هەرێمی کوردستان

   هەرێمی کوردستان

سەرۆکی پەرلەمانی کوردستان و سەرۆکی پەرلەمانی سوید کۆبوونەوە سەرۆکی پەرلەمانی سوید: ئێمە خۆمان بە دۆستی نزیکی ئێوە دەزانین

ئۆربان ئالین سەرۆکی پەرلەمانی سوید، لە کاتی پێشوازیکردن لە د.یوسف محەمەد سادق سەرۆکی پەرلەمان و سەرۆکی فراکسیۆنەکانی پەرلەمانی کوردستان وتی؛ "بەخێربێن بۆ سوید، ئێمە خۆمان بە دۆستێکی نزیکی ئێوە دەزانین، هەمو فراکسیۆنە جیاوازەکانی پەرلەمانی سوید، کۆ دەنگن کە حکومەتی سوید هاوکاری و پشتیوانی هەرێمی کوردستان بکات، خۆشبەختانە ئێستا پەیوەندییەکانی نێوان سوید و هەرێمی کوردستان لە ئاستێکی بەرزدایە. "

د.یوسف محەمەد سادق، سەرۆکی پەرلەمانی کوردستان، بەناوی خۆی پەرلەمانی کوردستانەوە سوپاسی سەرۆکی پەرلەمانی سویدی کرد و وتی "هاتنمان بۆ پەرلەمانی سوید بۆ پتەوکردنی پەیوەندی نێوانمانە، داواکارین لە سێ بواری گرنگدا هاوکارمانبن، ئەوانیش چارەسەرکردنی پێشمەرگە بریندارەکانی شەڕی داعش، بەداخەوە ئێستا پیشمەرگە لە بری دونیا شەڕی تیرۆرستان دەکات، بەڵام حکومەتی عێراق پابەند نییە بە ڕێکەوتنەکەی لەگەڵ هەرێم کە هاوکاری پێشمەرگە بکات، کردنەوەی کەمپ بۆ ئاوارەکان، وەبەرهێنانی کۆمپانیا سویدییەکان لە هەرێمی کوردستان بەرزبکەنەوە، لە بەشێکی تری وتەکانیدا سەرۆکی پەرلەمان وتی "ئێستا هەرێمی کوردستان لەشەڕێکی بەرفراواندایە لەگەڵ تیرۆرستان، هیوادارین سوید و وڵاتانی تری ئەوروپا لەو مەترسییە گەورەیەی تیرۆر بگەن، چونکە تیرۆر سنووری نییە و تیرۆرستان لە کوێ دەرفەتییان هەبێت ئاسایش دەخەنە مەترسییەوە.
سەرۆکی پەرلەمانی سوید، سوپاسی زانیارییەکانی سەرۆکی پەرلەمانی کوردستانی کرد و ئاماژەی بەوەدا لە ئایندەیەکی نزیکدا شاندێکی پەرلەمانی سوید سەردانی هەرێمی کوردستان دەکات و لە نزیکەوە چاودێری ڕووداوەکان دەکات و  پەیوەندییەکانمان و هاوکاری سوید بۆ کوردستان هەنگاوی گەورە بە خۆوە دەبینێت، بەتایبەتیش لە ڕووی مرۆیی و فریاگوزارییەوە.
 
 

 

 

 

 

پێشوازی له‌بەڕێوبەری بەرنامەکانی ڕێکخراوی (NDI) كرد سەرۆکی پەرلەمان: پەیڕەوی ناوخۆی پەرلەمان هەمواردەکەینەوە

