وتووێژی دیپلۆماسی ئێرانی لەگەڵ نازم دەباغ نوێنەری حکوومەتی هەرێمی کوردستان لە ئێران و کارناسی مەسەلەکانی عێراق

  • یەک شەممە, 03 ت دووەم 2013

 نازم دەباغ نوێنەری حکوومەتی هەرێمی کوردستان لە ئێران و کارناسی مەسەلەکانی عێراق لە وتووێژ لەگەڵ "دیپلۆماسی ئێرانی" بە ئاماژە بە هێرشەکانی تیرۆریستی ئەم دوایانەی عێراقدا لەو بڕوایەدایە ئەگەر ناکۆکییە سیاسی و حیزبییەکان لە نێوان گرووپەکانی عێراقیدا چارەسەر نەکرێت ناتوانین هیوامان بە کەمکردنەوەی توندووتیژییەکان بێت. 

  دیپلۆماسی ئێرانی: ڕۆژی ڕابردوو هەشت ترۆمبیلی بۆمبڕێژکراو لەو ناوچانەی بەغدادی پێتەختی عێراق کە زۆرینەی دانیشتووانی شیعەن، تەقییەوە و بووە هۆی کوشتنی لانی کەم 23 کەس. تەنیا لەو مانگە زانییەدا زیاتر لە 700 کەس لە ئاکامی تەقینەوەکان لە ناوچە جۆراوجۆرەکانی ئەم وڵاتەدا کوژراون. دەگوترێت کە ناکۆکی لە نێوان کۆمەڵگای سوننە و شیعەی عێراقدا لە مانگەکانی ڕابردوو ئاستی چۆتە سەرێی و ئەم وڵاتە ڕێژەی زیادبوونی توندووتیژییەکانی بە خۆیەوە بینیوە. بێجگە لەمانە ئەو ئاورەی کە لە سووریا هەڵگیرساوە ڕۆژ لەگەڵ ڕۆژ بڵێسەکەی زیاتر بەرەو وڵاتانی دراوسێ بە تایبەت عێراق دەڕوات. ئایا دەبێت چاوەڕوانی قەیرانێکی نوێی دیکە بین لە سووریا؟ ئایا ئەمە جەنگی شیعە و سوننەیە کە لە عێراق بەرەو سەرێی دەڕوات؟ ئەم پرسیارەنەمان ئاراستەی نازم دەباغ نوێنەری حکوومەتی هەرێمی کوردستان لە ئێران و کارناسی مەسەلەکانی عێراق کرد، کە لە خوارەوە دەیخوێننەوە:

تەقینەوەی هەشت ترۆمبیلی بۆمبڕێژکراو لە بەغداد نیشاندەدات کە باروودۆخی ئەمنی لە بەغداد ڕۆژ لەگەڵ ڕۆژ خراپتر دەبێت و تەنیا لەم مانگەی زایینیدا زیاتر لە 700 کەس لە ئاکامی تەقینەوەکانی ناوچە جۆراوجۆرەکانی عێراق کوژراون. بە بڕوای بەڕێزتان هۆی ئەم نائەمنی و تەقینەوانە چییە؟ 

تەقینەوەکان و توندووتیژییەکانی ئەم دوایانەی لە عێراقدا مەسەلەیەکی نوێی نییە و لەو ڕۆژەی کە سەدام ڕووخاوە تا ئێستا بەردەوام درێژەی بووە. بەم حاڵەوە هەندێک جار لە ڕێژەی ئەم توندووتیژییانە کەمدەبێتەوە و هەندێک جاریش بە هۆی جۆراوجۆر ئەم تەقینەوانە بەرەو زیادبوون دەڕوات.

