قوباد تاڵەبانى پشتیوانی حکومەتی هەرێم بۆ قەزای دووز خورماتو دووپاتدەکاتەوە

  • دوو شەممە, 04 ئاب 2014

بۆ لەنزیکەوە بەئاگابوون لەکێشەو کەم و کوڕى و رەوشى ئەمنى قەزاى دووزخورماتوو، قوباد تاڵەبانى جێگرى سەرۆکى حکوومەتى هەرێمى کوردستان پێشوازى لە وەفدێکى باڵا بەسەرپەرشتى شەلال عبدول قائیمقام و بەیاوەرى نوێنەرى سەرجەم لایەنە کوردستانیەکانى قەزاى دوزخوورماتوو کرد.

لە کۆبونەوەیەکدا، قائیمقامى دووزخورماتوو و نوێنەرى لایەنە سیاسییەکان، پشتیوانى خۆیان بۆ حکوومەتى هەرێمى کوردستان و هێزى پێشمەرگەى کوردستان دەربڕى، کە رۆڵى سەرەکیان لەپاراستنى ناوچە کوردستانییەکان بینیوە و هەروەها باسیان لە رەوشى ئەمنى و کێشەو کەم و کوڕییەکانى قەزاى دووزخورماتوو کرد و پاشان باسیان لەو بۆشاییە ئیدارییە کرد، کەبەهۆى شەرەکانى ئەم دوایە و گرووپە توندرەوەکان دروست بوونە.

وەفدەکە داواو خواستەکانى خەڵکى دووزخوورماتوویان گەیاندە جێگرى سەرۆکى حکومەت و هیوایان خواست  ئەوەى لەتوانادایە بۆ خەڵکى دووزخورماتوو بکرێت و هەرچى زووە قەزاى دووزخورماتوو بگەریێتەوە سەر پارێزگاى کەرکوک، چونکە ناوچەیەکى کوردستانیە و لە ساڵانى حەفتاکانەوە بەبڕیارێکى ناتەندروست خراوەتەسەر پارێزگاى سەلاحەددین. ئێستا بەکۆى دەنگى ئەندامانى ئەنجومەنى قەزاى دووزخورماتوو و تەواوى لایەنە سیاسیەکان داوا دەکەن قەزاکەیان بگەرێتەوە سەر پارێزگاى کەرکوک.

دواتر قوباد تاڵەبانى، نیشانیدا حكومەت هەرگیز قەزاى دووزخورماتوومان لەبیرنەکردوەو هەمیشە هێزى پێشمەرگەى کوردستان و هێزەکانى بەرگرى و هێزەکانى تر، پاڵپشت و پشتیوانتان بوونەو دەبێت. هەروەها جێگرى سەرۆکى حکوومەتى هەرێمى کوردستان رایگەیاند، داواکاریەکانتیان بەهەند وەردەگرین و لەنزیکەوە دیراسەى دەکەین و هەولى جێبەجێ کردنییان دەدەین.

 

 

 

 

Read کد خبر: 685

هەواڵی زیاتر لە تویتەر

راپۆرتە پڕ بینەرەکان

حالت های رنگی