سەرۆكی هەرێمی كوردستان پێشوازی لە نوێنەری تایبەتی سەرۆك ئۆباما دەكات

  • هەینی, 09 ت یەکەم 2015

ڕۆژی هەینی 9ـی 10ـی 2015 لە سەلاحەدین بەڕێز مەسعود بارزانی سەرۆكی هەرێمی كوردستان پێشوازی لە جۆن ئاڵێن نوێنەری تایبەتی سەرۆك ئۆباما لە هاوپەیمانێتیی نێودەوڵەتی دژی داعش و شاندێكی یاوەری كرد كە پێكهاتبوو لە ستیوارت جۆنز باڵیۆزی ئەمەریكا لە عێراق و ماتیاس میتمان كونسوڵی ئەمەریكا لە هەولێر و ژمارەیەك فەرماندە و ڕاوێژكاری سوپای ئەمەریكا.

لە دیدارەكەدا نوێنەری تایبەتی سەرۆك ئۆباما لە هاوپەیمانێتیی نێودەوڵەتی دژی داعش ڕایگەیاند كە هەر جارێك كە سەردانی كوردستان دەكات هەست بە قوربانیدان و دەستكەوتەكان و پێشڤەچوونی گەلی كوردستان دەكات و سەرەخۆشییشی لە سەرۆك بارزانی و كەسوكاری ئەو پێشمەرگانە كرد كە لەشەڕی تیرۆردا گیانی خۆیان فیدا كردووە و شەهید بوونە و هەروەها پیرۆزبایی لە سەرۆك بارزانی و هێزی پێشمەرگە كرد بەبۆنەی ئەو سەركەوتنانەی لە بەرەكانی شەڕ مسوگەریان كردووە.

هەر لەم كۆبوونەوەیەدا نوێنەری تایبەتی سەرۆك ئۆباما لە هاوپەیمانێتیی نێودەوڵەتی دژی داعش، بیروبۆچوونی وڵاتەكەی لەبارەی پێشهاتە سیاسی و ئەمنییەكانی ناوچەكە و سووریا و شەڕی تیرۆر و هەروەها گورزە سەربازییەكانی ڕووسیا بۆ سەرۆك بارزانی شی كردەوە و نیگەرانیی خۆیشی لە مەترسیی قووڵتربوونی گرفتەكان و دەستپێكردنی شەپۆڵێكی دیكەی ئاوارەكان نیشاندا.

لەبەرانبەردا سەرۆك بارزانی سوپاسی هەڵوێستی نوێنەری تایبەتی سەرۆك ئۆبامای كرد و خۆشحاڵیی خۆیشی نیشاندا كە هەماهەنگیی نێوان هێزەكانی هاوپەیمانان و پێشمەرگە لە ئاستێكی زۆر باش دایە و ئەنجامی باشی لێ دەكەوێتەوە. سەبارەت بە هێزی پێشمەرگەی كوردستانیش سەرۆك بارزانی ئەوەی بە شاندی میوان ڕاگەیاند كە لەدەستدانی قارەمانان كە بۆ پاراستنی وڵاتیان گیانیان فیدا دەكەن، خەسارتێكی گەورەیە. ئێستا هێزی پێشمەرگەی كوردستان بە ورەیەكی بەرزەوە بەرگری لە كوردستان دەكات. پەیوەست بە گۆڕانكارییە سیاسی و سەربازییەكانی ناوچەكە و دەستێوەردانی سەربازیی ڕووسیا سەرۆك بارزانی ئەوەی دووپاتكردەوە كە بوونی هەماهەنگیی نێوان ڕووسیا و وڵاتانی هاوپەیمان و لە شەڕی تیرۆریستاندا دەستكەوتی زۆر باشی دەبێت و ئەوەیشی ڕاگەیاند پێویستە ئەولەوییەتی هەموو لایەك بە پلەی یەكەم لێدان و لەناوبردنی داعش بێت ئەگینا تووشی هەڵەی گەورە دەبن.

لەبەشێكی دیكەی كۆبوونەوەكە بارودۆخی سیاسیی عێراق و هەروەها بارودۆخی مەیدانیی بەرەكانی شەڕی دژی تیرۆریستان و پێداویستییەكانی هێزی پێشمەرگە تاوتوێ كرا و شاندی میوان ئەوەی بە سەرۆك بارزانی ڕاگەیاندكە ئەمەریكا لە هەموو بارودۆخێكدا هاوكار و هاوپەیمانی هەرێمی كوردستانە و لە یارمەتیدانی هێزی پێشمەرگەیش بەردەوام دەبێت. 

جێگەی ئاماژەپێكردنە لەم كۆبوونەوەیەدا مەسروور بارزانی ڕاوێژكاری ئەنجوومەنی ئاساییشی هەرێم و مستەفا سەید قادر وەزیری پێشمەرگە و فواد حوسێن سەرۆكی دیوانی سەرۆكایەتیی هەرێم و فەلاح مستەفا بەرپرسی فەرمانگەی پەیوەندییەكانی دەرەوەی حكوومەت و ئەنوەر حاجی عوسمان جێگری وەزیری پێشمەرگە و جەعفەر شێخ مستەفا و فەریق شێروان عەبدولرەحمان و فەریق جەبار یاوەر ئەندامانی فەرماندەیی گشتیی هێزەكانی پاراستنی هەرێم ئامادە بوون.

Read کد خبر: 1594

هەواڵی زیاتر لە تویتەر

راپۆرتە پڕ بینەرەکان

حالت های رنگی