شوان عەتووف بە "ماڵ و کلیل" بەشداریی لە فیستیڤاڵی فیلمی کان دەکات

مەنسوور جیهانی ـ سینەماکاری کورد "شوان عەتووف" بە کورتە فیلمی "ماڵ و کلیل" بەشداریی لە ٦٨مین خولی فیستیڤاڵی نێودەوڵەتیی فیلمی "کان" لە وڵاتی فەڕەنسا دەکات.

کورتە فیلمی چیرۆکی "ماڵ و کلیل" Home And Key لە نووسین و دەرھێنانی "شوان عەتووف" و بە ئامادەبوونی ئەم سینەماکارە کورد و بە نوێنەرایەتیی لە ھەرێمی کوردستان لە بەشی دەرەوەی پێشبڕکێی "شۆرت فیلم کۆڕنێر" Short Film Corner لە میانەی شەست و ھەشتەمین خولی فیستیڤاڵی نێودەوڵەتیی فیلمی "کان" لە وڵاتی فەڕەنسا دەچێتە سەر پەردەی سینەماکان.

بەشی "شۆرت فیلم کۆڕنێر" لە ساڵی ٢٠٠٤ و بە مەبەستیی ناساندنیی بەھرەمەندە لاوەکان، بەڕێوەبردنی ڤۆرکشۆپی فێرکاریی بۆ فیلمسازەکان بە وانە گوتنەوە لە لایەن سینەماکارانی بەرچاوی جیھان، کردنەوەی بازاڕ بۆ فرۆشی کورتە فیلمەکان و ھەروەھا بەدەستھێنانی سەرمایە بۆ پرۆژەکانی داھاتووی فیلمسازە لاوەکان دامەزراوە.

فیستیڤاڵی نێودەوڵەتیی فیلمی "کان" کە بە گرینگترین، گەورەترین و ناودارترین رووداوی سینەمای جیھان ناسراوە، شەست و ھەشتەمین خولی بە سەرۆکایەتیی "تێری فریمەکس" و ھەروەھا "برایانی کۆئێن" وەکوو سەرۆکی ئەندامانی لێژنەی دادوەرانی بەشی "پێشبڕکێی سەرەکیی"، بە ئامادەبوونی ئەستێرە ناودارەکانی سینەمای جیھان، ٣٥ ھەزار ستافی پیشەگەڕی بواریی سینەمای دنیا و ٤ ھەزار پەیامنێر و رۆژنامەنووس لە سەرتاسەری جیھان و بە نمایشی فیلمی سینەمایی "سەرت ھەڵێنە" لە دەرھێنانی سینەماکاری فەڕەنسی "ئێمانۆئێل بەرکووت" رۆژی ١٤ حوزەیران / مایۆی ٢٠١٥ دەستی پێکردووە و بۆ ماوەی ١٠ رۆژ بەردەوام دەبێت و بە فیلمی دیکۆمێنتی "سەھۆڵ و ئاسمان" لە دەرھێنانی "لووک ژاکێت" سینەماکاری فەڕەنسی ھەڵگری خەڵاتی ئۆسکار کۆتایی پێیدێت.

شەست و ھەشتەمین خولی فیستیڤاڵی نێودەوڵەتیی فیلمی "کان" لە چەندین بەشی پێشبڕکێی و دەرەوەی پێشبڕکێی لەوانە: بەشی "پێشبڕکێی سەرەکیی"، بەشی پێشبڕکێی "جۆرێک روانین"، بەشی پێشبڕکێی "ھەفتەی رەخنەگران"، بەشی پێشبڕکێی "سینە فۆنداسیۆن" و بەشی "کورتە فیلم"، بەشی دەرەوەی پێشبڕکێی "فیلمە کلاسیکییەکان"، بەشی "سەدەمین ساڵیادی لەدایکبوونی ئێنگرید برێگمان"، بەشی "سینەمای جیھان لە کان" و چەندین بەشی دیکە و ھەروەھا رێزلێنان لە چەندین سینەماکارانی ناوداری جیھان، لەوانە: پێشکەش کردنی خەڵاتی "چڵەبەڕووی کان" بە دەرھێنەر، ئەکتەر، وێنەگر و نووسەری فەڕەسنی خاتوو "ئانیس واردا"، پێشکەش کردنی خەڵاتی "کالیسکەی زێڕین" بە دەرھێنەری ناوداری چینی "جیا ژانگ کە" و ھەروەھا رێزلێنان لە دەرھێنەری ناوداری پورتوگالی "مانۆئێل دی ئۆلیڤییەرا" لە رۆژانی ١٤ تا ٢٤ی حوزەیران / مایۆی ٢٠١٥ لە شاری بەندەری کان لە باشووری وڵاتی فەڕەنسا بەڕێوەدەچێت.

کورتە فیلمی "ماڵ و کلیل" کە تا ئێستا لە کۆمەڵێک فیستیڤاڵ لە ئاستی جیھانیدا چۆتە سەر پەردەی سینەماکان و ١٠ خەڵاتی گرینگیی بەدەستھێناوە، بەرھەمی بەڕێوەبەرایەتی ھونەری سینەمای سلێمانی و لە لایەن کۆمپانیای "ئای لۆف فیلم" لە باشووری کوردستان و وڵاتی بەریتانیا بە نوێنەرایەتیی لە ھەرێمی کوردستان لە ئاستی دنیادا بڵاودەبێتەوە.

ئەم فیلمە کوردییە لە دوایین بەشداری نێونەتەوەیی خۆیدا، لە بەشی پێشبڕکێی "کۆمەڵایەتیی" لە ھەشتەمین خولی فیستیڤاڵی نێودەوڵەتیی فیلمی "سینە فیلم" Cine Film لە شاری رۆم لە وڵاتی ئیتاڵیا نمایشکرا و لە لایەن ئەندامانی لێژنەی دادوەرانی ئەم فیستیڤاڵەوە خەڵاتی باشترین فیلم بە "شوان عەتووف" دەرھێنەری ئەم فیلمە بەخشرا.

Read کد خبر: 1353

هەواڵی زیاتر لە تویتەر

راپۆرتە پڕ بینەرەکان

حالت های رنگی