هەرێمی کوردستان

   هەرێمی کوردستان

فەلاح مستەفا لەگەڵ جێگری سەرۆكی پەرلەمانی ئەڵمانیای فیدراڵ كۆبووەوە

لە چوارچێوەی سەردانەكەی بۆ ئەو وڵاتانەی ئاوارەی سوریایان لە خۆگرتووە، خاتوو كڵاودیا ڕۆت جێگری سەرۆكی پەرلەمانی ئەڵمانیای فیدراڵ و شاندێكی یاوەری سەردانی هەرێمی كوردستانیان كردو ئەمڕۆ لە دیدارێكیان لەگەڵ فەلاح مستەفا بەرپرسی پەیوەندیەكانی دەرەوەی حكومەت، باسیان لە رەوشی هەنووكەیی هەرێم و بارودۆخی عیراق و ئاڵۆزیەكانی سوریاو گوزەرانی ئاوارەكان لە هەرێم كرد.

لە دیدارەكەدا كە بریتا ڤاگنەر باڵیۆزی ئەڵمانیا لە عیراق و كونسولی گشتی ئەڵمانیا لە هەرێم و خاتوو سوهام جەبەلی یاریدەدەری بەرپرسی فەرمانگە ئامادەبوون، خاتوو ڕۆت خۆشحاڵی خۆی بۆ ئەو سەردانە نیشانداو گووتی هەرچەندە پێشتر چەند جارێك سەردانی هەرێمم كردووە، بەڵام ئێستا دەبینین هەرێمی كوردستان لە پێشكەوتنی بەردەوامدایە. سەبارەت بە لە خۆ گرتنی پەنابەرانی سووریا بەڕێزیان سوپاسی گەل و حكومەتی هەرێمی كوردستانی كرد بۆ ئەو هەڵوێستە مرۆڤانەیەو هیوای خواست كۆمەڵگای نێودەوڵەتی كۆمەك و یارمەتی خێرا بگەیەننە ئاوارەكان.

فەلاح مستەفا وێڕای بەخێرهێنانی شاندی میوان پیرۆزبایی لە خاتوو كڵاودیا ڕۆس كرد كە دوای هەڵبژاردنەكان بووە جێگری سەرۆكی پەرلەمانی ئەڵمانیای فیدراڵ و سوپاسی حكومەتی ئەڵمانیای كرد كە بەبایەخەوە دەڕوانێتە بارودۆخی ئاوارەكانی سوریا. بەڕێزیان پوختەیەكی لەسەر رەوشی ئەمڕۆی هەرێمی كوردستان و سەردانی ئەم دواییەی سەرۆكی هەرێم بۆ ئەوڕوپا و دیدارو كۆبوونەوەكانی لەگەڵ سەرۆك وەزیر و گەورە بەرپرسانی ئەوروپا لە چوارچێوەی كۆنفڕانسی ئابووری جیهان لە داڤوس پێشكەش بە شاندی میوان كرد.

بەڕێزیان داوای لە جێگری سەرۆكی پەرلەمانی ئەڵمانیای فیدراڵ كرد كە رۆلی هەبێت لە بەفەرمی ناساندنی جینۆسایدی گەلی كوردستان هاوشێوەی پەڕلەمانی چەند وڵاتێك. هاوكات باسی لە بایەخی هاندانی گروپی دۆستایەتی لەگەڵ گەلی كوردستان لە پەرلەمانی ئەڵمانیاو هاوكاری و هەماهەنگی بەردەوام نێوان پەرلەمانی كوردستان و پەڕلەمانی ئەو وڵاتە كرد.

بەرپرسی پەیوەندیەكانی دەرەوەی حكومەت گووتی ئێمە بە بایەخەوە دەڕوانینە پەیوەندیەكانمان لەگەڵ ئەڵمانیای فیدڕاڵ و دەخوازین ئاستی پەیوەندیەكانی نێوان هەرێم و ئەڵمانیا و هەرێمی كوردستان و هەرێمەكانی ئەڵمانیا لە رێگەی نوێنەرایەتی حكومەتی هەرێم لە ئەڵمانیاو كونسوڵگەری گشتی ئەڵمانیا لە هەرێم و دامەزراوەكانی دیكە زیاتر بەرەو پێش بچێت.

هەر لە دیدارەكەدا باس لە ڕەوشی نالەباری پارێزگای ئەنبار و پرۆسەی سیاسی عیراق و  پەیوەندییەكانی نێوان هەولێر و بەغدا و پرۆسەی هەڵبژاردنی مانگی نیسانی داهاتووی عیراق كرا. 

