ڕۆژی دووشەممە 25ـی 4ـی 2016 لە سەلاحەدین بەڕێز مەسعود بارزانی سەرۆكی هەرێمی كوردستان پێشوازی لە میشێل دیزێر باڵیۆزی تازەی وڵاتی نەمسا بۆ عێراق و ئۆردون كرد.


لە دیدارەكەدا باڵیۆزی تازەی وڵاتی نەمسا بۆ عێراق و ئۆردون سوپاسی سەرۆك بارزانی كرد بۆ ڕەخساندنی دیدارەكە و ڕایگەیاند كە سڵاوی گەل و حكوومەتی نەمسای بۆ گەلی كوردستان و سەرۆك بارزانی هێناوە و هاتووە بۆ ئەوەی كار بۆ قووڵتركردنی پەیوەندییەكان بكات و بزانێ كە چۆن وڵاتەكەی بتوانێ زیاتر هاوكاریی گەلی كوردستان بكات. هەروەها ئەوەیشی بۆ سەرۆك بارزانی خستەڕوو كە گەلی نەمسا سۆزێكی زۆری بۆ گەلی كوردستان هەیە و ئاگاداری گیانفیدایی پێشمەرگە و خۆڕاگریی خەڵكی كوردستانن لەبەرانبەر تەحەدیاتەكاندا، پێزانینیشی هەبوو بۆ میوانداریی و دڵفراوانیی گەلی كوردستان كە بوونەتە پەناگەی سەدانهەزار ئاوارە و لێقەوماو.

لەبەرانبەردا سەرۆك بارزانی هیوای سەركەوتنی بۆ باڵیۆزی تازەی نەمسا لە عێراق و ئۆردون خواست و وێڕای ئاماژەپێدان بە پەیوەندییە مێژووییەكانی كوردستان و نەمسا ستاییشی گەلی نەمسای كرد كە دۆست و پشتیوانی گەلی كوردستانن و پێشوازیشی كرد لە قووڵتربوونی پەیوەندییەكانی نێوان هەردوولا. سەرۆك بارزانی لە درێژەی گوتەكانیدا باسی لە شەڕی داعش و ئەو تەحەدیاتانە كرد كە ڕووبەڕووی گەلی كوردستان بوونەتەوە. پەیوەست بە شەڕی داعش و تیرۆر سەرۆك بارزانی جەختی لەوە كردەوە كە شەڕی داعش پێویستی بە هەماهەنگی و هاوكاریی جدیی كۆمەڵگەی نێودەوڵەتییە و شكستدانی داعشیش تەنیا ڕەهەندی سەربازی نییە بەڵكو پێویستە لەڕووی فكری و ئابووری و سیاسیشەوە داعش و تیرۆر تێكبشكێندرێت.

هەر لەم دیدارەدا باس لە ئامادەكارییەكان بۆ ئازادكردنی موسڵ و پەیوەندییەكانی نێوان بەغدا و هەرێم و ئاییندەی گەلی كوردستان كرا و بیروڕا لەبارەی دوا پێشهاتە سیاسییەكانی توركیا و سووریا ئاڵوگۆڕ كرا.

 

 

 

 

 

 

 

 

 

 

ڕۆژی دووشەممە 4ـی 4ـی 2016 لە سەلاحەدین بەڕێز مەسعود بارزانی سەرۆكی هەرێمی كوردستان پێشوازی لە ڕیاز حجاب سەرۆكی دەستەی باڵای دانوساندنەكانی ئۆپۆزیسیۆنی سووریا كرد.


لە دیدارەكەدا بیروڕا لەبارەی بارودۆخی سیاسی و دواپێشهاتەكانی سووریا و هەروەها گفتوگۆ و دانوساندنەكانی جێنێڤ لەمەڕ چارەسەركردنی قەیرانی سووریا ئاڵوگۆڕ كرا.

هەر لەم دیدارەدا سەرۆك بارزانی هیوای ئەوەی خواست كە دانوساندنەكانی جێنێڤ بە خێر و لە بەرژەوەندیی خەڵكی سووریا بگاتە ئەنجام و پشتیوانیی خۆیشی دەربڕی بۆ هەر هەوڵێك كە ببێتە هۆی كۆتاییهێنان بە ئێش و ئازارەكانی گەلی سووریا.

