نێچیرڤان بارزانی و باڵیۆزی ڕووسیا ڕەوشی ناوچەكە و هەرێمی كوردستان تاوتوێ دەكەن

  • چوار شەممە, 16 ئازار 2016

دوای بەشداریكردنی لە ڕێوڕەسمی كردنەوەی دیداری سلێمانی، نیوەڕۆی ئەمڕۆ چوارشەممە 16 - 3 - 2016 بەرێز نێچیرڤان بارزانی سەرۆك وەزیرانی هەرێمی كوردستان، لە شاری سلێمانی پێشوزای لە بەڕێز ئیلی مۆرگانۆڤ باڵیۆزی ڕووسیای فیدرال لە عێراق و شاندێكی یاوەری كرد كە لە كونسولی گشتیی ڕووسیای فیدرال لە هەرێمی كوردستان و چەند بەرپرسیارێكی دیكە پێكهاتبوو.

لە دیدارەكەدا دوایین پێشهاتەكانی شەڕی دژی تیرۆر لە هەرێمی كوردستان و عێراق و سووریا تاوتوێ كرا و تیشك خرایە سەر كاریگەریی ئەو شەڕە لەسەر ئێستا و داهاتووی ناوچەكە بە گشتی.

هەر لە دیدارەكەدا بەڕێز سەرۆك وەزیرانی هەرێمی كوردستان سوپاسی ڕووسیای فیدرالی كرد بۆ ئەو هاوكارییە سەربازییەی وڵاتەكەیان كە چەند ڕۆژی ڕابردوو گەیشتە هەرێمی كوردستان و دووپاتی كردەوە كە هەرێمی كوردستان خوازیاری بەرەوپێشبردنی پەیوەندییەكانییەتی لەگەڵ ڕووسیای فیدرال. جەختی لەوەش كردەوە كە بۆ شكاندنی تیرۆرستانی داعش لە كوردستان و ناوچەكە، پێشمەرگە پێویستی بە هاوكارییی بەردەوامیی كۆمەڵگەی نێودەوڵەتی هەیە.

 



لە بەشێكی دیكەی دیدارەكەدا باس لە پەیوەندییەكانی نێوان هەرێمی كوردستان و حكوومەتی عێراقی فیدرال كرا و تیشك خرایە سەر كێشە هەڵواسراوەكانی نێوان هەولێر و بەغدا. لەمبارەیەشەوە بەرێز سەرۆك وەزیرانی هەرێمی كوردستان دووپاتی كردەوە كە هەرێمی كوردستان وەك هەمیشە خوازیارە هەموو كێشە و ناكۆكییەكانی لە ڕێگەی گفتوگۆ و لێكگەیشتنەوە لەگەڵ حكوومەتی عێراقی فیدرال چارەسەر بكات و هەر بەم ڕێگەیەش بیر لە شێوازێكی دیكەی پەیوەندی لە نێوان هەردوولادا بكرێتەوە، چونكە شێوازی پەیوەندیی پێشتری هەولێر و بەغدا شكستی هێناوە و سەركەوتوو نەبووە.

لای خۆیەوە بەرێز باڵیۆزی ڕووسیای فیدرال خۆشحاڵیی خۆی بە سەردانی هەرێمی كوردستان و دیداری لەگەل بەڕێز سەرۆك وەزیرانی هەرێمی كوردستانی دەربڕی، هەروەها پشتگیریی ڕووسیای فیدرالی بۆ هەرێمی كوردستان لە شەڕی دژی داعشدا دووپات كردەوە و هیوای سەركەوتنی بۆ پێشمەرگە و كوردستان لەو شەڕەدا خواست.

 

Read کد خبر: 1806

هەواڵی زیاتر لە تویتەر

راپۆرتە پڕ بینەرەکان

حالت های رنگی