ئێران حکومه‌تى بنکه‌فراوانى لەهەرێم ده‌وێت

  • شەممە, 02 ت دووەم 2013

    نازم دەباغ نوێنەری حكومەتی هەرێم لەئێران رایدەگەیەنێت كەحكومەتی تاران لەگەڵ ئەوەدایە حكومەتێكی بنكە فراوان لەهەرێم پێكبهێنرێت بەبەشداری سەرجەم لایەنەكان و دەڵێت « ئێران لەناوچەی سلێمانی بەرژەوەندی ئابوری زۆری هەیە‌و مافی خۆیەتی بیپارێزێت و ‌ پەیوەندی لەگەڵ كوردا هەبێت‌و گفتوگۆ لەبارەی پێكهێنانی حكومەتیشەوە بكەن ئەوەش بەشتێكی تەبیعی دەزانێت نەك تەدەخول‌«.

سازدانی : ئارا ئیبراهیم

 

 نازم دەباغ لە چاوپێكەوتنێكی هاوڵاتی-دا باس لەپەیوەندی نێوان پارتی و ئێران و تێڕوانینی ئەو وڵاتە لەسەر بەتاڵبونی پۆستەكەی تاڵەبانی دەكات و سەبارەت بە رۆڵی قاسم سولەیمانی سەرۆكی سوپای  قودسی ئێرانیش لە هەرێم دەڵێت» لە وەتەی دەیناسم‌و ئەیزانم لەسەرەتای دروستبونی بەرەی كوردستانیەوە تائێستا رۆڵی گرنگی هەبوەو قسە‌و لێكدانەوە‌و تەحریزەكانی جێگەی خۆی هەبوە .

هاوڵاتی: سەرەتا لە رۆڵی ئێرانەوە دەستپێدەكەین لەپرۆسەی پێكهێنانی حكومەتی نوێی هەرێم تا چەند ئەو وڵاتە هاوسنورەی هەرێم  رۆڵی هەیە بەتایبەت كەنوێنەری زۆربەی لایەنە براوەكانی هەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستانی بانگهێشتی وڵاتەكەی كردوە؟

نازم دەباغ: دیارە كۆماری ئیسلامی ئێران وەكو وڵاتێكی ئیقلیمی لە رابردوو ئێستا‌و داهاتوشدا رۆڵێكی گەورەی هەیە بۆ بەرقەراربون‌و ئەمن‌و ئاسایشی هەرێم تائێستا بەبەڵگەشەوە رۆڵی سیاسی هەبوە بۆ ئەوەی قسەی خێر بكات لەپێناوی تەبایی‌و دروستبونی هاوپەیمانی لەنێوان لایەنەكاندا، بۆ كۆماری ئیسلامی ئێران یەكێتی نێوان لایەنەكانی كوردستان پێویستە، بۆ پاراستنی پەیوەندیەكانی كورد‌و شیعە بەتایبەت كە ئەمن‌و ئاسایشیش لەعێراق‌و هەرێمدا بونی هەبێت ئەگەر دوو لایەنی ئەساسی گرفتیان هەبێت بۆ كۆماری ئیسلامی جێگەی نیگەرانیە.

لەو چوارچێوەیەدا كۆماری ئیسلامی ئێران بەگرنگیەوە موتابەعەی وەزعی هەرێمی كوردستان دەكات بەتایبەتی لەدوای هەڵبژاردنەكانی پەرلەمانی كوردستان بۆ ئەوەی كەبتوانن حكومەتی بنكە فراوان لەنێوان پێكهاتە جیاوازەكان لەهەموو لایەنە سیاسیەكان بەشداری بكەن لەپێناوی پاراستنی ئەمنیەت لەناوچەكەدا، كۆماری ئیسلامی ئێران لەگەڵ ئەوەدایە حكومەتی ئایندەی هەرێم حكومەتێكی بنكە فراوان بێت تا ئەمنیەت‌و سەقامگیری سیاسی‌و ئابوری هەبێت، ئێرانیش بەرژەوەندی لەسەقامگیریدایە نەك نەبونی سەقامگیری سیاسی‌و ئابوری.

هاوڵاتی: بۆ لێكنزیكبونەوەی گۆڕان‌و یەكێتی دەوترێت ئێران گفتوگۆی  لەگەڵ هەردولایان كردوە كەپێكەوە بەشداری حكومەت بكەن؟ ئایا هۆكارەكەی سیاسیە یان پاراستنی بەرژەوەندیەكانیەتی لەناوچەی سلێمانی؟

نازم دەباغ: من ئاگاداری پەیوەندیەكانی نێوان گۆڕان‌و كۆماری ئیسلامی ئێران نیم‌و ئەوان نوێنەری خۆیان بۆ پەیوەندیەكانیان هەیە، بەڵام لەزاری یەكێتی ئاگاداریم هەیە تا ئەم دەقەیە هیچ هەوڵ‌و بەرنامەیەك نەبوە لەكەناڵی ئێرانەوە‌و پێیان بڵێت فەرمون دابنیشین گفتوگۆی لەسەر بكەن، بەڵام كۆماری ئیسلامی ئێران هەر لایەنێكی سیاسی هەرێمی كوردستانیان بینیبێت‌و بانگهێشتیان كردبێت لەگەڵ ئەوەبون كە هەرێم بپارێزن‌و حكومەتی بنكە فراوان پێكبهێنرێت و ئەوەش نەشاردراوەتەوە كەزۆربەی سیاسیەكانی كوردستان لەگەڵ حكومەتی بنكە فراواندان.

