سەرۆكی هەرێمی كوردستان پێشوازی لە نێردەی تایبەتی سەرۆكی ڕووسیا دەكات

  • سێ شەممە, 20 ک دووەم 2015

 ئەمڕۆ سێشەممە 20ـی 1ـی 2015 بەڕێز مەسعود بارزانی پێشوازی لە میخاییل بوگدانۆڤ نێردەی تایبەتی سەرۆكی ڕووسیا بۆ كاروباری ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و جێگری وەزیری دەرەوەی ڕووسیا و شاندێكی یاوەری كرد كە لە ژمارەیەك دیپلۆماتكار و بەرپرسی ئابووری و پیاوانی كار و كەرتی تایبەتی ڕووسی پێكهاتبوون.


لە دیدارەكەدا نێردەی تایبەتی سەرۆكی ڕووسیا بۆ كاروباری ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست سڵاوی ڤلادیمیر پووتینی سەرۆك ڕووسیا و وەزیری دەرەوە و كاربەدەستانی حكوومەتی وڵاتەكەی بە سەرۆك بارزانی گەیاند و وێڕای ئاماژەدان بە دۆستاییەتیی مێژوویی گەلی كورد و گەلی ڕووسیا باسی لە ڕۆڵی مەلا مستەفا بارزانی سەركردەی نەمری بزاڤی ڕزگارییخوازی كورد لە دروستكردنی ئەو دۆستایەتییە كرد. جێگری وەزیری دەرەوەی ڕووسیا جەختی لە پاڵپشتیی وڵاتەكەی بۆ سەرۆك بارزانی و گەلی كوردستان لە شەڕی دژی تیرۆریستان كردەوە و ئەوەیشی خستەڕوو كە ڕووبەڕووبوونەوەی تیرۆر پێویستی بە هاوكاری و یەكهەڵوێستیی هەموو لایەك هەیە. هەروەها ئەوەیشی دووپاتكردەوە كە لە بواری ئابووری و كەرتی نەوتدا زەمینەیەكی گونجاو لە ئارادایە بۆ پەرەپێدانی پەیوەندییەكانی نێوان هەردوولا.

لەبەرانبەردا سەرۆك بارزانی بەخێرهاتنی شاندی میوانی كرد و سوپاسی سەرۆك و حكوومەتی ڕووسیایشی كرد و هاتنی ئەو شاندەی وەك هاندەرێكی باش زانی بۆ فراوانكردنی پەیوەندییەكانی نێوان هەرێمی كوردستان و وڵاتی ڕووسیا و لە گوتەیەكدا چۆنییەتیی سەرهەڵدان و هۆكارەكانی گەشەی تیرۆریستانی داعشی لە ڕۆژئاوای عێراق بۆ شاندی میوان شی كردەوە. سەرۆك بارزانی جەختی لەوە كردەوە كە تیرۆریستان بۆیە پەلاماری كوردستانیان دا چونكە كوردستان ئاستەنگێكی مەزن بوو لەبەردەم جێبەجێبوونی پلانی تیرۆریستان و فراوانبوونیان لە ناوچەكەدا و ئەوەیشی دووپاتكردەوە كە تیرۆر هەڕەشەیەكی جدییه بۆ سەر هەموو لایەك و پێویستە بۆ لەناوبردنی تیرۆریستان ئیرادەیەكی بەهێزی دەولی و هاوكاریی هەموو وڵاتان هەبێت. هەروەها ئاماژەیشی بەوەدا كە بۆ سەركەوتن لە شەڕی تیرۆردا لە تەك ڕووبەڕووبوونەوەی سەربازی پێویستە لەڕووی فكری و ئابووریش شەڕیان لەگەڵدا بكرێت و ڕێگە لە هاتوچۆیان بگیرێت. سەرۆك بارزانی لەدرێژەی قسەكانیدا ئەوەیشی خستەڕوو كە هەر لایەنێك بیەوێت تیرۆر وەك كارتێكی سیاسی لە ململانێكاندا بەكار بهێنێت لە ئەنجام خۆی زیان دەبینێت و بەم ئاگرە دەسووتێت.

هەر لەم كۆبوونەوەیەدا بارودۆخی سیاسیی ناوچەكە و سووریا و هەروەها پەیوەندییە سیاسی و ئابوورییەكانی ڕووسیا و هەرێمی كوردستان تاوتوێ كرا.

 

 

 

 

 

 

Read کد خبر: 1110

هەواڵی زیاتر لە تویتەر

راپۆرتە پڕ بینەرەکان

حالت های رنگی