وتووێژی ڕۆژنامەی کوردستانی نوێ لەگەڵ مامۆستا نازم عومه ر دەباغ

 مامۆستا نازم عومه‌ر نوێنه‌ری‌‌ هه‌رێمی‌ كوردستان له ‌تاران له‌لێدوانێكدا بۆ كوردستانی نوێ ئه‌وه‌ی خسته‌ڕوو: به‌گوێره‌ی‌ ئه‌و پلانه‌ی‌ كه‌ تایبه‌ت به‌شۆڕشه‌كه‌ دانرابوو سه‌ركه‌وتنی‌ به‌ده‌ستهێنا‌.

ئه‌مڕۆ 35 ساڵ تێده‌په‌ڕێت به‌سه‌ر سه‌ركه‌وتنی‌ شۆڕشی ئیسلامیی ئێران‌و گه‌ڕانه‌وه‌ی‌ ئیمام خومه‌ینی‌ بۆ تارانی‌ پایته‌خت، ئه‌وه‌ش وه‌رچه‌رخانێك بوو له‌ژیانی‌ خه‌ڵكی‌ ئه‌و وڵاته‌دا، به‌وبۆنه‌یه‌شه‌وه‌ نوێنه‌ری‌ حكومه‌تی‌ هه‌رێمی‌ كوردستان له‌تاران له‌لێدوانێكدا بۆ ڕۆژنامەی كوردستانی نوێ ئه‌وه‌ی خسته‌ڕوو:(به‌گوێره‌ی‌ ئه‌و پلانه‌ی‌ كه‌ تایبه‌ت به‌شۆڕشه‌كه‌ دانرابوو سه‌ركه‌وتنی‌ به‌ده‌ستهێنا)، هه‌روه‌ها راوێژكاری‌ مه‌كته‌بی سیاسیی یه‌كێتی بۆكاروباری ئێرانیش ده‌ڵێت: شۆڕشه‌كه‌ نه‌خشه‌ی‌ سیاسی له‌ناوچه‌ی‌ خۆرهه‌ڵاتدا گۆڕی‌.

بووه‌ مایه‌ی ئاڵوگۆڕێكی گه‌وره‌ .ده‌سه‌ڵاتی رژێمی محه‌مه‌د ره‌زا شای ئێران به‌درێژایی نزیكه‌ی چاره‌كه‌ سه‌ده‌یه‌ك له‌و وڵاته‌و نزمیی باری دارایی هاووڵاتییه‌كانی‌و كپكردنی هه‌ر ده‌نگێكی ناڕه‌زایی‌و چه‌وساندنه‌وه‌ی چینایه‌تی‌و نه‌ته‌وایه‌تی‌و رێگریی له‌ئازادییه‌ تاكه‌كه‌سییه‌كان‌و ئازادییه‌ سیاسی‌و ئایینییه‌كان‌و خۆخواردنه‌وه‌ی زۆربه‌ی چین‌و توێژه‌ جیاجیاكان‌و لێدانی هه‌ر جموجۆڵێكی سیاسی به‌ده‌ستی پۆڵاین له‌لایه‌ن ده‌زگای سیخوڕیی‌و هه‌واڵگریی - ساڤاك- و جمه‌ هاتنی زیندانه‌كانی ئێران له‌زیندانیان به‌چه‌پ‌و نه‌ته‌وه‌یی‌و دیموكراتخواز‌و ئایینییه‌وه‌، جامی ئارامیی ئێرانییه‌كانی پڕكرد، ئه‌وه‌بوو له‌ناوه‌ڕاستی ساڵی 1978-ه‌وه‌ خۆپیشاندان‌و مانگرتن له‌زانكۆ‌و كارخانه‌و زۆربه‌ی دامه‌زراوه‌كانی تارانی پایته‌ختدا ده‌ستیپێكرد‌و شۆڕشی ئێران بووه‌ مایه‌ی ئاڵوگۆڕێكی گه‌وره‌‌و به‌شی زۆری لایه‌نه‌ سیاسی‌و كه‌سایه‌تییه‌ دیاره‌كانی ئۆپۆزسیۆنی پێشوو به‌فارس‌و كورد‌و ئازه‌ره‌وه‌ رۆڵی به‌رچاویان بینی له‌سه‌رخستنی شۆڕشدا.

