نەمسا كونسوڵگەری فەخری لەهەرێمی كوردستاندا دەكاتەوە

  • دوو شەممە, 02 شوبات 2015

سباستیان كورز وەزیری دەرەوەی نەمسا رایگەیاند، وڵاتەكەی بەنیازە كونسوڵگەری فەخری لەهەرێمی كوردستان بكاتەوە وباسیش لەگرێدانی مونتەدایەكی بازرگانی نەمسا لەهەرێم كراوە بەهاوكاری ئەو كۆمپانیا نەمساییانەی لەهەرێمی كوردستاندا هەن.

ئاماژەی بەوەشدا ئەوان لەگەڵ باڵیۆزی نەمسا لەعیراق لەمبارەیەوە قسەیان كردووە وهەوڵی ئەوەش دەدەن لەگەڵ ژووری بازرگانی وڵاتەكەیان كار بۆ رێكخستنی پلانی ئەم مونتەدایە بكەن كە بەدەرفەتێكی زانی بۆ هاندانی خاوەنكارانی وڵاتەكەی بۆ بەشداریكردن لەپرۆسەی وەبەرهێنان لەم هەرێمەدا.

وەزیری دەرەوەی نەمسا لەمیانەی كۆنگرەیەكی رۆژنامەوانیدا لەگەڵ فەلاح مستەفا بەرپرسی فەرمانگەی پەیوەندیەكانی دەرەوەی حكومەتی هەرێمی كوردستان دوای كۆبوونەوەی نێوان شاندی هەردوولا، پاڵپشتی وڵاتی خۆی بۆ كردنەوەی ئۆفیسی یەكێتی ئەورووپا لەهەرێمی كوردستان نیشاندا ودووپاتیكردەوە لەم ماوەیەدا كار لەسەر ئەو بابەتە دەكرێت بەشێوەیەكی جدی.

هاوكات كورز دووپاتیكردەوە هەرێمی كوردستان لەشەڕی دژ بەتیرۆر بەتەنیا نیە ووڵاتەكەیشی لەهەوڵی بەردەوام دایە بۆ هاوكاریكردنی هەرێم لەم شەڕەدا بەتایبەتی لەڕووی مرۆییەوە هەروەها پیرۆزبایی سەركەوتنەكانی پێشمەرگەی لەبەرەكانی شەڕی دژی تیرۆریستانی داعش كرد ورێزی وڵاتەكەی بۆ رۆڵی پێشمەرگە لەم شەڕەدا نیشاندا وجەختی لەسەر هاوكاری نێودەوڵەتی كردەوە بۆ هەرێمی كوردستان لەم شەڕەدا.

تیشكیشی خستەسەر پرسی ئاوارە وپەنابەران لەهەرێمی كوردستان ونیشانیدا وڵاتەكەی بڕی یەك ملیۆن و250 هەزار یۆڕۆ كۆمەكی بۆ ئەم ئاوارە وپەنابەرانە دابینكردوە.

لەلای خۆشیەوە فەلاح مستەفا بەرپرسی فەرمانگەی پەیوەندیەكانی دەرەوەی حكومەت دووپاتیكردەوە هەرێمی كوردستان ونەمسا پەیوەندیەكی مێژوویی بەیەكیان دەبەستێت وبۆ زیاتر پێشخستنی ئەم پەیوەندیانە پێویستە نوێنەرایەتی ئەم وڵاتە لەهەرێمی كوردستان لە ئاستێكی بەرزدابێت بەكردنەوەی كونسوڵگەری فەخری بەپلەیەك ودواتر كردنەوەی كونسوڵگەری گشتی ئەمە جگە لەپێشخستنی پەیوەندیە ئابوری وبازرگانیەكان.

سەرۆكی لیژنەی پەیوەندیەكانی دەرەوەی یەكێتی ئەورووپا ئیلمار برۆك لەوتەیەكدا لەم كۆنگرە رۆژنامەوانیەدا ئەوەی دووپاتكردەوە كە یەكێتی ئەورووپا جەخت لەسەر گەیشتنی یارمەتی مرۆیی بۆ ئاوارە وپەنابەران دەكاتەوە ئەمە جگە لەیارمەتیدان وپاڵپشتیكردنی وەبەرهێنانی ئەورووپی لەهەرێمی كوردستان.

هاوكات جەختی لەسەر ئەوەش كردەوە كە پێشمەرگە ئێستا رۆڵێكی بەهێز بۆ بەرپەرچدانەوەی هێرشەكانی داعش دەگێڕێت وخۆشحاڵی خۆی بەكردنەوەی نوسینگەی یەكێتی ئەورووپا لەهەرێمی كوردستان نیشاندا بەتایبەتی لەبارەی گەیاندنی یارمەتی زیاتری سەربازی بۆ هەرێمی كوردستان ونیشانیشیدا لەگەڵ نوێنەرانی ئەڵمانیا لەمبارەیەوە قسەیان كردووە كە هەفتەی رابردوو بەگوتەی خۆی نزیكەی 100 شارەزای سەربازیان بۆ هەرێمی كوردستان ناردووە.

وەزیری دەرەوەی نەمسا دووپاتیكردەوە بەپێی دەستوور ویاسای وڵاتەكەیان ناتوانن چەك هەناردەی دەرەوە بكەن بەڵام ئەوان پاڵپشتی هەر هەوڵێكی لەمجۆرەی هەر وڵاتێك دەكەن بۆ پاڵپشتیكردنی هەرێمی كوردستان لەڕووی چەك وكەرەستەی سەربازی بۆ پێشمەرگەی كوردستان.

 

Read کد خبر: 1159

هەواڵی زیاتر لە تویتەر

راپۆرتە پڕ بینەرەکان

حالت های رنگی