سەرۆكی هەرێمی كوردستان پێشوازی لە وەزیری ناوخۆی عێراقی فیدڕاڵ دەكات

  • سێ شەممە, 24 شوبات 2015

ئەمڕۆ سێشەممە 24ـی 2ـی 2014 لە سەلاحەدین بەڕێز مەسعود بارزانی سەرۆكی هەرێمی كوردستان پێشوازی لە محەمەد سالم ئەلغەبان وەزیری ناوخۆی عێراقی فیدڕاڵ و شاندێكی یاوەری كرد.

لەم دیدارەدا  بارودۆخی سیاسی و ئەمنیی عێراق و ئەو تەحەدییاتەی ڕووبەڕووی پێكهاتەكانی عێراق بووەتەوە خرایە بەر باس و گفتوگۆ و قسەیش لەبارەی هەڕەشەكانی تیرۆریستان و بارودۆخی مەیدانیی بەرەكانی ڕووبەڕووبوونەوەی تیرۆریستان كرا.

لەم دیدارەدا وەزیری ناوخۆی عێراق ڕۆڵی سەرۆك بارزانی و هێزی پێشمەرگە و سەركەوتن و قوربانیدانی هێزی پێشمەرگەی لە شەڕی دژی تیرۆریستان بەرز نرخاند. هەروەها سوپاس و پێزانینی خۆیشی ئاراستەی سەرۆك بارزانی و گەلی كوردستان كرد كە بە بوونەتە پەناگەی سەدانهەزار ئاوارەی ناوخۆی عێراق و ئاماژەی بەوەدا كە ئەوەیان بارێكی قورسە كەوتووەتە سەر شانی هەرێم.

هەماهەنگیی نێوان دەزگە ئەمنییەكانی هەرێمی كوردستان و عێراق تەوەرێكی دیكەی كۆبوونەوەكە بوو و وەزیری ناوخۆی عێراق وێڕای ئاماژەدان بە سەركەوتوویی وەزارەتی ناوخۆی هەرێمی كوردستان داوای كرد كە وەزارەتی ناوخۆی عێراقی سوود لە ئەزموونی وەزارەتی ناوخۆی هەرێمی كوردستان وەربگرێت لە بەپیشەییكردنی كاروبار و ئەركەكانی وەزارەت.

لە بەشێكی دیكەی ئەم دانیشتنەدا پەیوەندییەكانی هەرێم و بەغدا تاوتوێ كرا و جەخت لەوە كرایەوە كە پێویستە پەیوەندی و دیالۆگ و گفتوگۆی بەردەوام لەنێوان هەردوولا هەبێت بۆ چارەكردنی كێشەكان و لێكتێگەییشتنی نێوانیان و بوونی دوژمنێكی دڕندە و هاوبەشی وەك تیرۆریستانی داعش دەبێ هانی حكوومەتی عێراقی و هەرێمی كوردستان بدات كە هەماهەنگی و هاوكاری و نزیكبوونەوەی زیاتریان هەبێت.

 

 

 

 

Read کد خبر: 1216

هەواڵی زیاتر لە تویتەر

راپۆرتە پڕ بینەرەکان

حالت های رنگی