ئەمڕۆ فەلاح مستەفا بەرپرسی پەیوەندییەكانی دەرەوەی حكومەت پێشوازی لە شاندێكی ئیتاڵی كرد كە پێكهاتبوو لە بەڕێزان ماریۆن باڵدی ، سەرۆكی فەرمانگەی فریاگوزاری بۆ هاوكاری لە وەزارەتی دەرەوەی ئیتالیا و  ماركۆ فاڵكۆنە هەماهەنگكاری دارایی فریاگوزاری ئیتالی و كارمێلۆ فیكارا بەرپرسی نووسنگەی باڵیۆزخانەی ئیتاڵیا لە هەرێم.

لە دیدارەكەدا كە كاروان جەمال جێگری بەرپرسی فەرمانگەو دیندار زێباری جێگری بەرپرسی فەرمانگە بۆ كاروباری رێكخراوە نێودەوڵەتیەكان و خاتوو سوهام جەبەلی یاریدەدەری بەرپرسی فەرمانگەو ژمارەیەك لە راوێژكاران ئامادەبوون، شاندی میوان خۆشحاڵی خۆیان دەربڕی بۆ ئەم پێشوازیە و مەبەستی سەردانەكەیان خستەڕوو كە بریتی بوو لە ئاگاداربوون لە ڕەوشی پەنابەرانی سوریا لە هەرێمی كوردستان و چۆنیەتی هاوكاری كردنیان.

ماریۆن باڵدی باسی لەوەش كرد، كەوا حكومەتی ئیتالیا تاوەكو ئێستا بڕی 50 ملیۆن دۆلاری بۆ سەرجەم پەنابەرانی سوریا تەرخان كردووە و ئەم جارەش دوو ملیۆن یۆرۆی لە ڕێگەی ڕێكخراوە ناحكومییەكان و ئاژەنسە نێودەوڵەتییەكانی سەر بە ڕێكخراوی نەتەوە یەكگرتووەكان بۆ پەنابەرانی سوریا لە هەرێم تەرخانكردووە.

لە لای خۆیەوە فەلاح مستەفا بەرپرسی پەیوەندییەكانی دەرەوە دەستخۆشی ئەم هەنگاوەی لە حكومەتی ئیتاڵیا كردو جەختی لەوەش كردەوە كە حكومەتی هەرێم دریغی نەكردووە بۆ كۆمەككردنی ئاوارەكان، بەڵام بەهۆی هەبوونی نزیكەی 300 هەزار ئاوارەی سوریا حكومەتی هەرێم ناتوانێ‌ بە تەنها لە ئاست پێداویستیەكانیان بێت. بۆیە دەخوازین كۆمەڵگای نێودەوڵەتی بە جددی بڕوانێتە بارودۆخی ئاوارەكان ، چونكە لە بوارەكانی خۆراك و تەندروستی و پەروەرەیی و پێداویستی رۆژانە پێویستیان بە كۆمەك و یارمەتی هەنووكەیی هەیە.

بەرپرسی فەرمانگەی پەیوەندیەكانی دەرەوە باسی لە كاریگەرییە نەرێنییەكانی قەیرانی سوریا لەسەر هەرێم كرد و گووتی حكومەتی هەرێمی كوردستان خوازیارە قەیرانەكانی سوریا بەزووترین كات كۆتایی پێ بێت و حكومەتێك لەسەر بنەمای دیموكراسی و فرەیی دابمەزرێ كە تێیدا پاراستنی مافی مرۆڤ و مافی هەموو نەتەوەكان لەبەرچاو بگیرێت.

لە تەوەرێكی تری دیدارەكەدا شاندی میوان باسیان لە پتەوكردنی پەیوەندی ئابووری نێوان ئیتالیا و هەرێمی كوردستان كرد و ئاماژەیان بەوەدا كە هەرێمی كوردستان دوورگەیەكی ئارامە لە ناوچەكی پڕ لە كێشەو ململانێ‌، بۆیە وەزارەتی دەرەوەی ئیتالیا، كۆمپانیا و وەبەرهێنەرانی وڵاتەكەی هان دەدات بۆ ئەنجامدانی وەبەرهێنان لە هەرێمی كوردستان.

فەلاح مستەفا ئەم هەنگاوەی وەزارەتی دەرەوەی ئیتاڵیای بەرز نرخاندو گووتی ئەم هەنگاوە خزمەت بە بەرژەوەندی هەردوولا دەكات. هەروا گووتی ئیتاڵیا وەكو وڵاتێكی خاوەن ئەزموون و پێشكەوتوو لە ڕووی پێشەسازی و بوارە جیاجیاكان دەتوانێ‌ ڕۆڵی بەرچاو بگێڕی لە بونیادنان و بەرەوپێشبردنی هەرێمی كوردستان.

