نوێنەرایەتی

   نوێنەرایەتی

شەممە, 12 ک یەکەم 2015

نوێنەرایەتی ھەرێمی کوردستان سەبارەت بە ڕاپۆڕتێکی ئاژانسی "ئیرنا" ناڕەزایەتیی دەربڕیی

"نازم دەباغ" نوێنەری حکوومەتی ھەرێمی کوردستان لە تاران سەبارەت بە ڕاپۆڕتێکی ئاژانسی ھەواڵی "ئیرنا"ی ئێران ناڕەزایەتیی خۆی دەربڕیی.

 

لە بەرواریی ٩ی دیسەمبەری ٢٠١٥ لە ڕاپۆڕتێکی ئاژانسی ھەواڵی "ئیرنا"ی ئێران کە لە لایەن پەیامنێریانەوە لە شاری بەغدا ئامادەکرابوو، سووکایەتیی بە جلووبەرگی کوردیی کرابوو، نوێنەرایەتی حکوومەتی ھەرێمی کوردستانیش لە تاران دەستبەجێی ناڕەزایی خۆی دەربڕیی و دەنگی خستە پاڵ دەنگی ناڕازیی بووانەوە و لە ڕێگای تەلەفۆنەوە پەیوەندیی بە بەرپرسانی کۆماریی ئیسلامی ئێران کرد.

 

ئاژانسی ھەواڵی "ئیرنا" دەستبەجێی ئەو وشە نالەبارەی لادا و پەیمانیاندا کە لەمەودوا زیاتر سەرنج بدەن کە لە ڕاپۆڕت و ھەواڵەکانیاندا ئەم جۆرە کارانە دووبارە نەبێتەوە.

 

 

 

 

سێ شەممە, 01 ک یەکەم 2015

"نازم دەباغ" لەگەڵ "توماس گلیوزو" سکرتێری دووھەمی باڵیۆزخانەی فەڕەنسا لە تاران کۆبۆوە

"نازم دەباغ" نوێنەری حکوومەتی ھەرێمی کوردستان لە تاران، لەگەڵ "توماس گلیوزو" سکرتێری دووھەمی باڵیۆزخانەی وڵاتی فەڕەنسا لە تاران دیداریی کرد.

"توماس گلیوزو" Thomas Gliozzo سکرتێری دووھەمی باڵیۆزخانەی وڵاتی فەڕەنسا لە تاران، رۆژی دووشەمە رێکەوتی ٣٠/١١/٢٠١٥ سەردانی نووسینگەی نوێنەرایەتی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان لە تارانی کرد و لە لایەن "نازم عومەر دەباغ" نوێنەری حکوومەتی ھەرێمی کوردستان لە وڵاتی ئێران و "عەلاء غوڵام" ئەندامی نوێنەرایەتی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان پێشوازیی لێکرا.

لە دانیشتنەکەدا باس لە ڕەوشی عێراق و ناو‌چەکە بە گشتیی و ھەرێمی کوردستان بە تایبەتی کرا و "توماس گلیوزو" سوپاسی گەلی کوردستان و حکوومەتی ھەرێمی کوردستان و ھەروەھا پێشمەرگەی کوردستانی کرد بۆ ڕووبەڕووبونەوەیان لەگەڵ گرووپی تیروریستی داعش.

لە بەشێکی دیکەی ئەم دانیشتنەدا سکرتێری دووھەمی باڵیۆزخانەی وڵاتی فەڕەنسا لە تاران، پرسیاری ڕەوشی ئەمڕۆی کوردستان و عێراق و حیزبە سیاسییەکانی کرد بە نیسبەت شەڕیی داعش لە ناوچە داگیرکراوەکان و ھەروەھا باسیان لە بارودۆخی کورد و عیراق و سووریا کرد.

ھەر لەم کۆبوونەوەیەدا "توماس گلیوزو" باسی لە پەیوەندییەکانی نێوان حکوومەتی ھەرێمی کوردستان و حکوومەتی ناوەندی عێراق کرد و سەبارەت بە پرسی سەرۆکایەتی ھەرێمی کوردستان پرسیاریی لە نوێنەری حکوومەتی ھەرێمی کوردستان لە تاران کرد.