له‌وباره‌یه‌وه‌ مامۆستا نازم عومه‌ر نوێنه‌ری‌ حكومه‌تی‌ هه‌رێم له‌تاران، به‌ كوردستانی‌ نوێ-ی راگه‌یاند: رژێمی‌ شاهه‌نشایی له‌به‌رامبه‌ر هاووڵاتییانی‌ وڵاته‌كه‌ی‌« چه‌وسانه‌وه‌ی‌ زۆربوو، ئازادی‌ نه‌بوو، له‌سه‌روی‌ هه‌موویانه‌وه‌ شا په‌رستی‌ له‌بره‌ودابوو، بێجگه‌ له‌وه‌ش به‌ئیمزاكردنی‌ رێككه‌وتننامه‌ی‌ جه‌زائیر له‌خۆبایی بوو، ئه‌وانه‌ش بوونه‌هۆی‌ ئه‌وه‌ی‌ كه‌ میلله‌تی‌ ئێران به‌هه‌موو پێكهاته‌كانییه‌وه‌و به‌پشتیوانیی ئه‌و بزووتنه‌وه‌ ناڕه‌زاییه‌ی‌ كه‌دژی‌ ده‌سه‌ڵاتی‌ ئه‌وكاته‌ هه‌بوو راپه‌ڕینیان كردو كۆتاییان به‌ده‌سه‌ڵاتی‌ شاهه‌نشایی هێنا، به‌گوێره‌ی‌ ئه‌و پلانه‌ی‌ كه‌ تایبه‌ت به‌شۆڕشه‌كه‌ دانرابوو سه‌ركه‌وتنی‌ به‌ده‌ستهێنا، هه‌رچه‌نده‌ ئامانجه‌كانی‌ شۆڕشه‌كه‌ بووه‌هۆی‌ نیگه‌رانی‌‌و ناڕه‌زایی هه‌ندێك له‌هێزه‌كانی‌ ناوچه‌كه‌، به‌ڵام سه‌ره‌نجام بۆكۆی‌ پرسه‌كان سه‌ركه‌وتنی‌به‌ده‌ستهێنا، پاشان حكومه‌تی‌ كۆماری‌ ئیسلامیی ئێران دامه‌زرا.

رزگاركردنی‌ ئێران له‌كۆت‌و به‌نده‌كان

سه‌باره‌ت به‌هۆكار‌و ئامانجه‌كان شۆڕشه‌كه‌، بارام مه‌جید خان راوێژكاری‌ مه‌كته‌بی سیاسیی ی.ن.ك بۆ كاروباری ئێران به‌كوردستانی نوێ-ی وت: هۆكاره‌كانی‌ شۆڕشه‌كه‌ درێژه‌پێدانی‌ ئه‌و ململانێ‌و ناكۆكیانه‌ بوو كه‌ به‌درێژایی مێژوو له‌نێوان مه‌رجه‌عیه‌ت‌و سه‌ڵته‌نه‌تی‌ ئه‌و وڵاته‌دا هه‌بوون، گه‌یشته‌ راده‌یه‌ك كه‌ته‌قینه‌وه‌ی‌ لێكه‌وته‌وه‌و له‌سه‌رده‌می‌ حه‌مه‌ ره‌زا شا»شدا خه‌فه‌كردنی‌ ئه‌و هێزانه‌ی‌ سه‌ر گۆڕه‌پانه‌كه‌ی‌ لێكه‌وته‌وه‌و ته‌نانه‌ت به‌ندیخانه‌كانی‌ ئێران له‌زۆر له‌سه‌ركرده‌كانی ئه‌و هێزانه‌ پڕكرابوون كه‌ دژی‌ ده‌سه‌ڵاتی‌ پاشایه‌تی‌ بوون،ئه‌وه‌بوو هه‌موو هێزه‌ سیاسییه‌كان له‌وپه‌ڕی‌ راسته‌وه‌ بۆ ئه‌و په‌ڕی‌ چه‌پ له‌ده‌سه‌ڵاتی‌ حه‌مه‌ ره‌زا شا راپه‌ڕین‌و كۆتاییان به‌سیستمی‌ 2500 ساڵه‌ی‌ ده‌سه‌ڵات هێنا كه‌ به‌كۆرشی گه‌وره‌ ده‌ستپێكردوو به‌حه‌مه‌ ره‌زا په‌هله‌وی‌ كۆتایی پێهات، ئامانجه‌كه‌شی رزگاركردنی‌ ئێران بوو له‌هه‌موو كۆت‌و به‌نده‌كان.

