ده‌قى وتارى نێچیرڤان بارزانى له‌ ڕێوڕه‌سمى هه‌ڵمه‌تى ڕووبه‌ڕووبوونه‌وه‌ى توندوتیژى دژى ژنان

  • سێ شەممە, 25 ت دووەم 2014

نێچيرڤان بارزانى

 

ئاماده‌بووانی به‌ڕێز،

به‌یانیتان باش..

سەرەتا، بەخێرهاتنێکی گەرمی هەموو لایەکتان دەکەم، سوپاس بۆ ئامادەبوونتان لە ڕێوڕەسمی ڕاگه‌یاندنی هه‌ڵمه‌تى دوو هەفتەییى بەرەنگاربوونەوەی توندوتیژی دژی ژنان. خۆشحاڵم کە هاوتا لەگەڵ ئێوەی بەڕێز لە سەرەتای ئەو دوو هەفتە چالاکییەدا بەشدار دەبم، بە خێر بێن.

پێش دەستپێکردنی قسەکانم، دەمەوێ لێرەوە بە ناوی ئەم كۆڕه‌ بەڕێزەوە، سڵاو و ڕێز و خۆشەویستیی خۆمان ئاراستەی ئەو قارەمانانە بکەین کە ئەمڕۆ لە بەرەکانی جەنگدان بۆ بەرگری لە کوردستان و هەموو هەوڵێک و تێکۆشانی خۆیان دەدەن. ئەو پێشمەرگە قارەمانانەی هەر لە کۆبانێ تا دەگاتە جەلەولا و سەعدیە، ئەمڕۆ لە شەڕی بەرگریدان، بۆ بەرگریکردن لە مافی خەڵکی کوردستان.

سڵاویان بۆ دەنێرین و سەری ڕێز و نەوازش بۆ ئەو ئازیزانە و ئەو پێشمەرگانە دادەنوێنین کە لەو ماوەیەدا لەپێناو بەرگریکردن لە وڵاتەکەماندا شەهید بوون. یادیان دەکەینەوە و داوای چاکبوونەوەی خێراش دەکەین بۆ ئەو بریندارانەی لەم شەڕەدا بریندار بوون. هیواخوازین زوو چاک ببنەوە و هیوادارین بە هاوکاریی هەموو لایەک بتوانین وڵاتەکەمان لەو بارودۆخەی ئێستا دەرباز بکەین.

ئه‌مساڵ ئێمه‌ له‌ بارودۆخێکی جیاوازتردا ئه‌م هه‌ڵمه‌ته‌ ڕاده‌گه‌یه‌نین، که‌ به‌هۆی هێرش و تاوانکارییه‌کانی تیرۆرستانه‌وه‌، ئافره‌تان به‌تایبه‌تی له‌و شوێنانه‌ی که‌وتوونه‌ته‌ به‌ر په‌لاماری تیرۆر، له‌ ڕه‌وشێکی سه‌خت و له‌ بارێکی مرۆیی و ده‌روونیی قورسدان و بوونه‌ته‌ قوربانیی توندوتیژییه‌کی له‌ڕاده‌ به‌ده‌ر.

به‌ڕێزان..

دوای هێرشە دڕندەکانی داعش و ئەو بارە نائارامەی لە ناوچەکە دروست بوو، خەڵکێکی زۆر دەربەدەر و ئاوارە  بوون. خەڵکێکی زۆر، ڕۆڵە و کەسوکاری ئازیزی خۆیان لە دەست دا. ژمارەیەک لە کچ و ژنان ڕفێندران. ڕاستە هەرێمی کوردستان توانی باوەش بۆ خوشک و برایانی ئاوارە، بە ئێزدی، مەسیحی، موسڵمان، شەبەک، کاکەیی، تورکمان، کورد و عەرەبەوه‌ بکاتەوە، بەڵام بارودۆخێکی تایبەت هاتە ئارەوە، کە مامەڵەیەکی جیا و تایبەتی پێوست بووە.