"نازم دەباغ" نوێنەری حکوومەتی ھەرێمی کوردستان لە تارانی پێتەختی ئێران بە شێوەیەکی گشتیی ڕەوشیی ئێستای ھەرێمی کوردستانی بۆ سکرتێری دووھەمی باڵیۆزخانەی وڵاتی فەڕەنسا لە تاران شیی کردەوە و ھەڵوێستی فەرمی حکوومەتی ھەرێمی کوردستانی سەبارەت بە پێشھاتەکان پێی ڕاگەیاند، بە تایبەت خۆڕاگریی ئێستای گەلی کوردستان و ھێزی پێشمەرگەی کوردستان لە بەرامبەر گەورەترین مەترسی تروریستی جیھان کە ڕووبەڕووی کوردستان و گەلی کورد بۆتەوە.

ھەر لەم دانیشتنەدا نوێنەری حکوومەتی ھەرێمی کوردستان لە تاران سوپاسی ڕۆڵی دەوڵەتی فەڕەنسا و ھاوپەیمانان و دراوسێکانی کرد و گوتی کە ھیوادارم ئەو ھاوکارییە سەربازییەی کە ئێستاکە ھەیە لە ئایندەش بەردەوام بێت و ببێتە ھاوپیمانییەکی ئیستراتیجی لە ناوچەکەدا.

"توماس گلیوزو" وێڕای سوپاسی بۆ پێشوازیی لێکردنیان و داوای سەرکەوتنی کرد بۆ گەلی کوردستان و حکوومەتی ھەرێم و پێشمەرگەی کوردستان و ئومیدی خواست بەردەوام بن لە ھاوکاریی و دوستایەتی لەگەڵ گەلی کورد و ھەروەھا حکوومەتی ھەرێمی کوردستان.

 

 

 

شەممە, 28 ت دووەم 2015

"نازم دەباغ" لە دیمانەی تایبەت لەگەڵ مێهر: هاوسەنگی لە پەیوەندییە دەرەوەییەکانی عێراق دژوارە / بۆچوونەکان سەبارەت بە گاردی نیشتمانی

نوێنەری هەرێمی کوردستان وێڕای راگەیاندنی هۆکارەکانی خستنەڕووی گەڵاڵەی پلانی دابەشیی عێراق لە لایەن سیاسەتوانانی ئەمریکی، لە گۆشەنیگای خۆیەوە ڕوانییە دامەزرانی گاردی نیشتمانی.

 

بەشی نیێودەوڵەتی- سومەیە خومارباقی: دامەزرانی هەڕیمی کوردستان و پەیجووریی دابەشکردنی عێراق لە لایەن هەندێک لە کاربەدەستانی ئەمریکی و ڕوانگەی بەغدا بۆ پەیوەندییەکان و سیاسەتی دەرەوەیی ناوچەیی و بان ناوچەیی بەشێکن لەو بابەتانەی کە ئاژانسی هەواڵی مێهر لە دیمانە لە گەڵ "نازم دەباغ" نوێنەری هەرێمی کوردستان لە ئێران ئاوڕی لێ‌داوەتەوە. کۆی دیمانەکە لە خوارەوە دەخوێننەوە.

 

بە ئاوڕدانەوە لە سەرکەوتنی پارتی داد و گەشە لە توکیا و دامەزرانی دەوڵەتی تاک پارتی لە لایەن پارتی داد و گه‌شه ‌و بەرزبوونەوەی دەسەڵاتی ئەوپارتە، پەیوەندییەکانی عێراق و تورکیا بە چ چەشنێک دەبێت؟

ئاک پارتی (AKP) لە هەڵبژاردنی نوێدا سەرکەوت و دەوڵەتی نوێی لە تورکیا دامەزراند. حکوومەتی عێراق پێویستی بە هاوڕێیەتی و پەیوەندی دوولایەنە لەگەڵ تورکیایە. بە دڵنیاییەوە هاوکاریی عێراق و تورکیا بە نیسبەتی جاران پەرە دەستێنێت و وەک دەزانن وەزیری دەرەوەی تورکیا لەم دواییانە دوای سەردانی هەولێر و کۆبوونەوەی لەگەڵ بەرپرسانی هەرێم، جەختی لە گەشە و پەرەدان بە پەیوەندییەکان کردەوە.

