فەلاح مستەفا لەماوەی سەردانە فەرمیەكەیدا چەندین سەردان و دیدارو كۆبوونەوەی لە برۆكسل ئەنجامدا

  • شەممە, 22 شوبات 2014

فەلاح مستەفا بەرپرسی پەیوەندیەكانی دەرەوەی حكومەت لە میانەی سەردانە فەرمیەكەیدا بۆ برۆكسل سەردانی نووسینگەی یەكێتی ئەوروپا، پەرلەمانی ئەوروپا، و نوێنەرایەتی حكومەتی هەرێم لە برۆكسل كرد. هاوكات بەشداریان كرد لە كۆنفرانسی مافی مرۆڤ لە عێراق لە پەرلەمانی ئەوروپا. لە ماوەی سەردانەكەشدا دلاوەر ئاژگەیی نوێنەری حكومەتی هەرێم لە یەكێتی ئەوروپا یاوەریان بوو.

لە سەردانەكەیدا بۆ بارەگای سەرەكی یەكێتی ئەوروپا، بەرپرسی پەیوەندیەكانی دەرەوە لەگەڵ گرووپێك لە بەرپرسانی دامەزراوەی خزمەتگووزاری كاری دەرەوەی ئەوروپا (European External Action Service) كۆبووەوە، كە لە لایەن كریستیان بێرگر بەڕێوەبەری باكوری ئەفریقا، رۆژهەڵاتی ناوەڕاست، دورگەی عەرەب، عێراق و ئێران سەرۆكایەتی دەكرا.

هەردوولا گفتوگۆیان كرد دەربارەی چەند پرسێكی سیاسی و ئاسایش لە عێراق و هەرێمی كوردستان، هەروەها باساین لەو رێگایانە كرد كە یارمەتیدەر دەبێت بۆ پەرەپێدانی پەیوەندیەكانی نێوان هەرێمی كوردستان و یەكێتی ئەوروپا.

بەرپرسی پەیوەندیەكانی دەرەوە تیشكی خستە سەر گرینگی لەكاتی خۆیدا ئەنجامدانی ئەو هەڵبژاردنە پەرلەمانیەی كە بڕیارە لە 30/4/2014 لە عێراق ئەنجام بدرێت، لەم رووەوە گووتی گرینگە بۆ كۆمەڵگای نێودەوڵەتی لە ناویشیاندا یەكێتی ئەوروپا كە كاربكەن بۆ دەستەبەر كردنی دوانەخستنی هەڵبژاردنەكان لە عێراق.

لە دیدارەكەدا باس كرا لە كێشەكانی هەرێم لەگەڵ بەغدا و هەروەها گرێبەستی نەوت لەگەڵ توركیا و هاوكات نەناردنی بودجە لەلایەن حكومەتی فیدڕاڵەوە بۆ هەرێم. هەر لەمیانەی ئەم گفتوگۆیانەدا و لەسەرەتای سەردانەكەیەوە بۆ برۆكسل، فەلاح مستەفا جەختی لەوە كردەوە كە گرینگە یەكێتی ئەوروپا ئامادەیی لە هەرێمی كوردستان هەبێت، چونكە تاوەكو ئێستا هەرێمی كوردستان هیچ سوودێكی لە رێكەوتنامەكانی نێوان عێراق و یەكێتی ئەوروپا نەكردووە.

لە وەڵامی پرسیارێكی بێرگردا دەربارەی دۆخی سوریا لەڕووی مرۆییەوە كە تاوەكو ئێستا یەكێتی ئەوروپا زۆرترین هاوكاری لە مێژووی خۆیدا بۆ ئەم پرسە پێشكەش كردووە، بەرپرسی پەیوەندیەكانی دەرەوە تیشكی خستەسەر ژمارەی ئاوارە سووریەكان لە هەرێم  و ئەو پێداویستیانەی كە هەیانە، هاوكات هیوای خواست كە كۆمەڵگای نێودەوڵەتی هاوكاری زیاتر پێشكەشی ئەم ئاوارانە لە هەرێم بكات.

هەر لە میانەی سەردانەكەیدا بۆ برۆكسل، فەلاح مسەفا لەگەڵ چارلس تانۆك ئەندامی پەرلەمانی ئەوروپا و وتەبێژی كاروباری دەرەوەی پارێزگارەكان لە پەرلەمانی ئەوروپا كۆبووەوە.

لە دیدارەكەدا بەرپرسی پەیوەندیەكانی دەرەوە تیشكی خستەسەر پێشكەوتنە سیاسیەكان لە هەرێم و هەروەها باسی لە پەیوەندیەكانی نێوان هەولێر و بەغدا كرد. لەم رووە گووتی ئێمە حەزدەكەین نزیكبوونەوەی زیاتر لە لایەن پەرلەمانی ئەوروپاوە هەبێت بۆ ئەوەی یارمەتی عێراق بدەن تاوەكو لەسەر رێڕەوێكی راست بڕوات. هاوكات هیوای خواست كە گرووپێكی تایبەت بە هاوڕیانی كورد لە پەرلەمانی ئەوروپا دابمەزرێت كە كاریگەر دەبێت بۆ پەرەپێدانی پەیوەندیەكانی نێوان هەردوولا.