كورد به‌شدارێكی دیاری شۆڕشه‌كه‌ بوو

ده‌رباره‌ی‌ رۆڵی‌ كوردی‌ ئێران له‌شۆڕشه‌كه‌دا، مامۆستانازم عومه‌ر وتی‌: رۆڵی‌ كوردی‌ ئێران‌و هه‌موو نه‌ته‌وه‌كانی‌ تر، دیارو به‌رچاو بووه‌، به‌و پێیه‌ی‌ به‌شدارییان له‌سه‌رخستنی‌ شۆڕشه‌كه‌دا كردو به‌شێك بوون له‌ڕاپه‌رین‌و خۆپیشاندانه‌كاندا، ئه‌وه‌ش به‌هۆی‌ ئه‌وه‌ی‌ نه‌ته‌وه‌كانی‌ ئێران به‌ته‌واوی‌ بێزارببوون له‌وجه‌ورو سته‌مانه‌ی‌ كه‌ له‌به‌رامبه‌ریاندا په‌یڕه‌وده‌كران.

راوێژكاری‌ مه‌كته‌بی سیاسیش ته‌ئكیدی له‌به‌شداری‌ كارای‌ كوردی‌ ئێران كرده‌وه‌ له‌خۆپیشاندانه‌كانداو سه‌رخستنی‌ شۆڕشه‌كه‌دا، هه‌روه‌ها ئاماژه‌ی‌ به‌ڕۆڵی‌ مێژوویی هه‌موونه‌ته‌وه‌كانی‌ تر كرده‌وه‌ له‌و وڵاته‌دا كه‌یه‌ك ئامانج كۆی‌ كردبوونه‌وه‌ ئه‌ویش ئامانجی‌ سه‌رخستنی‌شۆڕشه‌كه‌بوو.

كاریگه‌ریی شۆڕشه‌كه‌

شۆڕشی ئێران كاریگه‌رییه‌كی به‌رچاوی هه‌بوو له‌سه‌ر ناوچه‌كه‌ به‌گشتی‌و بزووتنه‌وه‌ی رزگاریخوازی كورد له‌عیراق، بارام مه‌جید خان وتی‌: شۆڕشه‌كه‌ نه‌خشه‌ی‌ سیاسی له‌ناوچه‌ی‌ خۆرهه‌ڵاتدا «هاوسه‌نگی‌ هێز»ی‌ گۆڕی‌‌و به‌وه‌ش ئێران بووه‌ پێگه‌یه‌كی‌ گرنگ له‌ناوچه‌كه‌دا‌و ئه‌وه‌شی ئاشكراكرد، له‌زۆر رووه‌وه‌ كاریگه‌ریی به‌رچاوی‌ هه‌بوو بۆ سه‌ر وڵاتانی‌ دراوسێی‌ ئێران‌و تائێستاش شۆڕشه‌كه‌ كاریگه‌ری‌ خۆی‌ هه‌یه‌ له‌ئاڕاسته‌كردنی‌ ئامانجه‌كاندا.

 نوێنه‌ری‌ حكومه‌تی‌ هه‌رێمیش له‌تاران پێیوایه‌، به‌شێوه‌یه‌كی‌ گشتی‌به‌رپابوونی‌ شۆڕشی ئیسلامی ئێران، بۆ جارێكی‌ تر ده‌رگای بۆ بوژانه‌وه‌و گه‌شانه‌وه‌ی‌ زیاتری‌ شۆڕشی بزووتنه‌وه‌ی‌رزگاریخوازی كوردستانی‌ عیراق كرده‌وه‌‌و بوو به‌ده‌روازه‌یه‌كی‌ گرنگ كه‌ به‌ئازادی‌ هاتوچۆی‌ ئێران بكه‌ین له‌پێناوی‌ خزمه‌تكردن به‌دۆزی‌ ره‌وای‌ میلله‌ته‌كه‌مان.

راوێژكاره‌كه‌ی مه‌كته‌بی سیاسی یه‌كێتیش ئه‌وه‌ی‌ روونكرده‌وه‌ كه‌ شۆڕشی ئیسلامی ئێران كاریگه‌ری‌ زۆریشی هه‌بووه‌ بۆ سه‌ر بزووتنه‌وه‌ی‌ رزگاریخوازی‌ كوردستانی‌ عیراق‌و وتی: به‌هاوكارییه‌كانی‌ كۆماری‌ ئیسلامیی ئێران وه‌ك پشتیوانییه‌ك بۆ بزووتنه‌وه‌ی‌ رزگاریخوازی‌ كوردستان، له‌ناوچه‌ سنوورییه‌كانیش چیاكان بوونه‌وه‌ به‌پشتیوانییه‌ك بۆ شۆڕشی كوردستانی‌ عیراق‌و ئه‌ویش به‌هاوكاریی ئێران بۆ بزووتنه‌وه‌كه‌، ئه‌وه‌شی روونكرده‌وه‌ كه‌هه‌ر له‌سه‌ره‌تاوه‌ به‌دوربینیی سه‌رۆك مام جه‌لال درك به‌گرنگی‌‌و بایه‌خی‌ شۆڕشه‌كه‌ كرا، ئه‌وه‌ش به‌گوێره‌ی‌ پێویست قۆسترایه‌وه‌ بۆ هه‌ماهه‌نگی‌‌و هاوكاریی زیاتر له‌پرسه‌ چاره‌نووسسازه‌كانی‌ ئه‌وكاته‌دا.