 

ئایا یەکێک لە ئامانجەکانی ئەمریکا لە عێراق پەیجووریی دابەشبوونی عێراقە یان دابەشبوونی عێراق ستراتژێی باڵای ئەمریکا لە عێراقە؟ ئەمریکا بە دابەشکردنی عێراق چ ئامانجێک دەپێکێت؟

ئەمە بابەتێکی نوێی نییە و بەر لە ڕووخانی ڕەژیمی سەدام حسێنیش ئەو بابەتە خرایەڕوو کە عێراق بە سەر سێ ناوچەی کورد، سوننە و شیعە دابەش بکرێت. ئەو کات گەڵاڵەدانی ئەو باسە زیاتر وەک پرسێکی ئەمنی و سەربازی چاو لێ‌دەکرا و پێدەچێت بە پێچەوانە ئەمریکا لە بارودۆخی ئێستادا خوازیاری دابەشبوونی عێراق نەبێت. بەڵکوو ئەوە هەرێمی کوردستان کە بە هۆی سەربەخۆبوون و بەهرە وەرگرتن لە هێزی پێشمەرگە وەک هێزی سەربەخۆی خۆی لە گۆڕەپانی شەڕدا و تەنانەت لە ناوچە ژێڕ کۆنتڕۆڵەکانی داعشیشدا، سەلماندوویەتی کە دەتوانێ هەرێمێکی ئازاد و سەربەخۆ بێت. بەڕاستی لە ئەمڕۆدا عێراقی نوێی چ لە باری جوگرافی و چ لە باری سیاسییەوە عێراقێکی لە بەر یەک‌هەڵوەشاوەیە. هیچ هاوڕێزییەکی جوگرافی و سیاسی لە ئارادا نییە و هەر بەو هۆیەش هەر کەسە و تاقمێک بە دوای بەرژەوەندیی خۆیانەوەن. ئەمە بۆچوونی منە، کەواتە باشترین رێگەچارەیەک کە ئەمریکاییەکان و بە تایبەت "جۆ بایدن" لە ئێستا بیری لێ‌دەکەنەوە هەمدیسان پەنابردنە بەر پلانی دابەشکردنی عێراق بە سەر سێ هەرێم و ناوچەیە. گەر ئەو شتە مومکین بێت پێگەی هەرێمی کوردستان و دەسەڵاتی ئەو هەرێمە بەرزتر دەبێتەوە، هەر چەند ڕوودانی ئەو شتە بە بڕوای من نامومکینە، چونکه بە گشتیی جیا لە کوردەکان هیچ پێکهاتەیەکی دیکە لە ئاستی عێراق و ناوچەدا حەز بە دابەشبوونی عێراق ناکەن.

خاڵی بەرچاوی دیکە بە نیسبەتی ئەم بابەتە ئەوەیە کە بە دوای خەملانی پرسی دابەشبوونی عێراق، وڵاتانی ناوچە و لە سەرووی هەموویانەوە وڵاتانی عەرەبی لە دژی ئەو شتەی پێی دەڵین هەیڤی شیعە لە ناوچەدا دەوەستن و بە ڕای ئەوانباشترین رێگا بۆ رێگری لە وەدی هاتنی ئەو هەیڤە، پاراستنی یەکگرتوویی عێراقە.

 

یەکێک لە پرێنسیپە ڕاگەیێندراوەکانی سیاسەتی دەرەوەیی عێراق، هاوسەنگییه ‌لە پەیوەندییە دەرەوەییەکان لە ئاستی ناوچەدا. بەبڕوای ئێوە بەغدا چۆن دەتوانێت لەگەڵ وڵاتانێک کە پشتیوانی لە تیرۆریستەکان دەکەن و لەوان عەرەبستان، لە لایەکەوە و وڵاتانێکی وەک ئێران کە پشتیوانیی ئەو وڵاتەدەکەن، هاوسەنگی دروست بکات؟

جێبەجێ کردنی هاوسەنگی لە سیاسیەتی دەرەوەیی عێراق لە بارودۆخی ئێستادا دژوارە. لە عێراق لایەنگەلی جۆراوجۆر لەگەڵ وڵاتە جۆراوجۆرەکانی ناوچە لە پەیوەندیدان و لەو دەلاقەوە دەڕوانن. بە داخەوە هەندێک لە سیاسەتوانانی ئامادەی ناو حکوومەتی عێراق زۆرتر لەوەی کە لە پێناو بەرژەوەندیی نیشتمانیدا هەوڵبدەن، لە پێناو بەرژەوەندیی تاکە کەسی و پارتییەکەیان هەوڵ دەدەن و گەر وانەبایە زۆربەی کێشەکانی ئێستای عێراق سەری هەڵنەدەدا و بێرە نەدەگەیشتین. کەواتە لە بارودۆخی ئێستادا سازدانی هاوسەنگی لە پەیوەندیی لەگەڵ وڵاتانی ناوچەدا دژوارە.