بەڵێ مەسەلەکە زیادبوونی ئەم تەقینەوانەیە. بە پێی ڕاپۆڕتەکانی ئەم دوایانەی ڕێکخراوەی نەتەوەی یەکگرتووەکان، ئەم توندووتیژیانە تەنیا لە سێ مانگی ئەپریل، مای و جوون، زیاتر لە 2600 کوژرانی لێکەوتۆتەوە و ئەمساڵیش یەکێک لە خوێنڕێژترین ساڵەکانی دوای هێرش بۆ سەر عێراق لە ساڵی 2003 بووە. بە بڕوای ئێمە هۆی زیادبوونی توندووتیژییەکانی ئەم ڕۆژگارانە لە چیدایە؟

 نائەمنییەکانی ئەم دوایانەی عێراق هۆی جۆراوجۆری هەیە. یەکێک لەم هۆیانە بۆ گرفتە سیاسییەکانی عێراق دەگەڕێتەوە. ئێوە بڕوانن لە ڕکابەرییە سیاسییەکاندا لە عێراق تا ئێستا نەتوانراوە بە دروستی چارەسەرییەکی ئەوتۆی بۆ بکرێت و گرووپە جۆراوجۆرەکان فێرنەبوون کە بەرژەوەندی نەتەوەیی فیدای بەرژەوەندی تاکەکەسی، حیزبی و گرووپی نەکەن. ناکۆکییەکان و کەلێنەکانی نێوان بەرپرسەکان و گرووپیەکانی عێراق بوونەتە هۆی گرفتەکان بۆ دابین کردنی سەقامگیری لە ئەمنی ئەم وڵاتەدا. لە دەرئەنجامدا بە بڕوای من نەبوونی یەکێتی هێزە ئەمنییەکانی عێراق یەکێکە لە مەسەلە گرینگەکانی ئەم بوارەیە. بەداخەوە لایەنکارییەکان و رکابەرییەکانی سیاسی کە لە عێراقدا دەیبینین کاریگەری لە سەر هێزە ئەمنییەکانیش کردووە و حیزبایەتی و واستەکاری لە باروودۆخی ڕێکخراوە ئەمنییەکانی عێراقدا کاریگەری تا ڕادەیەک خراپی داناوە. بێجگە لەمانە قەیرانی سووریا لە سەر ئەم نائەمنییانەدا کاریگەری داناوە. لەم ڕووەوە بە بڕوای من تەقینەوەکانی ئەم دوایانە بە هۆی مەسەلەیەکی نوێیوە نییە بەڵکوو ڕێژەی ئەم تەقینەوانە زیادی کردووە.         

 ئێوە ئاماژەتان بە مەسەلەی سووریا کرد و ئەوەتان بە یەکێک لە ڕیشەکانی توندووتیژی لە عێراقدا ناساند. ئەم کاریگەرییە بە چ شێوەیەک بووە؟

 ئێوە بڕوانن، ئەم باروودۆخە سیاسی، نیزامی و ئەمنییەی کە بەسەر ناوچەکەدا حاکمە بە گشتیی پێکەوە گرێدراوە و هەر کاتێک باروودۆخی نائەمنی لە هەر وڵاتێک لە وڵاتانی دراوسێ عێراقدا دروستبێت بێگومان کاریگەری لە سەر باروودۆخی ئەمنی عێراق دادەنێت. بە هەر حاڵ هەر چەندە قەیران لە سووریادا زیاتر بێت دەتوانین چاوەڕوانی ئەوە بین کە لە تەواوی ناوچەکە و بە تایبەتی لە عێراقدا نائەمنی و توندووتیژییەکان زیاتر بێت. ئەوەی کە ڕوون و ئاشکرایە ئەوەیە کە دوای دەستپێکردنی قەیران لە سووریا و هەڵگیرسانی جەنگی ناوخۆیی لەم وڵاتەدا هێزە توندڕەوەکان بە تایبەت ئەلقاعیدە دەرفەتی گونجاویان بۆ دەرکەوتن و دیاربوون بۆ ڕەخساوە. ئەلقاعیدە بە دامەزراندنی گرووپێک بە ناونیشانی "ئیماراتی ئیسلامی عێراق" و هەوڵدان بۆ پەیوەندی ئەوان لەگەڵ شام بە دوای دەسەڵاتداری لە ناوچەکەدا بووە. ئەوەی کە ئەوان لەگەڵ بەرەی ئەلنەسر لە عێراق پەیوەندییەکی زۆر نزیکیان هەیە و چ لە عێراق و چ لە سووریادا بە یەک مەبەست و ئەنگێزەوە چالاکییان کردووە.

