سەرۆكی هەرێمی كوردستان لەگەڵ سەرۆكی دەستەی ئەركانی هاوبەشی سوپای ئەمەریكا كۆبۆیەوە

  • شەممە, 15 ت دووەم 2014

ئێوارەی ئەمڕۆ شەممە 15ـی 11ـی 2014 لە شاری هەولێر بەڕێز مەسعود بارزانی سەرۆكی هەرێمی كوردستان پێشوازی لە جەنەڕاڵ مارتین دەمبسی سەرۆكی دەستەی ئەركانی هاوبەشی سوپای ئەمەریكا و شاندێكی یاوەری كرد كە لە ستیوارت جۆنز باڵیۆزی ئەمەریكا لە عێراق و ژمارەیەك پلەدار و ڕاوێژكاری سیاسی و سەربازیی سوپای ئەمەریكا پێكهاتبوون.

لە كۆبوونەوەكەدا كە مەسرور بارزانی ڕاوێژكاری ئەنجوومەنی ئاساییشی هەرێم و مستەفا سەید قادر وەزیری پێشمەرگە و كەریم شنگالی وەزیری ناوخۆ و فەریق شێروان و جەبار یاوەر ئەندامانی فەرماندەیی گشتیی هێزەكانی پاراستنی هەرێم ئامادە بوون، سەرۆكی دەستەی ئەركانی هاوبەشی سوپای ئەمەریكا سوپاسی سەرۆك بارزانی كرد بۆ ڕەخساندنی ئەم دیدارە و خۆشحاڵیی خۆیشی نیشاندا بەوەی كە هەماهەنگیی نێوان پێشمەرگە و هێزە هاوپەیمانەكان بە باشی بەڕێوە دەچێت و جەختیشی لەوە كردەوە كە هێزە هاوپەیمانەكان بەردەوام دەبن لە پاڵپشتیكردنی پێشمەرگە و مەشقپێكردنیان و هەروەها وەشاندنی گورزی ئاسمانی لە تیرۆریستان لە هەر شوێنێك كە پێویست بكات. سەرۆكی دەستەی ئەركانی هاوبەشی سوپای ئەمەریكا سەركەوتنەكانی ئەم دواییەی هێزی پێشمەرگەی بەرز نرخاند و پێزانینی بۆ ڕۆڵی پێشمەرگە لە شەڕی دژی تیرۆردا هەبوو و سەرەخۆشیشی لە خانەوادە و كەسوكاری ئەو پێشمەرگانە كرد كە لە شەڕی تیرۆریستاندا شەهید بوونە و گیانی خۆیان بەخت كردووە. لە بەشێكی دیكەی قسەكانیدا سەرۆكی دەستەی ئەركانی هاوبەشی سوپای ئەمەریكا ئەوەی دووپاتكردەوە كە وڵاتەكەی و هێزە هاوپەیمانەكان لەشەڕی دژی داعشدا پشت بە ستراتیژییەكی هەمەلایەنەی ڕوون دەبەستێت. سەرۆكی دەستەی ئەركانی هاوبەشی سوپای ئەمەریكا ڕایگەیاند كە ئامانجی سەردانەكەیشی بۆ هەولێر لەنزیكەوە ئاگاداربوونە لە بارودۆخی مەیدانی و هەروەها گوێگرتنە لە پێشنیار و ئامۆژگاری و بۆچوونەكانی سەرۆك بارزانی لەبارەی چۆنییەتیی بەردەوامبوون لە لێدان و لەناوبردنی تیرۆریستانی داعش. هەروەها ئەوەیشی بە سەرۆك بارزانی ڕاگەیاند كە هێزە هاوپەیمانەكان هەموو تێبینییەكانی هەرێمی كوردستان و پێداویستییەكانی پێشمەرگە بە جدی وەردەگرن و كار بۆ دابینكردنی دەكەن.

لە بەرانبەردا سەرۆك بارزانی بەگەرمی بەخێرهاتنی جەنەڕاڵ مارتین دەمبسی و شاندی یاوەری كرد و سوپاس و پێزانینی خۆیشی بۆ پاڵپشتی و ڕۆڵی ئەمەریكا و هاوپەیمانان دووپاتكردەوە كە هاوكارییەكانیان لە شەڕی دژی داعش كاریگەر بووە. سەرۆك بارزانی لە گوتەیەكدا بە وردی تیشكی خستە سەر بارودۆخی مەیدانیی بەرەكانی ڕووبەڕووبوونەوەی تیرۆریستان و باسی لە چۆنییەتیی تێكشكانی تیرۆریستانی داعش لەسەر دەستی هێزی پێشمەرگە كرد و ئاماژەی بەوەدا سەرباری ئەوەی هێزی پێشمەرگە ئابڵۆقەی لەسەر بوو، بە ئیمكانیاتێكی كەم توانی هێرشی ڕێكخراوێكی تیرۆریستی ڕابگرێت كە چەكی پێشكەوتوو و ئیمكانیاتی دوو دەوڵەتی كەوتبوو دەست. سەرۆك بارزانی ئەوەیشی خستەڕوو كە هێزی پێشمەرگە زۆر خێرا توانی هێرشی داعش ڕابگرێ و خۆی بكەوێتە هەڵوێستی هێرشبردن و لە زۆر شوێن تێكیانبشكێنن. سەرۆك بارزانی ئەوەیشی دووپات كردەوە كە هەموو قوربانییەك دەدەین بۆ ئەوەی تیرۆریستان لە وڵاتی خۆمان وەدەربنێین و هەموو بستێكی كوردستان لە چنگی تیرۆریستان ئازاد دەكەین. لە درێژەی قسەكانیدا سەرۆك بارزانی هێمای بەوەدا كە شەڕی تیرۆر تەنیا ڕەهەندی سەربازی نییە بەڵكو پێویستە لەڕووی فكری و سیاسی و ئابووریشەوە ڕووبەڕوویان ببینەوە. ئەوەیشی بە پێویست زانی كە هیچ پەناگەیەك نابێ لە عێراق و سووریا و هیچ شوێنێكی دی بۆ تیرۆریستان بمێنێت. سەرۆك بارزانی دەستخۆشیشی لە هێزی پێشمەرگە و هێزە هاوپەیمانەكان كرد كە تا ئێستا تەنانەت یەك شوێنی مەدەنییش نەكراوەتە ئامانج و هەماهەنگی و هێرشەكان بە پڵانی ڕێكوپێك بەڕێوە دەچێت.

هەر لەم كۆبوونەوەیە چۆنییەتیی هەماهەنگیی نێوان هێزی پێشمەرگە و هێزەكانی عێراق خرایە بەر باس و هەردوولا دووپاتیان كردەوە كە پێویستە بەغدا لە یارمەتیدانی هێزی پێشمەرگە جدی بێت و ئەرك و پابەندبوونەكانی جێبەجێ بكات. لە بەشێكی دیكەی ئەم كۆبوونەوەیەدا قسە لەبارەی بارودۆخی كۆبانێ و چوونی پێشمەرگە بۆ كۆبانێ كرا و هەردوولا جەختیان لەسەر پاراستنی كۆبانێ و پاڵپشتیكردنی ئەو هێزەی پێشمەرگە كردەوە كە ئێستا لە كۆبانێ بەشداری شەڕی دژی داعشن.

Read کد خبر: 928

هەواڵی زیاتر لە تویتەر

راپۆرتە پڕ بینەرەکان

حالت های رنگی