بە ئامادەبوونی نوێنەرایەتیی هەرێمی کوردستان کۆنگرەی بۆردوومانی کیمیابارانی سەردەشت لە تاران بەڕێوەچوو

بە ئامادەبوونی نوێنەرایەتیی هەرێمی کوردستان و یاریدەدەری تایبەتی سەرۆک کۆماری ئێران، کۆنگرەی بیست و حەوتەمین ساڵیادی کارەساتی بۆردوومانی کیمیابارانی شاری سەردەشت لە تاران بەڕێوەچوو.

 

 

بە ئامادەبوونی دکتۆر "جگەرخوێن" جێگری نوێنەرایەتیی هەرێمی کوردستان لە تاران، "عەلی یۆنسی" یاریدەدەری تایبەتیی سەرۆک کۆماری ئێران لە کارووباری نەتەوەکان و کەمینە ئایینیی و مەزهەبییەکان، دکتۆر "ئەسعەد ئەردەڵان" مامۆستای زانکۆکانی تاران و توێژەر و پسپۆر لە بواری مافە نێودەوڵەتییەکاندا، "ئیحسان هووشمەند" نووسەر، توێژەر و لێکۆڵەری کۆمەلایەتیی و مەسەلەی نەتەوەکان، "عوسمان موزەیەن" سکرتێری لێژنەی یاسایی کۆمەڵەی داکۆکیکردن لە مافەکانی قوربانیانی کیمیابارانی سەردەشت، "محەمەدڕەزا ئەمیرحوسێنی" ڕاوێژکاریی سەرۆکی دەزگای شەهید و کاروباری خۆبەختکەرانی ئێران و سەرۆکی ناوەندیی پەیوەندییەکانی دەزگای شەهیدی ئێران، "محەمەد کەریمیان" نوێنەری شارەکانی سەردەشت و پیرانشار لە سێ خولی پێشووی پەڕڵەمانی ئێران، "ڕەحیم واحیدی" وتەبێژی کۆمەڵەی داکۆکیکردن لە مافەکانی قوربانیانی کیمیابارانی سەردەشت، هەندێک لە کارمەندانیی نوێنەرایەتیی هەرێمی کوردستان لە ئێران و چەندین کەسایەتیی دیکە، کۆنگرەی بیست و حەوتەمین ساڵیادی کارەساتی بۆردوومانی کیمیابارانی شاری سەردەشت لە هۆڵی کۆبوونەوەکانی نووسینگەی یاریدەدەری تایبەتیی سەرۆک کۆماری ئێران لە شاری تاران بەڕێوەچوو.

 

لەم کۆنگرەیەدا دکتۆر "جگەرخوێن" جێگری نوێنەرایەتیی هەرێمی کوردستان لە تاران، وتارێکی پێشکەش کرد کە لە لایەن "عەلی یۆنسی" یاریدەدەری تایبەتیی سەرۆک کۆماری ئێران لە کارووباری نەتەوەکان و کەمینە ئایینیی و مەزهەبییەکان، بە گەرمی پێشوازیی لێکرا و بە تایبەتی سوپاسی جێگری نوێنەرایەتیی هەرێمی کوردستان لە تارانی کرد کە بە جوانی و ڕێکووپێکی لە وتارەکەیدا مەبەستەکەی پێکاوە.

 