بۆ ئەم مەبەستەش چارلس تانۆك گووتی كە پشتیوانی بەهێزی پێشنیارێكی لەم شێوەیە دەبێت و هەروەها گووتی كە كوردستان وەك یەكێك لە باسە دەگمەنەكانی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست دەبینێت. گووتیشی شاراوە نیە كە لە ئێستادا كوردستان ناوچەیەكی ئارامە لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا بۆ كەمینەكان و هەروەها بۆ ئەو عێراقیانەی كە بەدەست توندوتیژیەكانەوە دەناڵێنن لە بەشەكانی دیكەی عێراق.

لە كۆتایی ئەم دیدارەدا بەرپرسی پەیوەندیەكانی دەرەوە باسی لە دوایین پەرەسەندنەكانی قەیرانی سووریا لەڕووی ئابووری و سیاسی كرد، هەروەها تیشكیان خستەسەر ئەو گرفتە مرۆییانەی كە بەهۆی ئەم قەیرانەوە سەری هەڵداوە. لەم رووەشەوە هیوای خواست كە پەرلەمانی ئەوروپا هاوكاری پێشكەشی ئاوارەكانی سوریا لە هەرێم بكات بە مەبەستی كەمكردنەوەی ئەو كێشە و گرفتانەی كە لە ژیانی ئاوارەییدا رووبەڕوویان بووەتەوە. سەبارەت بە پرسی پێشكەوتنی پەیوەندیەكانی هەرێم لەگەڵ توركیا فەلاح مستەفا گووتی كە پێشكەوتنی ئەم پەیوەندیە لە بەرژەوەندی هەردوولا دایە.

لەلایەكی دیكەوە هەر لە سەردانەكەیدا بۆ برۆكسل، فەلاح مستەفا لە سەردانێكدا بۆ ئۆفیسی نوێنەرایەتی حكومەتی هەرێمی كوردستان لە یەكێتی ئەوروپا، لە لایەن دلاوەر ئاژگەیی نوێنەری حكومەتی هەرێم لە برۆكسل پێشوازی لێكراو هاوكات لەگەڵ كارمەندانی ئەو نوێنەرایەتیە كۆبووەوە.

لەم دیدارەدا بەرپرسی پەیوەندیەكانی دەرەوە تیشكی خستە سەر چەند پرسێكی هەنووكەیی لە هەرێمی كوردستان و باسی لە دوایین ئەنجامەكانی پرسی پێكهێنانی كابینەی نوێی حكومەت كرد. پاشان تیشكی خستەسەر هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق كە بڕیارە لەماوەی چەند مانگی داهاتوو ئەنجام بدرێت. هاوكات باسیان لە قەیرانی سوریا و دۆخی مرۆیی ئاوارەكانی سوریا و هەروەها ئەو عێراقیانەی كە بەهۆی زیادبوونی توندوتیژیەكانەوە لە ئەنبار و بەشەكانی دیكەی عێراق شوێنەكانی خۆیان بەجێهێشتووە و روویان لە هەرێم كردووە كرد. هەر لەم دیدارەدا باس لە كێشەكانی نێوان هەولێر و بەغدا و دوایین گفتوگۆكانی نێوان هەردوولا بۆ چارەسەركردنی كێشەكان كرا.

فەلاح مستەفا بەرپرسی پەیوەندیەكانی دەرەوەی حكومەتی هەرێم سوپاسی نوێنەرایەتی حكومەتی هەرێم لە برۆكسل و كارمەندانی ئەو نوێنەرایەتیە كرد بۆ هەوڵ ماندووبوونەكانیان بۆ ناساندنی سیاسەتەكانی حكومەتی هەرێم بە یەكێتی ئەوروپا. هاوكات هیوای سەركەوتن لە كارەكان و بەردەوامی لە هەوڵەكانیانی بۆ خواستن بە مەبەستی پەرەپێدان و پتەوكردنی پەیوەندیەكانی نێوان هەرێمی كوردستان و یەكێتی ئەوروپا و پەرلەمانی ئەوروپا و هەروەها لەگەڵ حكومەتی بەلجیكا. هاوكات داوای كرد كە لە هەوڵەكانیان بەردەوام بن بۆ بە جینۆساید ناساندنی ئەو تاوانانەی كە رژێمی پێشووی عێراق دژی گەلی كوردستان ئەنجامی داوە.

 

 

 

 

 

 

 

 

Read کد خبر: 379

هەواڵی زیاتر لە تویتەر

راپۆرتە پڕ بینەرەکان

حالت های رنگی