 

هەندێک ڕەخنە دەگرن لە دامەزرانی گاردی نیشتمانی عێراق و لایان وایە کە دامەزرانی ئەو گاردە لەلایەکەوە دەبێتە هۆی دابەزینی توانستەکانی سوپا و لەلایەکی دیکەوە دەبێتەهۆی دابەشبوونی عێراق، ئێوە چۆن لەمبابەتە دەڕوانن؟

دامەزرانی گاردی نیشتمانی دوو لایەنەیە و وەک تیخێک دەچێت کە گەر هوشیار نەبین لە هەر دوو بەرەوە دەست دەبڕێت. هەر بۆیە گەر ئاستی سوپای عێراق لە بەرچاو بگرین، ناچارین لە دامەزراندنی گاردی نیشتمانی. بەڵام خود دامەزرانی ئەو گاردە، دابەشبوونی عێراقی لێ‌دەکەوێتەوە. بۆ وێنە سوننەکان خوازیاری دامەزرانی گاردی خۆیانن، کوردەکان گاردی خۆیان لە قەوارەی پێشمەرگە هەیە و شیعەش خاوەن گاردی حەشدی شەعبییە.

شێوەی دامەزرانی گاردی نیشتمانیی عێراق جێی ناکۆکییە، دەنا وەک کردەوە ئەزموونی هەرێمی کوردستان نیشانی داوە کە گەر پێشمەرگە نەبایە، ئەو هەرێمە نەیدەتوانی بەرەنگاری داعش بێتەوە. دامەزرانی پێشمەرگە تەنیا تایبەتی ئەوڕۆ نییە، بەڵکوو بەر لە ڕووخانی ڕەژیمی سەدام ئەو هێزە دامەزراوە. کەواتە ئەمڕۆ گەر بڕوانینە ناوچە ژێڕ کۆنتڕۆڵەکانی داعش دەبینین کە ئەو ناوچانە، ناوچەکانی تایبەت بە بەشی سوننەنشینی عێراقن و ئەوە ئەهلی سوننەن کە نەیانتوانیوە پشتگری لە ناوچەکانی خۆیان بکەن و داعشییەکان لە ناوچەکانی خۆیان ڕاو بنێن. ئەهلی سوننە لایان وایە کە گەر ئەوانیش هێزی چەکداریی خۆیان هەبێت دەتوانن ڕێگری بکەن لە دزەکردنی داعش بۆ ناو ناوچە سوننەنشینەکان و کۆنتڕۆڵ کردنی ئەو ناوچانە. بەڵام من دەپرسم مەگەر زۆربەی فەرماندەکانی سوپای عێراق، چەکدار و سوننە نین؟ بە بڕوای من هەندێک بە دوای بیانووهێنانەوە بۆ پاراستنی ئاسایشی عێراقن و سەرقاڵی پاساو هێنانەوە بۆنائارامییەکانی ئێستان، کەواتە بە بڕوای من دامەزرانی گاردی نیشتمانی لە عێراق نە تەنیا نابێتە هۆی یەکگرتوویی و یەکڕیزی، بەڵکوو دەبێتە هۆی ناکۆکی و ئاژاوە لەو وڵاتەدا.

 

ناوەندێکی هەواڵگری بە بەشداریی ئێران، ڕووسیا، سووریا و عێراق لە بەغدا دامەزراوە. گه‌لۆ ئیمکانی پەرەدان بەهاوکارییە سەربازی، ئەمنی و زانیارییەکان لە نێوان ئەم چوار وڵاتە لە داهاتوودا هەیە و ئایا مومکینە کە بەغدا خوازیاری پەرەدان بە هێرشی ئاسمانی لە سووریاوە بۆ عێراق لەلایەن ڕووسیاوە بێت؟

 

من دەڵێم دەکرێت بەهرە لەبوونی ڕووسیا بۆ بەرەنگاربوونەوەی داعش وەربگیردرێت، بەڵام دوای ئەو چی؟ سیاسەتی واشنتۆن ئەوەیە کە ئەمریکاییەکان بە شێوەی یەکلاکەرەوە بە دوای شەڕ لە گەڵ داعش نەبن و خوازیاری شەڕێکی بەرتەسک لە گەڵ ئەو گرووپە بن. بەڵام ڕووسیا بە شێوەی یەکلاکەرەوە بە دوای بەزاندنی داعشە، کەواتە لە نێوانیاندا دژوازیی بەرژەوەندییەکان ساز دەبێت، ڕەنگە ئەمریکا و ڕووسیا لەمناوە بە خاڵێکی هاوبەش بگەنو گەر لە سەر ئەو خاڵە ڕێککەون، دەکرێت تا ڕادەیەک سەبارەت بە داهاتووی بەرژەوەندییەکانی ناوچە دانوستان بکەین. بە بڕوای من یەکێک لە بەرژەوەندییەکانی ڕووسیا گەڕانەوەی بۆ سەر شانۆی دەسەڵاتە، چونکا پێشتر ئەمریکا دەسەڵاتی مەزن و زلهێزی گەورەی ناوچە بوو.