د.یوسف محەمەد سادق، سەرۆکی پەرلەمانی کوردستان، وتی" لەئێستادا لەپەرلەمان سەرقاڵی هەمواری پەیڕەوی ناوخۆی پەرلەمانین و دەمانەوێت پەیڕەوێکی نوێ دابنێین لەگەڵ کاری پەرلەمانی ئەم قۆناغە نوێیەماندا بگونجێت، بۆ ئەم مەبەستەش لیژنەیەکی تایبەتمەندی پەرلەمانی لەو بوارەدا کار دەکەن" وتیتشی "بۆ ئه‌نجامدانی ئه‌م پرۆسه‌یه‌ پێویستمان بە ئەزموونی دەوڵەمەندی پەرلەمانی وڵاتانی پێشکەوتوو هەیە".
ئەم وتانەی د.یوسف محەمەد سادق، سەرۆکی پەرلەمانی کوردستان، لەمیانی پێشوازیکردن بوو لە (لسلی کمبڵ) بەڕێوبەری بەرنامەکانی ڕۆژهەڵاتی ناوەراست و ئەفەریقای ڕێکخراوی نێودەوڵەتی (NDI) ئەمەریکی، کە ئەمڕۆ سێشەممە ٢٤-٢ سەردانی پەرلەمانی کوردستانی کرد و لەلایەن سەرۆکی پەرلەمانەوە پێشوازیکرا.
لەبەشێکی تری وتەکانیدا، سەرۆکی پەرلەمان باسێکی گشتی ڕەوشی سیاسی و ئابوری هه‌رێمی کوردستان و ڕۆڵ و کاری پەرلەمانی لەروداوه‌كانی هەرێمی کوردستاندا بۆ بەڕێوبەری بەرنامەکانی ڕێکخراوی (NDI) ئەمەریکی خستەڕوو، داوای لێکردن ڕیکخراوەکەیان بە هەماهەنگی سەنتەری توێژینەوەی پەرلەمان لە پرسە جیاوازەکانی سیاسی و کۆمەڵایەتی و ڕۆشنبیریی هاوکاری پەرلەمان بکەن.
لسلی کمبڵ، سوپاسی سەرۆکی پەرلەمانی کرد بۆ زانیارییەکانی لەسەر ئەو پرسانە. دواتریش باسی هاوکارییەکانی ڕێکخراوەکەیانی کرد لەقۆناغە جیاوازەکانی کارکردنیاندا لە هەرێمی کوردستان و عێراقدا، بەتایبەتیش لەبوارەکانی پەرەپێدانی دیموکراتی و گەشەکردنی لایەنی کۆمەڵایەتی و سیاسی، ئاماژەی بەوەشدا ئەوان بەردەوامن لەکارکردن لە هەرێمی کوردستان و عێراق، بەڵام شەڕی تیرۆرستان کارەکانی سنووردارکردوون.

ئاژانسى سویسرى بۆ هاوکارى و پەرەپێدان بڕى (١٠) ملیۆن فرانکى سویسرى بۆ هاوکاریە مرۆییەکان لە هەرێمى کوردستان دابین دەکات

