سەرۆکى پەرلەمانى هەرێمى باسک: هەرێمى کوردستان بە تەنها شەڕى دیموکراسى لە ڕۆژهەڵاتى ناوەڕاست دەکات

  • پێنج شەممە, 19 شوبات 2015

لە میانەى دڕێژەدان بە کاروچاڵاکیەکانى بۆ پتەو کردنى پەیوەندیەکان، دابان شەدەڵە نوێنەرى حکومەتى هەرێمى کوردستان لە ئیسپانیا سەردانى هەرێمى باسکى ئیسپانیاى کرد و لەلایەن خاتوو باکاراتخۆ تێژێرییە ئۆتێرمین سەرۆکى پەرلەمانى هەرێمى باسک بە فەرمى پێشوازى لێکرا.

لە دیدارێکدا، نوێنەرى حکومەتى هەرێمى کوردستان لە ئیسپانیا سوپاسى هەڵوێستى نوێنەرانى هەرێمى باسکى ئیسپانى کرد سەبارەت بە دەرکردنى بەیاننامەیەکى فەرمى لەلایەن پەرلەمانى ئەم هەرێمەوە کە تیایدا پشتگیرى خۆى بۆ هەرێمى کوردستان لەشەرى دژ بە تیرۆر دەردەبڕێت و تیایدا ئامادەییى خۆیان بۆ پێشکەشکردنى هەر هاوکاریەک وپشتگیریەک بۆ حکومەتى هەرێمى کوردستان دووپاتکردۆتەوە.

هاوکات، نوێنەرى حکومەتى هەرێم لە ئیسپانیا ئاماژەى بە دۆخى هەنووکەیى هەرێمى کوردستان لە رووى سیاسى و ئابوورى و لە خۆگرتنى ئەو ژمارە زۆرەى ئاوارە کە روویان لە هەرێمى کوردستان کردووە لەگەڵ ئاماژەدان بە بارو دۆخى ئاوارە مەسیحیەکان و دابینکردنى پێداویستیە سەرەتاییەکان بۆیان.

لەلایەن خۆیەوە، سەرۆکى پەرلەمانى هەرێمى باسک ستایشى رۆڵى پێشمەرگەى لە بەرامبەر ڕاگرتنى پێشڕەویەکانى چەکدارانى ڕێکخراوى داعش کرد، بۆ ئەم مەبەستە، باسى لە گرنگى هەڵوێستى گۆمەڵگاى نێودەوڵەتى لە چارەسەرکردنى کێشەى دارایى نێوان حکومەتى هەرێم و ناوەند و پاڵپشتیەکانى حکومەتى ئیسپانیا بۆ هەرێمى کوردستان کرد، چونکە ئێستا هەرێم لە بڕى هەمووان شەرى تیرۆردەکات. هەروەها ستایشى رۆڵى سەرکردایەتى هەرێمى کوردستان کرد کە بە تەنها شەڕ لە پێناو دیموکراسى  و ئازادى لە ڕۆژهەڵاتى ناوەڕاست دەکەن بۆیە پێویستە ئەم هەڵوێستەى هەرێم لەلایەن کۆمەڵگاى نێودەوڵەتى و حکومەتى ئیسپانیا بە هەند وەربگیرێت و کارى لەسەر بکرێت.

لە کۆتایدا، هەردوولا باسیان لە هەماهەنگى و میکانیزمى تازە کرد بۆ پتەوکردنى پەیوەندیە دوولایەنەکان و دۆزینەوەى ڕێگا چارەیەک بۆ یارمەتى دانى زیاترى هەرێم لەلایەن حکومەتى ئیسپانیاوە.

Read کد خبر: 1215

هەواڵی زیاتر لە تویتەر

راپۆرتە پڕ بینەرەکان

حالت های رنگی