 

 

 

 

 

 

 

لە پەراوێزی كۆنفڕانسی ئابووریی جیهانی لە داڤوس سەرۆكی هەرێمی كوردستان بەشداری دوو دانیشتنی ژمارەیەك بەرپرسی ناوچەیی و جیهانی دەبێت

ڕۆژی هەینی 24ـی 1ـی 2014 لە پەراوێزی كۆنفڕانسی ئابووریی جیهانی لە داڤوس و له دوایین ڕۆژی بەشداربوونی له کۆڕبه‌ندی ئابوری جیهانی بەڕێز مەسعود بارزانی سه‌رۆکی هه‌ڕیمی کوردستان لەگه‌ڵ ژماره‌یه‌ک سه‌رکرده و به‌رپرسی باڵای جیهانیدا به‌شداریی له دوو كۆبوونەوەی داخراو کرد.

له یه‌که‌م دانیشتندا، که سەرۆك بارزانی و به‌رپرسی به‌شی په‌یوه‌ندیه‌کانی ده‌ره‌وه و ئاسایش له یه‌کێتی ئه‌وروپا خاتو (کاتریەن ئا‌شتۆن) و وه‌زیری ده‌ره‌وه‌ی ئیتالیا (ئێما بێنیتو) و یاریده‌ده‌ری سکرتێری گشتیی نه‌ته‌وه یه‌کگرتووه‌کان (بارونێس ئاموس) و سکرتێری گشتیی پێشووی نه‌ته‌وه یه‌کگرتووه‌کان (کۆفی عه‌نان) و وه‌زیری ده‌ره‌وه‌ی ئێران (جه‌واد زه‌ریف) و ژماره‌یه‌کی تر له به‌رپرسانی وڵاتان ئاماده‌بوون، گفتوگۆیەكی داخراو لەبارەی گۆڕانکاریه‌کانی ئه‌م دوایه‌ی ڕۆژهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاست و باکووری ئه‌فریقیا ئەنجام درا.

لە دووه‌م دانیشتندا كە به ئاماده‌بوونی سەرۆكی هەرێمی كوردستان و وه‌زیرانی ده‌ره‌وه‌ی مسر و تورکیا و ئێران و ئۆردن و ئیتالیا و سوید، و ژماره‌یه‌کی تر له به‌رپرسانی نه‌ته‌وه‌ یه‌کگرتووه‌کان و سه‌رۆکی کۆڕبه‌ندی ئابووریی جیهانی بەڕێوەچوو، قسەكردن و ئاڵوگۆڕكردنی بیروڕاكان تایبه‌ت بوون به بارودوخی سیاسی و مرۆیی له سوریا و هەروەها ئه‌و هه‌وڵانه‌ی که بۆ گه‌یشتن به چاره‌سه‌رێکی سیاسیی قەیرانی سووریا لە ئارادان. شایانی باسە هەر هەمان ڕۆژ بەڕێز مەسعود بارزانی بەشداری پانێلێكی سیاسیی تایبەت بوو لە كۆنفڕانسی ئابووریی جیهانی لەبارەی بارودۆخی سووریا و ڕێكەوتنە سەرەتاییەكەی نێوان ئێران و وڵاتانی 5 كۆ یەك لەمەڕ دۆسیەی ئەتۆمیی ئێران.

 

 

 

 

نێچیرڤان بارزانى پێشوازى له‌ جێگرى سه‌رۆكى په‌رله‌مانى ئه‌ڵمانیاى فیدرال كرد

 ئێواره‌ى ئه‌مڕۆ شه‌ممه‌ 25ى یه‌نایه‌رى 2014، نێچیرڤان بارزانى سه‌رۆك وه‌زیرانى هه‌رێمى كوردستان؛ پێشوازى له‌ خاتوو كڵاودیا ڕۆس جێگرى سه‌رۆكى  په‌رله‌مانى ئه‌ڵمانیاى فیدرال و شاندێكى یاوه‌رى كرد كه‌ له‌ باڵیۆزى ئه‌ڵمانیا له‌ عیراق و كونسولى گشتیى ئه‌ڵمانیا له‌ هه‌ولێر و ژماره‌یه‌ك به‌رپرسى دیكه‌ پێكهاتبوو.


له‌ دیداره‌كه‌دا خاتوو ڕۆس تیشكى خسته‌ سه‌ر مه‌به‌ستى سه‌ردانه‌كه‌یان بۆ هه‌رێمى كوردستان له‌ به‌سه‌ركردنه‌وه‌ى كه‌مپه‌كانى په‌نابه‌رانى سووریا و له‌نزیكه‌وه‌ بینینى ڕه‌وشیان و هه‌وڵدان بۆ پێشكه‌شكردنى هاریكاریى زیاتر به‌ په‌نابه‌ران. هه‌ر له‌مباره‌یه‌وه‌ ستایشى ڕۆڵى حكوومه‌تى هه‌رێمى كوردستانى له‌ به‌هاناوه‌چوون و حه‌واندنه‌وه‌ و یارمه‌تیدانى په‌نابه‌ران كرد.