کاروان جەمال جێگرى بەرپرسى پەیوەندیەکانى دەرەوەى حکومەت پێشوازى لە بەڕێز روودى ڤۆن پلانیا جێگرى بەرپرسى بەشى ڕۆژهەڵاتى ناوەڕاست لە ئاژانسى سویسرى بۆ هاوکاری و پەرەپێدان و شاندى یاوەرى کرد. لەسەرەتاى کۆبوونەوەکە، جێگرى بەرپرسى پەیوەندیەکانى دەرەوەى حکومەت سوپاس و پێزانینى خۆى ئاراستەى بەرپرسى ئاژانسەکە کرد بۆ ئەو هاوکاریانەى کە لە ماوەى ڕابڕدوو پێشکەشتى ئاوارەکانى هەرێمى کوردستانى کردبوو. پاشان، کورتەیەکى سەبارەت بە باروگوزەرانى پەنابەرانى هەرێمى کوردستانى پێشکەش بە شاندەکە کرد. هاوکات، بەڕێزیان ئاماژەى بە پەیوەندى نێوان حکومەتى هەرێم و حکومەتى عێراقى فیدڕاڵ و قەیرانە داراییەکان و زیاد بوونى پێداویستى پەنابەران کە بووتە بارێکى قورس بەسەر حکومەتى هەرێمى کوردستان دا، بۆیە بەڕێزیان داواى یارمەتى زیاترى لە ڕێکخراوە نێودەوڵەتیەکان کرد بۆ زیاد کردنى هاوکارییە ڕاستەوخۆکانیان بۆ هەرێمى کوردستان کرد بە مەبەستى بەهاناوە چوونى زیاترى پەنابەران. لەلایەن خۆیەوە، شاندى میوان ئاماژەیان بە هەڵوێستى حکومەتى سویسرا کرد کە ئەویش بەردەوام بوونە لە پێشکەش کردنى هاوکارى مرۆیى هاوشێوەى ساڵى پار بە دابینکردنى بڕى (١٠) ملیۆن فرانکى سویسرى بۆ بەردەوام بوونى پرۆژەکانیان لە هەرێمى کوردستان کە بەنیازن بە هاوبەشى لەگەڵ ڕێکخراوە نێودەوڵەتیەکان و ئاژانسەکانى (UN) لە هەرێمى کوردستان ئەنجامى بدەن. پاشان، شاندى ناوبراو ستایشى ڕۆلى حکومەتى هەرێمى کوردستانى کرد لە بەرامبەر هاریکاری کردنى ئاوارە دەرەکى و ناوخۆییەکان بە دابینکردنى پێداویستى سەرەتاییەکان و کردنەوەى کەمپى مانەوە بۆیان بە تایبەت کە ئیستا هەرێم لە دۆخى شەڕدایە لەگەڵ گروپە تیرۆرستیەکان و رووبەرووى قەیرانێکى دارایی قورس بووتەوە لەلایەن حکومەتى ناوەندەوە. لە کۆتایدا، هەردوولا جەختیان لە بەردەوام بوونى هاوکارى و هەماهەنگیەکان کردەوە. بۆ ئەم مەبەستە، جێگرى بەرپرسى پەیوەندیەکانى دەرەوەى حکومەت ئامادەیی فەرمانگەى دەڕبڕى بە مەبەستى سەرخستنى زیاترى کارەکانیان لە هەرێمى کوردستان.

 

 

 

 

 

وەزیری گەشەپێدانی نێودەوڵەتی بەریتانیا پیرۆزبایی سەرکەوتنەکانی پێشمەرگەی کوردستان دەکات

لە لەندەن فەلاح مستەفا بەرپرسی پەیوەندیەکانی دەرەوەى حکومەت لەگەڵ دێسمۆند سوەین وەزیری گەشەپێدانی نێودەوڵەتی بەریتانیا کۆبۆوە.

لەو دیدارەدا بەرپرسی پەیوەندیەکانی دەرەوە سڵاوو رێزى گەل و حکومەتى هەرێمى پێشکەش بە حکومەتی بەریتانیا کرد بۆ ئەو هاریکاری و پشتگیرییەی کە لە گەلى کوردستانى دەکەن. لە هەمان کاتیشدا داوای لە حکومەتی بەریتانیا کرد کە ڕێژەی ئەو هاریکاریە زیاتر بکات و لە ڕێگای پەیوەندیەکانی لەگەڵ کۆمەڵگای نێودەوڵەتی و ووڵاتانی جیهانییەوە هانی ئەو لایەنانە بدات بۆ ئەوەی هاریکاری مرۆیی زیاتر پێشکەش بە پەنبەران لە هەرێم بکەن.

فەلاح مستەفا هەروەها ووتی: " کوردستان ئێستا بە بارودۆخێکی سەختدا تێدەپەڕێت ئەویش بەهۆی شەڕی گرووپی تیرۆریستی داعش و نەناردنی بودجەی هەرێم لە لایەن حکومەتی فیدڕاڵیەوە. بوونی نزیکەى ٢ ملیۆن پەنابەرى سورى و ئاوارەی ناوخۆ لە هەرێم بارگرانیەکی یەکجار گەورەی خستۆتە سەر شانی حکومەتی هەرێم. لەو بارودۆخەشدا پێویستیمان بە هاریکاری هەموو لایەك بە گشتی و ووڵاتی بەریتانیادا بە تایبەتی هەیە."

