نێچیرڤان بارزانی: ئامادەین هاوكاریی پەكەكە و توركیا بكەین بۆ دەستپێكردنەوەی پرۆسەی ئاشتی

  • پێنج شەممە, 06 ئاب 2015

ئێوارەی ئەمڕۆ پێنجشەممە 6/8/2015 بەڕێز نێچیرڤان بارزانی سەرۆك وەزیرانی هەرێمی كوردستان، پێشوازی لە شاندێكی هەدەپە بە سەرۆكایەتیی بەڕێز ئۆسمان بایدەمیر و ژمارەیەك لە پەرلەمانتاران و نوێنەرانی هەدەپە لە هەرێمی كوردستان و توركیا كرد.

لە دیدارێكدا شاندی میوان سەرەتا سەرەخۆشیی خۆیان پێشكەش بە سەرۆكی حكوومەت و خەڵكی هەرێمی كوردستان كرد بۆ شەهیدبوونی ژمارەیەك لە هاووڵاتیانی سڤیل لە ئەنجامی بۆمبابارانی هەفتەی ڕابردووی فڕۆكەكانی توركیا بۆ سەر گوندی زارگەڵی و ئامانجی سەردانەكەشیان هەر بۆ لێكۆڵینەوەیە لەو بۆردومانە.

هەروەها تیشكیان خستە سەر بارودۆخی ئێستای كورد بە گشتی لە ناوچەكە و جەختیان لەوە كردەوە كە ڕەوشی گەلی كوردستان لە هەموو بەشەكانی كوردستان لە دۆخێكی ناسكدایە و پێویستە هەموو لایەك هاوكار و تەبا بن و یەكڕێزی خۆیان بەرامبەر بەو مەترسیانەی ئەمڕۆ ڕووبەڕووی ناوچەكە بە گشتی و بە تایبەتی گەلی كوردستان بوونەتەوە، بپارێزن.

لە بەشێكی دیكەی دیدارەكەدا باس لە دۆخی ئێستای پرۆسەی ئاشتی لە توركیا و ئەو ئاڵۆزیانەی لە نێوان پارتی كرێكارانی كوردستان پەكەكە و دەوڵەتی توركیادا هاتۆتە ئاراوە كرا و جەخت لەسەر ئەوە كرایەوە كە كێشەكان بە شەڕ و شێوازی سەربازی چارەسەر نابن و تەنها ئاشتی دەتوانێت كێشەكان چارەسەر بكات. لەمبارەیەوە بەڕێز نێچیرڤان بارزانی دووپاتی كردەوە كە حكوومەتی هەرێمی كوردستان وەك هەمیشە ئامادەیە ڕۆڵی خۆی بۆ بەردەوامیی پرۆسەی ئاشتی بگێڕێت و هەموو ئامادەییەكی بۆ پێشكەشكردنی هەر هاوكارییەك لە پێناو دەستپێكردنەوەی گفتوگۆكانی ئاشتی لە نێوان هەردوولادا، نیشان دا.

بەرێز سەرۆك وەزیران دەربارەی كەوتنەوەی قوربانی لەنێو خەڵكی سڤیلدا لە ئەنجامی ئاڵۆزییەكانی ئەم دواییەی نێوان پەكەكە و توركیا، دووپاتی كردەوە كە دەبێت گەریلاكانی پەكەكە خۆیان لە ئاوەدانی و خەڵكی سڤیل دوور بخەنەوە و ناشبێت توركیا بەهۆی پەكەكەوە خەڵكی سڤیل بۆردومان بكات. هەروەها باسی لەوە كرد كە دوای ڕووداوەكانی ئەم دواییە، ژمارەیكی زۆری خەڵكی سڤیل لە ترسی بۆمباران هەڵاتوون و دێهات و ناوچەكانیان لە دەڤەرە سنووریەكان جێهێشتووە.

بەڕێز سەرۆك وەزیران جارێكی دیكە داكۆكیی لەوە كردەوە كە ئەم كێشەیە بە شەڕ چارەسەر نابێت و داوای كرد هەردوولا بگەڕێنەوە سەر مێزی گفتوگۆ و بە شێوەیەكی ئاشتیانە كێشەكە چارەسەر بكەن.

Read کد خبر: 1487

هەواڵی زیاتر لە تویتەر

راپۆرتە پڕ بینەرەکان

حالت های رنگی