"نێچیرڤان بارزانی" چاوی له‌ فیلمی سینەمایی "بیرەوەرییەکانی سەر بەرد" کرد

مەنسوور جیھانی  ـ   "نێچیرڤان بارزانی" سەرۆک وەزیرانی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان لە سێیەمین خولی فیستیڤاڵی نێودەوڵەتی فیلمی "دھۆک" چاوی له‌ فیلمی سینەمایی "بیرەوەرییەکانی سەر بەرد" لە دەرھێنانی "شەوکەت ئەمین کورکی" کرد.

سێیەمین خولی فیستیڤاڵی نێودەوڵەتی فیلمی "دھۆک"Duhokبە نمایشی فیلمی سینەمایی "بیرەوەرییەکانی سەر بەرد"Memories On Stonلە دەرھێنانی سینەماکاری کورد "شەوکەت ئەمین کورکی" و لە بەرھەمھێنانی "مەمەد ئەکتاش" فیلمی ھەڵبژاردەی وڵاتی عێراق بە ھەشتا و ھەشتەمین خولی ڕێوڕەسمی خەڵاتە سینەماییەکانی ئاکادیمیای ئۆسکار لە ساڵی ٢٠١٦ لە وڵاتی ئەمەریکا بە ئادەبوونی "نێچیرڤان بارزانی" سەرۆک وەزیرانی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان لە ڕێوڕەسمی دەسپێکی ئەم فیستیڤاڵە و لە بەشی پێشبڕکێی "سینەمای کوردیی" ئەم فیستیڤاڵە و لە ڕۆژی ڕێزلێنانی سینەماکاری ناوداری کورد "یەڵماز گونای" دەرھێنەری براوەی چڵە بەڕووی فیستیڤاڵی نێودەوڵەتی فیلمی "کان" لە وڵاتی فەڕەنسا لە ساڵ ١٩٨٢ لە ھۆڵی "کۆنگرە"ی زانکۆی شاری دھۆک لە ھەرێمی کوردستان دەستی پێکرد.

"نێچیرڤان بارزانی" سەرۆک وەزیرانی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان جگە لە بەخێرھێنانی بەشدار و میوانانی فیستیڤاڵ بە گشتی و بە تایبەتی ئەوانەی لە ژمارەیەکی زۆری وڵاتانی جیھانەوە ھاتوون، دووپاتی کردەوە کە بەشداریان پشتگیرییەکی گەورەیە بۆ خەڵکی کوردستان کە لەبەرامبەر ھێزی تاریکپەرست وەستاوە و بەرگریی لە باوەڕ و پرنسیپەکانی مرۆڤایەتی و جیھانی شارستانی دەکات و ھیوای خواست لەکاتی گەڕانەوەیاندا ببنە دەنگ و باڵیۆز بۆ کوردستان.

ھەروەک بە پشتگیرییەکی گەورەی بۆ خەڵکی بادینان بە شێوەیەکی گشتی زانی کە بەوپەڕی مرۆڤدۆستییەوە پێشوازیان لە زیاتر لە ملیۆنێک و پێنجسەد ھەزار ئاوارە و پەنابەری دەستی تیرۆر لە ھەموو پێکھاتە نەتەوەیی و ئایینییەکان کردووە و بە ھەموو شێوەیەک جێگەی حەوانەوەیان بۆ دابین کردووە.

ئەوەیشی خستەڕوو: گەلی کوردستان گەلێکی ژیان دۆست و مرۆڤ دۆستە و تەنیا لە کاتە زۆر سەختەکانیشدا ئەم سیمایەی خۆی پاراستووە. گەر ناچاربووبێت بە دەستێک چەک ھەڵگرێت بەمەبەستی خۆپاراستن، بەردەوام بە دەستەکەی دیکە داھێنانی کردووە و ھەوڵی داوە لە جیھانی ئەدەبیات و ھوونەر و وەرزش و ھەموو بوارەکانی دیکە پاشنەکەوێت و حکوومەتی ھەرێمی کوردستانیش بەردەوام لە ھەوڵی ئەوەدا بووە ئەم بوارانە پێشبکەوێت و ببێتە خاوەنی بەرھەمێک لە ئاستی بەرھەمە جیھانییەکان.

