نێچیرڤان بارزانی: مەترسیی هاتنی ژمارەیەكی زۆرتری ئاوارەو و پەنابەران هەیە

  • سێ شەممە, 09 حوزەیران 2015

پێشنیوەڕۆی ئەمڕۆ سێشەممە 9/6/2015 بەڕێز نێچیرڤان بارزانی سەرۆك وەزیرانی هەرێمی كوردستان پێشوازی لە بەڕێز ستیڤن ئۆبراین جێگری سكرتێری گشتیی نەتەوە یەكگرتووەكان بۆ كاروباری مافی مرۆڤ و شاندێكی یاوەری كرد.

لە دیدارێكدا بەڕێز ئۆبراین باسی لە سەردانەكەی بۆ بەغدا كرد كە لە نزیكەوە ئاگاداری ڕەوشی ئاوارەكانی دەستی تیرۆر لە دەوروبەری بەغدا بووە و بڕیارە لە هەرێمی كوردستانیش سەردانی كەمپی ئاوارە و پەنابەران بكات. پەیوەندییەكانی نێوان ئاژانسەكانی سەر بە نەتەوە یەكگرتووەكان و حكوومەتی هەرێمی كوردستانیشی بە ئەرێنی وەسف كرد و سوپاسی حكوومەتی هەرێمی كوردستانی كرد بۆ ئەو هەموو هاوكاری و ئاسانكارییانەی پێشكەش بە ئاوارە و پەنابەرانی دەكات.

هەروەها باسی لە پلانی نەتەوە یەكگرتووەكان بۆ ساڵی 2015 سەبارەت بە هاوكاریكرنی ئاوارە و پەنابەران كرد كە بەپێی پلانەكە زیاتر لە ملیارێك و پێنجسەد هەزار دۆلار بۆ هاوكارییەكان كۆدەكەنەوە، بەڵام تا ئێستا ژمارەیەكی كەمی وڵاتان ئامادەییان دەربڕیوە تەنیا وڵاتی كوێت نەبێت كە لە كۆنفرانسی برۆكسل ئامادەییی دەربڕیوە بە 200 ملیۆن دۆلار هاوكاری پێشكەش بكات. ئەوەشی خستەڕوو كە لە پلانی ساڵی 2016 دا هەوڵ دەدەن لە ڕووی هاوكارییەكانەوە هەرێمی كوردستان لە دەڤەرەكانی دیكەی عێراق جیا بكەنەوە، چونكە هەرێم پێویستییەكی زیاتری بە هاوكارییەكانە.

لای خۆیەوە بەڕێز نێچیرڤان بارزانی باسی لەوە كرد كە بەهۆی هاتنی ڕێژەیەكی زۆری ئاوارە و پەنابەران لە سووریا و ناوخۆی عێراقەوە بۆ هەرێمی كوردستان، ڕێژەی دانیشتوان لە هەرێم 28% بەرز بووەتەوە و هاتنیشیان بەردەوامە، چونكە حكوومەتی هەرێمی كوردستان زیاتر لە هەموو وڵاتانی دەوروبەر خزمەتگوزاری پێشكەش بە ئاوارە و پەنابەران دەكات و حكوومەتی عێراقیش وەك پێویست هاوكاریی ئاوارە و پەنابەران ناكات، ئەمەش قورساییەكی زۆری خستووتە سەر شانی حكوومەتی هەرێمی كوردستان.

جەختی لەسەر ئەوەش كردەوە كە هەرێمی كوردستان لە یەك كاتدا هاوكاری و خزمەتگوزاری پێشكەش بە ژمارەیەكی یەكجار زۆری ئاوارە و پەنابەران دەكات، لە شەڕی دژی تیرۆریش لە جیاتی هەموو جیهان بەرگری لە مرۆڤایەتی و مافەكانی مرۆڤ و پێكهاتە جیاوازەكانی عێراق و هەرێمی كوردستان دەكات. هەروەها هیوای خواست كە كۆمەڵگەی نێودەوڵەتی ئەركەكانی بەرامبەر بە هەرێمی كوردستان جێبەجێ بكات بە تایبەت كە مەترسی ئەوە هەیە بەهۆی شەڕەكانی حەسەكە و ناوخۆی عێراقەوە ژمارەیەكی زیاتری ئاوارە و پەنابەران ڕوو لە هەرێمی كوردستان بكەن.

Read کد خبر: 1374

هەواڵی زیاتر لە تویتەر

راپۆرتە پڕ بینەرەکان

حالت های رنگی