 روحانی‌و به‌ڵێنه‌كانی بۆ كورد

پرسێكی‌ تری‌ گرنگ، ئه‌و به‌ڵێنانه‌ بوو كه‌ د.حه‌سه‌ن رۆحانی‌ سه‌رۆك كۆماری‌ ئیسلامیی ئێران به‌نه‌ته‌وه‌ غه‌یره‌ فارسه‌كانی‌ ئێرانیدا، مامۆستا نازم ئاماژه‌یدا به‌وه‌ی‌ هه‌رچه‌ند چاوه‌ڕێ بكرێت كه‌ له‌ڕێگه‌ی‌ ئاشتی‌‌و دیپلۆماتی‌‌و گفتوگۆوه‌ مافه‌كان به‌دیبێن هێشتا كه‌مه‌، وتیشی: دوای‌ بوونی‌ به‌ڕێز رۆحانی‌ به‌سه‌رۆك كۆماری‌ ئیسلامی ئێران، راوێژكارێكی‌ تایبه‌تی‌ خۆی‌ ده‌ستنیشانكردووه‌ بۆ داواكارییه‌كانی‌ نه‌ته‌وه‌ غه‌یره‌ فارسه‌كان، ئه‌وه‌ش هه‌نگاوێكه‌ بۆ به‌دواداچوون به‌هه‌موو به‌ڵێنه‌كانی‌ خۆی‌، ئه‌وه‌شی ئاشكراكرد كه‌ چه‌ند رۆژێك له‌مه‌وبه‌ر ئایه‌توڵڵای‌ عوزما عه‌لی‌ خامه‌نه‌یی رابه‌ری‌ شۆڕشی ئیسلامیی ئێران، له‌وته‌یه‌كیدا پێویستی‌ پێدانی‌ هه‌لی‌ به‌ د.رۆحانی‌ دووپاتكرده‌وه‌ بۆ به‌دیهێنانی‌ ئه‌و به‌ڵێنانه‌ی‌ كه‌ له‌كاتی‌ بانگه‌شه‌ی‌ هه‌ڵبژاردنه‌كاندا به‌ڕای‌ گشتی‌ ئێران‌و به‌تایبه‌تی‌ به‌نه‌ته‌وه‌ غه‌یره‌ فارسه‌كانی‌ دابوو.

بارام مه‌جید خانیش وتی‌: د.رۆحانی‌ به‌شێكی‌ بانگه‌شه‌كانی‌ هه‌ڵبژاردنی‌ سه‌رۆكایه‌تی‌ سه‌ردانیكردنی‌ بوو بۆ كوردستانی‌ ئێران‌و گفتوگۆكردنی‌ بوو به‌زمانی‌ كوردی‌ له‌گه‌ڵخه‌ڵكی‌ كوردستان، كه‌ئامانجیش له‌و هه‌نگاوه‌ی‌ پێدانی‌ دڵنیایی بوو به‌نه‌ته‌وه‌ غه‌یره‌ فارسه‌كان « كوردیش له‌نێویاندا»، وتیشی: ئه‌و به‌ڵێنانه‌ی‌ به‌كورد دراون له‌سه‌رده‌می‌ محه‌مه‌د خاته‌می‌ ده‌ستپێكردووه‌، له‌م قۆناغه‌شداژماره‌یه‌ك له‌لێپرسراوانی‌ باڵای‌ ئه‌و وڵاته‌ له‌هه‌وڵی‌ ئه‌وه‌دان بۆ چاره‌سه‌ركردنی‌ كێشه‌ی‌ ئابووری، یه‌كه‌یه‌كی‌ ئابووری له‌كوردستان دابمه‌زرێت، كه‌ ئامانج لێی بوژانه‌وه‌ی‌ كه‌رتی‌ ئابوورییه‌ له‌كوردستانی‌ ئێراندا.

 

 ڕۆژنامەی کوردستانی نوێ ـ راپۆرتی‌، شۆڕش حه‌میدـ 11/2/2014

Read کد خبر: 355

دوایین هەواڵەکان

بە دوا چوون لە تۆڕە کۆمەڵایەتییە کان

راپۆرتە پڕ بینەرەکان

حالت های رنگی