نێچیرڤان بارزانی داكۆكی لە پێكەوەژیان لە كەركووك دەكات

  • چوار شەممە, 27 ئایار 2015

دوای نیوەڕۆی ئەمڕۆ چوارشەممە 27/5/2015 بەڕێز نێچیرڤان بارزانی سەرۆك وەزیرانی هەرێمی كوردستان پێشوازی لە فراكسیۆنی توركمانی لە ئەنجومەنی پارێزگای كەركووك كرد.

لە دیدارێكدا شاندی میوان سوپاسی خۆیان بۆ پێشوازی و هەڵوێستەكانی بەڕێز سەرۆك وەزیرانی هەرێمی كوردستان لە بەرامبەر پێكهاتەی توركمان دووپات كردەوە و جەختیان لەسەر برایەتی و پێكەوەژیان و كاركردن لە پێناو هاوبەشی و پێكەوەییی نێوان تەواوی پێكهاتەكانی كەركووكدا كردەوە. دواتر ڕەوشی پارێزگای كەركووك و سروشتی كاری ئەنجومەنی پارێزگاكە و پەیوەندیی نێوان پێكهاتە نەتەوەیی و ئاینییەكانی پارێزگای كەركووك تاوتوێ كرا و داكۆكی لەسەر گرنگیی برەودان بە پێكەوەژیان و بنەماكانی پێكەوە كاركردن و هاوبەشی لە دەسەڵات و بەڕێوەبردن و كارگێڕیدا لە نێوان پێكهاتە جیاجیاكانی پارێزگای كەركووك كرایەوە.

لە بەشێكی دیكەی دیدارەكەدا باس لە پەیوەندییە دێرینەكانی نێوان كورد و توركمانەكان لە كەركووك بە تایبەتی و لە كوردستان بە گشتی كرا و تیشك خرایە سەر ئەوەی كە پەیوەندی نێوان هەردوو پێكهاتەی كورد و توركمان لە كەركووك پەیوەندییەكی دێرینە و هەردوولا خوازیارن پەیوەندییەكانیان لە هەموو بوارەكاندا بەرەوپێشەوە ببەن و بە كاری هاوبەش و پێكەوەیی لەگەڵ پێكهاتەكانی دیكەی پارێزگاكە، بتوانن كار و خزمەتی باشتر پێشكەش بە پارێزگای كەركووك بكەن.

هەروەها تیشك خرایە سەر كێشە و گرفتەكانی پارێزگاكە وەك فراكسیۆنی توركمانی لە ئەنجومەنی پارێزگای كەركووك ئاماژەی پێدا ماوەیەكە حكوومەتی فیدرالی عێراق بە شێوەیەكی شایستە بە تایبەتی لە ڕووی داراییەوە مامەڵە لەگەڵ پارێزگای كەركووكدا ناكات و بە شێوەیەك لە شێوەكان كەركوكی پشتگوێ خستووە، كە ئەمەش كاریگەرییەكی ڕاستەوخۆی نەرێنی كردۆتە سەر بارودۆخی ژیان و گوزەرانی خەڵكی پارێزگای كەركووك بە شێوەیەكی گشتی. هەروەها داوایان لە بەڕێز سەرۆك وەزیرانی هەرێمی كوردستان كرد لە ڕووی ئابووری و داراییەوە حكوومەتی هەرێمی كوردستان هاوكاریی پارێزگای كەركووك بكات.

لای خۆیەوە بەڕێز نێچیرڤان بارزانی جەختی لەسەر گرنگیی پێكەوەژیان و هاوبەشی لە دەسەڵات و بەڕێوەبردنی كارگێڕیی پارێزگای كەركووك لە نێوان تەواوی پێكهاتەكانی پارێزگاكەدا كردەوە و ئامادەییی خۆی و حكوومەتی هەرێمی كوردستانی دەربڕی بۆ هاوكاریكردنی كەركووك لە بواری ئابووری و داراییدا و هیوای خواست كێشە و گرفتەكان بە دیالۆگ و لێكگەیشتن لە نێوان لایەنەكاندا چارەسەر بكرێت. دووپاتیشی كردەوە كە لەگەڵ سەركردایەتیی سیاسیی هەرێمی كوردستان و لایەنەكان تەواوی پشتگیری لە كاری پێكەوەیی و هاوبەشی نێوان پێكهاتەكانی كەركووك بە گشتی دەكەن بۆ ئەوەی هەمووان پێكەوە بتوانن خزمەتی پارێزگاكە بكەن.

بەڕێز نێچیرڤان بارزانی هەروەها دووپاتی كردەوە كە پرسی توركمان تەنیا پرسی ژمارەی دانیشتوانی پێكهاتەی توركمان نییە لە كەركووك، بەڵكو توركمانەكان پێكهاتەیەكی سەرەكیی پارێزگای كەركووك و هەرێمی كوردستانن و هیچ پێكهاتەیەك لە كەركووك بە تەنیا ناتوانێت حوكم بكات و حوكمی تاكە پێكهاتەیەك لە كەركووك هەرگیز سەركەوتوو نابێت، بەڵكو دەبێت هەمووان پێكەوە لە دەسەڵات و بەڕێوەبەری و كارگێڕیدا هاوبەش بن. جەختی لەوەش كردەوە كە دەبێت هەموو پێكهاتەكانی پارێزگای كەركووك لە ئەرك و مافەكاندا یەكسان بن و نابێت هیچ پێكهاتەیەك خۆی لە سەرەوەی پێكهاتەیەكی دیكەوە ببینێت.

Read کد خبر: 1348

هەواڵی زیاتر لە تویتەر

راپۆرتە پڕ بینەرەکان

حالت های رنگی