جەبار یاوەر: مەشقی هاوپەیمانان بۆ پێشمەرگە بەردەوامە وپێویستیمان بەچەکی پێشکەوتووە

  • سێ شەممە, 21 ت یەکەم 2014

فەریق جەبار یاوەر، ئەمینداری گشتی وەزارەتی پێشمەرگە وگوتەبێژی هێزە چەکدارەکانی کوردستان، دووپاتیکردەوە ئەو چەک وتەقەمەنیانەی بۆ پێشمەرگە هاتوون لەسەر داوای وەزارەتی پێشمەرگە وهێزی پێشمەرگەی کوردستانەوە هاتوون. هەروەها گوتی زۆربەی ئەو چەکەی بەدەستی پێشمەرگەوەیە "چەکی رۆژهەڵاتین وپێشکەوتوو نین وپێشمەرگە پێویستی بەچەکی زیاترە وئێستاش هەندێک چەک گەیشتوونەتە دەستی پێشمەرگە ولەسەر دەستی ئەمەریکا ووڵاتانی هاوپەیمان مەشقی لەسەر دەکەن." دووپاتیشیکردەوە کە هێشتا "چەکی قورس ومۆدێرن نەگەیشتۆتە دەستی پێشمەرگە بەڵام ئەوەی لەبەردەستە هۆکارێکی سەرەکی بوو بۆ ئەو سەرکەوتنانەی پێشمەرگە تۆماری کرد".

 

فەریق جەبار یاوەر لەدیمانەیەکی تایبەت بە ماڵپەڕی حکومەتی هەرێمی کوردستان رایگەیاند، پاڵپشتیکردنی کوردستان لەلایەن ئەمەریکا ووڵاتانی هاوپەیمانانەوە هاوکێشەکەی گۆڕی و وایکرد "بارودۆخەکە لە بەرگری نێگەتیڤانەوە بۆ هێرشی پۆزەتیڤانە بگۆڕدرێت وپێشمەرگە ئێستا خۆی بۆ هێرشبردن دەستپێشخەرە".

 

فەریق جەبار یاوەر رەتیکردەوە کاتێکی دیاریکراو بۆ شەڕی دژی تیرۆر دابنێت ونیشانیدا "دیاریکردنی کاتی تەواوبوونی ئەم شەڕە زەحمەتە بەوپێیەی ئەم مەسەلەیە تەنها لە کوردستاندا نیە وشەڕی تیرۆر شەڕێکی جیهانیە وهەموو وڵاتانی جیهان ئێستا لەو بارودۆخەدان، ئاماژەی بەوەشدا لە کوردستان ولە عیراق ئەم شەڕە کاتی زۆری دەوێ".

 

هەروەها هۆکاری هێرشە چڕەکانی ئەم رۆژانەی دوایی داعشی بۆ کەشوهەوای ئەم چەند رۆژەی بۆ ئەوە گەڕاندەوە کە بەهۆی "بارینی بارانێکی زۆرەوە فرۆکەکانی وڵاتانی هاوپەیمان پرۆسەی سەربازیان ئەنجام نەداوە ئەمەش بووە دەرفەتێک بۆ چەکدارانی رێکخراوی داعش بۆ هێرشکردنە سەر پێشمەرگە بەتایبەتی لە میحوەرەکانی شنگار وچیای زەرتک وگوێڕ وقەرەتەپە ولە زۆربەی ئەو هێرشانەش تێکشکاوە وپێشمەرگە نەیهێشتوە بێنە پێشەوە ورێگەی لێگرتوون".

 

هاوکات ئەوەی نەشاردەوە کە چەکدارانی داعش هێز وتەقەمەنی زۆریان هەیە وتوانیویانە شوێنێکی زۆر داگیر بکەن "بەسوود وەرگرتن لەو چەکانەی کە لەسوپای عیراقەوە بۆیان ماوەتەوە دوای جێهێشتنی شوێنەکانیان ئەمە جگە لە سوود وەرگرتن لەو پاڵپشتیەی لە سوریا لێیان دەکرێت کە توانایەکی باشی پێداون بۆ هێرشکردن وشەڕی یەکجاری کە ناکرێ بەیەک شەڕ وبەیەک جار ئەو شوێنانەی داگیریان کردوون رزگار بکرێت". دووپاتیشیکردەوە سیاسەتی حکومەتی هەرێمی کوردستان دووپات لەسەر رزگارکردنی تێکڕای ئەو شوێنانە دەکاتەوە کە تیرۆریستانی داعش داگیریان کردوون بەکەمترین زەرەر.

