هیشام زەمان خەڵاتی مرواری ڕەشیی فیستیڤاڵی فیلمی ئەبووزەبی بەسەر سەرکەوتوواندا دابەشکرد

مەنسوور جیهانی ـ بە ناوبژیوانی سینەماکاری کورد "هیشام زەمان"، خەڵاتی مرواری ڕەشیی هەشتەمین خولی فیستیڤاڵی نێودەوڵەتیی فیلمی ئەبووزەبی بەسەر سەرکەوتوواندا دابەشکرا.

بە ناوبژیوانی سینەماکاری کوردی دانیشتووی وڵاتی نەرویج "هیشام زەمان" و چەندین سینەماکاری دیکەی جیهانی، خەڵاتی مرواری ڕەشیی بەشی پێشبڕکێی فیلمە ئیماڕاتییەکانی هەشتەمین خولی فیستیڤاڵی نێودەوڵەتیی فیلمی ئەبووزەبی، لە هۆڵی کۆشکی ئیماڕات لە شاری ئەبووزەبی لە وڵاتی ئیماڕاتبەسەر هونەرمەندانی سەرکەوتوودا دابەشکرا.

 

ئەندامانی لێژنەی دادوەرانی بەشی پێشبڕکێی فیلمە ئیماڕاتییەکانی هەشتەمین خولی فیستیڤاڵی نێودەوڵەتیی فیلمی ئەبووزەبی، کە بریتی بوون لە: "فەرید بێنل یەزید" ـ سەرۆکی دەستەی دادوەران لە وڵاتی مۆراکۆ، "ئیبراهیم ئەلحەساوی" ـ ئەکتەر و سیناریۆنووس لە وڵاتی سعوودییە، "فاتیمە ئەلریمەیهی" ـ بەرهەمهێنەر و دەرهێنەر لە وڵاتی قەتەر، "عەبدوڵڵا ساڵح" ـ ئەکتەر و دەرهێنەر لە وڵاتی ئیماڕات و "هیشام زەمان" ـ دەرهێنەر لە وڵاتی نەرویج، دوای بینین و هەڵسەنگاندنیی فیلمەکانی ئەم بەشەی فیستیڤاڵ، خەڵاتی نەقدی و تەندیسی مرواریی ڕەشیان بە سینەماکارانی براوەی بەشە جۆراوجۆرەکان فیستیڤاڵ پێشکەش کرد، لەوانە: بەشی "پێشبڕکێی کورتە فیلمە چیرۆکییەکان"، بەشی "پێشبڕکێی کورتە فیلمە چیرۆکییەکانی قوتابیانی سینەما"، بەشی "پێشبڕکێی کورتە فیلمە دیکۆمێنتارییەکان" و بەشی "پێشبڕکێی کورتە فیلمە دیکۆمێنتارییەکانی قوتابیانی سینەما".

هەر لەم فیستیڤاڵەدا فیلمی سینەمایی "بیرەوەرییەکانی سەر بەرد" Memories On Ston نوێترین بەرهەمی "شەوکەت ئەمین کورکی" بە نوێنەرایەتیی لە هەرێمی کوردستان و بە ئامادەبوونی ئەم سینەماکارە کوردە، بەرهەمهێنەر و سیناریۆنووسی کورد "مەمەد ئەکتاش" و "ئەیووب ڕەمەزان" بەڕێوەبەری گشتیی ڕۆشنبیری و هونەری پارێزگای دهۆک، لە بەشی پێشبڕکێی سەرەکیی هەشتەمین خولی فیستیڤاڵی نێودەوڵەتیی فیلمی ئەبووزەبی چووە سەر پەردەی سینەماکان و توانی خەڵاتی مرواریی ڕەشی باشترین فیلمی جیهانی عەڕەبی ئەم فیستیڤاڵە بەدەستبێنێت.

 

"شەوکەت ئەمین" دوای وەرگرتنی خەڵاتی مرواریی ڕەشی فیستیڤاڵی نێودەوڵەتیی فیلمی ئەبووزەبی، لە وتووێژ لەگەڵ دەزگاکانی ڕاگەیاندنی عەڕەبییدا ئەم خەڵاتەی پێشکەش کرد بە یادەوەری شەهیدان و قوربانیانی شەڕ دژی گرووپی تیرۆریستی داعیش و بە تایبەت منداڵانی شەهید و قوربانی ئەم کارەساتە و هەروەها خۆڕاگریی خەڵکی کوردستان بەرانبەر بە داعیش.

هەشتەمین خولی فیستیڤاڵی نێودەوڵەتی فیلمی ئەبووزەبی بە بەڕێوەبەرایەتیی "عەلی ئەلجابری" و بە نمایشی 197 فیلم لە سینەماکارانی 61 وڵاتی جۆراوجۆری جیهان لە چەندین بەشی پێشبڕکێی و دەرەوەی پێشبڕکێی، لەوانە: بەشی "پێشبڕکێی سەرەکیی"، بەشی پێشبڕکێی "ئاسۆی نوێی"، بەشی پێشبڕکێی "فیلمە بڵیندە دیکۆمێنتارییەکان"، بەشی "نمایشی سینەمای جیهان"، بەشی پێشبڕکێی "کورتە فیلمە چیرۆکی و دیکۆمێنتارییەکان"، بەشی پێشبڕکێی "فیلمە ئیماڕاتییەکان"، بەشی پێشبڕکێی "چاودێری لە منداڵان"، بەشی "نمایشی تایبەتی کۆمەڵە فیلمەکانی سینەماکاری ناوداری سینەمای جیهان فڕانسوا تڕۆفۆ" و بەشی "نمایشی فیلمە کلاسیکییەکان" لە ڕۆژانی 23ی تەشرینی یەکەم / ئۆکتۆبەر تا 1ی تەشرینی دووەم / نۆڤەمبەری 2014 لە هۆڵی گەورەی کۆشکی ئیماڕات و هەروەها ناوەندی سینەمایی "مارینا ماڵ" لە شاری ئەبووزەبی لە وڵاتی ئیماڕات بەڕێوەچوو.

 

 

 

 

 

 

 

Read کد خبر: 938

هەواڵی زیاتر لە تویتەر

راپۆرتە پڕ بینەرەکان

حالت های رنگی