 

 

 

 

ڕۆژی پێنجشەممە 28ـی 1ـی 2016 لە سەلاحەدین بەڕێز مەسعود بارزانی سەرۆكی هەرێمی كوردستان پێشوازی لە ئیبراهیم برۆ سەرۆكی ئەنجوومەنی نیشتیمانیی كورد لە سووریا كرد.

لە دیدارەكەدا بیروڕا لەبارەی بارودۆخی سیاسی و ئەمنی و دوا پێشهاتە مەیدانییەكانی سووریا ئاڵوگۆڕ كرا. هەروەها تیشك خرایە سەر چالاكی سیاسی و گفتوگۆ و دانوساندنەكانی ئەنجوومەنی نیشتیمانی سووریا لەگەڵ هێزە و لایەنەكانی تری ئەو وڵاتە.

باسكردنی دوا گۆڕانكارییە سیاسییەكان و كۆنگرەی جێنێڤ و ئاییندەی سووریا چەند تەوەرێكی دیكەی كۆبوونەوەی نێوان سەرۆك بارزانی و سەرۆكی ئەنجوومەنی نیشتیمانیی كورد لە سووریا بوون.

 

ڕۆژی چوارشەممە 20ـی 1ـی 2016 لە سەلاحەدین بەڕێز مەسعود بارزانی سەرۆكی هەرێمی كوردستان پێشوازی لە ئەحمەد عاسی ئەلجەربا سەرۆكی پێشووی ئیئتیلافی نیشتیمانیی سووریا و شاندێكی یاوەری كرد.


لە دیدارەكەدا بارودۆخی سیاسی و ئەمنیی ناوچەكە و هەڕەشەی تیرۆر لە عێراق و سووریا و دوایین پێشهاتە سیاسی و سەربازییەكان لە سووریا تاوتوێ كرا. لە بەشێكی دیكەی ئەو كۆبوونەوەیەدا پێشڤەچوونی دانوساندنی نێوان ئۆپۆزیسیۆنی سووریا و حكوومەت و هەروەها ئاییندەی سووریا و كۆنفڕانسی جنێڤ خرایە بەر باس و گفتوگۆ.

هەر لەم كۆبوونەوەیەدا شاندی میوان پێزانینیان بۆ خۆڕاگری و قوربانیدانی هێزی پێشمەرگە و هەرێمی كوردستان هەبوو كە لە هێڵی یەكەمی شەڕی تیرۆر دایە و ئامادەیی خۆیشیان بۆ هەموو جۆرە هەماهەنگییەك لەگەڵ هەرێمی كوردستان نیشاندا لە ڕووبەڕووبوونەوەی تیرۆریستان.

 

 

 

 

 

لە بەرواری ٢٣ی نۆڤەمبەری ٢٠١٥ تاوەکو ئێستا بۆ چەندین جار گەشتە ئاسمانییەکانی هه‌ردوو فڕۆكه‌خانه‌ی نێوده‌وڵه‌تیی هه‌ولێر و سلێمانی به بیانووى بۆردومانی مووشەکیی ڕووسیا بۆ سەر پێگەی تیرۆریستانی داعش لە سووریا، لە لایەن دەسەڵا‌تی فڕۆکەوانی مەدەنی عێراقییەوە ڕاگیراون.

 

ئێمە پشتگیریی هەموو ئۆپەراسیۆنێک دەکەین کە دژى تیرۆرستانى داعش ئەنجام بدرێت، بەڵام ئەمە نابێ ببێتە هۆى ڕاگرتنی گەشتە ئاسمانییەكانی هەردوو فڕۆكەخانەی هەولێر و سلێمانی. دیارە ڕاگرتنی گەشتە ئاسمانییەکان بەبێ ڕاوێژ لە گەڵ حکوومەتی هەرێمی کوردستان و حكوومەتی عێراقی فیدرال، سەرەڕای دروستکردنى کێشە بۆ هاووڵاتیانى هەرێم و گەشتیاران، زیانی ماددیی گەورەى هەیە بۆ هەردوو فرۆکەخانەكە و کەرتى ئابوورى و بازرگانى لە هەرێم بە گشتی.