دکتۆر "جگەرخوێن" لە سەرەتای قسەکانیدا گوتی: شەڕی عێراق و ئێران دوور و درێژترین شەڕی سەدەی بیستەم دوای شەڕی ڤێتنامە. ئەم شەڕە لە سێپتەمبەری 1980 دەستی پێکرد و هەشت ساڵی خایاند. ئەم شەڕە پڕووکێنەرە بەسەر خەڵکی دوو وڵاتدا داسەپا و هەموو لایەنەکانی ژیانیانی خستە ژێر کاریگەری خۆیەوە. لە بنەڕەتدا شەڕەکان ئاسەواری زۆر خراپ لە خۆیان بەجێدەهێڵن. هەندێک جاریش دەوڵەتەکان بە هۆی شەڕەکانەوە لەناوچوون، بەڵام گرینگتر لەوە ئەو مەسرەفانەیە کە نەتەوەکان تووشی دەبن. لە شەڕی هەشت ساڵەی ئێران و عێراقدا کارەسات گەلی تاڵ ڕوویاندا کە هەمووی ئەوانە گێڕانەوەی ئاسەوارە نالەبارەکانی جەنگ لەسەر لایەنە جۆراوجۆرەکانی ژیانی شارۆمەندانی دوو وڵاتە. یەکێک لەم کارەساتانە هێرشی کیمیایی سوپای بەعس بۆ سەر شاری سەردەشتە.    

 

گوتیشی: لە لایەنی مێژووییەوە کەڵک وەرگرتن لە چەکی کیمیایی بۆ شەڕی جیهانی یەکەم دەگەڕێتەوە، بەڵام لە شەڕی عێراق لە دژی ئێراندا سوپای بەعسی بە شێوەیەکی بەربڵاو لەم چەکانە کەڵکی وەرگرت و زۆر یەک لە نیزامییەکان و هەروەها شارۆمەندانیی دوو وڵات زیانی جیددیان وێکەوت. سەدام لەم چەکە نە تەنیا لە دژی شارۆمەندانی ئێرانی بەڵکوو لە دژی شارۆمەندانی خۆشی کەڵکی وەرگرت.   

 

جێگری نوێنەرایەتیی هەرێمی کوردستان لە تاران ئەوەیشی خستەڕوو: کەڵک وەرگرتن لە چەکی کیمیایی لە لایەن ڕژێمی بەعسەوە لە هەلوومەرجێکدا ئەنجامدرا کە پەیماننامە و بڕیارنامە نێودەوڵەتییە جۆراوجۆرەکان، بەرهەمهێنان، بەکارهێنان و پەرەپێدان و تەنانەت هەناردەکردنی ئەم جۆرە چەکانەی مەحکووم کردبوو. زۆربەی شارە سنوورییەکانی ئێران و عێراق خرانە بەر هێرشی کیمیایی سوپای ڕەگەزپەرەستیی بەعسییەوە. لەوانە: لە ڕۆژی 7ی پووشپەڕی 1366ی هەتاوی (30ی حوزەیران / جوونی 1987) سوپای بەعسی ئەم چەکەیان دژی سەردەشت بەکار هێنا.

 

گوتیشی: ئەم هێرشە زیاتر لە هەموو شتێک بە مەبەستیی کوشتنی خەڵکی ئاسایی دانیشتووی ئەم شارە ئەنجامدرا و هەر بە هۆی نەبوونی ئامادەیی پێویستی شارۆمەندانیی ئاسایی بۆ ڕووبەڕووبوونەوە لەگەڵ کردەوەی قێزەونیی لەم چەشنە، زیانی جیددیان تووشبوو. بە پێی ئەو زانیارییانەی کە لەبەر دەستدان لەم هێرشەدا 130 کەس گیانیان لە دەستدا و 8 هەزار کەسیش بریندار بوون. ئەم کردەوەیە زوڵمێکی ئاشکرابوو لە لایەن ڕژێمێکی دەستدرێژکەر لە دژی شارۆمەندانی ئاسایی کوردی ئێرانی، کردەوەیەک کە ویژدانی هەر مرۆڤێکی سەربەرست دەهەژێنێت.     

