پەیامی سه‌رۆک بارزانی به بۆنه‌ی هاتنەوەی جه‌ژنی لە دایكبوونی حەزرەتی مەسیح

  • پێنج شەممە, 24 ک یەکەم 2015

بە ناوی خوای مەزن و دلۆڤان

بە بۆنەی هاتنەوەی جەژنی لە دایكبوونی حەزرەتی مەسیح (سڵاوی خوای لێ‌ بێت)، گەرمترین پیرۆزبایی ئاراستەی سەرجەم خۆشك و برایانی خۆشەویستی مەسیحی لە كوردستان و عێراق و جیهان دەكەم و هیوای جەژنێكی پڕ لە شادییان بۆ دەخوازم.

ئێستا كە عێراق و ناوچەكەمان لەژێر هەڕەشەی تیرۆر و توندڕۆیی دایە یەکێک لە ئەرکە سەرەکییەکانی هەموو لایەكمان پاراستنی پێکەوەژیان و تەبایی پێکهاتە جیاجیا ئایینی و نەتەوەییەکانە و نابێ ڕێگە بدرێت لەژێر هیچ پاساوێکدا ئەو تەبایی و پێکەوەژیانە تێکبدرێت.

بەداخەوە لەم ساڵانەی دواییدا خوشک و برایانی مەسیحی لە عێراقدا کەوتنە بەر هەڕەشە و نکۆڵیکاری، و لە ئەنجامی هێرشی دڕندانەی داعش شوێنە مێژووییەكان و شار و گوند و ناوچەكانی خوشك و برا مەسیحییەكانمان لە پارێزگای نەینەوا كەوتنە ژێر داگیركاریی تیرۆریستان.

سوپاس بۆ خودا لەسەر دەستی پێشمەرگە، تیرۆیستان تووشی شكستی گەورە هاتوون و پشت بە خوای مەزن شكستی یەكجارەكیان نزیكە و خوشك و برا مەسیحییەكانمان بە سەربەرزی دەگەڕێنەوە شوێنەكانیان. پێویستە دوای داعش ڕێوشوێنی وا بگیرێتە بەر كە چیتر كارەساتەكان دووبارە نەبنەوە و هەموو لایەك بە ئاشتی لەتەك یەكتردا بژیین. تاوان و دڕندەیی داعش دەبێ زیاتر هانمان بدات دەست بە بەها مرۆڤییەكانی گەلی كوردستان بە هەموو پێكهاتەكانیانەوە بگرین. خوشك و برا مەسیحییەكان لەوە دڵنیا دەكەمەوە كە كوردستان وڵاتی خۆیانە و گەلی كوردستان پاڵپشتی ئەوانە و دەبێ هەموومان بەیەكەوە بە سەربەستی و ئازادی بژیین.

هیوادارم ئه‌م جه‌ژنه‌ ببێته‌ مایه‌ی خێر و بەختەوەری بۆ ئێوە و هەموو ساڵێک لە سایەی ئارامی و ئازادیدا جەژنەکانتان پیرۆز بکەن.

مسعود بارزانی

سەرۆكی هەرێمی كوردستان

24ـی 12ـی 2015

Read کد خبر: 1745

هەواڵی زیاتر لە تویتەر

راپۆرتە پڕ بینەرەکان

حالت های رنگی