 

سەرۆکایەتیی ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێمى كوردستان نیگەرانە لەم جۆرە کردارانە و بە فەرمی داوا لە حکوومەتی ڕووسیای فیدراڵ دەکات هەماهەنگیی زیاتر لەگەڵ حکوومەتى عێراقی فیدڕاڵ و حکوومەتی هەرێمی کوردستان بکات، هەروەها بۆ ئاراستەکردنى مووشەکەکانى بە زووترین کات کار بۆ دۆزینەوەی جێگرەوەیەکی دیکە بکات لە بری بەکارهێنانى ئاسمانى هەرێمى کوردستان.

 

لە کاتێکدا بەهۆى جەنگ دژى تیرۆرستانى داعش و بڕینى بەشە بودجەی هەرێمى کوردستان لەلایەن بەغداوە و دابەزینى نرخی نەوت لە بازاڕەکانی جیهاندا، هەرێمى کوردستان تووشی قەیرانێکی دارایی بووە، ڕاگرتنى گەشتە ئاسمانییەکان قەیرانێکى دیکە بۆ هەرێم دروست دەکات و ئەگەری قەرەبووکردنەوەی زیانەکانیش لە لایەن حکوومەتی فیدراڵی عیراقەوە ئەستەمە.

 

 

سەرۆکایەتیی ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستان

ماوەیەكی زۆرە شاری عفرین، لەلایەن ڕێكخستنە توندڕۆیەكانی وەك بەرەی نوسرە و ئەوانی تر، تووشی گەمارۆیەكی ئابووری و سەربازیی توند و بەرفراوان بووە. هەفتەیەكە ئەم گەمارۆیە توندتر بووە و بەوەشەوە نەوەستاون و دەستیان كردووە بە تۆپبارانی گوند و شارۆچكەكانی دەوروبەری عفرین. ئەمە لەكاتێكدایە كە كۆمەڵگەی نێودەوڵەتی سەرقاڵی دۆزینەوەی رێگە چارەیەكە بۆ قەیرانی سووریا و ڕاگرتنی كوشتوبڕ لەو وڵاتە.

ئێمە لە سەرۆکایەتیی هەرێمی کوردستان زۆر بە توندی ئیدانەی ئەم كارە قێزەوەن و نامرۆڤانەیە دەكەین كە دەرهەق بە خوشك و برایانمان لە عفرین دەكرێت، لەهەمان كاتدا نەبوونی خۆراك و دەرمان نیگەرانییەكانی ئێمەی زیاتر كردووە كە هەڕەشەی جدی دەخاتە سەر ژیان و گوزەرانی دانیشتوانی عفرین. بۆیە داوا لە كۆمەڵگەی نێودەوڵەتی و لایەنە پەیوەندیدارەكان دەكەین لەئاست بەرپرسیارەتییەكانیاندا بن بەرانبەر شاری خۆڕاگری عفرین و بە جدێ هەوڵی لابردنی ئەو گەمارۆیە بدەن. هەروەها داوا لە ڕێكخراوە خێرخوازییە نێودەوڵەتییەكان دەكەین كار بكەن بۆ گەیاندنی پێداویستییە سەرەكییەكانی ژیان و كردنەوەی ڕێڕەوێكی مرۆیی لەپێناو بەهاناوەچوونی دانیشتوانی ناوچەكە.

بە خوشك و برایانی خۆڕاگرمان لە شاری عفرین و دەوروبەری ڕادەگەیەنین كە ئێمە لەگەڵ ئێش و ئازارەكانتانداین و ئەوەی لەدەستیشمان بێت بۆ هاوكاریكردنتان درێغی ناكەین.



سەرۆكایەتیی هەرێمی كوردستان

7/12/2015

ڕۆژی شەممە 5ـی 12ـی 2015 لە سەلاحەدین بەڕێز مەسعود بارزانی سەرۆكی هەرێمی كوردستان پێشوازی لە شاندی ئیئتیلافی نیشتیمانیی سووریا كرد كە پێكهاتبوو لە خالد خوجە سەرۆكی ئیئتیلاف و عەبدولباست سەیدا و عەبدولئەحەد ئستیفۆ ئەندامانی ئیئتیلافی نیشتیمانیی سووریا.

