی پێشبڕکێی دەیەمین فیستیڤاڵی نێودەوڵەتیی فیلمی "یۆرۆئاسیا" Eurasia لە کازاخستان، لە بەشی پێشبڕکێی "نێتپەکی ئاسیا" لە بیستەمین فیستیڤاڵی نێودەوڵەتیی فیلمی "کەڵکەتە" Kolkata لە ھیندستان، لە بەشی دەرەوەی پێشبڕکێی بە ناونیشانی "پەنجەرەیەک بەرەو سینەمای ئاسیا" لە نۆزدەیەمین خولی فیستیڤاڵی نێودەوڵەتیی فیلمی "پووسان" Busan لە کۆریای باشوور، لە بەشی دەرەوەی پێشبڕکێی بیست و چوارەمین فیستیڤاڵی نێودەوڵەتی فیلمی "توسیس" Thusis لە سویسڕا، لە بەشی "ئاسۆکان" لە بیست و پێنجەمین فیستیڤاڵی نێودەوڵەتیی فیلمی "ترۆمسۆ" Tromsø لە نۆروێژ، لە سی و ھەشتەمین فیستیڤاڵی نێودەوڵەتیی فیلمی "گۆتێنبێرگ" Goteborg لە سوید، لە ٣٠مین فیستیڤاڵی نێودەوڵەتیی فیلمی "سانتا باربارا" Santa Barbara لە ئەمەریکا، لە سی و نۆیەمین فیستیڤاڵی نێودەوڵەتیی فیلمی "کلیلوەند" Cleveland لە ئەمەریکا، لە فیستیڤاڵی نێودەوڵەتیی فیلمی "دێت ماتێر" Movies That Matter لە ھۆڵەندا، لە فیستیڤاڵی نێودەوڵەتیی فیلمی "دۆحە" Doha لە قەتەر، لە سی و نۆیەمین فیستیڤاڵی نێودەوڵەتیی فیلمی "ھۆنگ کۆنگ" Hong kong لە وڵاتی ھۆنگ کۆنگ، لە شەشەمین فیستیڤاڵی نێودەوڵەتیی فیلمی "میدڵ ئێست نۆو" Middle Eas Now لە ئیتالیا، لە پازدەیەمین فیستیڤاڵی نێودەوڵەتیی فیلمی "تیبۆڕن" Tiburon لە ئەمەریکا و ھەروەھا لە سی و چوارەمین فیستیڤاڵی نێودەوڵەتیی فیلمی "ئەستەنبووڵ" Istanbul لە تورکیا.

ئەم فیلمە کوردییە ھەروەھا بە ئامادەبوون لە فیستیڤاڵە جیھانییەکانی فیلم، چەندین خەڵاتی

گرینگی بۆ ھەرێمی کوردستان بەدەستھێناوە، لەوانە: خەڵاتی تەندیسی "مرواریی ڕەش" بۆ باشترین فیلمی جیھانی عەڕەبی لە بەشی پێشبڕکێی سەرەکیی ھەشتەمین خولی فیستیڤاڵی نێودەوڵەتیی فیلمی "ئەبووزەبی" لە وڵاتی ئیماڕات، خەڵاتی "باشترین دەرھێنان" لە بەشی پێشبڕکێی سەرەکی سێزدەیەمین خولی فیستیڤاڵی نێودەوڵەتیی فیلمی "سینەدایز" Cinedayes لە وڵاتی مەکەدوونیا، خەڵاتی "تایبەتی یۆنسکۆ بۆ ھاوبەشی بەرچاو و ھەروەھا پاراستنی جۆری کەلتوورەکان" لە ھەشتەمین خولی خەڵاتەکانی ئیسکرین "ئاسیا پەسیفیک" ASIA PACIFIC ناسراو بە "ئۆسکاری ئاسیا" APSA لە وڵاتی ئوستوڕاڵیا، خەڵاتی سەرەکیی "باشترین فیلم" و خەڵاتی "باشترین سیناریۆ" لە بەشی پێشبڕکێی "ھەفتەی دەرھێنەران" و ھەروەھا خەڵاتی "ڕەخنەگرانی سینەما" لە سی و پێنجەمین خولی فیستیڤاڵی نێودەوڵەتیی فیلمی "فانتاسپۆرتۆ" Fantasporto لە وڵاتی پورتوگال.

 

فیلمی سینەمایی "بیرەوەرییەکانی سەر بەرد" لە دوایین بەشداری نێونەتەوەیی خۆیدا لە بەشی پێشبڕکێی سەرەکی فیستیڤاڵی نێودەوڵەتیی فیلمی "ئاشتی لە زەوی" POEFF لە شاری شیکاگۆ لە ویلایەتی ئیلینۆی لە وڵاتی ئەمەریکا نمایشکرا و لە لایەن ئەندامانی لێژنەی دادوەرانی ئەم فیستیڤاڵەوە خەڵاتی "باشترین فیلم" بە "شەوکەت ئەمین کورکی" دەرھێنەر و "مەمەد ئەکتاش" بەرھەمھێنەری ئەم فیلمە کوردییە بەخشرا.

مەنسوور جیھانیـ فیلمی سینەمایی "مەردان" لە دەرھێنانی "بەتین قوبادی" لە ٤١مین خولی فیستیڤاڵی نێودەوڵەتیی فیلمی "سیاتێل" لە وڵاتی ئەمەریکا نمایشکرا.