بارزانی ھەر لە گوتەکەیدا باسی لە گرنگی و کاریگەریی سینەما کرد کە بەھۆی بارودۆخی کوردستان شانسێکی وا بۆ ئەو ھونەرە لە کوردستان دروست نەبووە و لەبەر پێویستی بوارەکانی دیکەی ژیانی خەڵکی کوردستان، حکوومەت ناچاربووە وەک پێویست گرنگی بە ھونەری سینەما نەدات، بەڵام لەگەڵ ئەمەشدا ھەر لەگەڵ دامەزراندنی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان و بەگوێرەی ئەو توانایەی کە ھەیە، حکوومەت ھەوڵی داوە گرنگی بەو ھونەرە گەورەیە بدات و پشتگیریی کارە سینەماییەکان بکات و ھونەرمەند و سینەماکارانی کوردستانیش شاھێدی ئەم قسەیەن ئەمە جگە لەوەی بەشداری ژمارەیەک لەو بەرھەمانە لە ڤیستیڤاڵە جیھانییەکاندا و بەدەستھێنانی خەڵاتی گەورە، بەڵگەیەکی دیکەی پشتگیریی حکوومەتی ھەرێمی کوردستانە بۆ کار و بەرھەمە سینەماییەکان.

سەرۆکی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان ھەر لەسەر گرنگیی ڕۆڵی سینەما، ئاماژەی بەوە دا کە سینەما دەنگی زۆرێک لە گەلانی مافخوراوی جیھانی گەیاندوە و بەسەرھاتەکانی گەلی کوردستانیش ماددەی زۆر باش و بەھاداری ھونەری سینەمایین، گەر وەک گەلانی دیکەی جیھان گەلی کورد شانسی ھەبا و بارودۆخەکەی ھاوکار با، ئێستا بە سەدان و ھەزاران لە چیرۆکەکانی گەلی کورد وەک ڕاپەڕین و شۆڕشە دێرینەکانی کوردستان، ئەنفال و کیمیاباران، داستان و قارەمانێتییەکانی ھێزی پێشمەرگە، کۆچکردن و ئاوارەبوون، چیرۆکی خۆشەویشتی، چیرۆکی ھەر خوشکێکی ئێزدی کە لەلایەن تیرۆرستانەوە ڕفێتنراون و بەسەرھاتی ئالانی جوانەمەرگ، بابەتی گەلێک لە شاکارە سینەماییەکانی جیھان دەبوون.

گوتیشی: بەردەوامی ئەم ڤیستیڤاڵە لە دھۆک لە بارودۆخی ئەمڕۆی ھەرێمی کوردستان کە بە ژمارەیەک کێشە و قەیرانی سیاسی و ئابووری و دارایی تێدەپەڕێت و شەڕێکی گران بەسەر کوردستاندا سەپێنراوە، جێگەی خۆشحاڵییە و بەڵگەیەکی حاشا ھەڵنەگریشە کە گەلی کوردستان سەرەڕای ھەموو سەختییەکان، گەلێکی زیندووە و دەستبەرداری پێشکەوتن و خۆشەویستی بۆ ژیان نابێت.

"نێچیرڤان بارزانی" لە کۆتایی گوتەکەیدا ھیوای سەرکەوتنی بۆ سێیەمین خولی فیستیڤاڵی نێودەوڵەتی فیلمی "دھۆک" خواست و ھەروەک ھیوای خواست بارودۆخەکە باشتر ببێت بۆئەوەی چ وەک حکوومەت یان کەرتی تایبەت، زیاتر گرنگی بەو ھونەرە گەورەیە بدەن.