 

دوو شەممە, 03 ئازار 2014

 

 

 

 

ئەمڕۆ فەلاح مستەفا بەرپرسی پەیوەندییەكانی دەرەوەی حكومەت پێشوازی لە شاندێكی كۆمیسیۆنی نێودەوڵەتی سەربەخۆی پەیوەست بە پێشێلكارییەكانی مافی مرۆڤ لە سوریا كرد بە سەرۆكایەتی بەڕێز پاولۆ سێرجیۆ پینهێرۆ .

لە دیدارەكەدا كە كاروان جەمال جێگری بەرپرسی فەرمانگەو دیندار زێباری جێگری بەرپرسی فەرمانگە بۆ كاروباری رێكخراوە نێودەوڵەتیەكان و خاتوو سوهام جەبەلی یاریدەدەری بەرپرسی فەرمانگەو ژمارەیەك لە راوێژكاران ئامادەبوون، بەڕێز پێنهێرۆ كورتەیەكی لەبارەی گرینگی دامەزراندنی ئەم كۆمیسیۆنە خستەڕوو، كە لە سێبتەمبەری 2011 دەست بەكار بووەو لە ساڵی 2012 بەمەبەستی هەوڵدان بۆ ڕاگرتنی توندوتیژی و پێشێلكارییەكان دژ بە مافی مرۆڤ سەردانی سوریای كردووە و لەگەڵ گەورە بەرپرسانی ئەو وڵاتە كۆبۆتەوە، بەڵام هەوڵەكانی بێ ئاكام بووە.

سەرۆكی شاندەكە مەبەستی سەردانەكەی بۆ هەرێم روونكردەوە كە بۆ زیاتر ئاگاداربوونە لە كەیسەكانی پێشێلكردنی مافی مرۆڤ لە سوریا وچۆنێتی هاوكاری كردنی قوربانیانی توندوتیژی.

هەروا گووتی كۆمیسیۆن لەكاتی ڕوودانی كێشە و ململانییەكان كاری خۆی دەكات و ڕاپۆرتی خۆی بۆ لایەنی پەیوەندیدار بەرز دەكاتەوە و هەوڵ دەدات دەنگی قوربانیانی توندوتیژی و جەنگ بەرز بكاتەوە و هاوكارییان بكات و لەهەمان كاتدا كار دەكات بۆ ناساندنی كەیسی تاوانكاران بە دادگای نێودەوڵەتی تاوان بەمەبەستی دادگایی كردنیان. 

فەلاح مستەفا سوپاس و پێزانینی خۆی ئاراستەی شاندی میوان كرد و ڕوونی كردەوە كەوا حكومەتی هەرێم بە بایەخەوە دەڕوانێتە پرسەكانی مافی مرۆڤ و بە توندی پێشێلكارییەكانی مافی مرۆڤ ئیدانە دەكات و هەموو هەوڵ وكۆششی خۆی دەخاتە گەڕ لەپێناو پاراستنی مافە بنەڕەتییەكانی مرۆڤ.

هەروا گووتی تا ئێستا هەرێمی كوردستان پێشوازی لە نزیكەی 300 هەزار ئاوارەی سوریا كردووە و تاوەكو ئێستا بەبڕی زیاتر لە 70 ملیۆن دۆلار كۆمەكی دارایی ئاوارەكانی كردووە و هەموو هەوڵێك دەدات بۆ باشتر كردنی بارودۆخیان لە ڕووی تەندروستی و پەروەدەیی گوزەرانی رۆژانە. 

 

بەرپرسی پەیوەندیەكانی دەرەوەی حكومەت جەختی لەوەش كردەوە كەوا هەرچەندە ئەركی نەتەوە یەكگرتووەكان و كۆمەڵگای نێودەوڵەتیە كۆمەك و یارمەتی پێویست پێشكەش بە ئاوارەكانی سوریا لە هەرێمی كوردستان بكەن و قەبارەی یارمەتییەكان بگەیننە ئاستی پێوویست ، بەڵام دەخوازین كۆمیسیۆنیش لە ڕێگەی ڕاپۆرتەكانیەوە دەنگی هەرێمی كوردستان بگەیەنێتە كۆمەڵگای نێودەوڵەتی و كۆمیسیاری باڵای مافەكانی مرۆڤی سەر بە نەتەوە یەكگرتووەكان بۆ زیاتر گرینگی دان بە بارودۆخی ئاوارەكان.

