"ماڵ و کلیل"ی "شوان عەتووف" ١٣ھەمین خەڵاتی جیھانی بەدەستھێنا

مەنسوور جیھانی  ـ   کورتە فیلمی "ماڵ و کلیل" لە دەرھێنانی سینەماکاری کورد "شوان عەتووف" خەڵاتی باشترین فیلمی فیستیڤاڵی نێودەوڵەتیی فیلمی "ھونەری سینەما" لە ئیتاڵیای بەدەستھێنا.

کورتە فیلمی چیرۆکی "ماڵ و کلیل" Home And Key لە نووسین و دەرھێنانی "شوان عەتووف" لە نوێترین بەشداری نێونەتەوەیی خۆیدا و بە ئامادەبوونی ئەم سینەماکارە کوردە کاتژمێر ٥ی دوانیوەڕۆی ڕۆژی ١٧ تەشرینی یەکەم / ئۆکتۆبەری ٢٠١٥ لە بەشی پێشبڕکێی سەرەکیی چواردەیەمین خولی فیستیڤاڵی نێودەوڵەتیی فیلمی "ھونەری سینەما" Del Cinema D’Arteلە شاری میلان لە وڵاتی ئیتاڵیا نمایشکرا و لە لایەین ئەندامانی لێژنەی دادوەرانەوە خەڵاتی باشترین فیلمی ئەم فیستیڤاڵەی پێبەخشرا و توانی سێزدەھەمین خەڵاتی نێودەوڵەتیی خۆی لە سەر ئاستی جیھان بەدەستبێنێت.

ڕێوڕەسمی کۆتایی چواردەیەمین خولی فیستیڤاڵی نێودەوڵەتیی فیلمی "ھونەری سینەما" بە ئامادەبوونی "ئێلیسیۆ بۆنی" Alessio Boni ئەکتەری ناوداری ئیتاڵی ڕۆژی ١٨ تەشرینی یەکەم / ئۆکتۆبەری ٢٠١٥ لە ھۆڵی "سپاسیۆ ئۆپێڕان" لە شاری میلان لە وڵاتی ئیتاڵیا بەڕێوەچوو و خەڵاتی باشترین فیلمی ئەم فیستیڤاڵە لە لایەن خاتوو "دۆکاریسیا کاپلینی" بەرپرسی فەرھەنگ و ھونەریی ھەرێمی "لۆمباردیا" لە باکووری ئیتاڵیا بە سینەماکاری کورد "شوان عەتووف" دەرھێنەری کورتە فیلمی "ماڵ و کلیل" بەخشرا و ھەروەھا خەڵاتی نووسینگەی نوێنەرایەتیی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان لە ئیتاڵیا لە لایەن خاتوو "ڕێزان قادر" نوێنەری حکوومەتی ھەرێمی کوردستان لەم وڵاتە بە "شوان عەتووف" دەرھێنەری ئەم بەرھەمە کوردییە بەخشرا.

لە کۆتایی ئەم ڕێوڕەسمەدا، لە لایەن "ئاندریا پۆرگاتۆری" Andrea Purgatori نووسەر و ھونەرمەندی ناوداری ئیتاڵی و سەرۆکی لێژنەی دادوەرانی فیستیڤاڵی نێودەوڵەتیی فیلمی "ھونەری سینەما"، خوێندنەوەیەک بۆ کورتە فیلمی "ماڵ و کلیل" کرا و تیایدا باسی دیدی "شوان عەتووف"ی کرد بۆ شێوازیی پیشاندانی ئیستاتیکیانەی تراجیدیاکانی نەتەوەکەی.

فیستیڤاڵی نێودەوڵەتیی فیلمی "ھونەری سینەما" یەکێکە لە فیستیڤاڵە ھونەری و جیدییەکانی دونیا کە گرینگیی بە دیدی تایبەتی سینەماکاران و ھەروەھا بەرجەستەکردنیی

ڕۆڵی سینەما لە مێژووی ھاوچەرخ دەدات.

چواردەیەمین خولی ئەم فیستیڤاڵە بە نمایشی ٥٠ فیلم لە سینەماکارانی ٢١ وڵاتی جیھان لە بەشی پێشبڕکێی سەرەکی لە ڕۆژانی ١٤ تا ١٨ی تەشرینی یەکەم / ئۆکتۆبەری ٢٠١٥ لە ھۆڵی "سپاسیۆ ئۆپێڕان" لە شاری میلان لە وڵاتی ئیتاڵیا بەڕێوەچوو.

کورتە فیلمی "ماڵ و کلیل" کە بەرھەمی بەڕێوەبەرایەتی ھونەری سینەمای سلێمانییە و لە لایەن کۆمپانیای "ئای لۆف فیلم" لە باشووری کوردستان و وڵاتی بەریتانیا لە ئاستی دنیادا بڵاودەبێتەوە، تا ئێستا لە ٥٣ فیستیڤاڵی جۆراوجۆر لە ئاستی جیھان نمایشکراوە و ١٣ خەڵاتی گرینگی نێودەوڵەتیی بەدەستھێناوە، لە دوایین بەشداری نێودەوڵەتی خۆیدا بە ئامادەبوونی "شوان عەتووف" لە بەشی پێشبڕکێی "فیلمە کۆمەڵایەتییەکان" لە دوازدەیەمین خولی فیستیڤاڵی نێودەوڵەتیی فیلمی "سێدیسیکۆرتۆ" Sedicicortoلە شاری فۆڕڵی لە وڵاتی ئیتاڵیا نمایشکرا و ئەم سینەماکارە کورد لە دوو کۆنگرەی ڕۆژنامەوانیدا لەسەر فیلمەکەی و سینەمای کوردیی ڕوونکردنەوەیدا و سەبارەت بەو تراجیدیایانەی کە بەسەر نوتەوەی کورددا ھاتووە و ھەروەھا سەختی بەرھەمھێنانی فیلم لە ھەرێمی کوردستان ھاتە ئاخاوتن.

ئەم فیستیڤاڵە بە نمایشی ٢٢٥ فیلم لە سینەماکارانی وڵاتانی جۆراوجۆری جیھان لە چەندین بەشی پێشبڕکێی، لەوانە: بەشی پێشبڕکێی "کورتە فیلمەکانی چیرۆکی و دیکۆمێنتاریی"، بەشی پێشبڕکێی "فیلمە ئەنیمەیشێنی و ئەزموونییەکان"، بەشی پێشبڕکێی "سینەمای نەتەوەیی"، بەشی پێشبڕکێی نێودەوڵەتیی "ئەنیمەیشێن بۆ منداڵان" و ھەروەھا بەشی "دەرەوەی پێشبڕکێی" لە ڕۆژانی ٨ تا ١٧ی تەشرینی یەکەم / ئۆکتۆبەری ٢٠١٥ لە شاری فۆڕڵی لە وڵاتی ئیتاڵیا بەڕێوەچوو.

 

بۆ زانیاریی زیاتر:

http://www.festivalcinemadarte.it/FCA%202015.html

http://oberdan.cinetecamilano.it/eventi/il-festival-del-cinema-darte/

http://www.sedicicorto.it/eng/selected/278-Home_&_Key.html

 

 

 

 

 

 

Read کد خبر: 1667

هەواڵی زیاتر لە تویتەر

راپۆرتە پڕ بینەرەکان

حالت های رنگی