لە سێیەمین خولی فیستیڤاڵی نێودەوڵەتی فیلمی "دھۆک" کۆمەڵێک فیلم لە سینەماکارانی وڵاتانی ئەڵمانیا، فەڕەنسا، تورکیا، ئێران، ئیسپانیا، ئەمەریکا، پورتوگاڵ، ڕۆمانیا، ئەڕژەنتین، شیلی، کرۆواسیا، کێنیا، کەنەدا، کووبا، بێلارووس، بۆسنی و ھێرزێگۆڤین، ڕووسیا، بەریتانیا، نۆڕوێژ، پۆڵەندا، دانیمارک، ئەفریقیای باشوور، مووریتانی، کۆماریی دۆمێنیکەن، ئیتاڵیا، لوبنان و ھەروەھا ھەرێمی کوردستان بۆ ماوەی ٨ رۆژ نمایشکران. لە دەسپێکی نمایشی ھەر فیلمێکدا سەرەتا ستافی ئامادەبووی ئەم فیلمە لەبەرچاوی کامێڕاکانی دەزگاکانی ڕاگەیاندندا بەسەر مافوورەی سووری ئەم فیستیڤاڵەدا تێدەپەڕین و پاشان نمایشی ھەر فیلمێک کۆڕی ڕەخنە و ھەڵسەنگاندن لە لایەن کارناسی کۆڕەکە و ھەروەھا بینەرانەوە بەڕێوەدەچوو.

لە بەشی پێشبڕکێی "سینەمای کوردیی" سێیەمین خولی فیستیڤاڵی نێودەوڵەتی فیلمی "دھۆک"بێجگە لە فیلمی سینەمایی "بیرەوەرییەکانی سەر بەرد" لە دەرھێنانی "شەوکەت ئەمین کورکی" چەندین فیلمی دیکە لە سینەماکاری کورد نمایشکران، ھەندێک لەو فیلمە کوردیانەی کە لەم بەشەی فیستیڤاڵەدا نمایشکران بریتین لە: "نامەیەک بۆ پاشا" لە دەرھێنانی "ھیشام زەمان"، فیلمی سینەمایی "سەمای ئەسپەکان" لە دەرھێنانی "سەردار خەلیل"، فیلمی سینەمایی "ماڵئاوا دیجیتاڵ" لە دەرھێنانی "ھیوا ئەمین نژاد" و چەندین فیلمی سینەمایی دیکە.

ئەندامانی لێژنەی دادوەرانی بەشی پێشبڕکێی "سینەمای کوردیی" سێیەمین خولی فیستیڤاڵی نێودەوڵەتی فیلمی "دھۆک" بریتین لە: سەرۆکی لێژنەی ناوبژیوان "ئان دێمی گێرۆ" Anne Démy-Geroe  مامۆستای زانکۆ، شارەزا لە بواری سینەما و بەرپرسی ھونەریی خەڵاتەکانی ئیسکرین "ئاسیا پەسیفیک" ASIA PACIFIC ناسراو بە "ئۆسکاری ئاسیا" APSA  و چەندین فیستیڤاڵی سینەمایی دیکە لە وڵاتی ئۆستوڕاڵیا، "مارینا کابا ڕاڵ" Marina Caba Rall  دەرھێنەر و ڕۆژنامەنووس لە ئیسپانیا، سینەماکاری ناوداری کورد "عەلی بەدرخان" دەرھێنەر لە وڵاتی میسر، "گیبلیا دووبرێ" Giulia Dobre ڕەخنەگری سینەما و مامۆستای زانکۆ لە وڵاتی ڕۆمانیا و ھەروەھا نووسەر و ڕۆمانووسی کورد "عەتا نەھایی" لە وڵاتی ئێران.