 

فەلاح مستەفا ئاماژەی بە سیاسەتی حكومەتی هەرێم دا كە باوەڕی تەواوی بە بەهاكانی دیموكراسی و فرەیی و لێبووردەیی و پێكەوەژیانی ئاشتیانە هەیە، بۆیە ئەمڕۆ بێجگە لە ئاوارەكانی سوریا، نزیكەی 26 هەزار خانەوادەی مەسیحی عیراق و 30 هەزار ئاوارەی پارێزگای ئەنبار ڕوویان لە هەرێم كردووە و لەسایەی سەقامگیری سیاسی و كۆمەڵایەتی و ئاسایشی هەرێم دەژین.

 

لە كۆتاییدا فەلاح مستەفا دووبارە هیوای سەركەوتنی لە ئەرك و گەیاندنی پەیامی مرۆیی بۆ شاندی میوان خواست.
جێگەی باسە كۆمیسیۆنی ناوبراو وەكو لایەنێكی سەربەخۆ لە 5 ی ئاداری ئەمساڵ ڕاپۆرتی خۆی سەبارەت بە ڕەوشی مافی مرۆڤ و پێشێلكارییەكان لە سوریا بڵاودەكاتەوە و لە كاتی ئامادەكردنی ڕاپۆرت پشت بە زانیاری و ڕاپۆرتەكانی ئاژانس و ڕێكخراوە نێودەوڵەتییەكان دەبەستێت.

 

 دوو شەممە, 03 ئازار 2014

 

 

 

 

 

 

 

لە وەزارەتى کاروبارى دەرەوەى پرتوگال و بە ئامادەبوونى ژمارەیەکى بەرچاو لە کاربەدەستانى باڵاى حکومەت، لە چوارچێوەى هەوڵەکان بۆ پەرەپێدانى هاوکارى و پەیوەندیەکانى نێوان هەرێمى کوردستان و پرتوگال، هەروەها بۆ لێک نزیکبوونەوەو بۆ دروست کردنى پردى پەیوەندى لە نێوان کەرتى تایبەتى هەردوولا، کۆمەڵەى کارى کوردستان – پرتوگال راگەیەندرا.

لە بۆنەکەدا کە هەریەک لە فەلاح مستەفا بەرپرسى پەیوەندیەکانى دەرەوەى حکومەت و خوسێ سیساریۆ وەزیرى دەوڵەت بۆ کاروبارى کۆمەڵگەى پرتوگال لە دەرەوە و دابان شەدەڵە نوێنەرى حکومەتى هەرێم لە ئیسپانیا و دۆمینگۆس ئۆگاندۆ بەرپرسى کۆمەڵە تازە دامەزراوەکە ئامادەى بوون، سیساریۆ گووتى ئەمڕۆ رۆژێکى تایبەتە و پێمان وایە زۆر گرینگە بۆ کۆمپانیاکانى پرتوگال بۆ کار کردن لەگەڵ کۆمپانیاکانى هەرێمى کوردستان.

لاى خۆشیەوە دۆمینگۆس ئۆگاندۆ بەرپرسى کۆمەڵەى کارى کوردستان – پرتوگال گووتى دامەزراندنى ئەم کۆمەڵەى کارە لە داهاتوویەکى زۆر نزیکدا لەڕووى ئابووریەوە سوودى بۆ هەردوو لایەنى پرتوگال و هەرێمى کوردستان دەبێت.

هەر لەم بۆنەیەدا فەلاح مستەفا بەرپرسى پەیوەندیەکانى دەرەوەى حکومەتى هەرێم وێڕاى دەربڕینى خۆشحاڵی بۆ ئامادەبوون لە مەراسیمەکەدا هاوکات سوپاسى ئامادەبووانیشى کرد و گووتى ئەمە یەکەمین سەردانى فەرمى شاندى حکمەتى هەرێمى کوردستانە بۆ پرتوگال. گووتیشى ئێمە لە هەوڵى دووبارە بونیادنانەوەو ئاوەدانکردنەوەداین، ئەم هەنگاوە دەکرێت پێکەوە بۆ زیاتر پێشخستنى کوردستان ئەنجام بدرێت. هاوکات گووتى کە دەکرێت کوردستان ببێتە دەروازەیەک بۆ بەشەکانى دیکەى عێراق.

جێگەى باسە دامەزراندنى ئەم کۆمەڵەى کارە یارمەتى هاتنى کۆمپانیاکانى پرتوگال دەدات بۆ کارکردن لە هەرێم و بە پێچەوانەشەوە. لەم رووەشەوە فەلاح مستەفا دڵنیایی بە ئامادەبووان دا کە فەرمانگەى پەیوەندیەکانى دەرەوە هەموو کاتێک ئامادەی پێشکەش کردنى هاوکاریە، هاوکات هیواى خواست کە پرتوگال لە داهاتوویەکى نزیکدا ببێتە بەشێک لە کۆمەڵگاى دیپلۆماسى لە هەرێمى کوردستان و نوێنەرایەتى خۆى لە هەرێم بکاتەوە.