فیلمی سینەمایی "مەردان" یەکەمین بەرھەمی بڵندیی سینەماکاری کورد "بەتین قوبادی" و فیلمی ھەڵبژاردەی وڵاتی عێراق بە ھەشتاو حەوتەمین خولی ڕێوڕەسمی خەڵاتە سینەماییەکانی ئاکادیمیای ئۆسکار لە ساڵی ٢٠١٥، بە نوێنەرایەتیی لە ھەرێمی کوردستان لە دوو سانسی جیاوازدا لە رۆژانی ٣١ ئایار / مایۆ و ٢ی حوزەیران / یۆنیۆی ٢٠١٥ لە بەشی دەرەوەی پێشبڕکێی "سینەمای ھاوچەرخی جیھان" Contemporary World Cinema لە چل و یەکەمین خولی فیستیڤاڵی نێودەوڵەتیی فیلمی "سیاتێل" Seattle لە وڵاتی ئەمەریکا چووە سەر پەردەی سینەماکان و بەو فیلمانەی بەشی دەرەوەی پێشبڕکێی کە لە لایەن بینەرانەوە ھەڵدەبژێردرێن خەڵاتی زێڕینی  Golden Space Needleپێشکەش دەکرێت.

فیستیڤاڵی فیلمی "سیاتێل" کە بە یەکێک لە باشترین فیستیڤاڵەکانی ئەمەریکای باشوور دەناسرێت، خولی چل و یەکەمینی بە بەشداری کۆمەڵێک فیلم لە وڵاتانی جۆراوجۆری جیھان لە چەندین بەشی پێشبڕکێی و دەرەوەی پێشبڕکێی لە رۆژانی ٣١ ئایار / مایۆ تا ٧ی حوزەیران / یۆنیۆی ٢٠١٥ لە شاری سیاتێل لە ویلایەتی واشینگتۆن لە وڵاتی ئەمەریکا بەڕێوەدەچێت.

گۆڤاری ناوداری "ورایتی"، فیستیڤاڵی فیلمی "سیاتێل" بە یەکێک لە ٥٠ فیستیڤاڵی گرینگ و بەرچاوی سینەمای جیھان دەستنیشان کردووە. بنەمای ئەم فیستیڤاڵە رەخساندنیی دەرفەتە بۆ فیلمەکان بۆ ئەوەی کە وەکوو گرینگترین فیلم لە ئەمەریکا بناسرێن.

فیلمی سینەمایی "مەردان" نوێترین بەرھەمی "بەتین قوبادی" دوای نمایشی سەرکەوتووانە لە یەکەمین بەشداریی نێونەتەوەیی خۆی لە بەشی "دۆزینەوەکان" Discovery بە ناونیشانی "داھاتووی سینەمای جیھان" لە سی و نۆیەمین خولی فیستیڤاڵی نێودەوڵەتیی فیلمی تۆرێنتۆ لە کەنەدا، لە فیستیڤاڵی جۆراوجۆری نێودەوڵەتیی لە ئاستی جیھاندا نمایشکراوە، لەوانە: لە بەشی "سینەمای جیھان" لە چل و پێنجەمین خولی فیستیڤاڵی نێودەوڵەتیی فیلمی "گۆوا" لە ھیندستان، لە بەشی پێشبڕکێی "شەوی عەڕەبی" لە یازدەیەمین خولی فیستیڤاڵی نێودەوڵەتیی فیلمی "دووبەی" لە ئیماڕات، لە بەشی "دەنگی نوێی" لە سی و ھەشتەمین خولی فیستیڤاڵی نێودەوڵەتی فیلمی "گۆتێنبێرگ" لە سوید، لە دوازدەیەمین خولی فیستیڤاڵی نێودەوڵەتی فیلمی "گلاسکۆ" لە بەریتانیا، لە بیستەمین خولی فیستیڤاڵی نێودەوڵەتی فیلمی "ویلنیوس" Vilnius بە ناونیشانی "کینۆ پاواساریس" Kino Pavasaris لە وڵاتی لیتوانی و چەندین فیستیڤاڵی دیکە.

ئەم فیلمە کوردییە ھەروەھا بە ئامادەبوونی "بەتین قوبادی" لە بەشی پێشبڕکێی "بیرۆکە وەرگرتن" inspired لە میانەی چواردەیەمین خولی فیستیڤاڵی نێودەوڵەتیی فیلمی "ئەستەنبووڵ" لە تورکیا نمایشکرا و لە لایەن رەخنەگرانی سینەمای ئەم وڵاتەوە خەڵاتی باشترین فیلمی و لەڕاستیدا دووەمین خەڵاتی گرینگی ئەم فیستیڤاڵە بە "بەتین قوبادی" دەرھێنەری ئەم فیلمە بەخشرا. قوبادی دوای وەرگرتنی خەڵاتی رەخنەگرانی تورک، ئەم خەڵاتەی پێشکەش بە کچانی خەباتکاری کورد لە شنگاڵ و کۆبانێ کرد.

 

فیلمی سینەمایی "مەردان" لە دوایین بەشداری نێونەتەوەیی خۆیدا، لە رۆژانی ٢٣ نیسان / ئەپرێل تا ٢ ئایار / مایۆی ٢٠١٥ لە فیستیڤاڵی نێودەوڵەتیی فیلمی "موڤ" Mooov لە وڵاتی بەلژیکا نمایشکرا.

هەواڵی زیاتر لە تویتەر

راپۆرتە پڕ بینەرەکان

حالت های رنگی