لە لایەکی ترەوە فەلاح مستەفا وێڕای باسکردنی بارودۆخی ئێستای هەرێمى کوردستان و عیراق گووتى کۆبوونەوەو هەوڵەکانمان بەردەوامە لەگەڵ حکومەتى فیدڕاڵ بە یارمەتى دۆستانمان بۆ ئەوەى حکومەتى فیدڕاڵ پابەند بێت بە چارەسەرکردنى پرسى بودجەو رەوانەکردنى مووچەى فەرمانبەران و چارەسەرکردنى پرسەهەڵواسراوەکانى دیکە. هاوکات بەڕێزیان پابەندبوونی حکومەتی هەرێمیشی بەو ڕێککەوتنە دووپات کردەوە کە بەم دواییە لەگەڵ حکومەتی فیدڕاڵدا واژووی کردووە، لە هەمانکاتیشدا داوای کرد حکومەتی بەغداش پابەند بێت بە لایەنەکانی ئەو ڕێککەوتننامەیە و بەشە بودجەو و مووچەی فەرمانبەرانی هەرێم و بودجەی پێشمەرگە ڕەوانە بکات بۆ ئەوەی هەرێمیش بتوانێت ڕووبەڕووی ئەو هەموو ئاستەنگانە ببێتەوە. ئاماژی بەوەشدا کە بەغدا تا ئێستا وەك پێویست هاریکاری ئەو هەموو پەنابەرەی هەرێمی نەکردووە و خۆی لەو بابەتە دوورە پەرێز گرتووە.

وەزیری گەشەپێدانی نێودەوڵەتی بەریتانیا جارێکی تر هەڵوێستی ووڵاتەکەی لە بەردەوامیدان بە پێشکەشکردنی هاریکاری مرۆیی و سەربازی بۆ هەرێم دووپات کردەوە و باسی ئەوەی کرد کە پێویستە بە یەکەوە لەگەڵ هەرێم پلانێکی تۆکمە دابنێن بەمەبەستی چۆنیەتی کارکردن و هاریکاریکردنی پەنابەران لە هەرێم.
لەم بارەیەوە فەلاح مستەفا هیواى خواست وەزیری گەشەپێدانی نێودەوڵەتی بەریتانیا و کاربەدەستانی وەزارەتەکە سەردانی هەرێمى کوردستان بکەن بۆ ئەوەی لە نزیکەوە بارودۆخەکە بە چاوی خۆیان ببینن و بە یەکەوە ڕێگە چارە و پلان بۆ کارەکانی داهاتوو دابنێن.
 

 

 

 

 

یەکێتى ئەوروپا بەردەوام دەبێت لە هاوکاریە مرۆیەکانى بۆ هەریمى کوردستان

ئەمڕۆ کاروان جەمال جێگرى بەرپرسى فەرمانگەى پەیوەندیەکانى دەرەوەى حکومەت پێشوازى لە بەڕێز نیکۆلا بەزانى سکرتێرى یەکەم لە بەشى سیاسى نێردەى یەکێتى ئەوروپا لە عێراق کرد. 
 
لەسەرەتاى کۆبوونەوەکەدا، جێگرى بەرپرسى پەیوەندیەکانى دەرەوەى حکومەت پوختەیەکى سەبارەت بە بارودۆخى سیاسى و ئابوورى و ڕەوشى مرۆیی و شەرى بەرەنگاربوونەوەى ڕێکخراوى داعش و پەیوەندیەکانى نێوان حکومەتى هەرێم و حکومەتى عێراقى فیدڕاڵ پێشکەش کرد. 
 
پاشان، بەڕێز نیکۆڵاى مەبەستى سەردانەکەى بۆ هەرێمى کوردستان روون کردەوە کە ئەویش زیاتر پتەوکردنى پەیوەندیە دوولایەنەکان و لە نزیکەوە ئاگاداربوون سەبارەت بە بارودۆخى سیاسى هەرێم و رەوشى ئاوارەکانى ناوخۆ و پەنابەرانى سوریایە لە هەرێمى کوردستان دا.
 