 

 

  • هەینی, 28 شوبات 2014

 

 

 

فەلاح مستەفا بەرپرسی پەیوەندیەكانی دەرەوەی حكومەتی هەرێمی كوردستان بە یاوەری دابان شەدەڵە نوێنەری حكومەتی هەرێم لە ئیسپانیا سەردانی پەرلەمانی كۆماری پرتوگالی كرد و لەگەڵ سیرگیۆ سۆوسا پینتۆ سەرۆكی ئەنجومەنی كاروباری دەرەوەی پەرلەمانی پرتوگال كە هاوكات ئەندامی پارتی سۆسیالیستی پرتۆگالە كۆبوونەوە.

لە دیدارەكەدا فەلاح مستەفا تیشكی خستەسەر ئارەزووی حكومەتی هەرێمی كوردستان بۆ گرێدانی پەیوەندی دۆستانە لەگەڵ وڵاتانی جیهان و گووتی كە حكومەتی هەرێم كار بۆ فراوانكردنی پەیوەندیەكانی لەگەڵ كۆمەڵگای نێودەوڵەتی دەكات. گووتیشی كە هەرێم پێداویستیەكانی هەیە بەڵام تەكنەلۆژیای پێشكەوتوو شارەزایی پێویستی نیە، ئەمەش ئەو خاڵەی پەیوەندییەیە كە دەتوانین بۆ سوودو بەرژەوەندیەكانی هەردوولا كاری لەسەر بكەین، چونكە ئێوە تەكنەلۆژیا و پسپۆری ئەم بوارانەتان هەیە.

سەرۆك پینتۆ وێرای دەربڕینی خۆشحاڵی بۆ سەردانەكە، هاوكات پێشوازی گەرمی لە پەیامەكەی بەرپرسی پەیوەندیەكانی دەرەوە كردو گوتیشی هەروەها دەتوانین پەیوەندیەكانمان لەسەر بنەمای كەلتوری بونیاد بنێین چونكە هاوبەشیەكی زۆرمان لەگەڵ زۆر بەشی جیاجیای جیهان هەیە. هاوكات بەرپرسی پەیوەندیەكانی دەرەوە باسی لەو بوارو دەرفەتە جیاجیانە كرد كە پرتوگال دەتوانێت لە هەرێمی كوردستان كاری تێدا بكات و سوودی بۆ هەردوولا دەبێت.

هەر لە دیدارەكەدا بەرپرسی پەیوەندیەكانی دەرەوەی حكومەت و نوێنەری حكومەتی هەرێم لە ئیسپانیا گفتوگۆیان دەربارەی گرینگی بە جینۆساید ناساندنی تاوانەكانی رژێمی پێشووی عێراق دژ بە گەلی كوردستان لە لایەن پەرلەمانی پرتوگال كرد. هاوكات پێشنیار كرا كە شاندێكی پەرلەمانی ئەو وڵاتە سەردانی هەرێمی كوردستان بكات، بۆ لە نزیكەوە ئاگاداربوون لە پێشكەوتنەكانی هەرێم و هەروەها ئەو بوارانەی كە هەردوولا دەتوانن لە هەرێم كاری لەسەر بكەن.

هەر لە پەرلەمانی پرتوگال و لە دیدارێكی دیكەدا، یەرپرسی پەیوەندیەكانی دەرەوە لەگەڵ ژمارەیەك لە پەرلەمانتارانی ئەو وڵاتە كۆبووەوە. لە كۆبوونەوەكەدا كە پەرلەمانتارانی وەك ریچارد باپتیستا لێیتێ‌ و پاولۆ پیسكۆ و مۆنیكا فێرۆ لە ئەنجومەنی كاروباری دەرەوەی پەرلەمان ئامادەی بوون، بەرپرسی پەیوەندیەكانی دەرەوە باسی لە مێژووی كوردستان و ئەو پێشكەوتنانە كرد كە لە ساڵی 2003وە تا ئەمڕۆ بەدەست هاتوون. هەروەها گووتی كە حكومەتی هەرێم سیاسەتی دەرگای كراوە پەیڕەو دەكات، گوتیشی كە لە ئێستادا 31 نوێنەرایەتی وڵاتانی بیانی لە هەرێم كار دەكەن و لە ناویشیاندا پێنج ئەندامە هەمیشەییەكەی ئەنجومەنی ئاسایشی سەر بە نەتەوە یەكگرتووەكان هەیە.