 دەوڵەتی عێراق بۆ بەرەنگاربوونەوە لە پەرەپێدانی ئەم نائەمنییەدا چ هەنگاوێکی هەڵێناوە؟

 دەوڵەتی عێراق هەوڵیداوە کە داوێنی خۆی لە قەیرانی سووریا وەرنەدا و ڕێگا لە پەرەپێدانی قەیرانی سووریا بۆ عێراق بگرێت. بەم حاڵەوە لەم کارەدا بەشێوەی ئەوتۆ سەرکەوتوو نەبووە. چونکە عێراق بۆخۆی لە ناوخۆی وڵاتدا کۆمەڵێک گرفتی جیدی هەیە و ناکۆکییەکانی ناوخۆی عێراق بوار بۆ چوونە ناوەوەی هێزە بیانییەکان و توندڕەوەکان دەڕەخسێنێت. بە بڕوای من یەکێک لە کارە زۆر گرینگەکان کە دەبێت ئەنجامبدرێت پێکهێنانی یەکێتی، وەلانانی بەرژوەندی تاکەکەسی و حیزبی و گرووپییە. بێتوو ئەو کارانە بکرێت و هێزە سیاسییەکان لە سەر بنەما و بەرژەوەندی نەتەوەیی پێکەوە یەکگرتوو بن، هێزە ئەمنییەکانیش پێکەوە یەکدەگرن. هێزە ئەمنییەکان لە عێراقدا دەبێت هاوکاری و هاودڵی یەکتری بن نەوەکوو رکابەری یەکتر. کاتێک ئەم کەلێنانەی سیاسی و ئەمنی لە عێراقدا بوونی هەیە هێزەکانی ئەلقاعیدەش بە یاریکردن لەگەڵ ئەم گرووپانە لەم بۆشاییە ئەمنییە کەڵک وەردەگرێت و هەنگاو هەڵدێننەوە بۆ زیادبوونی نائەمنییەکان لە عێراقدا.

 تا چ ڕادەیەک بەڕێزتان شەڕ یا جەنگی شیعە و سوننە لە عێراقدا بە جیدی دەزانن؟

 بە بڕوای من ئەمە مەسەلەیەکی جیدی نییە. ساڵەها و سەدان ساڵە کە ئایینەکان و نەتەوەکان لە تەنیشت یەکتری بە بێی گرفت پێکەوە ژیانیان بەسەر بردووە. ئەوەی کە لەم کاتەی ئێستادا لە عێراق ڕوودەدات ناتوانین لە چوارچێوەی شەڕی شیعە و سوننەدا پێناسە و باسی لێوە بکەین. بەڵکوو بە بڕوای من ئەوە قۆستنەوەی دەرفەت لە لایەن کەسانێک یا گرووپەکانی تایبەتەوەیە کە هەوڵدەدەن لەم کەشووهەوا و جیاوازی و ناکۆکیانی شیعە و سوننەدا لە بەرژەوەندی خۆیان کەڵک وەربگرن. ئەو مەسەلانەی کە لە عێراقدا دەیبینین بە ناونیشانی ناکۆکییەکانی شیعە و سوننە ڕەنگدەداتەوە و بڵاوبۆتەوە، لە حاڵێکدا گرفتەکە بە بڕوای من پەیوەستە بە رێبەری سیاسی عێراق کە هەوڵبدەن فکرەکان و ئایدیای کەسە نزیکەکانی خۆیان بسەپێنن لە حاڵێکدا دەبێت بە شوێن پێکهێنانی یەکێتی لە وڵاتدا بن و خۆیان لە بەرژەوەندی تاکەکەسی دوور ڕابگرن.

