سه‌رۆكی په‌رله‌مان پێشوازی لێ كرد کونسوڵی بەریتانیا: لەخۆشی و ناخۆشیدا پشتیوانی هەرێمی کوردستان دەبین

  • دوو شەممە, 18 ئاب 2014

د.یوسف محمد سادق سه‌رۆكی په‌رله‌مان رایگه‌یاند: هیوادارین حکومەتی بەریتانیا، هاوکاری هەرێمی کوردستان بکات، لە بواری سەربازی و مرۆیی و خزمەتگوزارییدا، بەتایبەتیش فریاکەوتنی خێرا بۆ ئاوارەکان دابین بکات، بۆ ئەو مەبەستەش پەرلەمان لەماوەی ڕابردوودا نوێنەر و کونسوڵگەریی وڵاتانی لە کارەساتی ژیانی ئاوارەکان ئاگادارکردووەتەوە.

ئەم وتانەی د.یوسف محەمەد سادق سەرۆکی پەرلەمان لەمیانی پێشوازیکردن بوو لە (ئەنکس مەکی) کونسوڵی بەریتانیا لە هەرێمی کوردستان. کە نیوەڕۆی ئەمڕۆ دوو شەممە ١٨ ئاب سەردانی پەرلەمانی کوردستانی کرد.
لە دیدارێکدا سەرۆکی پەرلەمان تیشکێکی خێرای خستە سەر ڕەوشی ژیانی ئاوارەکان بە گشتی و ئاوارەکانی ناوچەکانی گەرمیان بە تایبەتی، کە دوێنێ لە سەردانێکی مەیدانیدا ئاوارەکان و هێزی پێشمەرگە و بەرپرسانی ئیداریی ئەو ناوچەیەی بەسەر کردەوە.
لە بارەی ژیانی ئاوارەکانەوە، سەرۆکی پەرلەمان وتی "ئاوارەکان لە ناوچەکانی گەرمیان لە ژیانێکی خراپدان، هیوادارین حکومەتی بەریتانیا لەڕووی خزمەتگووزاری و هاوکاریی مرۆییەوە هاوکاریمان بکات بۆ کردنەوەی کەمپی تایبەت بۆ ئەو ئاوارانە.
لەبارەی ڕەوشی ژیانی پێشمەرگەشە، سەرۆکی پەرلەمان وتی "پێشمەرگەی کوردستان  ئێستا پارێزەری ماڵ و خاکی کوردستانن، بۆیە یەکێک لە بڕیارەکانی پەرلەمان بۆ حکومەتی هەرێم  باشکردنی ژیان و گوزەرانی هێزی پێشمەرگەیە، داواکارین بەریتانیاش لەڕووی سەربازی و لۆجستییەوە هاوکاری هێزی پێشمەرگەی کوردستان بکات.
لەبەرامبەردا، (ئەنکس مەکی) کونسوڵی بەریتانیا لە هەرێمی کوردستان سوپاسی سەرۆکی پەرلەمانی کرد بۆ پێدانی ئەو زانیارییانە لەبارەی پێشمەرگەو ئاوارەکانەوە، چالاکی و بەدواداچوونەکانی پەرلەمانی کوردستانی لەبارەی رووداوەکانی ئەم دوایەی کوردستان بەرز نرخاند، لەبارەی هەڵوێستی فەرمی حکومەتی بەریتانیاش لەوبارەیەوە، ئەنکس مەکی وتی " بەریتانیا لەخۆشی و ناخۆشیدا پشتیوانی هەرێمی کوردستان دەکات، بارودۆخی ئاوارەکانیش بۆ ئێمە مایەی نیگەرانییە و هیوادارین نزیکبوونەوەو هاوکاری حکومەتی هەرێم و ناوەند کۆتایی بێنێت بە ڕەوشی ژیانی ئاوارەکانی کوردستان.

 

 

 

 

Read کد خبر: 756

هەواڵی زیاتر لە تویتەر

راپۆرتە پڕ بینەرەکان

حالت های رنگی