پاشان بەرپرسی پەوەندیەكانی دەرەوە هیوای خواست كە پەرلەمانی پرتوگال بە شێوەیەكی فەرمی ئەو تاوانانە بە جینۆساید بناسێنێت كە لە لایەن رژێمی پێشووی عێراق دژ بە گەلی كوردستان ئەنجام دراون. هاوكات داوای كرد كە هاوشێوەیەی پەرلەمانەكانی دیكەی وڵاتانی جیهان گرووپی هاوڕێیەتی لەناو پەرلەمانی پرتوگاڵ بۆ پشتیوانی كردن دروست بكرێت.

لای خۆیەوە ریكاردۆ لێتی ئەندامی پەرلەمانی پرتوگال لە پارتی سۆشیال دیموكرات دوای پێشوازی كردن لە سەردانی شاندەكەی حكومەتی هەرێم بۆ پرتوگال گووتی كوردستان وەك تاوەرێكی راستەفینەی درەوشاوەو رێنیشاندەر بۆ هەموو رۆژهەڵاتی ناوەڕاست دەبینرێت. هەروەها گووتی ئاگاداری هەوڵ و تێكۆشانەكانتانم لە پێناوی دیموكراسی و ئەوەش بە تەواوەتی دیارە، گووتیشی كە بەردەوام پشتیوانی پارتی سۆشیال دیموكراتتان هەیە.

لەبارەی بە جینۆساید ناساندنەوە، ئەندامانی پەرلەمانی ئەو پرتوگال كە لە كۆبوونەوەكەدا ئامادەبوون، ئاماژەیان بەوەدا كە بە جدی لەو یرسە دەكۆڵنەوە و هاوكات كاری جدی بۆ ئەو ئەنجامدانی ئەو كارە لەداهاتوویەكی نزیكدا دەكەن. هەر لەم بارەیەوە ئەندام پەرلەمانی پورتوگال پاولۆ پیسكۆ گووتی لەكاتێك لە لایەن چەند وڵاتەێكی دیكەشەوە داواكاری هاوشێوە كراوە كراوە كە كاتی پێویستە، بەڵام لەم بارەیەوە لەگەڵ هەوڵەكانتان هاوڕاین.

 

پێنج شەممە, 27 شوبات 2014 

 

 

 

 

 

 

فەلاح مستەفا بەرپرسی پەیوەندیەکانی دەرەوەی حکومەت بە یاوەری دابان شەدەڵە نوێنەری حکومەتی هەرێم لە ئیسپانیا سەردانی ئاژانسی ئیسپانیا بۆ هاوکاری نێودەوڵەتی کرد و لەلایەن هەریەک لە ئەلبێرتۆ گۆمێز بەڕێوەبەری هاوکاری لەگەڵ ئەفریقیا و ئاسیا و هەروەها ئەنتۆنیۆ گۆنزالیس سەرۆکی بەشی هاوکاری لەگەڵ جیهانی عەرەبی و ئاسیا پێشوازیان لێکرا .

 

لە دیدارەکەدا هەردوولا گفتوگۆیان لەبارەى پەیوەندیەکانى نێوان هەرێمی کوردستان و ئیسپانیا کرد. لەم رووەشەوە سەبارەت بە پەرەپێدانى پەیوەندیەکانى نێوانیان هاوڕابوون.

 

لەبارەى پرۆسەى دیموکراسى لە ئیسپانیا گومێز گووتى پرۆسەى گواستنەوەی ئیسپانیا بۆ وڵاتێکى دیموکراسی کاتێکی زۆری ویستووە تا گەیشتووەتە ئەم قۆناغەى ئێستا. هاوکات لەبارەى کارەکانى دامەزراوەکەیانەوە گوتی: ئێمە ئەمرۆ لەگەڵ ژمارەیەک دامەزراوەی گشتی و رێکخراوی ناحکومی کاردەکەین و هاوکاری تەکنیکیان لە چەند بوارێکى جیاجیادا پێشکەش دەکەین.

 

لەم رووەشەوە بەرپرسی پەیوەندیەکانی دەرەوە گووتى هەرێمی کوردستان پێویستی بە چاکسازی کارگێڕی هەیە و هەوڵ بۆ بەهێزکردنی تواناکانی کەرتی گشتی دەدەین. گووتیشى هەرێمی کوردستان پێشوازی لە ئاژانسی ئیسپانیا بۆ هاوکاری نێودەوڵەتی دەکات بۆ پێشکەشکردنی هاوکاریەکانیان بە هەرێم لە بوارى جیاجیادا، لەنێویشیاندا ئەنجامدانی ۆرکشۆپ و خولی پێشکەوتوو بۆ کادیرە ناوەندیەکان لە وەزارەت و دامودەزگا جیاجیاکانی حکومەت .

