فه‌رمانگه‌ی پەیوەندیەکانى دەرەوە دادگاى تاوانى نێودەوڵەتى لە لاهاى هانده‌دات له‌ دۆسیه‌ی جینۆسایدی كوردانی ئێزیدی بكۆڵێته‌وه‌

  • شەممە, 26 ئەیلول 2015

لە چوارچێوەى بەردەوامى هەوڵەکانى حکومەتى هەرێم بۆ بە جینۆساید ناساندنى تاوانەکانى  گروپى تیرۆریستى داعش دژ بە کوردانى ئێزیدى و کارەکانى لێژنەى باڵاى حکومەتى هەرێم بەجینۆساید ناساندنى ئەو تاوانە لە ڕێگاى دادگاى باڵاى تاوانى نێودەوڵەتى، فەلاح مستەفا بەرپرسى پەیوەندیەکانى دەرەوە بە یاوەرى دوو ڕێکخراوى ناحکومى ئێزیدى سەردانى نووسینگەى داواکارى گشتى دادگاى باڵاى تاوانى نێودەوڵەتیان لە لاهاى  کردو ڕاپۆرتێکی تێروتەسەلیان پێشکەش کرد کە تەواوکارى ئەو زانیاریانە بوو کە ساڵى ڕابردوو لەلایەن لێژنەى باڵاوە پێشکەش بە دادگا کرابوو.

ئامانجى پێشکەش کردنى ئەم ڕاپۆرتە بۆ زیاتر هاندانى دادگاى باڵاى تاوانى نێودەوڵەتى بوو بۆ دەست کردن بە لێکۆلینەوەى سەرەتایى لەسەر ئەم تاوانە. سەرەڕاى ئەوەى کە عێراق ئەندام نیە لە پەیمانناى ڕۆماى تایبەت بە دادگاى تاوانى نێودەوڵەتى بەڵام دادگا دەتوانێت لێکۆلێنەوە لەو تاوانە بکات لەسەر بنەماى هاوڵاتى ئەو ووڵاتانەى کە ئەندامن لەم دادگایە و لە ڕێزەکانى داعش ئەم تاوانەیان ئەنجامداوە. بۆیە هیوادراین کە ئەم ڕاپۆرتە کە پوختەیەکى هاوپێچ کراوە زانیارى زیاتر پێشکەش بە دادگا بکات لەسەر ئەم تاوانە قێزەونەى کە ژمارەیەکى زۆر لە چەکدارە بیانیەکان هاوڵاتى ئەو ووڵاتانەن کە ئەندامى ئەم دادگایەن و تاوانەکەیان ئەنجامیان داوە.

بەرپرسى پەیوەندیەکانى دەرەوە ئەوەى خستەڕوو کە حکومەتى هەرێم ئامادەى پێشکەش کردنى هەموو جۆرە ئاسانکارى و پشتگیریەکە بۆ دادگا بۆ هێنانەدى ئەو دادپەروەریە کە کوردانى ئێزیدى و هەرێمى کوردستان داواى دەکەن. ئێزیدیەکان کۆمەڵگایەکى ئاشتیخوازن ئەو تاوانانە بەشێوەیەکى بەرنامە داڕێژراو لەلایەن گروپى تیرۆریستى داعش بەرامبەریان ئەنجامدراوە و کۆمەڵگاى نێودەوڵەتى بەرپرسیارێتى بە جینۆساید ناساندنى ئەم تاوانەى دەکەوێتە ئەستۆ. بەڵگەکانى ئەم تاوانە لەبەردەستن لە ڕووى گۆڕى بە کۆمەڵ و شایەتحاڵ و قوربانیان و دامەزراوە یاساییە نێودەوڵەتیەکان پێویستە بە ئەرکى خۆیان هەڵبستن.

حکومەتى هەرێم داواى دادپەروەرى و ناساندنى ئەو تاوانە و قەرەوبووى قوربانیانى دەکاتەوە و هەوڵدان بۆ ڕێگرى کردن بۆ دڵنیبابوون لە دووبارە نەبوونەوەى ئەم کارەساتە.

كۆبوونه‌وه‌ له‌گه‌ڵ وه‌زیری ده‌ره‌وه‌ی هۆڵه‌ندا

له‌ چوارچێوه‌ی سه‌ردانه‌كه‌ی بۆ هۆڵه‌ندس، دوێنێ بەرپرسى پەیوەندیەکانى دەرەوە بە یاوەرى شاندێک سەردانى وەزارەتى دەرەوەى هۆڵەنداى کرد و لەلایەن بەڕێز بێرت کۆندیرۆس وەزیرى دەرەوەى هۆڵەندا پێشوازیان لێکرا.

