ڕێوڕەسمی ڕێزلێنانی مامۆستا شێرکۆ بێکەس له ته‌لاری وه‌حده‌ت

  • یەک شەممە, 03 ت دووەم 2013

وتاری مامۆستا نازم ده‌باغ نوێنەری حکوومەتی هەرێمی کوردستان لە تاران

بۆ ڕێوڕەسمی ڕێزلێنانی مامۆستا شێرکۆ بێکەس له ته‌لاری وه‌حده‌ت

  ئه‌مڕۆ لوتکه‌یه‌کی شیعری کوردی ماڵئاواییمان لێده‌کات، به‌ڵام په‌یامی شیعرو شاسواری ره‌سه‌نی وشه‌ی کوردی به‌جێمان ناهێڵێت، ئه‌مڕۆ ئه‌ستێره‌یه‌کی تێکۆشانی کورده‌واری ده‌کشێته‌وه‌، به‌ڵام ئاسۆی تێکۆشانی ئه‌م گه‌له‌ له‌بن نه‌هاتووه‌، ئه‌مڕۆ داکۆکیکارێکی مافی ژنان به‌شعیرو رێپێوان شوێن چۆڵ ده‌کات، به‌ڵام له‌شکری یه‌کسانیخوازان له‌زیادبووندایه‌، ئه‌مڕۆ داهێنه‌رێکی مه‌زنی ئه‌م گه‌له‌ چاویلکه‌‌و قه‌ڵه‌مه‌که‌ی داده‌نێت‌و جگه‌ره‌که‌ی ده‌کوژێنێته‌وه‌، به‌ڵام وزه‌ی له‌بن نه‌هاتووی داهێنان هیچ شتێک ناتوانێت رێگه‌ی لێبگرێت، ئه‌مڕۆ په‌پوله‌کان به‌ده‌ربه‌ندی ئازاددا ده‌فڕن‌و له‌پارکی ئازادیدا پێشوازی له‌شێرکۆ بێکه‌س ده‌که‌ن.

شێرکۆ بێکه‌س په‌یامی به‌رزی بۆ ئه‌نفالکراوه‌کان ‌و په‌رییه‌کانی هه‌ڵه‌بجه‌ پێ بوو، بۆ نه‌وه‌کانیان ملوانکه‌ی عیشق به‌ملی شێرکۆ بێکه‌سه‌وه‌ ده‌که‌ن، کاکه‌ شێرکۆ بۆ به‌په‌له‌ رۆیشتی، خۆ مردن به‌نه‌مران ناگات، تۆ ده‌ڕۆیت‌و چراکان هه‌ڵده‌که‌یت، ئه‌م نیشتمانه‌ به‌عیشق ده‌سپێریت.

شێرکۆ بێکه‌س په‌یامێکی گه‌وره‌ی بۆ حکومه‌تی هه‌رێمی کوردستان به‌جێهێشتووه‌، په‌یامی داکۆکیکردن له‌ئازادی‌و پاراستنی داهێنان، په‌یامی گه‌شه‌پێدانی به‌رده‌وام، ئه‌م حکومه‌ته‌ی ئێوه‌ش له‌به‌رچاوی ته‌رمی مه‌زنی شێرکۆ بێکه‌س به‌ڵێن تازه‌ ده‌کاته‌وه‌ که‌ دڵسۆزانه‌ کار بکات بۆ جێبه‌جێکردنی ئه‌م په‌یامه.