هاوکات ئاماژەى بە برى (27) ملیۆن یۆرۆ دا کە سالى پار وەکو هاوکارى پیشکەشى بە ئاوارەکانى هەریم کردووە لە چوارچێوەى هاوکاریە مرۆیەکان لە هەریمى کوردستان و عیراق. هەروەها رایگەیاند یەکیتى ئەوروپا بەردەوام دەبیت لە هاوکارى کردنى زیاتر بۆ سالى داهاتوو ئەمەش بە تەرخانکردنى  (27) ملیۆن یۆرۆ وەکو هاوکارى مرۆیى بۆ هەریمى کوردستان. 
 
پاشان تیشکى خستە سەر بەرنامەکانى یەکێـتى ئەوروپا بۆ هەرێمى کوردستان و خواستى زیاتریان بۆ پەرەپێدانى پەیوەندى دوولایەنە ، ئەمەش پاش بڕیارى کردنەوەى نوێنەرایەتى یەکێتى ئەورپا لە هەرێمى کوردستان کە پێشتر بڕیارى لەسەر دراوە ، وە ڕایگەیاند کە نێردەى یەکێتى ئەورپا لە عێراق دەستى کردووە بە ئامادەکارەکانیان بۆ کردنەوەى نوێنەرایتى تایبەتى نێردەى یەکێتى ئەورپا لە هەرێمى کوردستان  بۆ زیاتر بەرەوپێش بردنى پەیوەندیەکان و هەماهەنگى و هاوکارى لە نێوان هەردوولا لە بوارەکانى سیساسى و کەلتورى و پەروەردەو ووزە.
 
لە کۆتایى دیدارەکە هەردوولا جەختیان کردەوە لەسەر گفتوگۆى بەردەوام لەسەر پڕۆسەى سیاسى عێراق  و ناوچەکە هاوکات هاوکارى و هەماهەنگى زیاتر لە نێوان هەردوولا ، جێگرى بەرپرسى فەرمانگە ئامادەیى فەرمانگەى پەیوەندیەکانى دەربڕى بۆ پێشکەش کردنى هاوکارى پێویست بە مەبەستى سەرخستنى زیاترى کارەکانى نێردەى یەکێتى ئەورپا لە عێراق وە ئامادەکاریەکانیان بۆ کردنەوەى نوسینگەى نێردەکە لە هەرێمى کوردستان.

ڕاگەیێندراوی كۆبوونەوەی لایەنە سیاسییە كوردستانییەكان

جەماوەری كۆڵنەدەری كوردستان

پێشنیوەڕۆی ئەمڕۆ پێنجشەممە 26ـی 2ـی 2015 بە سەرپەرشتیی جەنابی سەرۆكی هەرێمی كوردستان و ئامادەبوونی بەڕێز سەرۆكی حكوومەت و جێگرەكەی، كۆبوونەوەی باڵای حزبە كوردستانییەكان لە سەرۆكایەتیی هەرێمی كوردستان ساز درا.

دوای ئەوەی جەنابی سەرۆكی هەرێم باسی بەشداریكردنی لە كۆنفڕانسی ئاساییشی میونیخی ئەڵمانیا كرد و گرنگیی بڕیارە پەسەندكراوەكانی كۆنفڕانسەكەی لە دژی داعش و چاوپێكەوتنەكانی لە پەراوێزی كۆبوونەوەكاندا لەگەڵ گەورەبەرپرسانی وڵاتاندا ڕوونكردەوە، جەختیشی لەوە كرد كە، ئەزموونی سیاسیی هەرێمی كوردستان و خۆڕاگریی و سەركەوتنەكانی هێزی پێشمەرگەی كوردستان لە شنگال هەتا خانەقین و تا دەگاتە سەركەوتنە بەردەواكانی كۆبانێ، بۆتە مایەی كاریگەریی زیاتری پێگەی كورد لەناو وڵاتان و لەسەر ڕای گشتیی ڕۆژئاوایش، و هەموو ئەم سەركەوتن و گۆڕانكاریی و لە ئەنجامی قارەمانێتیی پێشمەرگە و شەهیدانی سوورخەڵاتی كوردستانە، كۆبوونەوەكە لەسەر دۆخی عێراق و كوردستان و حكوومەتی هەرێم و تەنگژەی دارایی هەڵوەستەی كرد.