شەممە, 07 ت دووەم 2015

"نازم دەباغ" لەگەڵ "لارس ئێریک ئاندرێسۆن" سەرۆکی ئیدارەی پەنابەرانی نەرویج کۆبۆوە

 "نازم دەباغ" نوێنەری حکوومەتی ھەرێمی کوردستان لە تاران لەگەڵ "لارس ئێریک ئاندرێسۆن" سەرۆکی ئیدارەی پەنابەرانی وڵاتی نەرویج و شاندیی ھاوڕێی دیداریی کرد.

 

سەر لە بەیانی ڕۆژی شەممە ٧ی نۆڤەمبەری ٢٠١٥ "لارس ئێریک ئاندرێسۆن" سەرۆکی ئیدارەی پەنابەرانی وڵاتی نەرویج و "ئێره هۆودێناک" کە شاندێک بوون تایبەت بە پەنابەرە نیشتەجێی کردنەکانی ھەرێمی کوردستان، سەردانی نووسینگەی نوێنەرایەتی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان لە شاری تارانیان کرد و لە لایەن "نازم عومەر دەباغ" نوێنەری حکوومەتی ھەرێمی کوردستان لە وڵاتی ئێران و "ئەمجەد باباحاجی" و ھەروەھا "ھیوا ڕەسووڵ" ئەندامانی نوێنەرایەتیی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان لە تاران بە گەرمیی پێشوازییان لێکرا.

لەم دیدارەدا دوو لایەن سەبارەت بە باروودۆخی ئێستای ھەرێمی کوردستان و پێداویستییەکانی پەنابەران، باروودۆخی ئێستا و شێوەی ژیانی ئاوارەکان و یارمەتی ئاوارەکانی نیشتەجێی کرا لە ھەرێمی کوردستان ھاتنە ئاخاوتن و ھەروەھا باسی چۆنییەتی چارەسەرکردنی کێشەی پەنابەران لە ھەرێمی کوردستان کرا.

 

لە بەشێکی دیکەی ئەم چاوپێکەتنەدا شاندی ئیدارەی پەنابەرانی وڵاتی نەرویج ڕایانگەیاند کە بە باشی چاویان لە ڕەوشی ئاوارەکانی ھەرێمی کوردستانە و ئەوەی کە لەوێی بە باشی یارمەتی ئەم ئاوارە و پەنابەرانە دەکرێت.

ھەر لەم دیدارەدا "نازم دەباغ" نوێنەری حکوومەتی ھەرێمی کوردستان لە تاران سەبارەت بە باروودۆخی ئێستای ھەرێمی کوردستان، شەڕی پێشمەرگە لەگەڵ گرووپی تیرۆریستی داعش، نیشتەجێی بوونی ئاوارەکانی سووریا و شنگاڵ و مووسڵ لە ھەرێمی کوردستان، پێداویستییەکانی ئەم ئاوارانە لە ڕووی کەرەستەی زستانی و شوێنی نیشتەجێی بوون و ھەروەھا خوێندگاکانیان ھاتە ئاخاوتن.

 

لایەنی بەرانبەریش وەعدیاندا کە ئەو پەیامانەی ھەرێمی کوردستان بە بەرپرسانی پەیوەندیداری وڵاتی نەرویج بگەیەنن.

 

 

 

 

 

 

دوو شەممە, 02 ت دووەم 2015

"نازم دەباغ" به‌شداریی له‌ ڕێوڕه‌سمی شەست و یەکەمین ساڵڕۆژی شۆڕشی جەزائیر کرد

"نازم دەباغ" نوێنەری حکوومەتی هەرێمی کوردستان لە تاران، به‌شداریی له‌ ڕێوڕه‌سمی شەست و یەکەمین ساڵڕۆژی شۆڕشی وڵاتیجەزائیر کرد.