ئه‌وه‌ی له‌م رۆژه‌دا بۆ شێرکۆی خۆشه‌ویستمان کراوه‌ شانازییه‌کی گه‌وره‌یه‌، ئاماده‌بوونی ئه‌و جه‌ماوه‌ره‌ زۆره‌ پێمان ده‌ڵێت له ‌ناخه‌وه‌ خه‌ڵکانێک هه‌ن که ‌عاشقی جوانی ‌و ئازادی ‌و که‌سایه‌تییه‌ ناوداره‌کانی خۆیانن، وه‌فادارین به‌رامبه‌ر ئه‌وانه‌ی رۆژێک له‌ ڕۆژان زه‌رده‌خه‌نه‌یان کردۆته‌ دیاری سه‌رکه‌وتنیان‌ و له‌شکستیشدا هاوخه‌م ‌و هاوسۆزبوون، شێرکۆ به‌رده‌وام به‌دیهاتنی مافی ره‌وای گه‌له‌که‌مان، سه‌ربه‌رزییه‌کانی به‌ربه‌ره‌کانێی دوژمن ‌و مزگێنییه‌ خۆشه‌کانی رۆژانی به‌ره‌نگاری بووه‌، هه‌میشه‌ له‌گه‌ڵ باڵاکردنی خه‌مه‌کانی میلله‌ته‌که‌ی خۆی له‌لوتکه‌دا بوو، شیعره‌کانی مێژووی راسته‌قینه‌ی نه‌ته‌وه‌که‌ی بوو، به‌شکۆمه‌ندی ‌و شکستییه‌وه‌، به‌دیمه‌نی برینداری خوێن له‌به‌ر رۆیشتووی‌ و پێشبینی‌ و ئاینده‌یه‌وه‌، وه‌ک خۆی ده‌ڵێت: من شاعیری نه‌خشه‌یه‌کم به‌کام زه‌ڕه‌بینی وردی مێژوو ته‌ماشای بکه‌م، شوێنێکی ساغ به‌جه‌سته‌یه‌وه‌ نابینی، شێرکۆ نه‌ترسانه‌ به‌رگری له‌ڕه‌خنه‌ ده‌کردو به‌رگری له‌چه‌وساوه‌کانی وڵاته‌که‌ی‌و ئازادی راده‌ربڕین‌و یه‌کسانی ده‌کرد، له‌ده‌ستدانی ره‌نج‌ و سامانی خه‌ڵکی تێکۆشه‌ر‌و هه‌ژار‌و پێشکه‌وتنخوازی به‌تاوان ده‌زانی.

لای ئێمه ڕاسترین گوزارشت بۆ مردنی شێرکۆ بێکەس، زاراوەی شۆکی نەتەوەییە، چونکە مردنەکەی بوویە شۆکێکی گەورەی نەتەوەیی و زۆریک لە هاوڵاتیان و لایەنەکان و میدیا جیاوازەکانی ئەم وڵاتەی بەخۆیەوە سەرقاڵ کرد و لای زۆرێک لە دەستبژێری ئەم وڵاتەش بوویە شۆکێکی گەورەیی نەتەوەیی، کە تا ئێستاش زۆرکەس باوەڕ بەو مەرگە ناکات و پێیان وایە هەرگیز شاعیری (دەربەندی پەپولە، کورسی، کازیوە، گۆڕستانی چراکان، ئاسک، ڕەنگدان و دەیان شاکاری تر) نامرێت و بە زیندوویی دەمێنتێتەوە. چونکە شێرکۆ بە گەورەیی ژیا، بە گەوەرەیی نووسی، بە گەورەیی مرد، پێویستە واش مامەڵە لەتەک مردنەکەیدا بکەین و هەر هەنگاوێک دەنرێت لە دوای مەرگی شێرکۆ و پەیوەست بە پرسە و یادکردنەوەکانی پێویستە هێندەی باڵای خۆی بێت

 

شێرکۆ هه‌میشه‌ دژی بێده‌نگی بوو، له‌هه‌ر شوێنێک غه‌دری بینیبت له‌وێ بوو، بۆیه‌ تا ئه‌ده‌ب‌و شیعری کوردی مابێت، شێرکۆ زیندووه‌‌و ئێمه‌ش له‌به‌رده‌م ئه‌و رۆحه‌ زیندووه‌دا سه‌رداده‌نه‌وێنین‌و به‌ڵێن ده‌ده‌ین چه‌ند بتوانین خه‌ونه‌کانی بهێنینه‌دی، بۆ ئه‌وه‌ی گیانی شاد‌ و ئارام بکه‌ین.

 

 

 

 

 

 

 

Read کد خبر: 250

دوایین هەواڵەکان

بە دوا چوون لە تۆڕە کۆمەڵایەتییە کان

راپۆرتە پڕ بینەرەکان

حالت های رنگی