 

لە بەشێکى دیکەى دیدارەدا هەردوولا باسیان لە کاریگەری قەیرانی سوریا لەسەر هەرێمی کوردستان کرد، بەتایبەتی هاتنی ژمارەیەکی زۆری ئاوارەی ئەم وڵاتە بۆ هەرێم کە لە زۆر رووەوە پێداویستیان هەیە. لەمبارەیەوە فەلاح مستەفا گووتی : هیوادارم کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی هەست بە بوونی ئەم ژمارە زۆرەی ئاوارەکان لە هەرێمی کوردستان بکات، هاوکات پێویستە ئەم رێژە زۆرەى ئاوارەکان لەکاتى پێشکەش کردنى هاوکاریەکان لەبەرچاو بگرێت، کە تاوەکو ئێستا بە بەراورد لەگەڵ وڵاتانی دیکەی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست کە ئاوارەکانی سوریایان لەخۆوە گرتووە، هاوکاریەکی سنوورداریان لەلایەن کۆمەڵگەی نێودەوڵەتیەوە پێشکەش کراوە.

 

لە کۆتایی دیدارەکەشدا شاندی حکومەتی هەرێم هیوای خواست شاندێکی ئەم ئاژانسە لە ئایندەیەکی نزیک سەردانی هەرێمی کوردستان بکات، تاوەکو لە نزیکەوە ئەو بوارانە ببینن کە دەتوانن کاری لەسەر بکەن و کە سوودو بەرژەوەندى خەڵکی کوردستان هەبێت.

 

جێگەى باسە ئەم ئاژانسە لە ژێر دەسەڵاتی وەزارەتی هاوکاری و کاروباری دەرەوەی ئیسپانیا دایە و چالاکیان لە 23 وڵات لە جیهاندا هەیە.

 

 پێنج شەممە, 27 شوبات 2014

 

 

لەمیانەی سەردانەكەیدا بۆ ئیسپانیا فەلاح مستەفا بەرپرسی پەیوەندیەكانی دەرەوەی حكومەت بەیاوەری وەدیع ئال بەتی باڵیۆزی عیراق لە ئیسپانیا و دابان شەدەلە نوێنەری حكومەتی هەرێم لە ئیسپانیا بەشداری لە ئاهەنگی 53 یەمین ساڵیادی رۆژی نیشتیمانی كوێت كرد .

لە ئاهەنگەكەدا كە سولەیمان خەمیسی باڵیۆزی كوێت لە ئیسپانیا و بەرپرسانی دیكەی باڵیۆزخانە ئامادەی بوون ، بەرپرسی پەیوەندیەكانی دەرەوە بە بۆنەی 53 یەمین ساڵیادی رۆژی نیشتیمانی كوێت بەناوی حكومەتی هەرێمی كوردستان پیرۆزبایی لە گەل وحكومەتی كوێت كرد  وهیوای سەركەوتن و پێشكەوتنی بۆ ئەم وڵاتە خواست.

هاوكات بەرپرسی پەیوەندیەكانی دەرەوە چاوی بە ژمارەیەك لە باڵیۆزانی وڵاتانی عەرەبی و جیهان كەوت و دوایین پەرەسەندنی سیاسی و ئەمنی كوردستان و عیراق و باردۆخی ناوچەكە باسیان لێوەكرا.

 

 پێنج شەممە, 27 شوبات 2014

 

 

لەمیانەی گەشتە فەرمیەكەی بۆ چەند وڵاتێكی ئەوروپا، فەلاح مستەفا بەرپرسی فەرمانگەی پەیوەندیەكانی دەرەوە بە یاوەری نوێنەری حكومەتی هەرێم لە ئیسپانیا، دابان شەدەڵە، سەردانی وەزارەتی هاوكاری و كاروباری دەرەوەی پرتوگالیان كردو لە لایەن لویس فێریا وەزیری دەوڵەت بۆ هاوكاری و كاروباری دەرەوەو هەروەها خۆسێ‌ سیساریۆ وەزیری دەوڵەت بۆ كۆمەڵگای پرتوگالی لە دەرەوە پێشوازیان لێكرا.

لویس فێریا سوپاسی سەردانی شاندەكەی حكومەتی هەرێمی كرد بۆ وەزارەتی كاروباری دەرەوەو گووتی كە كۆمەڵێك بابەت هەیە بۆ گفتوگۆكردن كە كە گرینگی بۆ هەردوولا هەیە. گووتی زۆر گرینگە بۆ كۆمپانیاكانی پرتوگال لە هەرێمی كوردستان كە ناوچەیەكی ئاشتیخوازە كار بكەن.