 

دکتۆر "جگەرخوێن" لە بەشێکی دیکەی قسەکانیدا گوتی: ئێمە، حکوومەت و خەڵکی هەرێمی کوردستان لە قووڵایی دڵمانەوە لەگەڵ خەڵکی ئێران و بەتایبەت خەڵکی سەردەشت و زیان لێکەوتووان و کەوسووکاری ئەم کارەساتە دڵتەزێنە هەستی هاوخەمی خۆمان ڕادەگەیەنین و لە خەمی ئەم ئازیزانەدا خۆمان بە هاوبەش دەزانین، چونکە ئێمەش قوربانی ئەم کردەوە نامرۆڤانەیەی سوپای بەعسی بووین لە کارەساتیی بۆردوومانی کیمیایی شاری هەڵەبجە کە لەم ڕووداوەدا زیاتر لە 5 هەزار مرۆڤی بێ بەرگریی و بێتاوان گیانی خۆیان بەخت کرد.

 

گوتیشی: خاڵێکی بەرچاو لە بۆردوومانکردنە کیمیاییەکانی سوپای عێراق لە دژی شار و گوندەکانی ئێران و عێراق ئەوە بوو کە زیاتری ئەو ناوچانە دانیشتوانیان کوردن و مڵهوڕی بەغداد بە ئاواتی ئەوە بوو کە تەواوی کوردەکان لەناو بەرێت نەتەوەیەک کە سپەرە بەهێز و داکۆکیکەرانی مێژووی شارستانیی گەورە و بە شکۆی ئاریایی ئەم نیشتمانەن. 

ئەوەیشی ئاشکرا کرد: شەڕی عێراق و ئێران ساڵانێک پێش ئێستا کۆتایی پێهات، بەڵام پێویستە هەوڵبدەین تا ئەوەی کە لەم ڕووداوە تۆقێنەرەدا بەسەر نەتەوەکانی دوو وڵات هات بۆ نەتەوەکەمان و بۆ کۆمەڵگای جیهانی زیاتر شیبکەینەوە و شڕۆڤەی بکەین. بێجگە لەو ڕێژە زۆرەی کە لەم جەنایەتانە ئاگادارن، زۆر کەس دەزانن کە هەڵەبجە و سەردەشت بۆردوومانی کیمیایی کراوە بەڵام لە لایەنە بەربڵاوەکانی ئەم بابەتە ئاگادارییەکی ئەوتۆیان نییە. پێویستە کە هەنگاوی ناوەندەکانی پەیوەندیدار لە هەرێمی کوردستان و کۆماری ئیسلامی ئێران و تەنانەت شارۆمەندانی هۆگر بەم بابەتەوە درێژەی پێبدرێت و هاوکارییەکانی پێویست بۆ گەیشتن بە مەبەستەکانی ئاماژە پێکراو هەلی بۆ بڕەخسێت و ڕێڤەبەری بکرێت. 

 

جێگری نوێنەرایەتیی هەرێمی کوردستان لە ئێران لە کۆتایی قسەکانیدا گوتی: خاڵێکی گرینگ و جێی بایەخ ئەوەیە بۆ داکۆکیکردن لە مافەکانی قوربانیانی کارەساتە دڵتەزێنەکانیی سەردەشت و هەڵەبجە و بۆ بەرگریی لە دووبارە بەکارهێنانی چەکە کیمیاییەکان دەبێت بە هەموو توانای خۆمانەوە پێگیری دادوەریی بۆ دۆسییەی وڵاتان، کەسایەتییەکان و ئەو کۆمپانیایانە بکەین کە چەکی لەم چەشنە کۆمەڵکوژیان ڕادەستی ڕژێمی بەعسی عێراق کردووە و یا بە بەرهەمهێنانی ئەم چەکانە لە عێراق یارمەتییان داوە. دەبێت بە لێپرسینەوە و ڕیسواکردن و ناساندنییی ئەوان بە کۆمەڵگای نێودەوڵەتیی چیتر پێشێلکردنی بەربڵاوی مافەکانی مرۆڤ و کوشتنی بەکۆمەڵی مرۆڤە بێ بەرگریی و بێتاوانەکان لە هیچ شوێنێکی ئەم جیهانە نەبینین و هەموو پێکەوە بۆ گەشەپێدانی دیموکراسی و کۆمەڵگای باژێرڤانی جیهانی، بایەخە ئەخلاقییەکان و مافەکانی مرۆڤ و بەتایبەت ئاشتیی و ئازادیی کە پەیامی بەهێزی ئایینە ئیلاهییەکان بە تایبەت دینی ڕەحمانی ئیسلام و شارستانییەتە دێرینەکەمان تێبکۆشین.