لاى خۆیه‌وه‌ سه‌رۆك وه‌زیران ڕوونى كرده‌وه‌ كه‌ حكوومه‌تى هه‌رێمى كوردستان ئه‌وه‌ى له‌ توانایدا بێت بۆ یارمه‌تیدانى په‌نابه‌ران پێشكه‌شى كردووه‌، به‌ڵام بێگومان پێویستیان به‌ یارمه‌تیدان و هاوكاریى زیاتر هه‌یه‌، بۆیه‌ داواى له‌ عیراق و كۆمه‌ڵگه‌ى نێوده‌وڵه‌تیش كرد كه‌ ئاوڕى زیاتر له‌ په‌نابه‌ران بده‌نه‌وه‌ و له‌ هه‌موو ڕوویه‌كه‌وه‌ هاوكارییان بكه‌ن، به‌تایبه‌تیش كه‌ پێشبینیى زیاتربوونى ژماره‌ى په‌نابه‌ران ده‌كرێت. هه‌روه‌ها بیرۆكه‌ى كردنه‌وه‌ى كه‌مپى په‌نابه‌ران و حه‌واندنه‌وه‌یان له‌ ناوخۆى سنوورى سووریا گفتوگۆى له‌باره‌وه‌ كرا.


هه‌ر له‌ دیداره‌كه‌دا باس له‌ ڕه‌وش و پێشهاته‌كانى سووریا كاریگه‌رییه‌كانى له‌سه‌ر وڵاتانى ده‌وروبه‌ر كرا و هه‌ردوولا له‌سه‌ر پێویستیى دۆزینه‌وه‌ى ڕێگه‌چاره‌یه‌كى ئاشتیانه‌ بۆ ئارامكردنه‌وه‌ى ڕه‌وشه‌كه‌ و ڕاوه‌ستانى شه‌ر و كوشتار ئاڵۆزییه‌كان و كه‌مكردنه‌وه‌ى مه‌ینه‌تییه‌ مرۆییه‌كانى خه‌ڵكى سووریا كۆك بوون.


پێشهاته‌ ئه‌منییه‌كان و پرۆسه‌ى سیاسى له‌ عیراق به‌گشتى و به‌تایبه‌تیش ڕه‌وشى ئاڵۆزى ناوچه‌كانى خۆراواى عیراق و پارێزگاى ئه‌نبار، په‌یوه‌ندییه‌كانى هه‌ولێر و به‌غدا و به‌رده‌وامیى هه‌وڵه‌كان بۆ چاره‌سه‌ركردنى كێشه‌كان، په‌یوه‌ندییه‌كانى هه‌رێمى كوردستان و وڵاتانى دراوسێ، بره‌ودانى زیاتر به‌ په‌یوه‌ندییه‌كانى هه‌رێمى كوردستان و ئه‌ڵمانیا و به‌تایبه‌تیش له‌و بوارانه‌دا كه‌ بۆ هه‌رێمى كوردستان پێویستن، به‌شێكى دیكه‌ى دیدارى سه‌رۆك وه‌زیرانى هه‌رێمى كوردستان و جێگرى سه‌رۆكى په‌رله‌مانى فیدرالى ئه‌ڵمانیا بوون.

 

 

 

 

 

 

 

سه‌رۆكی هه‌رێمی كوردستان و وه‌زیری ده‌ره‌وه‌ی فەڕانسا له‌ داڤوس كۆبوونه‌وه

لە ڕۆژی هەینی 24ـی 1ـی 2014 له‌ په‌راوێزی كۆڕبه‌ندی ئابووریی جیهانی له‌ داڤۆس به‌ڕێز مسعود بارزانی سه‌رۆكی هه‌رێمی كوردستان و شاندی یاوەری له‌گه‌ڵ "لۆرانت فەبیۆس" وه‌زیری ده‌ره‌وه‌ی فەڕانسا كۆبۆیەوه‌.

لەم‌ كۆبوونه‌وه‌یەدا، په‌یوه‌ندییەكانی نێوان هه‌رێمی كوردستان و فەڕانسا و دواپه‌ره‌سه‌ندنه‌كانی بارودۆخی سیاسی عێراق و ھەڵبژاردنەكانی داھاتووی عێراق خرانە بەر باس.

لە سەرەتای كۆبونەوەكە وەزیری دەرەوەی فەڕانسا سڵاوی "فرانسووا ھۆلاند"ـی سەرۆكی فەڕانسای بە سەرۆك بارزانی گەیاند و ھەروا خۆشجاڵیی خۆیشی دەربڕی بۆ بەرزبوونەوەی ئاستی پەیوەندیەكانی سیاسی و ئابووری و فەرھەنگیی نێوان هەردوو وڵات.

