كۆنگرێسی ئەمەریكا كار بۆ بەجینۆسایدناساندنی نەهامەتییەكانی ئێزیدی و كرستیانەكان دەكات

  • شەممە, 07 ت دووەم 2015

ئێوارەی ڕۆژی شەممە 7/11/2015 بەڕێز نێچیرڤان بارزانی سەرۆك وەزیرانی هەرێمی كوردستان، پێشوازی لە شاندێكی كۆنگرێسی ئەمەریكا بە سەرۆكایەتیی كۆنگرێسمانان دانا رۆهربێچەر و ستیڤ كینگ، كرد.

لە دیدارێكدا شاندی میوان سوپاس و پێزانینی خۆیان بۆ خەڵك و حكوومەت و پێشمەرگەی كوردستان دەربڕی بۆ خۆڕاگرییان لە بەرامبەر تیرۆر و كێشەی بڕینی بودجە لە لایەن بەغداوە و پێشوازیكردن لە ژمارەیەكی زۆری ئاوارە و پەنابەرانی دەستی تیرۆر و هاوكارییكردنیان، لەمبارەیەشەوە سوپاسگوزاریی خەڵكی ئەمەریكایان بۆ هێزی پێشمەرگە و خەڵك و حكوومەتی هەرێمی كوردستان پیشان دا.

دووپاتیشیان كردەوە كە لای خۆیانەوە هەوڵ دەدەن كۆمەڵگەی نێودەوڵەتی بە گشتی و بە تایبەتی ئەمەریكا لە پێشكەشكردنی هاوكاریی سەربازی بۆ هێزی پێشمەرگە بەردەوام بن. هەروەها ئاشكرایان كرد كە ئەوان ڕەشنووسی پڕۆژەیاسایەكیان پێشكەش بە كۆنگرێسی وڵاتەكەیان كردووە بۆ ئەوەی ئەو كارەساتە گەورەیەی بەسەر ئێزدییەكان و كرستیانەكان هاتووە، وەك جینۆساید بناسێنرێ.

 

لای خۆیەوە بەڕێز سەرۆك وەزیرانی هەرێمی كوردستان سوپاسی هەڵوێستی شاندی میوان و وڵاتانی بەشدار لە هاوپەیمانیی دژی تیرۆرستانی داعش بە گشتی و ئەمەریكا بە تایبەتی  كرد، كە لەگەڵ هێرش و هەڕەشەی داعش هاوكاریی هێزی پێشمەرگەیان كرد، بەڵام بۆ بنبڕكردنی یەكجاریی ئەم مەترسییە پێشمەرگە پێویستی بە ڕاهێنان و چەكی زیاتر و نوێتر هەیە و هیوای خواست هاوكاریی زیاتری هێزی پێشمەرگە و خەڵكی كوردستان بكرێت، چونكە تەنیا پێشمەرگەیە لەسەر ئەرزی واقع شكستی بە گشت پیلانەكانی تیرۆرستان هێناوە.

هەروەها دەستخۆشی لە ڕەشنووسی پڕۆژەیاسای بەجینۆسایدناساندنی ئەو كارەساتانەی بەسەر ئێزدی و كرستیانەكان هاتوون، كرد و ئاماژەی بەوە دا ئەمە یەكێكە لە داخوازە هەرە سەرەكییەكانی حكوومەتی هەرێمی كوردستان. هەروەك جەختی لە بەردەوامیی پاراستن و هاوكاریكردنی هەموو ئەو ئاوارە و پەنابەرانە كردەوە كە لە ترسی تیرۆر ڕوویان لە هەرێمی كوردستان كردووە، بەڵام بە هۆی قەیرانی داراییەوە حكوومەتی هەرێمی كوردستان پێویستی بە پشتگیری و هاوكاریی نێودەوڵەتی هەیە بۆ ئەوەی خزمەتی زیاتریان پێشكەش بكرێت.

تاوتوێكردنی پەیوەندییەكانی نێوان هەرێمی كوردستان و وڵاتانی ناوچەكە و بە تایبەتی پەیوەندییەكانی نێوان هەولێر و بەغدا، لایەنێكی دیكەی دیدارەكە بوو.

 

 

Read کد خبر: 1671

هەواڵی زیاتر لە تویتەر

راپۆرتە پڕ بینەرەکان

حالت های رنگی