 

لە بەشێکی دیکەی ئەم بەرنامەیەدا ئیحسان هووشمەند گوتی: هیوادارم بە بەڕێوەچوونی کۆنگرەی بیست و حەوتەمین ساڵیادی کارەساتی بۆردوومانی کیمیابارانی شاری سەردەشت گرینگییەکی ئەوتۆ و کارناسانە و تەکنیکی بەم کارەساتە بدرێت کە دوای ساڵیانێکی زۆر هێشتا زامەکەی بەسەر جەستەی شاری سەردەشت و خەڵکی بەڕێزی ئەم شارەوە ماوەتەوە.  

گوتیشی: سەردەشت یەکەمین شارە لە دنیادا کە خراوەتە بەر هێرشی بۆردوومانی کیمیاوییەوە و دەبێت بەرپرسانی وڵات هەوڵبدەن کە بە شێوەی تایبەت گرینگیی پێبدەن بە پلەی یەکەم بەتایبەت هێزی ئیجرایی و سەرۆک کۆماری ئێران، دانیشتنێک لە هەیئەتی دەوڵەت سازبکەن و بە شێوەی تایبەت لایەنە جۆراوجۆرەکانی قەرەبووکردنەوەی شاری سەردەشت بخەنە دەستووری کاری خۆیانەوە.   

 

لە درێژەی بەرنامەکەدا دکتۆر "ئەسعەد ئەردەڵان" سەبارەت بە لایەنی بەرپرسیارییەتی و مافە نێودەوڵەتییەکانی دەوڵەتەکان و بە تایبەت دۆسییەی کارەساتی بۆردوومانی کیمیابارانی شاری سەردەشت هاتە ئاخاوتن و گوتی: ئەو کردەوە نامرۆڤانەیەی کە لە سەردەشتدا ڕوویدا نموونەیەکی تەواوە لە کوشتنی بەکۆمەڵ، ژینۆساید، پێشێلکردنی مافەکانی شەڕ و لەڕاستیدا سەردەشت شوێنێک بوو کە لە دەرەوەی گۆڕەپانی شەڕدا بوو، ڕژێمی بەعس بەم کارە بێجگە لەوەی کە تاوانێکی گەورەی ئەنجامدا لە لایەنی نێونەتەوەییشەوە بە ئاشکرا مافە نێودەوڵەتییەکانی پێشێل کرد.

 گوتیشی: لە لایەنی نێودەوڵەتییەوە دەبێت بە دوو شێوە قەرەبووی ئەو زەرەر و زیانەی بۆردوومانی کیمیابارانی شاری سەردەشت بکرێتەوە، یەکێکیان زەرەر و زیانی ماددی و ئەویدیکەشیان مەعنەوەییە، ئەو 10 ساڵەی کە وەکوو ڕاوێژکار لە خزمەت کۆمەڵەی داکۆکیکردن لە مافەکانی قوربانیانی کیمیابارانی سەردەشتدا بووم هەوڵماندا بە یارمەتی دەزگای شەهید، بیمە، ڕێکخراوەی بێهزیستی و وەزارەتی تەندروستی ئێران

بەشێک لە زەرەر و زیانی ماددی ئەم کارەساتە قەرەبوو بکەینەوە. بەڵام دەبێت لەبیرمان بمێنێت گەورەترین کاریگەریی کە کارەساتی بۆردوومانی کیمیابارانی شاری سەردەشت دایناوە زەرەر و زیانیی مەعنەوەییە.