ئەندامانی لێژنەی دادوەرانی بەشی پێشبڕکێی "سینەمای جیھان"ی ئەم فیستیڤاڵەش بریتین لە: سەرۆکی لێژنەی ناوبژیوان "وێرنێر رۆزیکا" Werner Ruzicka بەرپرسی فیستیڤاڵی نێودەوڵەتی فیلمی "دۆیسبۆرگ" Duisburg و مامۆستای زانکۆ لە ئەڵمانیا، "فرێدی ئۆلسۆن" Freddy Olson بەرھەمھێنەر و بەرنامەداڕێژی فیستیڤاڵەکان لە سوید، "عایشە پۆلات" Ayse Polat نووسەر و دەرھێنەر لە ئەڵمانیا، "جانی بوردایس" Jany Bourdais بەرپرسی ئەنستیتۆی فەڕەنسی لە ھەولێر لە فەڕەنسا و "سوپۆم سوھن" Soopum Sohn دەرھێنەر و مامۆستای زانکۆ لە ئەمەریکا.

ھەروەھا ئەندامانی لێژنەی دادوەرانی بەشی پێشبڕکێی کورتە فیلمەکانی سێیەمین خولی فیستیڤاڵی نێودەوڵەتی فیلمی "دھۆک" بریتین لە: سەرۆکی لێژنەی ناوبژیوان "پیتێر ئوت" Peter Ott نووسەر و دەرھێنەر لە ئەڵمانیا، "پیتێر بۆی" Peter Boe بەرھەمھێنەر و دەرھێنەر لە نۆڕوێژ، "سەھیم عومەر خەلیفە" Sahim Omar Kalifa نووسەر و دەرھێنەر لە ھەرێمی کوردستان و بەلژیکا، "بنویسە بریڤان" Binevsa Berivan دەرھێنەر لە بەلژیکا و "دیمیتری گلۆبنیچی" Dmitriy Golubnichiy بەرھەمھێنەر لە ڕووسیا.

یەکێک لە خاڵە بەرچاوەکانی ئەم خولەی فیستیڤاڵی نێودەوڵەتی فیلمی "دھۆک"، نمایشی بەرھەمە بەرچاوەکانی ئەمساڵ و ساڵی پاری سینەمای جیھان بوون کە ھەڵگریی خەڵاتە گرینگەکانی سینەمابوون لەوانە: ئۆسکار، گۆلدێن گلۆب، بەڕلینالە، ڤێنیز و ... کە لە بەشی پێشبڕکێی "سینەمای جیھان" نمایشکران، لەوانە: فیلمە سینەماییەکانی "ئایدا" IDA لە پۆڵەندا، "لۆڤیاتان" Leviathan لە ڕووسیا، "مەدیتەرانە" Meditteranea لە ئیتاڵیا، ئەمەریکا و فەڕەنسا، "تیمبۆکتۆ" Timbuktu لە موریتانی، "ئفریم!" Aferim! لە ڕۆمانیا، "سیواس" لە تورکیا و چەندین بەرھەمی دیکە.

 

فیستیڤاڵی نێونەتەوەیی فیلمی دھۆک لە لایەن بەڕێوەبەرایەتی گشتیی ھونەریی سینەمای دھۆک سەر بە وەزارەتی رۆشنبیری و لاوانی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان و بە بەڕێوەبەریی ھونەریی "مەمەد ئەکتاش" و بە بەشداریی بەرھەمی وڵاتانی ئەڵمانیا، فەڕەنسا، تورکیا، ئێران، ئیسپانیا، ئەمەریکا، پورتوگاڵ، ڕۆمانیا، ئەڕژەنتین، شیلی، کرۆواسیا، کێنیا، کەنەدا، کووبا، بێلارووس، بۆسنی و ھێرزێگۆڤین، ڕووسیا، بەریتانیا، نۆڕوێژ، پۆڵەندا، دانیمارک، ئەفریقیای باشوور، مووریتانی، کۆماریی دۆمێنیکەن، ئیتاڵیا، لوبنان و ھەروەھا ھەرێمی کوردستان لە ھۆڵی کۆنگرێسی زانکۆی شاری دھۆک و هه‌روه‌ها سێ هۆڵی سینه‌مایی ناوه‌ندی "مازی مۆڵ" لە شاری دھۆکلە ھەرێمی کوردستان بەڕێوەدەچێت.

Read کد خبر: 1677

هەواڵی زیاتر لە تویتەر

راپۆرتە پڕ بینەرەکان

حالت های رنگی