لەم ڕووەوە بە بڕوای بەڕێزتان ئەم گرفتە بۆ بەرپرسانی سیاسی عێراق دەگەڕێتەوە؟

 بەڵێ. ئەم مەسەلانە و ڕووداوانە لە عێراقدا نیشاندەدات کە گەورە بەرپرسانی سیاسی و بەرپرسانی ئەمنییەتی نەیانتوانیوە بە شێوەی سەرکەوتووانە مەسەلەکان چارەسەر بکەن و ئەمنییەت لە وڵاتدا سەقامگیر بکەن. هەر وەکوو ئاماژەم پێکرد گرفتێک لە نێوان خەڵکیدا بوونی نییە ئەم گرفتانە و ناکۆکییەکانە حیزبی و سیاسی و لە نێوان بەرپرسەکاندایە کە پەرە بە ناکۆکییەکان دەدات. ئەم ناکۆکییانە کاتێک دەچێت ناو هێزە ئەمنییەکانەوە ئەم کۆسپ و تەگەرانە پێکدێنێت.

 بەرپرسانی عێراقی بۆ کەمکردنەوەی توندووتیژییەکان دەبێت چ کارگەلێک بکەن؟

 گرینگترین کارێک کە دەبێت بکرێت یەکێتی و پێکەوبوونە. جودایی گرینگترین گرفتی عێراقی ئەمڕۆکەیە. کاتێک دەڕوانینە گۆڕەپانی سیاسی عێراقی ئەمڕۆ، دەبینین کە هەر کەسێک سازی خۆی لێدەدات و هەر کەسێک هەموو هەوڵەکانی بۆ ئەوەیە کە تەنیا بەرژەوەندی تاکەکەسی و گرووپی خۆی بەرەوپێشەوە ببات. بە لەبەرچاوگرتنی ئەم باروودۆخە ناتوانین هیوامان بە چارەسەری ئەم گرفتە سەرەکییانەی وڵات بە تایبەت مەسەلە ئەمنییەکان بێت.

 بە بڕوای بەڕێزتان وڵاتانی بیانی تا چ ڕادەیەک دەستیان لە نائەمنییەکاندا هەیە؟

 وێدەچێت ناتوانین دەستێوەردانی وڵاتانی بیانی لە سەر باروودۆخی سیاسی و ئەمنی عێراقدا لەبەرچاو نەگرین. ئەوە بەم مانایە نییە کە ئەم وڵاتانە لە عێراق ڕاستەوخۆ کار دەکەن بەڵکوو بە شێوەی گشتیی لە ڕێگای ئەو گرووپانەی کە لە عێراق چالاکن ئەم دەستێوەردانە ئەنجامدەدەن. وڵاتانی جۆراوجۆر لە گرووپە جۆراوجۆرەکان لە عێراقدا پشتیوانی دەکەن و ئەم پشتیوانییانە بۆتە هۆی زیادبوونی دژایەتیی گرووپەکان و بەربڵاوبوون لە گۆڕەپانی سیاسی وڵاتدا. بەم پێیە ئەم مەسەلەیەش یەکێکە لە هۆیەکانی نائەمنی لە عێراقدا. 

 

ئامادەکردنی: دەستەی نووسەرانی دیپلۆماسی ئێرانی

 

 

بڵاوبوونەوەی یەکەم: سێشەمە 8ی موردادی 1392 / دووبارە بڵاوبوونەوە: شەمە 12ی موردادی 1392

 

 

 

 

Read کد خبر: 252

هەواڵی زیاتر لە تویتەر

راپۆرتە پڕ بینەرەکان

حالت های رنگی