ئەمڕۆ ژمارەیەکی زۆری خەڵکی ئاوارە و په‌نابه‌ر، که‌ نزیکه‌ی یەک ملیۆن و پێنجسه‌د هه‌زار كه‌س ده‌بن، لە هەرێمی کوردستانن. خه‌ڵک و حکوومەتی هەرێمی کوردستانیش، به‌ تواناکانی خۆی و بە هاوکاری و کۆمەکی نێودەوڵەتی، توانیویه‌تی تا ڕادەیەک که‌مپی نیشتەجێبوون بۆ ئەو خوشک و برایانە دروست بکات و هەوڵی جێگیربوونیان بدات. له‌ زۆر له‌ که‌مپه‌کاندا، منداڵان گەڕاونەتەوە قوتابخانە و هەوڵمان داوە بارودۆخەکە ئاسایی بکەینەوە، بەڵام مەینەتی و ئازارەکان کۆتاییان نەهاتووە، دەبێ بەردەوام بین و کۆڵ نەدەین لە ڕووبه‌ڕووبوونەوەی توندوتیژی لە بەرەکانی جەنگ، لە ناو ماڵ و  لە شوێنی گشتیدا.

ئێمە هەر لە سەرەتای ئەم دۆخە ناهەموارەدا، بە جددی کارمان کردووە بۆ هێورکردنەوەی دۆخەکە، بۆ دابینکردنی ئارامی و ئازادی و پاراستنی مافەکانمان وەک تاک و وەک نەتەوە. ژن، هەمیشە قوربانیی یەکەمی جەنگەکان بووە. هێزی تاریک و تیرۆریستی داعش، ئافرەتی وەک ستراتیژێکی جەنگ بە کار هێناوە و گەورەترین تاوانی جەنگی بەرامبەر بە ژنان کردووە. ئێمە ئەمڕۆ کە هەڵمەتی ڕووبه‌ڕووبوونەوەی توندوتیژی ئەمساڵمان ڕادەگەیەنین، هاوسۆزی و هاوخەمیمان  بۆ ئەو ئافرەتانە دووپات دەکەینەوە.

هەروەها ئافرەتانی کوردستان دڵنیا دەکەینەوە کە کۆڵ نادەین لە خەبات دژی جەنگ و توندوتیژی، لەپێناوی دابینکردنی ماف و ئازادی بۆ ژن و پیاو بە یەکسانی. هەموو پێشێلکارییەک بەرامبەر بە ئافرەت، چ لەناو ماڵ و چ لە بەرەکانی جەنگ بێت، پێشێلکردنی مافی مرۆڤە. لە ڕێگای ڕاگەیاندنی ئەم هەڵمەتەی ئەمساڵمانه‌وه‌، ئێمە جەخت لەسەر باوەڕ و قەناعەتمان دەکەینەوە، بۆ پاراستنی مافەکانی مرۆڤ و گەشەپێدانی زیاتری پرۆسەی دیموکراسی لە کوردستان.

بەڕێزان..

ئێمە که‌ ئەمڕۆ لێره‌ بۆ ڕاگه‌یاندنی ئه‌م هه‌ڵمه‌ته‌ کۆبووینەته‌وە، لە  ناخەوە هەست بە ئازار و مەینەتییەکانی ئەو ژنانە دەکەین، کە لە هێرشە دڕندەکانی داعشدا ڕفێندران و کرانە کۆیلە و مامەڵەیەکی نامرۆییی وایان لەگەڵ کراوە، کە دەچێتە بازنەی تاوانی جەنگ و جینۆسایدەوە. کەیسی ئەو خوشکە ئێزیدیانە هەر لە سەرەتاوە جێگەی ئه‌وپه‌ڕی گرنگی و بایەخی ئێمە بووه‌، بۆیە کۆمەڵێک ڕێکارمان دەست پێکردووە. ئامانجمان لەم کارانە، ڕزگارکردنی ئەو ئافرەتە خۆشەویستانە و هاوکاریکردنیانە، بۆ گەڕانەوە بۆ ناو ژیانی ئاساییی خۆیان لەنێو ماڵ وکۆمەڵگەکەیان.

به‌ خۆشحاڵییه‌وە هه‌ندێ لەو ئافرەتانە ڕزگار کراون، بەڵام تمووحی ئێمە زۆر لەوە گەورەترە و دەزانین کە پێداویستییەکانیش، بەتایبەتی لە ڕووی دەروونییەوە، زۆر زۆرترن لەوەی کە تا ئێستا کاریان بۆ کراوه‌. بۆیە ئێمە ئەمڕۆ لێرە دووپاتی دەکەینەوە کە له‌ کاره‌کان بەردەوام دەبین. هەروەها کارمان کردووە بۆ بەجینۆسایدناساندنی کەیسی خوشک و برا ئێزدییەکانمان. ئەمەش بە مەبەستی دابینکردنی دادوەری و مافی قەرەبووکردنەوە و پاراستنیان، چونکە ئەوەی بەرامبەر بەوان کراوه‌، بەپێی پێناسەی نێودەوڵەتی بۆ جینۆساید، بریتییە لە هێرشی سیستەماتیک و بەئه‌نقەست، بۆ لەناوبردنی بەکۆمەڵی خوشک و برا ئێزیدییەکانمان.