لای خۆیە بەرپرسی پەیوەندیەكانی دەرەوە وێڕای دەربڕینی خۆشحاڵیان گووتی كە دەمانەوێت پەیوەندیەكانمان بۆ سوودو بەرژەوەندی هەردوولا بێت. ئێمە پێویستیمان بە شارەزاییەكانی پرتوگال لە بوارە جیاجیاكاندا هەیە و هاوكات پێمان گرینگە كە پرتوگال نوێنەرایەتی خۆی لەماوەی داهاتوو لە هەرێم بكاتەوە، تاوەكو ببێتە هۆی دامەزراندنی پەیوەندیەكی بەهێز لە نێوان هەردوولا.

فەلاح مستەفا باسی لەو پێشكەوتنانە كرد كە لە كوردستان بەدی هاتوون، بە تایبەتی لەڕووی زیادبوونی ژمارەی نوێنەرایەتی وڵاتانی بیانی و هەروەها كار كردنی 18 هێڵی فڕۆكەوانی و هاوكات كار كردنی زیاتر لە 2600 دوو هەزارو شەش سەد كۆمپانیای بیانی لە هەرێم. گووتیشی دەرفەتی جۆراوجۆر هەیە بۆ پێكەوە كار كردن وەك ئابووری و كەلتوری و پەروەردە. هەروەها ئاماژەی بەوە كرد كە هەرێمی كوردستان دەیەوێت سوود لە شارەزاییەكانی ئەو وڵاتە وەربگرێت لە بوارەكانی تەكنەلۆژیا و كشتوكاڵ و پیشەسازی و گەشتوگوزار.

لای خۆشیەوە لویس فێریا وەزیری دەوڵەت بۆ هاوكاری و كاروباری دەرەوەی پرتوگال گووتی ئێمە خۆشحاڵین بە پێشوازی كردن لە نوێنەری حكومەتی هەرێم لە ئیسپانیا، بەڵام هاوكات دەمانەوێت كە حكومەتی هەرێم نوێنەرایەتی خۆی لە پرتوگال بكاتەوە كە یارمەتیدەر دەبێت بۆ بەهێزكردنی پەیوەندیەكانی نێوان هەردوولا. گووتیشی كە پرتوگال نەك تەنها لە ئەوروپا بەڵكو پەیوەندیەكی بەهێزیشی لەگەڵ وڵاتانی ئەفریقا هەیە.

لە كۆتایی دیدارەكەشدا بەرپرسی پەیوەندیەكانی دەرەوە داوای كرد كە شاندێكی وەزارەتی هاوكاری و كاروباری دەرەوەی پرتوگال سەردانی هەرێمی كوردستان بكات، كە گاریگەری پۆزەتیڤ دەبێت بۆ راستەخۆ بینینی ئەو دەرفەت و لایەن و پرۆژانەی كە لە هەرێم هەیە. گووتیشی كە هەرێم پرتوگال وەك هاوبەش دەبینێت و چاومان لە پەرەپێدانی پەیوەندیەكانی نێوان هەردوولایە.

هەر لەمیانەی سەردانەكەدا بۆ وەزارەتی هاوكاری و كاروباری دەرەوەی پرتوگال، شاندی حكومەتی هەرێم لەگەڵ روی ماسیرا بەڕێوەبەری گشتی سیاسەتی دەرەوە كۆبوونەوە.

ماسیرا گووتی پێمان وایە كە هەرێمی كورستان مۆدێلێكی باشە بۆ تەواوی عێراق. گووتیشی كە پرتوگال بەنیازی دووبارە كردنەوەی باڵیۆزخانەیە لە بەغدا دوای ئەوەی كە لەساڵی 2007 داخرا.

هەر لە دیدارەكەدا بەرپرسی پەیوەندیەكانی دەرەوە پوختەیەكی دەربارەی پەیوەندیەكانی هەرێم لەگەڵ وڵاتانی دراوسێ‌ باس كرد. هاوكات تیشكی خستەسەر قەیرانی مرۆیی سوریا و ئەو كاریگەریانەی كە ئاوارەبوونی هاووڵاتیانی ئەو وڵاتە لەسەر هەرێمی كوردستان هەیبووە، لە هەمان كاتدا باسی لە ئاوارەكانی بەشەكانی دیكەی عێراق كرد كە بەهۆی توندوتیژیەكانەوە روویان لە هەرێم كردووە.