لە بەرانبەردا سەرۆكی ھەرێمی كوردستان خۆشحاڵیی خۆی بۆ ئەم دیدارە دەربڕی و سڵاو و ڕێزی خۆی بۆ سەرۆكی فەڕانسا بە وەزیری دەرەوەی ئەم وڵاتە ڕاگەیاند و بانگهێشتی وەزیری دەرەوەی فەڕانسایشی كرد كرد كە سەردانی ھەرێمی كوردستان بكات. سەرۆك بارزانی سووربوونی هەرێمی كوردستانی بۆ بەرەوپێشبردنی پەیوەندیەكانی نێوان فەڕانسا و هەرێمی كوردستان دووپاتكردەوە. لەم دیدارەدا وەزیری دەرەوەی فەڕەنسا ڕایگەیاند كە وڵاتەكەی بانگهێشتنامەیەكی كراوەی بۆ سەرۆك بارزانی هەیە.

ڕەوشی ئاساییش و پڕۆسەی دیموكراسی لە عێراق و بارودۆخی سووریا و، ڕۆڵی كورد لە دواڕۆژی سووریا و كۆنفڕانسی جێنێڤ 2 تەوەرەكی دیكەی ئەم كۆبوونەوەیە بوون.
 

 

 

 

 

سەرۆكی هەرێمی كوردستان لەگەڵ عەمر مووسا و جۆن مەككین كۆبۆیەوە

 ڕۆژی پێنجشەممە 23ـی 1ـی 2014 لە پەراوێزی كۆڕبەندی ئابووریی جیهانی لە داڤوس بەڕێز مەسعود بازانی سەرۆكی هەرێمی كوردستان لەگەڵ عەمر مووسا سەرۆكی پێشووی كۆمكاری عەرەبی كۆبۆیەوە. لەم كۆبوونەوەیەدا بارودۆخی سیاسیی ناوچەكە و كەشوهەوای سیاسیی وڵاتی مسر و دوا پێشهاتە سیاسییەكانی عێراق تاوتوێ كران.

ھەر ھەمان رۆژ سەرۆكی ھەرێمی كوردستان لە گەل سێناتۆری ئەمەریكایی جۆن ماككەین كۆبۆیەوە.

لە كۆبونەوەدا باسی ڕەوشی ئەمنی لە عێراق و بە تایبەتی پارێزگای ئەنبار و پەیوەندیی نێوان هەولێر و بەغدا كرا و پەیوەندییەكانی نێوان هەرێمی كوردستان ویلایەتە یەكگرتووەكانی ئەمەریكاش خرانە بەر باس و گفتوگۆ.

 

 

 

 

سەرۆكی هەرێمی كوردستان لەگەڵ سەرۆكی كۆمپانیای ئێكسۆن مۆبیل و جێگری سەرۆكی كۆمپانیای شەڤرۆن كۆبۆیەوە

 ڕۆژی پێنجشەممە 23ـی 1ـی 2014 لە پەراوێزی كۆڕبەندی ئابووریی جیهانی لە داڤوس بەڕێز مەسعود بارزانی سەرۆكی ھەرێمی كوردستان و شاندی یاوەری بە جیا لەگەڵ هەر یەك لە "رێكس تیلەرسۆن" سەرۆكی كۆمپانیای ئێكسۆن مۆبیل ھەروا و گەڵ "جەی پڕایەر" جێگری سەرۆكی كۆمپانیای شەڤرۆن كۆبوونەوە.

لەم دوو دیدارەدا كه‌ هه‌ریه‌ك له‌ به‌ڕێزان فوئاد حوسێن سه‌رۆكی دیوانی سه‌رۆكایه‌تی هه‌رێمی كوردستان و ئاشتی هه‌ورامی وه‌زیری سامانه‌ سرووشتییه‌كان و فه‌لاح مسته‌فا به‌رپرسی فه‌رمانگه‌ی په‌یوه‌ندییه‌كانی ده‌ره‌وه‌ی حكوومه‌تی هه‌رێمی كوردستان ئامادەیبوون ,هەر دوو كۆمپانیا سوپاسی ھاوكاری حكوومەتی ھەرێمی كوردستانیان كرد و پوخەتەیەكیشیان لە كار و چالاكییەكانی هەر دوو كۆمپانیا لە ھەرێمی كوردستان بۆ سەرۆك بارزانی باس كرد.

لای خۆیەوە سەرۆك بارزانی سوپاسی كار و چالاكییەكانی ئەو دوو كۆمپانیا جیهانییەی كرد و جەختیشی لە پاڵپشتیی بەردەوامی حكوومەتی هەرێمی كوردستان بۆ كارەكانی ئەوان كرد لە هەرێمی كوردستاندا. 

 

 

 

پەڕەى 331 لەکۆى 342 پەڕەدا
شیوه نمایشی سایت:
  • Font size:
  • Decrease
  • Reset
  • Increase