بۆ ئەوەی ئامادەبووان وردتر و بە ئامار لە كێشەكان ئاگادار بن، بەڕێز وەزیری سامانە سروشتییەكان بە داتاشۆ ڕاپۆرتێكی تێروتەسەلی لەبارەی ڕێككەوتنی نێوان حكوومەتی هەرێم و حكوومەتی بەغدا و وردەكارییەكانی هەناردەكردنی نەوت پێشكەش كرد.

لەسەر كۆی ڕووداوەكان و تەنگژەكان و سیاسەتی هەرێم و ئەركی حزبە كوردستانییەكان لەم باروۆخە هەستیار و چارەنووسسازەدا، كۆبوونەوەكە ئەم بڕیارانەی خوارەوەی پەسەند كرد:

یەكەم: بە پێزانینی بێڕادە، كۆبوونەوەكە گیانی قارەمانێتیی پێشمەرگەی لە بەرەكاندا بەرز نرخاند و خۆڕاگریی و قارەمانێتیانی بە مایەی شانازی كورد و كوردستان و دیموكراتخوازان لە ناوچەكە و لە جیهانیشدا زانی. هەروەها كۆبوونەوەكە كێلی نەمری شەهیدانی كوردستانی گوڵبارانی وەفا كردو سەرجەم سەركەوتنەكانیش بە خوێنی گەشی ئەوان مۆری مێژوویی لێ دراوە. هەر بەم گیانی خۆڕاگرییەی پێشمەرگە و قوربانیی شەهیدان و پشتیوانیی بێ دریخی گەلەكەمان، لە سەرانسەری كوردستان و تاراوگەدا دوا سەركەوتن بە دەست دێت و دەستەبەری بەدیهێنانی باقی ئامانجەكانی گەلەكەمانیش دەكرێت.

دووەم: جەخت لەسەر یەكڕیزیی هێزە سیاسییەكانی كوردستان لە عێراق و ناوچەكە و كوردستاندا كرایەوە هەتا لەم هاوكێشە سیاسی و سەربازییەی كوردستان و ناوچەكە، پێكەوە سەركەوتنە سیاسی و ئیداری و سەربازییەكان بەرەو سەركەوتنی یەكجارەكی بەرین.

سێیەم: بۆ ئەوەی یەكڕیزیی سیاسیی هێزە سیاسییەكانی كوردستان زیاتر لە ئێستا بگەیێندرێتە قۆناغی باڵای متمانەی سیاسی، كۆبوونەوەكە ڕایسپارد كە وا بە زووترین كات بە پێی شاییستەیی هەڵبژاردن، لایەنە بەشدارەكانی حكوومەتی بنكەفراوانی كابینەی هەشتەم (گۆڕان و یەكگرتوو و كۆمەڵ) پشكی خۆیان لە حكوومەتی ناوەند و هەرێم و پارێزگاكانیش بۆ دابین بكرێ.