هاوڵاتی: ئایا ئەم كارەی ئێران دەستوەردان نیە لەكاروباری سیاسی ناوخۆی هەرێمدا؟

نازم دەباغ: تەدەخول نیە شتێكی تەبیعیە، كەئێران پەیوەندی لەگەڵ كوردا هەبێت‌و گفتوگۆ لەبارەی پێكهێنانی حكومەتەوە بكەن، ئەی كونسوڵگەریەكان كه ‌لەگەڵ بەرپرسانی هەرێم قسە دەكەن كەواتە ئەوەش تەداخولە، بەڵام هەموو ئەم گفتوگۆیانە بۆ پێكهێنانی حكومەتی بنكە فراوانە لەهەرێمدا، نەك تەدەخول كردن، چونكە كۆماری ئیسلامی لەگەڵ تەبایی لایەنەكاندایە، تەدەخول ئەوەیە كەمەرجی خۆی بەسەر لایەنێكدا بسەپێنێت، بەڵام گفتوگۆكردن‌و قسەی خێر تەداخول نیە، بەڵێ دیارە ئێران لەناوچەی سلێمانی بەرژەوەندی ئابوری زۆری هەیە‌و مافی خۆیەتی بەرژەوەندیەكانی بپارێزێت.

هاوڵاتی: دەوترێت پارتی نیگەرانە لەمەسەی گفتوگۆی ئێران  لەگەڵ لایەنەكانی هەرێم؟

نازم دەباغ: پارتی‌ وەكو هەموو لایەنەكانی تر پەیوەندی باشی لەگەڵ كۆماری ئیسلامی ئێراندا هەیە، بەڵام دابەشبونی پارتی‌و لایەنەكانی تر ئەوەی كەوتۆتە تەرەفی توركیا یان ئێران پەیوەندی بە رێزگرتنەوە هەیە لەپەیوەندیەكان، هەتا یەكێتیش كە مەرجی لەگەڵ توركیا نیە خۆتان دەزانن پەیوەندیەكانی لەگەڵ توركیا گرنگە، بەهەمان شێوە پارتیش پەیوەندیەكانی لەگەڵ ئێران گرنگە.

ئێمە ناكرێت نوقتەی جوگرافی بهێنینە سەر تایبەتمەندیەتی لەسیاسەتدا، بەڵام نوقتەی جوگرافی زیاتر رۆڵی بەشێك لەبەشەكان زیاتر دەكات، ناوچەی سلێمانی ئەوەندەی مەرزی هاوبەشمان هەیە لەگەڵ ئێراندا جەماوەری خەڵك‌و تایبەتمەنیەكان‌و تێكەڵاوی زیاترە لەگەڵ ئێران، مەرزەكانی سنوری هەولێر‌و دهۆكیش زیاتر لەگەڵ توركیادایە.

بتەوێت و نەتەوێت توركیاو عێراق و سوریاو ئێران هەمویان ئەمرۆ لەعێراق‌و ناوچەكە بەرژەوەندی خۆیان هەیە بۆیە موشاوەرەت لەچوارچێوەی بەرژەوەندیەكانیان راستەوخۆ یان ناڕاستەوخۆ بیروبۆچونەكانی خۆیان دەگەیەنن.

كۆماری ئیسلامی نەهاتوە جیاوازی لەنێوان لایەنەكاندا بكات، بەڵكو دەڵێت هەموو لایەنە براوەكان بەشداری حكومەت بكەن‌و قەبوڵی یەكتری بكەن، هیچ لایەك مەرج بۆ یەكتری دانەنێت كە قەبوڵ نەبێت.

هاوڵاتی:  زۆر باس لەڕۆڵی قاسم سولەیمانی سەرۆكی سوپای قودسی ئێران دەكرێت لەهەرێمدا بەتایبەت چەند جارێك بەنهێنی لەگەڵ بەرپرسانی یەكێتی‌و لایەنیتر كۆبۆتەوە، كەسایەتی ناوبراو چ رۆڵێكی هەیە؟

نازم دەباغ: وەكو كەسایەتیەكی سیاسی ئەوەی كە دەیبینم كەسایەتیەكە بەشدارە لەدەسەڵاتی كۆماری ئیسلامی ئێران، سولەیمانی هەمیشە یەكێك بوە لەوانەی بەدرێژایی بونی پەیوەندیەكانی كورد لەگەڵ كۆماری ئیسلامی بەرپرسی ئەو كەناڵە بوە‌و رۆڵێكی گرنگی هەبوە‌و سەرپەرشتی ئەو كەناڵەی كردوە‌و قسە‌و لێكدانەوە‌و تەحزیرەكانی جێگەی خۆی هەبوە لەهەرێمدا، ئەمە بەتەنها قسەی منیش نیە.

