لە چوارچێوەی سەردانەكەی بۆ ئەو وڵاتانەی ئاوارەی سوریایان لە خۆگرتووە، خاتوو كڵاودیا ڕۆت جێگری سەرۆكی پەرلەمانی ئەڵمانیای فیدراڵ و شاندێكی یاوەری سەردانی هەرێمی كوردستانیان كردو ئەمڕۆ لە دیدارێكیان لەگەڵ فەلاح مستەفا بەرپرسی پەیوەندیەكانی دەرەوەی حكومەت، باسیان لە رەوشی هەنووكەیی هەرێم و بارودۆخی عیراق و ئاڵۆزیەكانی سوریاو گوزەرانی ئاوارەكان لە هەرێم كرد.
لە دیدارەكەدا كە بریتا ڤاگنەر باڵیۆزی ئەڵمانیا لە عیراق و كونسولی گشتی ئەڵمانیا لە هەرێم و خاتوو سوهام جەبەلی یاریدەدەری بەرپرسی فەرمانگە ئامادەبوون، خاتوو ڕۆت خۆشحاڵی خۆی بۆ ئەو سەردانە نیشانداو گووتی هەرچەندە پێشتر چەند جارێك سەردانی هەرێمم كردووە، بەڵام ئێستا دەبینین هەرێمی كوردستان لە پێشكەوتنی بەردەوامدایە. سەبارەت بە لە خۆ گرتنی پەنابەرانی سووریا بەڕێزیان سوپاسی گەل و حكومەتی هەرێمی كوردستانی كرد بۆ ئەو هەڵوێستە مرۆڤانەیەو هیوای خواست كۆمەڵگای نێودەوڵەتی كۆمەك و یارمەتی خێرا بگەیەننە ئاوارەكان.
فەلاح مستەفا وێڕای بەخێرهێنانی شاندی میوان پیرۆزبایی لە خاتوو كڵاودیا ڕۆس كرد كە دوای هەڵبژاردنەكان بووە جێگری سەرۆكی پەرلەمانی ئەڵمانیای فیدراڵ و سوپاسی حكومەتی ئەڵمانیای كرد كە بەبایەخەوە دەڕوانێتە بارودۆخی ئاوارەكانی سوریا. بەڕێزیان پوختەیەكی لەسەر رەوشی ئەمڕۆی هەرێمی كوردستان و سەردانی ئەم دواییەی سەرۆكی هەرێم بۆ ئەوڕوپا و دیدارو كۆبوونەوەكانی لەگەڵ سەرۆك وەزیر و گەورە بەرپرسانی ئەوروپا لە چوارچێوەی كۆنفڕانسی ئابووری جیهان لە داڤوس پێشكەش بە شاندی میوان كرد.
بەڕێزیان داوای لە جێگری سەرۆكی پەرلەمانی ئەڵمانیای فیدراڵ كرد كە رۆلی هەبێت لە بەفەرمی ناساندنی جینۆسایدی گەلی كوردستان هاوشێوەی پەڕلەمانی چەند وڵاتێك. هاوكات باسی لە بایەخی هاندانی گروپی دۆستایەتی لەگەڵ گەلی كوردستان لە پەرلەمانی ئەڵمانیاو هاوكاری و هەماهەنگی بەردەوام نێوان پەرلەمانی كوردستان و پەڕلەمانی ئەو وڵاتە كرد.
بەرپرسی پەیوەندیەكانی دەرەوەی حكومەت گووتی ئێمە بە بایەخەوە دەڕوانینە پەیوەندیەكانمان لەگەڵ ئەڵمانیای فیدڕاڵ و دەخوازین ئاستی پەیوەندیەكانی نێوان هەرێم و ئەڵمانیا و هەرێمی كوردستان و هەرێمەكانی ئەڵمانیا لە رێگەی نوێنەرایەتی حكومەتی هەرێم لە ئەڵمانیاو كونسوڵگەری گشتی ئەڵمانیا لە هەرێم و دامەزراوەكانی دیكە زیاتر بەرەو پێش بچێت.
هەر لە دیدارەكەدا باس لە ڕەوشی نالەباری پارێزگای ئەنبار و پرۆسەی سیاسی عیراق و پەیوەندییەكانی نێوان هەولێر و بەغدا و پرۆسەی هەڵبژاردنی مانگی نیسانی داهاتووی عیراق كرا.