كیرى به‌رده‌وامیى هاوكارییه‌كانى ئه‌مه‌ریكاى بۆ هه‌رێمى كوردستان دووپات كرده‌وه‌

  • هەینی, 08 نیسان 2016

پاشنیوەڕۆی ئەمڕۆ هەینی 8 - 4 - 2016 بەڕێز نێچیرڤان بارزانی سەرۆك وەزیرانی هەرێمی كوردستان و شاندێكی یاوەری كە لە بەڕێزان قوباد تاڵەبانی جێگری سەرۆك وەزیران و فوئاد حوسێن سەرۆكی دیوانی سەرۆكایەتیی هەرێمی كوردستان و سەفین دزەیی وتەبێژی فەرمیی حكوومەتی هەرێمی كوردستان پێكهاتبوو، بە یاوریی بەڕێز كونسوڵی ئەمەریكا لە هەولێر،  به‌ سەردانێك گه‌یشته‌ بەغدا.

له‌ سه‌ره‌تاى سه‌ردانه‌كه‌یدا لەگەڵ بەرێز جۆن كیری؛ وەزیری دەرەوەی ئەمەریكا و ژمارەیەك لە بەرپرسان و دیپلۆماتكارانی ئەمەریكا كۆبووەوە. لە كۆبوونەوەكەدا بارودۆخی ناوچەكە و قەیرانی دارایی كە ڕووبەڕووی عێراق بەگشتی و هەرێمی كوردستان بەتایبەتی بووەتەوە و ڕەوشی ئەمنیی ناوچەكە و شەڕی دژی تیرۆرستانی داعش و هەنگاوەكانی داهاتووی نێوان بەغدا و هەولێر و هاوپەیمانان بۆ ئازادكردنی شاری مووسڵ لە دەستی تیرۆر و پەیوەندییە دووقۆڵییەكانی نێوان ئەمەریكا و هەرێمی كوردستان، خرانە بەر باس و گفتوگۆ.

هەردوولا جەختیان لە پتەوتركردنی پیوەندییە دووقۆڵییەكانی نێوان هەرێمی كوردستان و ئەمەریكا لە بوارە جیاجیاكاندا كردەوە و بەڕێز جۆن كیری؛ وەزیری دەرەوەی ئەمەریكا ئامادەییی وڵاتەكەی دەربڕی كە هاوكاریی عێراق و هەرێمی كوردستان بەتایبەتی بكات بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی قەیرانی دارایی. هەروەك بەردەوامیی هاوكارییەكانی وڵاتەكەی بۆ هێزی پێشمەرگە دەربڕی لە شەڕی دژى تیرۆردا و لەمبارەیەشەوە ڕۆڵی خەڵك و حكوومەت و هێزی پێشمەرگەی لە وەستاندنی مەترسیی تیرۆر و سەركەوتنە بەردوامەكانی پێشمەرگە بەسەر تیرۆرستانی داعشدا بەرز نرخاند.

هەروەها ڕۆڵی هاوپەیمانان لە شەڕی دژی تیرۆرستانى داعش بەگشتی و ئەمەریكا بەتایبەتی و هاوكارییە سەربازی و مرۆییەكانیان بۆ هەرێمی كوردستان و پێشمەرگە و تاوتوێكردنی چەند بابەتێكی دیكەی پەیوەندیدار، لایەنێكی دیكەی كۆبوونەوەكە بوو.

Read کد خبر: 1819

هەواڵی زیاتر لە تویتەر

راپۆرتە پڕ بینەرەکان

حالت های رنگی