لە چوارچێوەی گەشتە ئەوروپییەکەی و لەدوای کۆتاییهاتنی سەردانەکەی بۆ هەرێمی کەتالۆنیا، فەلاح مستەفا بەرپرسی پەیوەندیەکانی دەرەوەی حکومەت بەیاوەری وەدیع ئەلبەتی باڵیۆزی عیراق لە ئیسپانیا و دابان شەدەڵە نوێنەری حکومەتی هەرێم لە ئیسپانیا سەردانى وەزارەتى هاوکارى و کاروبارى دەرەوەى ئیسپانیایان کردو لەگەڵ گۆنزالۆ پینیتۆ وەزیری دەوڵەت بۆ کاروباری پەیوەندیە نێودەوڵەتیەکان و مانوێل گۆمێز بەڕێوەبەری گشتی بۆ مەغریب و ئەفریقیا و رۆژهەڵاتى ناوەڕاست لەو وەزارەتە کۆبوونەوە .

ئەم سەردان و کۆبوونەوەیە کە دوابەودواى سەردانی عیماد ئەحمەد جێگری سەرۆکی حکومەتی هەرێم لە مانگى نیسانى ساڵى رابردوو بۆ ئەو وڵاتە ئەنجام درا، هەروەها وەکو بەشێک لە بەدواداچوونى ئەو سەردانە، هەردوولادا لەسەر پەرەپێدانى هەماهەنگی و هاوکاری نێوانیان هاوڕابوون، هاوکات بەرپرسی پەیوەندیەکانی دەرەوە پەرەپێدانى ئەو پەیوەندیانەى بە گرنگ بەسوود بۆ هەردوولا وەسف کرد.

لاى خۆیەوە گۆنزالۆ پینیتۆ گووتى ئەوان لە نزیکەوە سەبارەت بە سەرکەوتنەکانى هەرێمی کوردستان ئاگادارن. هەروەها گووتى کە نیگەرانن دەربارەى تەواوى بارودۆخى ناوچەکەبەڵام هەرێمی کوردستان جیاوازە و شوێنێکى سەقامگیر و پارێزراوە، گووتیشى کەرتی تایبەتی ئیسپانیا بە شێوەیەکی جدی کار بۆ سوود وەرگرتن لە دەرفەتی وەبەرهێنان لە هەرێمی کوردستاندا دەکات و هاوکات هیواى خواست کە پێکەوە کار بۆ پشتگیرى ئەم پرۆسەیە بکەن.

پاشان فەلاح مستەفا بەرپرسی پەیوەندیەکانی دەرەوە باسى لە گرینگى پەرەپێدانى پەیوەندیەکانى نێوان هەرێمى کوردستان و وڵاتى ئیسپانیاى کردەوە لەڕووى ئابوورى و سیاسى و کەلتورى و کۆمەڵایەتى و گووتى هەرێمی کوردستان خوازیارە پەیوەندیەکی درێژخایەنی لەگەڵ ئیسپانیا هەبێت کە سوودی بۆ هەردوولا هەبێت، هاوکات بەرزکردنەوەى ئاستی نوێنەرایەتی ئیسپانیا لە هەرێم بۆ پەرەپێدانى ئەو پەیوەندیانە بە پێویست و گرینگ زانى.

هەر لەم دیدارەدا باس لە پرۆسەی پێکهێنانی کابینەی نوێى حکومەتى هەرێم کرا. هاوکات بەرپرسى پەیوەندیەکانى دەرەوە داواى لە حکومەتی ئیسپانیا کرد ئەو تاوانانەى لە لایەن رژێمى پێشووى عێراق دژ بە گەلى کوردستان کراوە بە جینۆساید ناسێنێت. ل رووەشەوە وەزیری دەوڵەت بۆ پەیوەندیە نێودەوڵەتیەکان لە وەزارەتى دەرەوەى ئیسپانیا گووتى کە ئَمە بەردەوم دەبین لە قسە کردن لەگەڵ ئەندامانى پەرلەمان سەبارەت بەو تاوانانەى کە دژ بە گەلى کورد کراوە و گووتیشى کە ئەوان ئاگادارى ئەو کارەساتەن کە بەسەر کورد هاتووە.

لە دواباسەکانى دیدارەکەدا بەرپرسى پەوەنیدەکانى دەرەوە باسى پرۆسەی هەڵبژاردنی ئەنجومەنی نوێنەرانی عیراق لەماوەى داهاتوو کرد. هەروەها قەیرانی سوریا و رەوش و پێویستیەکانى ئاوارەکانی سوریا لە هەرێم تەوەرێکی دیکەی باسەکان بوون.

 

 

  • سێ شەممە, 25 شوبات 2014

 

 

 

 

 

هەواڵی زیاتر لە تویتەر

راپۆرتە پڕ بینەرەکان

حالت های رنگی