 

مامۆستای زانکۆکانی تاران و توێژەر و پسپۆر لە بواری مافە نێودەوڵەتییەکان لە کۆتایی قسەکانیدا گوتی: بۆ قەرەبووکردنەوەی ئەو زەرەر و زیانە مەعنەوەییە بە پێویستیی دەزانم یا لە ڕێگای هێزی دادوەری یا لە ڕێگای کەناڵە دەوڵەتییەکانەوە و ئێستاکەش کە دکتۆر "عەلی یۆنسی" یاریدەدەری تایبەتیی سەرۆک کۆماری ئێران لێرە ئامادەن و کۆڕەکە بە سەرپەرەستیی بەڕێزیان بەڕێوەدەچێت و گرنگییەکی تایبەت بەم مەسەلانە دەکەن، بکرێت ئەم کارە لە ڕێگای مافە نێودەوڵەتییەکانەوە پێوشوێنی بگیرێت. و ئەو مافە بە شێوەیەک بگەڕێتەوە کە خەڵکانی سەردەشت و هەڵەبجە هەست بکەن کە ئەو زەربەتەی کە وێیان کەوتووە نە تەنیا لە ڕێگای ماددییەوە بەڵکوو لە لایەنی مەعنەویشەوە قەرەبوو کراوەتەوە.   

 

لە بەشێکی دیکەی ئەم کۆنگرەیەدا "عەلی یۆنسی" یاریدەدەری تایبەتیی سەرۆک کۆماری ئێران لە کارووباری نەتەوەکان و کەمینە ئایینیی و مەزهەبییەکان، گوتی: بۆردوومانی کیمیابارانی شاری سەردەشت کارەساتێکی دڵتەزێن بوو، لە شەڕی عێراق دژی ئێران، سەدام دەیویست ڕۆحییەی خۆڕاگیریی لە ئێمە بگرێت و تۆڵە لە کوردەکان بکاتەوە، چونکە سەدام ڕۆحییەکی دژە کوردی هەبوو. سەردەشت مەزڵوومە بە هۆی ئەوەی کە هەم دەستدرێژی کرایە سەری و هەمیش ئەوەی کە ئەو کاتەی کە بۆردوومان کرا لە لایەن دەزگاکانی ڕاگەیاندنەوە بایەخێکی ئەوتۆی پێنەدرا و زۆربەی گرفتەکانی ئەمڕۆی ئەم شارە بۆ ئەو کاتە دەگەڕێتەوە.

 گوتیشی: ئەوە خراپترین ڕەوشی دژە مرۆڤانەیەک بوو کە سەدام بەکاریهێنا و جێگای سەرسووڕمان ئەوەیە کە لە ئەنجامدانی ئەو تاوانە بێوێنەیەدا زۆربەی وڵاتانی عەڕەبی و بەتایبەتیش وڵاتانی ڕۆژئاوا هاوڕێی بوون. خەڵکی سەردەشت ئێستا زیندووە و سەدام لەناوچووە و لایەنگرانی ئەو بچووکترین مرۆڤەکانی ئەم دنیایەن.

 

یاریدەدەری تایبەتیی سەرۆک کۆماری ئێران لە کۆتایی قسەکانیدا گوتی: سەردەشت شارێکی سنوورییە، دەبێت دەوڵەت هەوڵبدات کە گرفتەکانی شارە سنوورییەکان کەم بکاتەوە و ئەم شارانە دەبێت لە بەرژەوەندیی سنووری کەڵکی ئەوتۆ و پێویست وەربگرن. دەبێت سەردەشت بکرێتە شارێکی گەشتیاریی و خەڵکی لە سەرتاسەری ئێرانەوە ڕووی تێبکەن و لە لایەنی گەشتیارییەوە گەشەبستێنێت. خەڵکی سەردەشت نابێت فیکر لەوە بکەنەوە کە فەرامۆش کراون، دەبێت لە لایەنی ڕۆحی و دەروونییەوە گرینگی بەم شارە بدرێت و گرینگیی بە هەستیی خەڵکی بدرێت. بۆ ڕێزگرتن لە قوربانیانی ڕاستەقینەی بۆردوومانی کیمیابارانی سەردەشت، هەندێک لە ئەندامانی بنەماڵەیان بخرێنە ژێر سەرپەرەستی و چاودێری دەوڵەتەوە تاکوو لە لایەنی ڕۆحی و دەروونییەوە ساڕێژببنەوە.     