ئەمەریكیەكان كە زۆر بەدوژمنی خۆیانی دەزانن بەپیاوێكی دەزانن كەبەحسابی خۆیان تەداخول دەكات لەكاروباری خۆرهەڵاتی ناوەڕاست‌و ناوچەكەدا، ئەگەر پیاوێكی لێهاتوو نەبوایە تائێستا نەیدەتوانی لەو مەسئولیەتە بمێنێتەوە.

هاوڵاتی: چ رۆڵێكی بۆ هەرێمی كوردستان هەبوە؟

نازم دەباغ: من بۆ مێژوو دەیڵێم‌و ئەو قسەیەشم مەسئولم لێی، لەوەتەی دەیناسم‌و دەیزانم لەسەرەتای دروستبونی بەرەی كوردستانیەوە تائێستا رۆڵی گرنگی هەبوە لەپێناوی دروستكردنی تەبایی لەهەرێمی كوردستان‌و عێراق، چونكە ئاژاوە‌و نائەمنیەت لەپێش هەموو كەسێك كۆماری ئیسلامی ئێران دەگرێتەوە، ئەو بەرژەوەندیانەی كۆماری ئیسلامی ئێران لەسیاسی‌و سەقامگیری‌و ئابوری وایكردووە كە رۆڵی گرنگی هەبێت لەهەرێمی كوردستاندا.

هاوڵاتی: روئیای ئێران لەسەر  بەتاڵبونی پۆستەكەی  جەلال تاڵەبانی سكرتێری یەكێتی چیە لە عێراق، كەزۆرجار لایەنە شیعی‌و سوننەكان داوا دەكەن پۆستەكەی بەبەتاڵی نەمێنێتەوە‌و جێگەی بگیرێتەوە؟

نازم دەباغ: دیارە كۆماری ئیسلامی ئێران بەبێ ئیستیسنا وەكو كەسایەتیەكانی‌و حكومەت كە نەبونی مام جەلال لەئەركەكەیدا بۆشاییەكی گەورەی دروست كردوە، بەڵام ئەو مەسەلەیە لای ئێران بەندە بەیەكێتی‌و خانەوادەكەیەوە، مام جەلال جارێ لەژیاندا ماوە تا ماوەی سەرۆكایەتیەكەی تەواونەبێت كەس ناخرێتە شوێنی، ئەو كاتە ئەگەر پۆستەكە بەر یەكێتی كەوت ئەوا بە رێككەوتنی كورد‌و شیعە كە ئێران رۆڵی تێدا دەبینێت دەتوانرێت كەسێك ئەو پۆستە وەربگرێت.

هاوڵاتی: بەڵام لەماوەی رابردوو هێرۆ ئیبراهیم ئەحمەد‌و بەرهەم ساڵەح سەردانی ئێرانیان كرد باس لەوە دەكرا بۆ مەسەلەی پۆستەكەی تاڵەبانیە‌و ئێران رازییە بەرهەم ساڵح  ئەو پۆستە وەربگرێت؟

نازم دەباغ: لەهاتنی هێرۆخان‌و كاك دكتۆر بەرهەم بۆ ئێران رەنگە خەڵكی تریش هاتبن‌و ناویان نەهاتبێت، پڕكردنەوەی پۆستەكەی مام جەلال كارێكی ئاسان نیە، كەس ناتوانێت كەسێك دابنێت، بۆ ئێران گرنگە سەرۆك كۆماری عێراق دیاری بكرێت، ئێران بڕیار لەسەر كەسێك نادات بۆ ئەو پۆستە، بەڵام بۆ پۆستەكانی سەرۆك كۆمار‌و سەرۆكی ئەنجومەنی وەزیران‌و سەرۆكی پەرلەمان بەڕێككەوتنی لایەنەكان دەبێت‌و ئێران رۆڵی هەیە لەڕێككەوتنی شیعە‌و كورد لەوەرگرتنی پۆستەكاندا.

 

 

http://hawlati.co/%D8%A6%DB%95%D8%B1%D8%B4%DB%8C%DA%A4%DB%95%DA%A9%D8%A7%D9%86/16078

 

Read کد خبر: 213

بە دوا چوون لە تۆڕە کۆمەڵایەتییە کان

راپۆرتە پڕ بینەرەکان

حالت های رنگی