چوارەم: گەلی كوردستان و حكوومەتی هەرێم بە مافی بەێ ئەملا و ئەولای خۆی دەزانێ بە پێی ماددەی 112 و 115ـی دەستووری عێراق، سیاسەتی هەڵگۆزین و هەناردەكردنی نەوت لەناو پڕۆسەی یاسایی و ڕێسایی خۆیدا بە پابەندبوونی هەردوولا بە یاسای بودجەی عێراقی فیدڕاڵ بۆ ساڵی 2015، بۆ دەستەبەری ئابووریی هەرێم، پەیڕەو بكات، هەر ئەوەیش كێشەی بنەڕەتیی بودجە و مووچەی خەڵكی كوردستان چارەسەر دەكات. ڕێككەوتنە مۆركراوەكانیش لەگەڵ حكوومەتی بەغدا لە لایەن حكوومەتی هەرێم بڕگە بە بڕگە جێبەجێ دەكرێ، هەر وەكو پێویستیشە لە لایەن حكوومەتی بەغدایشەوە جێبەجێ بكرێ. گیروگرفتی تەكنیكیش تێكرا قابیلی دیالۆگ و چارەسەركردنن. لەم پێناوەدا بەرنامەی سیاسی و زانستیی پەسەند كرا، هەتا كۆسپ و تەگەرەكانی بەردەم ڕێككەوتنەكان بە دڵنیاییەوە وەلاببردرێن.

پێنجەم: كۆبوونەوە داوای لە پارلەمانی عێراق و حكوومەتی عێراق و هاوپەیمانیی شیعە و لایەنەكانی سووننە دەكات لە هیچ بارودۆخێكدا كێشەی سیاسی و گرفتی تەكنیكی نەكرێنە كۆسپ لەبەردەم مووچەی خەڵكی كوردستان و هەروەها پشتیوانیكردنی پێشمەرگە و دابینكردنی مووچەیان هەر وەكو سوپای عێراق و باقی هێزە چەكدارەكانی عێراق.

شەشەم: سەرۆكایەتیی هەرێم و حكوومەت و پارلەمانی كوردستان بەرنامەیەكی فراوانتری دیپلۆماسی و نێونەتەوەییان هەبێ بۆ دەستەبەركردنی پشتیوانیی زیاتری سیاسیی وڵاتان و ناوەندە جیهانییەكان هەروەها بۆ دابینكردنی پشتیوانی هێزی پێشمەرگە لەڕووی چەكی قورس و لۆجستییەوە.
حەفتەم: كۆبوونەوەكە پشتیوانیی خۆی بۆ حكوومەتی هەرێمی كوردستان دووپاتكردەوە و ئومێدەواریشە حكوومەتیش بەردەوام بێ لە هەوڵ و كۆشیشەكانی بۆ چارەسەركردنی كێشەی بودجە و مووچە.

لە كۆتاییشدا كۆبوونەوەكە سوپاسی زۆری تەواوی ئەو وڵاتە ئیقلیمی و هاوپەیمانییە جیهانییە كرد كە لەم جەنگەدا دژی تاریكپەرستانی داعشە سەلەفییەكان زوو هاتنە دەست و دەستبەجێیش بە هانای كوردستان و عێراقەوە هاتن.

كۆبوونەوەكە ئومێدەواریشە پێكەوە و بە زووترین كات بە پێی نەخشەیەكی تۆكمە و توانایەكی زیاتر سەركەوتنی ستراتیژی بەسەر داعشەكاندا بەدی بهێنن. ئەم سەركەوتنانەیش ببنە مایەی ئەوەی تەواوی كێشە سیاسی و ئابووری و كۆمەڵایەتییەكانی عێراق و كوردستان و ناوچەكە بە جێبەجێكردنی مادەی 140ـیشەوە چارەسەری ڕیشەیی بكرێت.

ئیتر بۆ پێشەوە بەرەو سەركەوتنی یەكجارەكی

هەزاران سڵاو لە ڕۆحی پاكتان ئەی شەهیدە نەمرەكان

پارتی دیموكراتی كوردستان

یەكێتیی نیشتیمانیی كوردستان

بزووتنەوەی گۆڕان

یەكگرتووی ئیسلامی

كۆمەڵی ئیسلامی

26ـی 2ـی 2015

پەڕەى 212 لەکۆى 342 پەڕەدا

هەواڵی زیاتر لە تویتەر

راپۆرتە پڕ بینەرەکان

حالت های رنگی