هه‌ر له‌م ڕۆژه و له‌م بۆنه‌یه‌‌دا، بیرمان لای ئه‌و ژن و خوشکه‌ مه‌سیحیانه‌شه‌، که‌ له‌ ناوچه‌کانی ده‌شتی نه‌ینه‌وا و مووسڵ و ده‌وروبه‌ری و له‌ شوێنه‌کانی دیکه‌، ناچار کران ماڵ و حاڵ و زێدی خۆیان جێ بهێڵن و ئاواره‌ی ناوچه‌ جیاکانی هه‌رێمی کوردستان ببن. هه‌ست به‌ ژان و ئازاری ئاواره‌یی و ماندووییی ئه‌وانیش ده‌که‌ین.

شۆک و ئازارێکی دیکه‌ی دژواری ئه‌م تاوانکاری و هێرشه‌ تیرۆرستیانه‌، ئه‌و برینه‌ قووڵه‌ و ئه‌و که‌رتبوونه‌ کۆمه‌ڵایه‌تییه‌ گه‌وره‌یه‌ بوو، که‌ له‌ که‌لتووری سه‌دان ساڵه‌ی ته‌بایی و پێکه‌وه‌ژیان و ئاشتیی کۆمه‌ڵایه‌تیی پێکهاته‌ ئایینی و نه‌ته‌وه‌ییه‌کاندا، دروست بوو. ڕووخانی پرده‌کانی بڕوا و متمانه‌ بوو له‌ نێوان دوو دراوسێدا، که‌ خاوه‌ن دوو بڕوا و دوو ئایینی جیا بوون و سه‌دان ساڵه‌ پێکه‌وه‌ ده‌ژین، به‌ڵام زۆر به‌داخه‌وه‌ هه‌ر له‌ یه‌که‌م تێکچوونی بارودۆخه‌که‌دا، له‌ناکاو کۆتایی به‌و پێکه‌وه‌ژیانه‌ دێرینه‌ هات و ئه‌وى له‌و ناوچانە بەسەریاندا هات دوور بوو لە هەموو کارێکی مرۆڤایەتی.

خوشک و برایانی به‌ڕێز..

ئاشکرایە کە ئافره‌تی کورد بە درێژاییی مێژوو ڕووبه‌ڕووی زۆر جۆری توندوتیژی و نەهامەتی بۆتەوە، بەڵام هەمیشە لەسەر پێ وەستاوە و نەکەوتووە. ئەمڕۆ ژنانی کورد بۆ نموونە لە کۆبانێ، ڕووبه‌ڕووی هێزەکانی داعش بوونەتەوە. لێرە لە هەرێمی کوردستان، ژن بە هەمان شێوە خەبات دەکات، بەڵام دیارە بەپێى جیاوازیی دۆخەکە، خەباتى ژنان لێره‌ شێوازی جیاوازی وەرگرتووە.

ئەمڕۆ لە هەرێمی کوردستان ئافره‌تان چالاکانە بەشداریی کاری سیاسی و پەرلەمانی و ڕێکخراوەیی و پیشەیی دەکەن. بە هەوڵ و توانای خۆیان و پشتگیریی حکوومه‌تیش، توانیویانە ڕێژەی کۆتا لە پەرلەمان بە 30% دابین بکەن. من کار دەکەم و هیوا دەخوازم کە ئەو کۆتایە، لە ناو کابینەی حکوومەتیش لە داهاتوودا رەنگبداتەوە.

جگە لەمە، ژنان بە هێز و توانایان، هاوکار بوون لە دەستکاریکردنی یاسا عێراقییەکان، بۆ نموونە توانیویانە فرەژنی سنوردار بکەن، توندوتیژی بە بیانووی شەرەف وەکوو تاوان پێناسە بکەن، لە ڕێگەی یاسای بەرەنگاربوونەوەی توندوتیژیی خێزانییەوە، دادگای تایبەت بە توندوتیژی بخەنە گەڕ. ئەمانە هەموو دەستکەوتن و بە خەباتی ئافرەتانی کوردستان هاتوونەتە دی. ئێمە ئەم خەباتە بەرز دەنرخێنین و وەکوو دەسەڵاتی جێبه‌جێکردن و کارگێڕى لە  هەرێمی کوردستان، بەردەوام دەبین لە هەوڵ و کارەکانمان، بۆ زیاتر چەسپاندنی ماف و ئازادییەکان و پێشخستنی پرۆسەی دیموکراسی لە وڵاتەکەماندا.