 

"نازم عومەر دەباغ" نوێنەری حکوومەتی هەرێمی کوردستان لە تاران، لە دوای بانگهێشتێکی فەرمی لەلایەن "عه‌بدوالمونعم ئه‌حریز" باڵیۆزی وڵاتی جەزائیرلە تاران و بە بۆنەی شەست و یەکەمین ساڵڕۆژی شۆڕشی جەزائیر، ئێوارێی رۆژی یەکشەمە ١/١١/٢٠١٥ هاورێی لەگەڵ "سۆران عه‌لی ئه‌مین" بەرێوه‌بەریی پەیوەندییەکان و ڕاگەیاندنی نووسینگه‌ی نوێنەرایه‌تی حکوومەتی هەرێمی کوردستا، سەردانی باڵیۆزخانەی جەزائیریان کرد و لەم بۆنەیەدا زۆربەی باڵیۆزیی وڵاتان تیایدا بەشداربوون.

 

له‌م ڕێوڕه‌سمه‌دا نوێنەری حکوومەتی هەرێمی کوردستان لە تاران، چەندین دیدار و چاوپێکەوتنی لەگەڵ باڵیۆزیی وڵاتانی جۆراوجۆر لەوانە: "خالید عه‌مارا" باڵیۆزی وڵاتی میسر، "راجح سابر عه‌بود الموسه‌وی" باڵیۆزی وڵاتی عێراقی فیدراڵ ئەنجامدا، کە باسیان لە پێشهاتەکانی ئەم دواییەی ناوچەکە کرد.

 

"نازم دەباغ" بۆچوونی حکوومەتی هەرێمیکوردستانی لەسەر ڕووداوەکان خستەڕوو و بە تایبەت لەگەڵ باڵیۆزی عێراق لە تاران، باسیان لە باشترکردنی پەیوەندییەکانی نێوان نوێنەرایەتی حکوومەتی هەرێمی کوردستان و باڵیۆزخانەی عێراق لە تاران کرا.

 

 

چوار شەممە, 04 ت دووەم 2015

"نازم دەباغ" له‌گه‌ڵ "راجح الموسه‌وی" باڵیۆزی عێراقی فیدراڵ لە تاران کۆبۆوه

"نازم دەباغ" نوێنەری حکوومەتی هەرێمی کوردستان لە تاران له‌گه‌ڵ "راجح سابر عه‌بود الموسه‌وی" باڵیۆزی وڵاتی عێراقی فیدراڵ لە ئێران دیداری کرد.

 

"راجح سابر عه‌بود الموسه‌وی" باڵیۆزی وڵاتی عێراقی فیدراڵ لە ئێران رۆژی سێشەمە ٣/١١/٢٠١٥ سەردانی نووسینگه‌ی نوێنەرایەتی حکوومەتی هەرێمی کوردستان لە تارانی کرد و لە لایەن هەریەک لە "نازم عومەر دەباغ" نوێنەری حکوومەتی هەرێمی کوردستان لە تاران، "هیوا ڕەسوڵ" و "فەخرەدین عه‌زیز ساڵح" ئه‌ندامانی نوێنەرایەتی حکوومەتی هەرێمی کوردستان لە تاران و هه‌روه‌ها "سۆران عه‌لی ئه‌مین" بەرێوه‌بەریی پەیوەندییەکان و ڕاگەیاندنی نووسینگه‌ی نوێنەرایه‌تی حکوومەتی هەرێمی کوردستان و "عه‌لاء غوڵام عه‌لی" به ‌گەرمی پێشوازی لێکرا.

 

لە دانیشتنەکەدا باڵیۆزی عێراق لە تارانی پشتیوانی تەواوی خۆی لەهەموو بوارەکاندا بۆ نوێنەرایەتی حکوومەتی هەرێمی کوردستان لە تاران دەربڕیی.

 

هه‌ر له‌م کۆبوونه‌وه‌یه‌دا‌ "نازم دەباغ" نوێنەری حکوومەتی هەرێمی کوردستان لە تاران لەلای خۆیەوە سوپاسی باڵیۆزی وڵاتی عێراقی فیدراڵ لە ئێرانی کرد و لە ئەرکە تازەکەیدا هیوای سەرکەوتنی بۆخواست و پشتیوانی نوێنەرایەتی حکوومەتی هەرێمی کوردستان لە تارانی بۆ دوپات کردەوە.

 

 

 

 

 

 

 

 

 

 

پەڕەى 30 لەکۆى 43 پەڕەدا

هەواڵی زیاتر لە تویتەر

راپۆرتە پڕ بینەرەکان

حالت های رنگی