لە دیدارەكەدا باس لە هەڕەشەكانی تیرۆر و بارودۆخی مەیدانیی بەرەكانی ڕووبەڕووبوونەوەی تیرۆریستان لە سووریا و عێراق كرا و شاندی میوان خۆشحاڵیی خۆیان بۆ سەركەوتنەكانی هێزی پێشمەرگەی كوردستان لەبەرانبەر تیرۆریستان و ئازادكردنی شنگال نیشاندا و ڕۆڵی سەرۆك بارزانیان لە شەڕی تیرۆر و پەرۆشیان بۆ چارەسەربوونی قەیرانی سووریا بەرز نرخاند. لە بەشێكی دیكەی كۆبوونەوەكە بارودۆخی سیاسی و ئەمنیی سووریا و دواپێشهات و گۆڕانكارییە هەرێمایەتی و دەولییەكان و كاریگەرییان لەسەر دواڕۆژی ناوچەكە و سووریا خرایە بەر باس و گفتوگۆ.

گۆڕینەوەی بیروڕا لەبارەی ئاییندەی سووریا و تەحەدیاتی بەردەم چارەسەرەكانی قەیرانی سووریا تەوەرێكی دیكەی كۆبوونەوەكە بوو.

ڕۆژی چوارشەممە 25ـی 11ـی 2015 لە سەلاحەدین بەڕێز مەسعود بارزانی سەرۆكی هەرێمی كوردستان پێشوازی لە شاندی لیژنەی پەیوەندییەكانی دەرەوەی ئەنجوومەنی كوردی سووریا كرد.

لە دیدارەكەدا ئەندامانی لیژنەی پەیوەندییەكانی دەرەوەی ئەنجوومەنی كوردی سووریا پیرۆزبایی سەركەوتنەكانی پێشمەرگە و ئازادكردنی شنگالیان لە سەرۆك بارزانی كرد و پێزانینیان بۆ قارەمانێتی و قوربانیدانی هێزی پێشمەرگەی كوردستان هەبوو. شاندی میوان سوپاسی خەمخۆری و بەدەنگەوەهاتنی سەرۆك بارزانیان بۆ دۆزی ڕەوای كورد لە ڕۆژئاوای كوردستان كرد و داوایان كرد كە لە نێوەندە نێودەوڵەتییەكانیش پاڵپشت و پشتیوانی دۆزی كوردی ڕۆژئاوای كوردستان بێت. لە بەشێكی دیكەی كۆبوونەوەكەدا هەروەها سەرۆك بارزانیان لە بارودۆخی ڕۆژئاوای كوردستان و دوا پێشهاتە سیاسی و ئەمنییەكانی سووریا ئاگادار كردەوە.

لەبەرانبەردا سەرۆك بارزانی سوپاسی شاندی میوانی كرد و باسی لە وردەكارییەكان و بایەخی ئۆپڕاسیۆنی ئازادكردنی شنگال كرد و پێزانینیشی هەبوو بۆ ڕۆڵ و قارەمانێتیی پێشمەرگەكانی ڕۆژئاوا لە شەڕی دژی تیرۆریستانی داعش. هەروەها ئەوەیشی بە شاندی میوان ڕاگەیاند كە ئەوەی لە دەستی هاتبێت بۆ یارمەتیدانی دۆزی ڕەوای كورد لە ڕۆژئاوای كوردستان ئەنجامی داوە و لە داهاتووشدا هەروەك پێشوو بەردەوام دەبێت لە پشتگیریكردنی ڕۆژئاوای كوردستان.

هەر لە كۆبوونەوەیەدا باس لە بارودۆخی سیاسی ناوچەكە و دواڕۆژی سووریا و ڕێگەچارەكانی چارەسەركردنی قەیرانی سووریا كرا، كە تێیدا ڕەچاوی ماف و داواكارییەكانی هەموو پێكهاتەكان لە چوارچێوەی سیستێمێكی دیموكراتی و فیدڕاڵی كرابێت.

هەواڵی زیاتر لە تویتەر

راپۆرتە پڕ بینەرەکان

حالت های رنگی