بەرپرسى پەیوەندیەکانى دەرەوە سوپاسى بەڕێز بێرت کۆیندێرسى کرد بۆ ئەو پێشوازیە گەرمە و پوختەیەکى لەسەر ڕەوشى ئەمڕۆى هەرێمى کوردستان لە ڕووى سیاسى و سەربازى و ئابورى و پەیوەندیەکانى نێوان هەولێر و بەغدا پێشکەش کرد.

هەروەها ئەوەى خستەڕوو لە پاڵ پتەوکردنى پەیوەندیە دوو قۆڵیەکانى نێوان حکومەتى هەرێمى کوردستان لەگەڵ هۆڵەندا بەشێک لە ئامانجى سەردانەکەیان بۆ سەردانى دادگاى تاوانەکانى نێودەوڵەتى بووە بە مەبەستى بە جینۆساید ناساندنى تاوانەکانى گروپى تیرۆریستى داعش دژ بە کوردانى ئێزیدى و پێکهاتە نەتەوەیى و ئایینەکانى تر. بۆیە داوا لە حکومەتى هۆڵەندا و هەموو ووڵاتانى دۆست دەکەین کە پشتگیرى لەم دۆسیەیە بکەن بۆ ئەوەى تاوانباران دادگایى بکرێن و ئەم تاوانە دڕندانەى کە ئەنجامیان داوە بە جینۆساید بناسرێت.

هەروەها سوپاسى حکومەتى هۆڵەنداى کرد کە لە چوارچێوەى هاوپەیمانێتى نێودەوڵەتى بە سەرۆکایەتى ئەمریکا بە تیمێکى گەورەى سەربازى، مەشق بە هێزەکانى پێشمەرگە دەکەن کە ئەمەش جێگەى پێزانینە.

لە تەوەرێکى تر دیدارەکەدا بەرپرسى پەیوەندیەکانى دەرەوە باسى لە بارودۆخى مرۆیى ئاوارە و پەنابەران کرد کە ژمارەیان نزیکەى ٢ ملیۆن دەبێت و لە هەرێمى کوردستان نیشتەجێن کە  پێویستیان بە هاوکارى مرۆیى زیاتر هەیە و هەرێمى کوردستان دووچارى قەیرانى دارایى بۆتەوە بۆیە گەلى کوردستان و ژێرخانى کوردستان پێویستیان بە هاوکارى و پشتگیرى زیاتر هەیە.

فەلاح مستەفا باسى لە بەردەوامى قەیرانى سوریا و کاریگەریەکانى لەسەر ووڵاتانى ناوچەکە و مەترسیەکانى گروپە تیرۆریستیەکان کرد. 

لە بەرامبەردا بەڕێز بێرت کۆندیرۆس وەزیرى دەرەوەى هۆڵەندا پابەندى ووڵاتەکەى دووپاتکردەوە بۆ پتەوکردنى پەیوەندیەکان لە ڕووى سیاسى و ئابورى و وەبەرهێنان و یارمەتى مرۆیى. حکومەتى هۆڵەندا هاوشێوەى ساڵى ڕابڕدوو بڕیاریداوە بەردەوام دەبێت لە هاوکارى بۆ ئاوارەکانى ناوخۆو پەنابەرانى سوریا.

هەروەها لە چوارچێوەى هاوپەیمانى نێودەوڵەتى بەردەوام دەبن لە شەڕ دژى گروپى تیرۆریستى داعش  لە ڕێگاى هێرشى ئاسمانى و خولى مەشق و ڕاهێنان بۆ هێزەکانى پێشمەرگە.
سەبارەت بە تاوانەکانى گروپى تیرۆریستى داعش بەرامبەر بە کوردانى ئێزیدى وەزیرى دەرەوەى هۆڵەندا گووتى کە پشتگیرى لە هەوڵەکانى هەرێمى کوردستان دەکەن و پێویستە ئەو کەسانەى کە ئەم کارەیان کردووە دادگایى بکرێن.

لە کۆتایى هەردوولا جەختیان کردەوە لەسەر پەرەپێدانى پەیوەندیەکانى لە بوارى ئابورى و بازرگانى و کەلتورى  بەتایبەتى لە ڕێگاى بەشدارى کردن لە پێشانگا نێودەوڵەتیەکان و کۆڕبەندى ئابورى.

جێگەى ئاماژەیە کە لە دیدارەکەدا ژەنەڕاڵ ڤان دێر لان بەڕێوبەرى ئۆپەراسیۆنەکان لە وەزارەتى بەرگرى  و خاتوو بیرگیتا تازیلار بەرپرسى ڕۆژهەڵاتى ناوەڕاست و باکورى ئەفریقیا لە وەزارەتى دەرەوە و عمر رشید بەڕێوەبەرى گشتى و توفیق رحمن بەڕێوەبەرى پێشکەوتوو لە فەرمانگەى پەیوەندیەکانى دەرەوە ئامادەى دیدارەکە بوون.

Read کد خبر: 1566

هەواڵی زیاتر لە تویتەر

راپۆرتە پڕ بینەرەکان

حالت های رنگی