 

لە درێژەی ئەم کۆنگرەیەدا ، "عوسمان موزەیەن" سکرتێری لێژنەی یاسایی کۆمەڵەی داکۆکیکردن لە مافەکانی قوربانیانی کیمیابارانی سەردەشت، گوتی: مەسەلەی سەردەشت ڕۆژ لەگەڵ ڕۆژ خەریکە لەبیردەچێتەوە، ئەو کاتەی کە سەردەشت بۆردوومانی کیمیایی کرا دانیشتووانی 12 تا 15ی کەس بوو، و لە بۆردوومانەکەدا 10 هەزار کەس برینداربوون واتە سەتا 80ی شارەکە، ئەم کارەساتە دڵتەزێنە ئەوکات ڕەنگدانەوەی ئەوتۆی نەبوو. ژمارەیەکی کەمی ئەم بریندارانە، لە لایەنی ڕێژەی بریندرابوونەوە خراونەتە ژێر چاودێری و ئاگاداریی دەوڵەتەوە. 

گوتیشی: زۆر جێگای داخە کاتێک کە ئێمە وێنەی ئەم بریندارانە لە پێشانگا نێودەوڵەتییەکاندا وەکوو هێمای زوڵملێکراویی خەڵکی ئاسایی ئێران لە شەڕدا نیشانی دنیای دەدەین، بەڵام ئەو کەسەی کە لە وێنەکە دایە لە مافە یاساییەکانی خۆی بێبەریی بووە. شاری سەردەشت بە هیچ شێوەیەک شوێنی ژیانی کەسانی ئاسایی نییە، چ بگاتە قوربانیانی کیمیاباران کە پێویستییان بە چاودێری تایبەتی پزیشکی هەیە و لەم شوێنە ناتوانن ژیان بەسەر بەرن.

 

پارێزەری خەڵکی سەردەشت لە کۆتایی قسەکانیدا گوتی: دوای پەسەندکردنی دەوڵەت دەبێت هەر چی زووتر کۆمیسیۆنەکان پێکبێن و ژمارەی بریندارانی بۆردوومانی کیمیابارانی شاری سەردەشت دەستنیشان بکەن و ڕێژەی قوربانیانی ئەم شارە بگاتە 5 یا 8 هەزار کەس کە وەزارەتی دەرەوەی ئێران ڕایگەیاندووە. ئەوە جوان نییە کە ئێمە دوای 27 ساڵ نەتوانین ڕێژەی قوربانیانی ئەم ڕووداوە دڵتەزێنە بناسێنین. ماوەی 4 ساڵە کە داواکاریی ئێمە وەکوو کۆمەڵەی داکۆکیکردن لە مافەکانی قوربانیانی کیمیابارانی سەردەشت ئاراستەی دادگای تایبەتی لێپرسینەوەی سەرکردە بەعسییەکان لە بەغداد ماوەتەوە و وەزارەتی دەرەوەی ئێران ئێمە وەکوو قوربانی چەکی کیمیایی پەسند ناکات، ئەگەر ئەم مەسەلەیە گرینگی پێبدرێت هەم لە لایەنی ناوخۆیی و هەمیش لە لایەنی نێودەوڵەتییەوە دەتوانین لێپرسینەوە لەو دەوڵەتە بکەین کە بۆتە هۆی ئەنجامدانی ئەم کارەساتە.

 

 

 

 

Read کد خبر: 615

هەواڵی زیاتر لە تویتەر

راپۆرتە پڕ بینەرەکان

حالت های رنگی