بۆ گەیشتن بەم ئاستە، دەبێ ئێمە لەسەر هەموو ئاستێکی ناو خێزان و شوێنی کار و مەیدانەکانی جەنگ، بەرەنگاری توندوتیژی ببینەوە. ئەم هه‌ڵمه‌ته‌ش کە ئەمڕۆ ڕایدەگەیەنین، جەختکردنە لەسەر ئەو بڕوا و ئەو پابەندبوونەی ئێمە بەم پرۆسەیەوە.

خۆشحاڵم کە لە بەدواداچوونم لەسەر ئەم پرسانه‌، دەبینم ئامارەکانی کوشتن و خۆسووتاندن له‌ هه‌رێمی کوردستان کەمیان کردووە، ئەمەش لە هەرسێ پارێزگاکەی هەرێمی کوردستان. ئافرەتان ئەمڕۆ هۆشیارن بەرامبەر بە مافەکانیان و سەردانی بنکە و ئۆفیسه‌کانی پۆلیس و بەڕێوەبەرایەتییەکان دەکەن و سکاڵا لە دژی تۆمەتباران تۆمار دەکەن. ئێمە لە ڕێگای بۆردی چاودێری و ئەنجومەنی کاروباری خانمان و بەڕێوەبەرایەتییەکانەوە، کار دەکەین بۆ ئەوەی دادوەری دابین بکرێت و مافی ژن بە هیچ جۆرێک پێشێل نەکرێت.

پێشتر ئاماژەم بە گۆڕانی یاساکان لە هەرێمی کوردستان کرد، لێتان ناشارمەوە کە لە جێبەجێکردنی یاساکاندا، ڕووبه‌ڕووی تەحەددا بووینەتەوە، بەڵام کارمان کردووە بۆ ئەوەی ئەو تەحەددایانە ببەزێنین، ئەمەش لە ڕێگای پرۆگرامی هۆشیاریی گشتی لەسەر ئاستی دادوەری و پۆلیس و لە قوتابخانە و زانکۆکانیش. بەڵام هێشتا تەحەددامان له‌پێشه‌، ئەم پرۆسەیە پێویستى به‌ هاوکاریی هەمەلایەن هەیە بۆ ئه‌وه‌ى بگەینە سەرکەوتن.

کارکردنی ئێمە بۆ بەرەنگاربوونەوەی توندوتیژی، خەباتە دژی هەموو هێزێکی توندڕەو و تاریک، چ لە بەرەکانی جەنگ بێت، چ لەناو ماڵ و هەموو سووچێکی ئەم کوردستانە بێت. دەمێکە ئەم خەباتەمان دەست پێکردووە، دەستکەوتیشمان هەبووە، بەڵام ئامانجی ئێمە ئەوەیە کە توندوتیژی بنبڕ بکەین، چونکه‌ تا ئافرەت لە زوڵم و چەوساندنەوەدا بژیت، بە هیچ شێوەیەک کۆمەڵگە ئاسوودە نابێت.

لە کۆتاییدا هیوای سەرکەوتن بۆ هەموو لایەک دەخوازم. ئێمە لێرە بۆ ماوه‌ى دوو هەفتە ئەم هەڵمەتە ڕادەگەیەنین، بەڵام با بیرمان نەچێت کە خەباتی ئێمە ڕۆژانەیە و دەبێ هەمیشە لە ئامادەباشیدا بین بۆ بەزاندن و نه‌هێشتنی پێشێلکاری و به‌ره‌نگاربوونه‌وه‌ی توندڕەوی  و چەوساندنەوەی مرۆڤ.

پێشێلکردنی مافی ژن، پێشێلکردنی مافی مرۆڤە و دەبێ لە وڵاتەکەماندا هەوڵی بنبڕکردنی بکرێت. بۆیه‌ با هه‌موومان پێکه‌وه‌ کار بکه‌ین بۆ دروستکردنی ناتوندوتیژی و بۆ به‌دیهێنانی کۆمه‌ڵگه‌یه‌کی به‌تاڵ له‌ توندوتیژی دژی ژنان.

دووبارە سوپاستان دەکەم و هەموو لایەکتان بەخێر بێن هیوای سەرکەوتنتان بۆ دەخوازم.

 

 

 

 

 

Read کد خبر: 954

هەواڵی زیاتر لە تویتەر

راپۆرتە پڕ بینەرەکان

حالت های رنگی