بەرپرسی پەیوەندیەكانی دەرەوە پێشوازی كرد لە بەڕێوەبەری پەیمانگای ئەڵمانی بۆ كاروباری نێودەوڵەتی و ئاسایش

  • سێ شەممە, 01 نیسان 2014

ئەمڕۆ د. ڤۆڵكیر پێرس بەڕێوەبەری پەیمانگای ئەڵمانی بۆ كاروباری نێودەوڵەتی و ئاسایش بە یاوەری ئەلفرێد سیمس-پرۆتز كونسوڵی گشتی ئەڵمانیا لە هەولێر سەردانی فەرمانگەی پەیوەندیەكانی دەرەوەی كرد و لە لایەن فەلاح مستەفا بەرپرسی پەیوەندیەكانی دەرەوەی حكومەت و بە ئامادەبوونی خاتوو سهام جەبەلی یاریدەدەری بەرپرسی فەرمانگە پێشوازیان لێ‌ كرا.

بەرپرسی پەیوەندیەكانی دەرەوە باسی لە قۆناغەكانی پێشكەوتن و پرۆسەی دیموكراسی و حوكمڕانی لە هەرێمی كوردستان لە دوای راپەڕینی ساڵی 1991 تاوەكو ئێستا كردو گووتی لەدوای راپەڕین لەگەڵ ئەوەی گەلی كوردستان پشتیوانی نێودەوڵەتی ئەوتۆی نەبوو بەڵام هەڵبژاردنی ئەنجامداو دواتر حكومەتی خۆی دامەزراند. هاوكات تیشكی خستەسەر بارودۆخی سیاسی و ئاسایشی هەنوكەیی لە هەرێمی كوردستان و عێراق.

هەروەها باسی لە پەیوەندیەكانی نێوان هەولێر و بەغداو كێشەكانی نێوانیان كرد. لەم بارەیەشەوە بەرپرسی پەیوەندیەكانی دەرەوە روونی كردەوە كە حكومەتی هەرێم لەگەڵ دیالۆگ و لێك تێگەیشتنی هاوبەشە بۆ چارەسەركردنی گرفتەكان بەڵام لە پیادەكردنی مافە دەستوریەكاندا هەرێمی كوردستان پاشەكشە ناكات و لە پێشكەوتنەكانی بەردەوام دەبێت.

هەر لە دیدارەكەدا فەلاح مستەفا باسی لە پەیوەندیەكانی حكومەتی هەرێم لەگەڵ كۆمەڵگای نێودەوڵەتی بە تایبەتی لەگەڵ وڵاتانی دراوسێی هەرێم كردو گووتی هەرێمی كوردستان لەسەر بنەمای دۆستایەتی و هاوكاری سیاسەتی پەرەپێدانی پەیوەندیەكانی لەگەڵ كۆمەڵگای نیۆدەوڵەتی بەڕێوە دەبات، لەم رووەشەوە لە هەوڵەكانی بۆ فراوانكردنی پەیوەندیەكانی لەگەڵ وڵاتان بەردەوامە.

لە بەشێكی دیكەی دیدارەكەدا باس لە بەردەوامی قەیرانی سوریا و رەوشی مرۆیی و كاریگەریەكانی لەسەر هەرێمی كوردستان و لەسەر تەواوی ناوچەكە لەڕووی ئاسایش و ئابووری و مرۆییەوە كرا. هەروەها باس لە بەردەوامی هاتنی ئاوارەكانی ئەو وڵاتە بۆ هەرێم كراو لەم رووەشەوە زیادكردنی هاوكاریەكان لە لایەن كۆمەڵگای نێودەوڵەتی بۆ ئەم ئاوارانەو بۆ كەمكردنەوەی كێشەو گرفتەكانیان بە پێویست زانرا.

لەبارەی پەیوەندیەكانی نێوان هەرێمی كوردستان و ئەڵمانیا، فەلاح مستەفا خۆشحاڵی خۆی بۆ بەرەوپێشچوونی پەیوەندیەكانی نێوان هەردوولا دەربڕی و وێڕای سوپاسگوزاریان بۆ هەوڵەكانی كونسوڵگەری گشتی ئەڵمانیا لە هەولێر بۆ بەرەوپێشبردنی ئەم پەیوەندیانە، هاوكات هیوای خواست سەردانەكانی نێوان هەردوولا لە ئاستی باڵادا بەردەوامیان هەبێت و زیاتر بكرێت بۆ بەرەوپێشتربردنی ئەم پەیوەندیانە لەبوارە جیاجیاكانی سیاسی و ئابووری و بازرگانی و كەلتوری.

 

 

  • سێ شەممە, 01 نیسان 2014

 

 

 

Read کد خبر: 477

هەواڵی زیاتر لە تویتەر

راپۆرتە پڕ بینەرەکان

حالت های رنگی