 

جەختی لەسەر ئەوەش کردەوە کە ناکرێ هەرێمی کوردستان دراوسێیەکی تیرۆریستی هەبێت ودەستەوەستان بوەستێت، ووتی کە ئەم مەسەلەیە "پێویستی بە هەماهەنگی تەواوی نێوان حکومەتی هەرێمی کوردستان وحکومەتی فیدرالی عیراقە".

 

گوتەبێژی هێزە چەکدارەکانی هەرێم دووپاتیکردەوە کە حکومەتی هەرێمی کوردستان ئامادەیە بۆ رۆڵگێڕان لەچارەسەرکردنی هەر کێشەیەک وبۆ هەماهەنگی لەگەڵ حکومەتی عیراق بۆ شەڕی تیرۆر "دوای فەرمانی سەرۆکی هەرێمی کوردستان وەکو سەرۆکی هێزی چەکدار".

 

هەروەها باسی لەوەشکرد دەزگاکانی هەواڵگری سەر بەوەزارەتی پێشمەرگە ودەزگاکانی ئاسایش ودژەتیرۆر "رۆڵی باشیان لەئاشکراکردنی هاوکارانی داعش گێڕاوە کە رێخۆشکەر بوونە بۆ هاتنە ناوەوەی گرووپەکانیان بەتایبەتی لەناوچە کوردستانیەکانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێم ونیشانیدا بەشێک لەو هۆزە عەرەبانەی لەو ناوچانە دا هەن بوونەتە بەشێک لەداعش ودووپاتیشیکردەوە هێزی پێشمەرگە مامەڵەی داعشیان لەگەڵدا دەکات جا لەهەر نەتەوە وئایین وتایفەیەکدا بن" .

 

یاوەر ئاماژەی بەوەدا هەرێمی کوردستان هیچ جیاوازیەک لەنێوان شەڕی تیرۆر لەشنگار وسەعدیە وجەلەولا لەگەڵ کۆبانێدا ناکات لەبەر ئەوەی شەڕەکە لەکۆبانێ "هەمان هەڕەشە وهەمان ئامانجی لەلای تیرۆریستان هەیە و دووپاتیکردەوە "هەرێمی کوردستان وەکو ئەرکێکی نەتەوەیی ومرۆیی بەباشی زانی بەشێک لەو چەک وتەقەمەنیانەی کە هەیبووە بیداتە شەڕڤانانی ئەم دەڤەرە وحکومەتی هەرێم لەیەکەمین رۆژی هەڕەشەکردن لەکۆبانێ هەوڵی خۆی داوە بۆ گەیاندنی چەک وتەقەمەنی وگەیاندنی پێشمەرگەش بۆ ئەم ناوچەیە بەهەماهەنگیکردن لەگەڵ حکومەتی تورکیا تا لە ئەنجامدا لەڕێگەی فڕۆکە ئەمەریکیەکانەوە گەیەندرایە کۆبانێ".

 

رونیشیکردەوە کە ئەو چەکانەی گەیشتونەتە کۆبانێ "ئەوانە نین کە ئەمەریکا وهاوپەیمانان بۆ پێشمەرگەی ناردوون چونکە مەرجی ناردنی چەکی هاوپەیمانان بۆ هەرێمی کوردستان ئەوەیە " کە تەنها لەهەرێمی کوردستان بەکار بهێندرێت، بەڵکو ئەو چەکانەن کە پێشمەرگە هەیبووە وئەم کۆمەکە کار وئەرکێکی حکومی بوو بەناوی وەزارەتی پێشمەرگەی حکومەتی هەرێمی کوردستان".

 

هەروەها فەریق جەبار یاوەر باسی لەوەکرد کە بەپێی بڕگەی پێنجەمی ماددەی 121ی دەستووری عیراق ماف بە هەرێمی کوردستان دراوە هێزی پۆلیس وئاسایش وپاراستنی هەرێمی هەبێت وهێزی پێشمەرگە "بەشێکە لەسیستەمی بەرگری عیراق نەوەکو بەشێک لەوەزارەتی بەرگری عیراق وئەم هێزانە لەژێر فەرماندەیی سەرۆکی هەرێمی کوردستان دەجوڵێنەوە وئەم پرسەش تاوەکو ئێستا بەهەڵواسراوی لەنێوان هەرێم وبەغدا ماوەتەوە، بەو هیوایەی بەهاتنەکایەی حکومەتی تازە ئەم مەسەلەیە چارەسەر بکرێت".

 

 

 

 

Read کد خبر: 872

هەواڵی زیاتر لە تویتەر

راپۆرتە پڕ بینەرەکان

حالت های رنگی